فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

عەبدولڕەحمان سدیقabdulrahman sadiq

ئەوەی ئێستا لەنێوان هەندێك لە سەركردەكان و زۆر لە لایەنگرانی هەردوو حیزبی فەرمانڕەوای كوردستاندا دەگوزەرێت لەكەركووك و لەڕێگەی لێدوان و نووسین و پرسیار و وەڵامدانەوەی یەكدی لە كەناڵە جیاجیاكانی راگەیاندنەوە، بووەتە شەڕێكی بچووكی لابەلای بەرپاكراو كە زۆر لە وزەو تواناكانی هەردوولایان لەشەڕی میدیایی نێوانیاندا بەفیڕۆ دەدات و سەرئەنجام لەشەڕی دەرەوەیان لەگەڵ بەغداو دەرودراوسێدا هەست بەماندووبوون و شەكەتی دەكەن، چونكە ناتوانن لەیەك كاتدا دوو ململانێ بەڕێوەببەن. پارتی و یەكێتی ئەمڕۆ پێویستیان بەپاراستنی وزەو توانای كادیر و ئەندام و لایەنگرانیان هەیە بۆ بردنەوەی جامی پاڵەوانێتیەكی گەورە كە بنیاتنان و زەمینەسازییە بۆ دەوڵەتی كوردستان، نەك باڵادەستیی یەكێكیان بۆ بەدەستهێنانی نازناوێكی بچووكی حیزبی لە كلاسیكۆی سیاسی نێوانیان.

ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی لەم جوگرافیایەدا، ئەركی بەڕێوەبەرایەتی و سەركردایەتیكردنی ئەم ئەزموونەیان كەوتووەتە ئەستۆ و مێژوو لێیان نابوورێت ئەگەر بەردەوام بن لە چاوپۆشیكردن لە وردە شەڕی لابەلای نێوان هەندێك لە سەركردەو لایەنگرانیان.  ئێستا لەم سەردەمی بەشووشەبوونەی گۆی زەوی و ئاشكرابوونی كەلەبەر و كووچەو تونێلەكانی جیهان و بەزەحمەت پاراستنی نهێنییەكاندا، راستە ئێمە وەك لایەنە كوردستانییەكان پێویستە بێدەنگ نەبین لەئاست گرفت و كەموكوڕییەكانی نێو ماڵی خۆماندا، بەڵام ئەوەی زۆر پێویستترە ئەوەیە كە نابێت ئەم شەڕی راگەیاندنە بەبەرچاوی نەیار و دوژمنانەوە بكەین، بەڵكو پێویستە گشت گرفت و شەڕ و ناكۆكی و كەموكوڕییەكانی خۆمان بخەینە سەر مێزی گفتوگۆ لەنێو ماڵی خۆمانداو دواتریش دەرئەنجام و چارەسەرەكان رابگەیەنین.

ئەگەر دەگوترێت رێككەوتننامەی ستراتیژی كاڵ بووەتەوە، خۆ دەكرێت تۆخ بكرێتەوە لەڕێی پێداچوونەوەو بەخۆداچوونەوە. كارێكی لەم جۆرەش لاوازیی نییە بۆ هیچ لایەنێك، چونكە وەك هەمیشە دەڵێم جیاوازیی زۆرە لەنێوان بەخۆداچوونەوەو پاشەكشەدا، لانیكەم ئەوە راستە كە بەخۆداچوونەوە پاشەكشە نییە. 

لەم پێشەكییەوە دیارە كە رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان هەردوو حیزبە فەرمانڕەواكەی هەرێمی كوردستانیش، پێویستی بەپێداچوونەوە هەیە بەئاراستەی نوێكردنەوەو بەهێزكردنی لەسەر بنەما زانستییەكانی ستراتیژییەتی رێككەوتن.

لەم پڕۆسەی پێداچوونەوەیەشدا گرنگە وەڵامێكی روون هەبێت بۆ ئەم پرسیارە ساكارانە:

پێناسەی رێككەوتننامەی ستراتیژی چییە؟ بۆچی رێككەوتننامەی ستراتیژییان پێویستە؟ رێككەوتننامەی ستراتیژی لەسەر چ ئاستێك بێت؟ رێگرو ئاستەنگە نێوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكانی بەردەم رێككەوتننامەی ستراتیژی چین؟ چۆن و تاكەی دەویسترێت رێككەوتننامەی ستراتیژی بەردەوام بێت؟ 

دیارە وەڵامی ساكاری ئەم پرسیارانە ئەوەیە كە رێككەوتننامەی ستراتیژی دەبێت ئامانجەكانی دیار و رۆشن بن، هەردوولا یان هەموو لایەنەكانی نێو رێككەوتننامەكە هەست بكەن كە براوەن تێیدا، چونكە هەموو رێككەوتننامەیەك ئەو ساتە روو لە لاوازبوون دەكات كە لایەنێك یان زیاتری نێو رێككەوتننامەكە هەست بكات یەكێك لەو یان لەوان زیاتر دەبەنەوەو ئەوانیش زیانیان پێدەكەوێت.

لە وەڵامی بۆچی رێككەوتننامەی ستراتیژییان پێویستە؟ دەتوانین ئەوە بڵێین كە هەر كاتێك هەر لایەنێك هەستی كرد كاریگەریی سیاسی و قازانجی ئابووری لەو كاتەدا دێتە دی كە لەگەڵ لایەنێك یان زیاتردا رێكبكەوێت، بێگومان ئەو كاتە هاوپەیمانیی سیاسی دەكات، هەر كاتێكیش زیان بەر كاریگەری و قازانجی بكەوێت بیر لە هەمواركردن یان هەڵوەشانەوەی ئەو هاوپەیمانییە دەكاتەوە.

بۆ هاوپەیمانانی نێو هەر رێككەوتنێكی ستراتیژی گرنگە ئاگایان لەم خاڵە سەرەكییانەی لای خوارەوە بێت:
یەكەم: نەهێڵن پێشبڕكێ سیاسییە ئاساییەكەی نێوانیان بگۆڕدرێت بۆ ململانێ، چونكە ململانێ وەك حاڵەتێكی توندتر لە پێشبڕكێ، زۆرجار سەر دەكێشێت بۆ پەنا بردنە بەر ئەجێندای ناڕۆشن و نەخوازراو.

دووەم: لەمەسەلە هەستیارەكاندا پێكەوە وەك یەك تیم كار بكەن، كەسیان بێ ئاگاداریی ئەوی دیكەیان هەنگاو نەنێت، چونكە تیمەكانی سەركەوتن بەچیاكانیشدا زۆر جار خۆیان پێكەوە دەبەستنەوە و پێكەوە هەنگاو دەنێن، یان هەموویان سەردەكەون، یان بەكەوتنی هەر یەكێكیان هەموویان دەكەون.

سێیەم: وەك یەك، میكانیزم و رێوشوێنە سیاسی و سەرمایە ئابووری و دەرامەتە مرۆییەكانیان بخەنە خزمەت ئامانجەكانی رێككەوتنی ستراتیژییەوە، ئەگەرنا بێ سەرمایەی وەك یەك ناكرێت قازانجی وەك یەك هەبێت، مەگەر بەڕەزامەندیی نێوان خۆیان و لەبەر زۆر بەرژەوەندیی باڵاتر لەم خاڵە چاوپۆشی بكرێت.

چوارەم: دابەشكردنی رۆڵ و ئەركەكان و میكانیزمە جیاوازەكان لەخزمەتی جێبەجێكردنی یەك ئامانجدا بێت.

پێنجەم: بوونی كەسێك، یان كەسانێك، یان دەزگایەكی داوەری و ناوبژیوانی بۆ یەكلاكردنەوەی تێگەیشتنی جیاواز یان لێكدانەوەی جیاوازی هەر بڕگەیەك یان هەر كارێكی كێشەلەسەر لەنێوان لایەنەكانی رێككەوتننامەكەدا.

شەشەم: ئاگاداربوونی بەردەوام و هەستیارانە لە مەسەلەی متمانە، چونكە كاڵبوونەوەی متمانە سەرەتای لاوازبوونی هەر كارێكی دەستەجەمعی و هاوپەیمانییەكی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییە.

حەوتەم: ستراتیژییەتی رێككەوتن فێرمان دەكات كە رێككەوتننامەی ستراتیژی پێویستە رەزامەندی و متمانەو بڕوای زۆرینەی ئاست و ئەندامانی لایەنەكانی نێو رێككەوتنامەكەی بەدەست هێنابێت، چونكە ئەوە ئاستەكانی ناوەڕاست و خوارەوەن كە جێبەجێكردنی رێنمایی و قسەكانی سەرەوەی خۆیانیان دەكەوێتە ئەستۆ.

جا با لەرێككەوتننامەی ستراتیژییەوە بۆ ستراتیژییەتی رێككەوتن هەنگاو بنێین، چونكە ناكرێت لەسەری ساڵی نوێدا بە كێشە كۆنەكانمان كەركووك و كەركووكیان خەمبار بكەین.
3/1/2014

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان