نیگار عینایەتی
کاتێ بمانه‌وێ له‌و هۆکارانه بکۆڵینه‌وه که کاریگه‌رییان له‌سه‌ر لابردنی چه‌وسانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و کو‌لتووریی ژن‌دا هه‌بووه، پێویسته به‌گشتیی سه‌رنج به هێزی ئینسانی و لێوه‌شایی له‌هه‌موو بواره‌کان بدرێ، به‌م پێیه باسکردن له رۆلی ژن و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگادا ده‌بێته بابه‌تێکی گرینگ و حاشاهه‌ڵنه‌گر. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له‌م چه‌ند سه‌ده‌یه‌ی رابوردوودا رۆڵی کارای ژن له به‌ره‌وپێشبردنی کۆمه‌ڵگا وه‌ک نیوه‌ی کۆمه‌ڵ، توانیویه‌تی قورسایی خۆی نیشان بدا و نکۆڵیی لێنه‌کرێ.
ئاراسته‌ی وتاره‌که رووی له کۆمه‌ڵگای کوردستانه له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا. به‌سه‌رنجدان به تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه له‌رووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه و له‌وێشدا به‌تایبه‌تیی کۆمه‌ڵگای کوردستان، ئه‌وه ده‌رده‌که‌وێ که هێندێک له فاکته‌ره‌کانی سه‌رکه‌وتنی ژن له وڵاتانی پێشکه‌وتوو له‌گه‌ڵ ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا ناگونجێ و پێویسته به‌سه‌رنجدان به تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خۆی بیخوێنینه‌وه. بۆنموونه سه‌رهه‌ڵدانی رێنێسانس و چاخی پیشهکاریی له ئوروپا سه‌رله‌به‌ری ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی به هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه گۆڕی. روودانی شه‌ڕی یه‌که‌م و دووه‌می جیهانی و به‌شداریکردنی ژنان له کارخانه‌کان و پشتی شه‌ڕگه‌کاندا، قۆناغێکی نوێی سه‌باره‌ت به قورسایی تایبه‌تیی رۆڵی ژنان خسته به‌رده‌م کۆمه‌ڵگای ئوروپا. به‌ڵام ئه‌م فاکته‌رانه لێره‌دا ناتوانن ببنه پێوانه‌یه‌ک بۆ خوێندنه‌وه‌ی پێگه‌ی ژنان له کۆمه‌ڵگاکانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین و به‌تایبه‌تیی کوردستاندا. پاش ئه‌وه‌ی شه‌پۆله‌کانی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگای رۆژئاوایی له چوارچێوه‌ی فکری مۆدێرندا گه‌یشتنه ناوچه‌که، وه‌کو دیارده‌یه‌کی نوێ باڵی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاکانی بهرئاماژهدا کێشا. له‌لایه‌که‌وه داب و نه‌ریت و له‌لایه‌کی دیکه‌وه ئایینی داخراو له رووبهروبهرو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ فکری مۆدێرن تووشی ململانێیه‌کی خه‌ست هاتوون که تا به‌ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه. قورسترین ده‌ره‌نجامه‌کانی ئه‌م ململانێیانه‌ش که‌وتۆته‌سه‌ر شانی ژن. به‌واتایه‌کی دیکه، له‌م نێوه‌نده‌دا ژن په‌یوه‌ندییه‌کانی ژیانی له کۆمه‌ڵگادا نه‌ریتییه و له‌هه‌مانکاتیشدا له‌گه‌ڵ که‌شوهه‌وایه‌کی مۆدێرنی رۆژئاوایی به‌پێی گه‌یشتنی زانیارییه‌کان و له رێگه‌ی میدیاکانه‌وه ئاشنا بووه و به‌ریه‌ککه‌وتنی ئه‌م دوو دنیایه بۆته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یران له‌ژینگه‌ی ژن‌دا. له کۆمه‌ڵگایه‌کی ئه‌وتۆدا و له‌م وه‌به‌ریه‌ککه‌وتنی ژینگه‌ی نه‌ریتی و که‌شوهه‌وای مۆدێرندا کۆمه‌ڵێک خه‌سار و دیارده‌ی زه‌بروه‌شێن ده‌رده‌که‌ون و ده‌بنه‌هۆی دهرهنجامگهلێک که زۆرجاران پڕبووه له کاره‌سات. بۆ نموونه که باسی به‌شداریی ژن وه‌کو نیوه‌ی کۆمه‌ڵ له ژیاندا ده‌کرێ، له لایه‌که‌وه له‌ژێر گوشاری فکری مۆدێرنیزم بۆ به‌شداریکردن و جێگه و پێگه‌ی ژن له کۆمه‌ڵگادا تووشی زێده‌رۆیی ده‌بین و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه له‌ژێر کاریگه‌ریی نه‌ریته پیاوسالارانهکاندا که به‌درێژایی مێژوو ره‌گی داکوتاوه، پاشه‌کشه‌کردن به‌رۆکمان ده‌گرێ.
خه‌ساره‌کانی ئه‌م ململانێیه‌ی نێوان نه‌ریت و مۆدیرنیزم زیاتر له هه‌مووان وه‌به‌ر ژن ده‌که‌وێ و ده‌یخاته ژێر گوشاری له‌راده‌به‌ده‌ره‌وه. هاتنی ئه‌ندێشه نوێیه‌کان بۆ کۆمه‌ڵگای به‌ر ئاماژه‌ی ئێمه و ده‌نگهه‌ڵبڕینی ژن له‌نێو تاریکایی فکری پاوانخوازی پیاوسالارییدا، وه‌کو "مافی هه‌ڵبژاردن بۆ ژن وه‌کو مرۆڤ به هه‌موو واتاکانییه‌وه، به‌شداریی له کارلێکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا و داموده‌زگاکاندا، سه‌ربه‌خۆیی له به‌ده‌ستهێنانی بژی‌و و هتد"، زۆرجاران کاره‌ساتی لێکه‌وتۆته‌وه. پیاوی ژێر کۆت و زنجیری نه‌ریت و ئایین نه‌یتوانیوه قبووڵی ئه‌و مافانه بکات و له‌ئاکامدا به قیمه‌تی به‌ختکردنی ژیانی ژن، خۆسووتاندن، خۆکووژی و زۆر کاره‌ساتی دیکه ته‌واو بووه.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی ساته‌وه‌ختی ئێستا سه‌باره‌ت به رۆڵی ژن له کۆمه‌ڵگادا، هه‌روه‌ها لایه‌نه‌کانی داکه‌وتن و سه‌رکه‌وتنی چالاکیی ژن، به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی مێژوو و هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه و ده‌ستنیشانکردنی شوێن و پێگه‌ی له مێژوودا ناتوانین خوێندنه‌وه‌یه‌کی راست یان لانیکه‌م روونمان بۆ چه‌ند ده‌یه‌ی رابوردووی ژنی کۆمه‌ڵگای کورد هه‌بێ.
به‌ر له هه‌رشتێک ده‌بێ دان به‌وه دابنێین که لێکۆڵینه‌وه و سه‌رچاوه زانستییه‌کان له بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و کو‌لتووریی له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا زۆر که‌من.
له لاپه‌ره‌کانی مێژووی کورددا زۆر به ده‌گمه‌ن ته‌نانه‌ت باسی هه‌بوونی ئاسایی ژن له کۆمه‌ڵگاکه‌یدا کراوه. ئه‌و سه‌رچاوانه‌شی که هه‌ن به‌شی هه‌ره‌زۆریان له لایه‌ن ئه‌و نووسه‌ره بیانیانه‌وه نووسراون که هاتوون بۆ کوردستان و ئه‌وه به‌شه‌یان تۆمارکردووه که بۆیان گرینگ بووه وهه‌ر به‌پێی بیر و باوه‌ڕ و تێگه‌یشتنی خۆیان ئاماژه‌یان پێکردووه. ئه‌مه‌ش بۆخۆی خه‌سار و بۆشاییه‌کی زانستی و لێکۆڵینه‌وه‌ییه له به‌شێک له مێژووی تۆمارکراوی کۆمه‌ڵگای به‌رئاماژه‌ی ئێمه. لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه بکه‌ین که له‌نێو کورددا بێجگه‌له "عه‌بدوڵڵا ئوجا‌لان" که‌سێکی وا نه‌بووه که بێت بابه‌تییانه پرسی ژنی کۆمه‌ڵگای کورد شڕۆڤه بکات و لێیبکۆڵێته‌وه. ئوجه‌لان له‌و باوه‌ڕه‌دایه که کێشه‌ی ژن و کێشه‌ی نه‌ته‌وه دوو پرسی جیاوازن و ئه‌گه‌ر بێت و کوردستان به ئامانجه‌کانی بگات، واته کیانێکی سیاسیی بۆ مسۆگه‌ر بێت و پرسه‌کانی کۆمه‌ڵگا یه‌ک له‌وان کێشه‌ی ژن فه‌رامۆش بکرێت، ئه‌وه ژن ده‌بێ هه‌ر له شاخ بمێنێته‌وه و درێژه به خه‌باتی خۆی بدا بۆ رزگاربوون له‌چنگی ئه‌قڵیه‌تی پیاوسالاری و داکۆکیی له مافی خۆی بکات. به‌پێی ئه‌م وته‌یه، ژن ده‌بێ دیسان به‌دژی یاسا و نه‌ریته‌کانی کۆمه‌ڵگا که به‌درێژایی مێژوو ره‌گی داکوتاوه و فکری پیاوسالاریی پێکهێناوه، به‌ربه‌ره‌کانیی بکات.
به‌ڵام به‌بێ پشتبه‌ستن به‌و سه‌رچاوه پڕ که‌موکورتیانه‌ی بیانییه‌کانیش، به‌ڵگه‌یه‌کی وامان سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵگای کوردیی و له‌وێشدا ژیان و که‌سایه‌تیی ژنی کورد له‌به‌رده‌ست نابێ. لێره‌دا به سه‌رنجدان به‌و به‌ڵگه و نووسراوانه‌ی که له‌سه‌ر مێژووی کورد هه‌ن و نووسراون، به‌شی ژنانی لێههڵدهوێنجین و به‌پێی توانا به قوڵایی مێژوودا ده‌چین.
ئه‌وه‌ی روون و ئاشکرایه، مێژوونوسان "مێزوپۆتامیا Mesopotamia"یان به وڵاتی هیوا و گه‌ڕان بۆ به‌دیهێنانی ئازادیی ناساندووه و سه‌رچاوه‌ی خه‌باتیان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئازادیی مرۆڤایه‌تیی، گه‌راندۆته‌وه بۆ ئه‌م ناوچه پڕ پیته.
مێزوپۆتامیا وڵاتی "ئیشتار Ishtar"ه. ئیشتار یه‌کێک له مه‌زنترینی خواژنه‌کان، واته خواژنی ئه‌وین و شه‌ڕ بووه. له‌لای ئیمپراتۆرییه‌کانی ئه‌وکاتی ناوچه‌که وه‌کو بابلی و ئاشورییه‌کانیش، ئیشتار مه‌زنترین خواژن بووه. هه‌موو لێکۆڵینه‌وه که‌وناری و ئێکۆلۆژییهکان له‌سه‌ر پێگه‌ی ژیانی ئیشتار، ئه‌م راستییه‌یان سه‌لماندووه که له‌سه‌رده‌می که‌ونارادا ژن رۆڵی حاکم و ناوبژیوانی له کۆمه‌ڵگادا به‌ئه‌ستۆ بووه و خه‌ڵکی ناوچه‌که (میزۆپۆتامیا) ئیشتاریان به رێبه‌ری خه‌ڵک و خواژنی تێگه‌یشتوویی ناسیوه. هه‌روه‌ها ده‌سته‌مۆکردنی ئاژه‌ڵ و چاندنی دانه‌وێڵه له‌م ناوچه‌یه بۆ یه‌که‌مجار به‌ده‌ستی ژن و خواژنێک به‌نێوی "نین لیلی Ninlili" ئه‌نجام دراوه. له‌به‌ر ئه‌م توانایانه، ژن ده‌کرێته خودا و ده‌گاته ئاستی پهرسترانی خودابوون و به پله‌ی "خواژن" (ئیلاهه) ده‌گا. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی که له‌دوای "ئیشتار" و خواژنه‌کانی دیکه‌وه به‌جێماون له دواکه‌وتووترین و لێقه‌وماوترین ژنانی جیهانن که بنه‌مای خێزان و کۆمه‌ڵگاش له‌سه‌ر ئه‌م ژنانه پێکهاتووه. ته‌نانه‌ت ئه‌و شوێنانه‌ی که خواژنی لێ له‌دایک بووه، خاپوور و وێران کراوه و هیچ شوێنه‌وارێکی ژنی پێوه‌نه‌ماوه. ئه‌م شوێنه‌ی که به لانکه‌ی مرۆڤایه‌تیی ناوزه‌د ده‌کرێت، بۆته گۆڕستانی مرۆڤایه‌تیی. چاوخشاندنه‌وه به مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه وه‌کوو ئه‌وه‌وایه که گۆڕه‌کان بده‌ینه‌وه و رۆحیان به به‌ردا بکه‌ینه‌وه.
لێره‌دا بۆ زیاتر روونبوونه‌وه پێویسته که له‌ڕووی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی ئاماژه به‌م ناوچه‌یه ده‌که‌ن، له چه‌ند خواژنێکی وه‌کو "ئیشتار، زه‌نۆبیا (Zenobia)، کیلۆپاترا (Cleopatra)، سه‌میره، ئهمیسییهکان و هتد.." بدوێین که پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌سایه‌تیی ژنیان له مێژوودا ده‌رخستووه.
له شه‌ڕ و پێکدادانی خواژنه‌کان له‌گه‌ڵ خواپیاوان له پانتیۆمدا (مه‌جلیسی خوداکان که ٣٠٠٠ خودا تێیدا به‌شداربوون) خواژن "تیامات Tiamat" که گه‌وره‌ترین خواژن بوو، له‌شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خواپیاو "مه‌ردوک Marduk" ده‌دۆڕێ. خواپیاوان له ترسی ده‌سه‌ڵاتی تیامات و خواژنه‌کان، دێن پیلانێک به دژیان داده‌ڕێژن و شه‌ڕ هه‌ڵده‌گیرسێنن و به‌م جۆره سه‌رده‌که‌ون. هه‌موو خوداکان هه‌ریه‌که‌و به‌شێک له هێزی خۆیان دانا و مه‌ردوک که نیوه‌ی پیاو و نیوه‌که‌ی دیکه‌ی هه‌ژدیها بوو، له‌شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تیامات دا دۆڕا، به‌ڵام مه‌ردوک دوای به‌چۆکداهاتنی، له‌پشته‌وه خه‌نجه‌ر له تیامات ده‌دات و ده‌یکوژێت. هه‌تا ئه‌وکاته به‌شداریی ژن و پیاو له مه‌جلیسی خوداکاندا یه‌کسان بوو. دوابه‌دوای کوژرانی تیامات له مێژووی ئه‌فسانه‌دا، به‌شداربوونی ژنان له پانتیۆمدا به‌ره‌و که‌مبوون چوو، ئه‌وه‌ش یه‌که‌مین شکستی ژن بوو له ئه‌فسانه و مێژووی ژناندا.
له مێتۆلۆژیی "گیلگامێش Gilgamesh"دا ژن بۆ یه‌که‌مجار له لایه‌ن پیاوه‌وه وه‌کو ئامراز به‌کار هێنرا. ئه‌وه‌ش به‌م شێوه‌یه بوو که "تاپتیلا" یه‌که‌م ژنێک بوو که گیلگامێش بۆ فریودانی "ئه‌نکیدۆ Enkidu" به‌کاریهێنا بۆئه‌وه‌ی له سروشتیبوون ده‌ری بێنێت و بیهێنێته نێو کۆمه‌ڵگای شارهستانییهوه. ئه‌وه‌ش دووه‌م شکستی ژن بوو له مێژوودا که جه‌سته‌ی وه‌کو ئامرازێک له لایه‌ن پیاوه‌وه به‌کارهێنرا. پاشان شوێنی پرستنی (په‌رستگاکان) خواژنه‌کان کرا به‌شوێنی خۆشگوزه‌رانیی بۆ پیاو و له‌م شوێنه پیرۆزه‌ی که شوێنی په‌رستنی خواژنه‌کان بوو، به زۆره‌ملی ده‌ستدڕێژیی ده‌کرایه سه‌ر ژن.
سه‌رهه‌ڵدانی ئایین و تاکخودایی له‌وکاته‌وه ده‌ست پێده‌کات که ئیتر ژن واتای پیرۆزی خۆی له‌کیس ده‌دا. ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئایین به‌م شێوازه‌ی که هه‌یه دابڕێژرێت و ژن ته‌نانه‌ت له بچوکترین ماف بێبه‌ریی بکرێت. له‌وکاته‌وه بوو که که‌سایه‌تیی ژن هه‌تا ئاستی کۆیله‌بوون نزم ده‌بێته‌وه و وه‌کو کاڵا ساتوسه‌ودای پێوه‌ده‌کرێت.
به درێژایی ٥٠٠٠ هه‌زار ساڵه که ژنان کویله بوون و به بێ که‌سایه‌تیی و پێگه‌ی ئینسانیی ژیانیان کردووه. به هاتنی ئایین، ژن هه‌ر به ته‌واویی که‌سایه‌تییه‌که‌ی حاشای لێده‌کرێ و ته‌نانه‌ت وه‌کوو ئینسان چاوی لێناکرێت. ئه‌گه‌رچی زۆر به‌ده‌گمه‌ن که‌سایه‌تیی گه‌لێکی وه‌کوو "هاجه‌ر، سارا، مریه‌م، زێنه‌ب، ئامینه، فاتیمه، ئایشێ و خه‌دیجه" توانیان له سه‌رده‌ستی ئایین له گۆشه‌یه‌کی مێژوودا هه‌بوونی خۆیان بسه‌لمێنن و سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگیه‌کان رۆڵی خۆیان له پێکهاته‌ی ئایینه‌کاندا بگێرن.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌کان، میزۆپۆتامیا وڵاتی به‌رینی کوردان بووه و هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی ئایین و بیر و باوه‌ڕه‌کان له‌وێوه سه‌ریانهه‌ڵداوه، ده‌ورێکی سیاسیی گرینگیش له‌وێدا له‌ئارادا بووه و هێز و جێگه و پێگه‌یه‌کی دیاری له‌خۆی نیشان داوه. ئیمپراتۆرییه‌کانی ئه‌وکات بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دراوسێکانیان بتوانن ئاشتیی سه‌قامگیر بکه‌ن، کچه‌کانی خۆیان پێشکه‌شی ئیمپراتۆری دراوسێ یان خاوه‌ن هێز کردووه. له‌و سه‌رچاوانه‌دا بێزاریی ژنی پاشای میسر هاتۆته به‌رباس که کچه کوردێک پێشکه‌شی خودای میسر کراوه.
هه‌ر له‌و سه‌رچاوانه‌دا ئاماژه به‌وه کراوه که گۆیا باخچه‌ی هه‌ڵواسراوی بابل و باشووری میزوپۆتامیا بۆ کچه چیایی کوردستان درووست کراوه که ژنی ئیمپراتۆری فارس بووه و دڵی به کێو و چیاکانه‌وه کراوه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی گوته‌کانی "تۆمابوا Tumabuwa"، ژنانی گۆتییه‌کان خاوه‌نی هێز بوون و گه‌لێ جار به سوپا هێرشیان کردۆته سه‌ر گه‌لانی دراوسێی خۆیان و رۆڵێکی گه‌وره‌یان نیشانداوه. به سه‌رنجدان به ئاماژه‌کانی ئه‌م سه‌رچاوانه ده‌بینین که ژنان دیسانیش رۆڵی خۆیان له‌و سه‌رده‌مدا گێڕاوه، به‌ڵام زۆر به ده‌گمه‌ن باسی لێوه‌کراوه.
مێتۆلۆژیی "زه‌رده‌شت" که یه‌کێکه له گرینگ‌ترین مێتۆلۆژییهکانی کورد، ئاماژه به‌وه ده‌کا که له‌م ناوچه‌یه‌دا، له شه‌ش "ئیمشاسپهندهکان4" واته فریشته‌ی پیرۆز (خودا)، سیانیان ژن بوون. یه‌کێک له‌م فریشته ژنانه، کچی "ئههورامهز"دا، نازناوی "دایکی زه‌وی" هه‌بووه. "ئاناهیتا Anahita" له ئایینی زه‌رده‌شتدا "خێوی ئاو" بووه و هه‌ر ئه‌ویش بووه که مه‌مکی ژنانی دووگیانی پڕ کردووه له شیر و ژانی منداڵبوونی هێدی کردۆته‌وه. هه‌روه‌ها رۆژهه‌ڵاتناسان به‌م جۆره باسی سه‌رده‌می ساسانییه‌کان ده‌که‌ن که ژنانێک وه‌کو "ئازه‌رمیدوخت" و "پوراندوخت" و "هومای" پاشای ئیمپراتۆری ئه‌و کاتی ئێران بوون.
پشتگوێ خستنی مێژووی کۆمه‌ڵایه‌تی و کو‌لتووریی و گرینگی‌دان به مێژووی سیاسیی، نه‌ک هه‌ر کورد به‌ڵکوو هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناڤین ده‌گرێته‌وه و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که ئێمه نه‌توانین دیمه‌نێکی راسته‌قینه‌ی رۆڵی ژنان له مێژووی کورد ببینین. هه‌ربۆیه به ناچاریی په‌نا ده‌به‌ینه به‌ر ئه‌م یه‌ک دوو سه‌ده‌ی پێشووی مێژووی تۆماری کراوی کورد. ئه‌وه‌ش بۆشایه‌که که له مێژووی نه‌ک هه‌ر ژناندا به‌ڵکو له مێژووی ئه‌م گه‌له‌دا هه‌یه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاماژه‌یه‌ی که مێژووناس "هیرۆدۆت Herodotus" ده‌یکات، مێزۆپوتامیا وڵاتی زانستی ئه‌ستێره‌ناسی، بیرکاریی، کۆمه‌ڵناسی، کشتوکاڵ و ئاسهنگهریی بووه و به‌گشتی ده‌توانین له‌و لاپه‌ڕانه‌ی مێژوودا که ئاماژه‌یان به کورد و ناوچه‌که‌ی کردووه، ئه‌وه ههڵوێنجین که کاتێک دوژمنان هێرشیان کردۆته‌سه‌ر وڵاتی میزۆپۆتامیا، یه‌که‌م کارێکی که کردوویانه پهڕتووکخانهکانیان ئاگرداوه بۆ سڕینه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه. ئه‌وه‌ش خۆی له خۆیدا گه‌وره‌ترین خه‌ساری زانستیی بووه که له که له کولتووری ئه‌م گه‌له که‌وتووه و ته‌نیا به پشتبه‌ستن به گوته زاره‌کی و ئیحساسی و عاتیفییه‌کان ناتوانرێت راسته‌قینه‌ی ئه‌و سه‌رده‌م بخوێنینه‌وه. هه‌ر بۆیه گه‌لی کورد وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌ک که له خاکێکی به پیتدا ژیاوه، زۆرجار هێرشی به‌م جۆره‌ی کراوه‌ته‌سه‌ر و مێژوو و زانستهکانی به تاڵان چووه.
تا به‌ره‌و قۆناغه‌کانی دواتری مێژوو هه‌نگاو ده‌نێین، سه‌رچاوه‌کانی مێژووی به شانازیه‌وه باسی پله و پێگه‌ی هێندێ ژنی ناوداری کۆمه‌ڵگای فیودالی و خێله‌کیی نێو کوردان ده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌م نموونانه زیاتر پێوه‌ندیان به ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌کان زۆر به‌که‌می ده‌چنه نێو ورده‌کاریی پرسه‌کانه‌وه و ته‌نیا ئاماژه به ناوه‌کان ده‌کرێت و زانیارییه‌کی ئه‌وتۆمان سه‌باره‌ت به رۆڵ و هه‌لسوڕانی ئه‌وان ناکه‌ن.
له نووسه‌ره ناسراوه‌کانی جیهان وه‌کوو "دیللا ڤالییه و سۆن، ئیدمۆندز، مینۆرکسی Vladimir Minorsky (١٨٧٧- ١٩٦٦)، ڤیلجیڤسکی" و زۆر نووسه‌ری دیکه سیمای ژنی کوردیان تاڕاده‌یه‌ک ده‌رخستووه. "تۆمابوا" رۆژهه‌ڵاتناسی فه‌رانسه‌یی، له‌مه‌ر ژنانی کورد ده‌ڵێ که "ژنان شانبه‌شانی پیاوان کار ده‌که‌ن و سه‌ره‌ڕای ئه‌نجامدانی کاری ده‌ره‌وه، کاری نێو ماڵیش بهئهوستۆی ئه‌وانه. خاڵێکی سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه که له نێو کوردان، ژنان له‌پاش مردنی هاوسه‌ره‌کانیان جێگه‌ی مێرده‌کانیان ده‌گرنه‌وه وه‌ک ههلسوڕێنهری بنه‌ماڵه یان هۆز، ته‌نانه‌ت له گۆڕه‌پانی شه‌ڕیشدا ئه‌و رۆڵه ده‌گێڕن".
"لیرزی" رۆژهه‌ڵاتناسی به‌ناوبانگ، سه‌باره‌ت ژنانی کورد ده‌ڵێ، "په‌یوه‌ندیی ژن و پیاوی کورد له ئاستێکی به‌رز دایه و په‌یوه‌ندی هاوسه‌رێتی له لایان زۆر به نرخ و پیرۆزه. پیاوانی کورد باوه‌ڕێکی زۆریان به ژنانه‌کانیان هه‌یه و له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا پیاوه‌کان تاکه یه‌ک ژنیان هه‌یه هه‌تا مردن".
هێندێک له کتێبی مێژوونووساندا راسته‌وخۆ ناوی هێندێک له که‌سایه‌تییه ژنه‌کان دێته‌گۆڕێ، که وتاره‌که به پێویستی ده‌زانێ لێره‌دا ئاماژه به به‌رچاوترینیان بکات.
*"ده‌وڵه‌ت خانم": مێژوونووسی ناسراوی کورد "شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی" باسی "ده‌وڵه‌ت خانم" (١٣١٦-١٣١٧، کۆچی مانگی) له میرنشینی لوڕی بچوک ده‌کات که له دوای مردنی هاوسه‌ره‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتی گرتۆته‌ده‌ست. هه‌روه‌ها زیاتر ده‌بیژێت که له‌و ناوچه‌یه کۆمه‌ڵێک له سه‌رۆک هۆز و خێله‌کان ئاماده نه‌بوون ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت خانم بده‌ن و ئه‌ویش ناچار ده‌بێ واز له ده‌سه‌ڵات بێنێت و ده‌یسپێرێت به "میرعیزهدین حوسه‌ینی" برای. هه‌روه‌ها شه‌ره‌فخان له به‌شێکی دیکه‌ی مێژووه‌که‌یدا له "حه‌لیمه خانمی هه‌کاری" (کوێخا نیرگزی شوان) ده‌دوێ که له‌و سه‌رده‌مه‌دا ناوبانگی هه‌بووه.
*"ماه شه‌ره‌فخانی ئه‌رده‌ڵان": تا به‌ره‌و ئهملاوهتر دێین ژنان زیاتر به‌رچاو ده‌که‌ون و ئیدی ده‌بنه خاوه‌نی فکر و داهێنان و نووسین و چه‌ند شاعیر و نووسه‌رێکیان له ناودا هه‌ڵده‌که‌وێ که له‌چاو رابوردوودا ده‌بێته دیارده‌یه‌کی نوێ. له‌نێو ژنانی شاعیر و نووسه‌رانی سه‌ده‌کانی رابردوودا "ماه شه‌ره‌فخانی ئه‌رده‌ڵان" (١٨٠٥- ١٨٤٨) که به مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵان ناسراوه، رۆڵێکی مه‌زنی وه‌ک که‌سایه‌تیی ژن بینیوه. مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵان سه‌ره‌ڕای نووسینی دیوانێکی شێعریی به زمانی فارسیی که بیست هه‌زار به‌یته (که‌متر له ٢٠٠٠ به‌یتی دۆزراوته‌وه) و ساڵی ١٩٢٦له ژێرناوی "دیوان ماه شه‌ره‌ف خانم کوردستانی - مه‌ستووره" چاپکراوه، مێژووی ئه‌رده‌لانی نوسیوه‌ته‌وه که له سه‌رده‌می خۆیدا مێژوونوسینه‌وه ته‌نیا کاری پیاوان بووه. به وته‌ی "ڤاسیلییڤا" خانمه رۆژهه‌ڵاتناسی روسیی، مه‌ستوره‌ی ئه‌رده‌ڵان شوێنێکی تایبه‌تی له هیستوگرافیی ئه‌رده‌ڵان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا هه‌یه. ده‌ستنووسه‌که‌ی مه‌ستووره، ساڵی ١٩٤٦ له سنه چاپکراوه و هه‌ر هه‌مان رۆژهه‌ڵاتناس کتێبه‌که‌ی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی روسی و ساڵی ١٩٩٠ له مۆسکۆ بڵاوکراوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها جیا له دیوانی شیعر و مێژووی ئه‌رده‌ڵان، نامیلکه‌یه‌کی دیکه‌شی به نێوی "عقاید مستوره" (بیروڕای مه‌ستوره) به زمانی فارسیی نووسیوه ئه‌م نامیلکه‌یه سه‌باره‌ت به بۆچوونه‌کانی خۆیه‌تی له‌سه‌ر ئایینزای سوننی شافیعی.
* "خانزادخان"ی خوشکی میرسلێمان فه‌رمانڕه‌وای میرنشێنی سۆران، پاش ئه‌وه‌ی والیی به‌غدا میرسلێمان ده‌کوژێ، خانزاد خان وه‌کو ئه‌میره‌ی سۆران ده‌بێته جێگره‌وه‌ی براکه‌ی و له مێژووی کورد و ژناندا ناسراوه. خانزادخان له‌کاتی فه‌رمانڕه‌واییه‌که‌یدا بۆخۆی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی میرنشنی سۆرانی وه‌ئه‌ستۆ گرتووه و كاروباری میرنشینه‌كه‌ی ڕاپه‌ڕاندووه.
به وته‌ی مێژوونووسان، خانزاد خان زۆر شوێنه‌واری له‌دوای خۆی به‌جێهێشتوه. له‌ماوه‌ی حه‌وت ساڵی ده‌سه‌ڵاتیدا هه‌تا ئه‌وکاته‌ی کۆچی دوایی ده‌کا (١٥٩٧ کۆچی مانگی)، چه‌ندین قه‌ڵا و خوێندگا و مزگه‌وت له‌سه‌ر فه‌رمان و بڕیاری ئه‌و دروستكراون، كه تا ئێستاش شوێنه‌واری به‌شێكیان ماون؛ دیارترینیان گه‌لی خانزاد، كۆنه دیوار و وێنه‌كه‌ی چیای هه‌ریر، قوڵغه سوپاییه‌كان له ناوچه‌ی هه‌ریر و قه‌ڵای خانزاده له‌نێوان پیرمام و شاری هه‌ولێردا. له سه‌رده‌می ئه‌ودا شاری شه‌قڵاوه گه‌شه‌ی زۆری کردووه و هاوینه‌هه‌واری "قه‌رالیچه"ی سازکردووه. له هه‌مووی گرینگتر ده‌ڵێن که خانزاد خان بۆخۆی راسته‌وخۆ له هه‌موو شه‌ڕه‌کاندا به‌شداربووه.
* "قه‌ره فاتم": "مه‌لا مه‌حمودی بایه‌زیدی"یش باس له‌وه‌ده‌کات که له کاتی شه‌ڕی ١٨٧٧، له نێوان ده‌وڵه‌تی عوسمانی و رووسیادا "قه‌ره فاتم" له ناوچه‌کانی قارس و ئهرزهرۆمدا سه‌رکردایه‌تیی 500 سواری کوردی کردووه.
* "عادیله خانم": مێجه‌رسۆن که ساڵی ١٩٠٩ به‌نێوی بازرگان ده‌چێته هه‌ڵه‌بجه و له نزیکه‌وه عادیله خانمی هاوسه‌ری عوسمان پاشای جاف ده‌بینێ. به‌وته‌ی مێجه‌رسۆن، عادیله خانم ژنێکی بێوێنه و تێگه‌یشتوو و خاوه‌نی که‌سایه‌تییه‌کی به‌هێز بووه. بۆخۆی به‌ته‌نیا فه‌رمانڕه‌وای شاره‌زوور بووه. بێجگه له کاری سیاسی، بۆ خۆی دادگایه‌کی دامه‌زراندووه که به عادیلانه تاوانبارانی سزا داوه و هه‌روه‌ها له شاری هه‌له‌بجه‌دا کۆشک و ته‌لاری جوان و بازاڕێکی باشی بۆ بازرگانیی دروست کردووه. ئه‌م بازاڕه سه‌رنجی عوسمانییه‌کانی له‌سه‌رده‌می خۆیدا راکێشاوه و هه‌وڵیانداوه به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت بچنه نێو شاری هه‌ڵه‌بجه‌وه، به‌ڵام عادیله خانم به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌رفه‌تی پێیان نه‌داون که بچنه نێو حوکمرانیهکهیهوه. له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا هه‌مووان رێزیان له عادیله خانم گرتووه و که‌س له فه‌رمانه‌کانی لاینه‌داوه‌و هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه نازناوی "جان به‌هادۆر"ی یان پێبه‌خشیوه.
به پێی به‌ڵگه‌کان، عادیله خانم پاش کۆچی دوایی هاوسه‌ره‌که‌ی له دوای شه‌ری جیهانیی یه‌که‌مدا سه‌رکرده‌ی یه‌کێک له گه‌وره‌ترین هۆزه‌کانی کورد واته هۆزی جاف بووه.
*"حه‌بسه‌خانی نه‌قیب": ئیدمۆندز له حه‌بسه‌خانی نه‌قیب (١٨٩١- ١٩٥٣) هاوسه‌ری شێخ قادری برای شێخ مه‌حمودی حه‌فید، دواوه و به ژنێکی زیره‌ک و ناودار پێناسه‌ی ده‌کات و ده‌ڵی که له سیاسه‌تی ناوچه‌که‌دا رۆلیکی گرینگی بینیوه و سه‌رگه‌وره‌ی ژنانی شاری سوله‌یمانی بووه. وه‌ک له مێژوودا تۆمارکراوه کاتێ که "سمکۆی شکاک" له ساڵی ١٩٢٣ چۆته سلێمانی له لایه‌ن حه‌بسه‌خانه‌وه پێشوازیی لێکراوه و له ژێر کاریگه‌ریی و راسپارده‌ی ئه‌ودا ژنان رژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌کان و به‌ره‌وپیری سمکۆ چوون. له ساڵی ٢٨.٦.١٩٣٩ یه‌که‌مین کۆمه‌ڵه‌ی ژنانی به نێوی "کۆمه‌ڵه‌ی ئافره‌تانی کورد" دامه‌زراندووه که ئه‌مه‌ش له له لایه‌ن ژنێکه‌وه، ئه‌ویش له ناوه‌ڕاستی نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیستدا نمونه‌یه‌کی که‌م وێنه‌یه بۆ داکۆکیکردن له مافی ژنان ته‌نانه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ساڵی ١٩٣٩ نامه‌یه‌کی سیاسی – مێژووی بۆ رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له ژێنێڤ نووسی که تێیدا به راشکاویی داوای مافی چاره‌نووسی کوردی کرد. هه‌روه‌ها به هه‌موو توانایه‌کی داراییه‌وه هاریکاریی کۆماری کوردستانی له مهاباد کرد و سوپانامهیهکی تایبه‌تیی بۆ پێشه‌وا نارد. یه‌کێکی دیکه له کاره به‌نرخ و بێوێنه‌کانی حه‌بسه‌خان کردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌یه‌ک بووه بۆ ژنان که له کاتی ئێواراندا بخوێنن و وه‌ک باس کراوه ته‌نانه‌ت بۆخۆشی ده‌بێته قوتابی له‌و خوێندنگه‌یه‌دا و ماڵی خۆی به‌خشی و کردی به خوێندنگه. ئه‌م خوێندنگه‌یه یه‌که‌م خوێندنه‌گه‌ی تایبه‌ت به ژنان بووه له مێژووی کورددا.
ئیدمۆندز له نووسینه‌کانیدا باس له‌وه ده‌کات که هێز و توانایه‌کی زۆر له پێکهاته‌ی ژنی کوردا هه‌یه و هه‌میشه هه‌وڵده‌ده‌ن خۆیان پێشبخه‌ن و له‌م باره‌یه‌وه ده‌نووسێ: "هه‌میشه و له یه‌که‌م رۆژی ده‌ستبه‌کار بوونمان له ناوچه کوردییه‌کاندا بێ‌وچان داوامان لێده‌کرێ که خوێندنگه بۆ کچان بکه‌ینه‌وه و نه‌ک ته‌نیا له شار و شارۆچکه‌کان، ته‌نانه‌ت له گونده‌کانیشدا".
*"رابیعه خانم": رابیعهخانم سه‌رگه‌وره‌ی نانه‌واکانی شاری سوله‌یمانی بووه، رۆلێکی گرینگی بینیوه له دابینکردنی نان له کاتی شه‌ڕه‌کاندا.
*"فاتمه خانم": فاتمهخانم ره‌واندزی له دوای مردنی هاوسه‌ره‌که‌ی، کاروباری ٨ گونده‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی گرتۆته‌ده‌ست و هه‌موو جۆره بازرگانیه‌کی کردووه. خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که ئه‌وه‌نده‌یان باوه‌ڕ پێیبووه که کردوویانه‌ته نوێنه‌ری خۆیان.
*"ئه‌نجوم خانم": پاش شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و له ساڵی ١٩١٩دا بۆ یه‌که‌مین جار، یه‌که‌م رێخکراوه‌ی ژنانی کورد له ئه‌سته‌نبۆل دامه‌زرا. ئه‌نجوم خانمی هاوسه‌ری موسته‌فا پاشای یاموڵکی سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌که بووه. زۆرتر داوای مافی ژنان و کردنه‌وه‌ی خوێندنگه و بۆ ئاشتیی نێوان گه‌لان کاری کردووه و له بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵاندا ههنگاوێکی مه‌زنی هه‌ڵگرتووه. له کاتی سه‌رهه‌ڵدانی که‌مالیزمه‌وه ئه‌م رێکخراوه‌یه په‌رته‌وازه ده‌بێ.
*"فاتیمه محێدین و گوزیده خانم": فاتیمه محێدین و گوزیده خانم هاوسه‌ری عه‌بدولعه‌زیز یامولکی، ئه‌و دوو ژنه کورده بوون که زه‌نگی خوێندنیان له باشوری کوردستاندا لێدا و سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاسته‌نگیه‌کانی سهررێگهیان به درێژایی ته‌مه‌نیان هه‌وڵی فێرکردنی زانست به کچانی کوردیان داوه.
*"میناخانم": میناخانم (١٩٠٨ – ١٩٩٦) هاوسه‌ری نه‌مر پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، له سه‌ره‌تای کار و خه‌باتی سیاسی‌دا پالپشتی پێشه‌وا بووه له دامه‌زراندنی کۆماری کوردستاندا. له سه‌رده‌می کۆمار له مهاباددا رێکخراوی ژنانی به‌نێوی "یایا" دامه‌زراندووه و بۆته سه‌رپه‌رشتی ئه‌و رێکخراوه‌یه. هه‌ر ئه‌وکات مینا خانم بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی ژنان و کردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌ی ژنان، خه‌باتێکی مه‌زنی کرد وله رێگه‌ی رێکخراوه‌که‌وه پێداگربوو له چه‌سپاندنی مافه‌کانی ژنان له کۆماری کوردستاندا.
کۆتایی به‌شی یه‌کەم
په‌ڕاوێزه‌کان:
١. ئه‌م وتاره له مانگی حه‌وتی ساڵی ٢٠٠٧ له "سیمیناری کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان سه‌باره‌ت به پرسی ژن"، پێشکه‌ش کرا و دواتر له‌ژێر سه‌ردێڕێ "مێژووی ژنانی کورد و رۆڵی له شۆڕشه‌کاندا" بڵاو بۆته‌وه. لێره‌دا به هێندێک ده‌ستکاریی بنه‌ڕه‌تی و هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانکردنی سه‌رچاوه‌کان، به پێویستم زانی له دووبه‌شدا به‌ناوی "خواژنی دوێنێ، کۆیله‌ی ئه‌مڕۆ" بڵاویبکه‌مه‌وه. له به‌شی یه‌که‌مدا، له‌رووی سه‌رچاوه مێژوویی و مێتۆلۆژییهکانهوه باسی مێژووی دوور هه‌تا سه‌ده‌ی رابوردووی پێگه‌ی ژن له کۆمه‌ڵگا و به‌تایبه‌تی له‌و شوێنه‌دا ده‌کرێ که ئێستاکه کوردستانی لێهه‌ڵکه‌وتووه. له‌به‌شی دووه‌مدا، وتاره‌که ده‌په‌رژێته سه‌ر پرسه‌کانی چه‌ند ده‌یه‌ی رابوردووی رۆڵ و پێگه‌ی ژنی کورد، به‌تایبه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا.
٢. به پێی ریزی پاشاکانی سومێر، گیلگامێش پێنجه‌مین شای "ئوروک" و کوڕی "لوگالباندا" بوو که ٢٧٠٠ ساڵ پێش زاییین، ١٢٥ ساڵ ده‌سه‌ڵاتی سومێریهکانی به‌ده‌سته‌وه بووه. ئه‌فسانه‌کان ده‌ڵێن که دایکی خواژنێک بووه به ناوی "نینسۆن". حیماسه‌ی گیلگامێش که یه‌کێکه له کۆنترین و به‌ناوبانگترین حیماسه‌کانی ئه‌ده‌بیاتی شارستانیه‌تیی که‌ونارا، له میزۆپۆتامیادا روویداوه. کۆنترین سه‌رچاوه‌یه‌کی که سه‌باره‌ت به‌و حیماسه‌یه له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌زاره‌ی سێهه‌می پێش زایین که به زمانی سومێری نووسراوه.
٣. به پێی "ئا‌ڤێستا"، ئیمشاسپهندهکان، شه‌ش خودان و له هێندێک له سه‌رچاوه‌کانی دیکه‌دا شه‌ش فریشته‌ن و به ده‌وری ئه‌هورامه‌زدای مه‌زنه‌وه‌ن که هه‌رکامیان واتایه‌کی تایبه‌تییان هه‌یه و به ناسین و به‌جێگه‌یاندنی فرمانی هه‌رکام له‌م خودا یان فریشتانه، ئه‌هورامه‌زدا زیاتر و باشتر ده‌رک ده‌کرێت. هه‌روه‌ها له راڤه و لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئاڤێستادا ئاماژه به‌وه ده‌کرێ که به‌و شه‌ش خودایه، خودای مه‌زن واته ئه‌هورامه‌زدا پێک دێت. له ئایینی زه‌رده‌شتیدا ئیمشاسپهندهکان یاریده‌ده‌ری ئههورامهزدان بۆ دابینکردنی ئاشتی و په‌ره‌پێدانی عه‌داڵه‌ت. ههرکامێکیشان ئه‌رکێکیان له‌ئه‌ستۆیه. ئیمشاسپهندهکان بریتین له:
١. "وه‌همه‌ن" یان "وه‌هومه‌ن" (پیاو) به مانای ئه‌ندێشه‌ی چاک و ئه‌رکی ئاژه‌ڵه به‌سووده‌کانی پێیه.
٢. "ئیشه وههیشته" (پیاو) به‌واتای راستبوونه. ئه‌م ئیمشاسپهنده پارێزگاری حه‌قیقه‌ت و پشتیوانی ئاگره.
٣. "خشتره وهیریه" (پیاو) واتای سه‌رکرده‌ی چاکه‌ی هه‌یه.
٤. "سپه‌نته ئارمیتی" (ژن) به‌واتای نییه‌ت پاکی و دڵفراوانی و پاڵپشتی زه‌ویه.
٥. "ئاناهیتا" و ده‌شڵێن "هیوروتات" (ژن) به‌واتای کامڵ‌بوون و پێگه‌یشتووییه و پاڵپشتیی له ئاو ده‌کا.
٦. "ئیمورتات" (ژن) به‌واتای هه‌رمانی و زیندووبوون و پاڵپشتی رووه‌که‌کانه.
سه‌رچاوه‌کان:
١. گیلگمش، برگردان احمد شاملو، تهران، نشرچشمه، ۱۳۸۲
٢. "مانیفێستۆی ئازادیی ژن له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک" دا، له بڵاوکراوه‌کانی ئاکدیمیای ئازادیی ژن، چاپی ٢٠٠٣.
٣. له ده‌وڵه‌تی راهیبیی سومێرهوه به‌ره‌و شارستانیه‌تی دیموکراتیک، به‌رگی یه‌ک، عه‌بدوڵڵا ئوجه‌لان، چاپی ٢٠٠٢ .
٤. ارزش زن در دینهای آسمانی، مترجم و نویسنده: دکتر احمد ایرانی، چاپ لس آنجلس، چاپ دوم ١٩٩٩.