رەزا شوان
کاتێ کە حیزبە سەرکییەکانی باشووری کوردستان ( لیستی کەرکوکی کوردستانی )یان راگەیاند ، بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نیسانی ( ٢٠١٤) دا .. ئەم مژدەیە خۆشی و شادیی خستە دڵی هەموو کوردێکەوە لە هەموو شوێنێکی کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا .. بە تایبەتیش کورد لە کەرکوک و لە ناوچە داگیرکراوەکانی ترماندا .. هەموو کوردستانپەروەرێک ، گەشی کەوتە روویانو ، هیوای گەڕانەوەی کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان بۆ سەر خاکی کوردستان کەوتە دڵیانەوە .. هەر ئەم مژدەیە ، سوێ و داخی خستە دڵی هەموو نەیارانی گەلەکەمانەوە .. بۆیە هەر زوو ناحەزانی گەلەکەمان چ لە عێراق و ، چ لە وڵاتانی ناوچەییدا ، هاتنە سەر خەت و توانیان گوشار بخەنە سەر یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان و ، لەسەر داوای ئەوان .. لیستەکە هەڵبوەشێننەوە .. هەموو کوردێکیش دەزانێت کە ئەو دەوڵەتە چ دەوڵتێکە ، کە لە پشت ئەم پیلانەوەیەوەیە .. ئەو حیزبە کوردییەمان بۆ بەرژەوەندیی ژێراوژێری خۆی فریوی خوارد ..؟! بێگومان هەڵوەشاندنەوەی ئەم لیستە و ، یاریکردن بە چارەنووسی کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان ، لە ئەستۆی پەڕلەمان و حکومەت و ، حیزبە سەرەکییەکانی باشووری کوردستاندایە .. ( پارتی ، یەکێتی ، گۆڕان ، ئیسلامییەکان ، شوعی ، سوسیالیستەکان ، نەتەوەییەکان ) ،ئۆباڵ دەخرێتە ئەستۆی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسییحیزبەکان .. چونکە هەموو بێدەنگ بوون و هیچ ناڕەزاییەکی ئەوتۆیان دەرنەبڕی دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی ، لیستی کەرکوکی کوردستانی .. ؟ یەک یەکتری بە تاوانبار و خەتابار دەزانن .. میدیا و راگەیاندنەکانیشیان هێندەی تر ئاگرەکەیان گڕتر کردووە .. ؟ئەو دروشمانەی دەربارەی کەرکوک بەرزیان کردبۆوە : ( کەرکوک دڵی کوردستانە ) و ( کەرکوک قودسی کوردستانە ) تەنها موزایدەی حیزبین و قسەی رووتن .. ئەی ئەوە نییە کەرکوکتان کردووە بە( کەرکوکی گۆڕەپانی ململانێی پارتی و یەکێتی و گۆڕان .. ؟)
ئێوە لە جیاتی بنیاتنان و بەهێزکردنی ( ناوماڵی کورد ) .. پەرژەوەندی و دەسکەوتی تەسکی حیزبیتان بەلاوە گرنگ بوو، لە پێناوی دەسەڵات و پایە و کورسیدا ، ماڵی کوردتان بە قوڕ گرت ، ماڵی کوردتان هەڵوەشاندەوە و ، وێرانتان کرد .. ێێوە کەرکوکییەکانتان بێ هیوا کرد .. ئەوتان سەلماند ، کە دەسکەوت و بەرژەوەندیی حیزبیتان ، لە بەرژەوەندی و ، لە چارەنووسی گەلەکەمان بە لاوە گرنگترە .. هەر یەکەتان خۆی بە حیزبی پێشڕەو دەزانێت ( حزب القائد ) و ، حیزبەکانی تر بە سەپان دەزانێت ..ئەوەتە خەڵکی ناوچە ستەملێکراو وداگیرکراوەکانمان بوونەتە قوربانیی فیز و خۆبەزلزانی و نەزانی ئێوەی ناکۆک .. کەرکوکییەکانن باجی ململانێ و رێنەکەوتن و ناکۆکییەکانتان دەدەنەوە ..؟ ئێوە لە ئاستی یەکتریدا شێرن و .. لە رووی ناحەزانی کورد و کوردستانیشدا شدا نەوێرن .. تاکەی پەند و وانە لە هەڵەکانی رابردوومان .. لە هۆیەکانی شکستی و لە نەهامەتییەکانمان .. لە مەرگەساتی هەڵەبجە و ئەنفالمان .. لە کۆڕەوەکانمان .. لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانمان .. لە شەڕی قێزەوەنی براکوژیمان ... هتد ، وەرناگرن ..؟! هەموو ئەمانەتان لە بیرچۆتەوە ..؟! .. هیندەی لە هۆڵی بە دەستهێنانی پایە و پلە وکورسیدان .. نیو هێندە لە خەم و پەرۆشی کەرکوکدا نین .. شەرەکەتان لەسەر قورخکردنی دەسەڵات و کورسیدایە .. نەک لە پێناوی گەڕانەوەی شاری کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانمان بۆ باوەشی کوردستان .. ئێمەی کورد تا ئێستا بەشەڕ نەدۆڕاوین .. بەڵام هەردەم لە سیاسەت ومناوەراتدا هەڵخەڵەتاوین و دۆڕاوین .. ئەم هەڵانەتان ، هەڵەی ستراتیژی و چارەنووسازن .. رەنگدانەوەیەکی زۆر خراپیان لەسەر ئەمڕۆ و ، لەسەر داهاتووی گەلەکەمان دەبێت .. ئەم تێکەوتن و هەڵانەتان ، خواست و ئامانجەکانی ناحەزانی گەلەکەمان دەهێننە دی .
بە ڕێنەکەوتنتان و ، بە ( هەڵوەشاندنەوەی لیستی کەرکوکی کوردستانی ) گورزێکی زۆر جەرگبڕتان لە گەلەکەمان دا .. ئێوە بوونە هۆی بێ هیزی و لێکدابڕانی ریزی گەلەکەمان .. ئۆباڵی پەرتەوازی و دابەزینی رێژەی دەنگدەرانی کورد ، لە کەرکوک و لە ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان .. هۆکارەکەی ئێوەن .. ئیوەن بوونەتە مایەی پێکەنین و گاڵتەجاڕیی ناحەزانی گەلەکەمان .. ئیوەن بوونەتەهۆی بەهێزکردنی بەرەی ناحەزانی گەلەکەمان .. ئەوان ئەمەیان بە هەل زانی ، هەموو ناکۆکییەکانی خۆیان بەلاوە ناو و .. بڕیاری یەکڕیزی و یەکدەنگی و یەک لیستەیی خۆیان راگەیان و ، بە ئاشکرا رکەبەرایەتی کورد دەکەن ، لە کەرکوک و لە ناوچە داگیرکراوەکاندا .. بە هەلیشی دەزانن کە درێژە بە بەعەربکردن و بە شیعەکردنی کەرکوک بدەن .. لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە سەد و پەنجا ماڵە عەرەب لە باشوور و لە ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوونەتە کەرکوک و لە تۆماری سەرژمێریی کەرکوکدا تۆمار کراون .. بێجگە لەو عەرەبانەی کە قەرەبووی مادەی سەد وچلیان وەرگرت و ، بە کاتی و فێڵ باریان کرد .. هەموویان گەڕاونەتەوە و ، ناویشیان لە تۆماری دەنگدان هەیە .. لە لایەکی تریشەوە بزووتنەوەی بە شیعەکردنی کەرکوک زۆر بە خێرایی و بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێت و .. هاوکاریی و پشتگیریی حکومەتی عێراقیشیان لە پشتەوەیە .. هەموو ئەمانە بە زیانی کورد لە کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی ترمان شکاونەتەوە و دەشکێنەوە.. ئەم پیلانە گڵاوە بۆ گۆڕینی تۆبۆگرافیای کەرکوک و کەمکردنەوەی رێژەی نەتەوەیی کوردە لەم ناوچە کوردستانییەماندا .. بەداخەوە تا ئەمڕۆش حیزبە کوردستانییەکان و حکومەتی کوردستان و پەڕلەمانی کوردستان ، لە ئاستی ئەم پیلانانەدا بێدەنگن و قوڕ و قەپیان لێکردووە ، ئەگەر جار و بار قسەشیان کردووبێت ، بەڵام بە کردەوە رێگریان لەم سیاسەتەی نەیارانی کورد نەکردووە .
کورد لە کەرکوک و لە ناوچە داگیرکراوەکانی ترماندا ، زۆر بێزار و نیگەرانن .. لە ناکۆکیی نێوان حیزبە کوردستانییەکاندا .. ئەو گەرم و گوڕییەی کە هەیان بوو .. بەرەو ساردبوونەوە و کاڵبوونەوە دەچێت .. پێشبینی ئەوە ناکرێتکە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا کورد زۆرینەی کورسییەکانی پارێزگای کەرکوک بەدەست بهێنێت .
جارێکیان دکتۆر مەحمود عوسمانگوتی : " کەرکوک ( دڵە .. مڵە ) .. ( قودسە .. مودسە )گرنگ ئەوەیە کە کەرکوکمان لە دەست نەچێت .. " . بەڵام گەر ئەمە حاڵی حیزبە کوردییەکان بێت .. نەک هەر کەرکوک ، هەولێر و سلێمانی و دهۆکیش لەدەست دەدەن .. چونکە ئێمە خاوەنی ستراتیژییەتێکی سیاسی و دیبلۆماسییەتێکی یەکگرتووی دارێژراو و تۆکمە نین .. خاوەنی یەک وتاری سیاسی و ، یەک هەڵوێست نین .. فرە کوێخا و فرە ئاغاین .. هەریەکەو بەلای خۆیدا رای دەکێشی .
ئەو دەستەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی دواخست .. هەر لەسەر ویست و داخوازیی ئەو دەستە ،کە ( لیستی کەرکوکی کوردستانی ) هەڵوەشایەوە .. لەو باوەڕەدام کە لە داهاتوودا زۆر شت ئاشکرا دەبێت و ، ئەوەی لە بن بەڕەوەیە دەهێنرێتە سەر بەڕە.
ئەوەی جێی نیگەرانی و شایانی باس و پرسیارە بۆچی سەرۆکی کوردستان ، سەرۆکی حکومەتی کوردستان ، پەڕلەمانی کوردستان ، سەرۆک و سکرتێری حیزبەکان ، جەماوەری کوردمان جگە لە کەرکوک لە سێ شارەکانی تری باشووری کوردستان ، لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی لیستی کەرکوکی کوردستان هیچ هەڵویستێکیان نەنواند ..؟؟
بۆ تا ئەمڕۆش سەرکردەکانی کوردمان نەهاتوونەتە سەر خەت .. ؟؟ بۆ پێش ئەوەی کارلەکار بترازێت لە سەر ئاستی باڵادا حیزبە کوردستانییەکان پێکەوە دانەنیشتن .. تا گرفت و کێشەکانیان ، برایانە چارەسەربکەن و ، نەهێڵن لیستی کەرکوکی کوردستانی هەڵبوەشێتەوە .. ؟؟ بۆ پێشتر و ئیستاش، بوونەتە پاڵەوانی شاشەی تەلەفزیۆنەکان ...؟! کە چی لە مەڕ ئەم کێشەیەی کەرکوکدا بێدەنگ بوون و .. ؟ هەر وەکو شتێکی گرنگ نەبێت بە لایانەوە .. بۆ کەرکوکتان پشتگوێ خستووە ، بۆسەر بەم شارارەدا ناکەن .. ؟؟ ئەم هەڵویستانەتان دەتان خاتە بەردەم کۆمەڵێک پرسیار و ، گومان لە دڵسۆزیتان بۆ کەرکوک .. چونکە بەرژەوەندیی حیزبیتان خستۆتە سەرووی بەرژەوەندیی نەتەوەکەمانەوە .. ئێوە تا ئەمڕۆش لە کەرکوکدا حیزبایەتی دەکەن ، نەک کوردایەتی .. ئەگەر وانییە بۆ تەمەنی رێکەوتنەکەتان تەنها چەند کاتژمێرێک بوو ..؟؟
هەموو کوردێک ئەوە دەزانێت کە ، ناکۆکی و رێنکەوتنی نێوان ئێوەی پارتی و یەکێتی ، لەسەر پایە ودەسەڵات و کورسییە ..ئێوە گەورەترین زیانتان بە خەڵکی کەرکوک گەیاندووە .. تەنانەت بەشێکی زۆری ئەندامان و لایەنگرانگرەکانی خۆشتانلێتان رازی نین و ، لەگەڵ ململانێ و هەڵوێستی نادروستیتان نین .. رووی ئەوەیان نییە لەبەردەم خەڵکیدا چاو هەڵبێنن و ، دەم بکەنەوە .
ململانێی ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە .. ئەنجامێکی باشی نابێت و ، هەردووکیانيش تووشی زیان و لە دەستانی بڕوا و متمانەیگەلی کوردمان دەبن.. وەکو بەسەرهاتی ئەم دوو رێوییەیان بەسەردێت : چیرۆکی ( دوو رێوی و سەلکێ پەنیر ) :
( دوو رێوی ، سەلکێک پەنیریان دەست دەکەوێت .. لەسەر بەشی زۆر و بەشی کەم ، رێناکەون .. مەیموونێک بانگ دەکەن ، کە سەلکە پەنیرەکەیان لێ دابەش بکات .. مەیموونکە تەرازوویەکی هێنا .. سەلکە پەنیرەکەی کردبە دوو کەرتەوە .. کەرتێکی زۆر و کەرتێکی کەم .. مەیموونەکە بۆ یەکسان کردنەوەی هەردوو کەرتەکە .. قەپێکی گەورە لە کەرتە گەورەکە گرت .. ئینجا ئەم کەرتەیان کێشی سووک بوو .. قەپێکی گەورەتری لە کەرتەکەی تری گرت .. ئەمجارە ئەمەیان سووک بوو .. بەم جۆرەقەپێ لەم کەرت و قەپێک لەو کەرت .. مەیموونەکە بە تەواوی سەلکە پەنیرەکەی خوارد .. ئینجا رووی لە رێوییەکان کرد و پێی گوتن: " دڵنیام بەم بەشکردنەی من رازین ..؟")تەنهاش سەرشۆڕی و شەرمەزاری بۆ رێوییەکە مایەوە .
پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی تری باشووری کوردستان ، پێش ئەوەی شەرمەزاری گەلەکەمان بن ، پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە .. چارەنووسی گەلەکەمان و خۆشیان لەبەرچاو بگرن .. کورد وتەنی ئێیەکی تیا ماوە .. زیان لە نیوەشی بگەڕێتەوە .. هەر باشە .. ئەگینا ئێوە بەرپرسی سەرەکی دەبن .. لە ئەنجامێکی نەخوازراوی داهاتوودا .. مێژووش و نەوەی داهاتووش لێتان نابوورێت .
دەتوانن بە زوترین کات ، لەسەر ئاستیێکی سەرکردایەتیی باڵادا ، پێکەوە دابنیشن ، شەرم مەکەن و دان بە هەڵەکانتاندا بنێن و .. داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان ، بە تایبەتیش لە خەڵکی کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانمانی ترمانبکەن .. چیتر بەرژەوەندی و چارەنووسی گەلەکەمان مەخەنە مەترسیییەوە و ، مەیانکەن بە قوربانی پەرژەوندی و ململانێی بێ مانای حیزبایەتیتان .
بەسە ناکۆکی و دووبەرەکی و ، دوو ئیدارەیی و دوو هێزی .. بەسە یەکتری سووک کردن و شەڕە قسە و تانە و توانج .. بەسە پاشەقولدانی یەکتری .. بەسە یاری کردن بە چارەنووسی گەلەکەمان .. بەسە کەوتنە داوی ناحەزانی گەلەکەمان .. بەسە .. بەسە ..
2/1/2014