فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 سەلاحەدین چەلیكsalahadin chalik 

ماوەیەكە دەزگاكانی میدیا و سیاسەتمەداران لە سەنگەری كیشوەری‌ دوورەوە، بەهەموو هێزێكەوە بەردەوامی بە شەڕی ناوبراو دەدەن. بەهۆی‌ ئایەتی كتێبی پیرۆز و گوتەی پیاوچاكان نەفرەت لە یەكتری دەكەن، هەڕەشەكانیان لە ئاسمانەوە دەبارێن و یەكتری پارچە پارچە دەكەن. بەڵام دیارە ئەوە بەس نییە و بەڕێز ئەردۆغان سوێندی خواردووە كە پشتی گولەن لە زەوی بدات.

بزووتنەوەی گولەن چییە؟

پێیاندەگوترێ "بزووتنەوەی خزمەتكاری" یان بە كورتی "جەماعەت". فەتحوڵڵا گولەن، سەرۆكی بزووتنەوەكە ساڵانێكە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەژیت. بێگومان دەتوانێ بگەڕێتەوە توركیا. بەڵام پێدەچێت مانەوەی لەوێ باشتر دەبینێت! ئایدیۆلۆژیای بزووتنەوەكە ئیسلامییە و سیمبولیش سەعیدی كوردییە. بەڵام ئەویان لە كوردایەتی پاككردووەتەوە‌ و پێیدەڵێن "سەعیدی نوورسی". بزووتنەوەكە لە بیری خۆیدا توركپەرستە. قوتابخانەی توركی لە وڵاتانی هەژاری‌ سەرتاسەری جیهان دەكاتەوە. كوڕ و كچی هەژار هەڵدەبژێرن و دەخەنە خزمەت بەرژەوەندی بزووتنەوەكەوە‌. ئەو بزووتنەوەیە كە وەكو ئەختەبووتە لە دەزگاكانی پەروەردە و بازرگانی پێكدێت و لە خزمەتی كاری سیخوڕی و پەیوەندی سیاسیدایە.

پاشەڕۆژێكی سەرنجڕاكێش

گولەن چۆن توانی بزووتنەوەیەكی ئەوەندە فراوان و كاریگەر دامەزرێنێت؟ ئەم پرسە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی شەڕی ساردی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و یەكێتی سۆڤیەت 1946-1989. ئێمە دەبینین كە گولەن لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵەی تێكۆشینی دژی كۆمۆنیزمە لە ئەرزەرۆم كە جەمال گویرسەل، جەنەڕاڵی كودەتای سەربازیی ساڵی 1960، سەرۆكی فەخریی ئەو كۆمەڵەیە بوو. كۆمەڵەی رۆشنبیران، سەنتەری تورك- ئیسلام و زۆر رێكخراوی دیكە بەرهەمی كۆمەڵەی ناوبراو بوون كە هەمووشیان تورك، نەژادپەرست‌ و ئەندامانی رێكخراوی OHD )دەزگای شەڕی تایبەت) بوون. دیارە گولەن لەبواری پەیوەندی "گرنگ و پێویست"دا هیچ كێشەیەكی نەبوو. خۆی لەگەڵ سەردەمەكە دەگونجاند و ئەوەندە توندڕەو نەبوو.
لەڕووی سیاسیشەوە هەنگاوی پراگماتیكی دەهاوێشت. بە هەڵوێستێكی خۆشبینەوە خۆی نزیكی ئاین، رۆشنبیری و نەژادی دیكە دەكرد. بزووتنەوەكە تۆڕێكی وایان دروستكردبوو كە پێیاندەگوت "سوپای مەلاكان" یاخود "سوپای سێبەر".

قاچەكانی بزووتنەوەكە

بزووتنەوەكە لە توركیا "خانەی خوێندن"، "قوتابخانەی تایبەت"، "شوێنی فێركردن" و "شوێنی حەوانەوەی خوێنكاران"ی دامەزراند. گەنجیان لە تەمەنی منداڵییەوە دەهێنانە‌ نێو بزووتنەوەكە. هەنگاو بە هەنگاو كەسایەتییان دروستدەكرد و دەیانكردنە سەركردەی بزووتنەوەكە و دەوڵەت. سیاسەتمەدارانی ‌سەر بە رێبازی نەجمەددین ئەربەكان دەیانگوت گولەن، تەیب ئەردۆغان و عەبدوڵڵا گویل-یان بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئاشنا كرد و رێگا بۆ دەسەڵاتی AKP كرایەوە.

شرۆڤەكارانی رووداوەكان دەبینن كە لەوكاتەی AKP هاتە سەر دەسەڵات لە 2003، ئەوان لە دەوڵەتدا لە بەرامبەر بیرۆكراسیەتی رێبازی كەمالیست بێ هێزبوون، بۆیە رێگایان بۆ كادیری بزووتنەوەی گولەن كردەوە. هەروەها هاوپەیمانی دامەزرا و هەنگاو بە هەنگاو هەموو دەزگاكانی دەوڵەت دەكەوتنە ژێر دەستیان. 

بزووتنەوەكە باڵەكانی بەشێوەیەكی شاراوە و لەنێو حوجرەكاندا بڵاودەكردنەوە، بەتایبەتیش لەنێو دامودەزگای ئەمنی، دادوەری و سیخوڕیدا. دادوەر، پارێزەر، بەڕێوەبەری پۆلیس، پارێزگار و تەنانەت پارلەمانتار و وەزیریش لەلایەن بەڕێوەبەرانی بزووتنەوەكەوە دەستنیشان دەكران. هەروەها كاریگەرییان هەبوو لەسەر رووداوەكانی كێشەی كوردی.

بۆچی ئێستا شمشێر دەردەهێنرێت؟

هەندێك دەڵێن شەڕەكە بەرهەمی چاوبرسێتی ئەردۆغانە. ئەردۆغان هەموو شتێكی بەدەستهێناوە، بۆیە هاوبەشی ناوێت و تەنیا بەدوای خەڵكی ملكەچدا دەگەڕێت. خاوەنی ئەم شرۆڤانە پێیانوایە ئەردۆغان بێوەفایە بەرامبەر بزووتنەوەی گولەن كە ئەوی گەیاندە دەسەڵات. هەروەها لە تاكڕەوی و ئەنانیەتی ئەردۆغانیش دەترسن. ئەوانەی كە پێیانوایە شەڕ ركابەرییە و شتێكی سروشتییە زۆرن. ئەردۆغان بەسەر كەمالیستەكاندا زاڵ بوو، ئینجا نۆرەی هاوبەشەكان بوو. بەپێی میدیای ئەرگەنەكۆن، ئەردۆغان لەمێژە بڕیاری لەسێدارەدانی بزووتنەوەكەی دابوو. دەزگای (میتی)ی هاندابوو بۆ ئامادەكردنی لێكۆڵینەوەیەك كە ئەم زانیارییانەی تێدا هاتبوون "بزووتنەوەكە ساڵانە بە بەهای 7 ملیار دۆلار كاری بازرگانی دەكات. 700 كۆمپانیای پشتیوانی هەیە. (میت) چاودێریی 4800 كەسی سەر بەو بزووتنەوەیە دەكات كە لە سیاسەتمەدار، كارساز، نەژادپەرست، ئایندار، ئەفسەری سوپا، كارمەندی ئەمنی و دەزگای میت پێكدەهاتن". (ئایدینلیك 30ی تشرینی دووەمی 2013.

گومان لەوە دەكرێت كە هەوڵدان بۆ تۆماركردنی سكاڵا لەدژی هاكان فیدان، راوێژكاری دەزگای میت ئەم ناكۆكییەی لێكەوتبێتەوە. بەپێی سیناریۆیەكی دیكە: لە ناوخۆ و دەرەوەی توركیا زۆر هێز و كۆمەڵە هەبوون هەوڵیان دەدا خۆیان لە ئەردۆغان رزگار بكەن. هەروەها هەندێك لایەن هەبوون كە دەیانویست ئەردۆغان لە AKP دووربخرێتەوە، پێدەچێت ئەردۆغان ئاگای لەو هەوڵانەی گولەن هەبووبێت.

هەرچۆنێك بێت، شەڕەكە ئاسایی نییە و ئەگەری ئەوە هەیە قووڵتر و فراوانتر ببێت. هێز و دەسەڵات بەجۆرێكە كە هەندێ كەس هەرگیز لێی تێرنابن. هاوپەیمانی هەتا هەتایی لە دەسەڵاتدا نییە. شەڕی دووپشكەكان لەژێر ئارامی و خۆشگوزەرانیدا هەیە، هەر لایەنێك گومان لە بەرامبەرەكەی دەكات و لە یەكتری دەترسن، بەدوای پارووی گەورەوەن و لە دەرفەتێك دەگەڕێن بۆ لێدانی ئەوی دیكە.

ئێمەی كورد لە ‌كوێی ئەم شەڕەداین؟

ئێمە بزووتنەوەی گولەن بەهۆی دۆسیەكانی KCK و هەندێ رووداوی دیكە دەناسین. بۆچوونێك هەیە كە ئەم گرووپە لەپشت دەستگیركردنی ئەندامانی KCKەوە بێت. بزووتنەوەكە بەهۆی قوتابخانە، خێوەتگای قوتابیان و ‌تەلەڤزیۆنەوە پەرە بە تواناكانی دەكات لە باكووری كوردستان. ئەگەرچی بزووتنەوەكە هەندێ هەنگاویشی نابێت لەبارەی زمانی كوردی. بەڵام دەرئەنجامی كارەكانی زۆر مەترسیدارن. هەر ئەمەشە كە هەندێك جار دامودەزگای ئەم بزووتنەوەیە رووبەڕووی هێرشی گەنجانی كورد دەبنەوە. كاریگەری بزووتنەوەكە لە باشووری كوردستان بەرچاوترە. لە ‌قوتابخانە و ئەكادیمەییەكانەوە تاوەكو دەزگاكانی راگەیاندن و بازرگانی، لەسەر مەسەلەی زمانی توركی‌ ئەوەندە خەڵكی هانداوە هەر ئەوە ‌ماوە ببێتە زمانێكی فەرمی... هۆشداری دەدەمە بەرپرسانی باشوور! لە شیكردنەوەكان‌ ئاشكرا دەبێت كە نە لە ‌باكوور و نە ‌لە باشوور هیچ هەوڵێك نییە بۆ لێكوڵینەوە لەو بوارەدا. زۆر گەڕام، بەڵام هیچ شرۆڤەیەكی تەواوم لەنێو كورددا دەستنەكەوت. ئێمە وەكو كەڕولاڵ سەیری رووداوەكە دەكەین. هەروەك بڵێی پەیوەندی بەئێمەوە نییە.

راستە هەردوو لایەنی شەڕەكە دوو پارتی سەر بە هەمان سیستەمن. رەخنە و هەوڵەكانم بۆ پشتگیریكردنی یەك لایەن نییە. بەپێچەوانەوە چاوەڕێی ئەوەیە كە شەڕ ببێتە هۆی ئاشكراكردنی زۆر نهێنیی ناپاك. هەروەها ئۆمێدەوارین رووداوەكە ببێتە هۆی وشیاری كە لەنێوماندا لێكوڵینەوە لەسەر رووداوەكە ئەنجام بدرێن. ئەوكاتە دەبینین كە یارییەكی چەندە ناشیرین بەناوی خێرخوازی و نرخە پیرۆزەكانەوە دەكرێت و چۆن دەبینە بەرهەمی توانەوە، كۆیلەی كەلتوور و نۆكەری بەرژەوەندییەكانی دەسەڵاتی تورك 

rudaw

21/12/2013

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان