ئاریتما موحەممەدی
ڕۆژی 26ی سەرماوەزی ساڵی 2645ی کوردی ئاڵای کوردستان لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستانەوە هەڵکرا، لەو ڕۆژەدا خەڵکی چاو نەترسی شاری مەهاباد، شارەوانی ئەو شارە کە بنکەی سەرکوت و تاوان بوو، دەستیان بەسەردا گرت و ئالای کوردستان،یان بەسەر ئەو بنکە دەستبەسەر گیراوەدا هەڵکرد. ئەمڕۆ 26ی سەرماوەز ڕۆژی فەرمی ئاڵای کوردستانە لە هەرێمی باشووری کوردستان و هاوکات ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانیشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەو مەبەستەش لەلایەن خۆمەوە پڕ بەدڵ پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مەزنە لە هەموو گەلی کورد، بەتاییبەتی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەم!. ئاڵا ڕەمزێکی مەزن و بنەڕەتی هەر نەتەوە و خەڵک و کۆمەڵگایەکە، نەتەوەی کوردیش وەک نەتەوەکانی دیکە ئەو مافەی هەیە کە ئاڵای تاییبەت بەخۆی هەبێت، و لە بۆنە تاییبەتییەکانیدا وەک هێمای نەتەوەیی و هەرمانی کورد کەڵکی لێوەر بگرێت، ئاڵا لەلایەن حوکوومەت، دەسەڵاتی وڵاتەوە یان خود لەلایەن پارت و ڕێکخراوگەلێکی تاییبەتەوە وەک هێما و ڕەمزی نەتەوەیی دیاری دەکرێ و پێناسەی دەکەن و هەڵ دەکرێت. تا ئەوەندەی کە من ئاگادار بم تاکوو ئیستا لە هیچ قوژبنێکی جیهان ئاڵا لەلایەن گەلەوە دەنگی پێنەدراوە و دیاری نەکراوە، بەڵکوو لەلایەن لیژنەی تاییبەتەوە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن پارلەمانی وڵاتەوە سەرپەڕەشتی کراوە، بۆ پێشنیار کردنی چەند ڕەمز و ئاڵا، دواتر پارلەمانی وڵات دەنگی لەسەر داوە و زۆر جاریش پێش ئەوە کە ئاڵا لەلایەن پارلەمانەوە دیاری بکرێ و لیژنەی تاییبەتی بۆ ڕێکبخرێ، وەک هێما و سیمبوولی نەتەوەیی لەناو گەلدا جێکەوتووە، ئاڵای چوار ڕەنگی کوردستان، سوور، سپی، زەرد و سەوز لەو ئاڵانەیە کە پێش درووست بوونی حوکوومەت و پارلەمانی کوردستان، بەپێی دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتی کوردستان و بەپێی ئەو بارودۆخە کە شۆڕشەکانی کورد و ڕاپەڕیینەکانی ئەم نەتەوەیە تێپەڕیان کردووە، پێک هاتووە و وەک هێمای مەزنی کوردستان گەشاوەتەوە، هاوکات دووژمنانی کوردستان ئەو ئاڵایە بە ڕەمزی نەتەوە کورد پێناسە دەکەن و وەک هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسیی و لەت لەت بوونی وڵاتەکەیان پێناسەیان کردووە. وڵاتێک کە لە داگیر کردنی خاکی نەتەوەی کورد پێکهاتووە.
مێژووی ئاڵا؛
مێژووی درووست بوونی ئاڵا بۆ دەیان هەزار ساڵ پێش ئیستا دەگەڕێتەوە و کاتێک کە مڕۆڤە سەرەتاییەکان بۆ ناساندی دۆست و دووژمنی خۆیان لە پێستی حەویوان کەڵکیان وەر گرتووە و وەک ڕەمز و ڕەنگ و هێمای خۆیان پێناسەیان کردووە. لە مێژووی میسر،ی کۆندا هاتووە کە ئەوان لە دارێکی درێژ کە پەیکەرێکی ئاسنینی بەسەرەوە بەسترابووە، وەک هێما و ڕەمزی نەتەوەیی خۆیان کەڵکیان لێوەر گرتووە و پێناسەیان کردووە. بەڵام ئەگەر باس لە مێژووی ئاڵا لە پەڕۆ یان پارچە بکەین، ئەوا دەبێ بڵەیین کە چینی،یەکان و هیندی،یەکان یەکەمین خەڵک بوونە کە ئاڵایان لە پەڕۆ و پارچە ساز کردووە. لە یەکێ لە سەرچاوە مێژووییەکاندا هاتووە کە 1100-1200 ساڵ پێش لەدایک بوونی مەسیح، چینی،یەکان لە ئاڵای پەڕۆ و پارچە کەڵکیان وەر گرتووە. دواتر یوونان،ییەکان و ڕوومییەکان ئاڵای پەڕۆ و پارچەیان بەکار بردووە، بەتاییبەت لە کاتی ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتیدا وەک هێمای سەرکەوتن بەکاریان هێناوە.
مێژووی ئاڵا لە کوردستان؛
ئەگەر باس لە مێژووی ئاڵا لە کوردستان و زاگرۆس بکەین، ئەوا بوونی ئاڵا بۆ هەزاران ساڵ پێش ئیستا دەگەڕێتەوە، ئاگر وەک ڕەمزی سەرکەوتن و خۆشی و شادی لە کوردستان کەڵکی لێوەر گیراوە، بۆ نمونە لە جێژنی ماد،ەکان و سوومێری،یەکان ئاگر ڕەمزی سەرکەوتن و خۆشی و شادی بووە. هەروەها لەکاتی ڕوودانی ڕووداوێکی ناخۆش یا خود لە بەرامبەر هێڕشی دەرەکی بۆ ئاگادار کردنەوەی هەموو سپا و حوکوومەت و ناردنی پەیام بۆ ناوچەکانی دیکە لە کردنەوەی ئاگر کەڵکیان وەرگرتووە. دواتر ئاگر و خۆر وەک هێما و سیمبوولی نەتەوەیی مادەکان و زەڕدەشتییەکان جێکەوتووە و هەردەم لە بۆنە ئایینی و تاییبەتییەکانیاندا وەک بەشێکی گرینگ و پڕ باییخی کولتووریان پێناسە کراوە. ئەو بەشە لە کولتووری ماد،ەکان لە پاش تێپەڕبوونی سەدان قۆناغی گرینگ و پڕ باییخ لە جیهان و ناوچەکە، ئیستاش لە کوردستان ماوە و لە جێژنی نەورۆز لە ئاگر وەک ڕەمزی نەتەوەیی و مێژوویی کەڵک وەردەگرن و هەمیشە لە بۆنە خۆشی و شادییەکان بەشێکی دیاری ئەو ڕێوڕەسمانەی پێکهێناوە. مێژووی ئاڵا لە ئەورووپا زۆر دوورودرێژ نییە، کۆنترین ئاڵا لە ئەورووپا ئاڵای وڵاتی دانمارک بووە کە مێژووەکەی بۆ 794 ساڵ پێش ئیستا دەگەڕێتەوە. ئەو ئاڵایە پارچەیەکی سوور بووە کە هێمای لە خاچدانی مەسیحی لەسەر بووە.
گرینگی و باییخی ئاڵا؛
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان هەر بنەماڵەیەکی دەولەمەند یا ئاغا و فیۆدال، یان خود هەر کاروانێکی بازرگانی ئاڵای تاییبەت بەخۆی هەبووە و هەمیشە لە کاتی سەفەر بۆ ناسینەوەی ئەو کاروانە کە هی چی وڵات و ناوچەیەکە و لە کوێوە هاتووە، ئاڵایان بەکار هێناوە و کەڵکیان لە ئاڵا وەر گرتووە. ئەوەش بەو مانایە دێت کە ئاڵا ڕەمزی هەرمانی هەر نەتەوە و وڵاتێکە، بوونی ئاڵا پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە و بۆ ئەوە کە نەتەوەیەک کیانێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێت، دەبێت پێش ڕاگەیاندنی ئەو کیانە سەربەخۆیە ئاڵا و سروودی نەتەوەیی هەبێت، یان خود کارئاسانی کردبێت بۆ یەکخستنی گوتاری هاوبەش بەمەبەستی وەگەڕ خستن و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی، ئەو قۆناغانەی بڕیبێت و کۆمەڵێک ڕێکاری نوێی خستبێتە گەڕ بۆ ئەوە کە هەستی نەتەوەیی و هێمای گەل بەئارەستەیەکی دیاری کراوی هاوبەش ببات و هەنگاوی پێ بنێت.
ئاڵا کۆمەڵێک ڕەنگوبۆی تاییبەت بە وڵات و کۆمەڵگا جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت و پێک دێنێت کە بەپێی سرووشتی ئەو ناوچە و دابونەریتی ئەو کۆمەڵاگانە لە ڕەمز و سیمبوولیان ڕەنگ دەداتەوە و هاوکات واتای جیاوازی هەیە، بەپێی سەرچاوە مێژوویەکان ئاڵا یان خود ڕەمزی چەنگیز خانی مەغوول لە کلکی 9 ئەسپ پێکهاتبووە، لەبەر ئەوە کە سەرکردەیەکی مەزن بووە و هەمیشە لە شەڕدا ئەسپی بەکار هێناوە، هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە لە کلکی ئەسپ ڕەمزی وەر گرتووە، ئەسپیش لەو سەردەمەدا تاکە کەرەستەی گرینگی شەڕەکان و هەروەها خێرایی بووە، هەر وڵات و هۆزێک ئەسپی باشی هەبوایە ئەوا سەرکەوتنی مەزنی بەدەست دەهێنا.
ڕەنگەکان بەواتای مانای جیاوازن؛
ئاڵای وڵاتانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆمەڵێک ڕەنگوبۆ کە تا ئاستێک لەیەک نزیکن، پێک دێت، بەڵام لە واتا و مانادا زۆر لەیەک جیاوازن، بۆ نموونە ڕەنگی سەوز لە وڵاتە ئیسلامییەکان بەواتای موسووڵمان – ئیسلام بوونی ئەو وڵاتەیە، بەڵام ڕەنگی سەوز لە ئاڵای کوردستان بەواتای سەرسەوزی، سرووشتی جوان و دارستان و دەوڵەمەندبوونی خاک و ئاوی کوردستانە، ڕەنگی سوور لە ئاڵای کوردستان بەواتای خەبات و تێکۆشان لە پێناو سەربەخۆیی و ڕزگاری نەتەوەیی کورد لەژێر دەستی و خوێنبازی و لەخۆ بردووییە، ڕەنگی سپی بەواتای ئاشتی و ئارامی و هەوڵدان بۆ ژیانێکی بەختەوەر و کامەرانیی و بەرابەرییە، ڕەنگی زەردیش بەواتای مانەوەی شارستانییەت و تەمەدوونی بەردەوام لە کوردستان و گرینگ بوونی خۆر بۆ خاکی کوردستانە، چونکوو وڵاتێکە کە بۆ کشتوکاڵ گونجاو و لەبارە، هەروەها خۆر لە ئایینی کۆنی کوردان بە هێمایەکی پاک و پیرۆز پێناسە کراوە و هەمیشە جێگای باییخ و ڕێزی مادەکان و باوباپیرانی ڕابردوومان بووە.
هۆکاری گۆڕانکاری لە ئاڵا؛
ئاڵای بەشێک لە وڵاتان بەپێی بارودۆخ و پێشکەوتنی شێوەی ژیان و ڕۆخان و هاتنە سەرکاری حوکوومەت و سیستم و دەسەڵاتی نوێ، ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و ڕەمز و هێماکانیش بەپێی هەمان بارودۆخ گۆڕانکاری تێدا کراوە، بۆ نموونە ئاڵای کۆماری کوردستان کە ئاڵای فەرمی کۆمار بووە لەگەڵ ئاڵای ئیستای کوردستان جیاوازە، ئاڵای کۆمار لەهەمان چوار ڕەنگی ئیستا ئاڵای کوردستان پێکهاتبوو، بەڵام چەند هێمای جیاوازی لەخۆ گرتبوو، ئەو ئاڵوگۆڕەش بەواتای پێکهاتنی گۆڕانکارییە لە کۆمەڵگای کوردستان.
17/12/2013