سوورکێو زەکی
ئەم کورتە بۆچوونەی خۆم لەم پرسیارەوە دەست پێدەکەم کە، بەڕای ئێوە ئەگەر کەسێک مەلە نەزانێ و خۆ بە گۆم یان بەحرێکی قووڵ دا بدا، ئاکامەکەی بۆ تاکەکە و بنەماڵە و دۆستانی ئەوکەسە چی دەبێت؟ بێگومان وەڵامەکەی ئاشکرایە: کارەسات بۆ تاکەکە و بۆ کەسوکارەکەی، واتە خنکانی ئەو کەسە لەلایەک و تێکچوونی باری دەروونی و عاتیفی (زۆر کاتیش باری ئابووریی) ئەو بنەماڵە و دۆستانەی کە پێوەستن یان نزیکن لەو کەسەوە.
بەڵام ئەگەر ئەم مەلە نەزانیینە لە بووارێکترەوە و لە چووارچێوەیەکی فراوانتر دا بێت، بۆ وێنە لە یەکێک لە بووارەکانی فەرهەنگی، ئەدەبی و ڕۆشنبیری، سیاسی، ئابووری و هتد دا بێت، ئەوکات ئاکامەکەی بۆ تاکی کورد و بۆ کۆمەڵگەکەی چ دەبێت؟
پێشەکی پێویستە ئەمە ڕوون بکەمەوە کە مەبەست لە مەلە نەزانیین لێرەدا، پسپۆڕ نەبوون و بێ ئەزموونی و تەنانەت زۆر جار ئاشنا نەبوونی بەشێکی زۆری تاکی کوردلەگەڵ هەر شتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی، نووسەریی و ڕۆژنامەوانی، ئابووری، تەکنیکی و هتدەوە،بەبێ مەلەوانبوون لەم بووارەوە، واتە بێ زانست و ئەزموون، بێ خۆماندووکردن و بەدواداچوون و هەوڵی فێربوونی زانستیی شتەکە، بەڵام بەبێ دوودڵی، عەرەب گوتەنی تەوەککەلتوعەلەڵڵا، خۆی پێدا دەدا، جا چی لێ پەیدا دەبێ و ئاکامەکەی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی و بۆ خەڵکیان ئەو ڕەوتە کۆمەڵایەتییە، سیاسییە، یان فەرهەنگییەی کاری لەسەر دەکات چی دەبێت، هیچ بەلایەوە گرینگ نییە!(تێبینی: ئامانج لێرەدا ئەوە نییە کە هیچ کەسێکی پسپۆر لەم بووارنەوە بوونی نییە، بەڵکو ئامانج زاڵبوونی ڕەوتێک یان هزرێکی هەڵەیە کە بە گشتیی باڵی بەسەر زۆرینەی تاک و کۆمەڵگەی کوردی دا کێشاوە.)
ئاشکرایە هەموومان دەزانیین کە ئێمە لە سەردەمی سات بە ساتی گەشە و پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆژیدا دەژیین و کار و ئەرکەکانی تاکی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، ڕۆژ بەڕۆژ بەرەوە بەپسپۆڕییبوون، واتە بە تەخەسسوسیبوون دەچن و هاوکاتئەوڕۆ کار لە هەر بووارێکەوە پێویستیی بە هەردووک لایەنی خوێندەواری زانستی و ئەزموونی کردەوەیی (پراکتیکی) هەیە. بەڵام ئایا بەڕاستی ئەو شێوازە کارکردنە و بەرەوپێشچوونە تا چ ڕادەیەک کۆمەڵگەی ئێمەی بە گشتیی و تاکی کوردی بەتایبەتیی گرتۆتەوە؟
بۆ وێنە ئایا چەند لەسەدی ئەو تاکانەی کاری ئەدەبی و فەرهەنگی دەکەن، بەر لە خۆ دەرخستن، خۆیان ماندوو کردوە تا لە بووارێکی تایبەتەوە کار بکەن یان لێکۆڵینەوە بکەن و بنووسن؟ئایا ئەم تاکانە لە کام یەک لە بووارەکانی زمان، ئەدەبیات، ڕۆشنبیریی، چیرۆک، هەڵبەست، بابەتی زانستی، مێژوویی و هتدەوەخۆیان پێگەیاندوە و هاتوون بە هەردووک لایەنی زانست و ئەزموونەوە، بە لەبەرجاوگرتنی مێتۆد و پرنسییپەکانی ئەم بووارەوە،خزمەتی نەتەوەکەیان بکەن؟
لە بوواری سیاسییەوە، ئایاچەند کەس لەوانەی بە کردەوە لە مەیدانی حیزبایەتیی و خەباتی سیاسییدان، پسپۆڕی ئەم بووارەن یان بە واتایەکیترخاوەنی زانست و ئەزموونی سیاسیین؟
لە بوواری ڕاگەیەندنەوە،ئایا چەند لەسەدی ڕۆژنامەوانان و کەسانی بوواری ڕاگەیاندنی ئەوڕۆی کاناڵ و ڕۆژنامە و سایتە کوردییەکان، زانست و ئەزموونی ئەم بووارەیان هەیە و خاوەنی کۆمەڵە کاراکتەرێکی بەرزی زمان، چۆنییەتی دەربڕیین، ڕۆشنبیریی مێژوویی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، یاسایی و ڕێسایی پێویستی ئەم بووارەن و هاوکات لەگەڵ پرنسیپ و ئەخلاقی زانستیی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە ئاشنان و کارێکی پیشەیی ڕێک و پێک و بێلایەن نیشانی گەلەکەیان و گەلانی تریش دەدەن؟
لەبابەت پشێوی لە هونەری کوردی دا، لە زمانی هونەرمەندانی باش و بەئەزموونەوە دەبیستین کە هونەری کوردیی لەم بووارەوە لە چ حاڵێکدایە و چۆنە.
بەڵام!
ئاخۆ ئەم بێ ئەزموونیی و پسپۆڕنەبوونییە لەم بووارانەوە و لە هەموو بووارەکانیتریشەوە، چەند لەسەدی کۆمەڵگەی ئێمەی گرتۆتەوە و چی بەدواوەبووە و ئاکامەکەی لە داهاتوودا چ دەبێت؟تۆ بڵێی ئەم جورئەتە نابەجێیەی تاکی کورد لە کوێوە سەریگرتبێتکە بەبێ زانست لە بووارێکەوە و بەبێ خۆ ئامادەکردن و ئەزموون و بیری کاری پیشەیی،خۆی بە پسپۆڕی هەموو کارێک دەزانێت؟ ئەی بۆچی لە ڕۆژئاواداتەنانەت خەڵک جورئەت ناکەن داوای کارێک بکەن کە زانست و ئەزموونەکەیان نییە؟
باشە ئەگەر هەرکام لە ئێمە پرسیارمان لێ بکرێت کە، ڕامان چییە لەسەر:
ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پزیشک نیین و لێت دەبن بە پزیشک و ڕا لەسەر هەموو جۆرە نەخۆشییەکیفیزیکی و دەروونی دەردەبڕن؟، یان زۆر کەس هەر بەکردەوە دەبن بە دوکتۆر و شکەستەبەند! جا بۆئەمەی دووییانزانست هەر وەلا بنێن،کە هەندێ تاک تەنانەت بەبێ ئەوەیکە فێر ببن ناوی خۆشیان بنووسن ئەم کارە دەکەن!
ئەو کەسانەی نازانن ئۆتۆمبیل (واتە ماشێن) لێخوڕیین چۆنە و یاساکانی چیین، بەڵام تەنانەت بەبێ ئیزنی یاسایی ئەم کارە، تەختەگاز دەچنە ناو شەقام و کۆڵانەکان و زۆر جار گەورە و بچووک دخەنە ژێرەوە!؟
ئەو کەسانەی هەرلەخۆوە لێت دەبن بە شاعیر و ئەدیب و نووسەر و هونەرمەند و مێژووزان و لێکۆڵەر، بەبێ ئەوەی هیچ شتێک لە مێتۆدەکانی ئەدەبیات و شێعر و نووسینی مێژوو و لێکۆڵینەوە بزانن!؟
ئەو کەسانەی نازانن حیزب و سیاسەت چییە و تەنانەت زۆریان خوێندنی سەرەتاییشیان بە فەرمی تەواو نەکردووە، کەچی دەبنە سیاسەتمەدار، لە ڕاگەیەندنەکان هەڵسەنگاندن و باسی سیاسی دەکەن، داوای ڕێبەرایەتیی حیزب و کۆمەڵگە دەکەن و تەنیا شتێکیش کە بە زەینیان دا نایە ئەوەیە کە پێویستە لانیکەم ئەلف و بێی سیاسەت، دێموکراسی و فرەچەشنی فێر بن و لەوە زیاتر گەل و وڵاتە داگیرکراوەکەیانوەپاش نەخەن! هەر ئەوکەسانەی هیچ شتێکیان لە زانستە مرۆڤایەتیی و کۆمەڵایەتییەکان نەخوێندووە، کەچی دەبن بە ئایدۆلۆگی چیینەکانی کۆمەڵگە و بە خوێندنەوەی کتێبێک یان لە پاش بیستنی چەند باسێک و لەبەر کردنی چەند وشەیەک، بۆت دەبن بە کارناسی هەموو بووارێک و بەناوی بەربەرەکانی لەگەڵ نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، زۆر ناکارناسانە چیینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لێک تیژ دەکەن؟
ئەو کەسانەی جیاوازیی ڕەخنە و دوژمنایەتیی نازانن و هەر بۆچوونێکی جیاواز بە دوژمنایەتیی لێک دەدەنەوە و ئەگەر فرسەت و دەسەڵاتییان هەبێت، لەسەر بیروبۆچوونی جیاواز خەڵک ڕاوەدوو دەنێن، حوکمی یاسایی بە ئاسایی دەدەن، بەبێ ئەوەی هیچ لە یاسا بزانن یان هەر بەفەرمیی بناسن؟!هەر ئەو کەسانەی زۆر جار لە مافی تاک و بەرپرسیارەتیی گشتیی تێناگەن و بەبێ ئەوەیکە کاریگەریی نەرێنیی وتەکانییان لەسەر بەشێک لە خەڵک بزانن، دەبن بە بڵقاسمی ڕۆژگار و ڕێگەی سنووردارکردنی ڕا و بۆچوون و چۆنییەتی ژیان و بیرکردنەوەی خەڵک بەخۆیان دەدەن؟
ئەو کەسانەی ئێستا جیاوازیی ڕاگەیاندنی بێلایەن و مێتۆدەکانی ئەم کارە بە مەبەستی زانیارییپێدان لەگەڵ ڕا و بۆچوونی شەخسیی نازانن، کەچی لێت دەبن بە ڕۆژنامەنووس و فەیلەسووف و شییکەرەوە و ڕەخنەگر و پسپۆڕ؟
ئەو کەسانەی هیچ زانستێکی فێرکاریی دەروونناسی و پێداگۆگییان نییە و لێت دەبن بە مامۆستای فێرکاری؟!
ئەوکەسانەی ئامادەن بۆ ناودەرکردن، هەموو وشەیەکی بێگانە بێننە ناو زمانی کوردی و وێرانی بکەن، هەر ڕێک لەو کەسانەی کە هوموو هونەرێکی بێگانە و ناڕەسەن، بەبێ زانیاریی لەسەر ئاکامی تێکدەرانەی ئەم ڕەوتە لەسەر کولتوور و زمانی کوردی بزانن و لە بێ هونەرییان دەبن بە هونەرمەند!
و... هتد.
دیارە لەبوواری تریش شت بۆ وتن زۆرە وکات کەم، بەڵام بێگومان لە هەموو بووارێکەوە ئەم کەمووکووڕییە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زەق و بەرچاوە و لێرەدا لێکدانەوەی بووارەکانی تر بە خوێنەراندەسپیرم کە بێگومان زۆر کەسی تریش،دەردی ئەمپشێوییە لە کاری پیشەیی لەناو کۆمەڵگەی کوردیی بەگشتی و لەناو تاکی کورد دا بەتایبەتی، ڕۆژانە ئەجرەبە دەکەن و لە کارەساتباربوونی ئەم حاڵە ئاگادارن و لە ئاسەوارەکانی بێبەش نیین، بەڵام بە کورتی و بە کوردی، ئەوە هەلومەرجی کۆمەڵگە و تاکی مەلە نەزانی کوردە کە لای وایە هەر لەخۆوە هەموو شت دەزانێ و لە هەر بووارێککە حەزی لێبوو، هەست دەکات بەبێ هەوڵی زانیین و خۆماندووکردن و خۆ فێرکردن، هەر لەکاتی لەداییکبوونییەوە پسپۆڕی مامۆستایئەم بووارە بووە کە کەیفی پێهاتووە.
بەڵام ئاخۆ ئاکامی ئەم ڕەوتە بۆ تاکی کورد بەتایبەتیی،و بۆ کوردی بێ بەشکراوی، بەش بەش کراوی، ڕاونراوی زەین و خاکداگیرکراو بەگشتی چییە و چی دەبێت؟خۆ ئەگەر ئێمە چ وەک نووسەر، ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر، چ وەک سیاسەتمەدار و مامۆستا و هتدی کورد، لە جیاتی بەخۆداچوونەوە و چارەسەریی، هەرکەسەو ئەسپی خۆ تاو دەین و خۆمان لە دواکەوتنی خۆمان و گەلەکەمان بە تاوانبار نەزانیین، یان بە هەر بیانوویەک خۆ لە بەرپرسیارەتیی ئەم گێرەشێوێنییە، کە لە هەموو بووارێکەوە ژیانی ئێمەی داتەوەنیوە، بدزینەوە، ئەی چارە چییە و ئەم ڕەوتە ئاڵۆزە تاکەی درێژەی دەبێ و کۆمەڵگەی ئێمە بەرەو کوێ دەبات؟
گەلۆ!ئاخۆ تاکی کورد کەی وەخۆی دێتەوە و لەو خەوە سەنگیینە ڕا دەبێ؟ تکایە خۆتان بیری لێ بکەنەوە، هەڵیسەنگێنن و لێکی دەنەوە، کە لام وایە ئەگەر هەر تاکێک لە هەر بووارێکەوە کە کار دەکات،بتوانێت بیرکردنەوەی لەم بووارەوە بەڕۆژ بکاتەوە و لەسەر بناخەیەکی ژیرانە و زانستیی خۆی پێ بگەیەنێ، دەتوانێ خزمەتێکی پیشەیی و زانستیی پێشکەش بکات و جێ شوێنی بایەخداری خۆی لەم بووارەدا تۆمار بکات.
بەم هیوایە!
سوید