نووسین و ئاماددەکردنی : فوئاد زیندانی
بەشی پێنجەم و کۆتایی
شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکەوت سەریهەڵنەداوە ، بەڵکو لەئەنجامی خەباتێکی درێژخایەنی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان لەدژی سیستەمی دیکتاتۆری بەعسی سوریا کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ بەرلەئێستا دەستیپێکردووە و سەریهەڵداوە ، بەتایبەتی سەرەتای بەڕێکخستنکردنی گەلی کورد لەوبەشەی ووڵات دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی کە ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (عەبدوڵا ئۆجەلان ) لە سوریا بووە و توانیویەتی لەڕێگای تێکۆشانی بەردەوام ئەو بۆشاییە سیاسیەی گۆڕەپانی خەبات لەو بەشەی ووڵات پڕبکاتەوە و بەشێوەیەکی ڕێکخراو بیگەیەنێتە سەرکەوتن . وویستگەی سەرەکی ئامادەکاریەکانی ئەو شۆڕشە لەساڵی (2004) وە بەچڕی دەستی پێکردووە ، لەدوای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سوریا لە (٢٠١١/٣/١٥) گەلی کورد لەهەموو گەلانی تری سوریا باشتر خۆی بەڕێکخستن کردبوو ، هەر لەسەرەتاوە هەڵسەنگاندنی تەواوی بۆ هەستیاری قۆناغەکە کردبوو ، ڕۆژانە بەشێوەیەکی چالاک لەشارە کوردیەکان لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش خۆپیشاندان لەدژی ڕژێمی بەعسی بەشێوەیەکی ئاشتی دوور لە توندوتیژی و بەکارهێنانی چەک بەردەوامبوو . شۆڕشی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هێڵی سێیەمی بەبنەماگرت ، واتە نەلەگەڵ سوپای سوریا ئازاد و ئۆپۆزسیۆنی چەکدار و نەلەگەڵ ڕژێمی ئەسەد بوو ، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر شارە کوردیەکان دووربن لە شەڕی چەکداری و بۆمبارانکردن و وێرانکردن ، سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان سەرکەوتنی سیاسەتی هێڵی سێیەم دەسەلمێنێ کە شۆڕشی کورد ئەو هێڵەی گرتۆتەبەر لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی سوریادا .
دوای ئەوەی ڕژێمی بەعسی سوریا وەکو ڕژێمی بەعسی عیڕاق لەسەردەمی سەدام حسێن کە لەدوای ڕاپەرینی ساڵی (١٩٩١) دا دامودەزگاکانی لەهەرێمی کوردستان کێشایەوە ، بەهەمانشێوە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دوایئەوەی گەیشتە ئەو باوەڕەی کەناتوانێ ئیدی لەسەرپێ بوەستێ و بەرەنگاری شۆڕشی گەلی کورد ببێتەوە ، دامودەزگاکانی لەڕۆژئاوای کوردستان کێشایەوە بەبێ شەڕ .
هەروەها هاوشێوەی سوپای عیڕاقی سەردەمی سەدام حسێن کە لەدوای ڕاپەڕێنی خەڵکی هەرێمی کوردستان ، ماوەیەکی زۆر سوپای عیڕاق چەند بنکەیەکی بێکاریگەری سەربازی لەناو شاری هەولێر و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان مابوون ، بەهەمانشێوە سوپای سوریا لەفڕۆکەخانەی شاری قامیشلۆ بنکەیەکی سەربازی ماوە ، وە لەناو شارەکەش دوو بنکەی بێکاریگەری ڕژێم ماون بەشێوەیەک توانای جووڵەیان نیە . هێزەکانی " یەپەگە و یەپەژە " لەتوانایاندایە بەئاسانی ئەو هێزەی ڕژێم لە شاری قامیشلۆ ڕاماڵن ، بەڵام ڕاماڵینی ئەو بنکە سەربازیانەی قامیشلۆ دەبێتە هۆی کردنەوەی بەرەیەکی تری جەنگ و بۆمبارانکردن و کاولکردنی شارەکە لەلایەن ڕژێمی بەعسی کەئەوەش بەزەرەری گەلی کورد تەواو دەبێت ، بەو هۆیەوە ئەو هێزانەی ڕژێم تائێستاش لەو شوێنانە بەبێکاریگەری ماون . لەڕووی ئابووریەوە خەڵکێکی زۆر لەفەرمانبەران و مامۆستا و کارمەندانی شارەوانی .. هەموو ئەوانەی مووچەخۆرن لەڕۆژئاوای کوردستان تا ئەمڕۆ مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی ناوەندیەوە بۆخەرجدەکرێ ، ڕاماڵینی ئەو سەربازانەی ڕژێم لە شاری قامیشلۆ بێگومان دەبێتە هۆی بڕینی مووچەی سەرجەم کارمەندانی کورد ، خەڵکەکەش زەرەرمەند دەبن و کاریگەری ڕاستەخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و بازاڕ دەبێت ، بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان لەم قۆناغەدا لەڕووی ئابووری تواناکانی سنوردارە ، واتە ئیستا لەتوانای دانیە مووچەی ئەو مووچەخۆرانە دابین بکات ، جگەلەوەش ڕژێمی ئەسەد دەڕوخێ وەئەگەر نەشڕوخێ زیندوو نابێتەوە وەکو پێشوو بتوانێ کوردستان داگیربکاتەوە ، ئەو توانایەی نیە بەرەنگاری گەلی کورد ببێتەوە بەهێرشی سەربازی چونکە هێزەکانی " یەپەگە و یەپەژە " ڕۆژئاوای کوردستان دەپارێزن ، وە کارێکی باش دەکەن کە بەهەموو توناکانیانەوە خاکی کوردستان دەپارێزێن و لەدەرەوەی کوردستان ناکەونە شەڕ لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد ، چونکە کورد پێوویست ناکات خۆی بکاتە سووتەمەنی شەڕێک کەلەبەرژەوەندی کورد دا نەبێت و بەقازانجی چەتە ئیسلامیە تیرۆریستەکان تەواوبێت کەلەلایەن هێزە دەرەکیەکانەوە ئاڕاستە دەکرێن دژ بەگەلی کورد ، وە لایەنی کوردی پێوویست ناکات شەڕێک بکات کەلەبەرژەوەندی ئۆپۆزیسیۆنێکدابێت کەبەهیچ شێوەیەک دان بە مافەکانی گەلی کورد دانانێت . لەوشارە کوردیانەی کە ڕژێمی سوریا دامودەزگاکانی کێشایەوە ، لەبەر ئەوەی گەلی کورد ئاماددەکاری پێشتریانکردبوو ، توانرا دوای کشانەوەی بەعس ، خۆیان ئەو بۆشاییە ئیداریە پڕبکەنەوە و ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەببەن .
گەلی کورد هەموو کاتێک دەزانێ کە ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان و نەتەوەی سەردەست (دەسەڵاتدار) لەو ووڵاتانەدا چاویان بەدەستکەوتەکانی کوردان هەڵنایەت ، لەسوریا ڕژێمی ئەسەد و بەهەمانشێوە ئۆپۆزیسیۆنیش تائێستا ئاماددەنین دان بەمافەکانی گەلی کورد دابنێن . ئەوەی لەو بارودۆخەدا چاوەڕێی نەدەکرا ئەوەبوو ، هێزە تیرۆریستیەکانی سەربە ڕێکخراوی تیرۆریستی (ئەلقاعیدە) بەناوی ئیسلام لەهەموو جیهان کۆبکرێنەوە بەپاڵپشتی تورکیا و تاقمی فەتحوڵا گوڵەن و سعودیە و قەتەڕ بەبێ هۆکار شەڕی گەلی کورد بکەن ، بەتایبەتی ماوەی ساڵێکە تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ کە لەهەمانکاتدا بووە بە هاوپەیمانی تیرۆریستان ، بەئاشکرا پێشوازی لە تیرۆریستان دەکات کە لەهەموو جیهان دێنە تورکیا و دەیانهێنن بۆ سەر سنوری سوریا و دەیانێرنە ناوەوە بەهەموو توانایان شەڕی گەلی کورد دەکەن ، شەڕی گەلێک دەکەن کە زۆرینەی خەڵکەکەی موسڵمانە و بەردەوام چەوسێنراوەتەوە ، بەڵام لەبەر ئەوەی لایەنی کوردی بەگشتی وە پارتی یەکیەتی دیموکراتی (پەیەدە) بەتایبەتی زۆر باش خۆیان بەرێکخستن کردووە تائێستا سەرکەووتووانە توانیویانە هەموو پیلانەکان تێکبشکێنن .
هێزەکانی( یەپەگە و یەپەژە) وەکو هێزێکی نیشتمانی چەندین شاری کوردیان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕزگارکردوە ، وە بەردەوامن لە ڕزگارکردنی خاکی وولات ، گەلی کورد و گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان دەپارێزن ، تیرۆریستەکانیش لەشکستی بەردەوامدان .
ئەوەی کە زۆر کاریگەری کردبووە سەر گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان ، ئابڵوقەی ئابووری هەمەلایەنە بوو کەلەلایەن تورکیا و چەتە ئیسلامیەکانەوە سەپێندرابوو ، وە داخستنی سنوری هەرێمی کوردستان ببووە هۆی ئەوەی هیچ یارمەتیەکی مرۆیی و پێداویستی پزیشکی و خواردن نەگاتە ڕۆژئاوای کوردستان . داخستنی سنوری هەرێمی کوردستان و ڕێگا گرتن لەهاتنی هاوسەرۆکی پەیەدە (ساڵح موسلم) بۆ هەرێمی کوردستان هەڵەیەکی سیاسی گەورەبوو ، بەتایبەتی لەوکاتەدا (شەڕڤان) ی کوڕی ساڵح موسلم لەبەرەکانی شەڕدا لەکاتی بەرگریکردن لەخاکی کوردستاندا بەدەستی ئیسلامیە تیرۆریستەکان شەهید ببوو ، وە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان زەرەرمەندی یەکەمی ئەو سیاسەتە هەڵەیە بوون چونکە هیچ دەرگایەکی ئالتەرناتیف نەبوو . ساڵی ڕابردوو سەرۆکی هەرێم بەبێئەوەی لایەنگری لایەنێکی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان بکات لە ٢٠١٢/٧/١١ سەرپەرشتی ڕێکەوتنی نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی و ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد کە بە (ڕێکەوتنی هەولێر ) ناسراوە ، پێوویستبوو بۆ پاراستنی بێلایەنی ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم کەلەسایەی ئەودا ڕێکەوتنێکی مێژووی گرنگ واژو کرابوو ، ڕێگای هاتنە ناو هەرێمی کوردستان لە هاوسەرۆکی پەیەدە (ساڵح موسلم ) قەدەغە نەکرابا ، وەدەرگای سنوری نێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستان دانەخرابا و کێشەی نێوان کوردان پەرەینەسەندبا ، بەتایبەتی گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان لەڕووی ئابووری و سیاسی و سونبولی چاوەڕوانی زیاتریان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرد ، بۆیە پێویستە ئەو هەڵەیە ڕاستبکرێتەوە .
سەبارەت بە کۆچبەربوونی دەیان هەزار هاووڵاتی ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی لەدوای مانگی تەمووزی ٢٠١٣ وە بۆ هەرێمی کوردستان هۆکارەکانی سەرەکی ئەو کۆچبەربوونە بریتین لەم خاڵانە : کۆمەڵکوژکردنی کوردان بەدەستی بەرەی نوسرە و دەولەتی عیڕاق و شام کەگرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەن ، بەتایبەتی کەدانیشتوانی کورد لە شارۆچکەی تەلعەران وتەلحاسڵ لە ٢١/٧/٢٠١٣ لەلایەن ئەو دوو هێزەوە کۆمەڵکوژکران . هۆکارێکی تری کۆچبەربوونەکە بێکاری و باروودۆخی ئابووری و گرانی نرخی بازاڕ بوو ، جگەلەوەش هۆکارێکی تری کۆچبەریەکە ئەوەبوو هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان بەبڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکاری ، لەڕووی دەروونیەوە کەشێکی تۆقێنەریان بۆ هاووڵاتیان دروستکرد .
ئەو شارانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کوردی بەڕێوەدەبردێن ئارامن هێمنی و ئاسایش بەرقەرارە سەروماڵی هاووڵاتیان پارێزراوە . باشترین چارەسەر بۆ ئەو کۆچبەرانە ئەوەیە هاوشێوەی ئەو کامپانەی لەهەرێمی کوردستان بۆیان دروستکراوە ، لەناو ڕۆژئاوای کوردستان کامپیان بۆ دروستبکرێ و بگوازرێنەوە بۆ ناو ڕۆژئاوای کوردستان باشترە ، بەواتایەکی تر ئەو یارمەتیەی لەهەرێمی کوردستان وەریدەگرن لەوێ لەسەریان دابەش بکرێ باشترە لەبەر ئەوەی لەڕۆژئاوای کوردستان خاکەکەیان لەدەست ناچێ و وە لەوێ سوودی زیاتر لەو یارمەتیانە وەردەگرن ، جگە لەوەش لە ڕۆژئاوای کوردستان بابەتی مۆڵەتی مانەوە و کارکردن و هاتنەدەرەوە لەکەمپ و چوونە ناو شارەکانیان نابێتە کێشە ، لەهەمانکاتدا بۆ لایەنی پەیوەندیدار لەهەرێمی کوردستان و لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەڕووی ئابووری زۆر هەرزانتر دەوەستێ .
کاردانەوەکان دوای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی لەڕۆژئاوای کوردستان دەریخست ، کە ئۆپۆزیسیۆنی سوریا (هاوپەیمانی نیشتمانی سوریا) هاوشێوەی ڕژێمی ئەسەد دان بەمافەکانی گەلی کورد دانانێت ، لەبەر ئەوە دژایەتی ڕاگەیاندنی بەڕیوەبەرایەتی کاتی دەکات .
تورکیا بەهەمانشێوە هەر دەستەکەوتێک بۆ گەلی کوردبێت دژی دەوەستێتەوە ، ئەوەش بابەتێکی نوێ نیە لەهەڵوێستی تورکیا ، چونکە لەدوای ڕاپەڕینی باشوری کوردستان لەساڵی (١٩٩١) دا هەمان هەڵوێستی هەبووە .
سەبارەت بەکاردانەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ، خودی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر کۆمەڵکوژکردنی کوردان بەدەستی چەتەکانی دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام ، بەرەی نوسرە لە ناوچەکانی تەلعەران و تەلحاسڵ کاتی کۆمەڵکوژیەکان ، ڕایگەیاندبوو : کە تیرۆریستە ئیسلامیەکان خەڵکی مەدەنی – سڤیلی کوردیان لەو ناوچانە کۆمەڵکوژکردووە . ئێستا وەزارەتی ناوبراو دوای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی لەڕۆژئاوای کوردستان ، ڕایدەگەیەنێ ئەمەریکا لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی سوریایە . ئەو هەڵوێستەی ئەمەریکا تازە نیە چونکە ئەمەریکا هەردەم پشتگیری چوار حکومەتە ناوەندیەکەی کردووە کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ، جگەلەوەش کورد داوای دابەشبوونی سوریای نەکردووە . لەلایەکی تر باڵوێزی ئەمەریکا لەسوریا ئاماژەی بەوە کردووە کە گرووپە ئیسلامیەکان هێرشیان کردە سەر خەڵکی مەدەنی – سڤیلی کورد ، لێرەدا ئەو هەڵوێستەی باڵوێزی ئەمەریکا ، ئەو ڕاستیانە دەردەخەن کە گەلی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان کراوەتە ئامانج لەلایەن گرووپ و چەتە ئیسلامیە تیرۆریستەکان ، بۆیە گەلی کورد مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکا ، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بەشێوەیەکی گیان لەسەردەست ڕووبەڕووی ئەو ئیسلامیە تیرۆریستانە دەبنەوە کەشەڕی بەوەکالەت بۆ ووڵاتانی وەکو تورکیا و هێزەدەرەکیان دژ بەگەلی کورد دەکەن ، کەواتە ئەگەر میللەتان لەکاتی شۆڕشدا بەرامبەر بەرەیەکی دیاریکراو شەڕیانکردبێ یا بەرگریان کردبێ ، ئەوا شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بەرامبەر چەندین بەرە لەیەک کاتدا بەرگری دەکا ، ئەوەش یەکێکە لەتایبەتمەندیەکانی ئەو شۆڕشە .
کاتێک چەتە ئیسلامیە تیرۆریستەکان لە ئەفغانستان ، سعودیە ، کەشمیر ، ئەندۆنیسیا ، تونس ، لیبیا لەڕێگای تورکیاوە دێن شەڕی گەلی کورد دەکەن ، وە بەفەتوایەک ژنانی کورد حەلال دەکەن ، خەڵک سەردەبڕن بەپاڵپشتی تورکیا و سعودیە و قەتەڕ دەیانەوێ ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکەن و ببنە دراوسێی هەرێمی کوردستان ، گەلی کوردیش مافی ڕەوای خۆیەتی بەرەنگاریان ببێتەوە ، دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام ، بەرەی نوسرە کەگرێدراوای ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەن لەسەرەتای دروستبوونیانەوە تا ئێستا هیچ شەڕێکیان لەدژی ڕژێمی بەشار ئەسەد نەکردووە ، تەنیا هاتوون شەڕی میللەتی کورد دەکەن ، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن ئەو ووڵاتانەی لەسەرەوە ئاماژەم بەناوەکانیان کردووە دروستکراون و یارمەتی دەدرێن ، ئەوکاتەی چەتە ئیسلامیە تیرۆریستەکان کۆمەڵکوژی کوردەکانیان دەستپێکرد لە ناوچەی تەلعەران و تەلحاسڵ هێزەکانی ڕژێمی سوریا (3) کیلۆمەتر لێیان دوور بوو ، بەڵام ئەوان شەڕی ڕژێمی بەعسی سوریا ناکەن ، بەڵکو ڕوویان لەگەلی کوردە و شەڕی گەلی کورد دەکەن ، چونکە لەلایەن حکومەتەکانی تورکیا ، سعودیە ، قەتەڕ وا ئاڕاستەکراون . سەبارەت بەکۆمەڵکوژکردنی کوردان لەتەلعەران و تەلحاسڵ هاوشێوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ، ئەوکات وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاش کۆمەڵکوژکردنی کوردانی لەلایەن ئیسلامیە تیرۆریستەکانی پشتڕاستکردەوە .
پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، زیاتر جیاوازی هەڵوێست و بۆچوونەکان لە نێوان پارتی دیموکڕاتی کوردستان کە مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی دەکات و پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" کە عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکایەتی دەکات سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان دەردەخات ، وە لەهەمانکاتدا ئەو جیاوازییە بەدیدەکرێ لەنێوان پارتی یەکیەتی دیموکراتی "پەیەدە " کە ساڵح موسلم هاوسەرۆکایەتی دەکات و " ئەلپارتی " کە عەبدولحەکیم بەشار سەرۆکایەتی دەکات . ئەگەر ئەلپارتی بەپڕاکتیک بەشداربوایە لەدامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی ڕۆژئاوای کوردستان ، ئەوکات پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم بەشێوەیەکی تر دەبوو .
پێوویستە لە ڕۆژئاوای کوردستان یەک هێزی سەربازی نیشتمانی هاوبەش هەبێت ئەرکی پاراستنی خاک و هاووڵاتیان لەئەستۆ بگرێ ، وە پێویستە هەموو لایەن و قەوارەیەکی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی گشتی بکەن ، لەدوای هەڵبژاردنی گشتی ، ئابووری ووڵات بەپێی یاسا لەچوارچێوەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی لەخزمەت ووڵات و سەرجەم هاووڵاتیان دابێت ، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر هێزی سەربازی و ئابووری ووڵات بەپێی بەرژەوەندی تەسکی حزبەکان لەژێر کاریگەری ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دابەش دوو بکرێن ، سیاسەتی (پەنجا بە پەنجا ) بەزۆر بسەپێندرێ ، ئەوا چاوەڕێی ئەنجامی باشی لێناکرێ چونکە سیاسەتی پەنجا بە پەنجا دۆڕاوترین سیاستە لە قۆناغی شۆڕشکردندا .
پەیەدە واقیعە لەڕۆژئاوای کوردستان ، وە ئەوەی بەدەستهاتووە تائێستا لەسایەی پەیەدە بووە ، پێوویستە هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە بکات ، وە لەهەمانکاتدا دەبێ پارتە سیاسیەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی بەشداربن لەپرۆسەی دیموکراتی ڕۆژئاوای کوردستان ، چونکە یەک حزب و دوو حزب لەهەر هەرێمێک بەتەنیا دەسەڵات بۆخۆیان بقۆزنەوە ، ئەوە نیشانەی سەرنەکەوتنی پرۆسەی دیموکراتیە لەو هەرێمەدا ، ئەلپارتی لەشارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان وەکو پارتێکی سیاسی هاوشێوەی پارتەکانی تر بەشێوەیەکی ئازاد کاری خۆی دەکات ، ئەوەی پێوویستە بکرێ ئەلپارتی و پەیەدە و هەموو پارتە سیاسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پابەندبن بە رێکەوتنی هەولێر ، وە لەداهاتوودا پێکەوە کاربکەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی لە ڕۆژئاوای کوردستان ، چونکە ڕۆژئاوای کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و مێژووییدا تێدەپەڕێ بۆیە پێوویستە جیاوازیەکان بەلاوەبنرێن و هەموو تواناکن ڕێکبخرێ و یەکبخرێ لەپێناو بەرژەوەندی گشتی گەلی کورد .
بۆ سەرخستنی پرۆسەی ڕزگاری ، دەبێ گەلی کورد و پێکهاتەکانی تر و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێکەوە کاربکەن ، وە پێوویستە لە هەرێمی کوردستان پەرلەمان و حکومەت بەشیوەیەکی فەرمی لەگەڵ ستاتوی ڕۆژئاوای کوردستان مامەڵە بکات ، وە لەهەموو بەشەکانی کوردستان هەر تاکێکی کورد و هێزە چەپ و دیموکراتخوازەکان و مرۆڤدۆستەکان پشتگیری ئەو شۆڕشە بکەن . لە ڕۆژئاوای کوردستان شانبەشانی شۆڕشی سیاسی ، شۆڕشی فێربوونی خوێندن و نووسینی زمانی کوردی و شۆڕشی کولتوری و پێکەوە ژیان هاوتەریبن ، کەواتە زیاتر لەیەک شۆڕش لەیەک کاتدا بەردەوامە ، ئەوەش تایبەتمەندیەکی تری شۆڕشە نموونەییەکەی ڕۆژئاوای کوردستانە .
ئەوگەلەی لەپێناو گەیشتن بەئازادی و ڕزگاری دوای دەیان ساڵ هێشتا بەردەوامە لە قوربانیدان ، شایستەی ئەوەیە پەرلەمان و حکومەت و سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێ . ئەو تایبەتمەندیە گرنگەی لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە ئەوەیە : هەرچی لەخوارەوە بڕیاری لەسەردەدرێ لەسەرەوە واتە لەلایەن لوتکەوە دەبێ جێبەجێبکرێ ، گەل حکومەتە وە حکومەتیش گەلە ، ئەوەش پێچەوانەی هەموو دەسەڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆربەی دەسەڵاتەکانی جیهانە کەهەردەم لەلایەن لوتکەی دەسەڵاتەکانەوە بڕیارەکان بەسەر هاووڵاتیاندا دەسەپێندرێت .
FPPK
12.12.2013