هیوا مەحمود عوسمان
قسە و باسی ئەم دواییە لەبارەی بۆڕی نەوتی كوردستان بەرەو توركیا و مشتومڕ لەبارەی ئەو هەنگاوەی هەرێمی كوردستان و پرسی دەستووری بوون و نەبوونی قوڵتردەبێتەوە. بەمزووانە بەیاننامەی بەهێز لە بەغداوە دەبیستین. دواتر لەلایەن هەولێرەوە بە گرێبەستی زیاتر یان بەیاننامەی بەهێزتر وەڵام دەدرێتەوە. پاشان سیاسەتوانان دەستدەكەن بە پەیوەندیكردن پێكەوە كە سەردەكێشێ بۆ كۆبوونەوەیەك لە هەولێر یان لە بەغدا. دواتر كۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای كۆبوونەوەكە كە وشەی زۆر جوان بەرامبەر یەكدی بەكاردێنن و بڕیاردەدەن لیژنە پێكبهێنن بۆ دەستنیشانكردنی خاڵە جیاوازەكان و دەستكردن بە خولی دانوستاندن كە یەك دوو هەفتە دوای كۆبوونەوەكە كاڵدەبێتەوە. ئایا ئەمە ئاشنا دەردەكەوێت؟ بەڵێ. ئەمە شیكاری نییە ئەمە بووەتە شێوازێكی دووبارەبووەوە لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. تا ئێستا هەموو ئەو كێشە سەرەكییانەی كە هەردوولا هەولێر و بەغدا لەبارەیانەوە گەرموگوڕن بەهەمان بازنەدا تێپەڕیون و هیچكامیان بەشێوەیەكی بنەڕیتی چارەسەر نەكراون.
رەنگە لەبەرئەوە بێت كە پەرلەمانی فیدڕاڵ هەرگیز ناتوانێت بەرەوپێشچوونی راستەقینە ئەنجامبدات كە دێتە سەر یاسادانان بۆ رێكخستنی ئەم كێشانە. یاسای نەوت و گاز نموونەیەكی زۆر باشە. نەبوونی یاسایەك كە پرنسیپە دەستوورییەكان بگۆڕێ بۆ واقیعێكی یاسایی، ئابووری و تەكنیكی، هۆكاری سەرەكییە لەپشت ئەو بازنەیەی سەرەوە. هەروەها زۆریش روونە كە جیاوازییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا لەسەر وردەكارییە یاسایی، تەكنیكی و ئابوورییەكانی هەر هەنگاوێك نین، كە هەرێمی كوردستان دەیهاوێت.
هۆكاری نەگەیشتنی هەردوولا بە تێكگەیشتنێكی هاوبەش لەسەر ئەم مەسەلانە ئەوەیە كە جیاوازی سەرەكی لە دیدگا و رەنگی ئامانج و ئاراستەدا هەیە. هەردوولا هێندە تێنەكۆشاون بۆ پەڕینەوە كەم جیاوازییانە و پوچەڵكردنەوەی سەرچاوەی ناكۆكی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا.
زۆر لە چاودێران بە نووسەری ئەم گۆشەیەشەوە لە رابردوودا گوتیان ئەم كێشەیە تەنیا بەوە دەتوانرێ چارەسەر بكرێ كە پەیوەندی هەولێر و بەغدا بەرفراوانبكرێت و تەنیا ژمارەیەكی دیاریكراوی سیاسەتوانانی سەر بە هەردوولا لەخۆ نەگرێت، كە دەبنە هۆی قەیران و پاش ماوەیەك چارەسەری دەكەن بەبێ بەشداریپێكردنی هیچ روونییەك بۆ پێگەی یاسایی و دەستووری هەر لایەنێك.
یاسا بەشێوەیەكی ئاسایی بۆ ئەوە دەردەچێت كە پەڵە تۆخەكان كاڵبكاتەوە و شتەكان روونتر بكاتەوە بۆ ئەوانەی كە بەشێكن لە هەر كێشەیەك. بەڵام بۆ یاساكانی رێكخستنی نەوت و گاز و كێشەكانی دیكە لەگەڵ بەغدا، پێویستی بە زیاتر لە سیاسەتمەداران هەیە بۆ ئەوەی لە مشتومڕەكە تێوەبگلێن. ئێستا بازنەی مشتومڕی فیدڕاڵی و هەرێمی زۆر بچووكە، سیاسەتمەداران و چەند كەسێكی كەم لەخۆ دەگرێت.
بۆیە بۆری نەوت و كێشە هاوشێوەكانی یەكەم قەیران و بە دڵنیاییشەوە دوا قەیران نابن لەنێوان هەولێر و بەغدا.
لەبەرئەوە، كێشە هەڵواسراوەكان دەگوازرێنەوە نێو پەرلەمانی نوێ و دەبنە سەرباسێكی دەوڵەمەند بۆ كەمپینی هەڵبژاردنی داهاتوو هەم لە بەغدا و هەم لە هەولێر.
11/12/2013