فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

سوورکێو زەکی

پاراستنی باڵانسی کەسایەتیی و بیری سەربەخۆیی و لێک جیاکردنەوەی مافەکانی تاکەکەسیی و بەفەرمی ناسینییان لەلایەن تاکی کۆمەڵگەی ئێمەوە، شتێکی ئاسان نیین. هۆکارەکەشی زیاتر بۆ ئاشنا نەبوونی بەشیکی زۆری تاکی کورد لەگەڵ مافەکانی تاکەکەسیی و ڕێزلێگرتنیان لە هەموو بووارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و هتدەوەیە کە زۆر جار ئەو ئاشنا نەبوونە، خراپ لێک حاڵیبوون، لێک تێنەگەیشتن، لەخۆوە تاوانبارکردن و تەنانەت لێک هەڵبەزینەوەش دەنێتەوە.

لێرەدا دەمهەوێ تەنیا ئاماژە بە چەند نموونەیەکی کۆنکرێت کە خۆم هەر ئەوساڵ لە دوور و نزیکەوە تەجرەبەم کردوون بکەم:

یەک دوو ڕۆژ پێش جێژنی ڕەمەزانی ئەوساڵ لێرە لە سوید چووبوومە ماڵی دۆستێک کە دەگەڵ ژنەکەی خزمایەتییمان هەیە. کورت و موختەسەر خزمەکەمان هەندێ ئیشکە سۆفییەکی نەخوێندەوار تەشریفی هەیە و لە پێوەندییماندا هەندێ جار لەسەر نوێژکردن و نەکردن و ڕادەی مسوڵمانبوون هەڵی دەپێچایین و داوکاریی ئێمەش بۆ ڕێزگرتن لە مافی چۆنییەتی بیرکردنەوە هیچ سوودێکی نەبوو. ئێ! ئەوجارەش پاش دانیشتنێکی نیو سەعاتی و حاڵ و ئەحواڵ پرسیین، باسی کۆتایی ڕەمەزان و هاتنی جەژن هاتە گۆڕێ و من پێشەکی پیرۆزباییم لێکردن، خزمەکەشمان (کە تەنیا یەک دوو ساڵی سەرەتایی لە باشووری کوردستان خوێندووە و هێشتا بەباشی فێری نووسین و خوێندنەوەی سویدی هیچ فێری کوردییش نەبووە)، وەک هەموو جارێک کە یەکترمان دەبینی، لەسەر ڕادەی مسوڵمانەتیی و چۆنیەتی نوێژکردن و نەچوونە مزگەوتی ئێمە لە سوید و ڕادەی ڕۆژووگرتن و چۆنییەتی خواپەرستی تەنگی پێ هەڵچنیین و بەبێ هیچ حیسابێک بۆ بیرکردنەوەی من وەک تاکێک یان بەراوردکردنی ڕادەی خوێندەواریی من و خۆی یان حیسابێک بۆ ئەوەیکە من بە ژن و منداڵەوە میوانی ئەوانم، پاش دادگاییکردنێکی حیسابی لەسەر بەوتەی ئەو بێ دینیی من، هەر لەوێ نووسخە و حوکمێکی کافربوونی بۆ پێچامەوە. منیش داوام لێکرد کە ناکرێ ئەم باسە هەموو جارێک دووپاتە بێتەوە و پێویستە هەموو لایەکمان سنووری خۆمان بزانیین ئەگینا لەوانەیە من جارێکیتر سەردانیان نەکەمەوە. بەڵام ئەو بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو نەیهێشت بگاتە جارێکیتر و هەر ئەوکات لەماڵەخۆی وەدەری نایین، کەچی من تاقە وشەیەکی ناحەزیشم بەو نەوت و بەهێمنی بە ژن و منداڵەوە ئەوێمان جێ هێشت. ئەوە لەکاتێک دایە کە هەم ئەو خزمە و هەم ئەوکەسانەی من لە نزیکەوە دەناسن، بێجگەلە باسی مافی چۆنیەتی بیرکردنەوەی من و هەرکەسێکیتر وەکو تاکێک، باش دەزانن کە من لەبوواری ئانییەوە چ ئەزموونێکی تاڵم هەیە و چەندە وەدوای ناسیینی ئیسلام و ئایین بەگشتیی کەوتووم و لەسەریشم نووسیوە و چۆنیش هەر لەسەر ئەم کارە ژیان و چارەنووسم کەوتە مەترسییەوە و چ گورزێکم لەمبارەوە بەرکەوتووە. ئێ! ئەمەش لەبوواری ئازادی مافی بیر و هزری ئایینییەوە...

حەز دەکەم بەکورتی دووسێ نموونەی فەیسبووکیش لەبابەت مافی تاکەوە وەک ئەزموون ئاماژە پێ بکەم. دیارە لە ماوەی ئەو یەک دووساڵەی ناوم لە فەیسبووک هەبووە، شتی سەیرم تەجرەبە کردووە کە هەندێکیان خۆشحاڵ و هەندێکیان خەمناکیان کردووم. لێرەدا تەنیا چەند نموونەیەکی ئەو دوایەتان لە تەجرەبەی خۆم لەبابەت سەربەخۆبوون و مافی دەربڕیینی خۆم وەک تاکێکی کورد بە کورتی بۆ باس دەکەم:

دوومانگێک لەمەوبەر، لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا، برادەرێک لەناوخۆوە پێی ڕاگەیاندم کە "فڵان کەس لەلای خەڵک تەبلیغاتێ لە دژی تۆ دەکات کە گوایە تۆ بە دایمە لەسەر فەیسبووکی و کەسێکی بێکار و عەللافی و لە بێکاریان سەرت لێ ئەستوور بووە بۆیە هێندە لەسەر فەیسبووکی و..." لەو قسەڵۆکانەی کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کەم نیین. ئەم تاوانبارکردن و ناوزڕاندنە لەکاتێکدایە کە من لەماوەی ئەو حەوت ساڵەدا کە لە سوید ژیاوم، سەرەڕای هەبوونی ژن و دوو منداڵ، بەبێ تاریف لەخۆکردن و خۆمەترەحکردن، لە بوواری خوێندن و کەڵکوەرگرتن لە فرسەتە باشەکانی ئەم بووارەوە، یەکێک لە سەرکەوتووتریینی ئەو کوردانە بوومە کە لێرە دەژیین. بەڵگەشم بۆ ئەوە ئەوەیە کە لەو ماوەیەدا بێجگەلە بڕینی قۆناخەکانی فێربوونی زمان و خوێندن و کامڵکردنی دەرسەکانی پێوەست بە قۆناخی دواناوەندیی، توانیومە لە سێ ساڵ دا بەڵگەی کارناسیی لە ڕشتەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان وەدەست بێنم و ئێستاش تێڕمی دووهەمی ڕشتەی ماستەری بەڕێوەبەریی یان لیدێرشییپ دەخوێنم، هاوکات کار دەکەم و لەهەموو ئەو ماوەیەشدا کە لە سوید ژیاوم، لە ناوەندەکانی نووسین و بڵاوکردنەوەدا بێناو نەبوومە. ئەوەش جیا لە هەندێ چالاکی لەگەڵ کۆمەڵە کولتوورییەکان و چالاکیی لە چەند ڕێکخراوەیەکی مەدەنییتردا... کە باسی ئەم بەشەش بۆ پارێزگاریی لە مافی بیرکردنەوە و دەربڕیینی خۆمە وەک تاکێک و بۆ ڕوونبوونەوەی مافی هەر تاکێکیتری ئەم کۆمەڵگەیە بە پێویست دەزانم. دیارە هەموو کەسێک ئازداە چۆن ئەم بابەتە هەڵدەسەنگێنێ بەڵام هیوادارم بە خۆ مەترەحکردن لێک نەدرێتەوە و ئەو دۆستانەش کە لە دەرەوە دەژیین باش دەزانن کە کردنی ئەو کارانە بە کردەوە چ بەشێوەیەکی هاوکات و چ بەتەنیاش چ قورساییەکی هەیە و بەڕاستی کاری هەمووکەس نییە،... با لەوەش بگوزەرێین...

هەر لەبابەت فەیسبووکەوە، ماوەیەیەک لەمەوبەر لەژێر ڤیدیۆیەکی قسەکانی کاک عومەری ئێلخانیزادە (کە کاک جەلیل ئازادیخواز لە فەیسبووک داینابوو)، و باسی هەلومەرجی ناوخۆیی و ناوچەیی هزری کۆمەڵە و هەروەها باسی "ڕچەشکێنی و یاخی بوونی کۆمەڵە"ی لە هەندێ بووارەوە کردبوو. منیش لەبابەت خۆبوواردن لە باسە سەرەکییەکانی پێویستی ئەوڕۆ و قسە زلی و پرش و بڵاوی و یەکڕییزنەبوونی ڕێبەران و لایەنە کوردییەکانەوە، ڕەخنەم لە هەڵوێستی حیزبەکان بە گشتیی و بۆ یەکەم جاریش لە قسەکانی کاک عومەر بەتایبەتیی گرتبوو. لەمبارەوە کاک جەلیل بۆخۆی هیچ وەڵامێکی نەدابۆوە، کە چی برادەرێکی کاک جەلیل لە فەیسبووک وەجواب هاتبوو کە: ئەرێ کاک سوورکێو ئەوە ئەو دوژمنایەتییە چییە دەگەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەستت پێکردووە؟!!! و ... ئێ! ئەمەش مافی بیرکردنەوە و هەروەها ئاکامی ڕەخنەگرتن و لێکجیانەکردنەوەی ڕەخنە و دوژمنایەتیی کاکی سیاسەتمەداری ئێمە!

دوو سێ ڕۆژ لەمەوبەر بڵاو کراوەی لایەنێکی ئیسلامیی کە بۆچوونگەلێکی تایبەتییان لەبابەت حیزب و سەرکردە ئیسلامییە کوردەکانەوە و سەربەخۆیی کورد بڵاوکردبۆوەو منیش لەلایەن دۆستێکەوە بە ئیمەیل بۆم هاتبوو، کە ئەم شێوە بانگەوازە لەلایەن ڕەوتێکەوە کە خۆی بە ئیسلامی دەزانێ و بەم شێوازە ڕوو لە ئیسلامییەکان و ڕێبەرەکانییان دەکات و داوایان لێدەکات واز لە نۆکەرایەتی داگیرکەران بێنن! بۆ من کە ناسیاوییەکی باشم لەسەر ئیسلام و ڕەوتە ئایینییە کوردی و دەرەکییەکان هەیە شتێکی تازە بوو و لەهەمنکاتدا لەسەر بڵاوکراوەکە لە فەیسبووک نووسیبووم کە ئەمەم تەنیا بە مەبەستی گەیاندنی زانیاریی بە دۆستان لە بوونی وەها تاقم و بۆچوونێک بڵاو کردەۆتەە، کەچی چەند ئیمەیل و بۆچوونێکی چاوەڕوان نەکراوم بۆ هاتن کە هەر یەکەو بە کەیفی خۆی مافی چۆنییەتی ڕا دەربڕیین و چۆنییەتی بیرکردنەوەی بۆ من دیار کردبوو!

دوور نەڕۆیین هەر دوێنێ ڤیدیۆیەکم لە قسەکانی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە فەیسبووک دانا کە لەوێدا ئۆجەلان بەکوردی لەبابەت زوڵم و زۆریی ڕێژیمی فاشیستی تورکەوە قسەی کردبوو. دیارە هەموومان کەم و زۆر لەم بابەتەوە لەم ماوەیەدا زوڵم و زۆریی دەوڵەتی تورکییەمان دیوە و منیش کە قسەکردنی ئۆجەلانم بە کوردی کەم بیستبوو و ئەو قسانەشییم بەلاوە جووان بوون، ویستم دۆستە غەیرەکوردەکانم لانیکەم بە وێنە و فیلم ئەو زوڵم و زۆرییە لەسەر کورد ببینن و لام وابوو کە قسەکانی ئۆجەلانیش بە کوردی و بەم ناوەرۆکەوە بۆ دۆستان شتێکی نوێن و پێم باش بوو لە فەیسبووک دایبنێم، بەڵام ئەمجارە ژمارەیەکیتر بە ئیمەیل و پەیامی فەیسبووک، منیان بە پەکەکە و پشتگیری لەم حیزبە تاوانبار کرد و...! ئێ! شتیتر زۆرە بەس...

لەکۆتاییدا حەز دەکەم وەکو کەسێکی سەربەخۆ دووپاتی بکەمەوە کە، پاراستنی باڵانسی بیری سەربەخۆیی و لێک جیاکردنەوەی مافەکانی تاکەکەسیی و بەفەرمی ناسینییان لەلایەن کۆمەڵگەی ئێمەوە، شتێکی ئاسان نیین. هۆکارەکەشی زیاتر بۆ ئاشنا نەبوونی بەشیکی زۆری تاکی کورد لەگەڵ مافەکانی تاکەکەسیی لە هەموو بووارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و هتدەوەیە کە زۆر جار ئەو بێگانە بوونە لەگەڵ مافەکانی تاک و کۆمەڵ و ئەرکەکانییان لەهەمبەر یەکتر، خراپ لێک حاڵیبوون، لێک تێنەگەیشتن، لەخۆوە تاوانبارکردن و تەنانەت لێک هەڵبەزینەوەش دەنێتەوە. هەربۆیەش لەم کاتانەدا تەنیا ئەوەندەم پێ دەمێنێ کە لە دڵی خۆمدا بڵێم:

چەندە قوڵ و گرانی ... زامی دەردی نەزانی؟!

 

 

سوورکێو زەکی

 

سەرنج: هەر ئەو یەک دوو ڕۆژە هەوڵ دەدەم کورتە بابەتێکیتر لەمەڕ "مەلە نەزانیینی تاک، کارەساتە بۆ هەردووک لایەنی تاک و کۆمەڵگە" بڵاو بکەمەوە کە پێوەندییەکی نزییکی دەگەڵ ئەم بابەتە هەیە.

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان