کهماڵ مام خزری
ئەوەی کە بە درێژایی خەباتی نەتەوایەتی بۆگەلی کورد گرنگ بووە، و هیچ کات پێی نەگەیشتووە، یەک ریزی نەتەوەیی لە هەمبەر بەرژەوەندییە باڵاکاندا بووە. دیارە زۆر وڵات هەن کە تەمەنی هەڵسووڕانیان بۆ دەستە بەر کردنی مافە زەوتکراوەکانیان گەلێک لە خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد کەمترە و هەنووکە ئەوان وێرای ئەوەی کە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی خۆیانن، لە ڕوانگەی ناوچەیی و تەنانەت جیهانیشەوە وەک یەکێک لە هێزە بەتواناکانی ئەم سەردەمە، چ لە ئاستی ئابووری و تکنۆلۆژیادا، و چ لە بواری نیزامییەوە سەیری دەکرێن و بار قورسایی خۆیان هەم لە ناوچەکەداو هەمیش لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتیدا هەیە، وەک نموونەیەک دەتوانین ئاماژە بە "دەوڵەتی ئیسرائیل "بکەین، کە بێ گومان ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی خەباتی رزگاریخوازانەی هەر نەتەوەیەک کە خوازیاری رزگاری و چارە خۆ نووسینیە.
حاشا هەڵنەگرە کە نەتەوەی کورد بۆ بەدی هێنانی ئامانجە لە مێژینەکانی هیچ کات و لە هیچ یەک لە قوناخە جۆراو جۆرەکانی خەباتدا کەم تەرخەمی نکردووە و بەردەوام سووتەمنی ئەم خەباتە بە ئامانج نەگیشتووەی دابین کردووە،دیارە کە کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی دیکەی سەر ئەم گۆی زەوییە خاوەن رێبەرو سەرکردەو کاسایەتی ناسراوهەم لەناوچەکەداوهەمیش تا ڕادەیەک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بووە، هۆکاری بە ئامانج نە گەیشتنی دەیان ساڵەی خەباتی نەتەوەکەمان کە قوربانییەکی لە ئەژمارنەهاتووی پێشکەش بە نیشتمانە داگیرکراوەکەی کردووە،چییە؟
باوەڕی بەشێک لە مێژوو نووسەکان دەگەڕیتەوە بۆبوونی کورد لە ناوچەیەکی پەڕاوێز خراوکە لە نێوان ناوەندەکانی دەسەڵاتی دەشتی میزوپۆتامیا و بانەکان، واتە "ناوچە شاخاوییەکان"، کە لە ڕووی جوعرافی و سیاسی و ئابوورییەوە هەر بە پەڕاوێز خراوی ماوەتەوە،ئەمە تا چ رادەیەک ئەم باوەڕانە دەتوانێ هۆکار بێت بۆ بە ئامانج نەگەیشتینی نەتەوەی کورد، دەگەڕێتەوە بۆ بیر و لێهەڵێنجانی تاکی کورد لە هەمبەر ڕووداوە مێژوویەکاندا، کە من نامەوێت بچمە ناو ناوەرۆکی بیرو باوڕی مێژوونووسەکان، بەڵکومەبەست تەنیا ئەو خەسارانەیە کە خەباتی دەیان ساڵەی نەتەوەکەمانی بە نەزۆکی هێشتۆتەوە.
دیارە یەک نەبوون لە نێو هەر کۆڕو کۆمەڵێکدا هۆکارە بۆ بە ئامانج نەگەیشتن،" تایبەتەن لە نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکاندا"،بە لە بەر چاو گرتنی ئەم راستییە کە حیزب و لایەنه سیاسییەکان، کە هەم جڵەوی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی کوردیان بە دەستەوە بووە وهەیە، هەمیش بەرپرسیارێتی مێژوویان لە ئەستۆیە، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا دەگەڕیتەوە بۆ ئاستی وشیاری نەتەوەیی لە هەمبەرمافە سەرەتاییەکان،کە وابووناڕەوا نییە بڵین خۆبواردن لە هەر یەک بوونێک، تایبەتەن یەک بوونی نەتەوەیی لە هەمبەر بەرژەوەندییە باڵاکاندا،ناراستەوخۆوبە جۆرێک لە جۆرەکان،شێوازێکە لە شێوازەکانی خزمەت کردن بە دەسەڵاتە ناوەندەکان کە چەندین سەدەیە نەتەوەی کورد لە ژێرحوکمی زەبروزەنگی ئەواندا ژیانی کولەمەرگی دەباتە سەر، بە واتایەکی دیکە یەک نەبوون سپاردنی چارەنووسی نەتەوەیەکە بە دەست دەسەڵاتە ناوەندەکان و خۆ بواردن لە واقیعی ئەرکی نەتەوەیی، کە ئەمە دەتوانی بۆ بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان خەسارێکی گەورە و مەترسیدار بێت.
بەو هیوایەی هەموومان هەست بەو مەترسیە بکەین.
کەمال مام خزری
٢٨/١/٢٠١٢