فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 نووسین و ئامادەکردنی : فوئاد زیندانیfuad zindani

بەشی چوارەم/ شارۆچکەی دربێسی: لەشارۆچکەی دربێسی شاندی ئینتەرناسیونال سەردانی (پارتی چەپی کوردی سوریا) یکرد ، لەلایەن شێخ موس موسا ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ناوبراو پێشوازی لەشاندەکە کرا ، ناوبراو  گووتی پارتی چەپی کوردی لە سوریا لە ڕۆژی ١٩٦٥/٨/٥ دامەزراوە ، محەمەد موسا سکرتێری پارتەکەیە ، وە ئێمە وەکو پارتی چەپ پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو پارتەکانی ڕۆژئاوا هەیە ، لەدژی چەتە و ئیسلامیە ڕادیکاڵەکان پشتگیری یەپەگە دەکەین ، دوو شەهیدمان لە ڕیزەکانی یەپەگەدا هەیە بەناوەکانی (ئازاد موسا حەسەن ، فەرحان حسێن) ئازاد لە تەلتەمر شەهیدبوو ، وە فەرحان شوفێری ئەمبوڵانس بوو لەهەیڤا سۆرێ کوردستان کاریدەکرد ، لەکاتی کارکردنیدا تیرۆریستە ئیسلامیەکان ئەمبولانسەکەیان تەقاندەوە و لەهەمانکاتدا بەدۆشکە لێیاندابوو شەهیدیانکرد. دواتر شاندەکە سەردانی (پارتی دیموکراتی کوردی سوریا ) یکرد کە جەمال شێخ باقی سەرۆکی پارتەکەیە ، ئەو پارتە ماوەی دوو ساڵ یەکێک بوو لەپارتەکانی ناو ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی ، بەڵام بەشاندەکەیان ڕاگەیاند ماوەی هەفتەیەکە ئەنجوومەنەکەیان جێهێشتووە و کشانەوەی پارتەکەی خۆیان لەو ئەنجوومەنە بەفەرمی ڕاگەیاندووە .

 

rojawa

ڕۆژی ٢٠١٣/١٠/١٥ کاتژمێر 6:00 ی بەیانی ، بەشێک لە دێلیگاسیۆنی ئینتەرناسیونال لەشاری قامیشلۆ سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی کرد ، لەوێ بنەماڵەی شەهیدان لەسەر گۆڕی شەهیدەکانیان کۆببوونەوە ، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ژمارەی خەڵک زیاتر دەبوو ، دەنگ و سەدای دایکی شەهیدان ویژدانی مرۆڤی دەهەژاند ، ئەو هەستەی دایکانی شەهیدەکان دەریاندەبڕی ، هیچ پێنووسێک ناتوانێ بینووسێ و هیچ زمانێک ناتوانێ دەریببڕێ و هیچ شاعیرێک ناتوانی بیهۆنێتەوە ،  ورەی بەرزی خانەوادەی شەهیدان وایکردووە هەموویان ببن بەیەک بنەماڵە ، تەنانەت شیرینی لەلایەن بنەماڵەی شەهیدان دابەشدەکرا وەک هێمای سەربەرزی بۆ شەهیدە نەمرەکان ، لەناو بنەماڵەی شەهیدەکاندا سێ بنەماڵەی عەرەب هەبوون ، ژنێکی عەرەب کوڕەکەی تەمەنی (١٧) ساڵ بوو لە ڕیزەکانی یەپەگەدا شەهیدببوو ، کاتێک مرۆڤ سەردانی گۆڕی شەهیدان دەکات ئەوکات دەزانێ ڕزگاری و ئازادی نرخی چەندە و چۆن دەستەبەرکراوە و دەستەبەردەکرێ . هەر ئەو ڕۆژە کاتژمێر 5 ی بەیانی کە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان بوو چەتەکان لەگوندی تەلعەلۆ هێرشیانکردە سەر کوردان ، هێرشەکە لەکاتێکدا ئەنجامدرا کە ڕۆژێک پێشتر یەپەگە بەبۆنەی جەژنی قوربان ئاگربەستی لەهەموو بەرەکانی شەڕ ڕاگەیاندبوو ، بەڵام چەتەکان ئەو ئاگربەستەیان شکاند و بەدەرفەتیان زانی هێرش بکەن ، بۆ ئەم مەبەستە هێزەکانی خۆیان کۆکردبۆوە لە گوندی تەلعەلۆ خۆیان تاقیکردەوە ، وەکو هەمووجار شکستیان هێنا نەیانتوانی بەرەنگاری هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە ببنەوە ،  تەلعەلۆ نزیک چەلاغایە ماوەی شەست کیلۆمەتر لە دیرک دوورە .

شایانی ئاماژە پێکردنە هێزەکانی ( یەپەگە و یەپەژە ) بەردەوامن لە ڕزگارکردنی یەک لەدواییەکی شار و شارۆچکە و گوندەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەدەست چەتەکانی بەرەی نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام کەگرێدراوی ڕیکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەن ، وە تائێستا (یەپەگە و یەپەژە) لەهەموو شەڕەکان سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە ، وە ئەو سەقامگیری و ئارامیەی لەناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هاتۆتەدی بەرهەمی سەرکەوتنە سەربازیەکان و قوربانیدانی (یەپەگە و یەپەژەیە ) ە .

ڕزگارکردنی تەلکۆچەر

دوای ئەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگای نەدا هاوسەرۆکی پەیەدە (ساڵح موسلم) بێتەوە ناو خاکی هەرێمی کوردستان ، هێزەکانی (یەپەگە و یەپەژە) لە شارۆچکەی تەلکۆچەر هێرشیانکردە سەر هێزەکانی دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام و بەرەی نوسرە کەگرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەن ، توانیان تەلکۆچەر ڕزگار بکەن و چەک و تەقەمەنەیەکی زۆریشیان دەسکەوت و دەرگایەکی تری ڕۆژئاوای کوردستانیان کردەوە لەسەر سنوری عیڕاق ، ڕزگارکردنی تەلکۆچەر هاوکێشەکەی بەتەواوی گۆڕی و بووە جێگەی سەرسوڕمانی ووڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی تورکیا کە لەڕێگای یارمەتیدانی ڕاستەوخۆی تیرۆریستەکان و دروستکردنی دیواری شەرم و سەپاندنی ئابڵوقەی ئابووری دەیوویست گەلانی  ڕۆژئاوای کوردستان بێ ئالتەرناتیف بمێننەوە . تەلکۆچەر جگەلەوەی دەرگایەکی سنوریە بۆ هاتووچۆ و بازرگانی بەکاردەهێنرێت ، کێلگەی نەوتیشی تیایە . بۆ حکومەتی ناوەندی عیڕاقی ڕزگارکردنی تەلکۆچەر لەدەستی هێزە تیرۆریستیەکان گرنگی زۆری هەیە لەبەرئەوەی وەکو دەرگایەکی سنوری سەرچاوەی هاتنی تیرۆریستان بوو بۆ ناو عیڕاق . دوای ڕزگارکردنی شارۆچکەی تەلکۆچەر بەگشتی سەدا (30) کێڵگەکانی نەوتی سوریا لەژێر کۆنتڕۆڵی لایەنی کوردیدایە ، تەلکۆچەر شارۆچکەیەکی کوردیە بەڵام ڕژێمی بەعسی سوریا بەپەیڕەوکردنی سیاسەتی بەعەرەب کردن شارەکەی پڕکردبوو لەهاووڵاتیانی عەرەبی هاوردە .

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی لەڕۆژئاوای کوردستان تا هەڵبژاردنی گشتی و پێکهێنانی پەرلەمان

لەڕووی سیاسیەوە ، دوای جەندین مانگ لەکارکردنی سیاسی ، ئەو پڕۆژەیەی کە پەیەدە پێشکەشی پارتە سیاسیەکان و کەسایەتیە نیشتمانپەروەرەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردبوو ،  ڕۆژی ٢٠١٣/١١/١٢ دوای سێ ڕۆژ بەردەوامبوون لە کۆبوونەوەکان لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەبەرایەتی کاتی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەبەشداری (٨٦) کەس ڕاگەیەنرا ، نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکانی کورد ، سریانی و ئاشوری ، عەرەب ، چەچەن لەناویاندا نوێنەری (٣٥ ) پارتی سیاسی و ڕێکخراوی مەدەنی ئامادەبوون .

ئەو لایەنانەی بەشداری پێکهێنانی بەڕیوبەرایەتی کاتی ڕۆژئاوای کوردستانیان نەکرد بریتین لە : ئەلپارتی کە عەبدولحەکیم بەشار سەرۆکایەتی دەکات ، پارتی ئازادی کە مستەفا جومعە سەرۆکایەتی دەکا ، پارتی یەکیەتی کوردانی سوریا .

دەستنیشانکردنی ڕۆژئاوای کوردستان به‌ سێ (هه‌رێمی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر ) ڕاگەیەنرا ، هه‌رێمه‌کانیش بریتین لە (عه‌فرین، کۆبانێ ، جزیره‌ ) هەر هەرێمێک ئەنجوومەنی خۆی دروستدەکات وە لەئەنجوومەنی گشتیدا نوێنەری دەبێت . بەڕێوەبەرایەتیەکان ئەرکی دانانی یاسای هەڵبژاردن و ئاماددەکاریەکانی هەڵبژاردن و نووسینەوەی دەستوور جێبەجێدەکەن ، چاوەڕێدەکرێ دوای سێ مانگی تر هەڵبژاردنی گشتی لەڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامبدرێ ، بۆیەکەم جار لەمێژووی ڕۆژئاوای کوردستان پەرلەمان و حکومەت لەدایک دەبێ .

ئەو (٣٥) پارت و لایەن و ڕێکخراوانەی بەشداریان لەدامەزراندنی بەڕێوەبەری کاتی ڕۆژئاوای کوردستان کرد بریتین لە :

پارتی لیبڕاڵی کوردستان ، پارتی ئاشتی و دیموکراتی ، پارتی چەپی دیموکراتی کورد ، جڤاکی نیشتمانی دیموکراتی کورد لە سوریا ، پارتی دیموکراتی کوردستان ، پارتی کاری کۆمۆنیست ، پارتی چەپی کورد ، کۆمەڵەی نەتەوەی سوریا ، دەستەی نیشتمانی عەرەب ، دەستەی هەمئاهەنگی ، پارتی یەکیەتی سریانی ، یەکیەتی ئەکادیمیەکانی سریانی ، یەکیەتی ژنانی سریانی ، یەکیەتی ستار ، پارتی دیموکراتی کوردی سوریا ، پارتی یەکیەتی دیموکراتی " پەیەدە " ، یەکیەتی لاوانی سریانی ، دەستپێشخەری ژنانی سوریا ، کۆمەڵەی کلتوری سریانی ، دەستەی ئاشتی ناوخۆ ، ڕێکخستنی شۆڕشگێڕی ژنان ، مافناسانی ڕۆژئاوای کوردستان ، پارتی کۆمۆمۆنیستی کوردستان ، تەڤگەری جڤاتی دیموکراتی " تەڤدەم " ، بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ، پارتی دیموکراتی کوردستان سوریا ، ڕێکخراوی سارا لەدژی ئەشکەنجەی سەر ژنان ، تەڤگەڕی گەنجانی ژنانی شۆڕشگێڕ ، کۆنفیدراسیۆنی خوێندکارانی ووڵاتپارێزی کورد ، تەڤگەڕی گەنجانی شۆڕشگێڕ ، ڕێکخراوی جڤات و دەوڵەت و هاووڵاتیان ، جڤاکی گەنجانی پێشڤەڕۆی سوریا ، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کورد ، ئەنجوومەنی گەل ڕۆژئاوای کوردستان ، دەستەی باڵای کورد .

کاردانەوەکان دوای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی لە ڕۆژئاوای کوردستان

دوای ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی کاتی لە ڕۆژئاوای کوردستان ، گەلی کورد لەئاستی چواربەشی کوردستان دڵخۆش بوون بەو هەنگاوە مێژووییە ، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان کورد ، سریانی و ئاشوری ، عەرەب و پیکهاتەکانی تری کۆمەڵگا بەگەرمی پێشوازیان لەو هەنگاوە کرد .

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لەبارەی بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە ، پەیامەکە دوو ڕۆژ پێش گەشتەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ شاری ئامەد ودیداری لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بڵاوکرایەوە ، کە لەبەشێکیدا هاتبوو : جێگەی داخە لایەنی پەیەدە سەرباری سوودوەرگرتنی لە ڕێککەوتنی هەولێر ئامادە نەبوو پابەندی بێت و هەموو لایەنەکانی بەلاوە نا و هەوڵیدا بە زۆری چەک و بەڕێککەوتنی نهێنی لەگەڵ ڕژێم خۆی بکاتە ئەمری واقعی سەربازی . باسی شۆڕش دەکەن کە شۆڕشیان لە ڕۆژئاوا بەرپا کردووە بەڵام کام شۆڕش و لەدژی کێ ؟ ئەوان تەنیا ناوچەکانیان لەلایەن ڕژێمەوە ڕادەست کراوە .

لەبەشێکی تری پەیامەکەداهاتووە : من بەرانبەر بەئاییندەی ڕۆژئاوای کوردستان نیگەرانم و ئەو ترسە لەئارادایە کەئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست کورد بچێت چونکە ڕژێم هیچ دانی نەناوە بەمافی کورد لەبەرانبەر ئەو هاوکارییەی پەیەدە پێشکەشی ڕژێمی کردووە و لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیش ، کورد بەبەشێک لەڕژێم هەژماردەکات و ئەوەشیان کێشەی جددی بۆ گەلەکەمان لەداهاتوودا دروست دەکات .

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیەدە تاکلایەنانە ئیدارەی خۆی لە ڕۆژئاوا ڕاگەیاندووە و ئەوەش تاکڕۆیەکی ئاشکرا و پەراوێزخستن و بەلاوەنانی حزبە کوردییەکانی دیکەیە . ئێمە داکۆکی لەسەر هەڵوێستی خۆمان دەکەینەوە و تەنیا پشتگیریی ئەم هەنگاوانە دەکەین کە هەموو لایەنەکان پێکەوە بڕیاریان لەسەردابێت و مامەڵە لەگەڵ بڕیاری تاکلایەندا ناکەین .

ئۆپۆزیسیۆنی سوریا "هاوپەیمانی نیشتمانی سوریا " دژی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی کاتی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵوێستی خۆی نیشاندا ، وە بەهەمان شێوە وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داود ئۆغڵو لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە بەڕێوبەرایەتی کاتی لە ڕۆژئاوای کوردستان  ڕایگەیاند : ئەو هەڵوێستە هەوڵدەدات سنوری سوریا دابڕێژێتەوە بۆ سێ پارچە دابەشی بکات ، ئەوەش وەکو یاریکردن بە ئاگر وایە .

جێن ساکی ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند : ئەمەریکا هەمووکاتێک پشتگیری لە سوریایەکی یەکگرتوو کردووە ، نیگەرانین لە هەوڵی دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی چونکە بڕیاری لەو جۆرە کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت .

ڕۆبەرت فۆرد باڵوێزی ئەمەریکا لە سوریا ، لەوەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) کەبەزمانی عەرەبی دەردەچێت لە ژمارە ١٢٧٧١ ی  ڕۆژنامەکە کە لە ١٥/١١/٢٠١٣ دا بڵاوکرایەوە لەبەشێکیدا ڕایگەیاندبوو : کوردەکان چەوساندنەوەی زۆریان چێشت لەسەردەمی ڕژێمی ئەسەد و پێشتریش ، مافی هاووڵاتی بوونیان لەسوریا نەبوو ، ڕەگەزنامەی سوریان نەبوو ، بۆ نموونە نەیاندەتوانی پاسەپۆرتی سوری بەدەستبێنن . ئیجرائاتی ڕەگەزپەرستی لەدژی کوردان هەبوو لەبابەتی موڵک بەناوکردن ، بۆیە ئاسانە تێبگەین لەبەرچی کورد هەوڵی گۆڕانکاری دەدەن . بەهیوام گەل لەناوچە کوردیەکان لەبیریانبێت کە بنچینەی کێشەکان لە ڕژێمی سوریاوە هاتووە ، وە ئەو ڕژێمە کێشەکان چارەسەر ناکات ، وە کوردەکان لەسەریانبوو مامەڵە لەگەڵ دوژمنێکی تر بکەن وەکو گرووپە ئیسلامیەکانی دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام ، بەرەی نوسرە ، لەهەردوو باردا ئەو ئیسلامیانە هێرشیانکردە سەر خەڵکی مەدەنی – سڤلی کورد بەشێوەیەک ڕێگایان پێنەدرا بەشداری شۆڕش بکەن ، بۆیە لەڕووی سیاسیەوە تیدەگەم ئەوەی کوردان پێیهەڵساون بەهۆی ئەزموونەکەیانە ، بەڵام کێشە کوردیەکان کێشەی دەستوورین ، پێوویستە گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم سورییەکان بکرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی تەوافقی ، بەگرتنەبەری ڕێوشوێنی تاکلایەنە چارەسەرنابێ .

خوێنەری ئازیز بەشی داهاتوو کەبەشی پێنجەم و کۆتاییە خوێندنەوەی گشتی بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و هەڵسەنگاندی کاردانەوەکان لەخۆدەگرێ بڵاودەکرێتەوە .

 27/11/2013

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان