نووسینی : فوئاد زیندانی – بەشی دووەم
ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕش و دەرفەتەکان و ئابڵوقەی ئابووری و ڕووبەڕوبوونەوەکان
لێرەدا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دەستپێکردنی کێشەکان لەشاری سەرێکانی بۆ ئەوەی ڕایگشتی زیاتر ئاشنابێ بە بارودۆخەکە . لەبەرواری ٢٠١٢/١١/٨ کاتژمیر یەکی شەو هێزەکانی نوسڕە و سوپای سوریای ئازاد و هەندێک عەرەبی ناوچەکە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی ڕژێمی بەعسی سوریا لەسەرێکانی ، ئەو کاتە ڕژێم لەسەرێکانی نەمابوو ، تەنیا بنکەیەکی مابوو بەناوی ئاسایشی سەربازی (امن العسکري)، کاتێک هێرش کرایە سەر ئەو بنکەیە ، ئاسایشەکانی سەربازی ڕژێم ماوەی ٧٢ کاتژمیر بەرگریانکرد لەکۆتاییدا هەموویان کوژران تەنیا یەکێکیان بەبرینداری مایەوە دواتر دەستبەسەرکرا و بردیان . دوای ئەوەی ڕژێم نەما ئیسلامیەکان دەستیانکرد بە تۆقاندنی خەڵک ، بەژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمۆبیل بەناو شارەکەدا دەسوڕانەوە و هاواریاندەکرد ئەڵاهوئەکبەر ، دواتر لیستێکیان لە بنکەی ئاسایشی سەربازی ڕژێم دەستکەوتبوو هەرکەسێک ناوی لەلیستەکەدا هەبوایە هێرشی ئەو کەسانەیانکرد ، هەریەکەیان (500) هەزار لیرەی سوریان لێئەسەند . دوایئەوەی هەلیکۆپتەرێکی ڕژێم بەسەر شارەکە سوڕایەوە ، دواتر فڕۆکەی شەڕکەر شارەکەی بۆردوومانکرد، لەیەکەم بۆردووماندا ماڵێکی کورد بەربۆردوومانەکە کەوت لەئەنجامدا کچێک گیانی لەدەستدا و ژنێکیش برینداربوو ، دواتر بۆ ماوەی 5 تا 6 ڕۆژ هەموو ڕۆژێ لەنێوان کاتژمێرەکانی 9 تا 10 ی پێشنیوەڕۆ فڕۆکەی شەڕکەر بۆمبارانی شارەکەی دەکرد ، دیسان ماڵێکی کورد بەربۆردوومانەکە کەوتن ، 2 مناڵی کورد کوژران و 3 منداڵی خەڵکی حەلەبیش لەوێ برینداربوون . بەرەی نوسرە و سوپای سوریای ئازاد کاتی بۆمبارانکردن بەرەو تورکیا دەچوون ، وە بریندارەکانی خۆیان دەبردە تورکیا ، وە ڕۆژانە خواردنیان لەتورکیاوە بۆ دەهات . لەئەنجامی بۆمبارانکردنەکان بەگشتی 10 کەس کوژران ، ژمارەی دانیشتوانی سەریکانی 50 هەزار کەسبوو بەڵام زۆربەیان شارەکەیان جێهیشت . دوای ئەوەی ڕژێم نەما لەسەرێکانی دانیشتوانی شارەکە داوایانکرد هێزەکانی سوپای سوریای ئازاد و بەرەی نوسرە و یەکینەی ئەحفادی محەمەد شارەکە چۆڵ بکەن چونکە هیچ هۆکارێک نیە ئیتر لێرە بمێننەوە ، بۆ ئەم مەبەستە ئەو خەڵکەی لەشارەکە مابوونەوە خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەیان لەدژی مانەوەی ئەو هێزانە سازکرد ، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە ئەو هێزانە تەقەیان لەجەماوەرکرد ، هەروەها هێرشیانکردە سەر یەپەگە کە لەو کاتەدا دوو بازگەی لەشارەکەدا هەبوو . ئیسلامیەکان ئەندامێکی ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرێکانیێ کەناوی عابد خەلیل بوو لەگەڵ دوو کوردی تر خالید و ساڵح کەهەردووکیان ئەندامی ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای کوردستانبوون ئەوانەیان قۆڵبەستکرد و کوشتیان ، وە هەروەها کوردێک ناوی عەبدولڕەحمان حەمۆ بوو بریندارکرا . بەرەی نوسرا پلانی لەناوبردن و پاکتاوکردنی گەلی کورد بەگشتی و یەپەگە بەتایبەتی هەبوو ، .لەشەڕێکدا لە ناوەڕاستی مانگی دیسێمبەری ٢٠١٢ کاتژمێر ٢ ی دوای نیوەڕۆ ژنێک لەڕیزەکانی یەپەگە شەهیدبوو ، وە ١٤ چەتەی ئیسلامی کوژران ، دواتر سەعات ١١ ی شەو لەگوندی عەلۆ یەپەگە هێرشی کردەسەر بازگەیەکی نوسرە ، سەرکەوتنی بەدەستهێنا ، کاتژمیر ١ی شەو یەپەگە لەسەرێکانی هێرشی کردە سەر چەتەکان لەو شەڕەدا (١٢٠) چەکداری نوسرە کوژران و ٢٠ ئۆتۆمۆبێل و چەکێکی زۆر و دۆشکەیەک کەوتە دەستی یەپەگە ، دواتر ئەنجوومەنی سەربازی سەربە سوپای سوریای ئازاد ناوبژیوانی شەڕەکەی کرد لەئەنجامدا ماوەی ١٥ ڕۆژ تەقە ڕاگیرا ، کەشوهەوا زۆر ساردبوو ئاو و کارەبا و خواردن لەشارەکە نەبوو ، شارەکە ببووە شارێکی زۆر مەترسیدار، ڕۆژانە نان و خواردن لە شارەکانی قامیشلۆ و دەرباسیە بۆ سەرێکانیێ دەهات . سوپای سوریای ئازاد و بەرەی نوسرە دەستیان بەتاڵانکردنی ماڵی هاووڵاتیانکرد ، بەتایبەتی سوپای سوریای ئازاد تاڵانی زۆریکرد ، بەهۆی ئەوەی نانەواخانەیەک لەشارەکە لەژێر دەستی یەپەگەبوو ، سوپای سوریای ئازاد بۆ ئەوەی نانەواخانەکە بخاتە ژێر کۆنتڕۆلی خۆی شەڕی هەڵگیرساند ، لەئەنجامدا چوار یەپەگە شەهیدبوون و 150 چەکداری سوپای ئازاد کوژران ، ماوەی چەند ڕۆژێک لاشەکانیان لەوێ کەوتبوو سەگ دەیانخوارد ، دواتر لاشەکان لەلایەن یەپەگە و خەڵکی سڤیلی شارەکە ژێرخاککران ، وە شەهیدەکانی یەپەگە و خەڵکی سڤیل لە گۆڕستانی ڕۆستەم جوودی لەدەربەسیە بەخاک دەسپێردران ، دواتر بەرەی نوسرە بووە ناوبژیوان لەنێوان یەپەگە و سوپای سوریای ئازاد بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕەکە ، هێزەکانی یەپەگە توانی ٢ کیلۆمەتر ڕێگای حەسەکە کۆنتڕۆڵ بکات کەدەکاتە کۆنتڕۆڵکردنی یەک لەسەر سێ واتە چارەگەکی شارەکە . چەند یەکینەیەکی کوردی لەوانەش یەکیەنەی مەشعەل تەمۆ ، پارتی ئازادی سەربە موستەفا جومعە هاریکاری بەرەی نوسرەیاندەکرد ، دەولەتی تورک داوای لێیاندەکرد کێڵگە نەوتیەکانی ڕومێلان کۆنتڕۆڵ بکەن . دوای بیست ڕۆژ مانگی شوباتی ٢٠١٣ بوو دیسان هێرشکرایە سەر یەپەگە ، ئەو شەڕە شەڕێکی گەورەبوو بەشەڕی 15 ڕۆژە ناسراوە لەبەر ئەوەی ماوەی ١٥ ڕۆژ بەردەوامبووە ،ئەمجارە یەپەگە توانی نیوەی شارەکە کۆنتڕۆڵبکات لەئەنجامی ئەو شەڕەدا ١٢ کەس لەپەپەگە شەهیدبوون و 250 چەتەش کوژران و لاشەکانیان بەکۆمەڵ ژێرخاککران ، ژمارەی کوژراوانی چەتەکان زۆر بوو لەبەر ئەوەی بێپرەنسیپن خۆشیان نازانن بۆ هاتوونە شەڕی گەلی کورد دەکەن ، جگە لەوەش نازانن شەڕبکەن ، دواتر ئەندامێکی بەرەی نوسرە کەناوی موهەننەد ئەلڕومانی بوو دەبێتە ناوبژیوانی شەڕەکە لەنێوان یەپەگە و سوپای سوریای ئازاد ، ماوەی 10 ڕۆژ تەقە ڕاگیرا ، دواتر یەپەگە هێرشیکرد تا گەیشتە کڵێسا ، بەرەی نوسرە (باڕێک) ی تەقاندبۆوە وە کڵێساکەشی ئاماددەکردبوو بۆ تەقاندنەوەی ، بەڵام دوای ئەوەی یەپەگە کڵێساکەی ڕزگارکرد نەیهێشت بۆمبەکان بتەقێندرێنەوە . دوای ڕزگارکردنی کڵێساکە خەڵک دەستیانکرد بەگەڕانەوە بۆ شارەکەی خۆیان سەرێکانی ، تا مانگی تەمووز شەڕ ڕووینەدا لەو ماوەیەدا لایەنی کوردی دەستیکردبە چاککردنەوەی ئاو و کارەبا و خاوێنکردنەوەی شارەکە ، لە تەلخەلەف کە ٣ کم لە سەرێکانیێ دوورە ، چەتەکانی نوسرە و سوپای سوریای ئازاد کۆگای گەنمی شارەکەیان تاڵانکرد و فرۆشتیانە تورکیا . لەمانگی ڕەمەزان ئەندامێکی یەپەگە کاتێک ئایسکرێم دەخوات لەلایەن بەرەی نوسرە دەستبەسەردەکرێ و لووتی دەشکێنن ، یەپەگەش مۆڵەتی دوو کاتژمیر دەداتە بەرەی نووسرە بۆ ئازادکردنی ئەندامەکەی یەپەگە ، پێیاندەڵێ ئەگەر ئازادی نەکەن ئەوا هێرش دەکەینە سەرتان ، نوسرە ئەندامەکەی یەپەگەی ئازادکرد ، بەڵام دواتر یەپەگە هێرشیکردە سەریان ئەمجارە بەتەواوی کۆنتڕۆڵی شاری سەرێکانی کرد ، لەوکاتەوە تائێستاش هیچ هێزیکی نوسرە و دەولەتی عیڕاق و شام و سوپای سوریای ئازادی تیا نەماوە ، تەنیا هێزەکانی یەپەگە لەوێن ، شارەکە دەپارێزن ، بەڵام هەردوولا شەو و ڕۆژ ٢٤ کاتژمیر بەرامبەر یەکترن لەپشت فەردەخۆڵەکانی ڕەبایە چاودێری یەکتریدەکەن هەرکەسێک لەهەرلایەک سەری لەفەردە خۆڵەکە زیاتر بەرزبکاتەوە ئەوا دەکرێتە ئامانجی چەکی (قەناس – قناص) ی لایەکەی تر . لەتەنیشت دوایین ڕەبایەی سەربازی یەپەگە کەبەرامبەر هێزەکانی ئیسلامیەکانن لەوێ دەولەتی تورک دیواری شەرمی دروستکردووە ، دروستکردنی دیوارەکە ڕۆژی ٢٠١٣/١٠/١٢ تەواوبوو ، پێشتر ئەوێ دەرگای فەرمی نێوان سنوری ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری کوردستانبوو لەسەرێکانی ، لەسەر دیوارەکەش هێزەکانی تورکیا کامێرای چاودێریان داناوە هەموو جوڵەیەک لەو دەوروبەرە دەبینن ، دوورنیە لەڕێگای ئەو کامێرایە تورکیا چاودێری هێزەکانی یەپەگە بکات و زانیاریش بداتە هێزە تیرۆریستیەکان . هەر لەتەنیشت دیواری شەرم واتە دووری چەند مەترێک ئەولاتر باڵەخانیەک هەیە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی یەپەگەدایە ، لەوێدا لەشەڕێکدا کاتێک هێزەکانی یەپەگە شارەکە ڕزگار دەکەن چەند کەسێکی سەربە بەرەی نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام لەناو ئەو باڵەخانەیە تەقەدەکەن دواتر لەلایەن یەپەگەوە دەستبەسەردەکرێن و دوایی دەرکەوت هەندێکیان کوردی باشوری کوردستانن خەڵکی هەڵەبجە و شاری سلێمانی بوون . سەرباری ئەو بارودۆخە دژوارە بەمشێوەیە یەپەگە شارەکە دەپارێزێ ، خەڵکی شارەکە بەئارامی دەژین ، بەرەی نوسرەش هەڕەشە دەکات دەڵێ دێینەوە بۆ سەرێکانی ، ئامانجی لەو هەڕەشەکردنەوە ئەوەیە خەڵکی سڤیل بترسن دووبارە شارەکە جێبهێڵن .
کاتێک شاندی ئینتەرناسیونال سەردانی شاری سەرێکانی کرد لەیەکێک لەشەقامەکانی نزیک لە هێڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوە ، ژنێکی عەرەب ڕەشپۆشبوو فۆتەی لەسەربوو واتە محەجەبە بوو ، هات وەستا گووتی تکایا وێنەم مەگرن من دەمەوێ قسەتان لەگەڵبکەم ، بەڵام ئایا ئێوە عەرەبی دەزانن ؟ گوتمان بەڵێ فەرموو ، گووتی من عەرەبم موسڵمانم خەڵکی سەرێکانیم ناوم (م.ا.ک ) هاوسەرەکەم ناوی (عبدالرحمن .م.بیضون ) ە لە ڕۆژی ٢٠١٣/١/٢٤ بە ئۆتۆمۆبیلەکەی خۆی لەسەرێکانی ڕۆیشت بۆ شاری حمص بۆ ئەوەی سەوزە و میوە لەوێ بکڕێ و لێرە لەدوکانەیدا بیفرۆشیتەوە ، بەڵام ڕۆیشت نەگەڕایەوە ، دوای چەند ڕۆژێک ئۆتۆمۆبیلەکەیم دیت لێرە لەسەرێکانی بەدەست سوپای سوریای ئازادبوو ، منیش پەنامبرد بۆ یەپەگە ، بابەتەکەم بۆیان باسکرد ، ئەوانیش هاتن ئۆتۆمۆبیلەکەیان دۆزیەوە دوو کەسی سوپای سوریای ئازادی تێدابوو ، هەردوکیان دەستبەسەرکرد ، شەو هێزێکی سوپای سوریای ئازاد هاتنە ماڵەکەم هەڕەشەیان لێمکرد گوتیان ئەگەر ئەو دوو کەسە و ئۆتۆمۆبیلەکە ئازادنەکرێن ئەوا خۆت و هەر شەش منداڵەکەت دەکوژین ، منیش لەم ترسە چووم داوام لەیەپەگە کرد کە ئازادیان بکەن ئۆتۆمۆبیلەکەشیان پێبدەنەوە ، لەو کاتەوە هاوسەرەکەم چۆن ڕۆیشتووە تا ئێستا بزرە ، تکادەکەم گەر بتوانن یارمەتیم بدەن . لەناو شاری سەرێکانی کاتێک شاندی ئینتەرناسیونال سەردانی کڵێسای شارەکەیکرد ، دەرگای کڵێساکە داخرابوو ، لەسەر دەرگاکە شوێنەواری گولـلەی زۆر بەدیدەکرا وە بەعەرەبی نوسرابوو لەناودەبردرێن بەتەمای خودا (ستبادون بآذن الله) ، دواتر ژنێکی کریستیان هات دەرگاکەی کردەوە ،گووتی ئەم کڵێسایە ئێستا نوێژی تێدا ناکرێ چونکە مامۆستای ئایینی کڵێساکە لەترسی گیانی خۆی ڕۆیشت لێرە نەماوە ، کەسیش نیە جێگای ئەو بگرێتەوە ، کڵێساکە زیانی زۆری پێگەیشتووە ئیسلامیەکان کڵێساکەیان بۆمبڕێژ کردبوو ئامادەیانکردبوو بۆ تەقاندنەوە بەڵام کاتێک یەپەگە شارەکەی ڕزگارکرد بۆمبەکانی لابرد نەیهێشت بۆمبەکان بتەقێتەوە ، پاشان چەند کەسێکی تری کریستیان هاتن ، ژنێک و پیاوێک هاوسەری یەکتر بوون گوتیان ئیسلامیەکان کوڕەکەی ئێمەیان ڕفاند دوای ئەوەی ئەشکەنجەیاندابوو داوای (500) هەزار لیرەی سوری و ئۆتۆمۆبێلەکیان لێمانکرد تا ئازادی بکەن ئەگەرنا بەبێهۆکار دەیانکوشت ، ئێمەش ناچاربووین پارە و ئۆتۆمۆبیلێکمان بۆیانبرد تا ئازادیانکرد . کوڕێکی گەنج لەوێ وەستابوو ناوی یۆنان بوو ئەویش کریستیان بوو بەهەمان شێوە لەلایەن هێزە ئیسلامیەکان ڕفێندرابوو ، دوای ئەشکەنجەدان بەهەمانشیوە بەپارە ئازادکرابوو ، دواتر هەموو ئەو کەسانەی لەوێبوون کریستیان بوون گوتیان ئێمە هەژارین لەڕووی دارایی توانای ئەوەمان نیە شارەکەمان جێبهێڵین ، ئیسلامیەکانیش بەبێهۆکار دەمانکوژن ، ئێستا لەسایەی هێزەکانی یەپەگە ئێمە پارێزراوین و کڵێسا و شارەکەمان پارێزراوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە ئێوە دەکەین دەنگمان بگەیەننە ڕایگشتی لەئەوروپا بەڵکو یارمەتیمانبدەن چارەسەرێکمان بۆ بدۆزنەوە . شایانی ئاماژەپێکردنە گەڕەکە نزیکەکانی هێڵی ڕووبەڕووبووونەوی سەربازی بەدەگمەن خەڵکی تیا ماوە ، کۆڵانەکانی ئەو گەڕەکانە زۆر چۆڵن تەنانەت ئەگەر دوو کەس پێکەوە بەدەنگی بەرز قسەبکەن گوێ بیستی سەدای دەنگی خۆیاندەبن ، بەڵام کاتێک مرۆڤ دەچێنە ناو شاری سەرێکانی لەسەرەتای شارەکە تا ناوەندی شارەکە و تا کڵێساکە ژیان زۆر ئاساییە و ئاوەدانە و خەڵک کاری ڕۆژانەی خۆیان دەکەن و بازاڕ و دوکان کراوەتەوە .
لەمانگی سێپتێمبەری ٢٠١٣ دا بەرەی نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام هاتنە گوندی دەردارە کە گوندێکی عەرەبیە ، دواتر گوندی (عەلۆک )یانگرت و ڕێگای سەرێکانیان گرت ماوەی ٢ ڕۆژ ڕێگاکە گیرا ، پاشان هێزەکانی یەپەگە هاتن لەگوندی عەتیە دەستیانکرد بەڕزگارکردنی گوندی عەلۆک ، شەڕەکە زۆر گەورەبوو ڕۆژی ٢٠١٣/٩/١٦ هێزێکی هاوبەشی بەرەی نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام کەژمارەیان (2000) کەس بوون لەگوندی عەلۆک بوون ، یەپەگە هێزی نارد بۆ ڕزگارکردنی عەلۆک ، یەپەگە سۆزی دابوو هەرچەند شەهید ببن دەبی گوندی عەلۆک ڕزگاربکات ، چونکە ئەگەر عەلۆک ڕزگارنەبێت ئەوا شاری سەرێکانی لەدەستدەچێت وە ئەگەر سەرێکانی لەدەستبچێت ئەوا دەرباسییە لەدەستدەچێ ، لەئەنجامدا توانرا هەرسێک گوندی عەلۆک ، دەردارا ، چاڤا ڕزگاربکری وەبەگشتی ٢٥ کەس لەڕیزەکانی یەپەگە شەهیدکران و 400 لەچەتە ئیسلامیەکان کوژران ، دوای عەلۆک ماوەی ٢ ڕۆژ لە چاڤا شەڕ بوو ، چاڤا گوندی کوردانی یەزیدیە لە ٢٠١٣/٩/٢٦ دا ڕزگارکرا وە رٶژێک دواتر گوندەکانی تر ڕزگارکران ، لەوکاتەوە تا نووسینی ئەم بابەتە لەو ناوچەیە شەڕ وەستاوە ، بەڵام هەردوو لا بەرامبەر یەکتر وەستاون دووری نێوانیان لەنێوان (1کم تا 1.5 کم ).
دێلیگاسیۆنی ئینتەر ناسیونال سەردانی گوندەکانی (عەلۆک ، جاڤا ، دەردارا )یکرد ، ئەو تاوانەی ئیسلامیەکانی سەربە بەرەی نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیراق و شام لەو سێ گوندە بەگشتی و لەگوندی چاڤا بەتایبەتی ئەنجامیانداوە لەمێژووی مرۆڤایەتی تاوانی بەم شێوەیە ڕووینەداوە ، لەسەردەمی ڕژێمی سەدام و ڕژێمی ئەسەد و ڕژێمی هیتلەری نازی مۆسۆلینی فاشی کاری وا دڕندانە و دژە ئەخلاق دژ بەمرۆڤایەتی ڕووینەداوە ، دانیشتوانی ئەو سێ گوندە کە عەرەب و کوردن تەنیا فریای ئەوە کەوتوون گیانی خۆیان دەربازبکەن و ماڵەکانیان جێبهێڵن . دوای ئەوەی یەپەگە هێرش دەکات بۆ ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە ، چەتەکان دڵنیابوونە لەوەی کەناتوانن بەرەنگاری هێزەکانی یەپەگە ببنەوە ، بەم هۆیەوە چەتەکان هەرهەموو خانووەکانیان دوای تاڵانکردن سوتاندووە ، کاتێک شاندی ئینتەرناسیونال چووین بۆ گوندی عەلۆک و چاڤا دیتمان شەقامی گوندەکە کە قیرتاوە شوێنەواری زنجیری تانک – دەبابەی تورکی لەسەرماوە ، شوینەوارەکانی زنجیر بەئاسانی دەبینرێ ، لەو شەڕەدا 4 تانک – دەبابەی تورکی بەشداربووە ، وە ماسکەی سەربازی تورکی لەلای چەتەکان هەبووە ، کاتێک سەردانی زۆربەی خانووە سوتاوەکانمانکرد لەناو زۆربەی خانووەکاندا هەمان جۆری قوتووی خواردنی تورکی لەسەر زەوی کەوتبوو ، تەنانەت پاشماوەی نان – سەموونی تورکی کەوتبوو ، قەوان و فیشەکی تورکی ئێستاش لەوێ کەوتووە ، چەتەکان سێژەمە خواردنی تورکیان پێگەیشتووە . هەندێک ماڵ نەیانتوانیەوە کلیلی دەرگای ماڵەکانیان لەکاتی ڕۆیشتنیان لەگەڵ خۆیاندا ببەن ، کاتێک مرۆڤ سەردانی ئەو شوێنانە دەکا ئەوکات ناسنامەی ڕاستەقینەی ئەو گرووپە تیرۆریستیانە بەتەواوی بۆ دەردەکەوی ، وە ڕووی ڕاستەقینەی تورکیا و ووڵاتانی عەرەبی کەنداو دەردەکەوێ و ڕووی ڕەشی ئەو تاقم و کوردە خیانەتکارانە دەردەکەوی کەلەدژی خەڵکی هەژاری کوردستان شانبەشانی دوژمن لەدژی نەتەوەی خۆیان شەڕیانکردووە
09/11/2013
Foto:Fppk