ئیبڕاهیم لاجانی
چەند قسەیەکی پێویست: مێژووی سزای ئیعدام بە ئەندازەی مێژووی خودی مرۆڤ کۆنە. هەر لەو ڕۆژەوە کە مرۆڤ ئاگری دۆزیەوە، ئەوەش فێربوو کە چۆن هاوڕەگەزی نەیار و موخالیفی خۆی بسوتێنێ. کاتێکیش کە لە گیاوگوڵ و خوری، گوریس و پەتکی درووستکرد، بۆ لە قەنارەدان و هەڵواسینی هاوچەشنی خۆی بە کاری هێنا. ئەو کاتەش کە ئاسنی دۆزیەوە، هەوەڵین کاری ئەوەبوو کە بۆ هەڵبڕینی گەرووی هاونەوعی خۆی تیغ و چەقۆی لێ درووستکا. سەرەنجام لە سەردەمی باڕووتدا، مرۆڤ فێربوو کە بەڕیز داری ئیعدام بچەقێنێ، بۆ ئەوەی سینگی ئەو کەسانە کە بە ئیعدام مەحکووم کراون لە دارەکان شەتەکدراون، بداتە بەر دەسڕێژی گولـلە. مێژووی مرۆڤ لە ڕەوتی چوونە پێشی خۆی دا گەیشتۆتە جێگایەک کە ئێستا خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای ئیعدامە. چۆن داخوازی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلەتی هەڵوەشاندنەوەی ئاپارتاید بە ئاکام گەیشت و ئێستا دەبینین هەم کۆیلەتی و هەم ئاپارتاید بەڕەسمی هەڵوەشاوە ڕاگەیەنراون و قەدەغەن، ئاواش هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدام جێبەجێ دەبێ و سەردەگرێ.
ئینسان لە سەردەمی ئێستادا بەو پلەیە لە تێگەیشتن و شعور گەیشتوە کە لەوە حاڵی بێ مافی ژیان، یەکێک لە سەرەتایترین مافەکانی مرۆڤەو بۆ دابین و دەستەبەرکردنی ئەومافەش جگە لە هەڵوەشانەوەی هەرشتێک کە ئەو مافە بخاتە ژێرپێ و مەترسیەوە، رێگایەکی دیکە لە گۆرێ دانیە.
ئەگەر لە چەرخی ڕابردوودا بەیاننامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیەنرا، پێویستە لەم چەرخەدا ئەو مافانە بەگشتی و مافی ژیان بە تایبەتی بۆ هەموو ئینسانەکان لە ئاستی جیهانیدا سەرلەنوێ پەسند بکرێنەوە. بەواتایەکی دیکە، پاش پەسندکرانی بەیاننامەی جیهانی مافی مرۆڤ لە قەڕنی رابردوودا، زۆربەی وڵاتەکانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئێستا لەگەڵ بزووتنەوەی هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدام کەوتوون. ئەوە بە سەرکەوتنی عەداڵەت بەسەر تۆڵەدا لەقەڵەم دەدرێ.
لە درێژەی چوونەپێش و گەشەکردنی بزووتنەوەی هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدامدا، ئێستا یەکێک لە پێشمەرجەکانی چوونە نێو یەکیەتی ئوررپا، بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی سزای ئیعدام.
لەسەر ئەو بناخەیە، یەکەمین کۆنگرەی جیهانیی هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدام لە رێکەوتی ٢١ی ژوئێنی ساڵی ٢٠٠١، لە شاری ستراسبۆرگی فەڕانسەدا پێکهات. لەو کۆنگریەدا نوێنەرانی کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکانی لایەنگر و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ، ژمارەیەکی زۆر لە مافناسان، نوسەران و کۆمەڵناسان و کەسوکاری قوربانیانی ئیعدام لە سەرانسەری جیهانەوە، بە مەبەستی باس و لیکۆڵینەوە سەبارەت بە سزای ئیعدام، لە دەوری یەک کۆبوونەوە.
بەرهەمی کاری یەکەمین کۆنگرەی جیهانیی هەڵووەشانەوەی سزای ئیعدام، بریتیە لە پەسندکرانی بڕیارنامەیەک کە بە بانگەوازی ستراسبۆرگ ناوی دەرکردوە. پەسندکرانی بانگەوازی ستڕاسبۆرگ بە هەنگاوێکی گرینگ بۆ گێڕانەوە و دابین و دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێ. هەر بۆیە بە پێویستم زانی تێکستی بانگەوازەکە بکەمە کوردی.
بانگەوازی ستراسبۆرگ
یەکەمین کۆنگرەی جیهانیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئیعدام!
ئێمە ئەو کەسانەی لە دژی سزای ئیعدامین، بە بۆنەی یەکەمین کۆنگرەی جیهانیی دژ بەسزای ئیعدام، کە لە ڕۆژەکانی ٢١ تا ٢٣ ی ژوئێنی ساڵی ٢٠٠١دا، لە لایەن، ڕێکخراوی پێکەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیعدام، لە شاری ستراسبۆرگ پێکهات، لە دەوری یەک کۆبوینەتەوە تا ڕاگەیەنین کە:
سزای ئیعدام هەمیشە بە مانای زاڵبوونی تۆڵە بەسەر عەداڵەتدایە و سەرەتایترین مافی مرۆڤ کە مافی ژیانە دەخاتە ژێرپێ و بەرپەلامار.
هیچ کاتێک ئیعدام نەیتوانیوە پێش بە ڕوودانی تاوان بگرێ. سزای ئیعدام هەمیشە وەک ئەشکەنجە، کردەوەیەکی لە ڕادەبەدەر دڕندانەو ڕەفتارێکی نا ئینسانی چاوی لێکراوە. کۆمەڵگایەک کە ئیعدامی تێدا بەڕێوەدەچێ، بە نموونەی کۆمەڵگایەک دادەنرێ کە برەو بە تووندوتیژی دەدا. هەر کۆمەڵگایەک کە ڕێز بۆ کەڕامەت و پلەو پایەی مرۆڤەکان و خەڵک دابنێ، تێدەکۆشێ کە سزای ئیعدام هەڵوەشاوە ڕاگەیەنێ.
ئێمە بە خۆشحاڵیەوە ڕادەگەیەنین کە سەرۆکەکانی ئەنجومەنەکانی یاسادانان لە ئوروپادا، لە ڕۆژی ٢٢ی ژوئێنی ٢٠٠١دا، بەڕەسمی و لە ئاستی جیهانیدا ڕایانگەیاند کە بەڕێوەبردنی ئیعدام ڕادەگرن. ئەوەش بە بڕیارێکی گرینگ لە پێوەندی لە گەڵ هەڵوەشانەوەی جیهانی سزای ئیعدامدا، دەژمێردرێ. ئێمە خوازیاری ئەوەین کە سزای ئیعدام لە ئاستی جیهانیدا هەڵوەشێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستەش لە هەموو خەڵکی دنیا، حکومەتەکان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانمان دەوێ کە :
١. دەوڵەتەکان یاساو قانوونی پێویست سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدام پەسند بکەن و هەموو پەیماننامە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکانی پێوەندیدار بە هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدام ئیمزابکەن.
٢. ئەو وڵاتانەی ئیعدام بەڕێوەدەبەن، بەجێ یە، ئەوسزایە لە یاساکانی خۆیاندا وەلابەرن.
٣. ئەو وڵاتانەی حوکمی ئیعدام لەسەر کەسانێک بەڕێوەدەبەن کە لە کاتی ئەنجامدانی تاواناندا، لە خوار تەمەنی قانوونیەوە بوون، دەبێ لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدا لە قەڵەم بدرێن کە بە شێوەیەکی زەق و ئاشکرا مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن.
4. کەسانێک کە گیرۆدەی نەخۆشیە ڕەوانیەکانن، نابێ سزای مەرگیان بەسەردا بسەپێ و حوکمی ئعدامیان لەسەر بەڕێوەبچێ.
٥. ئەو وڵاتانەی سزای ئیعدامیان قەدەغەکردوە، یان ئەو سزایە بەڕێوە نابەن، دەبێ لە دانەوەی تاوانباران بەو وڵاتانەی کە سزای مەرگ و ئیعدام بەڕێوەدەبەن، خۆ ببوێرن. تەنانەت ئەگەر ئەو وڵاتانە ئەوەش دەستەبەر بکەن کە تاوانبار ئیعدام ناکرێ.
٦. هەموو دەوڵەتەکان لە سەریانە بە شێوەیەکی بەردەوام و ڕێکوپێک، زانیاری سەبارەت بەو کەسانەی بە سزای مەرگ واتە ئیعدام مەحکووم کراون، هەلومەرجی ڕاگرتنیان لە زیندان داو چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئیعدام لە سەریان، زانیاری بڵاو بکەنەوە.
ئێمە پشتیوانی خۆمان لە شوڕای ئوروپا بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاگەیشتن بە وەزعی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو ژاپۆن کە دەیانەوێ سزای ئیعدام بەڕیوەبەرن و لە هەمان کاتیشدا وەک چاودێر لە شوڕای ئوروپادا هەبن، دەردەبڕین.
ئێمە بە تووندی داوا لە شوڕای ئوروپا و یەکیەتیی ئوروپا دەکەین کە لە دەوڵەتەکانی تورکیە، ڕوسیە و ئەرمەنستانیان بوێ کە بۆ هەمیشە سزای ئیعدام، لە پێوەندی لە گەڵ هەرچەشنە تاوانێکدا هەڵوەشێننەوە و رەزامەندی خۆشیان بۆ تەخفیفی حوکمی مەرگ نیشان بدەن.
داوا لە یەکیەتیی ئوروپا دەکەین کە تا وەدی هاتن و جێبەجێ بوونی هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدام، لە چوارچێوەی پێوەندیە نێوەنەتەوەییەکانی خۆیدا بۆ ئەو مەبەستە کار بکاو لەو ڕێگایەدا، دەست لە تێکۆشان هەڵنەگرێ.
لەبەر ڕووناکایی ئەو پێشنیارانەی کە لە سەرەوەدا باسیان لێکرا، ئێمە داواکاری تایبەتیمان لەیەک یەکی وڵاتانی دونیا لە پێوەندی لە گەڵ پشتیوانی کردن لە هەڵوەشاندنەوەی سزای ئیعدامدا هەیە.
بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین ئەنجومەنێک پێکبێنین کە ئەو هەوڵ و تێکۆشانانەی لە ئاستی نێو نەتەوەییدا بۆ دیاری کردنی ڕۆژێک وەک ڕۆژی جیهانی هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدام لە گۆڕێدان، هاوئاهەنگ بکا.
داوا لە قازیەکان و پزیشکەکان دەکەین ئەوە پەسند بکەن کە بایەخی پیشەی ئەوان لە گەڵ سزای ئیعدام ناتەبایی هەیە. لە وەش زیاتر لە هەر جێگایەک و وڵاتێکدا کە هەن، بە تووندی بە دژی سزای مەرگ و ئیعدام ڕاوەستن و دژایەتی بکەن.
ئێمە دەچینە ڕیزی ڕێکخراوەکانی وەک رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، فیدڕاسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ و باقی ئەو ڕێکخراوانەی دیکە کە ئیمزایان بۆ هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدام کۆکردۆتەوە. داواش لە هەموو لایەنگرانی هەڵوەشانەوە و قەدەغەبوونی سزای ئعدام دەکەین کە ڕەگەڵ ئەم بانگەوازە کەون
9/11/2013