فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

fuad zindaniنووسینی : فوئاد زیندانی

بەشی یەکەم

دوای چەندین دەیەی حوکمی ڕژێمی بەعسی لەسوریا و کوردستانی ڕۆژئاوا ، دوای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سوریا لەدژی ڕژێمی ئەسەد ، بۆجاری یەکەمە کوردستانی ڕۆژئاوا ڕزگاری ببێ و بەرگی ئازادی بپۆشی و لەسایەی بەڕێوبەرایەتیەکی کوردستانی گەلانی کوردستانی ڕۆژئاوا بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانەی پڕ لەئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێکەوەژیان هەڵبژێرن و بەشداری بەڕێوبەرایەتی خودی ( الادارة الذاتیة ) ببن . بۆ بەدەستهێنای وێنەیەکی ڕاستەقینە و ئاشنابوون لەنزیکەوە لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوای کوردستان دێلیگاسیۆنی ئینتەرناسیونال سەردانی کوردستانی ڕۆژئاوای کرد ، لەم ڕێپۆرتاژەدا تیشک دەخرێتە سەر شێوازی شۆڕش و ئابڵوقەی ئابووری و دروستکردنی دیواری شەرم و کاردانەوەکان و کۆچبەربوون و بارودۆخی شەڕ و ڕۆڵ و فاکتەرە سەرکیەکانی بەردەوامبوونی ئەو شەڕە و هەڵوێستی ووڵاتانی ناوچەکە و پارتە سیاسیەکانی ناوخۆی کوردستانی ڕۆژئاوا و ئۆپۆزیسیۆنی سوریا .

دێلیگاسیۆنی ئینتەرناسیونال کە لە ووڵاتی ئەڵمانیاوە هاتبوون ، ڕۆژی ٢٠١٣/١٠/٩ گەشتێکیان بەرەو کوردستانی ڕۆژئاوا دەستپێکرد ، ئەندامانی بەشداربووی گەشتەکە بریتیبوون لە : د. نیکۆلاوس . ب ( مێژوو نووس و ڕۆژنامەنووس و کارمەندی فراکسیۆنی پارتی چەپ لەپەرلەمانی ئەڵمانی)، فوئاد زیندانی (سەرۆکی فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان و ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان / ئۆڕتە ) ، برگیتە . ک ( پارێزەر و ڕۆژنامەنووس و ئێکسپێرت لەبواری کێشەی کورد ) ، میشێل .ک ( مێژوونووس و چالاکی بواری مافەکانی مرۆڤ ) ، گول جوزەل ( ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافەکانی ژنان و منداڵان) . دوای پەڕینەوەی سنورە دەستکردەکانی نێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و دەرگای سمێلکا دواتریش گەیشتنە شاری دێرک ، لەگەڵ گەیشتنی شاندەکە چەند خولەکێک دواتر زانرا کە ژنێکی گەنجی خەڵکی ئەو شارە شەهید بووە ، بەم هۆیەوە خەڵکێکی زۆری شارەکە بەشداری ڕێپێوان و ناشتنی شەهیدەکەبوون ناوی شەهید (حەیات ) بوو . شاندەکە ئێوارە سەردانی ناوەندی گەشەسەندنی ئابووری ڕۆژئاوای کوردستان و وەهەروەها  نوسینگەی (ئەلپارتی – الپارتي ) کرد کە لەناو بازاڕی دێرکە ، دوای بەخێرهاتن کردنی شاندەکە دواتر گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام دەستیپێکرد هەمووی لەسەر بارودۆخی کوردستانی ڕۆژئاوابوو ، هەر لەو دانیشتنەدا سەرۆکی حزبی یەکیەتی سریانی سوریا (اتحاد السریان سوریا ) ئاماددەبوو .

شاری دێرک زۆر ئارامبوو ، ژیان زۆر ئاسایی بوو ، بارودۆخەکە سروشتی بوو ، هەرچەند بیرمانکردەوە نەمانزانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ بەو ژمارە زۆرە کۆچبەریان هەڵبژارد و ڕوویانکردە هەرێمی کوردستان ؟ خۆ دەیانتوانی لەشاری دێرک نیشتەجێببان . ڕۆژی دواتر هەواڵی شەهیدبوونی (شەرڤان ساڵح موسلم ) ڕاگەیەنرا ، شەهید شەرڤان کوڕی هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلم لەبەرەکانی شەڕدا لە ٢٠١٣/١٠/٩ شەهیدبوو . شاندەکە دواتر سەردانی شاری قامیشلۆیکرد لەوێ ژمارەیەکی زۆر دیدار و سەردانی ئەنجامدا ، ژیان لەقامیشلۆ زۆر ئاسایی بوو ، شارەکە شارێکی گەورەیە زۆر قەرەباڵغی لە شەقام و بازاڕەکانی بەدیدەکرێ هەرکەس سەرقاڵی کاری خۆیەتی ، کاتێک مرۆڤ شاری قامیشلۆ دەبینی وێنەیەک لەلای دروستدەبێ کەهیچ هاووڵاتیەکی کوردستانی ڕۆژئاوا کۆچبەرنەبووە ، هەموو حزب و لایەن و ڕێکخراوەکان ئازادانە کاری خۆیان دەکەن ، شارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی شاری قامیشلۆ بەڕیوەدەبردرێ ، ئەنجوومەنەکە کورد و سریان و عەرەب و کەمەنەتەوەکان تیاییدا بەشدارن و بەڕێوبەرایەتی شارەکە دەکەن ، چەندین کۆمیتەی ئابووری ، خزمەتگوزاری و هتد ... دامەزراون چالاکانە کارەکانیان ئەنجامدەدەن و  خزمەتی شارەکەیاندەکەن ، هێزی ئاسایشی کوردی پارێزگاری ڕەوشەکە دەکات ، وە هێزەکانی سەربە ڕژێمی بەعسی لە فڕۆکەخانەی شاری قامیشلۆ بنکەی سەربازیان هەیە ، وە لەناو شارەکەش لە دوو شوێنی جیاوازدا بوونیان هەیە ، بەڵام هیچ کاریگەریان نیە ، لەتوانایان دانیە هیچ هاوڵاتیەک بگرن ، تەنیا بەشێوەیەکی کارتۆنی ماون . لەشاری قامیشلۆ شاندی ئینتەرناسیونال سەردانی یەکیەتی ڕاگەیاندنی ئازاد – اتحاد الاعلام الحر ، (قایشی سنور – حزام الحدود) یکرد ، وەهەروەها سەردانی نوسینگەکانی سازی و ڕێکخراوەکان و پارتەکانی کرد لەناویاندا : حزبی ئاشوری دیموکراتی ، حزبی یەکیەتی دیموکراتی – پەیەدە ، حزبی یەکگرتووی سریانی – حزب الاتحاد السریانی ، سازیا زمانێ کوردی ، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ڕۆژئاوای کوردستان ، ئاسایشی گشتی قامیشلۆ ، پارتی دیموکراتی نیشتمانی کورد لەسوریا ، ناوەندی پەروەردە و زانستا ژنان ، ئینسیاتیفی ژنان ، کۆمیتەی خزمەتگوزاری – دەستەی بلند ، پارتی چەپی دیموکراتی کورد ، مالا یەزیدیان ، خێزانە کۆچبەرەکانی دەربازبوو لە کۆمەڵکوژی تەلعەران و تەلحاسڵ ، گۆڕستانی شەهیدان .

گرنگترین کۆسپە سەرەکیەکان دژبە شۆڕشی گەلی کورد و گەلانی کوردستانی ڕۆژئاوا بریتین لە : ١- ئابڵوقەی ئابووری .٢- شەڕی سەپێنراو واتە هێرشە سەربازیەکانی ئیسلامیەکان . ئابڵوقەی ئابووری سەپێنراوە لەلایەن ووڵاتی تورکیا و داخستنی سنور و دروستکردنی دیواری شەرم و ڕێگەگرتن لە بازرگانیکردن و هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا بۆ باکوری کوردستان ، وەهەروەها ئابڵوقەی چەتە ئیسلامیەکان ناهێڵن لە شارەکانی دیمەشق و حەلەب هیچ شتێک بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان دەربازبێت . دەوڵەتی تورک تەماشادەکا لەهەر شوێنێکی سەرسنوری نێوان باکور و ڕۆژئاوای کوردستان سەقامگیری هەبێت لەوێ دیواری شەرم دروستدەکات ، وە بەپێچەوانەوە لەکوێ سەقامگیری نەبێت لەوێ دەرگا بۆ تیرۆریستان دەکاتەوە و پشتگیریان لێدەکات و یارمەتی لۆجیستیکیان پێشکەشدەکات و لەو ناوچانەدا چەتە ئیسلامیەکان بەئارەزووی  خۆیان هاتوچۆدەکەن ! وە سەبارەت بەسنوری نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان (سنور کراوەتەوە و داخراوە ) لەیەک کاتدا ، کراوەتەوە بۆ ئەوکەسانەی ڕێگایان پێدەدرێ ، وە داخراوە بۆ ناردنی یارمەتی مرۆیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ، وە داخراوە بە ڕووی بازرگانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گەر بیانەوی بەپارەی خۆیان پێداویستیەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا بکڕن ، یا گەنم و بەرهەمە کشتوکاڵیەکانیان هەناردەی هەرێمی کوردستان بکەن . ئەو ئابڵوقە ئابووریەی کەهاوکات لەهەموولایەک بەسەر کوردستانی ڕۆژئاوا سەپێنراوە ، شێوازی خنکاندنی ئابووری لەخۆدەگرێ بەواتایەکی تر خنکاندنی گەلانی کوردستانی ڕۆژئاوایە لەڕووی ئابووریەوە ، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بارودۆخە ئەنجوومەن و کۆمیتەکانی سەر بەو ئەنجوومەنانەی کە کوردستانی ڕۆژئاوا بەڕێوەدەبەن سیستەمی کۆمین (کۆمۆن) یان هەیە کە بزووتنەوەی کۆمەڵگای دیموکراتیک (تەڤدەم) دایڕشتووە ، لەهەموو گەڕەک و ناوچەیەک نانەواخانەکان یەک کیلۆ و چوارسەد غڕام نان بەنرخێکی زۆر زۆر هەرزان دەدەن بەهاوڵاتیان بەبێ جیاوازی نەتەوەی ، ئایینی ... ئەوەش وایکردووە نان بۆ هەموو هاووڵاتیەک مسۆگەر ببێت بەپشتبەستن بەبەرهەمە ناوخۆییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ، وە کۆمیتەکان سەرپەرشتی دابەشکردنی (نەوت – مازۆت) دەکەن بەسەر هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی بەبڕێکی یەکسان . بارودۆخی ئابووری هەرچەندە دژوارە بەڵام بەتواناکانی خۆیان توانیویانە بەرەنگاری زەحمەتیەکان ببنەوە بەتایبەتی ژمارەی کۆمینەکان لەزیادبووندایە لەگەڕەکەکان ، بەم شێوەیە کۆمینەکان هەموویان پێکەوە ئەنجوومەنی شار دروستدەکەن ، وە ئەنجوومەنی شارەکان پێکەوە ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای کوردستان پێکدەهێنن ، ئەو ئەنجوومەنە هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی واتە داڕشتنی یاسا ، وە دەسەڵاتی جێبەجێکردن (تنفیذي) و دەسەڵاتی دادی تیایە واتە ئەوەی لەلایەن بزووتنەوەی کۆمەڵگای دیموکراتی (تەڤدەم) داڕێژراوە لەلایەن ئەنجوومەن(مەجلس) جێبەجێدەکرێ ، ئەنجوومەنیش لە کورد و سریانی و عەرەب و کەمینەکانی تر پێکهاتووە ، گەل حکومەتە وە حکومەتیش گەلە، ئەوەش سیستەمێکە هاوشێوەی شۆڕش و خەباتی شۆڕشگێڕانەی گەلانی ووڵاتانی ئەمەریکای لاتینیە لەوانەش فەنزوێلا و بۆلیڤیا و نیکاراگوا .

شۆڕشی کوردستانی ڕۆژئاوا جیاوازە لە شۆڕشی گەلانی تر ، لەبەر ئەوەی میللەتان لەکاتی شۆڕشدا بۆ گەیشتن بەئازادی و ڕزگاری زۆرجار لەدژی بەرەیەکی دیاریکراودا لەشەڕدابوونە ، بەڵام ئەوەی شۆڕشی کوردستانی ڕۆژئاوا لەشۆڕشەکانی تر جیادەکاتەوە ئەویە کە کوردستانی ڕۆژئاوا کەوتۆتە نیوان چەندین بەرە ، واتە لەیەک کاتدا ڕووبەڕووی جەندین بەرە دەبێتەوە لە ڕووی سەربازی بەتایبەتی ، جگە لەبەرەی ئابووریش ، لەهەموو بەرەکاندا کوردستانی ڕۆژئاوا پشتئەستورە بە خەڵکی خۆی ، ئەوەش وایکردووە میللەت بەپرەنسیپ و بڕاویەکی پۆڵایین بەرگری لە خاک و گەل و نیشتمانەکەی بکات ، لەشەڕەکانی دژ بە چەتە ئیسلامیەکان هێزەکانی کوردی (یەکینەکانی پاراستنی گەل – یەپەگە) و ( یەکینەکانی پاراستنی ژنان – یەپەژە ) توانیویانە بچنە ناو مێژوو لەفروانترین دەرگاکانیەوە ، هەرچەندە جەتەکانی سەربە بەرەی نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیراق و شام کەهەردوکیان گرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەن وە لەسەدا هەشتای یەکینەکانی سوپای سوریای ئازاد کە ئیسلامیی توندڕەون هێڕش دەکەنە سەر گەلی کورد بەپاڵپشتی دەولەتی تورکیا و حزبوڵای تورکی و تاقمی فەتحوڵاگوڵەن و ووڵاتانی کەنداو سعودیە و قەتەڕ و چەند کوردێکی خیانەتکار ، لەو ووڵاتانە یارمەتی لۆجیستی و چەکی قورس و تەنانەت خواردنی ڕۆژانەیان بۆدێت بەڵام ناتوانن بەرەنگاری هێزەکانی یەپەژە و یەپەگە ببنەوە ، ئەو پرەنسیپ و بروابەخۆبوونەی لەو دوو هێزە کوردیەدا هەیە وایکردووە کوردستان ببیتە گۆڕستان بۆ ئەو چەتانە ، وەهەروەها بۆتە مایەی سەرسوڕمان بۆ ئەو ووڵات و تاقمانەی پشتگیری ئەو چەتانە دەکەن . ئەگەر مرۆڤ سەردانی شاری سەرێ کانیێ بکات ئەوکات دەردەکەوێ ئیسلامیەکان لەڕژێمی سەدام و ئەسەد و هیتلەر و مۆسۆلینی زۆر پیسترن ، هیچ خانووەک نەماوە لەسەرێ کانیی بەدەیان گولـلەی بەرنەکەوتبێ ، هیچ خانووەیەک نەماوە بەهۆی زوڵم ستەمی ئەو تیرۆریستانە چۆڵنەکرابێ و تاڵان نەکرابێ ، تیرۆریستەکان بەدەیان گولـلەیان لەدەرگای کڵێسای شارەکەداوە ، بەزمانی عەرەبی لەسەر دەرگای کڵیسا نوسیویانە ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی لەناوتان ببەین لەخوارەوە نوسیویانە بەرەی نوسرە ، زۆربەی دیوارەکانی خانووەکانی سەرێکانیان پیسکردووە ناوی ڕێکخراوەکانی تیرۆریستیان بەعەرەبی لەسەر نووسیوە ، چەتەکان لەکوشتنی هاووڵاتیان و دزیکردن و تاڵانکردنی ماڵان و ڕفاندنی هاوڵاتیان و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان دەستیان نەپاراستووە ، خانووی هاووڵاتیەکیان داگیرکردبوو بەکاریانهێنابوو وەکو زیندان بۆ ئەشکەنجەدانی خەڵک ، وە باڵەخانەیەکی حکومی کەلەسەردەمی ڕژێمی بەعسی شوێنی دەزگای هەواڵگریبووە (امن السیاسي) ، چەتەکان لەوێ هاوشێوەی ڕژێمی بەعسی دەزگایەکی داپڵۆسێنەر و دادگایەکی کارتۆنیان دامەزراندبوو بەئارەزووی خۆیان دەیان نارد بەدوای خەڵک بۆ ئامادەبوون لەو دادگایە ، خەڵکیان حوکمداوە بەئیعدام بەناوی شەریعەتی ئیسلامی سەربەچەتەکان

بەڵگەنامەی تایبەت بە گرتنی هاوڵاتیانی سەرێکانی لەلایەن گروپەکانی تیرۆری سەربە ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە

 

ئەو باڵەخانەی لەسەردەمی ڕژێمی ئەسەد دەزگای هەواڵگری لێبووە ، دواتر گروپەکانی تیرۆریستی دەیکەنە شوێنی ئەشکەنجە و دادگایکردنی کوردان لە سەرێکانی

FPPK

22.10.2013

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان