هێمن عەبدوڵڵا
ئەو ناتەباییەی بەمدواییانە لەنێوان پەکەکە و پارتیدا هەستی پێدەکرێت، نە خەڵکی کوردستان پێویستی پێیەتی نە ئەو دوو حیزبەش. کوردستانێک کە تێیدا پارتی و PKK تەبابن، بۆ هەردوولایان پڕقازانجترە لەوەی شیر و تیر لێک بسوون و داری ژێر پێی خۆیان ببڕنەوە. کێشەی PKK و پارتی تەنیا لەسەر براگەورایەتی نییە، بەڵکو لەسەر بچووک بیرکردنەوەشیانە دەربارەی یەکدی و خۆیان. ئەو بچووک بیرکردنەوەیەش لە کەیسی رۆژئاوای کوردستاندا رەنگیداوەتەوە. نە ئەو سیاسەتی سفر تۆلێرانسەی PKK لەو بەشەی کوردستاندا بەرامبەر پارتەکانی دیکە پەیڕەوی دەکات راستە، نە سیاسەتی دەست لەپشتدانی وردە حیزبۆکەی هوتێلنشینیش راستە کە پارتی سەبارەت بە رۆژئاوا پشتی پێدەبەستێت. هەرچەندە PYD ئێستا بەهێزترین حیزبی رۆژئاوای کوردستانە، بەڵام ناتوانێ لە ساڵی ٢٠١٣دا سیستمێکی تاکڕەوانە دابمەزرێنێت و گەرەنتیی مانەوەشی بکات بۆ درێژمەودا. هاوکات پارتیش ناتوانێت تاسەر خۆی لەو بەهێزییەی PYD نەبان بکات و مامەڵەی لەگەڵدا نەکات. ئەوە دروست وەکو ئەو رەوشە دیفاکتۆیە وایە کە هەرێمی کوردستان لەدوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە هەیبوو و دەوڵەتانی دراوسێی ئامادە نەبوون وەکو خۆی قبوڵی بکەن.
5/11/2013