براییم شه وقی/ بنه‌ماڵه‌ی زمان
دوا توێژینه‌وه‌ی زمان‌ناسی له بارەی زمانی كوردییه‌وه نیشانی داوه، كه له‌گه‌ڵ زمانی فارسی‌و بهلووچیو پهشتوودا پەیوەندیی خوشكایهتییان هه‌یه‌و ئه‌م زمانانه خێزانی (لقی) زمانه ئێرانییه‌كانن، ئەویش له ده‌سته‌ی زمانیی هیندۆ ــ ئێرانییەو سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی زمانیی هه‌ره گه‌وره‌ی هیندۆ ــ ئهوروپایییه. له‌م وتاره‌دا سه‌باره‌ت به بنه‌ماڵه‌ی زمان‌و ناساندنی چه‌ند بنهماڵەی زمان‌و جێگا‌و شوێنی جوگرافییه‌وه ده‌دوێین. له كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ی زایینی‌دا له ئه‌وروپا خوێندکارانی زمانیان فێری لێكۆڵینه‌وه‌ی زمانێكی‌تر وه‌ك سانسكریت ده‌كرد، ئه‌م زمانه زۆر پێشتر له سه‌رده‌می عیسا (مه‌سیح) له هندستان قسه‌ی پێده‌كرا. شیكردنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌ی هندییه‌كانی كه‌ونارا له باره‌ی زمانی سانسكریتهوه گه‌لێك له وێكچوونهكانی ئه‌م زمانەو یۆنانی‌و لاتینی ئاشكراكرد. زانایانی ئه‌وروپا له توێژینه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی زمان ده‌ستیان ههڵگرتو به كه‌ڵك وه‌رگرتن له سێ زمانی سانسكریت، یۆنانی‌و لاتین روویان كرده خوێندنەوەی گۆڕانكارییه‌كانی زمان.
زمانناسانی سه‌ده‌ی نۆزده توانیان پەیوەندیی جیاواز لە نێوان زمانه‌كان نیشان بدهنو پاش توێژینه‌وه‌یه‌كی قووڵ‌و وردبینانه روون بۆوه، كه هه‌ندێك له‌و زمانانەی، که ئێستا له یه‌كتر جیاوازن له زۆر تایبه‌تمه‌ندیدا له‌یه‌ك دهچنو له رابردوویه‌كی زۆر دووردا له تاكه زمانێك، كه ئێستا نه‌ماوه، به‌ره‌به‌ره جیا بوونه‌ته‌وه. به واتایهكیتر هه‌موو ئه‌م زمانه زیندووانه له سه‌رده‌مێكدا تاكه زمانێك بوون، كه ئه‌م تاكه زمانه دەبێته بنه‌ما، یان دایه‌ی زمانی Great-Grandmother. زمانی بنه‌ما به درێژایی هه‌زاران ساڵ له ناوچه جۆراوجۆره‌كاندا گه‌لێك ئاڵوگۆڕی به سه‌ردا هاتووەو ئه‌و كاته‌ی له ناوچه‌یه‌كدا ته‌نیا زمانێك قسه‌ی پێكراوه. ئێستاكه بە چه‌ندین زمان تێیدا قسهدهكرێتو ئه‌م زمانانه ده‌بنه كچی Daughter-Languages ئه‌و دایه‌ی زمانییەو (بنه‌ما) پەیوەندیی خوشكایهتییان پێكه‌وه هه‌یه.
ئه‌و زمانانەی له تاكه زمانێك جوێ بوونه‌ته‌وه له باری وێكچوونی وشه‌داتاشین Vocabulary، فۆنه‌تیك Phoneticsو رێزمانه‌وه Grammar ده‌چنه‌وه سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی زمانیان.
تا ئێستا نزیك به سی بنه‌ماڵه‌ی زمانی، كه زیاتر له چوار هه‌زار زمانی دونیایان گرتۆته‌وه ناسراوه. بنه‌ماڵه زمانی هیندوئه‌وروپایی یه‌كێك له‌و بنه‌ماڵه زمانییه بهربڵاوو گه‌ورانه‌یه، كه له سه‌ده‌ی نۆزدەو رابردوویه‌كی نزیكدا له روانگه‌ی مێژووییه‌وه موتاڵا كراوه.
چه‌ند بنه‌ماڵه‌ی زمانی به‌ربڵاوی دیكه‌ی دونیا به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ن:
1ـ چینی ــ ته‌به‌تی Sino-Tibetan: به ناوبانگترین زمانه‌كانی بریتین له چینی، تهبهتیو تایله‌ندی.
2ـ سامی Semitic: وه‌ك عیبری‌و عه‌ره‌بی، هه‌روه‌ها چه‌ند زمانی دیكه، كه ئێسته قسه‌ی پێ ناكرێت وه‌كوو: ئه‌كادی، فینیقیو كارتاجی.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له زمانه‌كان به‌رهه‌می نووسراوه‌ی كۆنیان نه‌ماوه. درووست پیشاندانی گۆڕانكاریی مێژووییان گه‌لێك دژواره، گه‌لێك بیر‌و رای جیاواز بۆ پۆلێن‌کردنی (خانه‌به‌ندی) بنه‌ماڵه‌ی هه‌ندێك له زمانه‌كانی ئه‌فریقاو ناوچه‌ی ئۆقیانووسی ئارام‌و هه‌روه‌ها زمانی خۆجێیه‌كانی ئامریكای باشوور‌و باكوور له نێوان زانایاندا له ئارادایه. بنه‌ماڵه به‌ربڵاوه‌كانی ئه‌فریقا به‌م چه‌شنه‌ن:
١ـ چادی Chadis: له ناوچه‌ی نیجریه، كه زمانی هائۆسایش Hausa ده‌گرێته‌وه.
٢ـ بانتو Bantu: له ئه‌فریقای رۆژههڵاتو باشوور، به ناوبانگترین زمانی سواهیلییه Swahili.
٣ـ خوازی Khoisan: زمانگه‌لی بووشمهن Bushmanو هاتنتات Hottentot له ئه‌فریقای باشوور.
٤ـ مالایایی ـ پۆلینـزی Malayo-Polynsian: گه‌وره‌ترین بنه‌ماڵه‌ی ئوقیانووسی ئارام، كه زمانه‌كانی ئه‌ندونزی، جاوه‌یی، فیجی، هاواییو تاهیتی له‌م بنه‌ماڵه‌ن.
سه‌باره‌ت به زمانی بوومییهكانی ئامریكای باشوور زانیارییه‌كی ئه‌وتۆ به ده‌سته‌وه نییەو زۆربه‌ی زمان‌ناسان له پۆلێکردنیان به بنه‌ماڵه شكیان هه‌یه. بنه‌ماڵه‌ی مایان Mayan: له ته‌ك زمانه جۆراوجۆره‌كانی ئامریكای ناوه‌ندی جیاوازی هه‌یه. هه‌ندێك له به ناوبانگترین بنه‌ماڵه‌ی زمانی سوورپێسته‌كانی باكوور به‌م شێوه‌ن:
١ـ ئاتاباسك Athabaskan: ناوه‌نده‌كه‌ی ئالاسكاو كانادای باكوورەو زمانی ناواهۆ Navahoو ئاپاچی Apache له باشووری رۆژئاوای وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئا‌مریكا له‌و لكهن.
٢ـ ئاسكیمۆ ـ ئالووت Eskimo-Aleut: بهربڵاوییهكهی جه‌زیره‌كانی ئالووت تا باكووری كانادا‌و له‌وێشه‌وه تا گرۆئێنلهنده.
٣ـ ئۆتو ـ ئهزتێك Auto-Aztecan: له باشووری رۆژئاوا‌و مكزیك، كه زمانگه‌لی ناهواتل Nahuatl، هۆپی(Hopi، شوشونی Shoshoniو كومانچی Comanche له‌م بنه‌ماڵه‌ن.
بنه‌ماڵه‌ی زمانی هندۆئهوروپایی
بنه‌ماڵه‌ی زمانی هندۆئهوروپایی گهورهترینو به‌رینترین بنه‌ماڵه‌ی زمانییەو له هه‌زاره‌ی چواره‌می پێش زایین‌دا له سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپاو باشووری ئاسیادا بڵاو بووهتهوەو له ئاكامی جوێبوونهوەی خێڵ‌و هۆزه‌كانی مرۆڤ له یه‌كتر به درێژایی مێژوو ئێستاكه له هه‌موو دونیادا په‌ره‌ی ئه‌ستاندووه. ئه‌م زمانی هندوئهوروپاییه له زمانێكی پێش مێژووه‌وه پهیدابووەو په‌ره‌ی ئه‌ستاندووه. بڕوا وایه له هه‌زاره‌ی پێنجه‌می پێش زایین‌دا باوی بووبێت‌و پسپۆڕان ناوی زمانی به‌رایی هندۆئهوروپاییانProto-Indo-European له سه‌ر داناوه. كۆمه‌ڵێک بنیاده‌م، كه له مه‌ڵبه‌ندی ئهستپ Steppe تا باكووری ده‌ریای ره‌ش پێكه‌وه ژیاون‌و به چه‌ند دیالێكت (زاراوه)ی ئه‌م زمانه به‌راییه قسه‌یان كردووه. دواتر له‌به‌ر هۆیه‌كی وه‌ك ساردی‌و سڕیی دوایین سه‌هۆڵبه‌ندانی گه‌وره‌ی زه‌وی نیشتمانی خۆیان جێهێشتووەو ده‌سته ده‌سته به ده‌ورو به‌ری خۆیاندا بڵابوونهتهوەو له رێگادا له یه‌ك ترازاونو هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك رووی كردۆته لایه‌ك. به‌شێكیان به‌ره‌و رۆژئاوا رێگه‌یان گرتوهتهبهرو گه‌یشتوونەتە نیمچه دوورگه‌ی بهڵقانو رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، ئه‌وانه پێشینیانو باو‌و باپیره‌ی یۆنانییهكانو رۆمانییهكانو گه‌لانی دیكه‌ی ئه‌وروپان، كه به زمانه هاوچه‌رخه‌كانی ئه‌وروپا قسه ده‌که‌ن. به‌شێكی دیكه‌یان روویانكردوه‌ته باشووری هیندستانو له هه‌رێمه‌كانی سه‌ندو په‌نجاب نیشته‌جێ بوون. كه‌نارییه‌كانی باشووری ئاسیانو ئه‌مڕۆ به زمانه جۆراوجۆره‌كانی هیندی دهدوێنو له خێزانه زمانییه‌كانی هندۆئێرانی باشووری ئاسیان. به‌ڵام به‌شی سێهه‌میان، روویان كردوه‌ته ئاسیای بچووك‌و چیاكانی زاگرۆس‌و له ئێران‌و كوردستاندا په‌ره‌یان سه‌ندوه، پێشهنگو به‌رایی ئه‌وانه‌ی گهیشتوونەته چیاكانی زاگرۆس، گۆتییه‌كان بوون‌و له دوای ئه‌وانیش میدییه‌كان له نێو ئه‌و شاخانه‌دا ئارامیان گرت، كه بێ گومان ئه‌مانه پێشینیانی گه‌لی كوردن. هه‌روه‌ها پارتییه‌كان به‌ره‌و باكووری ئێران كۆچیان كرد هه‌مووی ئه‌وانه به چه‌ند زمانێكی تایبه‌تی خۆیان ده‌دوان كه له هه‌ندێ رووی زمانه‌وانییه‌وه لێك دهچوونو به ناوی خێزانه زمانه ئێرانییه‌كان كه‌وتنه سه‌رزار Iranian-Languages، كه لقێكن له خێزانی زمانه هیندۆ ــ ئێرانییه‌كان.
له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی چاخی برۆنزیدا Bronze Age زمانه كچایهتییه جۆراوجۆره‌كان تا هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می پێش زایین به چاكی جوێبوونو زمانگه‌لی هندۆ ــ ئێرانی، یۆنانی‌و ئاناتۆلی ده‌توانن به‌ڵگه بن.
بوونی زمانی به‌رایی هندۆئهوروپایی به هۆی به‌راوردی نێوان زمانی سانسكریتو زمانگه‌لی ئه‌وروپایی بوو، كه له كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده ئه‌نجام درا، له‌م بوارەدا ده‌توانین ئاماژه به وتاره به ناوبانگه‌كه‌ی سێر ویلیا‌م جۆنز Sir William Jones بكه‌ین، كه له ساڵی ١٧٨٦دا ساڵی چاره‌نووس‌و دۆزینه‌وه‌ی سانسكریت، هه‌روه‌ها ساڵی ده‌ستپێكردنی ده‌ورانی نوێی زانستی زمان‌ناسی) بۆ رێكخراوه‌ی پاشایه‌تی موتالیعاتی ئاسیایی، كه له كهلكهتهی هندی خوێنده‌وه، كه پەیوەندیی خزمایهتیو مێژوویی نێوان سانسكریت له لایه‌ك‌و زمانگه‌لی لاتینی‌و یۆنانی‌و ئاڵمانی باس كردبوو‌و به چه‌شنێك ئه‌م پەیوەندییهی سه‌لماند، كه جێگه‌ی شكی بۆ كه‌س نههێشتوهوه، كه ئه‌م زمانانه له بنه‌مایه‌كی تاقانه‌وه سه‌رچاوه‌یان نه‌گرتبێت. هه‌روه‌ها وا زانراوه، كه زمانزانی ئاڵمانی فرانز بۆ‌پ Franz Bop (١٧٩١ بۆ ١٨٧٦) یه‌كه‌م كه‌س بووبێت نیشانه هاوبه‌شه‌كانی نێوان بنه‌ماڵه زمانه هندوئهوروپاییهكانی دۆزیبێته‌وه. له ده‌یه‌ی ١٩٨٠دا كهونینهناسی به‌ریتانیایی كالین رنفروو Colin Renfrew بیروڕایه‌كی جیاوازی باس هه‌ڵگری سه‌باره‌ت به شوێنی ئه‌سڵی هندۆئهوروپاییهكان ده‌ربڕی، كه ئه‌و خێڵانه بنكه‌ی نه‌ژادیان حەوت هەزار ساڵ به‌ر له زایین له ئاناتولی، واته ئاسیای بچووك بووه.
ئه‌مڕۆكه ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی وا به‌م بنه‌ماڵه‌ی زمانییه ده ئاخێون، پتر له دوو هەزار میلیۆن كه‌سن. ئه‌گه‌ر زمانه‌کانی ئه‌لبانی، ئه‌رمه‌نی، یۆنانی‌و تۆخاری (تۆچاری) Tocharian هه‌ر كام به تاقه زمانێك پیشان بدرێت، ژماره‌ی لكه‌كانی (خێزانه زمانی) بنه‌ماڵه‌ی هیندۆ ــ ئه‌وروپایی ده‌گاته ده لق به‌م شێوه‌ی خواره‌وه:
١ـ کێڵتی Celtic
٢ـ جه‌رمانی Germanic
٣ ئیتالی Italic
٤ــ باڵتۆ ـ سلاڤیك Balto-Slavic
٥ـ گریكی (یۆنانی) Greek
٦ـ ئاڵبانی Albanian
٧ـ ئاناتۆلی Anatolian
٨ـ ئه‌رمه‌نی Armenian
٩ـ تۆچاری Tocharian
١٠ـ هندۆ ـ ئێرانی Indo-Iranian
هه‌ندێک له‌م خێزانه زمانانه خۆیان ده‌بن به چه‌ند خێزانه زمانێكی دووهه‌مینه وه‌ك: باڵتۆ ـ سلاڤیك، كه دوو لقی باڵتیكو سلاڤیكی لێ جوێ ده‌بێته‌وه، یان هیندۆ ـ ئێرانی ده‌بێت به دوو خێزانه‌وه، زمانی هیندیو ئێرانی.
له ناو زمانگه‌لی ئه‌م بنه‌ماڵه گه‌وره‌یه زمانی وا هه‌یه چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێی ده‌دوێن وه‌ك (زمانی فهرانسهویو ئینگلیزی‌و ئاڵمانیو ئیسپانیایی.. هتد) چه‌ند زمانێك بوونه‌ته زمانی نێونه‌ته‌وه‌یی‌و له كومه‌ڵی نه‌ته‌وه یهكگرتووهكانو گه‌لێك رێكخراوه‌ی جیهانی پێی ده‌دوێن وه‌ك (ئینگلیزی، فه‌ره‌نسی، رووسی.. هتد)، هه‌روه‌ها زمانی وا هه‌ن به تایبه‌ت زمانی لاتینی، كه به نیسبه‌ت زمانه‌كانی ئه‌مڕۆوه به زمانێكی مردوو داده‌نرێن. مێژووی گشت زمانه‌كانی جیهان وه‌ك یه‌ك ئاشكرا نین زمانی وا هه‌یه له رێگای ئاسه‌واری نووسراویانهوه مێژووی له ماوه‌ی٢٠ بۆ ٣٠ سه‌ده‌دا ناسراوه. بۆ وێنه زمانی یۆنانی هه‌ر له (هۆمیرۆس)ه‌وه تا ئه‌م ده‌وره، یان خێزانه زمانه‌كانی هندستان هه‌ر له سه‌رده‌می سرووده‌كانی (ریگڤیدا) تا زمانه هیندییه‌كانی ئه‌مڕۆ ناسراون. زمانی وا هه‌یه، كه نووسراوی ئێجگار دێرینی هه‌یه، به‌ڵام زانست له باره‌ی ئه‌و زمانه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا زانیاری وه‌رگرتووه. بۆ وێنه زمانی تۆخاری (توچاری) به‌ر له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می پێش زایین له ناوچه‌ی روژئاوای چین پێی ده‌دوان، هه‌ندێک زمانی وه‌ك جه‌رمانی، سلاڤی، ئه‌رمه‌نی.. هتد مێژوویان له نێوان سهدهكانی٤ بۆ ٨ی زایینی‌دا ناسراوه. چه‌ند زمانێكیش هه‌ن، كه ته‌نها مێژووی ئه‌م چوار پێنج سه‌ده‌یان ئاشكرایه وه‌ك زمانی ئه‌لبانی.
خێزانه زمانییه‌كانی هیندۆ ـ ئێرانی
ئه‌م خێزانه زمانییه رۆژههڵاتیترین لقی خشته‌ی بنه‌ماڵه‌ی زمانی هندۆ ــ ئهوروپایییهو به دوو خێزانه زمانی دووهه‌مینه دابه‌ش ده‌كرێت: هیندۆ ــ ئێرانی. خێزانی زمانه هیندییه‌كان Indic Language: ناوی دیكه‌ی ئه‌م خێزانه زمانییه هندۆ ـ ئاریاییه Indo-Aryan ناوی ئاری (ئاریایی)، به هه‌ڵه به‌سه‌ر پێشینیانی بنه‌ماڵه‌ی هندۆ ـئهوروپاییدا سه‌پێندراوه. ئه‌م وشه‌یه یۆنانییەو یۆنانیه‌كان به‌و بانه‌ی ئێرانیان وتوه (ئاریانا)، كه له رۆژئاواوه هه‌ر له كێوه‌كانی زاگرۆسه‌وه ده‌یگرێته‌وه به‌ره‌و خورهه‌ڵات تا رووباری سه‌ند، جا وشه‌ی ئاری له‌و (ئاریانا) یۆنانییه وهرگیراوەو ناوی ئه‌م ئێرانه‌ی ئێستای لێ داتاشراوه. ئه‌م خێزانه ده‌سته‌یه‌كی نزیك پێنج سەد زمانی هیندو ــ ئهوروپایییەو ده‌وروبه‌ری حەوت سەد میلیون كه‌س له ناوچه‌كانی نیمچه کیشوه‌ری هیند پێی ده‌ئاخافن. ئه‌م زمانانه له بواری جوگرافیایی به چوار ده‌سته دابه‌ش ده‌كرێن به‌م شێوه:
١ــ ده‌سته‌ی نێوه‌ندی: زمانگه‌لی هیندی، ئوردوو، بیهاری، رهجهستانی.
٢ــ ده‌سته‌ی رۆژهه‌ڵاتی: ئاسامی، به‌نگالی، ئۆرییا Oriya.
٣ــ ده‌سته‌ی رۆژئاوایی‌و باشووری رۆژئاوایی: كۆنكانی، ماڵدیویان، ماراتی، سینهالێسی.
٤ــ ده‌سته‌ی باكووری رۆژئاوایی: په‌نجابی، سیندی، لاندا، داردی، پاهاری.
زمانی رهجهستانیو داردی زۆر جار له ده‌سته‌ی جیاواز دابین ده‌كرێن هه‌روه‌ها زمانی رۆمانی سه‌ر به‌م خێزانه زمانیه‌یه. شكڵی دێرینی زمانگه‌لی هندۆ ـ ئاریایی سه‌رجه‌م ده‌چنه‌وه سه‌ر زمانی سانسكریت، واته هه‌زار ساڵ پێش زایین.
خێزانه زمانییه ئێرانییه‌كان
ئه‌م خێزانه زمانییه له ژماره‌یه‌ك زمانی زیندوو‌و مردوو پێكهاتووه:
١ــ زمانه ئێرانییه زیندووهكان: فارسی نوێ، كوردی، په‌شتوو، تاجیكی، به‌لووچی، ئۆسیتی... هتد.
٢ــ زمانه ئێرانییه مردووه‌كان:
اــ فارسی كۆن: زمانی ههخامنشێكان، سه‌ده‌ی ٦ بۆ ٤ی پێش زایین.
ب ــ ئاڤێستایی: واته ئه‌و زمانه‌ی (ئا‌ڤێستا)ی پێ نووسراوەو زمانی ئایینی زه‌رده‌شته. دێرینترین مێژووی په‌سه‌ندكراوی زمان‌ناسان سه‌ده‌ی ٧ بۆ ٦ی پێش زایینه. كۆنترینو به بایه‌خترین به‌شی ئا‌ڤێستا ئه‌و سروودانه‌ن، كه له لایه‌ن زه‌رده‌شته‌وه وتراون، كه به ناوی (گاتاكان) مه‌شهووره.
ج ــ په‌هله‌وی: هه‌روەها فارسی ناوه راستیشی پێ ده‌وترێت، زمانی ئایینی‌و ده‌وڵه‌تی ساسانییه‌كان بووه.
دــ مێدی: زمانی مێدیهكانه، چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك به‌ر له زایین توانیویانه له رۆژئاوای ئێرانی ئه‌مڕۆدا دهسهڵاتداریهكی گه‌وره دامه‌زرێنن. كورد نه‌وه‌ی مێدیهكانه.
هـ ــ پارسی: یه‌كێك له زمانه فارسیه‌كانی پله‌ی نێوه‌ڕاست له نێوان سه‌ده‌كانی سێهه‌می پێش زایین‌و سێهه‌می پاش زایین له ناوچه‌ی خوارووی رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای قه‌زویندا به‌كار هێنراوه.
وــ سهغدی (سوگدی): یه‌كێك له زمانه ئێرانییه رۆژهه‌ڵاتییه‌كان، له كوتایی سه‌ده‌ی یه‌كه‌می پێش زایین تا نۆی زایینی ژیاوه.
زــ سه‌كتی: یه‌كێك له زمانه رۆژهه‌ڵاتییه مردووه ئێرانییهكانی ده‌وره‌ی نێوهڕاستو له سه‌ده‌كانی پێنج تا ده‌ی زایینی له ئاسیای نێوهڕاستو توركمهنستانی چین بڵاو بۆوه. هه‌ندێک تێكست له‌م زمانه به‌جێ ماوه، كه به خه‌تی هیندی نووسراوه.
مه‌به‌ست له زمانه ئێرانییه‌كان ته‌نیا ئه‌و زمانانه نیه، كه له ناو چوارچێوه‌ی وڵاتی ئێرانی ئێستادان، چونكە كۆمه‌ڵه زمانێكی زۆرەو گه‌لێك له‌وه فرهوانترەو سنووری ئه‌وانه‌ش پێی ده‌ئاخافن له‌و سنووره گه‌لێك دوورتریشی گرتووهتهوەو هه‌روه‌ها هیچ پەیوەندییه‌كی به ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه نییه. ته‌نیا ئه‌وه‌نده هه‌یه، ئه‌و زمانانه‌ی ئێرانی ئێستاش به‌شێكن له‌و خێزانه زمانه زۆرانه.
زۆربه‌ی ئێرانناسهكان به گوێره‌ی شوێنی جوگرافیایی زمانگه‌لی ئێرانی به‌م شێوه دابه‌ش ده‌كه‌ن:
١ــ زمانگه‌لی ئێرانی رۆژئاوایی:
باشووری: فارسی كۆن‌و ناوهڕاستو نوێ، تاجیكی، تاتی.. هتد.
باكووری: میدی، پارتی، به‌لووچی، كوردی، تالیشی.. هتد.
٢ــ زمانگه‌لی ئێرانی رۆژهه‌ڵاتی: باشووری، سهغدی، په‌شتوو (ئه‌فغانی)، پامیری.. هتد.
باكووری: سه‌كتی، ئۆسیتی.. هتد.
خێزانه زمانه ئێرانییه‌كان به سێ دەوری مێژوویی‌دا رۆیشتوون:
١ــ ده‌وری كۆن: له ئاڤێستاوه ده‌ست پێده‌كات، واته سه‌ده‌كانی شه‌ش تا ده‌ی پێش زایین. زمانه‌كانی ئه‌م ده‌وره: ئاڤێستایی، فارسی كۆن، سه‌كتی، میدی (ماوی).. هتد.
٢ــ ده‌وری ناوه‌ڕاست: له كۆتایی ده‌وری یه‌كه‌مه‌وه ده‌ست پێده‌كات تا هاتنی ئیسلام له سه‌ده‌ی حه‌وته‌مدا. له مێژوودا به تێكرانی زمانه‌كانی ئه‌م ده‌وره ده‌وترێت (په‌هله‌وی)، زمانه‌كانی گه‌لی ئه‌م ده‌وره: فارسیی نێوه‌ڕاست، په‌هله‌وی، سهغدی، پارتی (فرتی).. هتد.
٣ــ ده‌وری نوێ: ئه‌و ده‌وره له سه‌ده‌ی نویه‌می پاش زایینه‌وه ده‌ست پێده‌كات‌و زمانه‌كانی ئه‌م دەوره بریتین له: فارسی نوێ، كوردی، په‌شتوو، تاجیكی، به‌لووچی، پامیری، ئوسیتی.. هتد.
تا ئه‌م شوێنه له ریشه‌ی زمانی كوردی دوایین‌و هه‌ندێك له فیلۆلۆجی Philology زمانی كوردیمان ئاشکراكرد. ئه‌م زمانه سهربهخۆو دێرینه‌و به ناو چه‌رخه جۆراوجۆره‌كانی رۆژگاردا رێگای گه‌شه‌ندنی زمانه‌وانی خۆی به شێوه‌یه‌كی ته‌واو سهربهخۆو جیاواز له زمانی فارسی بڕیوه. به‌م جۆره دژ به بیروڕای هه‌ڵه‌ی هه‌ندێك گهرۆكو مێژووزان، یان زمان‌ناس، زمانی كوردی نه ڵکێكه له زمانی فارسی‌و نه دیالێكتیكی (شێوه‌زار) ناوچهیهكیشه، كه له زمانی فارسییه‌وه وه‌رگیرابێت، به‌ڵكو هه‌ر دوو زمانی كوردی‌و فارسی سهربهخۆو له یه‌ك جیاوازن‌و هه‌ردووكیان زمانی زیندووی خێزانه زمانییه ئێرانییه‌كانن، كه ئه‌م خێزانه‌ش به‌شێكه له بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی زمانی هیندۆــ ئه‌وروپایی.
سه‌رچاوه به زمانی کوردی:
١ــ وشه‌ی زمانی كوردی، د. ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف، (١٩٧٥)، به‌غداد
٢ــ زمانی كوردی، دابه‌شبوونی جوگرافیایی دیالێكته‌كانی فوئاد حه‌مه خورشید (١٩٨٥)، به‌غداد
٣ــ قامووسی زمانی كوردی، عه‌بدولڕه‌حمانی زه‌بیحی (١٩٨٥)، ئینتیشاراتی سه‌لاحه‌دینی ئه‌یووبی، ورمێ
سه‌رچاوه به زمانی فارسی:
١ــ تاریخ معاصر زبان‌شناسی. ێر. اچ. روبینز. ترجمه محمد حقشناس (١٣٧٠)، تهران
سه‌رچاوه به زمانی ئینگلیزی:
1- Crystal, Davis, (1992). An Encyclopedic Dictionary of Language and Languages. U. K. Blackwell
2- Yule, George. (1988). Study of Language. Cambridge: cup
ژمارە (23)ی كەوانە
ئەیلولی 2013
31/10/2013