تاهیر حیکمه‌ت (د. ئازاد(
هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ڕێز له مێژوو و ڕابردووی خۆی ده‌گرێ، هه‌ر هه‌وڵێکی، که‌م یا زۆر بووبێ، سه‌رکه‌وتوو یا تێکشکاو، به‌ڕێزه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ و وه‌کو به‌شێک له پڕۆسه‌ی سه‌روه‌ری خۆی دێنێته‌وه یاد. به‌تایبه‌ت ئه‌و ڕووداوانه‌ی که تا لووتکه گه‌یشتوون و نه‌خشی چاره‌نووس سازیان هه‌بووه. ئێمه‌ی کوردیش ده‌شێ ئه‌و یادانه له بیر نه‌که‌ین و له جێی خۆیدا به ڕێزه‌وه یادیان بکه‌ینه‌وه، به‌تایبه‌ت لووتکه‌کان. دووی ڕێبه‌ندان هه‌م جێی یاده و هه‌م لووتکهیە. جێوازی ئێمە لەگەل گەلانی تر لەوەدایە کە ئەوان سەروەری خۆیان دابینکردوە و تەنیا یادی بۆنەکانیان دەکەنەوە و ئێمە بەسەروەری نەگەێشتووین و بێجگە لەباشوور کە بەشێکی لەرزۆکی سەروەری تێدا بەدیهاتووە، کەیانێکی سەربەخۆی نەتەوەییمان نییە هەتا ئێستاش ئەم پرۆسەیە ئازموون دەکەیین، هەربۆیەش ئێمە بێجگە لەرێزدانان بۆ بۆنەکان، دەشێ رەخنەو گازەندە لە کردەوە و بۆخوونەکانیش بێنینە گۆرێ و پرسیارە وەلامنەدراوەکان دیسان لەمێژوو بپرسینەوە. پرسیار بۆ ئەۆ ئەرکانەی دەبوو بکرانایە و نەکراون، دووی رێبەندان لووتکەیەکە کە دەبێ رێزی لێبگیرێ، جێ رەخنەیە کە نەێتوانی کاروان بگەیەنێتە ئامانج، و زۆر "بۆ" و پرسیاریشی لەدوای خۆی بەجێهێشت.
کۆماری کوردستان جێی ڕێزه:
چوون یه‌که‌م ده‌سه‌ڵاتی کوردی له ناوچه‌یه‌کی زۆر به‌رته‌سکی نیشتمانی کورددا دامه‌زراند. ئازادی و ئاسایشی به پێی گونجاوی ئه‌و سه‌رده‌مه دابین کرد. خوێندنگه و گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی به زمانی کوردی دامه‌زراند، هه‌وڵی په‌ره‌پێدانی مافی مرۆڤ به‌تایبه‌ت ژنانی دا و بازرگانی میللی گه‌شه‌ی پێدرا. ئیراده‌یه‌کی میللی سه‌ری هه‌ڵدا که تا ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌بوونی نه‌بوو. نه‌ته‌وه‌ی کورد له کایه‌ی سیاسی ناوچه‌دا که‌وته گه‌ڕ که تا ئه‌و کات حیسابی بۆ نه‌ده‌کرا.
کۆماری کوردستان لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێی له ژیانی نه‌ته‌وایه‌تی، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، فه‌رهه‌نگی و حقووقی کورددا هه‌ڵداوه که له چه‌شنی خۆیدا بێ وێنه بوو. کورد بۆ یه‌که‌م جار له سه‌رده‌می نوێ‌دا ئه‌زموونی به‌ڕێوه‌بردنی چاره‌نووسی خۆی له به‌شێکی وڵاته‌که‌یدا تاقی کرده‌وه.
نه‌یارانی کورد باس له‌وه ده‌که‌ن که گوایه کۆماری کوردستان ده‌ستکردی سۆڤیه‌ت بوو که ده‌یویست ئه‌و به‌شه له ئێرانی خۆشه‌ویست جیا کاته‌وه، له کاتێکدا ئه‌وه له بیر ده‌که‌ن که ئێران ده‌یان ساڵ بوو به ده‌ست ئینگلیز و ڕووسه‌وه به ڕێوه ده‌چوو، پاشایان لاده‌برد و یه‌کیتریان دێنایه جێی، پاڕلمانیان به تۆپ ده‌به‌ست و هه‌موو کاروباری ئێران به ده‌ست ئه‌وانه‌وه بوو. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ڕاست بێ و سۆڤیه‌ت کوردستانی جیا کردبێته‌وه، ئه‌وا له ئینگلیزی جیا کردۆته‌وه. به‌ستراوه‌یی چ به ئینگلیزه‌وه و چ به سۆڤیه‌ته‌وه هه‌ر به‌ستراوه‌ییه و هیچ جیاوازی نییه. ئه‌وان به به‌ستراوه‌یی خۆیان شانازی ده‌که‌ن و بۆ خه‌ڵکانی تر به عه‌یبی داده‌نێن. له کاتێکدا نه کوردستان سه‌ر به سۆڤیه‌ت بوو و نه سۆڤیه‌ت دڵی به کورد و کوردستانه‌وه خۆش کردبوو که بیکاته هێزێکی سه‌ر به جه‌مسه‌ری کومونیستی (داهاتووش ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماند) و نه کوردستانیش له باری ئابووری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ئاماده‌یی بوو تا بچێته ئه‌و بلۆکه‌وه.
ڕاستی ئه‌وه‌یه که پاش هاتنی ئه‌رته‌شی سۆڤیه‌ت بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی که له نه‌خشه‌ی جوغڕافیای ئێران‌دا به ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات ناسراون، هه‌ڵسوکه‌وتی سۆڤیه‌ت به میر جه‌عفه‌ر باقرۆڤ، سه‌رکۆماری ئه‌وده‌می ئازه‌ربایجانی سۆڤیه‌ت سپێردرا. میر جه‌عفه‌ر له بیری دامه‌زراندنی کۆماری ئازه‌ربایجان له ئێران‌دا بوو که پاشان بیخاته‌وه سه‌ر کۆماری ئازه‌ربایجانی سۆڤیه‌ت.
له‌و خاکه‌دا که به ئوستانی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا داندرابوو، کورد ده‌ژیا و ده‌یتوانی ئه‌و پلانه‌ی میرجهعفهر بخاته مه‌ترسییه‌وه. ناوبراو پێوه بوو به دانی خودموختاری به کوردان ئه‌وان بێده‌نگ بکا و به مانه‌وه له ده‌وڵه‌تی ئازه‌ربایجاندا ڕازی بن.
پلانی میر جه‌عفه‌ر بۆ کوردان له دوو بواردا بوو: یه‌که‌م خۆیان به دانیشتووی خاکی ئازه‌ریه‌کان بزانن و ناوچه‌ی خودموختار له‌و ناوچه‌ی که به ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا ناسرابوو، نه‌ترازێ، دووهه‌م، مافی کوردان له خودموختاری پتر نه‌ڕوا و ده‌سه‌ڵاتیشی له ژێر چاوه‌دێری مه‌جلیسی میللی ئازه‌ربایجاندا بمێنێته‌وه.
کۆماری کوردستان جێی ڕه‌خنه‌یه:
چون نه‌یتوانی و نه‌یویست که له ناوچه‌یه‌کی به‌رته‌سکی کوردستان پتر بڕوا، ئه‌گه‌رچی به‌ڵێنی به ڕووسه‌کان یا ئازهربایجانیهکانیش دابێ و دیاره نکۆڵی له وه‌ش ناکرێ که جێگیر بوونی ئه‌رته‌شی سۆڤیه‌ت له‌و ناوچانه‌دا هه‌لی بۆ کورد ڕه‌خساند. ئه‌گه‌ر چی به‌شه‌کانی تری کوردستان که له ژێر ناوی ئوستانی کوردستان و کرماشان دابه‌ش ببوون له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیزدا ئیداره ده‌کرا، به‌ڵام هه‌ر هیچ نه‌بێ لکاندنی دوو شاری سه‌قز و بانه به کۆماره‌وه گونجاو بوو و خه‌ڵکیش ئاماده‌ییان هه‌بوو. کۆمار پێشی به‌و پێکه‌وه لکانه گرت و ته‌نانه‌ت لقی سه‌ربه‌خۆی حیزبی دیمۆکڕاتی له‌و دوو شاره‌دا هه‌رگیز به فه‌ڕمی نه‌ناسی.
زۆر باس و لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ناوی کۆمار کراوه، کۆماری مهاباد یا کۆماری کوردستان؟
دیاره بۆ ئێمه‌ی کورد له هه‌ر نوخته‌یه‌کی وڵاته‌که‌مان ته‌نانه‌ت گوندێکیش بێ، هه‌رده‌سه‌ڵاتێکی نه‌ته‌وه‌یی، ماڵی هه‌مووانه و هه‌ر کوردێک بۆی هه‌یه هه‌ستی خۆشه‌ویستی و پاراستنی ببێ و به هی خۆی بزانێ. به‌ڵام هه‌ر ده‌زگا و دامه‌زراوێک، چوارچێوه‌یه‌کی حقووقی هه‌یه. هه‌ر ده‌وڵه‌ت یا حکوومه‌تێک به‌و چوارچێوه‌وه ده‌ناسرێ که ده‌سه‌ڵاتداری به‌سه‌ره‌وه ده‌کا، قانوونی بۆ په‌سه‌ند ده‌کا و دانیشتووانیش ده‌بێ په‌یڕه‌وییان لێ بکه‌ن. به‌و پێیه ئه‌گه‌ر چی کۆمار له دڵی هه‌ر کوردێکدا کۆماری کوردستانه، به‌ڵام له باری حقووقییه‌وه، کۆماری کورده‌کانی دانیشتووی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستانه که له دابه‌شینی جوغڕافیای ئێران‌دا که‌وتبووه و تا ئێستاش که‌وتۆته ناو ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاواوه.
حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان درێژه‌ده‌ری کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک بوو که پاش سه‌فه‌ری نوێنه‌رانی کورد بۆ باکۆ، دامه‌زرا. نه ئه‌و گۆڕینه ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی کورد بوو و نه هێنانه گۆڕێی دروشمه نوێکه‌ی واته خودموختاری. ئه‌و دروشمه‌ش به پێی هه‌لومه‌رج گۆڕدراوه. کاتێک ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی زۆر لاواز بووه و چه‌ند جار له شه‌ڕدا تێکشکێندراوه، باس له سه‌ربه‌خۆیی که له ڕاستیشدا ئامانجی له‌مێژینه‌ی کوردان بوو، هاتۆته ئاڕاوه، ئه‌و کات که ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی به‌هێزتر بووه یا پاش وهدهرچوونی ئه‌رته‌شی سۆڤیه‌ت، پتر باس له خودموختاری له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا کراوه و ته‌نانه‌ت له کۆتاییهکادا داخوازی ئه‌نجومه‌نی ئه‌یاله‌تی و ویلایه‌تی سه‌رده‌می مه‌شروتییه‌ت، کراوه‌ته ئامانجی کۆمار.
هه‌ر بۆیه، تا ئێستاش لایه‌نگرانی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان زۆر فاکت و بۆچوون دێننه‌وه که ئامانجی کۆمار ته‌نیا سه‌ربه‌خۆیی بووه، لایه‌نگرانی خودموختاری یا فیدڕالیسم ده‌یان فاکت دێننه‌وه که کۆمار داوای خودموختاری له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا کردووه. هه‌ر دوو لایه‌نیش ڕاست ده‌که‌ن. کۆماری کوردستان به پێی هه‌لومه‌رج و لاسه‌نگی هێز، داواکاری و سیاسه‌تی فه‌رمی خۆی گۆڕیوه.
میراتی کۆمار بۆ درێژه‌ده‌رانی ڕێگاکه‌ی، یه‌کێک دروشمی خودموختاری بوو، یه‌کیش سیستمی حیزبایه‌تی که له سۆڤیه‌ته‌وه وه‌رگیرابوو، ئه‌ویتریش وتاری جیاوازی کورد له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی خۆ و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست. درێژه‌ده‌رانی ڕێگای کۆمار، دروشم و سیستمه‌که‌یان هه‌ر به‌و شێوه درێژه پێدا و خۆیان و خه‌ڵکیشیان زۆر تووشی زیان کرد. وتاریان به بێ پێوه‌ندی له گه‌ڵ هه‌لومه‌رج له گه‌ڵ خۆ و به زمانی فارسی جیاوازه و پێموایه متمانه‌ی هه‌ر دوو لایان له ده‌ست دابێ یا بیده‌ن.
پرسیاره‌کان:
کۆماری کوردستان بۆ نه‌یتوانی له ناوچه‌ی ناسراو به ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا پتر بترازێ؟ کۆمار پێشه‌وایه‌کی بوو، سه‌ره‌کوه‌زیران و چه‌ند وه‌زیر. بۆ تا ئێستاش هه‌ر باس له بۆچوون و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی پێشه‌وا ده‌کرێ و نازانین سه‌ره‌کوه‌زیر حاجی بابه‌شێخ و وه‌زیرانی تر چۆنیان بیرکردۆته‌وه و چی‌یان کردووه؟ ئایا کۆمار له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی تاکه‌که‌س دامه‌زرابوو؟
کاتی وهدهرچوونی ئه‌رته‌شی سۆڤیه‌ت، قازی له گوندی سه‌را ڕایگه‌یاند که ئێمه بۆ خۆمان به‌رگری له ده‌سکه‌وته‌کانمان ده‌که‌ین و چوونه ده‌ره‌وه‌ی سوپای سوور کاریگه‌ری له سه‌ر کۆمار نییه. ئه‌ی بۆ به‌رگری نه‌کرا و کۆمار به ده‌سته‌وه درا؟
بارزانیه‌کان که خزمه‌تیان به کۆمار ده‌کرد، بۆ له مهاباد ده‌رکران و ڕێیان پێنه‌درا داکۆکی له کۆمار بکه‌ن؟ ئه‌و ئه‌فسانه له کوێوه هاتووه که قازی ئاڵای کوردستانی داوه‌ته ده‌ست مه‌لا مسته‌فا تا شه‌کاوه ڕایگرێ، له کاتێکدا که تا ئێستاش نه بیستراوه و نه‌بیندراوه که هه‌رگیز مه‌لا مسته‌فا له وتار یا لێدوانێکیدا به ڕێزه‌وه باسی کۆمار و به‌تایبه‌ت که‌سایه‌تی قازی کردبێ. بۆ قازی دڵی بارزانیه‌کان و مه‌لا مسته‌فای شکاند و ڕێی به‌رگری کۆماری پێنه‌دان؟
قازی محه‌مه‌د، پاش حوکمی له سێداره‌درانی له وه‌سیه‌ته‌که‌یدا ده‌ڵێ: که فریوی دوژمن مه‌خۆن، بۆ چی؟ ئایا بۆ خۆی فریوی خواردبوو؟ ئه‌و وته‌یه ڕێک به‌و مانایه‌یه که ئه‌زموونی خۆیه‌تی، یانی من فریوم خوارد، ئێوه مه‌یخۆن. ئه‌و فریوه چی بوو؟ ئایا به‌ڵێنی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی،بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ته‌سلیم بن، بڕێک ماف به کورد ده‌درێ و هه‌موو ناوچه کوردنشینه‌کان ده‌کرێنه ئوستانێک و قازیش ده‌بێته ئوستاندار، ڕاسته؟
ئایا بیانووی به کوشت نه‌چوونی خه‌ڵک بۆ ته‌سلیم بوون مه‌نتیقی بوو؟ ده‌یان و سه‌دان جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی له جیهاندا که خه‌باتیان کردووه و به ئامانج گه‌یشتوون، قوربانییان داوه. جووڵانه‌وه‌ی کورد پاش شۆڕشی ساڵی 57 ی گه‌لانی ئێرانیش ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره بۆوه، به‌رگری یا ته‌سلیم؟ دیاره مه‌ترسی بۆ خه‌ڵکی به‌دواوه بوو. ئه‌مجاره خۆڕاگری و داکۆکی هه‌ڵبژێردرا. ئه‌گه‌ر چی هه‌ر دووک به ئاکام نه‌گه‌یشتن به‌ڵام یه‌کیان خۆی به ده‌سته‌وه‌دا و ئه‌ویتریان شکستی خوارد، هه‌ر دوو ڕێبه‌ر فریویان خوارد، یه‌کیان موحاکمه کرا و له سێداره درا و ئه‌ویتریان گیانی له سه‌ر دانا، به‌ڵام نه به ده‌ستی به‌ستراوه و له ژێر په‌تی سێداره‌دا.
کۆماری کوردستان به هه‌موو تاریک و ڕوونیهکانیهوه، به هه‌موو خاڵه زه‌ق و لاوازه‌کانیه‌وه مێژوومانه و هه‌ڵده‌گرێ پتر ڕێزی لێبگیرێ، چون لووتکه‌یه‌کی به‌رزی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیمانه. هه‌ڵده‌گرێ پتر له ڕه‌خنه‌کانی ورد بینه‌وه و له وڵامی پرسیاره‌کان بۆ داهاتووی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیمان که‌ڵک وه‌رگرین..... تا گه‌یشتن به ئاوات و ئامانجه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانمان.