رێبوار مەعرووف زادە
خه‌باتی چه‌کداری
به‌ختیار عه‌لی ده‌لێ "ئه‌گه‌ر ناچار بم له نێوان ناشیرینی واقیع و چه‌ک یه‌کێکیان هه‌لبژێرم، ناشیرینی واقیع هه‌لده‌بژێرم، چونکه واقیع ناشیرین بێ باشتره له‌وه‌ی به چه‌ک بیگۆرم و چه‌ک تاوانێکی دیکه ده‌خاته سه‌ر تاوانه‌کانی دیکه". ئه‌وه به واتای ئه‌وه دێ که خه‌باتی چه‌کداری هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه نادروسته. ئاخۆ خه‌باتی چه‌کداری به تایبه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان نادروست و نالۆژیکییه و ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتن زۆر ئه‌سته‌مه؟
۱. ئه‌زموونی خه‌باتی چه‌کداری حیزبی دێموکرات نیشانی داوه که زۆرینه‌ی ره‌های خه‌ڵکی کوردستان پشتگیری له خه‌باتی چه‌کداری ناکا.
حیزبی دێموکرات له لووتکه‌ی خۆیدا ۱۰ تا ۱۲ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی له ساڵی ۱۳۵۷-۱۳۵۸ هه‌بوو. ئه‌گه‌ر ده له سه‌دی حه‌شیمه‌تی ئێران که ئه‌و کات نزیک ۳۴ میلیۆن بووه وه‌ک کورد ئه‌ژمار بکه‌ین حه‌شیمه‌تی کورد ۳ میلیۆن و ۴۰۰ هه‌زار بووه. ئه‌گه‌ر ۱۲ هه‌زار پێشمه‌رگه به سه‌ر ۳.۴۰۰.۰۰۰ دابه‌ش بکه‌ین ده‌کاته ۶ له سه‌ر ۱۷۰۰۰. به واتایه‌کی دیکه له هه‌ر ۱۷۰۰۰ هه‌زار کورد ۶ که‌س پێشمه‌رگه بوون. ره‌نگه که‌سانێک ئاماژه به‌وه بکه‌ن پێشمه‌رگه هه‌مووی ته‌مه‌نی سه‌رووی ۱۸ ساڵ بووه و به‌شێکی زۆر له‌و ۳.۴۰۰.۰۰۰ هه‌زار که‌سه ته‌مه‌نی له خواره‌وه‌ی ۱۸ ساڵ بووه. ئه‌وه ئاماژه‌یه‌کی دروسته، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بیانوویه‌ش ببڕینه‌وه و وایدابنێین که نیوه‌ی حه‌شیمه‌تی ئه‌و کاتی کوردستان ژێر ۱۸ ساڵ بووه، حه‌شیمه‌تی گهورهسالی کوردستان ۱.۷۰۰.۰۰۰ بووه. ئێستا ئه‌گه‌ر ۱۲ هه‌زار پێشمه‌رگه به‌راورد به حه‌شیمه‌تی گه‌وره سالی ئه‌و کاتی کوردستان بکه‌ین ده‌کاته ٠/٠٠٧. ئه‌و ژماره‌یه نیشان ده‌دا که ته‌نانه‌ت یه‌ک له سه‌دی خه‌ڵکیش پێشمه‌رگه نه‌بووه.
لێره‌دایه که ده‌بینین چه‌نده هاوتاکردنی ئێراده‌ی پێشمه‌رگه و گه‌ڵ له‌گه‌ڵ دێموکراسی و ئه‌قلییه‌تی دێموکراتیک ناگۆنجێ. ئه‌و نهگۆنجانه به واتای ئه‌وه نایه‌ت که داواکاری سیاسی ئه‌و کات واته خودموختاری یان فێدرالیزمی ئێستا، داواکاری خه‌ڵکی کوردستان نییه یان له‌گه‌ڵ خواستی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ناته‌بایه، به‌ڵکوو به‌و واتایه‌یه که به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ زۆر که‌متر له یه‌ک له سه‌دی خه‌ڵک له خه‌باتی چه‌کداری، له شێوازی کوردایه‌تی کردنی چه‌کدارانه، پشتگیری کردوه.
۲. له هیچ پارچه‌یه‌کی کوردستاندا خه‌باتی چه‌کداری نه‌یتوانیوه سه‌ربکه‌وێ و ده‌سه‌ڵات دابمه‌زرێنێ.
له سالی ۱۹۴۶ کۆماری کوردستان له دوای شه‌رێکی چه‌کدارانه‌ی قۆرس له‌گه‌ڵ رێژیمی پاشایه‌تی دانامه‌زرێ. پێشمه‌رگه و هێزی چه‌کداری کورد له دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان هیچ رۆلێکی نه‌بووه، به‌ڵکوو ئه‌وه دوای ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستانه که رۆڵی پێشمه‌رگه و هێزی چه‌کدار به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. له راستیدا چه‌ند مانگ پێش دامه‌زرانی کۆماری کوردستان، هێزی ژاندارم کۆنترۆلێکی به سه‌ر کوردستاندا نه‌مابوو. گرتنی ژاندارمێری مه‌هابادیش ئه‌وه‌نده‌ی کرده‌وه‌یه‌کی سه‌مبۆلیک بوو، ئه‌وه‌نده کرده‌وه‌یه‌ک نه‌بوو که به‌رهه‌می شه‌ری چه‌کداری بێ. کۆماری کوردستان له دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی ره‌زاشا و له ئاکامی ئیراده‌یه‌کی سیاسی-مه‌ده‌نی کوردانه پێکهات.
له ساڵی ۱۹۷۹ رێبه‌رایه‌تی حیزبی دێموکرات یان ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ دروستتر بلێین "کۆمیته‌ی زاگرۆسی حیزبی دێموکرات" به بێ چه‌ک له باشووری کوردستان ده‌ڕواته‌وه رۆژهه‌ڵاتی کوردستان. به واتایه‌کی دیکه له ساڵی ۱۹۷۹شدا رزگاری خاکی کوردستان له ئاکامی خه‌باتی چه‌کداری کورد نه‌بوو، به‌ڵکوو ئه‌وه له نه‌مانی هێزی ناوه‌ندا دایه که بۆ جارێکی دیکه کوردایه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌بووژێته‌وه. له ساڵی ۱۹۷۹ تا ۱۹۸۴ خۆڕاگری و خه‌باتی چه‌کداری به شێوه‌یه‌کی به‌رفروان ده‌بینرێ، به‌ڵام دواجار له ساڵی ۱۳۶۴ کۆنگره‌ی ۶‌ی حیزبی دێموکرات له گوندی "گه‌وره‌دێ"، له باشووری کوردستان ده‌گیرێ. خه‌باتی چه‌کداری له‌و ده‌ورانه‌دا هه‌رچه‌ند به هۆی هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی ئه‌و کاتی کۆماری ئیسلامی هێندێک سه‌رکه‌وتنی کاتی بۆ نموونه له ره‌وتی شه‌ڕی سێ مانگه‌دا به‌ده‌ست دێنی، به‌ڵام دواجار خۆی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و جۆغرافیایه ده‌بینێته‌وه که خه‌باتی خۆی بۆ پێناسه کردوه. له ره‌وتی خه‌باتی چه‌کداری به ته‌نیا حیزبی دێموکرات نزیک ۵ هه‌زار شه‌هید ده‌دا و زۆر که‌سیش ده‌بنه که‌م ئه‌ندام یان تووشی زیندان و هه‌نده‌ران ده‌بن.
زۆر جار که قسه له سه‌ر تێچووی زۆری خه‌باتی چه‌کداری دێته گۆرێ ئاماژه به باشووری کوردستان ده‌که‌ن که له ره‌وتی ئه‌نفالدا ۱۸۰ هه‌زار قوربانی داوه یان به هۆی کیمیابارابی هه‌له‌بچه ۵ هه‌زار قوربانی داوه. ئاخۆ هه‌رێمی کوردستان به‌رهه‌می خه‌باتی چه‌کدارییه؟ ئاخۆ خه‌باتی چه‌کداری له باشووری کوردستان پاشه‌کشه‌ی به سه‌ددام کرد؟
کاتێک له به‌هاری ساڵی ۱۹۹۱ دا یه‌ک و نیو میلیۆن له خه‌ڵکی کورد له باشووری کوردستان به‌ره‌و سنووره‌کانی تورکیا و ئێران روێشتن، هه‌ڕه‌شه‌یان له سه‌ر ته‌ناهی سنووره‌کانی ئێران و تورکیا کرد. له ره‌وتی کۆڕهویشدا خه‌ڵکی کوردستان تێچوویه‌کی زۆری دا، خه‌ڵکێکی زۆر به هۆی برسێتی و نه‌خۆشی گیانی له ده‌ست دا و زۆر وێنه‌ی تراژیکیش وه‌ک ئه‌و دایکانه‌ی که منالی خۆیان له رووبار هاویشت ڕووی دا. له ۵ی ئاوریلی ۱۹۹۱ شوورای ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووان بڕیارنامه‌ی ۶۸۸(resolution ۶۸۸) ده‌کرد که جه‌ختی له سه‌ر گه‌یاندنی هاوکاری مرۆڤدوستانه به کورده‌کان و پێکهاتنی ناوچه‌ی دژه فرین ده‌کرد. ده‌رچوونی بڕیارنامه‌ی ۶۸۸ و دروستبوونی ناوچه‌ی دژه فرین که رزگاری هه‌رێمی کوردستانی لێکه‌وته‌وه، به‌رهه‌می خه‌باتی چه‌کداری نه‌بوو، له هیچ شوینێکی ئه‌و بڕیارنامهیهشدا ئاماژه به هێزی چه‌کداری کورد نه‌کراوه. هه‌ر بۆیه رێپێوانی میلیۆنی خه‌ڵکی باشووری کوردستان که ده‌چته خانه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی و ناتوندووتیژ، باشووری کوردستانی رزگار کرد. ئه‌و بابه‌ته‌ش به مانای ئه‌وه نایه پێشمه‌رگه دلسۆز و گیانفیدا نه‌بووه، به‌ڵکوو ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره روانینه بۆ کوردایه‌تییه که پێیوایه هه‌رێمی کوردستان به‌رهه‌می خه‌باتی چه‌کدارییه.
خه‌باتی چه‌کداری له باکووری کوردستان که لهوێداش مه‌به‌ست هه‌مان خه‌باتی پ.ک.که‌یه له سه‌رده‌می خۆیدا، له‌و کاته که ده‌وڵه‌تی تورک باسی له "تورکی کێوی" ده‌کرد توانی له سه‌ر ڕاگرتنی شۆناسی کوردی کاریگه‌ری هه‌بێ، به‌ڵام له ئێستا ئه‌و خه‌باته چه‌کدارییه ره‌هه‌نده مه‌ده‌نی، سیاسی و کولتووری خه‌باتی کوردی لاواز کردوه. خه‌باتی چه‌کداری پێچه‌وانه ئه‌وه‌ی له میدیاکانی سه‌ر به پ.ک.ک نیشان ده‌درێ نه‌ته‌نیا پرسی کورد پێش نابا، به‌ڵکوو هۆکارێکیشه بۆ پێشڤهنهچوونی. ئه‌گه‌ر چی هیزی ئه‌منی و سه‌ربازی تورکیا نه‌یتوانیوه پ.ک.ک له نێو به‌رێ، به‌ڵام پ.ک.که‌ش توانای چاره‌سه‌رکردنی پرسی کوردی نه‌بووه. ئه‌وه چاره‌سه‌ر نییه که بۆ زیاتر له سێ ده‌یه پێوه‌ندی تورک-کورد کوشتن یان کوژران بێ. ئه‌وی له باکووری کوردستان هێزی به‌خشیوه‌ته کوردایه‌تی BDPیه. (بۆ خوێندنه‌وه‌ی زیاتر له سه‌ر خه‌باتی باکووری کوردستان ده‌تونن وتاری "کورد،PKK, BDP, AKP" بخوێنه‌وه.) ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی له رۆژئاوای کوردستانیش ره‌خساوه له به‌ستێنی ڕاپه‌رینی سووریا و شه‌ڕی نێوخۆیی ئێستای ئه‌و وڵاته دایه. ئه‌گه‌ر بگه‌رێنه‌وه بۆ پێنچ ساڵ لهمهوهبهریش ته‌نانه‌ت خۆدی وشه‌ی رۆژئاوای کوردستانیش که‌متر له ئه‌ده‌بیات و میدیای حیزبه کوردییه‌کاندا باسی لێ ده‌کرا.
۳. خه‌باتی چه‌کداری و دیکتاتۆرییه‌ت
ده‌بێ له رۆژی دوای سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی چه‌کداری نیگه‌ران بین. ده‌بێ له‌وه نیگه‌ران بین که که‌مینه‌یه‌کی زۆر بچووک ئه‌رکی زۆرینه‌یه‌ک به‌جێ بگه‌یه‌نێ و دواتر ئه‌و که‌مینه‌یه قبوولی ئیراده‌ی زۆرینه و سیستمی دێمۆکراسی بکا. له نێو ئه‌حزابی کوردی‌دا زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی له خه‌باتی چه‌کداری به‌شدار بوون ئاستی خوێنده‌واریان زۆر نزم بووه و ئه‌وه‌ش ره‌نگه بۆ ئه‌وه بگه‌رێته‌وه که فێربوونی به‌کارهێنانی چه‌ک ساده‌یه و پێویست به ته‌رخانکردنی چه‌ند ساڵ ناکا. هێزی خوێنده‌وار ده‌توانی پێشکه‌وتنی زانستی، هونه‌ری، کولتووری ، سیاسی و ... به‌رهه‌م بێنێ و له‌و رێگه‌یه‌وه خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌ی بکا. خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئێستا خه‌ڵکی خوێنده‌واری زۆر زیاتری هه‌یه به به‌روارد له‌گه‌ڵ ساڵی ۱۹۷۹، به‌ڵام شێوازی خه‌باتی چه‌کداری ناتوانێ رێگه‌یه‌کی گۆنجاو بۆ به‌شداری ئه‌و خه‌ڵکه بێ. تایبه‌تمه‌ندی خه‌باتی چه‌کداری به تایبه‌ت له نێو کورددا که جۆری چه‌کی به که‌لاش و دۆشکه کۆرت ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه که خاڵی شاره‌زایی و فره‌چه‌شنی خه‌ڵک له‌به‌ر چاو ناگرێ. جه‌خت له سه‌ر که‌لاش و دۆشکا، تانگ و فرۆکه‌ی شه‌رکه‌ری دۆژمنمان ڕووبه‌ڕو ده‌کاته‌وه و ئه‌وه به‌ده‌ر له بوێری یان نه‌وێری، چوونه نێو خانه‌یه‌که که ئێمه وه‌ک کورد تێیدا ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتنمان زۆر ئه‌سته‌مه. هه‌روه‌ها مه‌حکوومکردنی خه‌باتی چه‌کداریش له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ر وه‌ک پرسێکی تێرۆریستی زۆر ساده‌یه. بۆ دابینکردنی چهکوچۆلیش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی کۆماری ئیسلامی پێویستیت به ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌یی ده‌بێ، ئه‌وه‌ش رێگه‌یه‌کی دروست نییه که خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه به‌رده‌وام بێ. نسکۆی ۱۹۷۵ له باشووری کوردستان که له دوای رێکه‌وتنی ئه‌لجه‌زایر هاته‌ئاراوه و ره‌زاشا پشتی له شۆڕشی باشووری کوردستان کرد وانه‌یه‌کی گه‌وره‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه که ئه‌و هه‌له‌یه دووباره نه‌که‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌ی هێزت شتێک جێگه له خه‌ڵکی خۆت بێ، ده‌بێ چاوه‌روانی ئه‌وه‌ش بی که چاره‌نووسی سیاسیت له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و جۆغرافیایه که خه‌باتی بۆ ده‌که‌ی دیاری بکرێ.
خه‌باتی مه‌ده‌نی
خه‌باتی مه‌ده‌نی به شێوازێک له خه‌بات دهکۆترێ که ناتوندوتیژ بێ. به‌و پێیه خه‌باتی مه‌ده‌نی و خه‌باتی چه‌کداری له‌گه‌ڵ یه‌کتر به ته‌واوه‌تی ناکۆکن. خه‌باتی مه‌ده‌نی توانیوێتی هیندوستان به سه‌ربه‌خۆیی بگه‌یه‌نێ و ئیمپراتووری بریتانیا به چۆک دابنێ. مارتین لۆتێر کینگ به که‌ڵک وه‌رگرتن له شێوازی خه‌باتی مه‌ده‌نی توانی کۆیله‌داری له ئه‌مریکا هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه. له زۆر وڵات که له بواری کۆمه‌لایه‌تی، کولتووری، ئابووری و ... له یه‌ک جیاواز بوون، به‌ڵام له بوونی دێکتاتۆریییهت و سته‌م له‌گه‌ڵ یه‌ک هاوبه‌شبوون خه‌باتی مه‌ده‌نی سه‌رکه‌وتنی به ده‌ست هێناوه که ده‌کرێ ئاماژه به سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی مه‌ده‌نی له وڵاتانی شیلی، له‌هستان، ئافریقای باشوور، فیلیپین، ئۆکراین و ... بکه‌ین.
له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ساڵی ۱۳۷۶ به‌ملاوه کوردستان هێندێک هه‌وڵی مه‌ده‌نی بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافی نه‌ته‌وه‌یی به خۆیه‌وه بینیوه که ده‌کرێ ئاماژه به دامه‌زرانی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان له نۆی ئاوریلی ۲۰۰۵، به‌ره‌ی یه‌کگرتووی کورد له ساڵی ۲۰۰۵، فراکسیۆنی نوێنه‌رانی کوردی له پارڵمانی ئێران، پێکهاتنی "یه‌کیه‌تی دێموکراتیکی خوێندکارانی کورد"، کۆمه‌ڵه‌ی کوردانی دانیشتووی تاران، ئه‌نیستیتۆی کلتووری-هونه‌ری ئه‌حمه‌دی خانی-ورمێ، گۆڤاری رۆژه‌ڤی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران، گۆڤاری زرێبار، گۆڤاری روانگه‌ی خوێندکارانی کوردی ته‌ورێز، ئه‌نجومه‌نی سه‌وزی چیا، ئه‌نجومه‌نی ژنانی مه‌ریوان، لقی کوردستانی که‌مپه‌ینی یه‌ک میلیۆن واژۆ، فێرگه‌ی زمانی کوردی سۆما و ... بکه‌ین.
داخستنی دوکان و بازار له هێندێک شاری کوردستان له ۲۲ ی پووشپه‌ردا بۆ نیشاندانی مه‌حکوومکردنی تیرۆری دوکتور قاسملوو، مانگرتنی به‌رینی خه‌ڵکی کوردستان بۆ ده‌ربڕینی ناره‌زایه‌تی له ئیعدامکردنی فه‌رزاد که‌مانگه‌ر و هاورێیانی له ساڵی ۱۳۸۹، کهمپهیهینی "ژن‌بوون که‌ره‌سته‌ی سووکایه‌تی کردن به هیچ که‌س نییه"، کۆمه‌لێک نموونه‌ن له خه‌باتی ناتوندوتیژ که زۆر سه‌رکه‌وتوو بوون. ئه‌و نموونانه نیشان ده‌ده‌ن که خه‌باتی مه‌ده‌نی کاریگه‌ری هه‌یه و پرسی کوردیش پرسێکی ره‌وایه، به‌ڵام چ بکه‌ین که له رێگه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی ئامانجی ستراتژیک واته رزگاری کوردستان مسۆگه‌ر بکه‌ین؟ ئه‌قلییه‌تی مه‌ده‌نی-سیاسی له نێو حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له نێو خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌هێز بکه‌ین. ئه‌و حیزبانه به هۆی ئه‌وه‌ی ده‌ره‌تانی پێکهێنانی حیزب و هێنانه‌ئارای ئازادانه‌ی داواکارییه‌کانی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان نییه، هه‌روه‌ها به هۆی هه‌بوونی ته‌له‌ڤیزیۆن که ئامرازێکی گرینگه بۆ به جه‌ماوه‌ریکردنی خه‌باتی مه‌ده‌نی و ئاراسته به‌خشین به جه‌ماوه‌ر ته‌عبیر له ئیراده‌ی سیاسی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌که‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئیراده سیاسییه له خزمه‌ت خه‌باتی مه‌ده‌نی دا بێ و پشتئه‌ستوور به خه‌باتی مه‌ده‌نی بهرفراونیش بێ پێویسته:
۱. پێویسته هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمەڵگە به شێوازی مه‌ده‌نی خۆیان له خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیدا ببیننه‌وه نه‌ک ئه‌وه‌ی حیزبی سیاسی شوێنی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه بێ. حیزبی سیاسی جێگه‌ی خه‌ڵکی نه‌خوێنده‌وار، به‌ساڵاچوو و نه‌خۆش نییه، به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵکه‌ش ده‌توانێ له خه‌باتدا به‌شداری بکا.
۲. ده‌بێ کۆمه‌لێک چه‌مک وه‌ک پێشمه‌رگه له فۆرمی کۆن که پێناسه‌یه‌کی چه‌کداری هه‌یه بێته ده‌رێ. ناکرێ پێشمه‌رگه له ئه‌ده‌بیات و پێکهاته‌ی حیزب‌دا نوێنگه‌ی رزگاری نه‌ته‌وه‌یی بێ، له حالێک‌دا له واقیعدا شۆڕشگێرێکی "چه‌کداری" به ىیروبروا توانای رزگارکردنی نه‌ته‌وه‌ی نییه. هه‌ر که‌سێک که له پیناو خزمه‌تکردن به نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌وڵی بردنه‌سه‌ری توانایی خۆی ده‌دا پێشمه‌رگه‌یه.
۳. حیزبی سیاسی ده‌بێ ته‌ماشای سیاسه‌تکردن وه‌ک کارێکی پسپۆرانه بکا. ئه‌گه‌ر حیزبی سیاسی هونه‌رمه‌ند، شاعیر، ناوه‌ندی منداڵپارێزی و رێکخراوی ژنان، لاوان و خوێندکاران و ... نه‌بێ، نابێ گله‌یی لێ بکرێ و بۆی وه‌ک لاوازی له قه‌ڵه‌م بدرێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر حیزبێکی سیاسی ده‌یان شرۆڤه‌کار و دیپلۆماتی شاره‌زا به چه‌ند زمانی زیندووی جیهانی نه‌بێ که له پرۆسه‌ی بڕیاردان له‌و حیزبه‌دا به‌شداری بکه‌ن، ده‌بێ له بنه‌ره‌تی بوونی ئه‌و حیزبه ڕه‌خنه بگیردرێ. دروست نییه هه‌ر که‌سێک که ته‌مه‌نی له سه‌رووی ۱۸ ساڵ بوو، که‌سیشی نه‌کوشتبێ و به گشتی خۆشناو بێ، که ئاودیوی باشووری کوردستان بوو بتوانێ ببێته ئه‌ندامی ته‌واو وه‌ختی حیزب. حیزبی سیاسی ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه ئاراسته ببه‌خشێته جه‌ماوه‌ر. حیزبی سیاسی ده‌بێ که‌سانێک به‌رێوه‌ی به‌رن که توانای شرۆڤه‌کردنی سیاسی، توانای نووسین و دهرىرینی هه‌یه، به‌ڵام ئایدیا، پرۆژه و بهرنامهکلانی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان بگرێته‌وه.
۴. ئاراسته و ئه‌قلییه‌تی خه‌ڵک به جۆرێک بگۆردرێ که له جێگه‌ی قه‌ندیل، پارلمان و رۆژنامه و زانکۆ و ... به گۆڕه‌پانی ئه‌مرۆی خه‌بات بزانێ. ئه‌وه ده‌بێ ره‌نگدانه‌ی له سه‌ر میدیای ئه‌حزابی کوردی هه‌بێ که قارهمانایهتی و کوردایهرتی له شاخ و مۆدێلی کۆن بۆ شار و مۆدێلی ئه‌ورۆیی رابگوازن. ناکرێ دوو گۆتار و ئاراسته‌ی پێکناکۆک له میدیای حیزب بڵاو بکرێته‌وه.
۵. هه‌وڵ و چالاکی مه‌ده‌نی خه‌ڵکی کوردستان نه‌ک وه‌ک په‌راوێزێک له خه‌باتی چه‌کداری له قه‌له‌م بدرێ، به‌ڵکوو ئه‌و هه‌وڵانه ببێته هه‌وێنی پێناسه‌کردنی قۆناخێکی نوێ له خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی.
۶. میدیای حیزبی کوردی ده‌بێ کاری پارلمانتار، پارێزگار، فه‌رماندار و شوورای کورد بخاته ژێر چاوه‌دێری و ئاستی هوشیاری و به‌شداری خه‌ڵک بباته سه‌رێ.
سه‌رچاوه‌کان
۱.www.cssnd.com
۲ http://xatonbax.blogspot.com
۳. سه دهه مبارزه کردها در ایران از منظر خشونت و خشونت پرهیزی، محمد ته‌وری
۴. تبعیض قومی در کردستان ایران، مصلح کهنهپوشی
۵. Gandhi movie، http://www.youtube.com
سەرچاوە: NNS.ROJ
7/10/2013