هیوا مەحمود عوسمان
هێرشەكەی سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر هێرشێكی ئاسایی تیرۆریستی نییە. بەڵكو بەبیرهێنانەوەی هەڕەشەكانە لە دژی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی. وەك سرووشتی هەڕەشەی تیرۆریستی، لە هێرشەكەدا چەند ئاماژەیەك هەن. هەروەها هێرشەكە دوو ئاستی هەیە ناوخۆیی و دەرەكی بۆ خۆئامادەكردن بۆ هێرشێكی رێكخراو، بڕی ئەو چەك و تەقەمەنیانەی بەكارهاتوون و زانیاری سەبارەت بە شوێنەكە هاریكارییەكی زۆرباشی رێكخراوی ناوچەیین و كاتی پێویست دابین دەكەن بۆ هێنانی كەرەستە و ئەنجامدانی هێرشەكە. ئەگەر هەموو شتەكانی دیكە بەلاوە بنێین، هێرشێكی لەوجۆرە پێویستی بە سێ هەنگاوە تاوەكو ئەنجام بدرێت. ناتوانرێت تەنیا بەهۆی توخمە دەرەكییەكان ئەنجامبدرێت. توخمێكی ناوخۆیی مرۆیی هەیە، كە بەشدارە لەو هێرشەدا و پێویستە لەلایەن كەسایەتییە سیاسیی و ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر بكرێت و چارەسەربكرێت. هەرچەندە هەستی یەكگرتوویی لە ناو رای گشتی بەهۆی هێرشەكە پتەوتر بوو، بەڵام وادەكات كەمینەیەكی بچووك وڵات بشێوینن و لە رێچكەی دەربهێن. دەكرێت ئەم یەكگرتووییە بەكاربهێنرێت بۆ هۆشیاركردنەوەیەكی نەتەوەیی بۆ رێگەگرتن لەم جۆرە هێرشانە، ئەویش لەرێگەی كەمپینی هۆشیاركردنەوە لە ناو رای گشتی و رووبەڕووبوونەوەی نەزانی و قین لێبوونەوە. ئەمە ئاستی ناوخۆییە.
سەبارەت بە ئاستە دەرەكییەكەی، سێ لێكدانەوە هەن بۆ هێرشەكە سەرەڕای راگەیاندنی بەرپرسیاریەتی هێرشەكە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام. سێ لێكدانەوەی جیاواز لەلایەن توێژەرانەوە قسەی لەسەركراوە.
هەندێك وایدەبینن هێرشەكە درێژكراوەی توندووتیژییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بێت و تووندوتیژییەكانی كەركووك و موسڵ توانیویانە بگەنە هەولێر. هەندێكی دیكە پێیانوایە جەنگی بەرەی نوسڕەی سووریایە گەیشتووەتە هەرێمی كوردستانی. لێكدانەوەی سێیەم لەسەر بابەتێكی گۆڤاری نیۆركەر بنەمای گرتووە، كە هەفتەی رابردوو سەبارەت بە قاسم سولەیمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسداران بڵاوكرایەوە كە دەڵێت ئەو فەرماندەیە داوای لە كورد كردووە رێگەی بدەن چەك بۆ سووریا رەوانە بكات، بەڵام كورد رەتیكردووەتەوە. هەرسێ لێكدانەوەكە تاڕادەیەكی زۆر پێدەچێت راستبن. هەروەها تەحەددا گەورەكان نیشاندەدەن، كە لەبەردەم حكومەتی داهاتوو و سەركردایەتی كوردی دان بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی دەرەكی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رادیكاڵی. هەروەها رای گشتیشیان لەگەڵ دایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و رادیكاڵی.
توانجی ئەوەی هێرشەكە رۆژێك دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن روویداوە، لەوانەیە ببێتە هۆی دەستپێكردن بەگفتوگۆ سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتێك بەئاراستەی حكومەتێكی نەتەوەیی بنكە فراوان لەسەر بنەمای هاودەنگی نەك لایەنێك بەهێزبكات بەسەر لایەنەكانی دیكەدا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی كوردستان وەك بیانوییەك بەكاربهێنێت تاوەكو لە حكومەتی داهاتوو پشكی شێری بەر بكەوێت.
لەكۆتایشدا، پاراستنی كوردستان و بەرەنگاربوونەوەی رادیكاڵی و تیرۆر ئەركی سەرشانی هەمووانە.
5/10/2013