فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

ئا: شۆڕش گوڵكارshursh gulkar 

رۆژێك كە لاوێكی توونسی بە نێوی"موحەمەد بوعەزیز" خۆی لە پێناو دابین بوونی دادپەروەری دەسوتێنێ قەت بیری لەوە نەدەكردەوە كە ئەم كارەی وی ببێتە دەستپێكی گۆڕانێكی مەزن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.كە وڵاتانی تونس و میسر و یەمەن و سووریە و ئۆردۆن و تەنانەت عەرەبستان و بەحرەینیش بگرێتەوە بۆیە وادیارە كە هەنووكە لاوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە پێكهێنەری زۆربەی حەشیمەتی ئەم ناوچەیەن تازە راچەڵەكاون و هەستیان بە هێزی كاریگەری خۆیان كردووە و بۆیە خۆازیاری مافە زەوتكراوەكانیان و كۆمەڵگایەكی نوێن بە پێكهاتەیەكی سیاسی كۆمەڵایەتی نوێیەوە.  ئەم رەوتە یان باشترە بڵێین ئەم بزاڤە كە لاوان دەستیان پێ كرد بە "صورە الشباب" ناوبانگی دەركرد واتە شۆڕشی لاوان، ئەمەش وای كرد كە تەواوی ناوەندە لێكۆڵینەوەكان و پسپۆڕان ئاوری زۆرتر و سەرنجی جدیتر لە لاوان بدەنەوە هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوە كە ئەمەش بە هۆی ئەوەی كە وڵاتەكەمان زۆربەی حەشیمەتەكەی لە لاوان پێكهاتووە سەرنجی تایبەتی پێ بدەین و ئاوردانەوە لەم چینە هەرە گرینگەی كۆمەڵگەكەمان بخەینە ئەولەویەتەوە.

پتر لە سی ساڵە كە رێژیمی كۆماری ئیسلامی لە ئێران دەسەڵاتی بە دەستەوەیە و لەم ماوەیەشدا گەلەك گۆڕانكاری لە كۆمەڵگادا روویداوە. جێگای ئاماژەیە چین و توێژێك كە زۆرتر كەوتووەتە ژێر كاریگەری ئەم گۆڕانكاریانە،لاوان و نەوجەوانانن. سەرنجدان بە ویست و داخوازیەكانی ئەم هێزە مەزنە كۆمەڵایەتیە گەلەك جێ بایەخە. چونكە وان بە هۆی لاویەتیەوە لە هەمبەر دەورووبەری خۆیان بە بەراورد لەگەڵ توێژەكانی دیكەی كۆمەڵگە هەستیاری زۆرتریان هەیە.

یەكێكی دیكە لەو پێوەرانەی كە ئەوڕۆ لە كۆمەڵگەی خاوەن ژیار و ئەوڕۆیی بۆ هەڵسەنگاندنی رەوتی پێشكەوتن و گووراوی هەر وڵاتێك لە بەرچاوی دەگرن، هێزی لاوانی ئەو وڵاتەیە. لە راستیدا جیلی لاو، وزە و پوتانسیێڵی سەرەكی جمان و بزێوی و وریایی كۆمەڵگەیەكە. بەڵام جیگای ئاماژەیە كە ئەگەر ئەم هێزو وزە كەڵكی لێ وەرنەگیردرێتوو رێنوێنی گونجاو دروست نەكرێ، دەتوانێ بە شێوەیەكی رووخێنەر و كاولكەر گەلەك كێشە و ئاریشە بۆ كۆمەڵگە چێ بكات.

بۆیە بەو ئاكامە دەگەین كە بۆ كۆمەڵگە گونجاو ژیرانەیە بۆ لاوانی خۆی پێداویستی ئاسوودەی و سەرگەرمكەر و پەروەردەیی و هەروەها پیشەی گونجاویان بۆ دەستەبەر بكا تاكوو لەم رێگایەوە بتوانێ تا رادەیەك پێش بە نامۆیی لاوان لەگەڵ كۆمەڵگە بگرێ. لە ئێران مەخابن بەردەوام بە نیگەرانی و خانەگومانێ و نەبوونی متمانە لەگەڵیان هەڵسووكەوت دەكەن.

لە سەرەتایی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە تاكوو هەنووكە، رێژیمی كۆماری ئیسلامی هێشتا نەیتوانیوە جێگەو پێگەیەكی شیاو بۆ لاوانی وڵاتەكەی دەستەبەر بكات و بۆیە لەم ساڵانەدا هەر وێنەیەك كە حكومەت لە خۆی چێ كردووە بۆ لاوان، لە لایەن زۆربەی لاوانەوە وەلانراوە. یەكێ لەو هۆكارانەی كە بووەتە هۆی نامۆیی لاوان لە حكومەت و كۆمەڵگە، ئەوەیە كە بە هیچ جۆرێ ئاورنەدراوەتەوە لە ویست و داخوازی و نمێنەكەكانی ژیانی وان. لەم ساڵانەی تەمەنی كۆماری ئیسلامی بەردەوام بێ بەشداری و وەرگرتنی بیروبۆچوونی خودی لاوان گەڵاڵەیان بۆیان داڕشتووەو بە لاوانی گوتووە كە چۆن بیربكەنەوەو ژیان بكەن.

كەچی هیچ كات پرسیاریان لە خودی لاوان نەكردووە كە دەیانهەوێ چۆن بن و چۆن ژیان بكەن. لە راستیدا لە رێگەی نوێ كردنەوەی جیلیە كە گۆڕان لە شێوازی پەیوەندی كۆمەڵایەتی دێتە كردەوەی كرن. لە وڵاتی مە نمێنەكەكانی ژیان هەروا كە پێشتریش ئاماژەی پێكرا بۆ جیلی لاو دەستنیشان كراوە. لە راستیدا ئەمە لە گرفتە سەرەكیەكانی حكومەت و كۆمەڵگەیە لەگەڵ ئەم جیلە نوێیە.

ساڵانێكی زۆرە كە لاوانی ئێرانی بە شێوازگەلی جۆراوجۆر لە كۆمەڵگە ناڕەزایەتی خۆی دەردەبڕێ لەم بەرامبەر ئەو هەڵسووكەوتانە. چونكە لە راستیدا لاوانی وڵاتەكەمان دەیانهەوێ لە وڵاتێكدا بژین كە لەوێدا بتوانن بە ئازادی پێویستەوە بۆ رسكاوی كەسایەتی خۆیان تێبكۆشن.

تەواوی بەڵگە و رستەكان و تۆژینەوەكانی وڵات، گەڤا لە سەر ئەم راستیەیە دەدەن كە لە جیلی سێهەمی شۆڕش،گۆڕانكاری بنەڕەتی لە خوو خدە و رەوشت و كەسایەتی و ئاكار و داب و نەریت و رەوشتی وان هاتووە ئاراوە كە لە راستیدا گەلەك جیاوازی هەیە لەگەڵ دوو جیلی پێش خۆیدا. گۆڕانكاری و جیاوازیەكان لە جیلی سێهەمی شۆڕش، ئەوڕۆیتر و زۆر قووڵتر و ریشەیترە.

لە بارودۆخی هەنووكەیی ئێران، كاریگەریدانانی جیلی هەوەڵ و دووهەم زۆر دابەزیوە. بەڵام لە بەرامبەردا ئەوە جیلی سێهەمیەكانە كە بەردەوام كۆمەڵگە دەخەنە ژێر كاریگەری و گوشاری خۆیانەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ گەنج بوونی حەشیمەتی ئێران و واقعبینی و ئەوڕۆیی بینینی مەسەلەكان لە لایەن وانەوە كە بەم جۆرە بڕشت و هێز و كاریگەری ئەوانی لەسەر كۆمەڵگە رۆژ لە دوای رۆژ پتر كردووە. جیلی هەوەڵی وڵاتیش لە بەرامبەر ئەو داخوازی و هۆگرایەتی و گۆڕانكاریانە بە توندی خۆڕاگری دەكات. دوو جیلی رابردوو بە هۆی ریشەداكوتانی نەریت 
و ئایین لە وڵات و كاریگەری ئەمانە لەسەر وان نەیانتوانیوە بە باشی زمانی ئەوڕۆیی و هەنووكەیی بۆ راكێشانی جیلی سێهەم پەیدا بكەن. لە سەردەمی هەنووكە خێرایی گۆڕانكاریەكان و پەیوەندیەكان و ئاڵوگۆڕەكان و ئینجا راگواستنی بۆ سەرانسەری جیهان گەلەك خێرا جێ بەجێ دەبێ.

لە راستیدا كلتووری جیهانی توانیویە تاكوو ئێستا خۆی لە رێگای كەرەستە و ئامڕازگەلی وەكوو سەتەلایت و ئینتێرنێت و مۆبایل و هتد بە خێرایی تەواوەوە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبكاتەوەو پەرەپێ بدات. بێ گومان بنەما نەریتیەكان كە خەرێكی خۆڕاگرین لە بەرامبەر ئەم گۆڕانكاریانە دەكەونە ژێر گوشارەوە و ئەگەریش نەتوانن خۆیان لەگەڵ ئەم رەوتە نوێیە هاوئاهەنگ بكەن دەبنە هێزێكی یەكجۆر و بێ گۆڕان یان كەمایەتیەك كە كاریگەری كەمی لەسەر كۆمەڵگەی خۆی هەیە و ئەمەش دەبێتە كەڵێنێكی قوڵتری وان لەگەڵ جیلی لاو. سەرنجدان و ئاوردانەوە لە مەسەلەكانی نەوجەوانان و لاوان لە وڵاتێك كە پتر لە حەفتاد لە سەدی حەشیمەتەكەی هێزی لاوان پێكی دێنی گەلەك گرینگ و جێ بایەخە.

لە ئێستاكە قسەكردن لە مەسەلە و كێشەكانی لاوان بێ دەستەبەركردنی ئازادیگەلی سەرەتایی كۆمەڵایەتی بۆ وان ئیدی ناێتەكرن. ئەم مژارە دەبێ قبوڵ بكرێ كە جیلی لاوی وڵات دەبێ ئەم قۆناغە تێپەڕبكات تاكوو بتوانێ لەم رێگایەوە بە وەدەست هێنانی ئەزموون بتوانێ لەو فەوزا گونجاوە كە كۆمەڵگە بۆی دابین دەكات خۆی و دەوروبەری باشتر ناز بكات. لاوانی تاراوگە لەو جیاوازیانە كە لە نێویاندا هەیە لە بۆاری چینایەتی و كلتووری و نەتەوەیی و هتد پێان خۆشە بە شێوازی خۆیان و ئەوڕۆیی ژیان بكەن. ئەوڕۆكە لە وڵاتی مە ئەم هێزە بەربڵاوە خاوەنی داخوازیگەلێكی روونی كۆمەڵایەتی و كلتووری و سیاسیە.

دووەم ـ بە شێوەیەكی بەربڵاو گوێ نەدان بە پێداویستیەكانی لاوان:

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران هەوڵ و سەرنجی پێویست و روون و بنەڕەتی بۆ فام كردنی داخوازیەكانی لاوانی وڵاتەكەمان لە لایەن رێژیمی كۆماری ئیسلامیەوە نەكراوە. لەم ساڵانە بەردەوام بە شێوەیەكی توندوتیژانە لەگەڵ لاوان هەڵسووكەوتیان كردووە و تەنانەت لەگەڵ گروپێك لە لاوانیش وەكوو هەڵگرانی كلتووری" گەندەڵی رۆژئاوایی" رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژانە روویداوەو روودەدا. بۆیە لاوانیش ئیدی ماندوو بوونە لەم جۆرە هەڵسووكەوت و رووبەڕووبوون و شێوازە توندوتیژانە ماندووبوونە و ئیدی ئەم جۆرە هەڵسووكەوتەیان پێ باش نیە و قبوڵی ناكەن و خۆازیاری سەربەخۆیی و ئازادیی و كونتڕۆڵ لەسەر شێواز و باروودۆخی ژیانی خۆیانن. لاوان ئاوات و ئارەزوو ئاڕمانجگەلێكی دیكەیان لە مێشكدا هەیە كە دەبێ سەرنجی پێ بدرێ و ئاوری لێ بدرێتەوە.

جیلی لاوی ئەوڕۆ ئیدی سەرەڕۆیی ئایینی ناهەوێت. لاوان خوازیاری فەوزایەكی كراوەی كۆمەڵایەتین كە بتوانن بە دڵی خۆیان لەو فەوزا ژیان و لاویەتی بكەن. لە بنەڕەتدا لاو پتر خوازیاری ئازادیگەلی مەدەنی لە چوارچێوەی ژیانێكی باشتر و شادترە. جیلی لاوی ئێران لە سەردەمێكدا دەژی كە ئەوڕۆی لەگەڵ دوێنێ دەتوانێ زۆر جیاواز بێ. لاوان ئیدی نایانهەوێ بە ویست و سەلێقەی جیلی پێشووی كۆمەڵگە،ژیان بكەن بەڵكوو بەردەوام لە هەوڵی دۆزینەوەی شتانی نوێن. 

لاوان لە سەردەمی سەتەلایت و ئینتێرنێت و مۆبایل و تكنیك و گەشەی پەیوەندیەكان و هتد دەژین كە بەردەوام لە ئاڵووگۆڕدایە. بۆیە لاوان قەت ناتوانن لە بەرامبەر رووداوەكانی سەردەمی هەنووكە بێ تەوفیر بێ و ئاوری لێ نەداتەوە.ئەم جیلە بە شێوەی رۆژانە بەرەوڕووی كلتوور و یاسا و تەنگاوی گەلی كۆمەڵگە دەبێتەوە و چوونكە ئەو كلتوورە بایەخگەلە میراتی جیلەكانی پێشووە. حكومەت و بەشێك لە كۆمەڵگە لە لاوان دەخوازن كە میراتگەری ئایین و نەریتەكانی پێشینیان بن. لە كاتێكدا كە نەریت لە ژیانی رۆژانەی لاوانی ئێرانی ئیدی جێگەو پێگەیەكی ئەوەندە قایمی نیە. راستیەكانی كۆمەڵگەی ئێران دەرخەری ئەم راستیەیە كە لە بۆاری نمێنەكەكانی كۆمەڵایەتی قەڵش وكەڵێنی نێوان دوو جیلی رابردوو و ئەوڕۆ رۆژبەرۆژ زێدەتر و قوڵتر دەبێ. هەروەها حكومەتیش تاكوو هەنووكە نەیتوانیوە رێگەچارەیەك بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەم مەودا و كەڵێنە كە رووی لە زیادبوونە پەیدا بكات.

بەرپرسی بەڕێوەبەری سندۆقی حەشیمەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، سورەیا ئەحمەد عەبید دەڵێ:" لاوان بە داهێنان و داهێنەری و پێداگری و داكۆكی و هەروەها پێویستی بە تاقیكردنەوەی شتە نوێ و نە ناسراوەكان، دەناسرێنەوە." ناوبراو لە درێژەدا ئەوەش دەڵێ:" ئەم رۆحیەیە, هەر ئەو رۆحیەیە كە ئەگەر بە باشی رێنوێنی بكرێ بەختەوەری بۆ هەر كۆمەڵگەیەك بەدیاری دێنێ". ئێمە لەم نووسراوەیە هەوڵ دەدەین ئاور لە هۆگرایەتی و نمێنەكە هزری و مەسەلەكانی جیلی لاوانی وڵات كە بە تاسەوە لە هەوڵ و تێكۆشانن بۆ چێ كرنی رێگایەكی نوێ لە كۆمەڵگە بدەینەوە. لەم نووسراوەیە بۆ لایەنە جۆراوجۆرەكانی مژارەكە، جوێكاری لە نێوان لاوان و خوێندكاران و كچانی گەنج دراوە.

سێهەم ـ بارودۆخی گەشت وگوزار یان كاتی بەتاڵی و سەرقاڵی لە نێو لاواندا:

یەكێ لە تایبەتمەندیەكانی كاتی بە تاڵی، ئازادی هەڵبژاردن و جۆری چالاكیە. گرینگترین پێویستیەكانی كاتی بە تاڵی لاوان بە ریزبەند بریتین لە گەشتووگۆزار و مۆسافرەتی بە كۆ و بەشداری كۆمەڵایەتی و پەیوەندی و راوێژی ئازاد لەگەڵ هاوتەمەنەكانی خۆیان و چالاكیگەلی وەرزشی و هونەری و كلتووری و مۆسیقا و هونەر و مۆد و پەرتووكخوێندنەوە و فێربوونی زمان و كامپیوتر و ئینترنێت و هتدە. بە پێ نووسراوەیەك لە ژێر نێوی" پتر لە ٦٠% لاوان كاتی بە تاڵی خۆیان لە تەنیایی بەسەر دەبەن لە ماڵپەڕی رێكخراوی تەبلیغاتی ئیسلامی لە رێكەوتی دووشەمۆ١٦ی بەفرانباری ١٣٨٧ی هەتاوی( وتارەكە كەڵكی لە ژمێركۆی رێكخراوی میللی لاوان گرتووە)، لەوێ دەیخوێنین كە" هەر نەجەوانێك ١١ تا ١٩ ساڵە لە هاویندا هەشت كاتژمێر و لە وەرزەكانی دیكەش سێ كاتژمێر كاتی بە تاڵی هەیە و كەسانی ٢٠ تاكوو ٢٩ ساڵیش لە هاویندا ٥/٥ كاتژمێر و لە وەرزەكانی دیكەی ساڵیش چوار كاتژمێر كاتی بێ كاریان هەیە". سەیران و سەرگەرمی و پشوو و بووژانەوە لە گەشەی كەسایەتی و دەستەبەركردنی هاوسەنگی لە بیچمگرتنی شۆناس و وەرگرتنی زانیاری و بەرزكردنەوەی 
زانست و پەروەردەكردن و گەشە و شكۆفایی بەرهەڤی و توانایی و داهێنەری گەلەك گرینگە كە هەمووی لە كارداگەلی كاتی بەتاڵ دێتە ئەژمار. هەموو ساڵێك بە تایبەت لە وەرزی هاوین، رێژەیەكی زۆر لە لاوان بەرەو ناوەندە گەشتووگوزاریەكان دەڕۆن. بەڵام دیاردەی گەشتووگوزاری و خۆشگوزەرانی لە درێژەی چەند ساڵی رابردوو بە نوێ كردنەوەی كەرەستەو تێكنۆلۆژیگەلی نوێ لە نێو لاوانیش گۆڕانی زۆری بەسەر هاتووە. لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە كە شاد بوون وەكوو پێناسەی سەرەكی دەبێتە هۆی زێدەبوونی لێهاتووی كۆمەڵگە.

لە جیهانی ئەوڕۆ پەڕانپەڕی داخراو و ویشك ئیدی وڵامدەری پێویستی بە گەشتووگوزار و شادی و چێژ ناتوانن لە لاواندا بن. بۆ دەربڕینی شادی دەبێ هۆەكانی وی بەرهەڤ بێ، لانیكەم داهێنانێك بۆ هاندانی كۆمەڵگە بەرەو ژیانی شاد بڕۆن. لە بەڕێوەبردنی سەرگەرمیەكانی بە كۆمەڵ بگرە تاكوو بەڕێوەبردنی مۆسیقای شاد دەنێۆ خەڵكیدا، هەمووی لە خاڵەكانی چێ كرنی بەستێنگەلی شادی و نەشەوگەشە لە كۆمەڵگەیە. جیلی لاوی مەش بە دووی وەها شادی و هەیەجاناتە لە كۆمەڵگە. بۆیە كۆمەڵگەی ئێمەش دەبێ بەپێ پێویستیگەلی سەرەكی لاوەكانی كە هەر ئەو خاڵی كردنەوەی هەستوو هەیەجاناتە، كە بە دابینكردنی بەستێنگەلی كۆمەڵایەتی و كلتووری و بەستێنی شادی لە كۆمەڵگە دابین بكاتوو بیكاتە كلتوورێكی گشتی تاكوو بتوانێ پێش بە زەرەروزیانگەلی كۆمەڵایەتی بگرێ. تۆژینەوەی رێكخراوی لاوان دەریدەخات كە وێڕای بەربڵاوی حەشیمەتی لاوی وڵات و چەشناوچەشنی داخوازیەكان و كەرەستەگەلی كاتی بەتاڵی،تەنیا وڵامدەری بیست لە سەدی داخوازی لاوانە و هەشتالەسەدی دیكە بە پێ پێویست ئاوریان لێ نادرێتەوە و تەنانەت ئەم پێویستیە دەروونیانەش بە سانایی لە لایەن رێژیمەوە لە ژێر سەردێڕگەلی جیاواز، دەكەونە بەر سووكایەتی پێكردن و سەركوتیان دەكەن.

دوو هۆكاری گشتی وەكوو بارودۆخی تەمەن و پێگەی چینایەتی،كلتووری و ئابووری لاوان گەلەك پڕ بایەخن چوونكە زانینی ئەم زانیاریانە، رۆانگەیەكی تایبەت لە هەل ومەج و بارودۆخگەلی بیچمگەری ژیان و رەفتاری چینە جۆراوجۆرەكانی لاوان و بارودۆخی تەمەنی وان و كاروباری هاوبەش و وەكوو یەكی گروپگەل و وردە فەرهەنگگەلی لاوان مان بۆ روون دەكاتەوە.

لە كاتی شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی بەشە جۆراوجۆرەكانی لاوان كە لە ناوچە جیاوازەكانی كۆمەڵگەیەك دەژین بەڵام هی چینگەلی كۆمەڵایەتی و پێكهاتەگەلی كلتووری جیاوازن،دەبێ بەپێ پێویست سەرنج بدرێ بە ناكۆكی قوڵی نێوان هۆكارگەلی كۆمەڵایەتی،ئابووری, بایەخگەل و هەروەها بارودۆخی كۆمەڵایەتی و دەروونی و ژینناسینی ئەوانە كە ئافڕێنەری دەرفەت و نمێنەكگەلی هەلسووكەتی گرۆیی جیاواز وجیاكارن. هاوكات كۆمەڵناسانیش زۆرترین هۆكارگەلی دەروونی تووش بوونی تاوان لە ناكامیگەل و ناتەبایگەلی ژیان و هەستی سووكی و دڕدۆنگی لە لێهاتوویی و هەستی نەبوونی ئاسایش و هەستی نەتوانین دەزانن. زۆربەی هەرە زۆری كاتی بەتاڵی لاوانی وڵات، بە شێوازگەلی ناچالاك تێپەڕدەبێ. هەر بۆیە ساماندانی كاتی بەتاڵی لاوان و سیاسەتی پەرەپێدان و بەربڵاوكردنی سەیرانی سالم دەتوانێ تا رادەیەك پێش بە پەرەگرتنی تاوانباری لاوان بگرێ. چونكە زۆربەی رەفتارگەلی فەرهەنگی و تەنانەت رەفتارگەلی ئابووری و كۆمەڵایەتیش لە كاتی بەتاڵی بیچم دەگرێ. نەبوونی بەهرەمەندی لە كاتی بەتاڵی و سەرنج نەدان بەم مژارە لە رێگەی بەرپرسانی دەوڵەتی، گەلەك كۆسپ و گرفتی كۆمەڵایەتی لە گەلە كە دەتوانرێ ئاماژە بە بەستێنسازی پێكهاتەیی تاوانكاری لاوان و نەجەوانان لە وەرزی هاویندا بكەی. لەم دە ساڵەی دواییدا كەرەستەو ئامڕازگەلی سەرگەرمی گۆڕانی زۆری بەسەر هاتووە و حەز و هۆگرەتی لاوان سەبارەت بە بڕێك لە سەرگەرمیەكان بە تەواوەتی گۆڕاوە. لەم نێوەدا بارودۆخی ئابووری فەرهەنگی و ئەندازەی ئاسوودەیی چینە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگە لە چلۆنایەتی سەیرانەكاندا رۆڵێكی بنەڕەتی و پڕ بایەخی هەبووە، هەروەها جێگای ئاماژەیە كە سەرگەرمی لاوانی چینەكانی خۆش بژیو و مامناوەندی و هەژار لە باژێرە مەزنەكان هاوكات لەگەڵ هەبوونی خاڵی هاوبەش لەگەڵ یەكتر مەوداگەلی ماناداریشی پەیداكردووە. هەر وەها جێگای لێ وردبوونەوەیە كە لە كۆمەڵگە بابەتگەلی بەربڵاو بۆ تێپەڕكردنی كاتی بەتاڵی هەیە كە رێگە بە لاو دەدا كە خۆی لە ئیدیكە جوێ بكاتەوە. بەم پێیە بۆ جیاواز بوون،لاو شێوازیكی تایبەت پەیڕۆ دەكات كە ئەم شێوازە دەبێتە هۆی ئەوە كە گورخی و ئاژاوەگێڕی لە ژیانی نۆباو پەرە بستێنێ. لەو كۆمەڵگەیانە كە بەرەو نۆباو دەچن و تیایاندا بانگەشەی فەرهەنگی نۆباو دەكرێ، جیلی لاو لە چۆارچێوەی كاتی بەتاڵی دەرفەتێك پەیدا دەكات تاكوو گوشارەكان، تەنگاویەكان و هێڵە سوورە كۆمەڵایەتیەكان لە بیر بكات و كاری ناهەنجاری بكات، بەڵام خاڵێكی هەرە گرینگ ئەوەیە كە دەستپێڕاگەیشتن بە كەرەسەگەلی یاری لە نێو لاواندا بە تایبەت لە باژێری تاران و باژێرە مەزنەكانی دن هەر چەند لە ژێر كاریگەری هێندێ تایبەتمەندی هاوبەشدایە، جیاوازیگەلێكی بەرچاویان لەگەڵ یەك هەیە كە ئێمە لێرە ئاماژە بە بڕێكیان كە لە نێو بەشەكانی جۆراوجۆری لاواندا هەیە،دەكەین.

ئەلف ـ گەشتووگوزار و سەرگەرمی لە نێو لاوانی چینەكانی خۆشبژیو لە باڵاشاردا:
لاوانی چینە بەرزەكانی كۆمەڵگە دەسكەوتی تایبەتی خۆیان هەیە لە سەرگەرمی. بەشێك لە لاوانی باڵاشاری لە بەرنامەكانی كۆتایی حەوتوو هەروەها لە سەفەرەكانی دەرەوەی شار، دەرفەتی خەریكبوون بە مەسەلەگەلی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی پەیدا ناكەن. ئەگەر ئەوان خوێندكاریش بن ئەوەندە چالاكی سینفی و رێكخراوەی و مەدەنی تیایاندا بەدی ناكرێ. لە ناوچەگەلی باكووری باژێری تاران چالاكیگەلی سەرگەرمی و گەشتوگوزاری بە تەواوەتی گروپی بووەتەوە. پتر كەسەكان بە شێوەی كۆمەڵ لە جێژن و پارتیە تایبەتیە جۆراوجۆرەكاندا بەشداری دەكەن.

سەرگەرمیگەلی دیكە كە بەشێكی لاوانی باكووری شارەكان روویان تێكردووە، بەكار هێنانی مادە هۆشبەرگەلی نۆباو و حەبگەلی شادیهێن و هەموو جۆرە خۆاردنەوەگەلی ئەڵكۆڵی دەستكرد و قاچاخە. لە راستیدا لە خۆنامۆیی و كەمتەرخەمی و بێ پەرۆشی و نهیلیسم لە نێو ئەم بەشە لە لاوان بە تەواوەتی بەرچاوە. ئەم بەشە لە لاوان بە هۆی دەسڕەسی بە سەرچاوەی ماڵی بەهرەمەندن لە گەلەك كەرەسە. ئەوان بە لەبەرچاوگرتنی كەرەسەكانی خۆیان پێ لە گیروداو یاسا و نەریتەكانی كۆمەڵگە درێژتر دەكەنەوە و بە شێوەی گورخی بۆ سەرگەرمی و تێپەڕكردنی كات خەرێكی بەكارهێنانی مادەهۆشبەرەكان دەبن،تەنانەت ئەگەر ئەم بەكارهێنانەش ببێتە هۆی گیرۆدەیی وان. ئەم بەشە لە لاوان بەكارهێنانی مادەهۆشبەرەكان تەنیا بۆ سەرگەرمی و جۆرێ تێپەڕكردنی كاتی بە تاڵی بە شێوەیەكی تایبەت و جیاواز لە خەڵكی بەكاری دێنن.

ئەوان بە هۆی بارودۆخی گونجاوی ئابووری دەتوانن تا رادەیەك راحەتتر لە بەشەكانی دیكەی لاوان، دەتوانن دەرفەتەكان بۆ خۆیان زێدەتر بكەن و بەربەستوو تەنگاویە حكومەتیەكان بە دانی بەرتیل كەم كەنەوە. لە راستیدا ئەوان زۆربەی پێویستیەكانی سەرگەرمی خۆیان لە رێگای ماڵیەوە چارەسەری دەكەن. ئەوان زۆرتر هەر كارێك دەكەن بۆ سەرگەرمی و كات تێپەڕكردن و چێژبردن. لە ئێستاكە جۆرێك كەڵێن و مەودا لە نێوان ئەم بەشە لە لاوان لەگەڵ بەشەكانی دیكەی لاوان خەرێكی پەرەسەندنە. بەڵام پێویست بە جەختكردنەوەیە كە بە هەبوونی دەسڕەسی بە كەرەسەگەلی بەربڵاو لە نێو ئەم بەشە لە لاوان، دیسانەوە ئەوانیش هەروەكوو بەشەكانی دیكەی لاوانی كۆمەڵگە لە ژێر گوشار و ئازار و ئەزیەت و تەنگاوە فەرمیەكانی رێژیمن كە بەسەر كۆمەڵگە دایسەپاندووە.

ب ـ سەرگەرمی لە نێو لاوانی چینی مامناوەند:

لە ئێرانێدا، چلۆنایەتی سەرگەرمی لاوانی چینی مامناوەندی شاری تا رادەیەك لەگەڵ باڵاشاریەكان جیاوازە. چوونكە وان وێڕای هەبوونی هۆگرایەتی و پێویستی لاوانی ناوچەكانی باڵاشار لە دەسڕەسی تەواو بە كەرەسەگەلی رێ پێ دراو رێ پێ نەدراو كەم تا فرە بێ بەرین. بەڵام ئەوان لە بڕێك لە بوارەكاندا لە نێو كۆمەڵی جیلی لاوی وڵات زۆر كاریگەرن.

لە ناوچەی ناوەندی شاری هێشتا پەروەردەكردنی بنەماڵەی رێگرە لە چوون بۆ سنووری خەسارە كۆمەڵایەتیە پڕ مەترسیەكان، بەمەشەوە لە ئەگەری رۆیشتن بۆ وەها سنوورێك، هەموو شت دەبێ بە شێوەی نهێنی بەڕێوەبچێ. پەیوەندی نیوە نهێنی و بەركارهێنانی شتە قەدەغەكراوەكان سەرەكیترین تایبەتمەندی سەرگەرمیەكانی لاوانە لە ناوچە ناوەندیەكانی باژێری تاران. پەیوەندی ئازادی كوڕان و كچان لە نێو چینی مامناوەندی كۆمەڵگە تا رادەیەك بە شتێكی ئاسایی و سرووشتی دێتە ئەژمار. 

پەیوەندی ئەم بەشە لە لاوان لە گەڵ ئەو دوو بەشی دیكە لە لاوان جێگەی سەرەنجەو بەربڵاویشە. پاراستنی پەیوەندی و جاروبار هاریكاری و بەشداری لە چالاكیەكان و سەرگەرمیەكانی بەشەكانی دیكە، پەیوەندی و رۆڵی لاوانی چینی مامناوەند لەگەڵ بەشەكانی دیكەی لاوان بە هێز كردووە. ئەم چالاكیانە بووەتە هۆی پارادوكس و ناتەبایگەلی جۆراوجۆر لە هەڵسووكەوتی لاوان لە نێو خۆیان و هەروەها كۆمەڵگە و بنەماڵەكانیان. ئەم بەشە لە لاوان لە چالاكیگەلی مەدەنی و كۆمەڵایەتی زۆر چالاكن. بەشێكی مەزن لەم ریزە هەموو جۆرە تێكۆشانێك دەكات بۆ چوون بۆ ناوەندە بەرزەكان. بەرنامەڕێژی بۆ پێشكەوتن و تێپەڕاندنی هێڵەسوورەكان و پێشڕەوبوون لە بۆارە جۆراوجۆرەكان لە كۆمەڵگە و لە نێو بەشەكانی دیكەی لاوانیش جۆرێ " ئۆتۆریتە" بۆ رێكخستنی بزاڤە ناڕەزایەتی و گشتیەكانی بە وان داوە. ئەم بەشە لە لاوان لە نێو بەشەكانی دیكە رۆڵی ناڤبژیوان بۆ مەشاندنی كاری هاوبەش یان رێكووپێك كردنی پەیوەندیەكان بۆ بزاڤە گروپی و هاوبەشە ئەگەریەكان دەگێڕن. 

ب ـ سەرگەرمی لە نێو لاوانی باشووری شار:

لە باشووری شار پەیوەندیە نەریتیەكانی بنەماڵەكان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكانی دیكە بەهێزترە. بەڵام بەمەشەوە نمێنەكی سەرگەرمی لاوانی خوارەوەی شار تا رادەیەك بێ بەرگەترە لە ناوچەكانیتر. چوونكە وان كەمترین دەرەتانیان هەیە بۆ سەفەركردن یان چێژبردن لە دەرفەتەكان بۆ سەرگەرمی. نەبوونی دەرفەتگەلی پیشەی گونجاو بە هۆی ئەوەشەوە نەبوونی داهات، بەستراوەیی بە بنەماڵە و هتد لاوی خوارەوەی شاری لە سنووری هاوڵاتی وەدەرناوەو لە پەراوێزی خستووەو لاوانی لە بارودۆخێكی كەمایسی و پێویست خستووە. لە راستیدا دەتوانێن بڵێین كە ئەمە پێكهاتەی حەشیمەتی وڵاتە كە دەبێتە هۆی ئەوە كە زۆرێك لە لاوان لە بارودۆخی لە پەراوێزكەوتن بكەون و لە ژیان و بارودۆخی كۆمەڵایەتی، ئابووری و ئاسوودەیی خۆیان كەمترین رەزایەتیان هەبێ.

هەروەها جێگای ئاماژەیە كە لاوانی چینی هەژار لە ژێركاریگەری كۆمەڵگە بە خووخدە و بایەخەكانی چینی مامناوەندی بەرەوڕوون، لە كاتێكدا كە بێ بەشن لە جمانی كۆمەڵایەتی و بەشداری لەم چینەدا. هەموو ئەم خاڵانە دەبێتە هۆی خەمۆكی،بێ هیوای، وەڕەزی و دڵساردی لە نێو ئەم بەشە لە لاوان و وادەكات كە رووبكەنە خەسارەكۆمەڵایەتیەكان وەكوو تاوانكاری. راستیەكەی ئەوەیە كە پێكهاتەی حەشیمەتی و بارودۆخی ئابووری و ژیواری، خەڵكانی لاوی ئەم ناوچانەی بەرامبەر بە مژارە كۆمەڵایەتیەكان،بێ بەرگەتر لە بەشەكانی دیكە كردووە. لە روون كردنەوەی ئەم كێشەوبەرەیە دەبێ ئەوەش زیاد بكەین كە هەژاری و كەنارنشینی ئابووری بە دووی خۆیدا،كەنارنشینی فەرهەنگی و سیاسی و كۆمەڵایەتی دێنێ. لەم ناوچەگەلە بە هۆی كەمایسیگەل و دەسكورتیگەلی لە رادەبەدەر، بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان و تاوانكاری پەرەیسەندووە و مەخابن هیچ كەرەسەیەكی سەرگەرمكەریش لەوێ نیە، چونكە دەسكورتی ئابووری لەم ناوچەگەلە ئەوەندە رێگە نادا كە ئەو خەڵكە دەستیان بەو كەرەسە و پێداویستیانە بكەوێ. پەیوەندی كچ و كوڕ لەم ناوچەگەلە بە شێوەی نەهێنی بەڕێوەدەچێ. پەیوەندی سكسی لە بڕێك لەو ناوچەگەلە بە تایبەت ناوچە دوورەكانی پەراوێزی شار تا رادەیەك كارەساتی لێ دەكەوێتەوە.

لاوانی شارەكانی دیكە كە بە دووی ئیشدا هاتوونەتە تارانێ یان شارە گەورەكانی دیكە بە هۆی گرانی كرێ ماڵ لە ناوچەكانی ناوەڕاستی شار یان شوماڵی شار بە ناچار روو لە شوێنە دوور و پەراوێزەكانی ئەم ناوچەگەلە دەكەن و بەم شێوەیە بەرەوڕووی گەلەك خەسار دەبنەوە. لە رۆژنامەی" مردم سالاری"( ژمارە ١٩٢٦ رێكەوتی رەزبەری ١٣٨٧ی هەتاوی) بە پێ راپۆرتی موحەمەد ئیسحاقی جێگری تۆژینەوەو لێكۆڵینەوەی رێكخراوی میللی لاوان، لە نێوان ساڵەكانی ١٣٧٥ تاكوو ١٣٨٥ واتە لە ماوەی ١٠ ساڵدا، كۆچ لە نێو وڵاتدا واتە گۆڕینی شوێنی ژیان لە گوندەكان و باژێرە چووكەكان بۆ باژێرە مەزنەكان گەیشتووەتە پتر لە ١١ میلیون كەس. كە زۆربەی ئەم كۆچگەلە لە لایەن لاوانەوە بەڕێوەچووە. لەم ناوچەگەلە بێ هیوای سەبارەت بە داهاتوو لە نێو لاواندا شەپۆل لێ دەدا. ئەو لاوانە لەم ناوچەگەلە شاد و سەرحاڵ نین.

چوونكە بۆ شاد بوون دەبێ نیشاندەری هیوا بە ژیان زۆرتر بكات. لە راستیدا هیوا بە ژیان و شادبوون دەبێتە هۆی هاتنە خواری رێژەی خەسارە كۆمەڵایەتیەكان وەكوو تووشبوون بە مادەسڕكەرەكان و خۆكوژی و تاوانكاری و هتد. پێكهاتەی حەشیمەتی هەنووكەی كۆمەڵگە بووەتە هۆی ئەوە كە زۆربەی لاوانی كەناری شار لە بارودۆخێكی پەراوێزخراودا بكەون و لە ژیان و بارودۆخی كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاسوودەی خۆیان ئەو پەڕی ناڕازیی بن و چوونكە بەشێكی هەرە زۆری پێویستیەكانیان دەستەبەر نابێ و لە بارودۆخێكی دەسكورتیدان. 

هەر ئەو جورەی كە روونە لاوان بە شێوەی دڵخوازانە نەچوونەتە نێو بارودۆخی كەنارنشینی،بەڵكوو گوشار و كەمایسی كۆمەڵایەتی و ئابووری سەردەمی نووكە بووەتە هۆی هاتنە ئارای وەها بارودۆخێك بۆیان. بەم پێیە كۆمەڵگە و حكوومەت دەبێ رێگەگەلی شادبوون و شادژیان كردن بۆ ئەم ناوچانە و بە تایبەت لاوان و نەوجەوانان دەستەبەر بكەن. لەم ساڵانەی دوایی مەودای نێوان لاوانی كەنارنشین لەگەڵ لاوانی باڵاشار ئێگجار زۆر بووە و حكومەتیش بەردەوام لەسەر هەبوونی ئەم مەودا و پەرەگرتنی هەرچی زۆرتری بە شێوەگەلی جۆراوجۆر پێداگری دەكاتەوە. دووبەرەكی نێو لاوان هێزی وان لاواز دەكات و بارودۆخەكە بۆ داخوازی گشتی لاوان كە هەر ئەو ئازادیگەلی كۆمەڵایەتی و مەدەنییە دەخاتە ژێر پرسیارو هێزی ناڕەزایەتی وان جڵەو كونترۆڵ دەكات. بەڵگەگەلی زۆر گڤاهی ئەم راستیەیە كە بە تایبەت لەم دەساڵەی دوایی زۆربەی تێكهەڵچوون و كێشە سەرەكیەكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ جیلی لاودا بووە. ئەمنییەتی كردنی ئەو شوێنانە كە لاوان تیایدا بەشدارن و كاریگەریان هەیە و گرتن و زیندانی كردنەكان و دەیان سیاسەتی دیكە هەمووی لە پێناو كەم كردنەوەی كێش و قورسایی و پۆتانسیەلی ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەم هێزە ٧٠% لە كۆمەڵگەیە. پشتیوانی لە لاوان و پشتیوانی لە بەرۆژكردن و تاكێتی وان لە كۆمەڵگە و پشتیوانی لە داخوازیە مەدەنی و كۆمەڵایەتیەكانیان دەبێ سەرنجی زۆرتری پێ بدرێت.

بەشی یەکەم

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان