ئاسۆ عه‌بدول له‌تیف
چه‌ندین سه‌ده له‌مه‌و به‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد، زمان و ره‌وشت و پیشه‌ی خۆی پاراستووه له‌م ناوچه‌و پارێزگایانه‌ی كه تا ئێستاش له ژێر ده‌سه‌ڵاتی داگیركاری توركیادایه "بینگۆڵ، ئاگری، به‌دلیس، ئامه‌د، هه‌كاری، ده‌رسیم، ئه‌لازیز، ئه‌رزینجان، ئه‌رزه‌رووم، غازی عه‌نتاب، مه‌لاتیا، مه‌راش، ماردین، موش، سێرت، ئورفه، ئهرتیڤین،جه‌زیره‌و بۆتان، قارس، وان"*
به‌پێی سه‌رژمێری توركیا له ساڵی 1937 رێژه‌ی كورد له‌و ناوچانه نزیكه‌ی 5 ملیۆن كورد بووه جگه له ئاواره كورده‌كانی تاراوگه، نزیكه‌ی یه‌ك سه‌ده‌ی ته‌واوه تورك جینۆساید ئه‌كات و سیاسه‌تی قركردنی گرتۆته به‌ر دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد به ئێستای سه‌رده‌می ئۆردوغانیشهوه كه هه‌ڵگری دروشمی ئیسلامییه‌و ئه‌خوازێت مۆدێله‌كه بگوازێته‌وه بۆ جیهانی عه‌ره‌بی، به‌ڵام رووداوی شێرناخ ئه‌و گوتاره‌ی به‌ته‌واوی خسته ژێر پرسیاره‌وه، ئایا ئیسلام و شه‌ریعه‌ت به‌م كاره‌ساته رازییه؟ ئه‌گه‌ر رازی نییه ئه‌ی چۆن ئۆردو‌غان ئاماده‌یه یاری به چاره‌نوسی دین و شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی بكرێت، یان ئۆردو‌غان پره‌نسیپه شه‌رعی و دینیه‌كانی وه‌ك په‌یژه‌یه‌ك به‌كارهێناوه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی شه‌قامی توركی و كوردی،
ئایا له سێداره‌دانی سه‌دان تێكۆشهرو كوردپه‌روه‌ری وه‌ك سه‌ید ره‌زا له سه‌رده‌می سه‌ره‌ك وه‌زیری ئه‌وكاتی توركیا"عیسمه‌ت ئینۆنۆ" له ساڵی 1937 و كۆمه‌ڵكوژی ده‌رسیم له به‌هاری 1938 له‌سه‌رده‌می سه‌ره‌ك وه‌زیری ئه‌وكاتی توركیا"جلال به‌یار" و كۆمه‌ڵكوژی ئێستای شه‌رناخ له 12/2011 و سه‌رده‌می سه‌ره‌ك وه‌زیرانی ئێستای توركیا"ئۆردو‌غان"چ جیاوازیه‌كی هه‌یه؟؟
پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان و خودی "ره‌جه‌ب ته‌یب ئۆردو‌غان و تیمه‌كه‌ی" خوازیاری ئه‌وه‌ن درێژه به فاشیزمی تورك بده‌ن یان مۆدێلێكی نه‌شیاوی ئیسلامی سیاسی پێشبخه‌ن؟ سیاسه‌تی ئاكپارتی كه ئێستا حكومه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌یه سیاسه‌تێكی شه‌رمنی بێستراتیج و بێ مۆراڵه، چونكه نه ده‌توانێ باڵه‌كانی بكاته‌وه به رووی عه‌لمانیه‌ت و مۆنۆپۆلیزمی تورك و كولتوری ئه‌تاتوركدا، نه ده‌شتوانێت به ئاوازی شه‌ریعه‌ت و ئیسلامێكی ساغڵه‌م بخوێنێ به‌سه‌ر جیهانی ئیسلامی‌دا.
سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی دیموكراتی كه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت له توركیادا به كوشت و كوشتار‌و داخستنی پارته كوردیه‌كان و قه‌ده‌غه‌كردنی خوێندن به زمانی كوردی و به فیشه‌ك ناكرێت، به‌ڵكو به دیالۆگی ئاشتیانه ده‌بێت، به باوه‌ربوون به‌و پره‌نسیپه ویژدانییه ده‌بێت كه په‌رله‌مانتاره كورده‌كه‌ی BDPA له په‌رله‌مانی توركیا پاش رووداوه‌كه‌ی شێرناخ پڕ به گه‌رووی هاواری كرد" تورك چ جیاوازیه‌كی هه‌یه له‌گه‌ڵ كورد"
ئاكپارتی AKPA كه به رووكه‌ش له‌ناو فۆرمی ئیسلامێكی نه‌رم و هێوردا كارده‌كات، لێ ئه‌وه‌تا له‌ناو بۆته‌ی گوتارێكی توندی راسیزمی توركیدا كه كوردبوون لای هیچ مانایه‌كی نییه، راسیزمی تورك نه ئۆردو‌غان و نه گوڵهنیهكان و نه فه‌زیله‌و نه باڵی كۆنسێرڤاتیڤی ئیسلامی كه نه‌وه‌ی عوسمانیه مۆدێرنه‌كانیان پێده‌ڵێن و "ئه‌ربه‌كان" ره‌نگرێژی كرد، ناتوانێت كاڵی بكاته‌وه‌و رایبگرێت، توركیا راهاتووه به سیاسه‌تی له‌ناوبردنی كوردان و ده‌یان جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردی‌یان به توندوتیژی و چه‌ك و سێداره خامۆش كردووه له "شێخ سه‌عیدی پیران"ه‌وه تا ئێستا، به‌ڵام كورد هه‌ر به‌هێزتر ده‌بێت.
ئاكپارتی سیاسه‌تێكی شێلگیرانه‌و درۆزنانه‌ی هه‌یه له هه‌مبه‌ر كوردانی باكور، راسته جۆرێك له كرانه‌وه‌ی دیموكراتی هه‌یه له سایه‌ی ئهوچهترهی كه ئێستا ئۆردو‌غان هه‌ڵیداوه به‌سه‌ر توركیادا، ته‌ره‌ته شه‌ش وه‌ك تیڤیه‌كی به‌ناو كوردی ئه‌كاته‌وه به ئاوازی توركییه‌وه، عه‌بدوڵا گویل به‌شداری ده‌كات له نه‌ورۆزی كوردان له ئامه‌دو گۆرانی "ئاگر كه‌تیه دلی من" ئه‌ڵێته‌وه له‌گه‌ڵ عوسمان بایده‌میر، به‌ڵام هه‌ر له ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا جینۆسایدی ئینسان و فیكر‌و كولتوری كوردی به‌دیده‌كرێت به شێوه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆو پیڤاژۆیهكی مه‌ترسیدار به‌رێده‌كرێت له‌سایه‌ی داد‌و گه‌شه‌پێداندا و بایكۆتی پارێزه‌ره‌كانی ئۆجه‌لانیش ده‌كرێت سه‌ردانی ئیمرالی بكه‌ن، قه‌تڵوعامی شێرناخ و راوه‌دونان و گرتنی په‌رله‌مانتاران و چالاكوانانی كورد له توركیا‌و سوكایه‌تی به زمانی كوردی باشترین نمونه‌ی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و جینۆسایده‌ی ئۆردوغانه كه درێژكراوه‌ی سیاسه‌تی سه‌ده‌ی رابردووه، هه‌ربۆیه جه‌نراڵه‌كانی توركیا هێنده به مهرحهمهتن له‌گه‌ڵیدا.
دوساڵ له‌مه‌وبه‌ر داخستنی ده‌ته‌په به بڕیاری دادگای ده‌ستوری توركیا، پرۆژه‌ی كرانه‌وه‌ی دیموكراتی حیزبه‌كه‌ی "ره‌جه‌ب ته‌یب ئۆردو‌غان"ی خسته ژێر پرسیار، ئه‌وه ئێستا ده‌رهاوێشته نهگهتیڤهكهی ده‌بینین، بۆیه پرۆژه‌ی كرانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا به رووی جڤاتی كوردی و دۆزه‌كه‌یدا وه‌همه،دیالۆگی كوردی توركیش به‌هه‌مان شێوه، به‌خشینی ماف به كوردان، كه دروشمی سیاسی ئێستای بزوتنه‌وه مۆدێرنه ئاینیه‌كانی وه‌ك گوڵهنیهكان و پارتی دادوگه‌شه‌پێدانه، ئه‌وه‌نده‌ی دروشمێكی میدیاییه ئه‌وه‌نده ستراتیژیی نیه، مافه زمانی و كولتوریه‌كانی كورد له باكور كاتێ ئه‌چه‌سپێ كه ده‌وڵه‌ت واز له هه‌ندێ ته‌قلیدی شۆڤێنی و راسیزم بهێنێ و له‌و كێوی غروره بێته خواره‌وه بۆ دیالۆگ له‌ته‌ك كورد وه‌ك دیالۆگه‌كه‌ی سه‌رده‌می "تۆركۆت ئۆزال"
میدیا كوردیه‌كان له ساڵی 2010 كردیانه هه‌ڵا كه "كه‌مال كلیجدار ئۆغلو" كه خه‌ڵكی دێرسیمهو كورده، ده‌بێته سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌ی كه‌مال ئه‌تاتورك CHP ، وازانرا ئیدی توركیا بۆ كورد ئه‌بێته پاریس له دیموكراسیه‌تدا، لێ وه‌ك جێگره‌كانی "سه‌دام حسین" وابوو كه كورد بوون و هیچیان پێنه‌كرا بۆ دۆزی كورد، بگره كاریگه‌ری نهگهتیڤیشیان هه‌بوو بۆ ره‌شه‌كوژی، عیسمه‌ت ئینینۆ، سه‌روه‌ختێ سه‌ره‌ك وه‌زیران و جێگری كه‌مال ئه‌تاتورك بوو له حیزبی كۆماری گه‌ل و هیچی پێنه‌كرا بۆ كورد، ته‌نانه‌ت بۆچون و هه‌ندێ دیدگای "كه‌مال ئه‌تاتورك" بۆ كورد باشتر‌و شهرافهتمهندتر بوو تا ئینۆنۆ، كاریگه‌ریه خراپه‌كانی ئینۆنۆ و نمونه‌ی ئه‌و جۆره كوردانه دۆسیه‌ی كوردی به‌م رۆژه گه‌یاند، قه‌تڵوعامی دێرسیمیهكان و برینداربوونیان و هێنانی منداڵانیان بۆ خه‌سته‌خانه‌كانی ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نكه‌ره‌و گۆرینی ناو‌و ناسنامه‌و ره‌گه‌زیان بۆ تورك ده‌رهاوێشته‌ی سیاسه‌تی ئه‌و جۆره كوردانه بوو كهنهتهوهكهیان خسته‌لاوه، بۆیه پێویسته توركیا ئیدی ئاراسته‌كه بگۆرێت و هێنده به شوێن جه‌نگدا وێڵ نه‌بێت بۆ له‌ناوبردنی كورد چونكه رێگاكان به‌باشی ئه‌زموون كراون و پێویستیشه ئۆردو‌غان له‌م گه‌مه‌یه تێبگات. بۆ دۆزی كوردیش له توركیا یان له ئێران ده‌بێت سیستم و گوتاری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ده‌ستكاری بكرێت و بگونجێت له‌گه‌ڵ ئاشتی كۆمهڵایهتیداو جیاوازی چینایه‌تی و تائیفی و ئیتنیكی و زمان نه‌بنه رێگر بۆ هاوژیانی گه‌لان، بۆیه گه‌روا بروات ره‌نگه ئۆردو‌غان به‌ده‌ستی خۆی ته‌جروبه ئیسلامیه‌كه‌ش بشێوێنێت و بیخاته به‌رده‌م پرسیاری جدییه‌وه.