حسێن نازدار
26ی خه‌رمانانی ساڵی 1371ی هه‌تاوی (به‌رامبه‌ر به 17ی سێپتامبری 1992ی زایینی) له لایه‌ن تێرۆریسته جینایه‌تکاره‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران،کاک دکتۆر سه‌عید شه‌ره‌فکه‌ندی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کاک فه‌تاح عه‌بدولی ئه‌ندامی ک. ناوندی و نوێنه‌ری حیزب له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و کاک هومایون ئه‌رده‌ڵان نوێنه‌ری حیزب له وڵاتی ئاڵمان و کاک نوری دێهکوردی تێکۆشه‌ری ئازادیخوازی ئێرانی و دۆستی دێرینی حیزب له رێستۆرانی میکۆنووسی شاری بڕلینی ئاڵمان شه‌هید کران. شه‌هید بوونی د. سه‌عید شه‌ره‌فکه‌ندی ئه‌گه‌ر له لایه‌ک خه‌سارێکی گه‌وره‌و زه‌برێکی کاریگه‌ر بوو که له بزوتنه‌وه‌ی میللی_دیموکراتیکی گه‌لی کورد به گشتی و حیزبی دێموکرات به تایبه‌تی که‌وت، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه خه‌سارێکی مه‌زن بوو که له بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه و ئازادیخوازانه‌ی گه‌لانی سه‌رانسه‌ری ئێران که‌وت. ئه‌و رووداوه گورچکبڕه له کاتێک دا بوو که هێشتا حیزبی دێموکرات و گه‌لی کورد له ژێر زامی پڕ له ئێش و ژانی شه‌هید بوونی قاسملووی نه‌مر دا پشتی راست نه‌کردبۆوه. حسێن نازدار
شه‌هید د. سادق شه‌ره‌فکه‌ندی،به شاهیدی زۆر که‌سایه‌تی ناوداری کورد‌و ئێرانی و جیهانی،یه‌کێک له که‌سایه‌تیه سیاسییه هه‌ره به هێز و ئازا‌و چاو نه‌ترس و فیداکار و ماندوویی نه‌ناس و لێوه‌شاوه‌کانی گه‌لی کورد بوو.
د.سه‌عید دیپڵۆماتێکی هه‌ڵکه‌وتوو، باڵوێزێکی لێهاتووی نه‌ته‌وه‌ی کورد بوو،واته هه‌ر وه‌ک ده‌یزانی چ بڵێ ده‌یزانی چ نه‌ڵێ، هه‌ر وه‌ک ده‌یزانی چ بنووسێ ده‌یزانی چ نه‌نووسێ،هه‌روه‌ک ده‌یزانی چ بکا ده‌یزانی چ نه‌کات.
د.سه‌عید شه‌ره‌فکه‌ندی رێبه‌رێکی باوه‌ر به خۆ، به توانا‌و رچه شکێن و پێشره‌و بوو، ماموه‌ستا و سیاسه‌توانێکی زانا‌و رووناکبیر‌و بیر کراوه‌و شاره‌زاو ژێر و وریا‌و رێئالیست بوو.
د.سه‌عید مودیرێکی به مشوور، چالاک و پر کار، به هیوا و هومێدو باوه‌ر پێکراو بوو، ره‌خنه گرو راهێنه‌ر و داهێنه‌ر بوو ، به نه‌زم و دیسیپلین بوو، خاوه‌ن ئه‌خلاق و پره‌نسیب و پرستیژی دێموکراتی بوو.
د.سه‌عید کادرێکی راستگۆ، قسه له روو، روو خۆش، ره‌زا سووک، خاکی و خه‌ڵکی و بێ فیز و ڕیا بوو هه‌ر بۆیه ببوو به سیمای خۆشه‌ویستی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان.
د.سه‌عید کوردێکی نیشتمانپه‌روه‌ر ، دێموکراتێکی شۆرشگێر ، مرۆڤێکی مافخواز و ئازادیخواز ،دێموکراسیخواز ، ئاشتیخواز‌و مرۆڤ دۆست بوو.
کاک سه‌عید له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تێکۆشه‌رێکی سادقی نه‌ته‌وه‌یی بوو له هه‌مانکاتدا رێبوارێکی شێلگیری رێگای دابین کردنی عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیش بوو، باوه‌رێکی قووڵی به هاوپێوه‌ندی و هاو خه‌باتی گه‌لانی ژێر ده‌ست و زوڵم لێکراوی ئێران هه‌بوو ، به کرده‌وه بۆ لێک نزیک کردنه‌وه‌ی هێز و لایه‌نه سیاسیه‌کانی ئیران هه‌نگاوی هه‌ڵێناو گیانی پیرۆزی خۆی له‌م رێگایه دا فیدا کرد.
له راستیدا ده‌توانین بڵێین شه‌هید دوکتۆر سادق شه‌ره‌فکه‌ندی جێنشینی به‌ر حه‌قی دوکتۆر قاسملوو بوو، واته به بوونی کاک سه‌عید که لێنی بێ قاسملوویی که‌متر به حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانه‌وه دیار بوو، هه‌ر بۆیه کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی ئیران به مه‌به‌ستی بێ سه‌ر و رێبه‌ر کردنی حیزبی دێموکرات و سه‌ر لێشێواندن و داماو کردنی بزوتنه‌وه‌ی میللی_ دێموکراتیکی گه‌لی کورد له کوردستانی ئێران و چاو ترسێن کردنی خه‌ڵکی کوردستان، تێرۆری رێستورانی میکۆنووسیان به رێوه برد. دیاره که ئامانجی دوژمنانی گه‌لی کورد هه‌ر وه‌ک به له سێداره دانی قازی مه‌حه‌ممه‌د و تێرۆری قاسملووی نه‌مر نه‌هاته دی، به شه‌هید کرانی دوکتۆر سه‌عیدیش نایه‌ته دی.
دیاره هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی کاری دادگای میکۆنووس،کۆماری ئیسلامی ئیران به گوشار خستنه سه‌ر کاربه‌ده‌ستانی وڵاتی ئاڵمان هه‌موو هه‌وڵێکی خۆی دا که ره‌وتی به‌ره‌و پێشچوونی کاری دادگا په‌ک بخا‌و یان لانی که‌م بهلارێیدا به‌رێ، به‌ڵام به هۆی لێبراوی و جیدی بوونی ده‌زگای قه‌زایی ئاڵمان، دادگای میکۆنووس تاوانبارانی مه‌حکووم کردن و سزای به سه‌ر دا سه‌پاندن و "واواک"ی به تاوانبار و هاوبه‌ش له‌م تیرۆره دا ناساند و به دژی عه‌لی فه‌لاحیان حوکمی ده‌ستبه‌سه‌ر کردنی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌ر کرد‌و حکومه‌تی ئیسلامی ئێرانی وه‌ک بڕیارده‌رو فه‌رمانده‌ری تێرۆره‌که ناودێر کرد.
له کاتێکدا یادی کاره سات و تێرۆری میکۆنووس ده‌که‌ینه‌وه که ڕه‌وا بوونی ئاوات و ئامانجه‌کانی گه‌لی کورد زیاتر و باشتر له پێشوو بۆ کۆمه‌ڵگای جیهانی ده‌ر که‌وتوه‌و بیر و رێباز و ئامانجی قاسملوو و شه‌ره‌فکه‌ندیش به به‌رده‌وامی له پهرهستاند و گه‌شه کردن و دره‌وشانه‌وه دایه‌و رۆڵه‌کانی حیزبی دێموکرات و گه‌لی کوردیش به ئیلهام وه‌ر گرتن و پێره‌وی کردن له رێبازی شه‌هیدان، شێلگیرانه‌و چالاکانه درێژه به خه‌بات ده‌ده‌ن. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه سیما‌و ناوه‌رۆکی دزێووبێزراوی به ڕێوه‌به‌رانی تێرۆری میکۆنووس بۆ خه‌ڵکی کوردستان و ئێران به تایبه‌تی و خه‌ڵکی دێموکرات و ئازادیخوازی دنیا به گشتی، باشتر ده‌رکه‌وتوه‌و رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئیرانیش له هه‌موو کاتێک زیاتر که‌وتۆته به‌ر گوشار‌و گه‌مارۆی جۆرا وجۆری کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی.
14/09/2013