عەبدولڕەحمان سدیق
شەڕ و پێكدادانی تائیفی لەنێوان ئەوانەدا کە خۆیان ناوناوە سوننە و شیعە، كوشتن و تەقاندنەوە لەبەردەم مزگەوت و حوسەینییەكانی یەكدیدا، زۆر بەڕوونی ئەوەمان نیشاندەدات کە لەجیاتی ئەوەی یەك ئایینی ئەو خەڵكە كۆبكاتەوە، كەچی بەسیاسیكردنی ئایین، ئایینەکەشی دابەشكردووە. ئایین فێرمان دەكات كە هەرمرۆڤێك وەكو تاك، لەم دنیادا سێ بازنەی برایەتیی سەرەكی دەورەی داوە، كە ئەوانیش بازنەی (برایەتیی نەتەوایەتی) بازنەی (برایەتیی ئیمانی) و بازنەی (برایەتیی ئینسانی)ن. واتە یان لە هەرسێ بازنەكەدا یان لە دووانیاندا یان لە یەكێكیاندا هەر دەبنە برا، بەڵام وادیارە موسڵمانانی عێراق تاوەکو ئێستاش لەم راستییە ساكار و جوانانەی لای خوارەوە تێنەگەیشتوون:
یەكەم: یەكێك لە ناوەكانی خوای گەورە (الجامع)ە ، واتە: كۆكەرەوە، كەچی موسڵمانانی عێراق هەر حەزیان لە ناكۆكی و لێكدابڕان و كوشتنی یەكدییە.
دووەم: ئەو شوێنەی كە پەرستگای موسڵمانانە ناوی (الجامع)ە، بەناوی خواوە ناونراوە، كەچی مزگەوتی شیعە جیایە لە مزگەوتی سوننە.
سێیەم: خوای گەورە ناوی موسڵمانانی لە قورئاندا ناوە (مسلمون)، كەچی ئەوان ناوەكەیان گۆڕیوە بۆ سووننە و شیعە.
بڕوانە ئایین چەند رۆڵی جوانی هەیە:
یەكەم: ئایین واتە خێرخوازی بۆ خزمەتی هەژاران: بۆنموونە بیل گەیتس بەتەنیا (1.8) بلیۆن دۆلاری بۆ چارەسەركردنی منداڵانی ئیفلیج تەرخان كردووە. وارین باڤیت و بیل گەیتس و 40 بلیۆنێری ئەمریكا نیوەی سەرمایەكانیان بۆ كاری خێرخوازی تەرخانكردووە. ساڵانە لە ئەمریكا بڕی 260 ملیار دۆلار خۆبەخشانە دەكرێتە پڕۆژەی خێرخوازی.
ساڵانە زانكۆیەكی وەك هارڤارد بڕی 29 ملیار دۆلاری پێشكەش دەكرێت وەكو بەخشش لەلایەن خێرخوازانەوە.
ساڵانە ئەمریكا 5%ی پارەی باج دەداتە رێكخراوی خێرخواز و خۆبەخش بۆ كاری خێرخوازی. هەروەها 30%ی هاووڵاتییانی ئەمریكا لە كاری خۆبەخشیدا بەشداری دەكەن.
لە بەریتانیاش 20 ملیۆن كەس بەشدارییان هەیە، لە فەرەنساش هەفتانە زیاتر لە 10 ملیۆن كەس بەشدارییان هەیە لە كاری خۆبەخشدا. لە ئیسرائیل نزیكەی 30 هەزار كەس لە رێكخراوی خۆبەخش و خێرخوازدا كاردەكەن، نزیكەی 11%ی هێزی كاریش بەبێ مووچە و خۆبەخشانە كاردەكەن.
لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاشدا 9%ی داهاتی نەتەوەیی لە خێرخوازانەوە دێت، كە دەیكەنە پڕۆژەی خێرخوازی.
كەچی وڵاتانی ئیسلامیی خاوەن سامان و دارایی، ساڵانە لەرێزی پێشەوەی لیستی گەندەڵیدان.
دووەم: مێژوو دەڵێت بەهۆی ئایینەوە ئەندازیاریی خانووبەرە پێشكەوت، چونكە ئەندازیاران لە بواری ئاینییدا باشترین كڵێسا و مزگەوتیان بنیاتناوە، ئێستاش بە ئیلهام وەرگرتن لەو كولتوورە ناسنامەی بیناسازیی خۆیان دەپارێزن، كەچی موسڵمانانی عێراق لەژێر پەردەی ئاییندا ئاگر لەمزگەوتی یەكدی بەردەدەن و مزگەوتە مێژووییەكانی یەكدی دەڕووخێنن.
سێیەم: ئایین سیمبوڵی ئینسانییەت و ئاشتییە، كەچی لەم عێراقەدا ئایینزاكان ئایینیان بۆ شەڕ گۆڕیوە، بۆیە شەڕی تائیفی لەم عێراقەدا پێنج ملیۆن منداڵی بێ سەرپەرشت و یەك ملیۆن ئافرەتی بێوەژنی خستووەتەوە و هێشتاش بەردەوامە.
چوارەم: ئایین داوای دادپەروەریی كۆمەڵایەتی دەكات، كەچی لەسایەی ئەم تێگەیشتنە لە ئایین و مەزهەب و حوكمكردن بەناوی ئایینەوە، لەم عێراقەدا 7 ملیۆن كەس لەژێر هێڵی هەژاریدان، كەچی ئەگەر هەر بەو زەكاتەش بێت، كە روكنێكی ئایینیی موسڵمانانە، خۆ لەڕووی ئابوورییەوە ساڵانە 2.5%ی سەرمایەی دەوڵەمەند بۆ هەژاران دەبێت، كەچی ئەمەش ناكەن.
پێنجەم: ئایین داوا دەكات مرۆڤ وڵاتی خۆی خۆش بوێت، كەچی لەم وڵاتەی ناوی عێراقە كەس خۆی بە عێراقی ناناسینێت، كەسیش خۆشەویستی وڵات بە ئایین نازانێت.
شەشەم: ئایین داوا دەكات مرۆڤ تەساموح و تۆلێرانس بەخەرج بدات، تۆڵەسەندنەوە بۆ خوا بەجێبهێڵێت بۆ قیامەت، كەچی سوننە و شیعە كاری قیامەتیان هێناوەتە دونیا و ئێرەیان كردووەتە مەیدانی تۆڵەسەندنەوە لەیەكدی. ئەو قۆناخەی ناوی لێنرابوو (ئینتیقالی)، گۆڕییان بۆ قۆناغی (ئینتیقامی).
حەوتەم: ئایین كار دەكات بۆ بنیاتنانی كەسایەتیی راستگۆ و دەست خاوێن و ناخ پاك و خواویست و خاك پارێزو خەڵكدۆست، كەچی ناخی ئەم ئایینزا تائیفییانەی ئەمڕۆ پڕە لە سرووتی بێ گیان، كاری رووكەشیی، بوغز و قین، شەڕانگێزی، خوێنڕشتن و كوشتار.
8/09/2013