ولادیمێر ڤان ویڵخنبێرخ
پارتە سیاسییە كوردییەكان بۆ یەكەمینجار لەنێوان رۆژانی 15 تاوەكو 17ی مانگی داهاتوو لە هەولێر كۆدەبنەوە. بەڵام ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە توركیا سەركەوتوو نەبێت، رەنگە ئەو كۆبوونەوەیە سەرلەنوێ دوابخرێتەوە. تەنانەت ئەگەر دواشنەخرێت، ناكۆكییەكان زەق دەبنەوە و رەنگە وەكو كۆبوونەوە بێ ئەنجامەكانی كۆمكاری عەرەبیی لێبێت. بیرۆكەی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی دەگەڕێتەوە بۆ پرۆتۆكۆلێك لەنێوان پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و پارتی دیموكراتی كوردستان كە ساڵی 1983 لە دیمەشق واژووكرا. كەچی ئەوكات رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا، ئەویش لەبەر جیاوازیی بەرژەوەندییە سیاسییەكان و بوونی جەنگ لە ناوچەكەدا. بەهۆی ئەوەی كە ئێستا پرۆسەی ئاشتی هەیە لە توركیا، پارتە كوردییەكان ترسی ئەوەیان نەبوو كە لەگەڵ PKK لەسەر یەك مێز دانیشن. چونكە دەزانن PKK كردەوەی چەكداری لەنێو توركیادا ئەنجام نادات. ئەگەر ئەو پرۆسەی ئاشتییە سەرلەنوێ كۆتایی پێبێتەوە، چیدی توركیاش قبوڵ ناكات كۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێ. ئێستا توركیا چاوپۆشی لەو چالاكییانە دەكات كە لە هەرێمی كوردستاندا لە بەرژەوەندیی PKK ئەنجامدەدرێن، بەڵام ئەگەر پرۆسەی ئاشتی نەبێت، سەرلەنوێ گوشارەكان بۆ سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەلایەن توركیاوە، دەستپێدەكەنەوە.
رۆژنامەی واشنتن پۆست كۆنگرەكە وەكو ئاماژەیەكی ئەرێنی بۆ ئەو كوردانەی لە توركیا، سووریا، عێراق و ئێران دەژین دەبینێت. كورد لەو وڵاتانەدا مامەڵەیەكی باشیان لەگەڵدا نەكراوە، خۆشیان بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژیا و سیاسەتیان، دروست وەكو وڵاتەكەیان، دابەش بووە.
لەئەنجامی ئەمەشدا پارتە كوردییەكان بەگشتی دابەش بوون بەسەر دوو بلۆكی نزیك لە ئێران یان لە توركیا، ئەمەش واقیعی جوگرافیی دابەشبوونی سنوورەكانی كوردستان سەپاندوویەتی. پارتی پێویستی بە هاوپەیمان هەیە لەدژی بەغدا و دەشیەوێت لەڕێگەی توركیاوە نەوت هەناردە بكات. پارتە كوردییەكانی دیكەش پێویستیان بە هاوپەیمانە لەدژی توركیا و بارزانی، بەتایبەتیش یەكێتی و گۆڕان بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیی ناوچەكانیان، پێویستیان بە ئێرانە.
جگە لەمەش، هەریەكە لە پارتی و PKK دوو سیاسەتی جیاوازیان لەبارەی سووریاوە هەیە: لەكاتێكدا پارتی زۆرتر بەلای توركیادا دایشكاندووە، PKK زۆرتر لەدژی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەیە كە توركیا پشتیوانیی لێدەكات، بۆیەش بەدوای هاوپەیماندا دەگەڕێت لەدژی توركیا. یەكێتی و گۆڕان پشتیوانی لە PKK دەكەن لە سووریا، بەڵام توركیا لە كەیسی سووریادا زۆرتر پشتیوانی لە پارتی دەكات.
هەروەها پارتە كوردییەكانی ئێرانیش دابەش بوون. تاكە شتێكیش كە زۆربەیان كۆدەكاتەوە دژایەتیكردنی پژاك-ی سەر بە PKKیە. ئەمەش وادەكات گومانی ئەوەیان لێبكرێت كە بەشێك بن لە "ئەجێندای توركی".
هەڵبەت پژاك پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی دەكات لە توركیا و هیوادارە ئەگەر لەوێ سەركەون، ئێران زۆرتر گەمارۆ بدرێت و بكەوێتە ژێر گوشاری پارتە كوردییەكان.
كەواتە هەرچەندە پارتە سیاسییەكان پێكەوە كۆدەبنەوە، بەڵام جیاوازییە ئایدیۆلۆژی و سیاسییەكانیان هەر دەمێنن. بۆیەش ئەنجامەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بەستراوەتەوە بەو پرۆسەی ئاشتییەی لەنێوان PKK و حكومەتی توركیادا هەیە. هەروەها پەیوەندیی بە پێگەی ئێرانیشەوە هەیە. ئەگەر كێشەی كورد لە سووریا بە شێوەیەك لە شێوەكان چارەسەر بوو، هەروەها ئەگەر هەمان شت لە توركیا و ناوچە كوردییەكانی عێراقیشدا روویدا، ئەوكات بوار زۆرتر دەبێت بۆ پارتە كوردییەكان تاوەكو بتوانن بەبێ گوشاری دەرەكی خۆیان بۆ یەكگرتن ئامادە بكەن.
بەڵام لێدوانە توندەكانی كاربەدەستانی دەوڵەتی توركیا و PKK دەربارەی پرۆسەی ئاشتی، پیشانیدەدات كە پرۆسەكە باش ئیدارە ناكرێت. هەروەها سەرەڕای دەنگۆی هەبوونی رێككەوتن لەنێوان PKK و پارتیدا لەسەر سووریا، بەڵام هێشتاش PKK لە سووریا پارتی بە كاری لابەلا تۆمەتبار دەكات، پارتیش هەمان شت دەربارەی PKK دەڵێت. لەئەنجامی ئەمەشدا ژمارەیەك كەسی لایەنگری بارزانی لە سووریا دەستگیركراون، چونكە بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە بەشدارییان كردووە لە شەڕی دژی PKK لە سووریا.
بۆیە تا ئەوكاتەی كورد هەر بە دابەشبوویی لەنێوان ئێران و توركیادا بمێننەوە، وەكچۆن لە رابردووشدا لەنێوان ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانیدا دابەش ببوون، گومانم هەیە كە هیچ گۆڕانكارییەك لە رەوشی كورددا رووبدات. بۆیەش كۆنگرەی نەتەوەیی هەر وەكو كۆمكاری ناچالاكی عەرەبی دەبێت.
ئەوە ناڵێم كە ئۆجەلان ببێتە مەلا ئیدریسی بتلیسییەكی نوێ و هەموو كورد لەدژی ئێران یەكبخات، ئەمەش بە هاوكاریی توركیا. ئەمە لەدوای پەیامە نەورۆزییەكەی ئەمساڵی ئۆجەلان چاوەڕوان دەكرێت، بەڵام شتێكی زۆریشی پێ ناگۆڕدرێت.
31/08/2013