ئاوات قوره‌یشی
ئاراسته‌ی رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌و دۆخی كورد به گشتی جۆرێكه كه كۆمه‌ڵێك ده‌رفه‌ت بۆ كۆماری ئیسلامی هاتووه‌ته ئاراوه. كۆماری ئیسلامی له‌وانه‌یه‌و ئه‌گه‌ر رووداوه‌كان هه‌ر به‌م ئاراسته‌ی ئێستادا بڕۆن، زیاترین قازانجی له مه‌سه‌له‌ی كورد ده‌سكه‌وێت. له حاڵێكدا كه ئه‌م قازانجانه به هیچ شێوه‌یه‌ك كوردی رۆژهه‌ڵات و ویست و داواكانی ناگرێته‌وه. بۆیه بزووتنه‌وه‌ی كورد له كوردستانی رۆژهه‌ڵات، پتر له هه‌میشه له ژێر گوشار و مه‌ترسیدایه. نه‌گۆڕ مانه‌وه‌ی دۆخی ئاڵۆزی سورییه و هه‌رچی به‌هێزتر بوونی حكومه‌تی ناوه‌ندیی عێراق به باڵاده‌ستی هێزی شێعه و هاوپه‌یمانی كۆماری ئیسلامی و گه‌لێك فاكتۆری دیكه له باڵانسی هێزه‌كانی ناوچه‌كه‌دا، نیشانه‌كانی ئه‌م مهترسییهن. له حاڵێكدا كه زیاتر له جاران باسی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی كورد له تریبونه جۆراوجۆره‌كانه‌وه ده‌كرێت، دركاندنی ئه‌و باسه كه چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه به كام مۆدێل ده‌بێت و ناوه‌رۆكی چاره‌سه‌ره‌كه چییه؟ پرسیارێكه كه كه‌متر ئاوڕی لێدراوه‌ته‌وه. ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست مه‌یدانی ململانێی دوو بلوكی هێزه كه ریزبهندییهكانیان ئاشكرا و ناسراوه. له‌وانه‌یه كه ئه‌م دوو به‌ره‌ی به‌هێزی ناوچه‌كه، له‌م حاڵه‌ته‌ی ئێستادا بیر له چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌ی كورد بكه‌نه‌وه. به‌ڵام هه‌ركامه‌یان له سه‌ر بنه‌مای شێوازه‌كانی خۆی بۆ ئه‌م بابه‌ته ده‌چێت و هه‌ركامه‌یان چاوه‌ڕووانی خۆی هه‌یه. مه‌ترسییه‌كه لێره‌دا جیا له چۆنییه‌تی رووانگه‌ی ئه‌م دوو بلوكه، ئه‌وه‌یه كه جارێكی دیكه خه‌باتی كوردی رۆژهه‌ڵات له ئاكامی ئه‌م رووداوانه‌دا توشی قه‌یران كرێت. كه به‌م شێوه‌ی خوواره‌وه به‌یان ده‌كرێت.
هێزه سه‌ره‌كییه‌كان، واته ئه‌و هێزانه‌ی كه له هاوكێشه وورد و درشته‌كانی گۆی زه‌ویدا رۆڵ ده‌بینن، بوونیان هه‌یه و كاریگه‌رییان له سه‌ر چاره‌نوسی زۆربه‌ی ئه‌و پرسه سیاسیانه حاشا هه‌ڵنه‌گره كه پێوه‌ندییان به هێزه‌وه هه‌یه بۆ یه‌كلا بوونه‌وه.
سه‌ربه‌خۆ بوون له‌و هێزانه و خۆلادان له كاریگه‌رییه‌كانیان، چ بۆ كۆرد و چ ته‌نانه‌ت بۆ هێز و ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كانی ناوچه‌ی ئێمه كه خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست بێت، جگه له دروشم و چاو داخستن له ئاست راستییه‌كان نییه.
راپه‌ڕینه‌كانی ئه‌م ئاخرانهی باكوری ئه‌فریقا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌ڵگه‌ی زۆر به هێزن كه ده‌یسه‌لمێنن ته‌نانه‌ت فاكته‌ری جه‌ماوه‌ری و شۆڕشی شه‌قام و مه‌یدانه گه‌وره‌كان، به ته‌نیا بڕیارده‌ر نییه بۆ به‌دیهێنانی ئاڵ و گۆڕ له‌م ناوچانه‌دا.
ئه‌م راپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییانه هه‌رچه‌نده خۆرسك و به هێز و له سه‌رپێی خۆشیان بن، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه گه‌رانتی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و ئه‌منییه‌تی هێزه سه‌ره‌كییه‌كان و پاراستنی پانتایی نفوزیان نه‌كه‌ن، بۆ درێژماوه له ده‌سه‌ڵاتدا نامێنن یان سه‌قامگیر نابن.
له‌م باره‌یه‌وه گه‌لێك نمونه به‌رچاوه كه له هه‌مویان نزیكتر، هه‌میسان رووداوه‌كانی پاش تونسه وه‌ك ده‌سپێك، هه‌تا ئێستای میسر و سورییه كه له سه‌رجه‌میاندا كاریگه‌ری ئه‌م هێزانه به‌رچاوه.
ئه‌م كاریگه‌رییه به شێوه‌یه‌كه كه ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار سه‌یر و سمڕه ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه ده‌ستێوه‌ردان نه‌كه‌ن! وه‌ك سورییه كه زۆر جار ده‌ستێوه‌رنه‌دانی ئه‌مریكا به هۆكاری یه‌كلا نه‌بوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی ده‌زانن. (لێره مه‌به‌ست ره‌ت كردنه‌وه یان سه‌لماندنی ئه‌م فه‌رزه نییه).
به مانایه‌كی دیكه ده‌بێت بوترێت كه فاكته‌ری راپه‌ڕین و خرۆشانی جه‌ماوه‌ری، هه‌رچه‌نده ره‌سه‌نایه‌تی و كاریگه‌ر بوون و به‌رحه‌ق بوونی وه‌ك ره‌مزی پاك و بێ گه‌رد بوونی ئیراده‌ی مرۆڤه‌كان بۆ نه‌خشاندنی چاره‌نوس، له جێگای خۆیدایه، به‌ڵام به ته‌نیا فاكته‌ری ته‌واوكه‌ر و كۆتایی هێنه‌ر نییه و پێویستی به ئاواڵ بوون و تێكه‌ڵ بوون له گه‌ڵ فاكته‌ری هێزه سهرهكییهكانه.
به‌م شێوه‌یه پێوه‌ندیی نێوان هێزه سه‌ركییه میوانه‌كان و هێزه‌كانی لۆكاڵی و خۆجێیی كه ته‌واوكه‌ری یه‌كترن یان وابه‌سته‌ی یه‌كترن، پێویستی به خوێندنه‌وه و ناسین هه‌یه.
هێزی میوان ناتوانێت به بێ هێزی خۆجێیی خواسته‌كانی بپێكێت و هێزی خۆجێیی به بێ پشت به‌ستن به هێزی میوان ناتوانێت سه‌ركه‌وتوو بێت به سه‌ر ركابه‌ره‌كانیدا.
لێره‌دایه كه به‌ها و چه‌مك و ئایدۆلۆژی و گوتار و دروشمه‌كان، یان هه‌ر پره‌نسیپێكی ته‌نانه‌ت ئینسانی و ئه‌خلاقیش له‌وانه‌یه ره‌چاو نه‌گیرێت و ته‌نیا وه‌ك خۆراكی راگه‌یاندن، یان بۆ به‌كار هێنانی ناوخۆی هێزه‌كان به كاربهێندرێت و ئه‌وه ته‌رازووی هێزه كه به سه‌ر هه‌موو فاكتهرهكاندا زاڵ ده‌بێت.
بۆ وێنه شه‌رت نییه كهمایهتییهكی ئایینی به هۆی جه‌وهه‌ره‌ی بیرهكهیهوه، خۆ ببوێرێت له هاوپه‌یمانییه‌كی سیاسی له گه‌ڵ هێزێكی سێكولار، به‌و مه‌رجه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و به‌قای خۆی له ئاسۆی ئه‌و هاوپهیمانییهتهدا به مسۆگه‌ر بزانێت وه‌ك بۆ كوردیش ده‌بێت وابێت.
به‌م پێیه و له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناویینیش سات و سه‌ودای وه‌سه‌ریه‌ك خستنی هێز و نه‌خشه و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش له په‌یمانه‌كانی نێوان هێزی میوان و هێزی لۆكاڵدایه كه بڕیارده‌ره و لایه‌نه‌كانی كوردیش په‌یڕه‌وی له‌م یاسا نه‌نوسراوه ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده كه به روواڵه‌ت نكۆڵی بكه‌ن.
ئه‌گه‌رچی شه‌رت نییه كه ئه‌م سات و سه‌ودایه هه‌تاهه‌تایی له شوێنی خۆیدا بمێنێت و نه‌گۆڕێت. چونكه په‌یمانه‌كان هه‌تا ئه‌و شوێنه جێگای بڕوا ده‌بن و درێژه‌یان ده‌بێت كه به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نه‌كانی ناو په‌یمانه‌كه دابین كه‌ن.
هه‌ر وه‌كو له چه‌ند دێڕی سه‌رتردا باس كرا، ئه‌م فرموله ده‌قاوده‌ق له كێشه‌كانی كورددا وه‌ك لایه‌نێكی هه‌رچه‌نده كه‌متر به‌هێزی ناوچه‌كه، بوونی هه‌یه و به‌رچاوه و ده‌بیندرێت.
كورد به پێی فورموڵ و جۆری دابهشكراوییهكهی، نه له جیهانی زه‌ین و هه‌سته پیرۆزه‌كاندا، به‌ڵكو له سه‌ر ئه‌م مه‌یدانه ئالۆزه‌ی كێبڕكێی راسته‌قینه‌ی نێوان هێز و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌دا، له گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك رێگری به‌هێز و واقعی به‌ره‌نگاره كه ئه‌م راستییانه ناچاری ده‌كات له بازاری هێزه‌كاندا به دژواری معامه‌له بكات.
ئه‌م مه‌یدانه كاتێك بۆ پرسی كورد ئاڵۆزتر ده‌بێت كه سه‌رنج بدرێته نوێنه‌رایه‌تی هێزه‌كانی. مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه هه‌ر به‌شێك له هێزی كورد له لایه‌نێكه‌وه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرێت كه له جۆری هاوپه‌یمانه‌تی و ته‌عامول كردن و جۆری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له گه‌ڵ ئه‌وی دیكه جیاوازه.
به زمانێكی ساده مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه هه‌ندێك جار به‌رژه‌وه‌ندی حیزب و لایه‌ن و ته‌نانه‌ت پارچه‌یه‌ك، له دژی حیزب و لایه‌ن و پارچه‌كه‌ی دیكه‌ی كوردستانه. ئه‌م بابه‌ته كه به‌رهه‌می دۆخێكی داسه‌پاوه، له‌وانه‌یه به‌شێك له خهتابارییهكهی له ئه‌ستۆی كورد نه‌بێت چونكه ههڵكهوتهیهكی ناچارییه كه ریشه‌ی له مێژویه‌كی دیاری كراودایه كه بۆ هه‌مووان ئاشنایه.
به هه‌موو ئه‌مانه‌وه له هه‌ڵكه‌وته‌ی نوێی موزایكی هێزه‌كاندا، خاوه‌ن هێزه سه‌ره‌كییه‌كان ناتوانن نكۆڵی له پرسی كورد بكه‌ن له‌م سوڕه تازه‌یه‌دا و ناشتوانن لانی كه‌م رۆڵی كورد و ویسته‌كانی له پرۆسه‌یه‌كی دووباره هێور كردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه و سه‌رخستنی پلانه‌كانی خۆیاندا نه‌بینن.
هه‌ر بۆیه چه‌شنێك له دانپێدانانی لاوه‌كی به مه‌سه‌له‌ی كووردا، چ له لایه‌ن زل هێزه‌كان و چ له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌وه، كه‌م و بێش له جاران زیاتر و له‌م دوواییانه‌دا به‌دیی ده‌كرێت. به‌ڵام له راستیدا به‌رده‌نگ یان موخاته‌بی هیچكام له‌م تریبوونانه كوردی رۆژهه‌ڵات و مه‌سه‌له‌ی كورد له نێو سنوره‌كانی ئێران نییه.
ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ی كه باسی ده‌كرێت یان ئه‌و كیانه كوردییانه‌ی كه دێنه رۆژه‌ڤه‌وه پێوه‌ندیی پۆزێتیڤانهیان به پرسی كوردی رۆژهه‌ڵاته‌وه نییه بگره به بڕێك ورردبینیهوه پێوه‌ندی نێگاتیڤانهشیان ده‌بێت.
له نێوان ئه‌م دانپێدانانه لاوهكییانهدا كه ده‌قاوده‌ق، توند و هێواشییهكهی به‌رابه‌ره له گه‌ڵ راده‌ی توانای كورد بۆ شێواندن یان سه‌رخستنی پلانه‌كان، دوو حاڵه‌تی جیاواز له ئارادایه كه له راده‌به‌ده‌ر گرنگن بۆ گشتییه‌تی پرسی كورد و ئێستا و داهاتووه‌كه‌ی.
ئایا كورد له‌م مه‌یدانه‌دا ده‌چێته كامه ده‌سته‌وه؟ كام به شی هێزی كوردی له كام به‌شی سه‌ره‌كی هاوپهیمانییهكاندا ده‌بیت و ئایا هه‌رچه‌شنه سوڕانێك له مه‌سه‌له‌ی كورددا له‌م ناوچه‌یه، خێری گشتی تێدایه بۆ گشتییه‌تی پارچه‌كانی كوردستان؟ ئه‌مانه پرسیارگه‌لێكن كه هه‌ر له ئێستاوه وه‌ڵامه‌كه‌ی به ره‌فتاری لایه‌نه سیاسییه‌كانی كورده‌وه ده‌بیندرێت.
به مانایه‌كی دیكه نیشانه‌كان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه دوو مۆدێل هه‌یه‌بۆ موعامه‌له له گه‌ڵ كورد.
یه‌كێكیان مۆدێلی سه‌ر به هێزی رۆژئاوایه كه ناتۆ نوێنه‌رایه‌تی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌كات و ئه‌وی دیكه‌ش مۆدێلێكی وه‌هایه كه به هێلی به‌رگری یان موقاومه‌ت له به‌رامبه‌ر رۆژئاوادا ناسراوه. كه هه‌تا به ئێستا ده‌ستی لایه‌نی دوهه‌م به رووداوه‌كانی كورده‌وه زیاتر ده‌بیندرێت.
له باڵانسی هێزه‌كاندا به‌شێك له هێزی كورد لایه‌نی رۆژئاوای قورس كردووه‌و به‌شێكیش لایه‌نه‌كه‌ی دیكه، كه كۆماری ئیسلامی و رژیمی به‌عسی سورییه و چه‌ند لایه‌نی تر له خۆده‌گرێت.
له حاڵێكدا كه لایه‌نی رۆژئاواییهكهش به نوێنه‌رایه‌تی ناتۆ، توركییهی تێدایه و به‌م جۆره ده‌كرێ بوترێت كه، ته‌له‌سمی ئاڵقه‌ی گه‌مارۆی له مێژینه‌ی كورد، له ئاكامی ركابه‌ریی هێزه گهورهترهكاندا شكاوه و مه‌جالێكی هه‌ناسه كێشان و جێگا گۆڕینی داوه به كورد.
لێره‌دایه كه هێزه سهقامگرتووهكانی پێشوو بۆ گرسانه‌وه‌ی دووباره ناچارن هه‌ندێك ئیمتیاز ده‌ستاوده‌ست بكه‌ن.
بۆیه سه‌رسوڕ هێنه‌ر نییه كه له‌م حاڵه‌ته‌دا زمانی ئه‌و هێزانه به نیسبه‌ت كه‌یسی كورده‌وه گوڕابێت و كه‌م و بێش و لێره و له‌وێ باسگه‌لی چاره‌سه‌ریی مه‌سه‌له‌ی كورد بێته ئاراوه ئه‌ویش له زمانی نكۆڵی كارانی پێشوتره‌وه.
به‌م جۆره هه‌ر كام له لایه‌نه‌كان چاوه‌ڕووانی خۆی له كۆرد بۆ گه‌ره‌نتی كردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی به شێوازی خۆی پێشكه‌ش ده‌كات و له ئاكامدا ئه‌و هێزانه ئاوا له گه‌ڵ كورد ساغ ده‌بنه‌وه، كه ئه‌گه‌ر بڕیار بێت كیانێكی كوردی به‌رپا بێت، ئه‌وه ده‌بێ له سه‌ر بنه‌ما و شێواز و پێكهاته‌یه‌ك بێت كه خواستی ئه‌وانیشی تێدابێت و بۆ داهاتووی ئه‌وان مه‌ترسی نه‌بێت.
هه‌ر لایه‌نێك له دوو لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كه كه خۆیان له چكۆله‌وه بۆ گه‌وره له ژێر گوشاری هاوپه‌یمانه باڵادهستهكهیاندان، ده‌یانه‌وێت كیانی "كوردیی داهاتو" مه‌ترسی نه‌بێت بۆ ریزی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان. واته كورد له‌م معامهلهیهدا ده‌بێ به شێوه‌یه‌ك بسازێت كه له ژێر كۆنترۆڵ و هێژمونی ئه‌وان به‌ده‌ر نه‌بێت و به راستی و به واقعی به‌رگری له‌و مه‌ترسیانه بكات كه له داهاتودا توشی به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌منییه‌تی ئابوری و ده‌سه‌ڵاتی لایه‌نه به‌هێزتره‌كان ده‌بێت له ناوچه‌كه‌دا.
بۆ وێنه ئه‌مریكا و هێزه رۆژائاواییهكان له‌وانه‌یه، كیانێكی كوردیی وه‌هایان بوێت كه یه‌كه‌م مه‌ترسی ساز نه‌كات بۆ ئیسرائیل و دوههمیش هاوكار و پشتیوانی ئه‌وان بێت له به‌رامبه‌ر ئه‌و لایانانه‌ی كه به دژایه‌تی رۆژئاوا ناسراون، كه هه‌تا ئێستا ئه‌م بیرۆكه‌یه له مه‌یدانی پراتیكدا لاوازه.
روسییه وه‌ك هێزی دایكی یه‌كێك له جه‌مسه‌ره سه‌ره‌كییه‌كان، به پێوانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه ناسراوه‌كانی خۆیه‌وه ده‌روانێته داهاتوی مه‌سه‌له‌ی كورد له ناوچه‌كه‌دا و پێویستی به‌وه‌یه كه هێزی كوردی له ریزی به‌رگری كردن له هاوپه‌یمانه‌كانیدا بێت كه ئه‌مه‌یان راسته‌وخۆ دژایه‌تی كوردی رۆژهه‌ڵاتی لێده‌كه‌وێته‌وه و كرده‌وه‌ی زیاتریشی له خۆی پیشان داوه.
توركییه كیانێكی كوردی وه‌های به‌لاوه باشه كه جیا له‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ی له گه‌ڵ به‌ش ده‌كات، داڵده‌ی هێزه‌كانی دژه توركییه نه‌دات. شوێنی په‌نا گرتنی هێزی چه‌كدار له دژی توركییه نه‌بێت و هاوكاتیش پرسی كورد به شێوازی نه‌رم و له ناوخۆی توركیه‌دا ئاراسته بگرێت.
لێره‌دا به پێچه‌وانه‌ی روواڵه‌ته میدییاییه‌كان، كۆماری ئیسلامی و هاوپهیمانهتییهكهی زیاترین رێژه‌ی ده‌ستێوه‌ردان و نه‌قشی له پرۆسه‌ی كوردستاندا هه‌یه به‌گشتی. به‌ڵام راستی ئه‌وه‌یه كه جۆری ده‌ستێوه‌ردانه‌كه هاوشێوه‌ی هه‌ڵس و كه‌وتی توركییه نییه له كێشه‌ی كورددا، كه هه‌موو كات ده‌نگدانه‌وه‌ی میدییایی فراوانی لێده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵكه بێده‌نگتر و پیلاناویتره.
له‌م نێوانه‌دا به‌و شه‌رته‌ی ئاراسته‌ی رووداوه‌كان بۆی له‌باربێت كه هه‌تا ئێستا پێده‌چێت وابێت، ئه‌وه كۆماری ئیسلامییه كه زۆرترین به‌هره له مه‌سه‌له‌ی چاره‌سه‌ریی پرسی كورد ده‌بات. هه‌روه‌ك له بیرمان نه‌چێت پاش داڕمانی عێراقی ژێر كۆنترۆڵی به‌عس، ئه‌وه كۆماری ئیسلامییه كه زیاترین به‌هره‌ی وه‌رگرتووه.
كۆماری ئیسلامی ئه‌زمونی ته‌عامولێكی دووفاقه و چه‌ند فاقه‌ی له گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی كورد هه‌یه. له لایه‌ك چه‌ندین ده‌یه كوردی رۆژهه‌ڵاتی به توندترین شێوازه‌كان سه‌ركوت كردووه و هاوكاتیش پێوه‌ندیی خۆی له گه‌ڵ كورده‌كانی باشوور نه‌بڕیوه و له‌و پێوه‌ندییه‌دا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی دابین كردووه.
كورد له باشور له چه‌ند لایه‌نه‌وه ناچاره ته‌عامولێكی دۆستانه‌ی وه‌های له گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ببێت كه له نه‌وعی ته‌عامولی به‌هێزتر و كه‌م هێزتره، كه لێره‌دا پێناسه‌ی یه‌كه‌م بۆ كۆماری ئیسلامییه.
هه‌روه‌ها كۆماری ئیسلامی، كێشه‌ی كوردی باكوری له گه‌ڵ توركییه وه‌ك هه‌لێك قۆستووه‌ته‌وه كه نمودهكانی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش له ده‌وره جیاوازاهكاندا بیندراوه و هه‌نوكه‌ش ده‌بیندرێت.
له‌م نێوانه‌دا پارتی كرێكارانی كوردستان PKK ، چ خۆی و چ ژێر مهجموعهكانی وه‌ك ئاكته‌ری به‌ره‌ی ئێران و رووسییه رۆڵی به‌رچاویان هه‌یه. به شێوازێك كه ئه‌م پارته چ له توركییه و چ له سورییه، قورس كردنی بارته‌قای ئه‌و هاوپه‌یمانییه به قازانجی خۆی ده‌زانێت كه به رابه‌رایه‌تی كۆماری ئیسلامی له ناوچه‌كه‌دا چالاكه.
درێژ كراوه‌ی ئه‌م رۆڵه له كوردستانی رۆژئاوا و له هه‌ڵس و كه‌وتی پراتیكی و دیپلۆماتیكی PYD وه‌ك ژێرمه‌جموعه‌ی PKK ئاشكرا‌و به‌رچاوه.
له سورییه ویستی كۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌یه كه كێشه‌ی كورد به ئاقارێكدا بڕوات كه له كۆتاییدا كوردستانی رۆژئاوا ناوچه‌یه‌كی دابڕاو نه‌بێت له زنجیره‌ی هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌ودا، كه رووداوه‌كانی ئه‌م ئاخرانه‌ش له سه‌ر پرسی كورد له سورییه و هه‌ڵس و كه‌وتی هێزه سیاسییه‌كان له كوردستانی رۆژئاوا “PYD” هه‌میسان ئه‌و بابه‌ته دوپات ده‌كات .
هه‌روه‌ها لێدوانه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د له‌م باره‌یه‌وه به هه‌ڵكه‌وت نییه. له‌م رووداوانه‌دا سیمپاتییه‌كی تایبه‌ت هه‌ست پێده‌كرێت كه ماناكه‌ی ئه‌وه‌یه كه سورییه و ئێران پێویستییانه هێزی كوردیش له بازنه‌ی خۆیاندا بچنن له دژی توركیه و هاوپه‌یمانه‌كانی.
ده‌وڵه‌تی عێراق و حكومه‌تی سورییه خاوه‌نی جۆرێك یه‌كپارچه بوونن له ره‌فتاردا به‌رامبه‌ر به كورد. كه ئه‌م ره‌فتاره هاوته‌ریبه له گه‌ڵ خه‌تی كۆماری ئیسلامی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له ناوچه‌كه‌دا.
ئه‌م سێ لایه‌نه به ره‌وای نازانن كه هێزی كوردیی مافی بانگێشت كردنی هێزی میوانی هه‌بێت له ناوچه‌دا بۆ پلانه سیاسییه‌كانی. بگره ئه‌و هێزه كوردییانه به خیانه‌تكار داده‌نێن كه له بری ئه‌وان پشت ببه‌ستن به هێزێكی دورمه‌ودای سنوره‌كانه‌وه. واته كوردێك به‌لای ئه‌وانه‌وه خۆمانه‌یه كه له به‌ره‌ی دژه توركییه و رۆژئاوا و ئیسرائیل‌دا حه‌ساب بكرێت .
پاش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م پازێله، ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م مه‌سه‌له‌ی كورد به تایبه‌ت له كوردستانی رۆژهه‌ڵات، باشتر روون ده‌بنه‌وه.
ئه‌گه‌ر هێزی دژی رۆژئاوا، پێكهاتوو له روسییه و ئێران و سورییه و حیزبولله و هاوپه‌یمانه‌كانیان له عێراق و كوردستاندا، ده‌ستی باڵا بگرن، به تایبه‌ت له سورییه، ئه‌و كاته چه‌شنێك له چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی كود دێته ئاراوه كه راسته‌وخۆ له گه‌ڵ ئه‌و جۆره چاره‌سه‌رییه دێته‌وه كه كۆماری ئیسلامی تێیدا بڕیارده‌ر ده‌بێت و قازانجی سه‌ره‌كی ده‌بات.
به‌م شێوه‌یه كه
1:هێزی سه‌ره‌كی كورد له رۆژئاوا (PYD و PKK) دۆست و هاوپه‌یمانی كۆماری ئیسلامی ده‌بێت و ئه‌م هاوپه‌یمانه‌تییه زۆر ستراتێژیكتر و نزیكتر ده‌بێت له‌و پێوه‌ندییانه‌ی كه له نێوان كوردی باشور و كۆماری ئیسلامی‌دا هه‌تا ئێستا بووه. هه‌ر له‌و پێوه‌نده‌دا كۆماری ئیسلامی هاوپه‌یمانێكی له نزیك سنوره‌كانی حیزبوالله له ده‌ست نه‌داوه.
له حاڵێكدا كه ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ش دێته ئاراوه كه هاوپه‌یمانه‌تی هێزی كوردی له رۆژئاوا له گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی، له داهاتودا وه‌ك گوشار بۆ سه‌ر كوردی باشور به‌كار بهێندرێت و له نیهایه‌تدا هه‌وڵی لاواز كردنی هه‌ردوو پارتی دێموكراتی كوردستان و یه‌كییه‌تی نیشتمانی كوردستانی لێبكه‌وێته‌وه.
2: هێزی كورد له باكور هاوپه‌یمانی كۆماری ئیسلامی ده‌بێت و پرۆسه‌ی ئاشتی به هه‌ر لایه‌كدا بكه‌وێت، نه‌ته‌نیا مه‌ترسی نابێت بۆ كۆماری ئیسلامی به‌ڵكه به‌هێز بوونی یه‌كێك له هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌وی لێ ده‌كه‌وێته‌وه كه گوشاری زیاتریشه بۆ سه‌ر توركییه وه‌ك ركابه‌ری ناوچه‌یی. خاڵی جێگه‌ی سه‌رنج ئه‌وه‌یه كه لێره‌دا PKK دۆستایه‌تی نه‌غد و حازری كۆماری ئیسلامی ناگۆڕێته‌وه به هات و نه‌هاتی پرۆسه‌ی ئاشتی له گه‌ڵ توركییه و ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتی سه‌ركه‌وتوش بێت، ئه‌وه هه‌میسان ده‌ست له دۆستایه‌تی ئێران هه‌ڵناگرێت.
3:له‌م حاڵه‌ته‌دا هێزی كورد له باشور ناچاره، ده‌بێت به پێگه‌یه‌كی لاوازتره‌وه درێژه به‌و ته‌عاموله‌ی پێش‌و بدات له گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی و ئه‌مه هه‌تا به‌دی نه‌كردنی زه‌مینه‌كانی ئاڵ‌و گۆڕێكی راسته‌قینه له ئێران، له لایه‌ن كوردی باشوره‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت.
4: به هاتنه ئارای ئه‌و دۆخه‌ی كه له سه‌ره‌وه باس كرا، ئه‌وه كوردی رۆژهه‌ڵات و ناو سنوره‌كانی ئێرانه كه ده‌روازه‌كان، له جاران زیاتر به‌رویدا داده‌خرێن. له‌م دۆخه‌دایه كه سه‌ركوتی كوردی رۆژهه‌ڵات و به‌ربه‌ست كردنی رێگایان هه‌رچی زیاتر ئاسان و ئاسانتر ده‌بێته‌وه بۆ كۆماری ئیسلامی.
له دۆخێكی وه‌هادا كۆماری ئیسلامی هه‌رچی زیاتر تێده‌كۆشێت بۆ ئه‌وه‌ی سیمای بزوتنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌و پارچه‌یه بگۆڕێت و ته‌نانه‌ت له رێگای به‌دیل ساز كردن و دابین كردنی هێزه سیاسییه هاوشێوهكانهوه، په‌نجه بۆ دوواین سه‌نگه‌ره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی كوردی رۆژهه‌ڵات به‌رێت.
5: له‌و ئه‌گه‌ره‌دا، لایه‌نی كوردیی له پارچه‌كانی رۆژئاوا و باكور، ناتوانن هه‌وڵی پشتیوانی له خه‌باتی كوردستانی رۆژهه‌ڵات بده‌ن چونكه له چه‌ند لایه‌نه‌وه بۆ درێژه‌ی هه‌ژموونی پارتی كرێكاری كوردستان PKK، ناچارن هاوپه‌یمانه‌تی له گه‌ڵ ئێران درێژه بده‌ن و ئه‌مه حاشا ههڵنهگرتر ده‌بێت.
6: هه‌ر به‌م پێیه، هێزی باشور له ئه‌گه‌ری به‌هێزتربوونی هه‌ژمونی كۆماری ئیسلامی‌دا، ناچاره پتر له جاران چاوی دابخات له ئاست بزووتنه‌وه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵات.
هه‌ست كردن به‌م مه‌ترسییانه له هه‌مووكات پتر پێویسته بۆ هێزه سیاسییه‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات. لێره‌دایه كه پیرۆزییه‌كانی خه‌باتی هاوبه‌ش و وێكچونهكانی كورد له هه‌موو پارچه‌كاندا، له‌وانه‌یه به پشت به‌ستن به دروشمه‌كان وه‌ڵامده‌ره‌وه نه‌بێت.
تاوان نییه ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی به باشی و روانینێكی واقعبینییه‌وه ئه‌م جیاوازییانه بدركێنێت. له‌وانه‌یه له باشترین حاڵه‌تدا ئاڵ‌و گۆڕه‌كانی ناوچه‌كه و به تایبه‌ت كوردستان، نه‌ته‌نیا هه‌ڵگری به‌رژه‌وه‌ندی كوردی رۆژهه‌ڵات نه‌بێت، به‌ڵكو یارمه‌تیده‌رێك بێت بۆ هه‌رچی زیاتر كۆنترۆڵ كردنی خه‌باتی كورد له رۆژهه‌ڵات.
ئه‌گه‌ر كیانێك یان دوو كیانی كوردی به دوو قه‌واره‌ی جیاوازه‌وه ساز بێت، مه‌رج نییه دابینكه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو پارچه‌كان و به تایبه‌ت پارچه‌ی رۆژهه‌ڵات بێت. هه‌روه‌ك ئێستا نییه.
قه‌باره‌ی هێزی كورد به هیچ پێوه‌رێك ئه‌و هیوایه نابه‌خشێت كه هه‌ر كیانێكی كوردی كه له داهاتودا ساز بێت، خاوه‌نی ئه‌وه‌نده هێزه سیاسی و سه‌ربازی و ئابورییه بێت كه پشتیوانی راشكاوهنه له پارچه‌یه‌كی دیكه بكات، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت مه‌ترسی ئه‌وه‌ش دێته ئاراوه كه به هۆی "ناكۆكی" له دژی یه‌كتر به‌كارییان بێنن.
ته‌رجه‌مانی ئه‌م حاڵه‌تانه ئه‌وه‌یه كه كوردی رۆژهه‌ڵاتی پێویسته له هه‌موو كات زیاتر و زیاتر واقعبین و هه‌ستیار بێت له مهر رووداوه‌كان. خۆ به‌ستنه‌وه به پرۆسه‌كانی پارچه‌كانی دیكه خزمه‌ت به ره‌وتی جوڵانه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات ناكات.
ئه‌مه به مانای ده‌ست به‌ردان له پارچه‌كانی دیكه و بێ وه‌فایی نییه، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه تووانه‌وه له پرۆسه‌ی سیاسی پارچه‌كانی دیكه‌دا بۆ كوردی رۆژهه‌ڵات ره‌وا نییه چونكه پارچه‌یه‌كی دیكه‌ش به پرۆسه‌ی رۆژهه‌ڵاته‌وه نهتواوتهوه.
هه‌رچه‌نده كه هاوپه‌یمانه‌تی هێزه كوردییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه له بازنه‌ی ئێران‌دا ره‌وا بێت و به پاساوی واقعه سیاسییه‌كان وه‌ڵام بدرێته‌وه، به هه‌مان رێژه ره‌وایه كه بزووتنه‌وه‌ی به‌رپرسانه‌ی كوردی رۆژهه‌ڵاتیش هاوپه‌یمانه‌كانی خۆی بدۆزێته‌وه.
ئه‌م دۆخه كاره‌ساتباره له حاڵێكدا بووه‌ته واقعی سیاسی بۆ كوردی رۆژهه‌ڵاتی كه هه‌یمه‌نه و سێبه‌ری قورسی كۆمه‌ڵێك دروشمی ناواقعی بوونه‌ته تابۆیه‌كی مه‌زهه‌بی بۆ كوردی رۆژهه‌لات، وه‌ك پابه‌ند بوون به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پارچه و پارته‌كانی دیكه‌وه. له حاڵێكدا كه نه‌فسی ئه‌و دروشمانه له راستیدا و له هه‌نگاوه یه‌كه‌مه‌كاندا، له لایه‌ن پارچه‌كانی دیكه و پارته‌كانیانه‌وه پێشێل ده‌كرێت.
27/08/2013