ئاوات
لە 12 رەشەمەی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنی خولی نۆهەمی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئێران بەڕێوەدەچێ. ئەم هەڵبژاردنە، یەکەم هەڵبژاردنی پاش هەڵبژاردنی خولی دەیەمی سەرۆک کۆمارییە کە دوو ساڵ و نیو لەمەبەر، بەڕێوەچوو و لە ئاکامی دەسکاریی کردنی دەنگەکان، راپەڕینێکی جەماوەریی چەن مانگەی لێکەوتەوە. ئەو راپەڕینە سەرکوت و کۆنتڕۆڵ کرا، بەڵام هۆکارەکانی بەرپا بوونی هەر لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە.
هەر لە بەستێنی نێوخۆییدا، پاش سەرکوتکردنی ئەو راپەڕینە، ناکۆکییەکی نوێ لە ناو بازنەی دەسەڵاتدا سەری هەڵدا کە خەریکە دەبێتە کەلێنێکی بەرراوان. ناکۆکیی نێوان باڵەکانی سەر بە عەلی خامنەیی رێبەری رێژیم و مەحمود ئەحمەدی نژاد سەرۆک کۆمار. لە راستیدا هەڵبژاردنی خولی نۆیەمی مەجلیسی شورای ئیسلامی، ململانێی نێوان ئەو دوو باڵە دەبێ. باڵی سەر بە خامنەیی بەنیازن بە یەکجاریی مەجلیس لە "رەوتی لادەران" پاک بکەنەوە.
بەڵام بە رووکاری دەرکییدا، ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێ کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی رووداو و گۆڕانکارییەکانی ناسراو بە "بەهاری عەرەبی" گۆڕانی بەرچاوی بەخۆوە دیتووە و ئاڵوگۆڕەکانیش بەردەوامن. هەرچەند کۆماری ئیسلامی بەهۆی هەبوونی لایەنی دینی ئیسلامیی لەو رووداوانەدا، ئەو ئاڵوگۆڕانە بە "رابوونی ئیسلامی" ناوزەد دەکا و بە درێژەی "شۆڕشی ئیسلامی ئێران" پێناسەیان دەکا بەڵام لە راستیدا وێڕای ئەوەی رەوتی ئیسلامی سیاسیی لەو رووداوانەدا، بەهێز و شوێندانەرە، بەڵام ناوەڕۆکی سەرەکییان بریتییە لە: رووخانی دەسەڵاتی ئەو حکومڕانانەی دەیان ساڵە، مل بە گۆرانکاریی و ویستی خەڵک و دەستا و دەستکردنی دەسەڵاتی سیاسیی نادەن، کە کۆماری ئیسلامییش یەك لەوانە.
لە لایەکی دەیکەوە هەرگیز کۆمەڵگای نێونەتەویی بە دەوڵەتان و رێکخراوە نێو نەتەوەییەکانەوە، ئەوەندە گوشاریان نەخستووەتە سەر کۆماری ئیسلامی.
میتۆدۆلۆژی پارتی ئازادیی کوردستان بۆ هەڵوێست لە هەڵبژاردن، بەو جۆرەیە کە هیچ بڕیارێکی نەگۆڕی بۆ بەشداریی یان تەحریمی هەڵبژاردن نییە. بەڵکوو، بۆ هەر هەڵبژاردنێك سیاسەت و هەڵوێستی دیاری کراو لەسەر ئەو هەڵبژاردنە دەگرێتەبەر.
بە شێوەیەکی گشتی، ئەو هەڵبژاردنانەی کە لە رێژیمی کۆماری ئیسلامی و هەر رێژیمێکی توتالیتاری و دیکتاتۆری دا، بەڕێوەدەچن، زۆر جیاوازن لە هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە کە هەموو مەرجەکانی هەڵبژاردنێکی ئازادی تێدا بێ و سنوقەکانی دەنگدان، دەسەڵاتی سیاسییە و کارگێڕی یەکلایی بکەنەوە. هەڵبژاردن لەم جۆرە سیستەمانەدا، تەنیا کاریکاتۆرێک لە هەڵبژاردنە و لە ڕاستیدا شانۆگەرییە. بەو حاڵەشەوە هەرکاتێ هەلومەرجی هەڵبژاردنێک هەر بەم تایبەتمەندییانەشەوە، بە جۆرێک بێ کە بە بەشداریی تێیدا، بکرێ کاریگەری بخرێتە سەر ئاکامەکانی و لە دەرەنجامی دا، دەسەڵاتی تاران تووشی ناکۆکی و لێکترازان بکرێ، بەو مەرجەی ئەو ناکۆکی و لێکترازانە، بەجۆرێك لە جۆرەکان دەرفەت و کەشوهەوایەکی بۆ گەشەی بزووتنەوی رزگاریخوازیی نەتەوەکەمانی لێبکەوێتەوە، بەشداری تێیدا، دەتوانێ تاکتیکێکی دروست بێ. سیاسەتی بەشداریی پارتی ئازادیی کوردستان لە هەڵبژاردنی خولی دەیەمی سەرکۆمارییدا، لەسەر بنەمای ئەم لێکدانەوەیە بوو. ئاکامەکانی ئەو هەڵبژاردنە، بناخەکانی رێژیمی هێنایە لەرزین.
بەڵام لە هەڵبژاردنی رۆژی 12 رەشەممەدا، مەسەلەکە بەو جۆرە نییە. هەموو دیاردەکان ئاماژەن بەوەی کە ئەم شانۆگەرییە دەرفەتێکی بۆ کورد و بەرهەڵستکاران لێناکەوێتەوە. هەروەها مەجلیسی نۆیەم، لە دەستووپێوەندە هەرە نزیکەکانی رێژیم پێکەوە دەنرێ کە هیچ هەلومەرجێکی تێدا پێکنایە کە، نوێنەری کورد، بتوانێ بەرگریی لە ماف و ئازادیی نەتەوەکەی بکا و لە دژی ئێعدام، ئەشکەنجە و کوژرانی رۆژانەی مرۆڤی کورد دەنگ هەڵبڕێ، بۆیە لە رەوژەنی ئەم فاکتەرانەوە تەنیا رێگا و هەڵوێستی درووست لە تەحریم کردنی ئەم هەڵبژاردنەدایە.
هەڵبەتە، زۆر باش دەبوو ئەگەر، حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان، سەرەڕای هەبوونی هەر جیاوازی و تەنانەت کێشەیەك، وێکرا و پێکەوە یەك هەڵوێست بان و پێکەوە کەمپەین و بانگەوازی تەحریمیان رێکخستبا. ئەوە کە ئایا حیزبەکان ئەم هەنگاوە هەڵدەگرنەوە یان رق و قین و تۆڵە لەیەك کردنەوە، توانای دیتنی پێویستییەکان و هەڵگرتنەوەی هەنگاوە پێویستەکانی پەکخستووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا روون دەبێتەوە.
* ئەم وتارە لە رۆژنامەی بۆ کوردستان ژمارە 43 لە گۆشەی "رەوژەن" بڵاوکراوەتەوە.