عامر گوڵی
هەرچەند دێموکراسی لە تیۆریدا بە چەندەها جۆر تەعریف دەکرێت، بەڵام لە کردەوەدا تا چ رادیەک جێبەجێ دەکرێ، جێی پرسیارە؛ بەتایبەت ئەگەر پەنجە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوین بێت. دێموکراسی ئەو وشەیەیە کە هەموو حیزبیە کوردیەکان و هەموو تاکەکانیش لە چەند ساڵی رابردوودا بەگوێرەی پێویستییان بەکاری دێنن و لە رووبەڕووبوونەوە حیزبی و سیاسییەکاندا، یەکدی بەوە تاوانبار دەکەن کە شێوازەکانیان دێموکراتیک نیە و دیکتاتۆرن. ئەگەر هەڵبژاردن، بنچینەی دێموکراسی بێت، ئەوا هەموو حیزبیەکان لە نێو خۆیاندا هەڵبژاردنیان هەیە و خۆشیان بە لایەنێکی دێموکرات دادەنێن. پرسی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە ئایا تا ئێستا مەجالێکی هاوبەش هاتووەتە ئاراوە کە کوردان بتوانن هەموو پێکەوە دێموکراسی تاقی بکەنەوە؟ ئایا پێوانەیەکی هاوبەش هەیە کە بە پێی شوێن و جێگەوپێگە، پێمان بڵیت دێموکراسی چییە و چی نییە؟ وڵامەکە بە دڵنیاییەوە "نا"یە. کە واتا ئەو پێوەرانە کە لە کردەوە دا باس لە دێموکراسی دەکەن (لە حیزبیە کوردیەکاندا) هەموویان لە بازنەیەکی بچووکدا قەتیس ماون و دێموکراسیش تەنها لە هەڵبژاردندا کۆدەکریتەوە و ئەمەش وای کردووە کە هەمووان دێموکرات بن!
کۆنگرەی نەتەوەیی ئەو مەجالە هاوبەشەیە کە دەتوانێت پێوانەیەکی هاوبەش بۆ دێموکراسی، بەپێی ویست و خواستی هەموو لایەنەکان بخولقێنێت. بەڵام کێشە ئەوەیە کە ئەم مەجالە هاوبەشە هێشتا پێکنەهاتووە، هێشتا پێوەرەکان دیار نین و هەر لایەنێک بەپێی بیروباوەڕ و تێگەییشتنی خۆی(کە گەورەترین ئەزموونی دێموکراسییان تەنها هەڵبژاردنە) دێموکراسی پێناسە دەکات. ئەگەر کۆنگرەی نەتەوەیی ئەو مەجالە هاوبەشە بێت، لە ئێستادا پێوەرەکان بۆ لێکدانەوەی رەفتاری لایەن و کەسایەتیەکان، پێش کۆنگرەی نەتەوەیی، تەنها کارکردێکی ئیدۆلۆژیکی حیزبییان هەیە و نە زیاتر. وەک نموونە حکوومەتەکەی مورسی بۆیە تووشی ئەو وەزعەی ئەمڕۆ بوو کە نەیتوانی پێوانەیەکی هاوبەش، بۆ لایەنە جۆراوجۆرەکانی میسر درووست بکات. هەر لەبەر نەبوونی پێوانەیەکی هاوبەش کە بە دێموکراسی ناوزەد دەکرێت، بەردەوام باری سیاسی هەرێمی کوردستانی تێک دەدرێت و دێموکراسی دژی خۆی دەوەستێتەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، هەڵوێستی نەتەوەیی وەک کۆمەڵە رەفتارێک کە هەموو قازانجەکانی نەتەوەیەک بپارێزێت هێشتا چوارچێوەکەی دیار نیە و هەر لایەنێک دیسان بەپێی ویست و خواستی خۆی قازانجی نەتەوەیی دیاری دەکات. لێرەش ئەو مەجالە گشتییە کە پێوەرەکان بۆ هەڵوێستی نەتەوەیی دیاری دەکات، کۆنگرەی نەتەوەییە. ئەگەر هەڵوێستی نەتەوەیی پەیڕەوکردنی قازانجی هەموو لایەن و تاکی نەتەوەیە، کە واتا تا ئێستا پێوانەیەکی گشتگیرمان بۆی نییە، چوونکە لایەنەکان، وەکوو پێکهێنەری نەتەوە، تا ئێستا پێکەوە دانەنیشتوون تاکوو باس لە قازانجی گشتیی نەتەوە بکەن. بۆیە بانگەشەی هەڵوێستی نەتەوەیی لە سۆنگەی هەر لایەنێکەوە بێت، تەنها کارکردێکی ئیدۆلۆژی حیزبی هەیە.
پرسیاری دوایی کە لێرەدا جێی باسە ئەوەیە کە ئایا "هەڵوێستی دێموکراتیک" و "هەڵوێستی نەتەوەیی" پێکەوە دەگۆنجێن یان نا؟
ئەگەر پێوەرە حیزبییەکان بۆ دێموکراسی و نەتەوەیی بوون قبوول بکەین، دەگەینە خاڵێکی زەقی ناکۆک لە نێوان دێموکراسی و نەتەوەیی بوون. ئەو خاڵە زەقە لە هەڵبژاردنی کومیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ بەشی رۆژهەڵات، بە ئاشکرا خۆی نواند.
هەڵبژاردنێک بۆ دیاریکردنی ئەندامانی کومیتەی ئامادەکار ئەنجام درا و بە دێموکراتیک بوون وەسف کرا. پێنج ئەندامی ئەم کومیتەیە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی "پێنج" حیزب، کە لەرووی بیروباوەڕەوە هەر "دوو" حیزبین. لێرەدا خاڵێکی ناکۆک دیتە گۆرێ، ئەویش ئەوەیە کە دێموکراسی بەتەنها ناتوانێت لە قازانجی هەڵوێستی نەتەوەییدا بێت، چوونکە کەمترین نوێنەری لایەنەکان بۆ کومیتەیەک هەڵبژێردراوە. هاوکات ئەگەر دێموکراسی، بەشداری کردنی هەمەلایەنە بێت، تەنانەت لێرەدا دێموکراسی دژی خۆی وەستاوەتەوە. هاوکات لەولاشەوە زیادکردنی ئەندامێک بۆ کومیتەکە، بۆ حیزبیێکی دی لەپێناو هەڵویستێکی نەتەوەیی، دژی هەڵبژاردنێک دەوەستێتەوە کە بە بناغەی دێموکراسی هەژمار دەکرێت.
لەم روانگەوە ئەگەر دێموکراسی و نەتەوەیی بوون وەکوو ئایدۆلۆژی، خاڵی ناکۆک لە نێوانیاندا هەبێت بەڵام دەکرێت پێکەوە رێکبخرێن. ئەوەی کە گونجاو نیە رێکخستنی پێش مەرجی ئەم دووانەیە، واتا رێکخستنی تاکڕەوانە و فەرزکردنی بەسەر هەموو لایەنەکانە پێش کۆنگرەی نەتەوەیی، کە خۆی ئەرکی ئەوەیە ئەم دوو خاڵە رێکبخات.
هەرچەند ئەو ئامادەکاریانەی پێش کۆنگرە، هاوکات دێموکراتیک و نەتەوەیی نین بەڵام، ئەوە ناگەینێت کە مەشرووعیەتیان نییە، ئەوە وەکوو هەڵەیەکی بنچینەییەیە کە "دەتوانێت" ببێتە سەرەتایەک بۆ درووستکردنی پێکهاتەیەک، تا هاوسەنگی نێوان دێموکراسی و نەتەوەیی بوون بپارێزێت.
17/08/2013