رێبوار مه‌عرووف زاده
بابه‌تی هه‌ڵبژاردن له نێو پێکهاته‌ی سیاسیی ئێران‌دا یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یه یا فۆرمالیته؟ دژبه‌رانی کۆماری ئیسلامی بوونی ولایه‌تی فه‌قیهـ ، شووڕای نیگابان و به‌گشتی بوونی یاسای نادادپه‌روه‌ر به هۆکاری رووکه‌ش بوونی هه‌ڵبژاردن له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. ئه‌وه له حالێکدایه رێفۆرمخوازانی حکوومه‌تی ،تا پێش له هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماری خوڵی ده‌یه‌م، بایکۆتکردنیان به واتای چوونه ده‌ره‌وه له کایه سیاسییه‌کانی وڵات ده‌زانی و سیاسه‌تی بایکۆتکردنیان وه‌ک که‌مته‌رخه‌می له هه‌مبه‌ر دواڕۆژی خه‌ڵک و وڵات لۆمه ده‌کرد به‌ڵام، له نێوان ئۆپۆزیسیۆن و پۆزیسیۆندا، روانینی دروست و ئه‌قلانی به نیسبه‌ت هه‌ڵبژاردن چییه؟
1ـ هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ر له ئازاد و دادپه‌روه‌رانه بوون، مکانیزمێکه بۆ شه‌رعیه‌ت وه‌رگرتن. دروشمه‌کان، وتار و هه‌ڵسوکه‌وته‌کان له ره‌وتی هه‌ڵبژاردن پێکه‌وه به‌شدار ده‌بن له پێناسه کردن، هه‌ڵسه‌نگاندن، چۆنیه‌تیی مان یا نه‌مان و... به گشتی به‌شدار ده‌بن له ده‌ستنیشان کردنی ئاسۆی حکوومه‌تکردن. دهستنیشانکرنی ئاسۆی حکوومه‌تکردن به‌و واتایه که له کۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌سه‌ڵات تووشی تێکشکانێکی زیاتر و خێراتر ده‌بێ یان له قه‌یرانه‌وه به‌ره‌و سه‌قامگیریی هه‌نگاو ده‌نێ. دیاره هه‌ر مکانیزمێک و دواجار هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک، که پۆتانسیه‌لی سه‌قامگیری و شه‌رعیه‌ت به‌خشی هه‌بێ، توانایی خه‌وشدار کردن و قه‌یران دروستکردنیشی ده‌بێت. به‌م پێیه هه‌ر چه‌شنه هه‌ڵبژاردنێک، به‌هێزی یان لاوازی، ره‌وایی یان ناره‌وایی زیاتری ده‌سه‌ڵاتی لێده‌که‌وێته‌وه. ده‌رئه‌نجام کاتێک رێژیمێکی ئیدئۆلۆژیک له رێوشوێنێک که‌ڵک وه‌رده‌گرێ تا به خه‌ڵکی نێوخۆ و جیهان نیشان بدا که له جوغرافیای سیاسیی ئێران‌دا خاوه‌ن پێگه‌یه، خه‌ڵک ناچار به ته‌سلیم بوونێکی سیاسی و مه‌ده‌نی بکا، خه‌ڵکی ناڕازییش ده‌توانن وا بجووڵێنه‌وه که رێژیم به‌ده‌ر له هێزی چه‌ک و مه‌چه‌ک شتێکی دیکه شک نه‌با. به واتایه‌کی دیکه چۆنیه‌تیی چالاکبوونی خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردن ده‌توانێ روخساری سه‌ره‌ڕۆیانه و دژه‌مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ده‌ربخا. به‌م شێوه‌یه پلان و ویستی خه‌ڵکی ناڕازی له‌و کاته‌دا، له‌و شوێنه‌دا، له‌و رێوشوێنهدا و له راستیدا له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌توانێ له به‌رامبه‌ر تێز و ئیستراتژیی «رێپێوانی حکوومه‌تی» ئانتی تێز و ئیستراتژی «خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی» به‌رهه‌م بێنێت.
2ـ به‌شداری له هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌یه نه‌ک پرۆژه. به‌شداری له هه‌ڵبژاردن نه‌خشه‌یه‌کی دارێژراوی کۆرتخایهنی چوارچێوه‌دار به ده‌ره‌نجامێکی دیاریکراو نییه. به‌ڵکوو، ره‌وتێکی درێژخایه‌نی گشتگیری چه‌ند قۆناغییه به ده‌رئه‌نجامێکی ناڕوون.
ئه‌گه‌ر ده‌رئه‌نجام وه‌ک ئاکامی هه‌ڵبژاردن لێک بده‌ینه‌وه، سیستمی سیاسیی ئێران به له‌به‌رچاوگرتنی رووداوه‌کانی دوای هه‌ڵبژاردنی خۆڵی ده‌یه‌می سه‌رۆک کۆماری، نه له روانگه‌ی خه‌ڵکی نێوخۆ و نه له روانگه‌ی بیروڕای جیهانی ، شه‌رعیه‌تی راگه‌یاندنی ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی نییه به‌ڵکوو، ئه‌وه فه‌زای شه‌قامه که براوه‌ی راسته‌قینه دیاری ده‌کا.
دیارە كاتێك دەسەڵات لە بەرامبەر شەپۆلی ناڕەزایەتی توندوتیژی و چەك بەكار دەهێنێ رێك بەو واتایەیە كە دان بە نەمانی حاكمییەتی سیاسی و یاسایی خۆیدا دەنێت. بەم هۆیەوه رێژیم كات، هێزی ماددی و ئینسانیی فراوان تەرخان دەكا تا لە پرۆسەیەكی ئەمنییەتیدا خۆی لە قەیرانی حاكمییەت دەرباز بكا. بەم شێوەیە بابەتی به‌شداری له هەڵبژاردن لە ئێران‌دا بە سێ هۆ پرۆسەیە:
الف) هەڵبژاردن بابەتێكی پرۆژە هەڵگرە: لە سێ قۆناغی جیاواز لە پێش هەڵبژاردن، رۆژی هەڵبژاردن، دوای هەڵبژاردن، پرۆژەی جۆراوجۆر لە شوێنە جیاجیاكانی وڵات لەلایەن دەزگاكانی حكوومەتی وەك شووڕای نیگابان، راگەیاندن، ئیتلاعات، بەسیج و ... ئەنجام دەدرێ.
ب) به‌شداری له هەڵبژاردن بابەتێكی گشتی و گشتگیرە: رێژیم پلان و نەخشەی رەنگاوڕەنگ لە هەموو شار و گوندەكانی وڵات بە مەبەستی بە چۆكداهێنانی سیاسی و مەدەنیی خەڵك بە كار دێنێ.
ج) هەڵبژاردن بابەتێكی درێژخایەن و كات هەڵگرە: هەر هەڵبژاردنێك لە هەڵبژاردنی خولی پێشوو تەئسیر وەردەگرێ، كاریگەری لە هەڵبژاردنی خولی داهاتوودا دەبێ.
بەم شێوەیە بابەتی هەڵبژاردن لە ماوەیەكی زەمەنی درێژخایەندا، جیگه‌ی باس و مشتوومڕه بە واتایەكی دیکه ئه‌و بابه‌ته لە كۆمەڵگه زیندووە. پرۆسە بوونی هەڵبژاردن لە خولی دەیەمی سەرۆك كۆماری بە روونی دەركەوت كاتێك خەڵكی ناڕازی لە « پرسیار لە دەنگی خۆ كردن» گەیشتنە «پرسیار لە مافی خۆكردن» .لە راستیدا لە رەوتی هەڵبژاردنەكاندا زۆر چەمكی وەك ئازادیی راده‌ربڕین، مافی تاكەكەسی، سێكۆلاریسم (كۆماری ئێرانی) و.. هاتنه‌ئاراوه و گه‌شه‌یان کرد.
3- خوێندنەوەی ئیدئۆلۆژیك بۆ هەڵبژاردن گەورەترین هۆكاری ناكارامەیی ئۆپۆزسیۆن:
ئۆپۆزیسیۆن بە هێندێك گریمانە و ئیدئالەكانی خۆی، بە بێ بوونی لە ناو ئه‌مری واقیع، بە بێ سنووربەندی لە نێوان خەڵكی نارازی و بێ لایەن رۆڵ ده‌گێڕێ. هه‌ڵبه‌ت رۆڵگێڕانی هێندێک له‌و لایه‌نانه به ده‌رکردنی یه‌ک راگه‌یه‌ندراوی به‌شداری نه‌کردن کۆتایی پێدێ. گوتنی «نا بۆ هەڵبژاردن» لە سەرێڕا بە شێوەی فەرماندان، نەبوونی بەرنامە بۆ وردكردن و شی كردنەوەی ئەو « نا بۆ هەڵبژاردنە» لە نێو گرووپە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگهدا، دەرگا داخستنی خەڵكی ناڕازی لە فەزای گشتی و شەقام (بایكۆتكردن بە شێوەی تاكەكەسی و لە فەزای شەخسی»، بە گشتی بە دەرفەت نەزانینی هەڵبژاردن و بە شێوەی پرۆسە هەڵسوكەوت نەكردن لەگەڵ ئەم بابەتە وایكردووە سنوورێك لە نێوان ناڕەزایەتی و كەمتهرخەمی نەمێنێت.ده‌رکردنی راگه‌یندراوی بایکوتکردن ئه‌حزابی کوردی که پێده‌چێ به‌ره‌به‌ره هه‌موویان بگرێته‌وه،حێکایه‌تی مڵملانێیه بۆ ئه‌وه‌ی کام لایه‌ن خیراتر و زیاتر ده‌بێ به پاشکۆی ئۆپۆزسیۆنی ناوه‌ند،حێکایه‌تی سیاسهتکردنێکه به بێ خه‌ڵک و به‌ده‌ر له ئاگایی و هه‌وڵدان.