فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

رێبوار كەریم وەلیrebwar wali

جارێ هەر لە سەرەتاوە ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی بە مشتومڕ و بچووككردنەوەی بۆ ئاستی حیزبایەتی دەستیپێكرد. ئینجا قسە لەسەر ئەوەكرا كە كێ سەرۆكی كۆنگرە بێت و كێ رابەرایەتی بكات؟ ئەو دوو خاڵەی سەرەوە دەریدەخات كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لە كاتێكدا دەبەسترێت كە هێشتا وادەی نەهاتووە و پەلە كراوە لە بەستنەكەی . هۆكارەكەشی گەلێك روونە، نەبوونی ستاتۆیەكی یەكسان لەنێوان هێز و لایەنە بەشداربووەكانی كۆنگرە وایكردووە نەتوانرێت دەستنیشانی ئەوە بكرێت كە كێ دەبێ لەسەر كام كورسی دانیشێت؟   بە واتایەكی دیكە باشووری كوردستان بە ناوە دانپێدانراوەكەی كە (هەرێمی كوردستان - عێراق)ە تاكە پارچەی كوردستانە ستاتۆیەكی جێگیری هەیە و دانپێدانراوە و دەتوانێ لەسەر ئاستی داوودەزگا بڕیاردەرەكانی وجودی هەبێ، ئەوانیدیكە حیزب و تەڤگەرن، بۆیە ئاستی كۆنگرەكەش بووەتە حیزبی و حیزبەكانیش ناهەقیان نییە ئەگەر بیانەوێ بۆ بەرژەوەندی حیزبیی خۆیان هەوڵبدەن.
ئەمە لایەكی مەسەلەكەیە، بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەوەیە كە كۆنگرەی نەتەوەیی كورد چی دەبێت؟ كاتی خۆی كە بەرەی كوردستانی لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییە چەكدارەكانی باشوور دروستكرا، ئەم بەرەیە توانی بە كردەوە (بەرە) بوونی خۆی تاوەكو هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1992 بپارێزێت و هەڵوێست و بڕیارەكانی بۆ هەموو لایەك جێگەی رێز بوون و هێزەكان گوێڕایەڵی بڕیار و راسپاردەكانی بوون. 
بەرەی كوردستانی میكانیزمێكی چ بۆ سەركردایەتی و چ بۆ بڕیار وەرگرتن هەبوو كە توانی بە باشترین شێوە دەرفەتی زێڕینی ساڵی 1991 بقۆزێتەوە. ئێستا ئەم هاوسەنگییەی ئەوكات هەبوو بە هیچ شێوەیەك نابینرێت.
 كۆنگرەی نەتەوەیی كورد ئەگەر تەنیا شتێكی سیمبوولی بێت، ئەوا ئەو هەموو مشتومڕەی پێویست نییە، بەڵام ئەگەر میكانیزمێكە بۆ بڕیار وەرگرتن لەسەر ئایندەی كورد لە ناوچەكەدا ئەوە دەبێ بتوانێ میكانیزمەكان دیاریبكات و بەشداربووانیشی پابەندی بڕیار و راسپاردەكانی بن، بەڵام دووبارە گرفتێكی دیكە سەر هەڵدەداتەوە كە ئەویش ئەوەیە قووڵایی وابەستەیی هێزە كوردییەكانی هەر چوار پارچە بە چوار وڵاتەكەی دراوسێ هێندە رۆچووە كە ئەستەمە بتوانرێت سیاسەتێك بەرهەم بهێنرێت تەجاوزی بەرژەوەندیی مانەوەی حیزب و لایەنەكان بكات لە گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەكەدا.
نموونەی هەرە زیندوو ئەو رێككەوتننامەیەیە كە لە هەولێر لەنێوان ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان و ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد واژوو كرا .
 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ رێگرتن لە شەڕی براكوژی لە رۆژئاوا ، رێككەوتننامەكەی دروستكرد، بەڵام ئەو رێككەوتننامەیە دواتر بە كردەوە باڵادەستیی پارتی یەكێتی دیموكراتی (PYD) ی كردە ئەمری واقیع . لەو رۆژەوە تائێستا كەوا ساڵێك بەسەر رێككەوتننامەكەدا رەتدەبێ، (PYD) پابەندی یەك خاڵ و بڕیاری ئەو رێككەوتننامەیە نەبووە كە لە هەولێر ئیمزا كراوە! تاكلایەنانە حوكمی رۆژئاوای كوردستان دەكات و هەر كەسێك بیەوێت بوونێكی سەربازی یان رێكخراوەیی هەبێت، یان دەكوژرێت یان دەڕفێنرێت. 
هەموو ئەوانەش كە دەكرێن لەژێر چەتری رێككەوتننامەی بەنێوبانگی هەولێردا دەكرێن و هەموو كردارەكانیش شەرعییەت لەو رێككەوتننامەیە وەردەگرن.
سبەی كۆنگرەی نەتەوەیی تەحریمی شەڕی براكوژی دەكات، بەڵام پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) بەردەوام دەبێ لەسەركوتێكی سیاسیانەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان! باسی خەباتی مەدەنی و ئاشتیانە دەكات، بەڵام PYD و YPG بەردەوام دەبن لە تاكڕەوی و گرتنی چالاكڤانانی سیاسی و مەدەنی لە رۆژئاوای كوردستان! باسی دانوستاندن و چارەسەری دەكات، بەڵام پارتی كرێكارانی كوردستان بەردەوام دەبێ لە ناردنی هێز بۆ رۆژئاوای كوردستان و رێگە نادات هیچ هێزێكی دیكەش لەوێ كاربكات! 
باسی هاوكاری و هاریكاری دەكات، بەڵام كاتێك دەروازە سنوورییەكان بۆ سەرانە وەرگرتن لە خەڵكی رەشوڕووتی رۆژئاوای كوردستان بەكاردەهێنرێن و دادەخرێن، دنیا بەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستاندا خراپ دەكرێت!
سبەی هەموو ئەوانەش لەژێر چەتر و دروشمەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورددا دەكرێن ، كەواتە قسەیەكی شادڕەوان جەوهەر نامیق هەیە كە سەبارەت بە كۆنگرەی پارتی كردبووی، رێك بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كوردیش لە شوێنی خۆیەتی كاتێك گوتی:"كۆنگرە شەرعیەتدانە بە ناشەرعیەت".
9/08/2013

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان