د.كەمال كەركووكی
رۆژی 22ی تەمموزی 2013 رووداوێكی مێژوویی بەخۆیەوە بینی كە گەلە خەباتكارەكەمان لە دوای ساڵانێكی دوور و درێژی قوربانیدان چاوەڕوانی بەدیهاتنی دەكرد، ئەوەبوو بە سەرپەرشتی و چاودێریی راستەوخۆی سەرۆك مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئامادەكاریی یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كوردی لە ئامێز گرت و تێیدا بۆ جاری یەكەم (39) حزبی سیاسی كوردی كۆبوونەوە كە نوێنەرایەتی هێز و لایەنەكانی كوردی لەهەر چوار پارچەی كوردستان دەكرد، وەك ئاماژەیەك بۆ دەستپێكی قۆناغێكی نوێ لە مێژووی گەلی كوردی خەباتكار، كۆبوونەوەی ئەو هێز و لایەنە كوردیانە بووە هۆی شادمانیەكی گەورەی گەلەكەمان و جارێكی دی هیوا و ئاواتەكانی بووژاندەوە لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجە رەواكانی، هەڵبەت ئەویش لە میانی هەڵهێنانی هەنگاوێكی شارستانیانەی دەگمەن لەسەر ئاستی مێژووی تێكڕای گەلانی ناوچەكە. خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردمان بە درێژایی مێژوو ئەو خەسڵەتەی هەڵگرتووە كە هەمیشە پەیوەست و پەرۆشی شێوازی ئاشتیخوازانە بووە و لە پێگەی پرانسیپی یەكسانیشەوە هەمیشە ویستوویەتی لەگەڵ گەلانی ناوچەكەدا پێكەوەژیانێكی ئاشتیانەی هەبێ، بۆیە ئامانجی یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كورد گەیاندنی دەنگ و پەیامی گەلی كوردە، كە نەتەوەیەكە خاك و زمان و مێژوو و كەلتوور و ژمارەی روون و بەرچاوی دانیشتوانی خۆی هەیە، نەتەوەیەكە دووچاری هەڵمەتەكانی پاكتاوی رەگەزی (جینۆساید) هاتووە، ئەو نەتەوەیە وەك هەر گەل و نەتەوەیەكی دی مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیە و داوای مافە رەوا و یاساییەكانی خۆی دەكات لە چوارچێوەی پرانسیپەكانی ئاشتی و دیموكراسی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و رێزگرتنی بەرامبەر.
ساڵانێكی دوور و درێژ ماكینەیەكی میدیایی دوژمنكارانە دژ بە نەتەوەی كورد لە كاردا بوو بە مەرامی شێواندنی راستیی داوا و خواستەكانی گەلەكەمان و بڵاوكردنەوەی بۆچوون و وێنای چەوت دەرهەق بە جەوهەری راستەقینەی خەبات و قوربانیدانی كورد، ئەو ماكینە میدیاییە بە هەموو رێگایەك لە هەوڵی تێكدان و شێواندنی ناسنامەی كورد و كوردایەتی دا بوو، بەڵام بە هۆی خەبات و تێكۆشانی سەرسەختانەی گەلەكەمان هەموو ئەو پیلانە ستەمكارانە نوشوستیان هێنا و مایەپووچ بوون.
لێرەدا گرنگیی سازدانی كۆنگرەی نەتەوەیی و كۆبوونەوەی هێز و لایەنە كوردیەكان بەدیار دەكەوێ، بۆ داكۆكیكردن لە مافە رەواكانی گەلەكەمان و جەختكردنەوە لەسەر گرتنەبەری شێوازی ئاشتییانە و دیموكراسیانە بۆ وەدیهێنانی هیوا و ئامانجەكانمان لە چوارچێوەی پرانسیپی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و رێزگرتنی تەواو لە ماف و ئازادییەكانی سەرجەم ئەو پێكهاتانەی لەسەر خاكی كوردستان دەژین بە جیاوازیی ئایین و ئەتنیك و زمان و بیروبۆچوون و ئایدیاوە.
بۆیە لێرەدا و لە میانی ئەم وتارەدا، دەمانەوێ بۆ خوێنەرانی ئازیز گرنگترین ئەو سەرنج و بیرۆكانە بخەینە روو كە پەیوەستن بە گرنگیی و ئامانجەكانی كۆنگرە و كاریگەریەكانی لەسەر ئایندە و چارەنووسی گەلی كوردمان. بیرۆكە و ئامانجەكانی كۆنگرە:
لە نێو ئەو هەموو كارلێك و رووداوە خێرایانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شۆڕشەكانی گەلانی ناوچەكە و بەرجەستەبوونی ویست و ئیرادەی گەلان و پێكهاتە جیاجیاكان بۆ وەدەستهێنانی مافە رەواكانیان و لە پێش هەموویانەوە مافی بڕیاردانی چارەنووس و مافی ئازادانە و ئابڕوومەندانەی ژیان و رزگاربوون لە سیاسەتی چەوسێنەرانەی شێواندن و لەناوبردنی ناسنامە و كەلتووری شارستانی، هەروەها لە گەرمەگەرمی خەبات و تێكۆشانی نەتەوەی كورد لە سەرانسەری كوردستان لە پێناو شادبوون بە مافە رەواكانی وەك هەر گەلێكی دی لە ناوچەكە، لە رابردوودا چەندین جار وتووێژ و گفتوگۆی قووڵ لە بارەی بیرۆكەی سازدانی كۆنگرە لە نێوان هەر چوار برای خەباتكار سەرۆك جەلال تاڵەبانی (كە داوای ساغ و سەلامەتی و زوو چاكبوونەوە و زوو گەڕانەوەی بۆ خاكی كوردستان دەخوازین) و بەڕێز عەبدوڵلا ئۆجەلان (هیوادارین زوو ئازاد بكرێ لە پێناو خزمەتكردنی دۆزی كورد و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتەوایی) و شەهید ئیدریس بارزانی و سەرۆكی ئێستای هەرێمی كوردستان رێزدار مەسعوود بارزانی، بەڵام ئەو بارودۆخ و لەمپەرە سیاسی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییانەی رێگربوون لەبەردەم گەڵاڵەبوونی بیرۆكەكە، بوونە هۆی ئەوەی بیرۆكەكە رووناكی نەبینێ و كۆنگرەكەش لەو كاتەدا ساز نەدرێ. بیرۆكەی سازدانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لەسەر خاكی كوردستان و بە بەشداریی حزبە سیاسییەكان و چالاكانی سیاسی و ئەكادیمستان و ئەوانەی لە بواری كۆمەڵی مەدەنی لە هەر چوار پارچەی كوردستان كاردەكەن؛ لەسەر بنەمای بیرۆكەی ئەوسا بەڕێوە دەچێ كە لە نێوان هەر چوار سەركردەكە لە كات و بار و دۆخی جودا وتوێژی لەبارەوە كراوە. ئێستاش؛ كە گۆڕانكاریە خێراكانی ناوچەكە پەرەی بە ئاستی هۆشیاری گەلانداوە لەبەرامبەر مافەكانیان بە تایبەتی مافی خۆبڕیاردانی چارەنووس، كاریگەریی ئەرێنی كردە سەر دۆزی كورد و پاڵنەرێكی نوێی هێنایە ئارا و خەباتی كوردی بردە قۆناغێكی دیكەی پێشكەوتووترەوە، ساڵانی دوور و درێژی تێكۆشان و ئەزموونی سیاسی ئەوەی بۆ سەلماندین كە چارەسەركردنی دۆزی كورد لە میانی دیدگا و جیهانبینییەكی ورد و خوێندنەوەیەكی سەرتاپاگیر بۆ دەرەنجامی رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەبێ، لەبەر ئەوەی دۆزی كورد لەو پێدراوە نوێیانە جیا ناكرێتەوە، بەو مەرجەی كە ئەو پێدراو و گۆڕانكاریە خێرایانە نەبنە هۆی گرتنەبەری شێوازەكانی توندوتیژیی، بەڵكو دۆزی كورد هەر پەیوەست و پابەند بمێنێتەوە بە خەسڵەتی ئاشتیخوازانە و دیموكراسیانەی خۆیەوە؛ كە بە درێژایی ساڵانی خەباتی نەپساوەی خۆی هەر وا بووە.
لەبەر ئەوە، دەبینین گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامرازەكانی گوزارشتكردنی ئاشتییانە و ناتوندوتیژییان بۆ فەراهەم بوو كە دەست بە شۆڕشەكانی خۆیان بكەن، بەڵام هەر وەك چۆن رووداوەكانی ئێستا پیشانی دەدەن؛ گشت ئەو شۆڕشانە شێوازی ئاشتییانەیان نەگرتە بەر؛ بەڵكو لە هەندێ دۆخ و نموونەدا بزاوتی ئاشتییانە تێكەڵ بە ئۆپەراسیۆنی خوێناوی سەربازیی بوون، بۆ ئەوەی ئێمەش جەخت لەسەر خەباتی ئاشتیخوازانەی خۆمان بكەینەوە و بە گرتنەبەری هەموو شێوازەكانی دیموكراسی و ناتوندوتیژەوە پەیوەست بین؛ سازدانی ئەو كۆنگرە نەتەوەییەمان بە گرنگ بینی وەك ئامرازێكی نوێی گوزارشتكردن لە هیوا و خواست و ئامانجەكانی نەتەوەكەمان بەتایبەتی كە ئێستا باری بەستی ئەو كۆنگرە چاوەڕوانكراوە گونجاوە و لە بەرژەوەندی گەلەكەماندایە. سازدانی كۆنگرەی نەتەوەیی وەك ئامرازێكی ئاشتییانە؛ هەنگاوێكی نوێ و سەردەمیانەیە بۆ گوزارشتكردن لەو خواست و ئامانجانەی گەلەكەمان كە خۆی لە مافی یاسایی و رەوای خۆبڕیاردانی چارەنووس دەبینێتەوە بەو شێوازەی لەگەڵ رەوشی خۆیدا بە گونجاوی دەبینێ، هەروەها كۆنگرە دەروازەیەكە بۆ تاوتوێكردنی شێوازی ئاشتیخوازانەی وەدیهێنانی ئەو ئامانجانە.
گەلی كوردیش یەكێكە لەو گەلانەی ناوچەكە كە دەیەوێ ئازادی و مافە یاسایی و رەواكانی خۆی وەدەستبێنێ، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەر چەند پشتیوانیی لە بزاوتی ئێستای گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات بۆ وەدیهێنانی ئازادی و دیموكراسی؛ پێویستە ئاگای لە دەنگی گەلی كورد بێ و دۆزی گەلی كوردیش لەسەر مێزی تاوتوێكردنی ئەو پرسانە دابنێ كە گرێدراوی رزگاربوون و بەجێگەیاندن و وەدیهاتنی خواست و ئیرادەی گەلانە و ماوەیەكە وتووێژ و بگرەوبەردە و باسوخواسی پاڵپشتیی نێودەوڵەتیی لەبارەوە هەیە.
خواست و ئارەزووی گەلی كورد بۆ گەیاندنی دەنگی خۆی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، هەرگیز بە مانای بانگهێشتكردن بۆ دەست تێخستنی نێودەوڵەتیی یان بە نێودەوڵەتیكردنی دۆزەكەی یان بۆ ورووژاندنی گەلان لە دژی وڵاتەكانیان نایەت، بەڵكو گەلی كورد دەیەوێ دۆزەكەی ئەویش لە نێو ئەو دۆزە گرنگانەدا بێت هەر كاتێك كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ دەكرێن. وەك نموونەیەكی روونیش لەسەر ئەو بابەتە؛ ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی سەرقاڵی تاوتوێكردنی خواست و مافەكانی گەلی سووریایە، كێشمەكێشێكی سیاسی و مرۆڤایەتی لە ئارادایە و هەندێ جار دەگاتە ئاستی كاری سەربازیی سەبارەت بە چۆنیەتی یارمەتیدانی گەلی سووریا، باشتر وایە دۆزی گەلی كورد لە سووریا بە هەمان شێوە مامەڵەی لەتەكدا بكرێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دۆزی كوردیش لەسەر هەمان ئەو مێزە تاوتوێ بكات كە كێشەی گەلی سووریای لەسەر تاوتوێ دەكات، ئاوڕی جددیانەش لە پرسی چارەسەركردنی دۆزی كورد لە سووریا بداتەوە. گرنگیی سازدانی ئەو كۆنگرە مێژووییە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە هەوڵ بۆ وەدیهێنانی چەندین ئامانج دەدات كە وەك ئاوێنەیەك وان بۆ رۆحی خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد و هیوا و ئاواتەكانی لە پێناو وەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە بەهەر شێوازێكی دیموكراسی و ئاشتییانە، بۆیە كۆنگرە دەیەوێ:
1- دەستەبەركردنی چوارچێوەی بەیەكەوەبوون بۆ حزبە سیاسییەكانی سەرانسەری هەرچوار پارچەی كوردستان بە جیاوازی ئایدیۆلۆژیاكانیانەوە، لە پێناو تاوتوێكردن و وتووێژكردن و گۆڕینەوەی شارەزایی و گفتوگۆكردنی دیدو بۆچوونە جیا جیاكان سەبارەت بە رێگا و شێوازەكانی بزاوت و تێكۆشانی ئاشتییانە و لە كەشێكی دیموكراسی لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان كە یەكەمین ئەزموونی كوردی سەركەوتووە لەم سەردەمە نوێیەدا
2- گەیشتن بە رێككەوتن و پەیماننامەیەكی كاركردن لە نێوان حزبە كوردیە جیاجیاكان؛ كە تێیدا كوشتار لە نێوان حزبە كوردیەكان تەحریم و تەجریم بكرێ و گەلی كورد لە نەهامەتییەكانی شەڕی خۆبەخۆیی دوور بخرێتەوە.
3- دیاركردن و جیاوازپیشاندانی دەنگی گەلی كورد لە نێو ژاوەژاوی دەنگ و ئەجێندای جیاجیای نەتەوە و پێكهاتە و تایەفەكانی دی كە لە سەر گۆڕەپانی بزاوتی سیاسی و كەلتووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی دەكرێن.
4- گەیشتن بە كارنامەیەكی سیاسی هاوبەش و فراوان سەبارەت بە جینۆساید كردنی گەلی كورد و ناساندنی لەسەر ئاستی جیاجیای نێودەوڵەتیی و دامەزراوەكانی دنیای دیموكراسی، وەك ئۆپەراسیۆنەكانی پاكتاوكردنی رەگەزیی و گۆڕە بەكۆمەڵەكان و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و قەدەغەكراو و هەڵمەتە بەرنامەبۆداڕیژراوەكانی ئەنفال و سەرجەم هەڵمەتاكانی قەلاچۆكردن كە چەندین جار دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئافرەت و منداڵ و پیر و خەڵكی بێگوناه و بێدیفاعی گەلەكەمان پەیڕو كراوە، ئەو گەلەی تینووی ئاشتی و دیموكراسی و ژیانێكی ئارام بووە لەسەر خاكی خۆی.
5- ناساندنی واقیع و ئامانج و خەبات و قۆناغەكانی دۆزی گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی.
6- بەدیارخستنی دۆسیەی دۆزی كورد و دانانی لەگەڵ دۆسیە گرنگەكانی دیكەی ناوچەكە؛ لە چوارچێوەی ئەو وتووێژەی لەبارەی مافی نەتەوە جیاجیاكاندا لەسەر ئاستی هەرێمایەتیدا لە ئارادایە جیهانی عەرەبی، توركیا و ئێران.
7- دەستەبەركردنی كەشێكی لەبار و گونجاو بۆ كاری هەماهەنگیی نێوان حزبە كوردیەكان لەهەر چوار پارچەی كوردستان بە مەبەستی گەیشتن بە ستراتیژییەتێك تێیدا رێككەوتن لەسەر هێڵی گشتیی كاری خەباتی ئاشتییانە بكرێ دوور لە هەر توندوتیژییەك، ئەویش بە گرتنەبەری شێوازی سیاسی و دیموكراسی و ئاشتییانەی سەردەمیانە لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجە رەواكان.
8- هاوكاریكردنی جەمسەرە كوردییەكان بۆ گەیشتن بە نزیكبوونەوەیەكی هزریی و زەمینەسازیی دروستبوونی پەیوەندیبەستن لە نێوانیاندا، ئەویش لە میانی ئاگاداربوون و سوود وەرگرتن لە ئەزموونە سەركەوتووەكەی هەرێمی كوردستان
9- ناساندنی رۆڵی رەسەن و گرنگی ئافرەتی كورد، چ لەسەر ئاستی خەبات و كاری سیاسی، یان لەسەر ئاستی جڤاكی و ئابووریی، هەروەها كاركردن بۆ گەڵاڵەكردنی پەیماننامەیەكی كاری ستراتیژیی لە نێوان حزبە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە هەر چوار پارچەی كوردستان، بە مەبەستی شیاندن و تواناسازیی ئافرەتی كورد و یارمەتیدانی لە پێناو ئەوەی لە رووی ئابوورییەوە رزگار ببێ و پەرەپێدانی رۆڵی گرنگی ئافرەت لەسەرجەم كەرتەكانی كۆمەڵگە و بوارەكانی كار.
10- جەختكردنەوە لەسەر ناساندنی رۆڵی گەنجانی كورد لە رووی كاراكردنی چەمكە سیاسی و دیموكراسی و كەلتووریە سەردەمییەكان، لە چوارچێوە خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان و كاركردن بۆ راگەیاندنی كارنامەیەكی هاوبەش بۆ گەنجانی كورد لەسەرانسەری ناوچە جیاجیاكانی كوردستان.
11- ناساندنی رۆڵی گرنگ و بنیاتنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، بەوەی كە ئامرازی گرنگی تێكۆشانی ئاشتییانەی دیموكراسین، چونكە كومەڵی مەدەنی وەك كەرتێكی كارای نێو كۆمەڵگە ئەڵقەیەكی بەیەك گەیشتنی نێوان حكوومەت و گەلانە، كارەكانیشیان خزمەت بە پێشخستن و پەرەپێدانی پرۆسەی دیموكراسی و پتەوكردنی ئامراز و میكانیزمەكانی دەكات لە نێو كۆمەڵگەدا.
12- ناساندنی خاك و خەڵكی كوردستان بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و گەلانی ناوچەكە، بەو شێوەیەی كە وێنەی رەسەن و راستەقینەی مێژوو و خەسڵەت و كەلتوور و كەلەپووری گەلی كورد بخاتەڕوو
13- تیشك خستنە سەر وێستگە گرنگەكانی كاروانی خەباتی گەلی كورد و ستایشكردن و بەرز راگرتنی سیمبولەكانی بزاڤی كوردایەتی لە هەر چوار پارچەی كوردستان، لە رێگای ئامادەكردنی بەڵگە و دەكیومێنتاری لەسەر كەسایەتییە هاوچەرخەكانی كورد.
14 - ناساندنی واقیعی رۆشنبیریی و وێژەیی و هونەریی لە هەر چوار پارچەی كوردستان و رۆڵی ئەو واقیعە لە رووی پتەوكردنی هەستی نەتەوایەتی لای گەلی كورد، لەگەڵ چۆنیەتی پەرەپێدانی كەناڵەكانی ناساندنی رۆشنبیریی و وێژە و هونەری كوردی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی.
15- ناساندنی رۆڵی راستەقینە و گرنگی كەرتی میدیا، دیاریكردنی ماهیەتی كاری رەسەنی ئەو راگەیاندنەی پیشەیێتی پەیڕەو دەكات و هەموو تواناكانی دەخاتە گەڕ لە پێناو خزمەتگەیاندن بە دۆزی گەل و پرسی رزگاربوون و دیموكراسییەت، نەك پەیوەستبوون بە مەیلێكی حزبگەرایی دیاریكراو كە ببێتە هۆی ترازاندنی یەكێتی كۆمەڵگە و پەرتكردنی یەكڕیزیی كورد. هەروەها ناساندنی رۆڵی راگەیاندن وەك فاكتەرێكی ئەرێنی و كۆكەرەوەی كەرتە جیاجیا و هەمەچەشنەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی، نەك فاكتەری پەرتەوازەكردن و پارچە پارچەكردنی كۆمەڵگە.
سەبارەت بە میوانان و بەشدارانی كۆنگرەش، هیوادارین لە دوای ئەو وتووێژ و گفتوگۆیانەی لە نێوان حزبە سیاسییە بەشدارەكانی هەر چوار پارچەی كوردستانەوە بەڕێوە دەچن بۆ تاوتوێكردنی وردەكاریەكانی ئامادەكاریی بۆ رێكخستن و سازدانی كۆنگرە و پێشنیازی بانگهێشتی رەسمی ئاراستەی چەندین كەسایەتی و لایەنی جیاجیا بكرێت لە عێراق و هەرێمایەتی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وهەروەها نێودەوڵەتیی
وەك نموونە؛ سەبارەت بەو بەڕێزانەی ئومێدی بەشداربوونیان لە كۆنگرەكە دەخوازرێ لەسەر ئەو میكانیزمەی باسكرا؛ بەم شێوە بێت:
حزبە سیاسییە كوردییەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان، ئەكادیمیستان و یاساناس و پسپۆر و شارەزایانی كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان، كونسوڵگەریی و نێردە و نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی نێودەوڵەتیی و عەرەبی لە هەرێمی كوردستان، شاندێكی حكوومەتی عێراقی لەگەڵ شاندێك بە نوێنەرایەتی حزبە عێراقییە جیاجیاكان، هەروەها بەشداریی رێكخراوە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە جیاجیاكانی وەك؛ كۆمكاری عەرەبی، ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو، رێكخراوی هاریكاری ئیسلامیی، یەكێتی ئەوروپی و نەتەوە یەكگرتووەكان، لەگەڵ شاندی حكوومەتەكانی وڵاتانی دراوسێ بە سووریاشەوە كە ئۆپۆزسیۆنی سووریا نوێنەرایەتی بكات و بە دەستنیشانكراوی ئەو لایەنەی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و دامەزراوە دیموكراسیەكان دانیان پێدانرابێت بە نەتەوە یەكگرتووەكانیشەوە. لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی كورد و نوێنەرانی گەلی كورد لە سووریا. بێجگە لەوانە؛ بانگهێشتكردنەكە كەسایەتی سیاسی و ئەكادیمیستانی كارای سەر ئاستی نێودەوڵەتیی و دۆستە بیانییەكانی گەلی كورد و پسپۆرانی بواری بایەخدان بە مافەكانی مرۆڤ و دۆزی كورد بگرێتەوە.
لە میانی ئەو دیدە فراوانەی روانین بۆ كرۆك و ماهییەتی یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و ئامانج و خواست و ئەو دەرەنجامانەی هیواخوازین كاریان پێ بكرێ لە پێناو خزمەتكردنی گەلە تێكۆشەرەكەمان كە قوربانیەكی یەكجار زۆری لە رێگای رزگاریدا بەخشیوە، هیواخوازین و بە هەموو توانایەكمانەوە كار بۆ وەدیهێنانی ئەو خەونە دەكەین كە ساڵانێكی درێژە لەمپەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان رێگر بوون لە هاتنەئارای و بەو هۆیەوە گەلەكەمان ستەمێكی تاڵی سیاسەتە داپڵۆسێنەرەكانی چەشت و رۆحی دەیان و سەدان هەزار گەنج و ئافرەت و پیر و منداڵی گەلەكەمانی لە بەرۆكی ژیان و نیشتیمان كردەوە.
بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێكمان لەو پێناوەدا دەخەینە گەڕ كە خەونی گەلە ستەمدیدەكەمان بەدیبێنین، ئەو گەلەی یەكەمین هەنگاوی خۆی بەو ئاراستەیەدا لە رۆژی 22ی تەمووزی ئەمساڵدا بە سەركەوتوویی هەڵێنا و كۆنگرەكەشمان پەیامی ئاشتیانە و بانگی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەگەڵ گەلانی ناوچەكە رادەگەیەنێ، كۆنگرە گوزارشت دەبێ لە یەكێتی ریزەكان و بە یەكەوەبوون ودەست لە ناو دەستی گەلی كورد و حزبە سیاسییەكانی كورد، كۆنگرەی نەتەوەیی كورد دەبێتە ئاوێنەیەك بۆ رەنگدانەوەی مۆرك و ماهییەتی راستەقینەی گەلەكەمان و خەبات و تێكۆشانی لە پێناو ئازادی و یەكسانیدا و دوور و نزیك بەو پەیامە ئاشتیخوازانە دێرینەی خۆی ئاشنا دەكات.
30/07/2013