نامۆ عەبدوڵلا
بێگومان ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک ئیخوانی موسلمین، ئایدۆلۆژیاکەی یاخود سەرۆکەکەی، موحەمەد مۆرسی، خۆشناوێت. ئەمریکا پێیباشترە حکومەتێکی دیموکراسی عەلمانی لە میسر دابمەزرێت. بەڵام بەلاشیەوە ئاساییە ئەگەر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری عەلمانی حوکمڕانی میسر بکات بەمەرجێک ئەو دەسەڵاتە هاوپەیمانێکی باشی ئەمریکا بێت. بۆ دەیان ساڵ لە ژێر دەسەڵاتی حوسنی موبارەکەدا، حاڵەتەکە بەمشێوەیە بوو. پێنج جار سەرۆکی ئەمریکا گۆڕا بەڵام موبارەک هەر سەرۆکی میسر بوو. پەیوەندییەکانی نێوان میسر و ئەمریکاش هەرگیز گۆڕانیان بەسەردا نەهات. واتا ئەم تێڕوانینە بۆ سیاسەتی میسر تەنیا بەشێک نییە لە سیاسەتی ئۆباما. لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٩ -ساڵێک پێش ئەوەی میسرییەکان موبارەک بڕوخێنن- سەرۆک ئۆباما لە ئۆڤاڵ ئۆفیس لە کۆشکی سپی پێشوازیکرد لە موبارەک. لەگەڵ موبارەکدا دانیشتبوو کاتێک ئۆباما لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ووتی، “ویلایەتە یەکگرتووەکان و میسر هەمیشە لەنزیکەوە بۆچەندین ساڵ پێکەوە کاریانکردووە. بۆ ماوەی چەندین ساڵیش، ویلایەتە یەگکرتووەکان سەرۆک موبارەکی وەکو سەرکردەیەک و رێنوێنیکەرێک و دۆستێکی خۆی داناوە.”
ئەمریکا سەرۆک موبارەکی وەکو رێنوێنیکەر و دۆستێکی خۆی دانابوو
کەوایە بۆچی ئۆباما دەڵێت “بە قوڵی نیگەرانە بە بڕیاری هێزە چەکدارەکانی میسر بۆ لادانی سەرۆک مۆرسی و هەڵوەشاندنەوەی دەستووری میسر” کە لە چەند رۆژی رابرددوودا روویدا؟
زیاتر لەیەک وەڵام بۆ ئەم پرسیارە هەیە:
یەک: سەرۆک ئۆباما دەزانێت کە لادانی مۆرسی یەکسان نییە بە کۆتایی ئیخوان موسلیمین وەکو پارتێکی سیاسی لە میسر. ئەگەر بێتوو تەنانەت ئارگیومێنتی عەلمانییەکان و لیبراڵەکانی میسر قبوڵبکەین کە مۆرسی شکستی هێنابوو بتوانێتک لەماوەی “یەک دانە” ساڵی درێژدا خواستەکانی شۆرشگێران بێنێتە دی، شکستی مۆرسی شکستی تەنیا یەک ئەندامی ئیخوان موسلیمینە نەک تەواوی بزوتنەوەکە.
بەپێچەوانەوە، ئیخوان موسلمین رێکخراوترین گروپی سیاسییە لە میسر. لەماوەی ٨٥ ساڵی تەمەنیدا - کە زۆربەی وەکو رێکخراوێکی نهێنی بەسەربردووە- توانیوویەتی جێی خۆی لەنێو دڵی ملیۆنەها هاوڵاتی میسردا بکاتەوە بەتایبەتی ئەوانەی کە لەو ناوچانە دەژین کە هەژاریان تیایاندا زیاترە. ئیخوان لەو ناوچانە چەندین نەخۆشخانەی دروستکردووە و دژی نەخوێندەواری بە توندی جەنگاوە لەکاتێکدا لەلایەن دەسەڵاتە عەلمانییە ستەمکارەکانەوە بە رادەیەکی زۆر سەرکوتدەکران، دەگیران و ئەندامە باڵاکانیان لەسێدارە دەدران. ئەمە بەردەوام بوو تا شۆڕشی ساڵی ٢٠١١ ی میسر. بەڵام لە هەڵبژاردەنەکانی دوای راپەڕینەکەدا، مۆرسی ٥٢٪ دەنگەکانی بەدەستهێنا. ئەمەش رێژەیەکی زۆرە لەوڵاتێکدا کە بەتوندی بەسەر چەندین گروپی عەلمانی، لیبراڵ، سەلەفی و میانڕەوی ئیسلامیدا دابەشبووە. بەکورتی، ئەگەر بێتوو دیموکراسی سەرکەوێت لەمیسر، ئیخوان موسلیمین-کە بنکەی جەماوەری زیاتر دەنگدەری ئایدۆلۆژین و گۆڕانیان بەسەردانایەت- ئەگەری زیاترە ببنە بەشێک لە نوخبەی حوکمڕان نەک حوکمکراو. هەڵە مەکە و خۆپیشاندانی سێ چوار ملیۆن کەسی دژە مۆرسی یەکسان مەکە بەسەرکەوتنی دیموکراسی لیبراڵ بەسەر بزوتنەوەی ئیخوان موسلیمیندا. ئۆباما ئەم هەڵەیە ناکات و وابیرناکاتەوە. لەوبارەیەوە دروستە.
پێنج جار سەرۆکی ئەمریکا گۆڕا بەڵام موبارەک هەر سەرۆکی میسر بوو
دوو: ئەوەی سوپای میسر ئەنجامیدا جوڵانەوەیەکی نادیموکراسی بوو، ئەمریکا- وەکو وڵاتێک کە خۆی بە پاڵپشتیکەری دیموکراسی و ئازادی دادەنێت لە جیهان- توشی گرفت دەبوو ئەگەر پاڵپشتی بکردایە. ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە میسداقیەتی ئەمریکاوە هەیە کە هەر لەئێستاوە لە مەترسیدایە چونکە سوپای میسر، کە ملیۆنەها دۆلار کۆمەک لە ئەمریکا وەردەگرێت، کودەتای کردووە بەسەر یەکەم حکومەتی هەڵبژێردراوی میسردا. هەرچەندە ئۆباما خۆی بەدوورگرت لە بەکارهێنانی زاراوەی “کودەتا”، ئەمریکییەکانی تری وەکو سیناتۆر پاتریک لیهای، سەرۆکی لیژنەی یاسایی کۆنگرێس، دەڵێت ئەوەی لە میسر روویدا کودەتا بوو. لیهای وتی”یاسای ئێمە روونە” و دەبێت خێرا کۆمەکی دارایی و سەربازی بۆ میسر رابگرین. بەهەمانشێوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەسەر وتاریدا دەڵێت لابردنی مۆرسی “بەبێ گومان کودەتا بوو.” کەوایە ئۆباما چۆن دەتوانێت پاڵپشتی کودەتا بکات؟ ناتوانێت لانیکەم بەئاشکرا ئەمکارە بکات. بەڵام لەهەمانکاتدا ئۆباما بە ووریایەوە مامەڵە دەکات و بە توندی دژایەتی بڕیارەکەی سوپا ناکات و بە “کودەتا”ی دانانێت چونکە ئەو کارەی سوپا وادەردەکەوت ژمارەیەکی زۆر پاڵپشتیکەری لەناو خەڵکدا هەبوو.
بەڵام ئۆباما پێویستە بەهێزتر- بەقسە و بەکردار- دژی دەستگیرکردنی هەڕەمەکیانەی ئەندامانی ئیخوان موسلمین بووەستێتەوە لەلایەن سوپاوە لەبەر تەنیا یەک هۆکاری سادە چونکە سوپا هیچ داهاتوویەکی نییە لە هەر وڵاتێکی دیموکراسیدا لە میسر. گرنگ نییە کێ لەسەر دەسەڵاتە -ئیسلامی یان عەلمانی- یەکەم کاری سەرۆکی داهاتووی هەڵبژێردراوی میسر پێدەچێت بریتی بێت لە هەموارکردنەوەی دەستوور بەجۆرێک کە سوپا بخاتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەدەنییەوە. چونکە ئەگەر ئەم کارە نەکات، مەترسی ئەوە هەیە هەرکاتێک خۆی ویستی، سوپا دەستێوردان بکات و حکومەت بروخێنێت. ئەمە دروست ئەوکارەیە کە سەرۆک وەزیرانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەنجامیدا. ئەردۆغان دەستوری تورکیای هەموارکردەوە و جەنەراڵەکانی سوپای خستە بەندینخانەوە دوای ئەوەی تۆماتباریکردن بە بەشداریکردن لە کودەتەکانی رابردوودا. ئەمریکا کەمبوونەوەی دەسەڵاتی سوپای تورکیای بە سەرکەوتنی دیموکراسی هەژمارکرد.
ئەوەی سوپای میسر ئەنجامیدا جوڵانەوەیەکی نادیموکراسی بوو
سێ: وەدەرنانی ئەندامانی ئیخوان موسلیمین لە پرۆسەی سیاسی ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی ئیسلامی رادیکاڵ و زیادبوونی هاوسۆزانی قاعیدەش لە میسر. ئەگەر بێتوو دڵنیابن کە کاری سیاسی بەتەوای بەروویاندا داخراوە و ئەمریکا بەجۆرێک لەجۆرەکان رۆڵی لەو کارەدا هەبووە، ژمارەیەکی زۆر میسری میانڕەو دوو دڵ نابن لەوەی ببنە ئەندامی گروپە رایکاڵییەکان کە ژمارەیان زۆرە و هەمیشە ئامادەن ئەندامی نوێ لەخاکی عەرەبدا وەربگرن. تەنیا سەیری ئەوە بکە لەسوریا روودەدات. تا ئەمریکا دوودڵتر بێت لەوەی تەداخولبکات و یارمەتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بدات دژی رژێمی ئەسەد، موسڵمانەکانی ئەوی زیاتر و زیاتر رادیکاڵ دەبن. دوای بەهاری عەرەبی، ژمارەیەکی زۆر خەڵک باسیان لە کۆتایی جیهانبینی قاعیدە دەکرد دوای ئەوەی موسڵمانان وادیاربوو رێگەی بەدیلیان دۆزیبێتەوە تا ئەو سیستەمە سیاسیە هەڵبژێرن کە خۆیان دەیانەوێت بۆ وڵاتەکانیان. بۆ دەیان ساڵ ئەمریکا چالاکانە دژی ئەمە بوو. نابێت هەمان هەڵە دووبارە بکاتەوە. ئەم چەرخە چەرخێکی جیاوازە. سەردەمی دەسەڵاتی خەڵکە. لە جیهانی موسڵماندا، ژمارەیەکی زۆر خەڵک هەن، کە بێگوێدانە ئەوەی چی باجێک دەدەن، هیچی تر بێدەنگ دانانیشن و قبوڵی ناکەن حکومەتێکی ستەمکار فەرمانڕەواییان بکات.
چوار: ئەمریکا، وەکو چەندین وڵاتی تر، سەریلێشێواوە و لە پێکهاتەو ئامانجەکانی گروپی دژی مۆرسی تێناگات. بۆنموونە، زۆر خەیاڵی و سوریالی دیاربوو کاتێک بینیمان سەلەفییەکان و عەلمانییەکان و لیبراڵەکان و سوپا هەموویان لەیەک کامپدا پێکەوەبوون دژی مۆرسی. دواین شت ئۆباما هەرگیز نایەوێ هاتنە سەر حوکمی سەلەفییەکانە ببینێت لە میسر. بە ڕەچاوکردنی پێکهاتەی کۆمەڵگای میسر، ئەم کارە لەمکاتەدا ئەگەری روودانی زۆر کەمە. بەڵام ئایا ئەو خەڵکە، تەنیا لەبەرئەوەی هەموویان دژایەتیکردنی مۆرسی کۆیکردوونەتەوە، دەتوانن پێکەوە ڕێکبکەون و کاربکەن؟ پێناچێت.
ئۆباما بە ووریایەوە مامەڵە دەکا و بڕیارەکەی سوپا بە “کودەتا” دانانێت
پێنج: دواین خاڵ، کە لەخاڵەکانی پێشووتر گرنگی کەمتر نییە، پەیوەندی بەگرنگی میسرەوە هەیە وەکو وڵاتێک بۆ ئەمریکا. یەکەم شت، میسر گەورەترین وڵاتی عەرەبییە لەڕووی دانیشتوانەوە و هەمیشە ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە پاراستنی بەرژوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بە سەقامگیری ئیسرائیلەوە. ئیسرائیل هاوسنوورە لەگەڵ میسر و رێکەوتننامەیەکی لەگەڵدا واژۆکردووە بەناوی کامپ دەیڤد. ئەو رێکەوتننامەیە لەساڵی ١٩٧٨ ەوە رۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە لە دابینکردنی ئاسایش بۆ ئیسرائیل. ئۆباما دڵنیایە کە ئیخوان موسلیمین وەکو ئەکتەرێکی سیاسی گرنگ دەمێنێتەوە لە میسردا، بۆیە هەرگیز نایەوێت پەیوەندییەکانی داهاتووی خۆی لەگەڵ ئەم گروپەدا تێکبدات.
بەڵام بەیاننامەکەی ئۆباما کە تێیادا”بەقوڵی نیگەرانی” بۆ لادانی مۆرسی دەربڕیبوو، زیاتر بەیاننامەیەکی بێلایەن بوو چونکە لەهەمانکاتدا رەتیکردبووە بە رووخانی مۆرسی بە “کودەتا” دابنێت. بێلایەنییەکە هێندە زیاتر هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئیدارەی ئۆباما تێناگات ئێستا چی لە میسر دەگوزەرێت. هێندە پەیوەندی بەئەوەوە نییە چی گروپێکی میسری خۆش دەوێت و رقی لە کێییە.
نامۆ عەبدوڵڵا بەرپرسی نوسینگەی واشنتنی تۆڕی میدایای رووداوە.
رووداۆ
7/07/2013