فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

دوێنێ‌‌ شه‌ممه‌ (3)ی‌‌ ره‌شه‌ممه‌ ده‌رگای‌ خۆپاڵاوتن به‌ رووی‌ پالێوراوانی‌ خولی‌ نویه‌می‌ هه‌لبژاردنه‌كانی‌ ئێران كرایه‌وه‌ كه‌ بریار وایه‌ هه‌ینی‌ داهاتوو كۆتایی‌ به‌ ناونوسین بهێنرێت، هاوكات له‌ ناو دابه‌شبوونی‌ بیرورای‌ گشتی‌ خه‌لكی‌ كورد به‌رامبه‌ر به‌ هه‌لبژاردنه‌كان، كه‌ خوی‌ له‌ بایكوت‌و به‌شداریكردن ده‌بینیته‌وه‌، ژماره‌یه‌ك كه‌س بی گۆیدانه‌ ئه‌و بانگه‌وازانه‌ روویان له‌ ناوه‌نده‌كانی‌ ناونوسین كرد بۆ به‌شداری‌ كردنیان له‌ هه‌لبژاردنه‌كان‌و به‌ ئۆمیدی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ كورسیه‌كانی‌ په‌رله‌مان، ئه‌مه‌ له‌ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك حیزب‌و كه‌سا‌یه‌تی‌ كوردیش داوای‌ بایكۆتكردنی‌ ده‌كه‌ن.

هه‌ندێك له‌ پالیوه‌راوه‌ كورده‌كان له‌ ترسی‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ كاندیدابوونیان له‌ لێدانی‌ رۆژنامه‌وانی‌ خۆ ده‌بوبرین‌و محه‌مه‌د كه‌ره‌می‌ پالێوراوێكی‌ شاری‌ سه‌قز كه‌ هاوكات ماموستای‌ زانكۆیه‌ به‌ ئاماده‌كه‌ری‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ ووت خوی‌ بۆ هه‌لبژاردنه‌كان كاندید ده‌كات‌و ناتوانى هیچ لێدوانێك له‌و باره‌وه‌ بدات تا له‌ وه‌لامی‌ شۆرای‌ نیگایان دلنیا نه‌بێت، ووتیشی‌: له‌ ولاتی‌ ئیران ته‌ئید یا ره‌تكردنه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌ر كاندیدیك، ئه‌مه‌ش وای‌ لیده‌كات جاری‌ نه‌توانیت قسه‌ بكات. هاوكات عه‌زیز مام ئاغایی‌ پالیوراویكی‌ دیكه‌ی‌ كورد له‌ شاری‌ بۆكان له‌ یه‌كه‌م رۆژی‌ خۆپاڵاوتنه‌كه‌ رایگه‌یاند خوی‌ ده‌پالیوێت بۆ هه‌لبژاردنه‌كان،مه‌سعود شه‌مس نژاد كه‌ كاری‌ پاریزه‌ری‌ ده‌كات له‌ ورمی‌ به‌ رپیۆرته‌ركه‌ی‌ ووت وه‌ك پالیوراوێكی‌ كورد خوی‌ كاندید ده‌كات بۆ هه‌لبژاردنه‌كان. حاسل داسه‌ش ووتی‌ رۆژی‌ پێنجشه‌مه‌ خوی‌ كاندید ده‌كات. هاوكات زانراوه‌ كه‌ دوکتۆر بایزیدی مەردۆخی‌ خوی‌ كاندید ده‌كات. ئه‌مه‌ له‌ گه‌ل ئه‌وه‌ی‌ زانراوه‌ كه‌ له‌ شاره‌ كوردییه‌كان خه‌لكانیك روویان كردوته‌وه‌ فه‌رمانداریه‌كان بۆ نانوسین كردن. له‌ كاتی‌ ئاماده‌كردنی‌ ئه‌و راپۆرته‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ زۆرێك له‌ پالیوراوانی‌ په‌رله‌مانی‌ له‌ شاره‌ كوردیه‌كان‌ كرا به‌لام زۆربه‌یان له‌ ترسی‌ ره‌تكردنه‌وه‌یان له ‌لایه‌ن شۆرای‌ نیگایانه‌وه‌ ئاماده‌ نه‌بوون لێدوانی‌ رۆژنامه‌وانی‌ بده‌ن.

له‌ به‌رامبه‌ردا سیروان حه‌داد رۆژنامه‌نوسی‌ كورد له‌ شاری‌ سه‌رده‌شت ووتی‌‌:” تا ئێستا ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ناویان ئاشکرا بووه‌ به‌دڵنیایی‌یه‌وه‌ ناتوانن که‌سێک بن که‌ له‌ بازنه‌ی سیاسه‌تی رۆژی ئێراندا هه‌ڵگری بیرو بۆچوونێکی سیاسی بن و بۆ دوارۆژی وڵات هیچ نوسخه‌یه‌کی چاره‌سه‌رسازیان نیه‌ چگه‌ له‌وه‌ش نوێنه‌رانی ئێمه‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ نه‌یانویستووه‌ یا نه‌یانتوانیوه‌ ده‌رد و مه‌رگی ئێمه‌ بگه‌یێنیه‌ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و زۆر هۆکاری دیکه‌ هه‌ن که‌ ره‌نگبێ خۆ پاراستن له‌ ده‌نگدان بکاته‌ ویستی زۆرینه‌. ئه‌وه‌شی‌ ووت كه‌ به‌شداریكرن له‌م حاله‌ته‌ هیچ له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ناگۆرێت،  هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر به‌شداریش بن ره‌نگبێ هیچ سه‌نگێکیان نه‌بی و نه‌توانن له‌ کار و بار و کێشه‌کانی نێونه‌ته‌وی و ناوخۆیی ئێراندا کارساز بن. که‌وایه‌ بۆ ئێمه‌ به‌شداری کردن یا نه‌کردن وه‌ک یه‌که‌

ئه‌حمه‌د ئه‌سكه‌نده‌ری‌ كه‌سایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ولات ره‌خنه‌ له‌ به‌شداریكردنی‌ كورده‌كان بۆ هه‌لبژاردنه‌كان ده‌گرێت‌و له‌سه‌ر پالێوراوانیش ده‌لێت:” ئەوەی کە کەسانێک لەناوەوەی وڵات خۆیان کاندید دەکەن و تەنانەت وانیشان ئەدەن کە گوایە لەڕێگای هەڵبژاردنی ئەوانەوە دەکرێت فڵان و فڵان داخوازی خەڵکی شارەکەیان جێبەجێ بکەن، ئەوانە دوو بەرژەوەندی لەبەرچاو دەگرن: یەکەم بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیان بۆ خۆ نزیک کردنەوە لە دەسەڵاتی سیاسی لەئێران و قازانج کردن لەو رێگاوە، دووهەم، پارێزگاری لەم سیستەمە تۆتالیتەرە دژ بە خەڵک و دژ بەئازادییەی کە ئێستا لە ئێراندا حوکم دەکات.

عه‌زیز مه‌ولودی‌ نوسه‌ر و چالاکی سیاسی له‌ شاری‌ مه‌هاباد ده‌لێت: زۆر جار ئیشاڕه‌تم داوه‌ که‌ ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردن لێره‌ به‌ بۆنه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی شۆڕای پارێزه‌ران که‌ سه‌ر به‌ کۆنه‌پارێزترین لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتن، زۆر نائاساییه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، له‌ چه‌ن کاتدا خه‌ڵکی ئێران به‌ هه‌ڵبژاردنیان  ده‌سه‌ڵاتیان تووشی قه‌یران کردووه‌. ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌ كه‌ :”وا دێته‌ به‌رچاو که‌ له‌ سه‌رده‌می ئێستادا که‌ هه‌مووی جیهان بۆ داکۆکی کردن له‌ مافی خه‌ڵکی ئێران به‌رانبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ناوخۆی وڵات ڕاوه‌ستاون و له‌ لایه‌کی دیکه‌ش، ده‌سه‌ڵات ڕۆژ به‌ ڕۆژ زه‌ختی زۆرتر به‌‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگا و جالاکوانانی سیاسی ڕادێنێ و تووندتر ده‌بێ، به‌شداریکردن له‌ وه‌ها هه‌ڵبژاردنیک زۆر ره‌وا نییه‌. وه‌ک ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی ئێستا له‌ سوریا له‌ ئاڕادایه‌. بۆیه‌ من خۆم نه‌ به‌شداری ده‌که‌م بگره‌ به‌ پێچه‌وانه‌ هه‌وڵی به‌رگریشی بۆ ده‌ده‌م. به‌ڵان خه‌ڵک له‌ مافی ڕاده‌ربڕین ناگێڕمه‌وه‌.

هه‌لبژاردنه‌كان ریفۆرمخوازه‌ كورده‌كانیش ده‌كات به‌ دوو به‌شه‌وه‌

له‌ ناو به‌ره‌ی‌ ریفۆرمخوازان‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ سه‌وز سه‌باره‌ت به ‌هه‌لبژاردنه‌كان رای‌ جیاواز هه‌یه‌، به‌لام سازمانی‌ موجاهیدینی‌ ئینقلابی ئیسلامی‌‌ كه‌ رێكخراوێكی‌ ناو ریفۆرمخوازانه‌ رایگه‌یاند نه‌ به‌شداری‌ ده‌كات‌و نه‌ پالیوراویشی‌ ده‌بیت. به‌ره‌ی‌ موشاره‌كه‌تی‌ ئیسلامیش له‌ گه‌ل ئه‌وه‌ی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ تادوا ساته‌كان هه‌ول ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ لانیكه‌می‌ به‌شداری‌ ریفۆرمخوازه‌كان  فه‌راهه‌م بكات، ئاشكرایكرد كه‌ له‌ هه‌لبژاردنێكدا كه‌ بایه‌خ به‌ ده‌نگی‌ خه‌لكی‌ نادریت به‌شداری‌ ناكه‌ن. هاوكات شۆرای‌ هاوئاهه‌نگی‌ ریگای‌ سه‌وزیش رایگه‌یاندووه‌ هه‌لبژاردنه‌كانی‌ داهاتوی‌ په‌رله‌مان نایاساییه‌‌و به‌شداریكردن تیادا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ولات‌و نه‌ته‌وه‌ی‌‌ ‌ئیران نیه‌

 به‌لام له‌ كوردستان  له‌ گه‌ل ئه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌ ریفۆرمخوازه‌ كورده‌كان پابه‌ندن به‌بریاری‌ به‌شداری‌ نه‌كردنی‌ ئیسلاح ته‌له‌بانی‌ ناوه‌ند به‌لام هه‌لبژاردنه‌كانی‌ ئه‌مجاره‌ رێفۆرمخوازه‌ كورده‌كانیی‌ پێشووی‌ كردووه‌ به‌‌ دوو به‌شه‌وه، به‌ پیی‌ زانیاریه‌كانی‌ ئه‌م راپۆرته‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ محه‌مه‌د ره‌وف قادری‌،عه‌بدولڵا سوهرابی‌، جه‌لال جه‌لالیزاده‌‌و ره‌حمان بیهمه‌نش‌و حاسل داسه‌ نوینه‌رانی‌ پێشووی‌ سه‌ر به‌ ریفۆرمخوازه‌كان خۆیان كاندید ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌لام ئه‌و پالیوراوانه‌ ئه‌وه‌یان باس نه‌كردوه‌ كه‌ وه‌ك چی‌ به‌شداری‌ ده‌كه‌ن له‌ هه‌لبژاردنه‌كان، هه‌ر چه‌ند داسه‌ ووتی‌ وه‌ك ریفۆرمخوازێك به‌شداری‌ ده‌كات .‌ ‌ ئه‌وه‌شی‌ ووت كه‌ پینجشه‌مه‌ی‌‌ داهاتوو له‌ حه‌وزه‌ی‌ سه‌رده‌ست، پیرانشار خوی‌ كاندید ده‌كات‌و نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری‌ زۆره‌ ره‌تی‌ سه‌لاحییه‌تی‌ بكه‌ن.

ریكخراوه‌كانی‌ ناو ولات هه‌لویستیان روون نیه‌

له‌ ناوخوی‌ ئیران هیچ حیزب‌و رێكخراوێكی‌ سیاسی‌ كوردی‌ ئیزنی‌ چالاكی‌ نیه‌‌و داواكاری‌ بۆ كاری‌ سیاسیش له‌لایه‌ن هه‌ندێك رێكخراوه‌وه‌ بی‌ وه‌لام ماوه‌ته‌وه. ئازاد نمه‌كی‌ له‌و باره‌وه‌ ده‌لێت:”‌ ئەندام بوون لە بەرەی یەکگرتووی کورد بۆتە ئێتهامی سیاسی. هەڵبەت ئەم گووشارە تەنیا بۆ سەر بەرە نەبوە و کەم و کورت هەموو رێکخراوە مەدەنی و سێنفیەکانی تریشی گرتۆتەوە. لە ئەنجامی ئەو گووشارانەدا، ئێستاکە کاری رێکخراوەی و مەدەنی لەوپەڕی کزی خۆی دایە. زۆربەی هەرە زۆەی رێکخراوەکان داخراون یان چالاکیەکانیان کز بووە. ئیتر بوارێک بۆ راگۆڕینەوەو دیالۆگ نەماوە.

له‌ ناو رێكخراوه‌ سیاسیه‌كانی‌ ناو ولات رێكخراوی‌ به‌ره‌ یه‌كگرتوی‌ كورد ئه‌گه‌ری‌ زۆره‌ وه‌ك رێكخراو به‌شداری‌ هه‌لبژاردنه‌كان نه‌كات‌و له‌و باره‌وه‌ ئازاد نمه‌كی‌ دەبیری رێکخراوەی بەرەی یەکگرتووی کورد لە پارێزگای کوردستان رایگه‌یاند:”  ئێستا کە زۆربەی لایەنە سیاسیەکان دوور خراونەتەوە لە گۆڕەپانی سیاسه‌ت رکەبەری ئێمە دەبێ کێ بێ. کۆی ئەمانە ئێمەی وەکوو بەرەی یەکگرتووی کورد لە پارێزگای کوردستان بەو ئەنجامە گەیاندوە کە وەکوو رێخراوە ناتوانین بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پارلەمان بین و هیچ چەشنە تەوسیەکیشمان بۆ خەڵک بۆ چۆنێتی رووبەرووبوونەوە لە گەڵ هەڵبژاردن نیە. ووتیشی‌:”خەڵک بە پێ بەرژەوەندی خۆی و خوێندنەوەی خۆی لە واقیعەکە ئەتوانێ بڕیار بدات و بە لای ئێمەوه جێگەی رێز و حورمەتە.

به‌ نیسبه‌ت هه‌لویستی‌ جه‌ماعه‌تی‌ ده‌عوه‌ت‌و ئیسلاحی‌ ئێرانیش ئه‌ندامێكی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌‌ ئازربایجانی‌ رۆژاوا ووتی‌:” جه‌ماعه‌تی‌ ده‌عوه‌ت‌و ئیسلاحی‌ ئێران شیوازی‌ چونییه‌تی‌ رووبه‌رووبونه‌وه‌ی‌ له‌ گه‌ل هه‌لبژاردنه‌كان داوه‌ته‌ ده‌ست ئۆستانه‌كان‌و له‌و باره‌وه‌ ته‌ئكیدیكرده‌وه‌:” جه‌ماعه‌ت بریاری داوه‌ته ده‌س پاریزگاکان که خویان بو خویان ته‌گبیر بکه‌ن سه‌باره‌ت به هه‌لبژاردنه‌کان. ووتیشی‌:” تا ئه‌و جییه که من بزانم تا ئیستا جه‌ماعه‌ت به‌و قه‌ناعه‌ته نه‌گه‌یشتوون کاندیدایان هه‌بی.

حیزبه‌ كوردییه‌كان هه‌لبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان بایكۆت ده‌كه‌ن

له‌ سه‌ر ئاستی‌ ئه‌حزابی‌ كوردی‌ ئه‌گه‌ری‌ زۆره‌ هه‌موویان به‌ جیاواز له‌ دوو هه‌لبژاردنی‌ پێشوو، هه‌لبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو ته‌حریم‌ بكه‌ن‌.  به‌ پیی‌ زانیاریه‌كانی‌ ئه‌م راپۆرته‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، كۆمه‌له‌ی‌ كمونیست، كۆمه‌له‌ی‌ شۆرشگیر‌و كۆمه‌له‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشان‌و سازمانی‌ خه‌بات هاوكات له‌ گه‌ل چه‌ندین حیزبی‌ دیكه‌ هه‌لبژاردنه‌كان بایكۆت ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها زانراوه‌ كه‌ پێشنیاری‌ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ حیزیی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران‌و كۆمه‌له‌ی‌ شۆرشگێر پیكه‌وه‌ به‌یاننامه‌ی‌ هاوبه‌ش ده‌ربكه‌ن. ئه‌مه‌ له‌ گه‌ل ئه‌وه‌ی‌ عەبدوللا مۆهتەدی رایگه‌یاندووه‌: تەنیا سیاسەتی دروست لە بەرامبەر هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامی تەحریم کردنیەتی. ئه‌م دلنیابوونه‌ش له‌ ته‌حریم وه‌ك رۆژنامه‌نوسیك ده‌لێت ده‌گه‌ریته‌وه‌ بۆ ئه‌گه‌ری‌ ته‌حریمی‌ به ‌هیزی‌ رێفۆرمخوازه‌كان ‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ سه‌وز له‌ ئێران كه‌ له‌ دوو هه‌لبژاردنی‌ پێشوو، به‌شێكى زۆر له‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان پشتگیری‌ ئه‌وانیان كرد له‌ هه‌لبژاردنه‌كان‌و ناره‌زایه‌تیه‌كانی‌ دوای‌ هه‌لبژاردنه‌كانیش،

به‌لام سه‌باره‌ت به‌ ئاستی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌لویستی‌ حیزیه‌ كوردییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ هه‌لبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو له‌ گه‌ل ئه‌وه‌ی‌ رای‌ جیاواز هه‌یه‌،  سایتی‌ په‌رله‌مانی‌ ئیران له‌ وتارێكی‌ شرۆڤه‌كاریدا ده‌لێت:” :” حیزبی‌ دیموكرات به‌هه‌ر دوو باله‌كه‌یه‌وه‌‌و هه‌روه‌ها پژاك ئه‌گه‌ری‌ زۆره‌ هه‌لویستیان له‌ ئارزبایجانی‌ رۆژاوا له‌سه‌ر هه‌لبژاردنه‌كان بی‌ كاریگه‌ری‌ نه‌بێت‌و ده‌توانی‌ كاریگه‌ری‌ له‌ سه‌ر هه‌لبژاردنه‌كان له‌و ناوچانه (شاره‌ كوردییه‌كان)‌ دابنیت.

ئازاد نمەکی دەبیری رێکخراوەی بەرەی یەکگرتووی کورد لە پارێزگای کوردستان سه‌باره‌ت به‌ هه‌لویستی‌ حیز‌ب و رێكخراوه‌كان له‌ پرسێكی‌ وه‌ك هه‌لبژاردن ده‌لێت:” کورد خاوەن زۆرێک حیزب و رێکخراوەی سیاسین. هیچکامەشیان نوێنەری کورد بە گشتی نین و مافی ئەوەیان نیە بە ناوی کوردەوە قسە بکەن. مەگەر ئەوەی دۆخێک بێتە ئاراوە کە کەسانێکی هەڵبژێردراو نوێنەرایەتی هەموویان بکەن کە تا ئێستا ئەو شتە رووی نەداوە. بۆیە هەر رێکخراوەیەک دەبێ تەنیا هەڵوێستی خۆی دەرببڕێ هەمبەر هەر رووداوێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی. یەک لەوانە هەڵبژاردنەکانە.  ووتیشی‌:” هەڵوێستی هەر لایەنێکیش لێرەدا دەگەرێتەوە بۆ هێز و توانای کاریگەری و بەرژەوەندی و دۆخی تایبەتی ئەو لایەنە سیاسیە”.

 پارتی‌ ئازادی‌ كوردستان كه‌ له ‌هه‌لبژاردنه‌كانی‌ سه‌رۆكۆماری‌ پێشوو پشتگیری‌ له‌ پالیوراوی‌ سه‌وزه‌كان كرد، له‌ كاتێكدا دوو مانگ بۆ هه‌لبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو ماوه‌ سیاسه‌تی‌ بایكۆتی‌ گرته‌ به‌رو دوو رۆژ  پێش كردنه‌وه‌ی‌ ده‌رگای‌ خۆپالاوتنی‌ كاندیداتۆره‌كان، داوای‌ لە کەسایەتیە کوردەکان كرد خۆ بۆ پارلمانی ئێران کاندید نەکەن‌، به‌لام شه‌هاب كه‌ره‌می‌ خویندكاری‌ كورد له‌ تاران ده‌لێت: كورد سه‌ره‌تا با به‌ پالیوراوی‌ زۆر به‌هێزه‌وه‌‌ به‌شداری‌ بكات، كه‌ پالیوه‌راوه‌كانی‌ ره‌تكرانه‌وه‌ ئه‌و كات به‌ كۆی‌ ده‌نگ بایكوتی‌ بكات، هه‌ر چه‌ند رزگار عه‌باسزاده ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پاك ده‌لیت‌:” پاک داوای نەکردووە خەڵکی باش نەچنە پەڕلەمانەوە بەڵکوو ئێمە داوامان کردووە خۆ کاندید نەکەن چونکە ئێمە لەوە دڵنیاین کە ئەگەر کەسانی باش خۆ کاندید بکەن  وەلادەنرێن و قەبووڵ ناکرێن  تەنانەت ئەگەر دەرفەتی ململانێشیان بۆ بڕەخسێ لە کۆتاییدا وەک مێژووی ئەو دەسەڵاتە سەلماندوویە دەسکاری دەنگەکان دەکەن و  کاندیدای دڵخوززی خۆیان دەستنیشان و دادەنێن  کەواتە دەبێ بڵێین   پاک داوای كردووە ئەو بازار گەرمییە لە لایان دڵسۆزانی نەتەوەکەمانەوە بۆ ئەو رژێمە نەکرێ.

سازمانی‌ خه‌باتی‌ كوردستانی‌ ئیرانیش هه‌لبژاردنه‌كان بایكۆت ده‌كات، عه‌لی‌ به‌هرامی‌ ئه‌ندامی‌ كومیته‌ی ناوه‌ندی‌ ئه‌و پارته‌‌ به‌ ریپۆرته‌ره‌كه‌ی‌‌ ووت:”  شیاوترین هه‌ڵوێست له‌م رۆدا بۆ ئێمه‌ی كورد هه‌ڵوێستی ئوسولی و به‌ بڕشت له‌ به‌رانبه‌ر ده‌سه‌لاتی ویلایه‌تی فه‌قیه‌و بایكوتی‌ هه‌رجۆره‌ شانۆگه‌ریێكه‌. ووتیشی‌:” سه‌باره‌ت به‌و قسه‌ی كه‌ گوایه‌ ئێمه‌ له‌ ماوه‌ی ٣٠ ساڵی رابردوودا به‌رده‌وام ته‌حریمی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رژیممان كردوه‌ به‌لام ده‌سكه‌وتێكی به‌دواوه‌ نه‌بووه‌ و به‌ڵێ ره‌نگه‌ ده‌ستكه‌وتی‌ دیاری‌ به‌دواوه‌ نه‌بووبێ، به‌ڵام گرینگترین مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ئه‌ركی‌ نیشتمانی‌ و شۆرشگێڕانه‌مان نیشان ده‌ده‌ین.

خالید عه‌زیزی‌ سكرتیری‌ حدك به‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ پارته‌كه‌ی‌ راگه‌یاند : هه‌لبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی‌ ئیران هه‌لبژاردنێكی‌ دیموكراتیك نیه‌ بۆیه‌ مادام مه‌جالی‌ دیموكراتیكی‌ تیدا نیه‌‌و كۆماری‌ ئیسلامی‌ مه‌به‌ستی‌ سیاسی ‌خوی‌ هه‌یه‌ ئیمه‌ش ده‌بیت مه‌به‌ستی‌ سیاسی‌ خومان ته‌عقیب بكه‌ین،  ئه‌و‌یش ئه‌وه‌یه‌ له‌و فۆرسه‌ته‌ كه‌لك وه‌ربگرین‌و جمهوری‌ اسلامی‌ به‌ شیوازی‌ جوراوجۆ بخه‌ینه‌ ژیر پرسیار. ووتیشی‌:  ئیستا زۆر زووه‌ باسی‌ ته‌حریم بكه‌م هه‌ر هه‌لویستیك به‌ قازانجی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ خومان بیت ئه‌وه‌ ئه‌و هه‌لویسته‌ ده‌گرین.

له‌ ناو حیزبه‌ كوردیه‌كانی‌ ئێران، بزووتنه‌وه‌ی‌ كۆماریخوازی‌ رۆژهه‌لاتی‌ كوردستان ته‌نیا رێكخراوێكه‌‌ تا ئیستا داوای‌ به‌شداریكردنی‌ كورده‌كان له ‌هه‌لبژاردنه‌كان ده‌كات، له‌ به‌رامبه‌ر مسته‌فا شه‌مامی‌ وته‌بێژی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ كۆماریخوازان له‌و باره‌وه‌ رایگه‌یاند:”سیاسەتی بایکۆت یان خۆدزینەوە لە مشارکەت و بەشداریکردن لە پرۆسێسی هەلبژاردنه‌كاندا، سیاسەتێکی ناسازگار دەگەل چەشنی ژیانی سیاسی/کۆمەلایەتی ناۆخۆی وەلات بووە، هەروەک مێژوویی ٣٢ سالی رابردوو بەئازموون بۆمانی دەرخستووە کە ئەم سیاسەتە هیچ سودێكی‌ بۆ كورد تێدا نەبووە و نی‌یه‌ و ناشبێ. سیاسەتی باێکۆت سیاسەتێکە کە دەگەل نەفسی عەمەل و فەلسەفەی خەباتی مەدەنی سەری ئاشتی و سازگاری نی‌یە.

به‌لام ئه‌حمه‌د ئه‌سكه‌نده‌ری‌ رای‌ جیاوازتری‌ هه‌یه‌‌و ده‌لێت:”دیارە هەر حیزبێکی سیاسی بەپێی بەرژەوەندی خۆی و لێکدانەوەی خۆی ئەم دۆخە هەڵدەسەنگێنێت. بەڵام ئەوانەی کە داوا لە خەڵک دەکەن بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، پێویستە لە پێشدا بۆ هەر ئەو خەڵکەی روون بکەنەوە کە لە رابردوودا قازانجی ئەو کارە چی بووە، هەروەها بڵێن ئایا بەراستی ئەگەر ئەوان بەدەسەڵات گەیشتن ئەوانیش بەم شانۆگەرییە ئەڵێن هەڵبژاردن و هەر بەم چەشنە لە ئازادی، مافی شارۆمەندان، مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆکاندینکردن و شەفافییەت و مافی مرۆڤ تێگەیشتوون؟

شه‌مامی‌ ئه‌وه‌ش ده‌لیت:” ئەگەر رەخنەگران پێیان وایە بەشداری واتە دانی شرعیەت بە نیزام، دەبێ لێشیان روون بێت بەشداریکردن لەهەلبژاردندا دەتوانێ لەم بارودۆخە هەستیارەی کورد پێدا دەربازدەبێت، چەشنێکیش شەرعیەت وەرگرتن بێت لە پێناو پاراستنی هوویەتی بە کوردبوونی گشت جووغرافیای سیاسی کوردستان. ئەم بەرێزانە رەنگە نەزانن کە ئەگەر سیاسەتی باێکۆت دەگەل ئەوەش کە بۆ کورد سیاسەتێکی نامەوفەق و پر لەزەرەر و نەهامەتی بووە، بەلام عەمەلەن ئەم سیاسەتە لەخزمەتی سیاسەتی پان‌تورکیدا شکاوەتەوە.

به‌لام عه‌زیز مه‌ولودی‌ ره‌خنه‌گری‌ سیاسی‌ كورد رای‌ جیاوازتری‌ سه‌باره‌ت به‌ شیوازی‌ سیاسه‌تی‌ بایكۆتكردنی‌ حیزبه‌كان هه‌یه‌‌و ته‌ئكیدیكرده‌وه‌:” پێموایه‌ حیزبه‌کان و که‌سایه‌تێه‌کانی ده‌ره‌وه‌ش له‌ جیاتی “ته‌حریم” کردن که‌ ڕه‌نگه‌ زۆریش جۆاب نه‌دریته‌وه‌، بێن زانیاری بده‌ن به‌ خه‌ڵک تاکو ئه‌گه‌ر به‌شداریان نه‌کرد له‌ ڕووی زانیاری و ئاگاداری بێ. دانی زانیاری به‌ خه‌لک ئاگاداریان ده‌کا که‌ له‌ ڕووی به‌رژه‌وه‌ندی کۆی خه‌ڵکی ئیران پێویسته‌ ده‌گه‌ڵ ڕای جیهانی بۆ ڕاوه‌ستان له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌لاتخۆازی ئستیبدادی، هاوڕا و هاوخه‌م بن.

به‌ هه‌موو ئه‌و‌انه‌شه‌وه‌ سیاسه تی‌ بایكۆت‌و به‌شداریكردن بۆ كورده‌كانی‌ ئێران وه‌ك چاودیرانی‌ ‌ سیاسی ‌ده‌لێن  دو رووی‌ دراویكن بوون‌و كورده‌كان نه‌یتوانیوه‌ هه‌م له‌ به‌شداریكردندا به‌ سه‌ره‌تاییتری ویسته‌كانیان‌ بگه‌ن‌و هه‌م به‌ گرتنه‌ پێشی‌ بایكۆتیش وه‌ك خۆیان ده‌لین حكومه‌ت رووبه‌رووی‌ چالش بكه‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ چاودیرانی‌ دۆخه‌كه‌ به‌و ئه‌نجامه‌ بگه‌یه‌نیت كه‌ گرتنه‌ پێشی‌ سیاسه‌تی‌ تاقیكراوه‌ ناتوانی‌ سودێكی‌ بۆ كورده‌كان هه‌بێت‌و ده‌كری‌‌ كورده‌كان هه‌ر رێگاچاره‌یه‌كیان گرته به‌ر به ‌به‌رنامه‌‌و به‌ شوێندانه‌رییه‌كی‌ زیاتره‌وه‌ بچنه‌ پێش. ئه‌مه‌ له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی‌ دا ده‌بێت بتوانن كۆده‌نگییه‌كی‌ نیشیتمانی‌ دروست بكه‌ن‌و پێكه‌وه‌ هه‌لوێسێكی‌ هاوبه‌شیان هه‌بێت كه‌ تا ئیستا ئه‌وه‌ رووی‌ نه‌داوه‌.

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان