سه‌رگوڵ بێتوشی
٢٦ ساڵ به‌ر له ئێستا‌و له سه‌ره‌تای وه‌رزی هاویندا، ئه‌و كاته‌ی خه‌ڵكی سه‌رده‌شت و ده‌وروبه‌ری سه‌ره‌ڕای هه‌موو مه‌ینه‌تییه‌كانی ژیانیان به‌ڵام هێشتا وره و وزه و هیوا به ژیان تێیاندا شه‌پۆلی ده‌دا، ئه‌و كاته‌ی خه‌ڵكی شار و گونده‌كان سه‌رقاڵی باس و خواسی ژیانی رۆژانه‌یان و هه‌وڵدان بۆ ژیان بوون، له چاو تروكانێكدا، شیرازه‌ی هه‌موو شته‌كان پچڕا و له ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا سه‌رده‌شت روبه‌ڕوی كاره‌ساتێكی مرۆیی بۆوه كه بۆ هه‌میشه له بیر ناچێته‌وه. ئه‌و ساته‌ی ده‌نگی قاقای پێكه‌نینه‌كان و ده‌نگی پاچ و پێمه‌ڕه‌ی وه‌رزێران و ده‌نگی گریانی تازه كۆرپه‌له‌یه‌كی له دایك بوو و زه‌رده‌خه‌نه‌ی تازه دایكێك و تازه‌بوكێك، به ته‌مێكی سپی و بۆنێكی ناخۆش داپۆشرا، ئه‌وه ئه‌و ساته بوو كه هیچكات له یاده‌وه‌ری خه‌ڵكی سه‌رده‌شت و هه‌موو مرۆڤدۆستان ناسڕێته‌وه و وه‌ك په‌ڵه‌یه‌كی نه‌نگ بۆ هه‌میشه به سه‌ر رووی جینایه‌تكاران و كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و كاره‌ساته‌وه ده‌مێنێته‌وه.
ده‌ڵێن هاتنی وه‌رزی گه‌رما، هاتنی وه‌رزی خۆشییه، بۆیه خه‌ڵكی شاری منیش به‌و هیوایه، هه‌روه‌ك هه‌موو خه‌ڵكانی دی، دڵشاد بوون و خه‌ریك بوون گه‌رمیان ده‌هاته‌وه و هه‌وڵیان ده‌دا ته‌زووی ساردی وه‌رزی سه‌رما له له‌شیان فڕێ ده‌نه ده‌ره‌وه‌و له بیری بكه‌ن، به‌ڵام چاره‌نووسی ره‌ش و به‌شمه‌ینه‌تی وه‌ك خه‌سڵه‌تی هه‌میشه‌یی، له ناوه‌ختا بوو به هه‌ورێكی ره‌ش و له ئێواره‌یه‌كی ته‌ماویدا ئاسمانی ساماڵ و رونی شاری شێواند‌و هه‌موو زه‌رده‌خه‌نه‌كانی تاراند‌و چاوه پڕ له حه‌زه‌كان كوێر كوێر بوونه‌وه‌و فرمێسكی حه‌سره‌تیان ده‌ڵاند.
سه‌رده‌شت و هه‌موو دڵ به خه‌مانی ئه‌و كات له‌و ساوه تاكو ئێستاش حه‌سره‌ت له حه‌زه‌كانیان هه‌ڵده‌چۆڕێ، ئه‌وان به ده‌نگی هه‌ناسه گیراوه‌كانیان به چرپه‌یه‌كی زۆر له سه‌ره‌خۆ پێمان ده‌ڵێن: خۆزگه ده‌خوازین كه‌س له ئێمه نه‌چێت. ئه‌گه‌ر بۆ چه‌ند ساتێكیش گوێیان بۆ رادێری و لێیان نزیك بیته‌وه، ده‌بینی كه ئه‌وان سه‌ره‌ڕای دڵی پر برینی نێو سینه‌یان، سه‌ره‌ڕای تارانی بزه‌كانی لێوی خۆیان، سه‌ره‌ڕای دیتنی كوژانه‌وه‌ی مۆمی ژیانی چه‌ندان ئازیزی شاره‌كه‌یان، فرمێسكه‌كانیان بۆ كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ی ده‌سته خوشكیان وشك ناكات.
خه‌ڵكی شاری سه‌رده‌شتی سه‌ر سه‌وز تاكو ئێستاش پرسیار ده‌كه‌ن: ئه‌وه چ هه‌وه‌سێكی گڵاوی جه‌لاده‌كان بوو كه به سه‌ر ئه‌واندا خاڵی كرایه‌وه، ئه‌وان تا ئێستاش ده‌پرسن: بۆ؟ تا ئێستاش هه‌ناسه‌ی هه‌موو هه‌ناسه‌سواران بۆ ساتێك ئارام نه‌بۆته‌وه و تا ئیستاش چاوه‌ڕوانی شیفای ده‌ردیانن.
هۆ خه‌ڵكینه! كێ ده‌زانێ خه‌ڵكی سه‌رده‌شت چه‌نده ماندوون، كێ ده‌زانێ چه‌ند هیلاكن، چه‌ند نه‌خۆشن و چه‌ندیش ته‌نیا؟ هه‌ژارانی كاره‌ساتباری شارم زۆر ته‌نیان، هه‌موو جه‌سته‌یان برینه و رۆژانه‌ش بێ ره‌حمانی ده‌سه‌ڵات و لوت به‌رزه‌كانی بازاڕی ژین، برینه كۆنه‌كانیان لێ ده‌كولێننه‌وه. له شاری مندا كه‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی، ئه‌و پیاوانه و ئه‌و مندالانه‌ی كه به هیوای سه‌ره‌تاییترین شیفیای كۆنه ده‌ردیان، سه‌ری بێ ناز ده‌نێنه سه‌ر سه‌رینی خوساو به فرمێسكی چه‌ند ساڵه‌یان. ئه‌وان قه‌ت نه‌یاندیوه، ده‌مه و ئێواره‌یه‌ك به دوور له هه‌موو جه‌نجاڵیه‌كانی ژیانیان، كه‌سێك له ده‌رگا بدات و چه‌پكه گوڵێك یان هه‌ر نه‌بێ تۆزقاڵێك خۆشه‌ویستییان بێ به‌رامبه‌ر پێ ببه‌خشێ.
هه‌موو كوچه و كۆڵانی شار، بست به بستی كێوه‌كان و بن دار و پێده‌شته سه‌ر سه‌وزه‌كان و سه‌رچاوه‌ی كانییه رونه‌كان، ئێستاش هه‌ر تامه‌زرۆی ئازادین، هێشتاش دڵۆپه خوێنه رژێندراوه‌كان له وێ هه‌ر سوورن و چه‌شنی مه‌شخه‌ڵ سوور ده‌نوێنن. تووله رێ باریكه‌كان هێشتاش بزر نه‌بوون و پێمان ده‌ڵێن ئێره مه‌كۆی به‌رخودان و جێ هه‌واری به‌رخودانه.
كوره منداڵه‌كانی 26 ساڵ له مه‌و به‌ر، ئێستا پیاوانی گه‌ڕه‌كن، ئه‌و منداڵه بزۆز و چالاكانه‌ی كه 26 ساڵ پێش ئێستا له نێو كوچه و كۆڵانه‌كانی شار خه‌ریكی خۆشاردوكێن و شه‌ڕه به‌رد و شه‌ڕه گه‌ڕه‌ك و زۆر جاریش وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆیان ده‌ست له ملانێ له گه‌ڵ یه‌كتر ده‌رۆیشتن بۆ مه‌یدانه خۆڵینه‌كه‌یان بۆ تۆپێن، له یه‌ك چركه ساتدا سه‌رچاوه‌ی هه‌موو حه‌ز و خۆزگه‌كانیان كوێر كرایه‌وه، چاوه زیته‌كانیان پڕ كران له تۆزێكی سپی و بێبه‌ش كران له دیتنی جوانییه‌كانی ژیان. ئه‌و منداڵانه‌ی تا 7ی پوشپه‌ڕ هه‌دادانیان نه‌بوو، ئه‌و منداڵانه‌ی مانای هه‌ناسه سوارییان نه‌ده‌زانی، تا ئێستاكه‌ش ته‌نگه نه‌فه‌سن و تا ئیستاكه‌ش زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌وان له به‌دیهاتنی سه‌رتاییترین ئاوات و ئاره‌زوی هه‌ر ئینسانێك بێبه‌شن.
ئه‌ی چۆن له‌و كیژۆڵانه بدوێم كه تا ئه‌و كات هه‌میشه به ده‌م خۆشی و خه‌م و هه‌وراز و نشێوه‌كانی ژیان پێده‌كه‌نین. كێ كچانی ئه‌و كاتی له بیره، كه لێواولێو بوون له حه‌ز بۆ ژیان و هه‌ر یه‌كه به دونیاییه‌ك حه‌ز و ئاره‌زوی شێداری كچانه‌وه، خه‌ونی به ئامێزی دڵدارێكه‌وه ده‌بینی. چۆن باسی ئه‌وه بكه‌م كه چلۆن ئه‌و دوو چاوانه‌ی كه هه‌ر وه‌ك بۆڵوی ترێ ره‌شه ده‌بریقانه‌وه و چاو چاوێنیان له گه‌ڵ چاوانی دیكه‌دا ده‌كرد، كوێر كرانه‌وه و پوكێنرانه‌وه. زۆر كچ و كچۆڵه‌ی ئه‌و كات هه‌ن كه تا ئێستاش كه‌س نایانناسێ و بێخه‌به‌رن له ره‌نج و ئازاریان. كه‌س نییه په‌ی به رازی ئه‌و هه‌ناسانه ببات كه زۆر به زه‌حمه‌ت به‌ر به‌ره‌كانێ له گه‌ڵ ژیاندا ده‌كه‌ن.
ئه‌ی كێ ده‌یه‌وێ له ده‌ردی ژنانی شارم تێ‌بگا كاتێك ده‌ردی نه‌زۆكی به‌ربینگیان پێ ده‌گرێ و بێ به‌رییان ده‌كات له چه‌شتنی تامی شیله‌ی به‌ری ژینیان. كێ له ده‌ردی كچانی دوێنێ و دایكانی ئه‌مڕۆ تێده‌گا، كه ئه‌وان چه‌ند دڵ به خه‌می داهاتووی كۆرپه‌كانی ناو باوه‌شیانن، ئه‌گه‌ر هه‌یانبێت! ئه‌وان ترسێك تێیاندایه و له گه‌ڵ هاتنی هه‌موو رۆژێكی دی باڵای ئاره‌زوه‌كانیان دێته به‌ر چاو كه تا هه‌نوكه‌ش كورته باڵایه و گه‌شه ناكات.
خه‌ڵكی سه‌رده‌شت، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی ئازار به باڵایان بڕاوه، سه‌ره‌ڕای سوتماكی سه‌ر جه‌سته و روحیان، سه‌ره‌ڕای خه‌نده په‌رته‌وازه‌كانی سه‌ر لێوه وشك هه‌ڵاتوه‌كانیان، هێشتاكه‌ش ئاره‌زوی ژیان تێیاندا به‌رده‌وامه. ئه‌وان له پاشماوه‌ی قاپۆڕ و جێ گولله‌ی دوژمن، گوڵ و رێحانه و نازناز و لاولاو ده‌ڕوێنن و به‌ر ده‌رگا و سه‌ر دیواره خۆڵاوییه‌كانی پێ سه‌وز و زیندوو راده‌گرن. خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی ئێمه به دوژمنانیشیان ده‌ڵێن: ئێوه پێكی شادیی ده‌ستی ئێمه‌تان رشت، به‌ڵام ئێمه به‌رده‌وامین و به رێحانه و گوڵ و گوڵزار، جارێكی دی پێكه‌كان پڕ ده‌كه‌ینه‌وه له شه‌رابی ژیان.
خه‌ڵكی شارم هه‌موو ساڵێ و رێك له سه‌روبه‌ندی 7ی پوشپه‌ڕدا، له لایه‌ن دوژمن و لایه‌نێك له كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و جینایه‌ته دژی مرۆییه، قه‌تماغه‌ی برینه‌كانیان هه‌ڵده‌كه‌ندرێته‌وه و جارێكی دیكه بێ به‌زه‌ییانه رۆحیان نوقمی واده و به‌ڵێنه درۆیینه‌كان ده‌كرێته‌وه. هه‌موو ساڵێ و له‌و رۆژه‌دا به خه‌یاڵ جیهانێكی ئارامیان پێ ده‌به‌خشن پڕ له روناكی و خۆر و هه‌وای پاك و به دوور له هه‌ر چه‌شنه ناخۆشییه‌ك، به‌ڵام هه‌ی هات، ئه‌و خه‌یاڵه‌یان هه‌ر له ئێواره‌ی هه‌مان رۆژدا هه‌ر وه‌ك بڵقی سه‌ر ئاو ده‌توێته‌وه و وون ده‌بێت له به‌ر چاوانیان. ئیتر بریندارانی ئه‌و كاره‌ساته دیسان ته‌نیا ده‌مێننه‌وه له گه‌ڵ كۆڵێك حیكایه‌تی نه‌وتراو و نه‌بیستراو له نێو هزر و خه‌یاڵی پاكی خۆیاندا.
خه‌ڵكی شار‌و دێهاته ره‌نگینه‌كانی سه‌رده‌شتم باش بزانن، له دوای تاریكی هه‌ر شه‌وێكی ئه‌نگوسته‌چاو، گزنگی رۆژێكی تازه سه‌ر ده‌ردێنێ، له دوای هه‌موو ته‌پ و تۆزێك رۆژێك هه‌ر دێ بارانێكی به خوڕڕه‌میش داببارێ و رایبماڵێ.
ده‌مه‌وێ به خه‌ڵكی سه‌رده‌شت و ده‌وره‌به‌ری بڵێم منیش و زۆری وه‌ك من، ئێوه‌مان هه‌رگیز له یاد ناچێ و له گه‌ڵتانین. با خه‌ڵكی ده‌ڤه‌رم بزانن، ویژدانی من و دڵنیام زۆری دیكه‌ی وه‌كو منیش، چاو ناپۆشن له‌م تاوانه و له‌و كه‌سانه‌ی ئێوه‌یان به‌م ده‌رده بردوه، چاو ناپۆشن له‌و هزر و خه‌یاڵه بۆگه‌نانه‌ی ئێوه‌یان لێمان هه‌ڵقرچاند. چاو ناپۆشین له‌وانه‌ی وا تا هه‌نوكه‌ش شایی به شینی مه ده‌كه‌ن. دیرۆكی ده‌ڤه‌ری من شایه‌تی ئه‌وه‌م بۆ ده‌دات.
27/06/2013