فه‌رهه‌نگ‌ و هونه‌ر

2024-11-15-02-43-47 ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر...
2024-11-15-02-37-43ناودەبرێت، بۆ کوردەکانیش هێشتا بابەتێکە کە جێی گومان و پرسیارە؟، بەوپێیەی هەموان سیناریۆکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریان لەساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ لەپێش چاوە، کەچۆن ئەو...
2024-11-15-02-31-50ئەشكەوتەكەیان ئاگر دەدا و كوردەكان دەبونە قەرەبروت. - توركەكان لە ئەستنبوڵ، لەگەڵ تاكسیە كوردەكان سوار نەدەبون، دەیانوت گڵاونسەردەمی تازەش، ئاردۆگان وتی:من ئەو كوردەم خۆشدەوێت كە لە...
2024-10-30-17-57-54شەفەق....تد) کە جوان بیر دەکەنەوە و لەگەڵ برایەتی گەلانن. دەوڵەت باخچەلی کە ئەو قسەیە دەکات لە بیری چووە کە ئەو سەرۆکی پارتێکی نەژادپەرستە، ساڵانی شەستەکان کاتێک...
2024-10-30-15-49-01محمد الماغوط دەنوسێت: من الغباء أن أدافع عن وطن لا أملك فيه بيتاً. گەمژەییە بەرگریی لە نیشتمانێک بکەم کە ماڵێکم نیە تیایدا. نەبونی چەمکی دەوڵەت لە...

په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ

گه‌ڕان

 

مه‌حموود شه‌ریفی

گوایه‌ له‌گه‌ڵ هێوربوونه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی ناڕازییانی ئێران، که‌ دوای هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌یه‌می سه‌رکۆماری ده‌ستیان پێ کردبوو وڵاتانی رۆژئاوا به‌ تایبه‌ت ئه‌مریکا و ئیسرائیل هیوایان به‌ گۆڕانی پێکهاته‌یی سیاسیی ئێران له‌ رێگه‌ی خه‌ڵکه‌وه‌ که‌مڕه‌نگ بووه‌ته‌وه‌ و ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی دوایی بارودۆخی ئێران و پێوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ جیهانی رۆژئاوا باس له‌ شه‌ڕێکی شاراوه‌ ده‌که‌ن که‌ دژی ئێران ده‌ستی پێکردوه‌. ئه‌زموونی ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆی سه‌ربازی له‌ وڵاتانی ئه‌فغانستان و عێراق رێگره‌ له‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مریکا دیسان بیه‌وێ جارێکی دیکه‌ش ئه‌م رێگه‌چاره‌یه‌ تاقی بکاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر جار نا جاریش هێندێک له‌ به‌رپرسانی سیاسی و سه‌ربازیی ئه‌مریکا باس له‌ ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئێران ده‌که‌ن زیاتر لایه‌نی پرۆپاگه‌ند و شانۆیی هه‌یه‌، له‌و لایه‌شه‌وه‌ هه‌ڵوێستی ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ جێی ئه‌وه‌ی چرا سه‌وزێک بن بۆ دنیای رۆژئاوا زیاتر به‌ قازانجی ده‌سه‌ڵاتی ناڕه‌وای کۆماری ئیسلامی ته‌واو بوون و هێندێک جار ترسی هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئێران بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌یکه‌ باڵه‌ سیاسییه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن ماهییه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ناڕه‌وای کۆماری ئیسلامیان به‌ ته‌واوی له‌ بیر بچێته‌وه‌ و تاقانه‌ خه‌میان دژایه‌تیکردنی هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئێران بێ.
ئێران هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ ئیسرائیل و ئه‌مریکا و ئورووپا
دوایین راپۆرتی رێکخراوی وزه‌ی ناوکی له‌ سه‌ر چالاکییه‌ ناوکییه‌کانی ئێران تا راده‌یه‌کی زۆر کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانیی هێناوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ ئێران به‌ پێچه‌وانه‌ی ئیدیعاکانی له‌ هه‌وڵی گه‌یشتن به‌ چه‌کی ناوکی دایه‌. ئه‌وه‌یکه‌ روون و ئاشکرایه‌ ئێرانی ناوکی به‌ هیچ جۆرێک بۆ وڵاتانی رۆژاوا، ئه‌مریکا و ئیسرائیل و ته‌نانه‌ت وڵاتانی عه‌ره‌بی که‌نداوی فارس قابلی قبووڵ نییه‌. ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ رێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی له‌ سه‌ر هه‌نارده‌کردنی شۆڕش سوورن. ئه‌گه‌رچی ئه‌و وڵاتانه‌ی هه‌نووکه‌ چه‌کی ناوکییان هه‌یه‌ وه‌ک چه‌کێکی به‌رگری رایانگرتوه‌ و زیاتر لایه‌نی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشی شیمانه‌یی ده‌ره‌کی هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌م چه‌که‌ له‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دا ده‌توانێ رۆڵی هێرشبه‌ری به‌خۆوه‌ بگرێ و ئه‌و وته‌یه‌ی «ئیسرائیل ده‌بێ له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان بسڕدرێته‌وه‌» به‌ گوێمان ئاشنایه‌ که‌ جارناجار یه‌کێ له‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی سیاسی و سه‌ربازیی ئێران باسی ده‌که‌ن. هه‌ر ئه‌و فیکره‌مان لا به‌هێز ده‌کا که‌ ئه‌گه‌ر ئێران ده‌ستی به‌ چه‌کی ناوکی رابگا دوور نییه‌ بۆ هێرش بۆ سه‌ر دژه‌کانی خۆی به‌ کار بێنێ. پێشکه‌وتنی ئێران له‌ بواری دروست کردنی مووشه‌کی دوورهاوێژ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ به‌شێکی زۆری ئورووپاش بکه‌وێته‌ به‌ر ئه‌نگێوه‌ی ئێران. هه‌روه‌ها ئێران به‌ پێکهێنان و به‌هێزکردنی گرووپی چه‌کداری سه‌ربه‌خۆی وه‌ک حه‌ماس و حیزبوڵڵا هه‌میشه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بووه‌ بۆ سه‌ر سه‌قامگیری ئیسرائیل و به‌ ئاژاوه‌گیران و گێره‌شێوێنی له‌ نیوخۆی وڵاتانی عێراق و ئه‌فغانستان به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئێران به‌ خۆنزیک کردنه‌وه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌مریکای لاتین توانیویه‌ خۆی بگه‌یه‌نێته‌ بنانگۆیی ئه‌مریکا و به‌ به‌ستنی گرێبه‌ستی سه‌ربازی و ئابووریی گه‌وره‌ و زه‌به‌لاح له‌گه‌ڵ وڵاتانی وه‌ک بولیوی و ڤێنۆزۆئیلا ببێ به‌ موزاحیمێکی جیددی بۆ واشنگتۆن.
بیروڕای گشتیی نێوخۆی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی تاراوگه‌ بۆ شه‌ڕێکی ئاشکرا له‌گه‌ڵ ئێران له‌بار نییه‌. ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی باش ده‌زانن که‌ هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئێران زۆر له‌ ده‌سوه‌ردانه‌کان له‌ ئه‌فغانستان و عێراق دژوارتره‌ و ئێران ئامرازی به‌رگری باشی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌ست دایه‌:
ـ ئاڵۆزکردنی بازاری نه‌وت
ـ نائه‌من و شێواندنی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له‌ رێگه‌ی گرووپ و ده‌ستوپێوه‌ندییه‌کانی خۆی له‌و وڵاتانه‌
ـ هه‌ڕه‌شه‌ی مووشه‌کی دژی به‌شێک له‌ ئورووپا و ئیسرائیل و هه‌روه‌ها به‌کارهێنانی وڵاتانی ئه‌مریکای لاتینی هاوپه‌یمانی دژی ئه‌مریکا هێندێک ئامرازن که‌ ئیران ده‌توانێ به‌ کاریان بێنێ. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ش بیروڕای گشتیی نێوخۆی ئه‌مریکاش له‌گه‌ڵ تێچووی هێرشی راسته‌وخۆی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئێران نییه‌. ئیسرائیل به‌ هۆی نزیک بوون له‌ ئێران و هه‌روه‌ها له‌ پاڵ سنووره‌کانییه‌وه‌ حیزبوڵڵا و حه‌ماس و لوبنان و که‌رتی غه‌ززه‌ زیاتر له‌ ئورووپا و ئه‌مریکا هه‌ست به‌ مه‌ترسی ده‌کا و ئه‌گه‌ر ئێران ده‌ستی به‌ چه‌کی ناوکی رابگا له‌وانه‌یه‌ زیاتر ته‌نگی پێ هه‌ڵچنێ، هه‌ر بۆیه‌ ناچاره‌ هه‌موو توانای خۆی دژی ئێران وه‌گه‌ڕ خا. له‌ سه‌ر ته‌قینه‌وه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی ئێران باس له‌ ده‌ست تێدا هه‌بوونی ئیسرائیل ده‌کرێ. ئیسرائیل پێشتریش به‌ هێرشی سایبێری (بڵاوکردنه‌وه‌ی ڤایرۆسی ستاکس نێت) بۆ سه‌ر ناوه‌نده‌ ناوکییه‌کانی ئێران نیشانی داوه‌ که‌ خۆی بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی هه‌ر جۆره‌ پێشکه‌وتنێکی سه‌ربازی و ناوکی ئێران داناوه‌. ته‌قینه‌وه‌ له‌و بنکانه‌ی که‌ سوپا مووشه‌که‌‌ دوورهاوێژه‌کانی تێدا راده‌گرێ ده‌توانێ ئاکامی هێرشی راسته‌وخۆی مووشه‌کی و یا خرابکاری له‌ رێگه‌ی سیخۆریی ئیسرائیله‌وه‌ بێ. هه‌ر له‌م بابه‌ته‌وه‌ ده‌کرێ ئاماژه‌ به‌ کوژران و تیرۆری چه‌ند بیرمه‌ندی ناوکی ئێران له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا بکرێ. ئه‌مریکاش به‌ شێوه‌یه‌کی دیکه‌ له‌گه‌ڵ ئێران له‌ شه‌ڕ دایه‌. رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 13ی سه‌رماوه‌ز میدیاکانی ئێران رایانگه‌یاند سوپا توانیویه‌ فڕۆکه‌یه‌کی بێ فرۆکه‌وانی پێشکه‌وتووی ئه‌مریکایی بنیشێنێ. ئه‌و فرۆکه‌یه‌ که‌ به‌ RQ-170 ده‌ناسرێ بۆ چالاکیی سیخۆری به‌کار دێ و گوایه‌ له‌ ئۆپێراسیۆنی کوشتن و دیتنه‌وه‌ی ئۆسامه‌بێن لاده‌ن دا رۆڵی سه‌ره‌کیی هه‌بووه‌. فڕینی ئه‌و فڕۆکه‌یه‌ به‌ ئاسمانی ئێراندا نیشان له‌و راستییه‌یه‌ که‌ ئه‌مریکا به‌ وردی چاوه‌دێری جموجۆڵی نێوخۆی ئه‌و وڵاته‌ ده‌کا.
سووربوونی ئێران له‌ سه‌ر نه‌دانه‌وه‌ی‌ ئه‌م فڕۆکه‌یه‌ به‌ ئه‌مریکا و ئه‌گه‌ری ده‌ستڕاگه‌یشتنی چین و رووسیه‌ (ره‌قیبه‌ ته‌سلیحاتییه‌کانی ئه‌مریکا) به‌ ته‌کنۆلۆژیی پێشکه‌وتووی ئه‌مریکا ده‌توانێ په‌ره‌ به‌ شه‌ڕی شاراوه‌ی ئه‌مریکا دژی ئێران بدا. یه‌کیه‌تیی ئورووپاش به‌ جۆرێکی دیکه‌ شه‌ڕی شاراوه‌ی خۆی دژی ئێران ده‌ست پێکردوه‌ و گه‌مارۆیه یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی دژی ئێران، به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ری گه‌مارۆی بانکی ناوه‌ندی و نه‌وتی ئێران و دامه‌زراندنی بنکه‌ی قه‌ڵغانی موشه‌کی له‌ تورکیه‌ ئه‌و ئامرازانه‌ن که‌ ئورووپاییه‌کان به‌ کاری دێنن تا له‌ شه‌ڕی دژی ئێران دوا نه‌که‌ون. هێرشی لایه‌نگرانی حکوومه‌تی ئێران بۆ سه‌ر بالوێزخانه‌ی بریتانیا له‌ تاران کۆمه‌ڵه‌ ره‌هه‌ندێکی نوێی به‌م دژایه‌تی و ململانێیانه‌ به‌خشیوه‌ و له‌وانه‌یه‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا بینه‌ری لایه‌نه‌ نوێیه‌کانی ئه‌م مل‌به‌مله‌یه‌ ببین.
 و: ئاڵه‌شین

دواین هه‌واڵ

به‌رنامه‌ی کۆماریخوازان