د. کەمال میراودەلی
ئایا تورکیا وەک تونس، وەک میسر، یان وەک سوریای لێ دێت؟ بێگومان نا. تورکیا زیاتر وەک بەحرەین و سعودیەو قەتەرە لەوەی وەک ئەو ولاتانەی بە بەهاری عەرەبی ناودەبردرێن واتە لەو ولاتانایە کە لە چوارچێوەی پرۆژەی پاراستنی ئیسرائیلی-ئەمریکی-ناتۆیی دایە. دوێنێ وتارێکی سەرەکی تایمز نووسیبووی: تورکیا، ناتوێتەوە، بەلام نابێ بهێڵین ئەردۆگانێش وەک حوسنی موبارەکی لێ بێت. مەبەستی تایمز ئەوەیە کە ئەردۆگان خەریکە بە چەمووشی و دیکتاۆریی و بەکارهێنانی توندوتیژیی لە رادەبەدەر دژی خۆپیشاندەران ئەمریکاو ناتۆ بخاتە هەڵوێستێکی تەریقییەوە کە دیسان ئەمریکا دووفاقەو غەرب پشتگیری (حوسنی موبارەک)ێکی تورکیی دەکا کە دۆستی خۆیەتی و بە دەستی ئاسن لەو هاولاتییانەی خۆی دەدات کە تەنیا تاوانیان ئەوەیە دژی پرۆژەیەکی دژە-ژینگەیی خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەیان کردووە. مەرەکەبی وتارەکەی تایمز وشک نەبۆوە، کە دەسەلاتی ئەردۆگان فشی کردەوە: جێگری سەرۆکوەزیران داوای لێبوردنی لە رێکخەرانی خۆپیشاندانی تەقسیم کرد، پۆلیس لە ئەنقەرە گوڵیان بە سەر خۆنیشاندەراندا بەشیەوە!
تورکیا گەورەترین و بەهیزترین و کۆنترین بنکەی سەربازیی و ئەتۆمیی سارۆخی و ئیستیخباراتیی غەربییە لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا.
ستراتیجیترین بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا لە تورکیان، لەوانە بنکەی ئینچیرلیک کە کوشندەترین و تازەترین سارۆخی ئەتۆمیی تاکتیکیی ئەمریکی تێدایە. ئەمسالیش بە بیانووی پاراستنی تورکیا لە هەڕەشەی سوریا، شەش پاتری سارۆخی [پاتریۆت] لە باشووری تورکیا جێگیر کران.
ئەو بنکەیە لە ساڵی ١٩٥١ دا دەست بە درودستکردنی کرا بە پلەی یەکەم بۆ بەرهەڵستی روسیای شیوعی یان یەکێتیی سۆڤیەت بوو، دوای نەمانی شەڕی سارد دەوری سەرەکی ئەو بنکەیە پاراستنی ئیسرائیلە، لە جیاتی ئەوەش تورکیا داوای هاوکاری ئیسرائیل وئەمریکای دژی کورد کرد.
واتە دەوری سەرەکی ئەم بنکە گەورەو وستراتیجییانە دوای شەری سارد دوو ئامانجی سەرەکی بوون: پاراستنی ئیسرائیل و دوژمنایەتی کورد.
بە پێی ئەم ریکەوتنە ئیسرائیل دەوری سەرەکی لە بەدواکەوتن وگرتن و تەسلیمکردنەوەی سەرۆک ئۆجەلان بە تورکیا هەبوو، دەوری سەرەکی لە پێدانی تەیارەو چەکی جەنگی نوێ بە تایبەتی تەیارەی جاسووسیی و بکوژیی بێ فڕۆکەوان [درۆن] بۆ لێدان و کوشتاری چەند جارەی گەریلا ژن پیاوەکانی پەکەکەی هەبوو؛
ئیسرائیل وئەمریکا دەوری سەرەکیشان لە کۆکردنەوەی زانیاری و خەریتەی جاسوسی لە سەربنکەکانی پەکەکەی و جوولانەوەکانی لە قەندیل و ستراتیجی لێدان و لە ناوبردنیان هەبوو. تا ئەو رادەیەی سەفیری ئەمریکی لە تورکیا پار داوای لە تورکیا کرد هاوکاری ئەمریکی قبوڵ بکات بۆ لە ناوبردنی سەرکردەکانی پەکەکەی لە قەندیل بە هێرشی تەیارەی درۆن وەک لە پاکستان و ئەفغانستان دژی تالیبان بەکاری دێنێت.
ئەمە هەتا ئێران بە قورسی هاتە هاوکێشەکەوەو لە روانگەی ئیسرائیلەوە ئێران بە دوژمنی هەرە ستراتیجیی و خەتەرناک دانرا بە تایبەتی لەبەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەلام ئامانجە راستەقینییەکە کۆنترۆڵی هەموو نەوتی رۆژهەلاتی نێوینە.
بەرژەوەندییە ئابوورییە زەبەلەحەکانی تورکیاش لە نەوت و غازی کوردستان وای کرد تورکیا ئەو راستییە تاڵە بزانێت کە بەردەوامبوونی لە جەنگی کورد هەموو ستراتیجەکەی هەلدەوەشێنیتەوە. نەک هەررێگەی گواستنەوەی نەوت و گازی کوردستان بۆ تورکیا سەلامەت نابێت بەلکو هێزی پەکەکە لە سوریاو لە ناو تورکیاشدا هەرەشەیەکی گەورەش بۆ ئارامیی ناوخۆو یەکێتی خاکی تورکیا دروست دەکات.
لە بەرئەوە لە بری پەکەکەی دژایەتی ئێران بوو بە ئامانجی هاوبەشی ئیسرائیل و تورکیا.
لە بەر ئەوەی هیچ هۆیەک نییە کە حکومەتی گوایە ئیسلامیی تورکیا دژایەتی ئێرانی دراوسێ و موسڵمان بکات بۆ خاتری ئیسرائیل، ئەردۆگان دەبوو هۆکارێکی ئایدیۆلۆجی بدۆزێتەوەو بەم جۆرە بوو بو بەشێک لە نەخشەی سەهیۆنیی - ئەمریکیی -ناتۆیی بۆ ژیاندنەوەو دڕندەگەرییکردنی ناکۆکی شیعەو سوننە بە پارەی قەتەرو سعودییە، بۆ لێدانی دوژمنەکانی ئیسرائیل لە سوریا و ئیسرائیلییکردن وئەمریکییکردنی ئیخوانموسلیمەکانی میسرو تونس و بەتایبەتی لێدان و گەر بکرێت لەناوبردنی حیزبوڵلای شیعەی لوبنان کە چەندین جار زەبری کوشندەی لە ئیسرائیل داوەو، ئەوسا چۆک دادان بە ئێران خۆی و دەسەلاتگرتنی شەریکەکانی نەوتی سەرمایەداریی ئەمریکی غەربیی بەسەرهەموو نەوتی رۆژهەلاتی نێویندا و بەکارهێنانی ئەم دەسکەوتە ستراتیجییە ئابووریی و جیۆپۆلیتیکییە بۆ گەمارۆدانی ئابووریی و سەربازیی چین کە وەک زەبەلاحێکی ئابووریی لە ئاسیاو ئەفریقا و بازاڕەکانی دنیادا مونافەسەیەکی توندی ئەمریکا دەکا.
پێوەندی ئۆرگانیی تورکیا و غەربی سەرمایەداریی تەنیا سەربازیی نییە، ئەمرۆ تورکیا بەشێکە لە بزوتنەوەی پارەی سەرمایەداریی غەربیی و ناتوانێت بۆ یەک رۆژیش لێی جیابێتەوە، دڵ و دەمارەکانی لەگەڵ بزاڤی ترسناکی سەرمایەی گەرۆکی جیهانیی تێکەڵ بوون.
گەر ئێران ئەوە دەسال زیاترە بەرامبەر سزای دارایی و گەمارۆی ئابووریی رۆژاوا خۆی گرتووە، هەر ئەوەندە بەسە ئەمریکا ناوی [سزادان] ی ئابووریی بەرامبەر تورکیا بەکار بێنێت یان ئۆباما دەموچاوی خۆی لە ئەردۆگان گرژ بکات، تا هەر لە ئەنجامی کاریگەریی سایکۆلۆجی ئەمە: نرخی لیرە دابەزێت، نرخی پشکەکانی کۆمپانیا تورکەکان هەرەس بێنن، سەرمایەی ناوخۆ رابکات بۆ دەرەوە، وەبەرهێناننی دەرەوە بوەستێت، نرخی فائیدە لە سەر پارەی بە قەرز دارو بەرزبێتەوە، کەرتی گەشتوگوزار بوەستێت، بە کورتی ئابووری سەرمایە-بەندیی تورکیا هەرەس بهێنێت و وەک یۆنان و قوبروس پەنابەرێتە بەر قەرزی سندوقی پارەی جیهانیی و بانکی ئەوروپیی.
خۆ لە رووی سیاسیی و ئەمنیشەوە ئەوە تورکیا ئەوەندە گرفتی ناوخۆیی هەن کە ئەمریکاو ئیسرائیل بتوانن بە ئاسانی دژی هەر حکومەتێکی تورکیا بەکاریان بێنن لە پێشەوە پرسی کوردو ئازادییە سیاسییەکان و مافی مرۆڤ. لەبەر ئەوە تورکیا ناتوانێت خۆی لە ستراتیجی ئەمریکیی دابرێت، کورتە رێگاشی بۆ ئەمە خزمەتکردنی ئیسرائیل و سەهیۆنیزمە لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا.
کە ئەمریکییەکان باسی ستراتیجی خۆیان لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا دەکەن: باسی سێکوچکەی ئیسرائیل-تورکیا-قەتەر دەکەن.
راستیی قەتەر دەوڵەت نییە، حکومەت نییە، ولات نییە. دەنگ ودەستی پێشەوەی ئیسرائیلە لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا، قاحبەترین قاحبەی سیاسییە لە مێژووی دنیادا. دەم و لێوو دەست و پەنجەو چنگ و کەڵپەکانی هەمووی بەو شێوەیە کە ئیسرائیل مەکیاجی دەکاو نەخشەی بۆ دادەنێت.
هەرشتێ لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بیانەوی بیکەن: بە پێلاوەکانیان دەیکەن: قەتەر بە ئاشکرایی و وتورکیا بە نهێنی و ئیسرائیل - یش بێباکانە وەک مەلای مەنشور دۆخینەکەی کردۆتەوە.
ئەگەر رژێمەکانی تورکیی پێشوو [قۆندەرەیەکی عەلمانی] ئەمریکاو ئیسرائیل بوون.
رژێمی ئێستا [قۆندەرەیەکی ئیسلامیی] ئەمریکاو ئیسرائیلەو لە ناو زیاتر هیچ لە ناوەرۆک نەگۆڕاوە.
بەلکو خراپتر و خەتەرناکتر بووەو زۆر خەستترو قووڵتر چۆتە ناو پرۆژەی سەهیۆنیی وئەمریکیی یەوە. ئەمە هەم لە ئاستی ئایدیۆلۆجی و هەم لە ئاستی سیاسەتی سەربازیی و ئەمنییدا ئەنجامی خەتەرناکی هەبووەو زیاتریشی دەبێت.
١. یەکێک لە پرینسیپ و دروشمە سەرەکییەکانی دەوڵەتی عەلمانی ئەتاتورکی ئەوە بوو: ئاشتی لە ناوەوە ئاشتی لە دەرەوەدا. واتە دەولەتی تورکی بە هیچ جۆرێک نابێ خۆی تووشی شەڕو ئاژاوەی دەرەوە بکات یان تەنانەت بە ناوی فراوانکردنی دەوڵەتی وتورکی و پارێزگاریی تورک وتورکمانەکان دەستبخاتە ناو کاروباری ولاتانی ترەوە . جگە لە قوبروس تورکەکان کەم یان زۆر ئەم پرینسیپەیان پاراستبوو. رژێمی پێشوو تەنانەت وەک ئەندامێکی ناتۆش ئامادە نەبوو هاوکاری ئەمریکاو بەریتانیا لە داگیرکردنی عێراق لە سالی ٢٠٠٣ دا بکات.
٢. پرینسیپی دووەم : تورکیا دەولەتێکی قەومییەو هەموو هاولاتییان تورکن و یەکسانن و دەولەت هی هەموویانە.
دەبینین رژێمی تۆرانی نوێی ئەردۆگانی هەردوو پرینسیپەکەی خستە ژێر پێوە، نەک وەک هەنگاوێکی دیمۆکراتی بۆ پێشەوەو هەڵوەشاندنەوەی بنەما رەگەزپەرستییەکانی دەولەتی تورک بەلکو بە پێچەوانەوە: بۆ خزمەتی چینێکی سەرمایەداریی زەبەلاحی نوێ و ژیاندنەوەی تەمای پانتورانیزمی عوسمانیی و پێشکەوتن بۆ دواوەو سنووردارکردنی ئازادیی و مافە دیمۆکراتییەکانی خەلک لە ژیر پەردەی ئایدیۆلۆجی دینییدا وەک زامنێکی کۆنەپەرستانە بۆ لێدانی هێزە دیمۆکراتییە ناوخۆکان. ئەمە لە ناوخۆدا.
لە دەرەوەشدا ژیاندنەوەی ئەفسانەی دژە-ئیسلامیی و دژە-ئینسانیی سوننیزم/شیعیزم وەک سەرپۆشێکی دینیی بۆ ماکیاجە سەهیۆنیزم – یەکەی و پاسپۆرتێک بۆ بەشداری چالاکانە لە پرۆژەی داگیرکاریی وێرانکاری قەتەری-ئیسرائیلی-ئەمریکی دا دژی ولاتان و کۆمەلگاکانی ئیسلامیی.
لەم ئاستەی دەرەوەدا ئەردۆگان گەورەترین تاوانی جینۆسایدی بەرامبەر خەلکی سوریا ئەنجام دا. گەر ئەتاتورک ئەرمەنییەکانی رەشبکوژو جێنۆساید کرد، ئەردۆگان هۆکاری سەرەکی جینۆسایدی رۆژانەی خەلکی بێتاوانی سوریاو لەناوبردنی شارو شارستانییە کۆنەکەیەتی بە دەیان مزگەوت و منارەو پەرستگاو شوێنەواری پێشئیسلامیی و ئیسلامیی مێژووییشەوە. بە بێ هاوکاری تاوانبارانەو نائینسانییانەی ئەردۆگان مەحال بوو ئەم جێنۆسایدە دڕندانەو ویرانکارییە بێ ئامانە بەردەوام نەدەبوو.
کەسێک ئاوا موجریم بێ و گۆشتی ژن ومندال بخوات و خوێنی مرۆڤ بخواتەوە، و بشتوانێت شەو بێ خەم و خەیاڵ بخەوێت چی لێ چاوەڕی دەکرێت؟
ئەوەتا ، لە ئاستی نێوخۆییشدا، ئەردۆگان و دارودەستەکەی بێشەرمانە رایدەگەیەنن کە ئەوان %٥١ ی خەلک دەنگی بۆ داون و نوێنەری ئەو زۆربەن و باکییان بە %٤٩ - کەی تر نییە! ئەردۆگان لە ئاست مەترسی راپەرینی ئەستەمبول و شارەکانی تر کەوتە ئەوئاستە منالبازارییەی بلێت:
"ئەگەر ئەمە دەربارەی خڕکردنەوەی خەڵک بێت.. ئەوە ئەگەر ئەوان ٢٠ کەسیان بۆ بێتە سەرجاددە، من ٢٠٠،٠٠٠ دێنم ، ئەگەر ئەوان ١٠٠،٠٠ کەس بێنن من یەک ملیۆن دێنم."
ئەمە عەقڵییەتی خۆکراسیی هەموو دیکتاتۆرەکانە.
ئەم بەچکە دیکتاتۆرە تۆرانییە ئەوەندە لە ئایدیۆجییەت و عەقلییەتی خۆپەرستیی و حیزبچێتییدا نقوم بووە ئەوەی لە بیر چۆتەوە کە ئەو گوایە سەرۆکوەزیرانی ولاتێکی دیمۆکراتییە، هی هەموو خەلک، ئەرکی ئەو ئاشتکردنەوەی خەلک و چارەسەکردنی گرفتەکانیان و پاراستنی بنسازیی وپرۆسەکانی دیمۆکراسییە نەک تێکبەردانی خەلک و شەرەتاقمی شەقام و عەزەڵات نیشان دان.
لە ئاستی کێشەی کوردیشدا، وەک لە وتاری پێشوودا روونم کردەوە:
یەکەم ئامانجی ئەردۆگان کەسییەو بۆ گۆڕینی سیستمی پەرلەمانییە بۆ سەرۆکایەتی بۆ مانەوەی خۆی،
ئامانجی دووەم: بێدەنگکردن و بێلایەنکردنی بزوتنەوەی سیاسیی کوردە لە ناوخۆی وتورکیا و تێپەراندن و تواندنەوەی دەوری سەرەکی کوردە لە خۆراوا بە یارمەتی بنەمالەی بارزانی و
ئامانجی سێیەمی: هەرەگرنگ و ستراتیجی زامنکردنی کۆلۆنیالکردنی کوردستانی باشوورو خۆراوایە بۆ بەکارهێنانی نەوت و غازو بازارەکانیان بۆ پرۆژە پانتورکییەکانی.
تا ئێستا ئەردۆگان تەنانەت لەگەل کشانەوەی هێزەکانی پەکەکەی عەمەلیاتی سەربازیی و دروستکردنی بنکەی سەربازیی لەو شوێنانەی پەکەکە لێی دەکشێتەوە نەوەستاندووە، هەزاران زیندانی سیاسیی کوردی بەرنەداوە، هیچ هەنگاوێکی جددی بۆ ئازادکردنی زمانی کوردی لە خویندندا نەناوەو دەستوور وەک خۆی ماوەتەوەو ئامادە نییە ئۆجەلان ئازاد بکات.
ئەوە مانای وا نییە من رەشبین بم و بلێم ئەو پرۆسە ئاشتییە باش نییەو هەموو شتێک بە ئارەزۆی ئەردۆگان دەبێت. نا، ئێستا سەدەی گۆرانە چاوەرواننەکراوەکانە، ئەو راپەرینەی خەلکی تورکیاش شتێکی چاوەروانکراو نەبوو. یەکێتی نەتەوەیی و وریایی و دووربینی سیاسیی زامنی ئەوە دەکەن گۆرانەکان بۆ بەرژەوەندی خۆمان و بەرەژەوەندی ئاشتیی و مرۆڤایەتیی بەکاربێنین. گرنگ ئەوەیە هیچ لایەنێکی کوردیی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، بە ئاشکرا یان بە دزیی، نەبێتە جاش و داردەستی داگیرکەران .
نە لە سوریا، نە لە عێراق و نە لە تورکیا کورد شەری خەلکی تر نە کات و نەبێتە لایەنیک لە ناکۆکییە تایەفیی و نەتەوەییە دروستکراوەکان بەلکو وەک هێزیكی ئیجابی پاڵپشتی پێکەوەژیانی ئاشتی و پرۆسەو سیستمی دیمۆکراسی بمێنێتەوە.
کورد پێویستە لە مێژووی دوورو نزیک فێر بێت و لە پێش هەموو شتێک و دوای هەموو شتێک مرۆڤ بێت و کورد بێت و بە هیچ بیانوویەکی دینیی، ئادیۆلۆجی، سیاسیی، نەتەوەیی ، ئابووریی، نەبێتە قاحبەو قۆندەرەو جاشی هیچ هیزێکی بێگانە و تەنیا و تەنیا هێزێک بێت بۆ مرۆڤایەتیی و چاکە نەک بۆ شەرو کینەو رق و قین و دوژمانیەتیی و خوینخواردنەوەو ئینسانخواردن وەک ئەردۆگان و بەربەرییەکانی قەتەرو ئەسەد و ئیسرائیل دەیکەن.
6/06/2013