فهرهاد چۆمانی
5 رۆژە دانیشتوانی شاری ئەستەنبوڵ بۆ رێگەگرتن لە بڕینەوە درەختەکانی پارکی گەزی، خۆپیشاندان دەکەن و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و خۆپیشاندەران لە تورکیا بەردەوامە، بەپێی گوتەی خۆپیشاندەران، پۆلیس گازی فرمێکسڕێژی بەکارهێناوە و زیاتر لە هەزار کەس بریندار بوون، یەکێتی ئەوروپاش داوای لە دادگای مافەکانی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا کرد، رێوشێنی پێویست بۆ رێگرتن لە توندوتیژییەکانی پۆلیس بگرنە بەر. تاوەکو ئیستا 2-6-2013 خۆپیشاندانەکان لە مەیدانی تەقسیم بەردەوامییان هەیە، دوای بڕیاردانی پۆلیس بە کشانەوەیان لە مەیدانەکە، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی ئەستەنبوڵ لە رێگەی پردی بۆسفۆرەوە لە "بیشیکتاش" و " فەنەرباخچە"ەوە روو لە مەیدانی تەقسیم دەکەن. رووداوەکان درەنگانی شەوی دووشەممە، 27-5-2013 لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەی تێکدانی "گەزی پارک" دەستیپێکرد، ئەندامانی رێکخراوی دەستەبەری دڵنیایی لەبەردەم چنگی ئامێرەکانی هەڵکەندن وەستان و رێگەیان لە رووخانی دیواری وەجاغی سەربازی گرت، هاوکات گرووپە (ئەنتی-کەپیتالیست)ـە مسوڵمانەکانیش بەشداریان کرد و تاوەکو بەرەبەیان نۆبەتیان گرت و لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوای پشتیوانیان لە هاوڵاتیان کرد.
رۆژی سێشەممە 28-5-2013 ژمارەی بەشدارانی نارەزایی رووخاندنی (گەزی پارک) زیادیان کرد و گرووپێک لە خۆپیشاندەران، سەردانی دەستەی چاودێری پارکەکانی ناوچەکەیان کرد بۆ ئەوەی تێکدانی پارکەکە بوەستێنن.
29-5- 2013 پۆلیس هەوڵیدا کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامی هەبێت، تووندوتیژی کەوتە نێوان خۆپیشاندەر و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان، کە گازیان بەسەر دەموچاوی ئافرەتێکدا رشت و ئەم دیمەنە بووە سیمبوولی دەستپێکردنی رووبەڕووبوونەوەکان.
شەوی30-5-2013 ژمارەی ئەو کەسانەی لە پارکەکەدا مانەوە، گەیشتە 500 کەس، بۆ بەیانی پۆلیس هەڵیکوتایە سەر چادرەکان و بەشێکیانی سووتاند.
سرری سورەیا، پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵی پارتی ئاشتی و دیموکراتی BDP ، بەشداری ناڕەزایەتییەکانی کرد و لەبەردەم ئامێری حەفارەدا وەستا و گوتی "شوێنێک نامێنێتەوە هەناسەی تێدا بدەین، هیچ کەسێک مافی رووخاندنی ئەم پارکەی نییە، تاوەکو من نەڕوخێنن، لێرە ناڕۆم".
30-5-2013 لە میانەی بەشداریکردنی لە ساڵیادی "رزگاکردن"ی ئەستەنبووڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، رەخنەی توندی ئاراستەی خۆپیشاندەران کرد و رایگەیاند "هەرچی دەکەن بیکەن، ئێمە چۆن دەستمان پێکردووە، هەر وا بەردەوام دەبین، لەو کاتەی هاتووینەتە سەر دەسەڵات، 2.5 ملیۆن درەختمان چاندووە، تازە گڕوو بە چەند درەختێکی "گەزی پارک"ـەوە دەگرن؟".
سەرلەبەیانی رۆژی هەینی 31-5-2013 یەکەم کەس، کە دیسانەوە ئامادەی مەیدانی تەقسیم بوو، سرری سورەیا بوو، هەوڵیدا پۆلیس رازی بکات بۆ ئەوەی کاری تێکدانی پارک و بڕینەوەی درەختەکان رابگرن، بەڵام بێ مفا بوو، لە رێگەی تویتەرەوە داوای لە ئەندام پەرلەمانانی دیکە کرد بێنە مەیدانی تەقسیم.
1-6-2013 تووندوتیژییەکان ئاستێکی مەترسیداریان بەخۆوە بینی و زیاتر لە 500 برینداری لێکەوتەوە، یەکێک لەوان سرری سورەیا، ئەندام پەرلەمانی پارتی ئاشتی و دیموکراتی بوو، کە بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە گواسترایەوە نەخۆشخانە، هەمان رۆژ یەکێتی ئەوروپا داوای گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستی لە دادگای مافەکانی مرۆڤی یەکێتییەکە کرد.
هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە رایانگەیاند "رووبەڕووبوونەوەی بەمجۆرە دژی خۆپیشاندەران نا مەعقول".
هەمان رۆژ خۆپیشاندانەکان فراوان بوون و خۆپیشاندەران ویستیان لە مەیدانی (بیشیکتاش)ـەوە بەسەرپردی هەڵواسراوی گەرووی بۆسفۆڕ خۆیان بگەیەننە مەیدانی تەقسیم، هەمان رۆژیش خۆپیشاندەران ناویان لە خۆپیشاندانەکانیان نا "بەهاری تورکی"، وەک خوازەیەکی وەرگیراو لە "بەهاری عەرەبی".
دوای تەقینەوەی سەرهەڵدانەکان لە ئەستەنبوڵ، خۆپیشاندان هەریەکە لە شارەکانی ئەنقەرە، ئیزمیر، دێرسم و چەند شارێكی دیکەی گرتەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 400 هاوڵاتی بریندار بوون، کە برینی 15 لەوان قورسە.
موعەمەر گولەر، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماری بریندار و گیراوەکانی خستەڕوو و راگەیاند 53 کەس لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی پۆلیس بریندار بوون و 940 کەسیان دەستگیر کردووە.
3/06/2013