عەبدولڕەحمان سدیق
گومان لەوەدا نییە كە زۆربەمان دەزانین مووچەی توێژی خانەنشینان بەگشتی و خانەنشینانی پێشتر بەتایبەتی، بەشی پێداویستییەكانی ژیانیان ناكات و بەرگەی ئەم هەڵاوسان و بەرز و نزمییەی دۆلار بەرامبەر دینار و بێویژدانیی هەندێك لەبازرگانانی بازاڕی ئازادی ئەمڕۆ ناگرێت. ئێستا لەسەر ئاستی عێراق پڕۆژە یاسایەك بەڕێوەیە بەناوی یاسای یەكگرتووی خانەنشینی (قانون التقاعد العام) بۆ یەكخستنی مووچەی خانەنشینان بەوانەی بە 80 %ی مووچەكانیان خانەنشین بوونەو ئەوانەش كە پێشترو پێش یاسای 80 % خانەنشین بوونە، بەڵام تا بەو كاتەو بەو شوێنە دەگەن دیارە كاتی زۆری دەوێت، بۆیە حكومەتی عێراق لەبودجەی ئەمساڵدا كە بەناوی یاسای ژمارە (7)ی ساڵی (2013)ناسراوە، ئەو بڕگەیەی پەسەند كرد كە دەقەكەی لە ماددەی (29)دا دەڵێت: (اولا ـ یمنح المتقاعدون الذین یتقاضون راتبا تقاعدیا مقداره 400،000 دینار(اربعمائە الف دینار) شهریا فما دون منحە مقدارها 100 ألف دینار (مائە ألف دینار) شهریا و یمنح المتقاعدون الذین یتقاضون راتبا تقاعدیا شهریا ما بین 400،000 الی 500،000 دینار منحە شهریە لیصبح راتبه التقاعدی 500،000 دینار شهریا. ولا تصرف المنحە للذین یتقاضون راتبا تقاعدیا بموجب قوانین خاصە وتشمل المنحە المتقاعدین من العمال وتمنح كما یـأتی:
-1 (100 %) من المبلغ اعلاه للمتقاعد
-2 (100 %) من المبلغ اعلاه اذا كان للمتقاعد المتوفی ثلاثە مستفیدین فأكثر.
-3 (75 %) من المبلغ اعلاه اذا كان للمتقاعد المتوفی مستفیدان اثنان
-4 (60 %) من المبلغ اعلاه اذا كان للمتقاعد المتوفی مستفید واحد
ثانیا- لمجلس الوزراء مناقلە مبالغ المنحە أعلاه من تخصیصات وایرادات موازنە عام (2013).
ئێستا خانەنشینانی عێراق مانگانە ئەو زیادەیە وەردەگرن و ئەم مینحەیەش بەدرێژایی ئەمساڵی دارایی عێراق بەردەوام دەبێت.
بەڵام خانەنشینانی هەرێمی كوردستان ئەوانەی كە ئەم ماددەیە دەیانگرێتەوەو مووچەی خانەنشینییان لە (400) هەزار دیناریش كەمترە، هێشتا ئەم بڕە زیادەیەیان وەرنەگرتووەو هەر لەچاوەڕوانیدان.
لەم بارەیەشەوە بەرپرسانی دارایی هەرێمی كوردستان دەڵێن : پێویستە حكومەتی فیدراڵی ئەو بڕە زیادەیەمان بۆ بنێرێت، حكومەتی فیدراڵیش دەڵێت لەنێو(17 %)دا نێردراوە .
لەلایەكی دیكەشەوە هەندێك لەبەرپرسانی دارایی هەرێمی كوردستان دەڵێن: پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پێش پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی پەسەند كردووەو بڕگەی زیادكرنی مووچەی خانەنشینانی تێدا نییە وەك مینحە بۆ ساڵی (2013)، بۆیە خەتاكە دەخەنە ئەستۆی پەرلەمانی عێراق.
پەرلەمانتارانی عێراق و حكومەتی عێراقیش دەڵێن: هەر زیادەیەك لەمووچەدا كە لەعێراقدا پەسەند بكرێت پێویستە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.
كەواتە ئێستا خانەنشینانی هەرێمی كوردستان ئەوانەی كە ئەم ماددەیە دەیانگرێتەوەو مووچەی خانەنشینییان لە (400) هەزار دیناریش كەمترە، چی بكەن و كێ ئەم مافەیان بۆ دابین دەكات؟
دەگوترێت وەك ئێمە داوای پارەی كۆمپانیا بیانییەكانی بەرهەمێنانی نەوت لەبەغدا دەكەین لەرێگەی پاشكۆیەك لە دەرەوەی یاسای ژمارە (7) ی ساڵی (2013) ی بودجەی عێراقی فیدراڵدا، هەر ئاواش پەرلەمانی كوردستان دەتوانێت لەپاشكۆیەكدا بۆ یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان رەزامەندیی لەسەر ماددەی (29)ی نێو یاسای ژمارە (7) ی ساڵی (2013) ی بودجەی عێراقی فیدراڵ بدات و ئەم مافە رەوایە بۆ خانەنشینانی هەرێمی كوردستان بگێڕێتەوە.
بۆیە خانەنشینانی خاوەن مووچەی كەمتر لە (400) هەزار دینار كە سوودمەند دەبن لەم بڕیارە، چاوەڕوانی هیممەت و كۆششی ئێوەی پەرلەمانتار و نوێنەری گشت توێژەكانی گەلن، ئێوەش لەپێناوی دابینكردنی ئەم مافە رەوایەدا پێویستە هەوڵی راستەقینەی خۆتان بدەن و، بشزانن كە لەبەردەم ماندووبوون و پشت چەماوەیی و پیری و پەككەوتەیی و هەژاریی ئەوان و ماڵ و منداڵیاندا بەرپرسیارن.
www.abdulrahmansidiq.com
1/06/2013