هێرش عەلیزادە
گەمەیەکی تر لە گەمەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ خەڵکی کوردستان لە ژێر ناوی هەڵبژاردنی "نۆێنەرانی خەڵک" بۆ پارلمانی ئێران بە رێگەیەوە، گەمەیەک کە خەڵکی کوردستانی زیاتر لە سێدەهەیە پێوە سەرقاڵ کراوە تەنها لە پێناو درێژەدان بە دەسەڵاتی رەشی دیکتاتۆریی و داگیرکاریی لە کوردستاندا. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە بەشێکی هەرە بەرچاو لە ئۆپسیۆزیۆنی گەلی کوردە کە لەم شانۆ سیاسیەی کۆماری ئیسلامیدا جار لە گەڵ جار تێوە دەگلێن، و ئەوەندی دیکە باری سەرشانی خەڵکی کوردستان لە ژێر سێبەری پروپاگەندی دەسەڵاتی رەش و دواکەوتووی کۆماری ئیسلامیی قورستر دەکات و لە خەیاڵی خۆیاندا پێیانوایە کە دەتوانن لە سیاسەت و کارکردی کۆماری ئیسلامیی لە سیستەمی ویلایەتی فەقیەدا کە خۆی بە نوێنەری خودا دادەنێت، گۆڕان بکەن.
ئەزموونی زیاتر لە سێدەهە لە کار و وەزعی ئۆپۆزیسیۆنی کورد کە لە پێناو ئەنواعی هەڵبژاردن، گۆڕانی یاسا بنەڕەتیەکانی کۆماری ئیسلامیی، کێبڕکێی دانیشتن و سات و سەودا لەگەڵ ئەم رژیمەدا، بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی رەوتی بە ناو ریفۆرمخوازانی کۆماری ئیسلامیی (خاتەمی)، پشتیوانیی و لێدانی تەپڵی رەوتی سەوز لە کوردستان (کەهرۆبی و ... )، سازان و دانیشتن و دەرکردنی ئەنواعی راگەیاندن لەگەڵ چەپ و راستی ئێراندا، لە نوریزادەکانەوە تا نەوەکانی سەڵتەنت و کۆماریخوازی ئێرانی و فیدایانی ئەکثریت و تودە "دۆستان و پشتیوانانی" لە مێژینەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستان، و لە هەمانکاتیشدا سەرسەختی و نەسازان لەگەڵ هاورێ و هاوسەنگەرانی چەندین ساڵە کە بە سەروماڵ و ڕەنج و خوێن لە پێناو ئەم گەلەدا بەشداربوون، هەڵسوکەوتکردن بە قیمەتی شەقکردن و دەرکردن و ناوزەدکردنی هەموو رەخنەگەران و موخالیفینی ئەم یان ئەو سیاسەت بە نەیار و دژبەر، کە لە راستیدا دژ بە گەندەڵیی و سەرەڕۆیی و قەبزەی دەسەڵات بوون، ئەوە دەسەلمێنێت کە:
بە پلەی یەکەم لە مەیدانی ململانێی هەڵبژاردنەکانی پارلەمان و سەرۆککۆماریی لە ئێران، ئۆپۆزیسیۆنی کورد سەرەڕای خەبات و کار و وزەی بێئەژمار و هەروەها خۆێن و ئارق و قوربانی و زەرەرێکی لە بننەهاتوو، بە گرتنەبەری سیاسەتی بەشداریی خەڵکی کوردستان لەو هەڵبژاردنەدا، نەیتوانی لەم مەیدانەدا سوودێک نە بەخۆی و نە بە گەلی کوردستان بگەیەنێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەمووان دەزانن کە لە سیستەمی ولایەتی فەقیەدا هیچ کەسێک بەبێ دەرچوون لە فیلتەری ئەوانەوە ئیمکانی بەشداری بۆ خۆهەڵبژاردن نییە، ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەم جۆرە سیاسەتەی ئەحزابی کورد لەم مەیدانەدا جگە لە هەرەس و شکست شتێکی دیکەی تێدا بەدی نەکراوە، لەم مەیدانە لاوانی کوردستان کە دەبووا داگیرکەریان بایکۆت کردبا، خرانە نێو بازنەی گەمەیەکەوە کە ئەندازیارەکەی خودی داگیرکەر بوو، سەرەڕای ئەوی کە گەنجی کورد لە بەرژەوەندی خەڵکەکەیدا پەروەردە نەکرا بەڵکو رادەی بێباوەڕیی بە حیزب و لایەنی سیاسیی لەودا لاوازتر کرد، هەر بۆیە جێگەی خۆیەتی کە ئەحزابی کوردی پێداچوونەوە بەسەر سیاسەتەکانی رابوردوویاندا، لە ئاستی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ئێران و کوردستان بکەنەوە.
بە پلەی دووهەم لە مەیدانی دیپلۆماسییدا نایەکگرتوویی ئەحزابی کورد ئەو هەلەی بۆ کۆماری ئیسلامیی رەخساندووە کە دانیشتن و گفتوگۆ لەسەر داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان بباتە خانەی سات و سەودا و کێبڕکێی حیزب و تاکی حیزبیەوە، تەنها بە مەبەستی سەرقاڵکردن و چاندنی تۆوی چەند بەرەکیی لە نێوان لایەنەکاندا، تا بە دروستکردنی ئەم کەژوهەوایە بتوانێت بە هاسانی لە ئاستی نزم و سووکدا هەڵسوکەوت بە ئەحزاب و کەسایەتی کورد بکات، و پێگەی لەناو گەلەکەیدا سووک بکات، هەر بۆیە دانیشتنەکانی هەر کام لە حیزب و لایەنەکان جگە لە هەیئەتی نۆێنەرایەتی گەلی کورد نەبێت لە ساڵەکانی ١٩٨٠ و ١٩٨١ دا، هەر هەموو ئەوانەی دیکە تەنها بە نهێنی و لە ئاستی مائمورێکی سەفارەت، ئیتلاعات یان کەسێکی ناوبێژیوکەر بووە. کەواتە لایەنی کوردی لەم مەیدانەیشدا نە تەنها دەسکەوتی بەدەست نەهێناوە، بەڵکو هەر کۆماری ئیسلامی ئێران براوە بووە، و کوشتن و خوێن و زەرەرێکی قورسیش لە ماڵی کورد کەوتووە.
بە پلەی سێهەم هەڵوێستی زۆربەی ئەحزاب و لایەنی کوردیی لەسەر ئەساسی بەشداریی و پشتیوانی خەڵکی کوردستان لە جموجوڵی باڵە ناڕازیەکانی ناو سیستەمی کۆماری ئیسلامیی لە "رێفۆرمخوازانی" دەورانی خاتەمیـیەوە تا بە باڵی سەوز (کەهرۆبی و موسەوی) دەگات، لە جێگای خۆیدا نەبوو و خەڵکی کوردستان بە ناحەق خرایە بازنەی کێشەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، ئاکامەکەی بۆ ئاکارەدا چووە کە ئەمڕۆ دیبینین کە لە کوردستانی داگیرکراودا لەسەر دەستی باڵەکانی کۆماری ئیسلامیی بەشێک لە لاوانی خوێنەواردا باڵی "ئۆسولگرا ئیسڵاحخواز" لە دایک بێت، ئەمە نیشاندەری ئەو راستییەیە کە ئەو حیزب و لایەنانەی کە ئاڵاهەڵگری دروشمی بەشداریی و داوای شۆرشی سەرشەقامیان لە خەڵکی کوردستان دەکرد بە بێ هیچ دەسکەوتێک بۆ خەڵکی کوردستان، لەم سیاسەتەیشدا لەگەڵ شکست ڕووبەڕوو بوون و ڕوو بە ڕوو دەبن.
بەپلەی چوارهەم هەوڵێکی زۆر لەسەردەمی "ریفۆرمخوازانی" سەردەمی خاتەمی بە تایبەت لەنێو کوردەکاندا و لەم ئاخرانەیشدا لە لایەن لایەنیەکی ئۆپۆزیسێۆنی کوردەوە بۆ گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی لە ئێراندا هاتە کایەوە، یاسایەک کە لەسەر ئەساسی ولایەتی فەقێ و مەزهەبیی نەگۆڕە، بە ڕاستی پاداگرتنی ئاوا بۆ گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئێران ئەویش لە لایەن کوردەوە بە هەموو "قورسایی" خۆیەوە لە ناوەندی دەسەڵاتدا چەند لە جێگای خۆیدایە؟ پیادەکردنی یان گۆڕینی ئەم یان ئەو یاسا لە کۆماری ئیسلامییدا بە بێ ئیزنی ولایەتی فەقێ و پاش ئەوەیش شەخسی رابەری چەندە مومکینە؟ بە ڕاستیی چەندە لە جێگای خۆیدایە کە کورد لەم بازنەدا لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی ئاوا قرونوەستایی و فەناتیک کە لەسەر ئەساسی ئائینی دامەزراوە باس لە گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی لە ئێراندا بکات؟
بەپلەی پێنجهەم هاوکاریی و هەواهەنگیی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان لە ئاستێکی زۆر لاواز و شەرمێوندا خۆی دەرخەستووە، بەڵام لە بەرامبەردا شانازیی دانیشتن و هاوکارییان لەگەڵ فیدایانی ئەکثریت، توودەیەکان، نەوەکانی سەڵتەنەت، نوریزادەکان، "ریفۆرمخوازەکان و سەوزەکان" سەر بە باڵەکانی کۆماری ئیسلامیی و کۆماریخوازیەکانی ئێراندا بە بەردەوامیی هەبووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ناو ماڵی کورد لە ئاستی یەکگرتوویی و هاودەنگییدا وێرانە، ئەوە لە کاتێکدایە کە دڵسۆزان و هۆگرانی ئەم بزووتنەوەیە هەر لەسەر خاکی ئەم کوردستانەیە.
من لەوە تێدەگەم کە کورد پێویستە لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هەڵسوکەوت و سات و سەودا بکات، بەڵام نەک لە ئاستی نزم و سووکدا کە تا ئێستا کراوە، تا ئێستایش هیچکام لەو لایەنانی کە "دۆستانی" ئەمڕۆی فڵان کەس و فڵان حیزبن، بۆ یەکجاریش یەکێک لەم لایەنانە هەڵوێستێکیان لە ئاستی مافەکانی خەڵکی کوردستان وەرنەگرت، ئەم ئۆپۆرتونیزمە کە بەشێوەیەکی شاراوە لە جوڵانەوەی گەلی کوردا هەلسوکەوت دەکات ریسواکردنی خزمەتە بە خەڵکی کودستان، ئۆپۆرتونیزمیەکە کە لە کۆبوونەوە و میوانیی نێو ماڵاندا باس لە سەربەخۆیی و داگیرکراویی خەڵکی کوردستان دەکات، بەڵام لە هەستان و دانیشتن لە گەڵ دوژمنانی دوێنێ کە دۆستانی ئەمڕۆن، لە مافی شارۆمەندی کورد لە ئێراندا دەدوێت. لە هەر جێگایەک بەقازانجی بێت ئاڵای کوردستان لە باڵی دەهاڵێنێت، و لە کۆڕوکۆمەڵی ئێرانیسدا شەرمی لێدەکات.
هەموو ئەوانەی کە کاری سیاسیی جیددی دەکەن و خەبات دژی دیکتاتۆریی و هەڵاواردن بە ئەرکی خۆیان دەزانن، لە بارودۆخی ئێستای جیهان بە گشتیی و رۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەتیی تێدەگەن، کە چۆن رەوتی رووداوەکان لە قازانجی خەڵکی کوردستان دەگۆرێت، هەلومەرجی ئەمڕۆ بە ئێمە دەڵێت چیتر دەست راگرتن لە هاوکاریی و یەکدەنگیی ئەحزابی کورد دژ بە کۆماری ئیسلامیی لە ئاستی نەتەوەییدا خۆکۆژیە، کوشتنی هیوا و هومێدەکانی خەڵکی کوردستانە، هەر بۆیە پێویستە چیتر لە پەرژوبڵاویی خۆبپارێزین، و لە هەمانکاتدا یەکدەنگ و هەوئاهەنگ لەگەڵ خەڵکی کوردستان لە سەر ئەساسی ئەزموونی ڕابردوومان هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی کۆماری ئیسلامیی لە کوردستان بایکۆت بکەین. پێموایە پێویست ناکات لێرەدا باسی باردۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامیی و فاکتەرەکانی ئەو قەیرانانە کە ئەم رژیمە تێیدا بەسەر دەبات بکەم، چون پێموایە هەموو ئەو کەسانەی کە لەم مەیدانەدا خەبات دەکەن ئەوەندە تێگەیشتن و زانیاریی و ئەزموونیان هەیە کە لە ناوەڕۆکی ئەم هەلومەرجە و زەرورەتی یەکدەنگیی و یەکڕیزیی ئۆپۆزیسیۆنی کورد تێگەیشتوون، بە دڵنیایەوە هەنگاونان لەم دڵنیا بن هێزی لەبننەهاتووی گەل لەیەک هەڵدەپێکێت، و ئاسۆی روونی سەرکەوتنمان مسوەگر دەکات.