عەبدولڕەحمان سدیق
رێككەوتننامە حەوت خاڵییەكەی ئەم دواییەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا ، پێویستی بەمیكانیزمی جێبەجێكردنە. من لێرەدا تەنیا قسە لەسەر خاڵی (سێیەم) دەكەم كە دەڵێ : پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ لێكۆلینەوە لە وردەكارییەكانی بەڕێوەبردنی ئەمنیی هاوبەش لە ناوچە (ناكۆكی لەسەرەكان) بەمیكانیزمی تایبەت و، بێ لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان لەنێویشیاندا ئۆپەراسیۆنی دیجلە ، بەرێوەدەبرێت . ئاماژە بەوەشدەكەم كە جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێشوازی لەم رێككەوتنامەیە كردو ، لە پەیوەندییەكی تەلەفونیشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراقدا باسی لە لیژنەكانی هاوئاهەنگیی نێوان ئەمریكاو عێراق كرد لەچوارچێوەی رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوانیان، ئەمەش مانای ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدووریشەوەبێ قسەو هەنگاوی خۆی هەبووەو هەیە لەبارەی ناوخۆی عێراقەوە. بۆیە لێرەوە بەپێویستی دەزانم جارێكی دیكەش ئاماژە بەو نەخشە رێگەیە بكەم كە (لاری هانۆر)ی توێژەری پێشكەوتوو لە دامەزراوەی RAND ی ئەمریكی سەبارەت بە كەركووك خستییەڕوو كە ئەمەی خوارەوە كورتەكەیەتی:
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رۆڵێكی سەرەكی بینی لە ناوبژیوانیكردن لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی عێراقدا، دواتریش لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكاندا كاتێك لە بازگەو شوێنە هەستیارەكاندا هێز دانرا، هێزەكە بریتیبوو لە هێزەكانی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنی سێیەمیش هێزەكانی ئەمریكا بوو، ئەم میكانیزمەش كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر كەمكردنەوەو رەواندنەوەی ترس و نیگەرانییەكانی دانیشتووانی كەركووك و ئەو ناوچانە.
دەریشكەوتووە كە نێوبانگی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراقدا لاوازە، هەوڵدانیش بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەركووك و ئەو ناوچانەش لە رێگەی كۆبوونەوەی زۆر فراوانەوە چارەسەر دووردەخاتەوە، بۆیە نەتەوەیەكگرتووەكان هەر ئەوەی پێدەكرێت كە رۆڵی هەبێ لە چاودێریكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و كۆمەڵگەییە هاوبەشەكانی نێوان لایەنە ناكۆكەكان.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەتوانێ 3 هەنگاوی گرنگ و بێ كێشە بنێت بۆ هاندانی عێراقییەكان بەرەو چارەسەركردنی كێشەی كەركووك:
هەنگاوی یەكەم : وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نێردراوێكی تایبەت بە كێشەی كەركووك دابنێ ... ئەم نێردراوە پلە بەرزە، راستەوخۆ پەیوەندی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە هەبێت، چونكە دیپلۆماتكارە ئەمریكییەكان لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا ئەوەندە سەرقاڵن بەزۆر باس و بابەتەوە ، كە كاتیان نییە بۆ بایەخدان بە كێشەی كەركووك ، بۆیە ناتوانن وەك لایەنێكی كاریگەر و گرنگ نێوبژیوانی بكەن لەبارەی بابەتەكەوە كەكێشەیەكی بەردەوامە.
هەنگاوی دووەم : پێویستە ئەمریكا سەركردە عێراقییەكان و سەركردەكانی كورد قایل بكەن بەوەی كە كەركووك لە چەك دابماڵدرێت و ، گشت كارەكانی پاراستنی سەقامگیری بە پۆلیسی كەركووك بسپێردرێت ، كە لە پێكهاتە جیاجیاكانی كەركووك پێكهاتووە.
ئەوساش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو چەند دەوڵەتێكی دیكە دەتوانن ئەركی مەشق و راهێنانی ئەو پۆلیسانە جێبەجێبكەن بۆ ئەوەی ببنە هێزێكی زیاتر پیشەگەر.
هەنگاوی سێیەم : پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كەسایەتییە سیاسییەكانی شارەكەو ، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەشارەكەدا بخاتە گەڕ بەمەبەستی:
-1 گەیشتنە پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكە، بۆ دەستكردن بە دیالۆگ و گفتوگۆ لەبارەی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی دانیشتووانی كەركووك، وەك خزمەتگوزارییە گشتییەكان و كار دۆزینەوە بۆ بێكاران و، دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون و .. هتد.
-2 هاوكات یارمەتیدانی دیپلۆماسییەتی ئەمریكاو فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لەپرۆسەی نێوبژیوانیی نێوان سەركردە عێراقییەكان و سەركردەكانی كورددا.
-3 هێمنكردنەوەو كەمكردنەوەی بارگرژییە نەتەوەییەكانی كەركووك بۆ رێگەگرتن لە تووندوتیژی.
بەو رێگەیە ئەمریكا دەتوانێ بەشدارییەكی كارا بنوێنێت لەبارەی سەقامگیری لەعێراقدا بەبێ دووبارە ناردن و بڵاوەپێكردنەوەی هێزە ئەمریكییەكان لە عێراقدا.
ئەمە كورتەی قسەكانی (لاری هانۆر)بوو، كە دەكرێ هەردوو حكوومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان سوودی لێوەربگرن وەك میكانیزمێك بۆ جێبەجێكردنی خاڵی سێیەمی رێككەوتنامەكەی نێوانیان.
10/05/2013