رەزا شوان / نەرویج
رۆژێک رەنگەکان لە شوێنێکدا بە یەکتری گەیشتن .. هەر رەنگە و بە شان و باڵی خوێدا هەڵیدا و ، خۆی بە جوانترین رەنگ دەزانی .
سـوور : من رە نگی لاوی و جوانیم ، رەنگی راپەڕین و شۆڕشم ، رەنگی خوێنم ، رەنگی گەرمی و ئاگرم ، رەنگی گوڵە ئەرخەوان و گوڵاڵە سوورەم ، دیارە من لە هەمووتان جوانترم .
زەرد : من لای خەڵکی رێزێکی تایبەتیم هەیە ، چونکە رەنگی گەنم و گەنمە شامیم ، رەنگی زێڕم ، رەنگی لیمۆم ، رەنگی گوڵە زەردەم ، بە شانازیشەوە دەڵێم ، کە رەنگی رۆژەکەی سەر ئاڵای کوردستانم .
سەوز : جا ئەگەر ئێوە وەک من جوان بن چیتان دەوێ ، من رەنگی بەهارم ، رەنگی چیمەن و گیا و سەوزەم ، رەنگی هیوا و ئومێدم ، رەنگێکی پیرۆزم ، یەکێکم لە چوار رەنگەکەی ئاڵای کوردستان .
شین : من لە هەمووتان زیاترم ، رەنگی ئاسمانی بێ کۆتاییم ، رەنگی ئاو و رووبار و دەریا و دەریالۆشەکانم ، لە لای زۆر کەس پەسەند و جوانم .
سپی : من رەنگی ئاشتی و دڵپاکیم ، رە نگی کراسی بووکێنیم ، رەنگی لۆکە و زیوو و بەفرم ، رەنگی پەلکە جوانەکانی گوڵە نێرگز و حاجیلەم ، رەنگی شیر و شەکرم ، رەنگی ... هتد .
هەریەکەش لە رەنگی مۆر و پەمەیی و قاوەیی وپورتووقاڵی و رەشیش ، کەمیان نەوت و ، بە هەوەسی خۆیان بە شان و باڵی خۆیاندا هەڵیان دا .
رەنگەکان لەسەر ئەوەی کە کامیان شایانی نازناوی ( شاڕەنـگ ) ـە ، بوو بە هەرایان و ، لە یەکتری زویر و لووتەلا بوون .
لەم کاتەدا منداڵێکی چاوگەش ، هاتە نێوانیانەوە ، لە جانتاکەیدا پەڕەیەکی کاغەزی سپی و قووتوویەک بۆیەی ئاویی دەرهێنا ، چوو ئاویشی هێنا . بە پێنووسێکی رەش لەسەر دیوێکی لاپەڕەکەدا ، دیمەنێکی جوانی کوردستانی کێشا .. کە بریتی بوو لە گوندێکی قەشەنگ لە پاڵ چیایەکی زنجیرە چیایەکدا ، چەمێکیش کەوتبووە ناوەڕاستی گوندەکەوە .. وەرزیش بەهار بوو .
منداڵەکە دەستی کرد بە رەنگکردنی دیمەنەکەی .. چیاکانی دەوروبەری گوندەکەی قاوەیی و سەوز کرد ، سەر لووتکەکانیشیانی سپی کرد ، دەشتی دامێنی چیاکانی سەوز کرد و ، بە گۆڵاڵە سوورە و نێرگز و ، بە چەندین گوڵی هەمەجۆرەی رەنگاوڕەنگ رازاندییەوە .. ئاوی چەمەکە و ئاسمانی سەرووی شاخەکانی شین کرد .. دار و درەختەکانی رۆخی چەمەکەشی سەوز کرد .. لە نێوان دوو لووتکە چیای زنجیرە چیاکەدا خۆرێکی گەش و تیشک زێڕینی بە رەنگی زەرد کێشا .. لە ئاسمانی گوندەکەشدا ، بە رەنگی رەش پۆلێک باڵندەیەکی هەڵفڕیوی کیشا .. خانووەکانی گوندەکەشی هەریەکە بە ڕەنگێک رازاندەوە .. لە سەر قوتابخانەی گوندەکەشدا ، بە ستوونێکی درێژەوە ، ئاڵا چوار رەنگییەکەی کوردستانی شیرینمانی کێشا .. منداڵەکە تابلۆیەکی زۆر جوان و رەنگینی رازاندەوە .. هەر هەموو رەنگەکانی لە خۆ گرتبوو .
رەنگەکان کە ئەو تابلۆ رەنگینەیان بينی .. سەرسام بوون .. هەستیان بەوە کرد ، کە راستە هەر رەنگێک جوانی و حەزلێکردەی خۆی هەیە .. بەڵام پێکەوە جوانتر و رەنگینترن . رەنگەکان ئاشتبوونەوە و ، دەستیان خستە ناو دەستی یەکترییەوە و ، داوای لێبووردنیان لە یەکتری کرد .. دەستخۆشیشیان لە منداڵە هونەرمەندە کرد و ، چەپڵەیەکی درێژ و قاییمیان ، بۆ خۆی و بۆ تابلۆ رەنگینەکەشی لێدا .
05/05/2013