جەنگیز چاندار- رادیکاڵ
دوێنێ ئێوارێ[یەکشەممە ٧ی ئاپریل]، لەگەڵ چەند دۆستی بیانی قسەم دەکرد، یەکیان پرسیاری لێکردم کە "جان کێڕی بۆ دێتە تورکیا؟" هێندە لەمێژە سەرقاڵی کێشە و مەسەلە ناوخۆییەکانین، هەر تەواو لە سیاسەتی دەرەکی خافڵ مابووم. بۆیە چاوەڕوانی ئەو پرسیارەم هەر نەدەکرد. کەچی سەردانی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا بۆ تورکیا، گرینگی تایبەتی بۆ مێدیاکانی تورکیا هەبووە و بەر لە هاتن و دوای گەڕانەوەیان، بەردەوام مناقشەی لەسەر کراوە. بەرزبوونەوەی پرۆفایلی تورکیا و بوونی بە ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی، مانەوەی ئەمریکا وەک تاکە زلهێز و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوین کە هاوکات لەگەڵ دەسەڵاتداری ئۆبامایە، گرینگی سەردانی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا بۆ تورکیای زیاد و زیاتر کردووە. دیارە سەردانی جان کێڕی بۆ تورکیا گرینگییەکی تریشی هەیە. ناوبراو نەک بڵەی هەر بەو هۆکارە کە سیمای نوێی دیپلۆماسی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵاتە بەڵکوو، ماوەیەک لەمەوبەر یەکەم سەردانی دەرەوەی وڵاتی خۆی بۆ تورکیا کرد و هەر دوابەدوای ئەمیش، لەگەڵ ئۆباما سەردانی ئیسرائیلیان کرد و دوا خولەکەکانی ئەو سەردانەیاندا، داوای لێبوردنی تەلەفۆنی نێتانیاهوو لە ئەردۆغانی لێکەوتەوە و بەم شێوە پێوەندییە خەساردیتووەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل کە لە ساڵی ٢٠١٠ەوە لە پاش هێرشکردنە سەر گەمی "ماوی مەرمەرە"، پێی نایە قۆناخی "تەعمیربوونەوە".
گۆڕانی سیاسەتی دەرەکی ئیسرائیل و سووڕانەوەی سەت و هەشتا خاڵی تێلاڤیڤ لە بەرانبەر تورکیا، هێمای گۆڕانی رەوشی هەرێمەیەکە. داوای لێبوردنێک کە لە تورکیا وەک "سەرکەوتنێکی مەزنی دیپلۆماتیک" پێناسەکرا، بە قسەی خۆی نێتانیاهوو بەم هۆیە کە هەردوو وڵات "جیرانی هاوبەشی سووریان" و ئەمەش هانیان دەدات کە "پێوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە".
ئەگەر گوێ نەدەینە کۆمپلۆتیۆرییەکانی لایەنگرانی رەژیمی بەشار ئەسەد، دژبەرانی ئەمریکا و ئەو کەسانەی کە تورکیایان پێ نۆکەری ئاڵقەبەگوێی ئۆبامایە، بیستنی شرۆڤەی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەو هەرێمەکە لە زمانی کەسانی تر، دەتوانێ سەرنج راکێش بێ. بۆ وێنە بۆچوونی "پاتریک سییڵ"[رۆژنامەنووسی بریتانیایی، پسپۆری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوین/و] کە لە سەردەمی ئەسەدی باوکەوەلە سەر ئەو جوگرافیایە دەنووسێ و پێوەندی چڕ و پڕی لەگەڵ کاربەدەستانی سووریا هەیە.
پێشووتر گوتبووم کە پاتریک باش دەناسم و لەگەڵ بۆچوونەکانی سەبارەت بە سووریا کۆکم و بەردەوام تاقیبی نووسراوەکانی دەکەم و گرینگیان پێدەدەم. ناوبراو چەند رۆژ لەمەوبەر، لە وتارێکدا بۆ گۆڵف نیوز، بەم شێوە باسی لە رەوشی سووریا کردبوو:
"ماوەیەکی کورت بەر لە ئێستا، ئەمریکا بەو ئاکامە گەیشت کە رەژیمی بەشار ئەسەد لە سووریا بڕووخێنێ و هەر بۆیەش هاوپەیمانی نوێی تورکیا-ئەمریکا-ئیسرائیل، بەرهەمی ئەو ئاکامەیە. جان کێڕی لەم دواییانەدا گوتبووی کە "ئامانجم تێگەیاندنی ئەسەد لە گۆڕانی هاوکێشەکەیە" و بەم شێوە ناوبراو سەرەداوی پلانەکانی ئەمریکا بۆ سووریای ئاشکرا کردبوو."
هەڵبەت سووریا، تەنیا یەکێک لە ئامانجەکانی پێکهاتنی ئەو هاوپەیمانییە نوێەیە. هەنگاوی دوای ئەمە، تێکدانی هاوپەیمانی سووریا-حیزبوڵا-ئێرانە. ئێرانێک کە لە سی ساڵی رابردوودا، تەنیا وڵاتێک بووە کە ورەی بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوین هەبووە و بەردەوام لەمپەڕێک لە بەرانبەر بەرژەوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە ناوچەکە بووە. هاوپەیمانییەک[سووریا-حیزبوڵا-ئێران] کە هەر بەشیک لە زنجیرەکەی، تووشی کێشە و گرفتی جیددی بۆتەوە.
ئێران کە لە ژێر ئابلووقەی ئابووری قورسی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دایە و ئیسرائیلیش بەردەوام هەڕەشەی هێرشی سەربازی لێدەکات. سووریا کە دەستەویەخەی شەڕێکی ماڵوێرانکەری ناوخۆیی بووە و حیزبوڵاش کە خەریکە هاوپەیمانەکانی لەدەست دەدا، خەریکە دەچێتەوە دە قاپێلکی خۆی و تەنانەت لە وڵاتی خۆی، لە لوبنان، چۆتە ناو دۆخی پاراستنەوە و وەزعێکی باشی نییە.
ئامانجی دووهەم سەردانی جان کێڕی بۆ تورکیا، ئەویش لە ماوەیەکی کورتدا، "ئیسرائیل و سووریا" راگەیاندرابوو. کێڕی نوێنەرایەتی ئەو گۆڕانکارییە لە کابینەی ئۆبامادا دەکات کە بە نیازە پشتیوانی زیاتری دژبەرانی ئەسەد بکات. هەر بۆیەش چاودێران پێیان وایە کە رەژیمی ئەسەد، زۆری کات لەبەردەم نەماوە و ئەگەری رووخانی پەرەی سەندووە.
یانی قسەی تێدانییە کە هۆکاری سەردانە بەپەلەکەی دوێنێی جان کێڕی بۆ ئیستانبووڵ، باسکردن لە چۆنیەتی یارمەتیدانی دژبەرانی ئەسەد بووە. لە لایەکی دیکەوە دەتوانین بێژین کە تا عومری رەژیمی سووریا زیاتر بێ، سەرئێشەی زیاتر بۆ ئەردۆغان-داوودئۆغڵوو ساز دەکات.
خۆتان دەزانن کە تورکیا لەمێژە، بەم بیانووی ئەوەی ئەمریکا ئەرکی سەرشانی لە هەمبەر سووریا بەجێ نەگەیاندووە، گلەیی لە واشنتۆن دەکات. کەوایە، بەو جۆرەی کە دەبینرێ، شک لەوەدا نامێنێ کە دیداری داوودئۆغڵوو و کێڕی، رێککەوتن لەسەر هەندێک هاوکاری چڕوپڕتر لەسەر مەسەلەی سووریایە.
هەرچەند چوونی جان کێڕی لە ئیستانبووڵەوە بۆ ئیسرائیل، هەنگاوێکی تر بۆ تەعمیرکردنەوەی پێوەندییە خەساردیتووەکانی نێوان ئانکارا و تێلاڤیڤە. شتێک کە خۆی جان کێڕیش نەیشاردەوە و لە کۆنفڕانسە چاپەمەنییەکەی دوێنێدا باسی کرد.
سەیرەکە لەوەدایە کە هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی جان کێڕی و داوودئۆغڵوو، هەم بەرپرسانی ئیسرائیل و هەم بەرپرسانی فلستینی گوتیان کە "ناوبژیوانی تورکیامان ناوێ"! ئاخر دەنگۆی ئەوە هەبوو کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەر لەوەی بێتە ئیستانبووڵ، پێشنیارێکی لەو چەشنەی بە وەزیری دەرەوەی تورکیا کردبوو.
یانی هەم ئیسرائیل و هەم فلستینییەکان، بەر لەوەی کە کێڕی بچێتە ئیسرائیل، وتیان کە ناوبژیوانی تورکیامان قەبووڵ نییە. "یاڤووڵ شەینیتز"، وەزیرێکی کابینەی دەوڵەتی ئیسرائیل لەمبارەوە بە مێدیاکانی راگەیاند کە "هیچ شتێک لە وتووێژی راستەوخۆی نێوان فلستینییەکان و ئیسرائیل باشتر نییە". "ریاز مالکی"، وەزیری فلستینیش ناوبژیوانی تورکیای رەتکردبۆوە و وتبووی کە "چوار لایەنی بەشدار[ئەمریکا، رووسیا، یەکێتی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان]، کاریگەری زیاتریان لەسەر درێژەی وتوویژەکان دەبێ" و هەر بۆیە فلستینییەکان، ئەو گرووپە چوارقۆڵییە لە ناوبژیوانی تورکیا بە باشتر دەزانن.
ئەگەرچی ئەو سیگناڵە، رۆڵی تورکیا لە ناوبژیوانی نێوان دوو لایەن لایەندا سنووردارتر دەکات بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەردەکەوێ کە ئیسرائیل و تورکیا بەشداری ئۆرکێسترایەکن کە ئەمریکا، لە دوورەوە دەیجووڵێنێ و هەوڵی کاریگەری ئەو دوو لایەنە بۆ لاوازکردنی هاوپەیمانی ئێران-سووریا-حیزبوڵا و لق و پۆپەکانی دەدات.
هەڵبەت ئەوەشتان لەبیر نەچێ کە جان کێڕی لە ئیستانبووڵ، پشتیوانی لە قۆناخی چارەسەری دووپات کردەوە. لێرەدا دەتوانین ئەو پرسیارەش بکەین کە "بێژی، قۆناخی چارەسەری کێشەی کورد، پەکەکەش نەخاتە بەرەی دژ بە ئێران و سووریا؟"، پرسیارێک کە سەرەڕای ئاڵۆزبوونی خۆی دۆخەکە، وەڵامەکەی، زۆر ئاسانە".
و: مەسعوود مەناف
nns
08/04/2013