67 ساڵ به‌ر له‌ئێستاو له‌مه‌یدانی چوارچرای شاری مهابادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، لهدادگایكردنێكی سه‌رپێیدا سزای له‌سێداردان به‌سه‌ر پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د سه‌رۆكی كۆماری كوردستان و هاوڕێكانیدا سه‌پێنرا، ئه‌و كۆماره‌ی ته‌مه‌نی ته‌نها 11 مانگی خایاند. كۆماری مهاباد كه به‌ره‌سمی به‌كۆماری كوردستان ناسراوه‌و له‌كوردستانی رۆژهه‌ڵات دامه‌زرێنرا، ده‌وڵه‌تێكی كوردی كه‌مته‌مه‌ن بوو كه له سه‌ده‌ی بیستدا‌و له دوای كۆماری ئارارات-له توركیا، دامه‌زرا، پایته‌خته‌كه‌ی شاری مهاباد بووه كه ده‌كه‌وێته باكوری خۆرائاوای ئێران، دامه‌زراندن و له‌ناوچوونی كۆماره‌كه به‌شێك بوو له قه‌یرانی ئێران، ئه‌و ململانێیه‌ی له‌وكاته‌دا له‌نێوان ئهمریكاو سۆڤێتدا هه‌بوو كه جه‌نگی ساردی لێكهوتهوه.
بنه‌ماڵه‌ی قازی محه‌ممه‌د
ئه‌و به‌شه كورده‌ی كه ده‌كه‌وێته رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی ئێران كۆمه‌ڵێك هۆز و بنه‌ماڵه‌ی تیادادهركهوتووه هه‌وڵی زۆریانداوه بۆ ئازادكردنی و ده‌ركردنی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته، یه‌كێك له‌و بنه‌ماڵانه بنه‌ماڵه‌ی "قازی محه‌مه‌د"ه.
قازی محه‌ممه‌د كوڕی قازی عه‌لی كوڕی میرزا قاسم كوڕی میرزا ئه‌حمه‌ده له‌سه‌ره‌تای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه له موكریان‌دا ناوبانگیان ده‌ركردوه، مێژوی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه لهسابڵاخدا (مهاباد) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چوار سه‌ده پێشتر، ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه له‌لای خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌و كورد به‌گشتی ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تیشه‌وه جێگه‌ی رێز بوون، له‌ساڵی 1835 باپیره‌ی قازی محه‌مه‌د واتا شێخ ئهلموشایخ هه‌موو هۆزو سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌ی كۆكردوهتهوهو له‌و كۆكردنه‌وه‌یه‌دا داوای (جه‌بهه‌ی یه‌كێتی) دژی ئینگلیزی كردوه، هه‌روه‌ها ئازادی كوردستانیشی پێشنیاركرد.
بنه‌ماڵه‌ی قازی محه‌مه‌د هه‌ر له ره‌چه‌ڵه‌كه‌وه هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتیمانپه‌روه‌ری به‌هێزیان هه‌بووه به‌رامبه‌ر به‌كورد بۆ رزگاركردنی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ستی توندیان هه‌بووه به‌رامبه‌ر به‌وكه‌سانه‌ی كه ده‌یانه‌وێست كوردستان داگیربكه‌ن، له ساڵی 1916 قازی فه‌تاح برا بچوكه‌كه‌ی باپیری قازی محه‌مه‌د له‌به‌رامبه‌ر هێرشی راسته‌وخۆی روسه‌كان شه‌هیدكراوه‌و دوو كوڕه لاوهكهشی (سالار‌و محه‌مه‌د) له‌به‌رامبه‌ر هێرشی روسه‌كان بهدیلیگیران و بۆ شوێنه دوره‌كانی روسیای ئه‌وكاته به‌ڕێكران.
قازی فه‌تاح له بزووتنه‌وه‌ی مه‌شروته‌دا به‌شداربوو، هاوكارو هاوده‌نگ بوون له‌گه‌ڵ ئازادیخوازانی ئێران بۆ گۆڕینی سیستمی پاشایه‌تی ره‌ها به‌پاشایه‌تی مشروته.
قازی فه‌تاح هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه كه له‌پێناوی به‌دیهێنانی یاسای ده‌ستوری زۆر خهباتیكردوه، هه‌ر له‌به‌رئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندینجار له تاران به‌ندكراوه، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وامبوو له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی خۆی و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی له ده‌ور كۆبوونه‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی یاسای ده‌ستوری. ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه هه‌وڵ و تێكۆشان و خه‌باتی زۆریانكردووه بۆ گه‌لی كورد، بۆیه قازی محه‌مه‌دیش له‌سه‌ر ئه‌و رێڕه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌ی و باوباپیرانی به‌رده‌وامبوو، رابردوی خاوێنی بنه‌ماڵه‌كه‌ی پاڵی به‌قازی محه‌مه‌ده‌وه ناوه زیاتر له رێگه‌ی ئازادكردنی كوردستان خه‌بات و تێكۆشان بكات، بۆیه ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه به‌وریایی و هه‌ستی زۆر به‌رزه‌وه كاریان بۆ گه‌له‌كه‌یان ده‌كرد.
قازی عه‌لی باوكی قازی محه‌مه‌د ئه‌ویش به‌هه‌مانشێوه خه‌باتی زۆریكردوه بۆ گه‌لی كورد، چ به‌ئاشكرا چ به‌نهێنی له بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیدا.
قازی عه‌لی له 1930 له‌مهاباد رێكخراوێكی كوردی به‌ناوی (بزوتنه‌وه‌ی محه‌مه‌د) پێكهێنا، ناوبراو له‌گه‌ڵ جوڵانه‌وه‌ی شێخ محه‌مه‌د خیابانی له‌ته‌ورێز په‌یوه‌ندییان هه‌بوو، تاساڵی 1934 له‌سه‌ر ئه‌وكاره به‌رده‌وامبوه، قازی عه‌لی، دوو كوڕی هه‌بوو یه‌كێكیان (ئه‌بولقاسم قازی) ناسراو بهسهدری قازی، ئه‌ویتریشیان قازی محه‌مه‌د بوه.
قازی عه‌لی له‌ساڵی 1936 كۆچی دواییكردوهو فتوحاتی قازی بۆ قازی محه‌مه‌د گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
ژیانی قازی محه‌مه‌د
قازی محه‌ممه‌د كوڕی قازی عه‌لی كوڕی قازی قاسم كوڕی شێخ مشایخه سه‌باره‌ت به‌ساڵی له‌دایكبوونی قازی محه‌مه‌د بۆچونی جیاواز هه‌یه، یه‌كێك له‌و بۆچونانه بۆچونی دانا (محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ساحیب) له كتێبی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌دو كۆماری مهاباد ده‌ڵێ: له‌ساڵی 1901 له‌دایكبووه، هه‌روه‌ها كریس كۆچیرا له كتێبی كورد له سه‌ده‌ی 19و 20دا‌و جه‌لیل گادانی له كتێبی: (ده‌ی خاكه لێوه‌ی هه‌زارو سێسه‌دو هه‌شتادا رۆژی شه‌هیدانی كوردسان) ده‌ڵێت: له ساڵی 1900 له مهاباد له‌دایكبوه، بۆیه ئه‌وه‌ی كه به‌ڕاست داده‌نرێت ساڵی 1900ه، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی مێژونوسان له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دان و قازی محه‌مه‌د كاتێك له‌سێداره‌درا له ساڵی 1947 ته‌مه‌نی (47) ساڵ بووه.
قازی محه‌مه‌د له بنه‌ماڵه‌یه‌ك له‌دایكبوو كه هه‌مویان زانا‌و ژیر‌و روناكبیر بوون، قازی پێویستی بهلێوردبونهوهیهكی ورد‌و زیاتر هه‌یه ئه‌و كه‌سایه‌تییه مه‌زنه پله‌و پایه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه له مێژووی گه‌لی كوردا. پێشه‌وا قازی رووناكبیرێكی هه‌ڵكه‌وتوو بوو كه له‌وڕۆژگاره‌دا وێنه‌ی له‌ناو كوردا زۆر كه‌م به‌دیده‌كرا، قازی شارستانییه‌تی و زانستی تازه‌و هه‌روه‌ها له بارودۆخ و رووداوه‌كانی جیهان به‌ته‌واوی شاره‌زابوو، زمانی توركی و فارسی و ئینگلیزی و عه‌ره‌بی و فه‌ره‌نسی و روسی زانیوه، ئه‌وه‌ی شایه‌نی وتنه قازی پیاوێكی دیندار و خواناس بوو كاتی خۆی بهشتی لاوه‌كییه‌وه بهفیڕۆنهدهدا به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوو هێمنی و ئاسایش به‌رده‌وامبێت.
دروستبونی دامه‌رزاندنی (ژێ كاف)
له‌مانگی ئابی 1941دا راپه‌ڕینێكی جه‌ماوه‌ریی كۆنترۆڵی ناوچه كوردییه‌كانی له‌ده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی ئێران ده‌ركرد، له شاری مهاباد كه زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن، كۆمیته‌یه‌ك له كه‌سانی چینی ناوه‌ند به‌پشتگیری سه‌رۆك خێڵه‌كان ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌ییان گرته‌ده‌ست، پارتێكی سیاسی به‌ناوی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان (ژێ كاف) دامه‌زرێنرا، قازی محه‌مه‌د سه‌رۆكی بنه‌ماڵه‌ی قازی به‌سكرتێری كۆمه‌ڵه‌كه هه‌ڵبژێردرا، هه‌رچه‌نده كۆماره‌كه به‌ره‌سمی رانه‌گه‌یه‌ندرا تا مانگی كانونی یه‌كه‌می 1945، كۆمیته‌كه به‌سه‌ركردایه‌تی قازی محه‌مه‌د ناوچه‌كه‌یان به‌ڕێوه ده‌بردو به‌لێهاتویی و سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوه‌وه كه بۆ ماوه‌ی 5 ساڵ تا كۆتایهاتنی كۆماره‌كه درێژه‌ی هه‌بوو.
بۆچونی سۆڤێت
هێزه‌كانی سۆڤێت و به‌ریتانیا له‌كۆتاییه‌كانی ئابی 1941دا ئێرانیان داگیركرد، دیاره سۆڤێت له باكوره‌وه، سۆڤێت به‌گشتی دوو دڵ بوون له ئیداره‌ی كوردی، هێزیان له‌نزیك مهاباد جێگرنهكرد، ته‌نانه‌ت نێردراوێكی مه‌ده‌نی ئه‌وتۆیان نه‌نارد بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری گه‌وره دروست بكات، له‌ڕێگه‌ی چالاكیی دۆستانه‌وه، وه‌ك دابینكردنی كه‌ره‌سه‌ی گواستنه‌وه، ده‌ركردنی سوپای ئێران و كڕینه‌وه‌ی ته‌واوی به‌رهه‌می توتنهكهیان، پاڵپشتی ئیداره‌كه‌ی قازی‌یان ده‌كرد، له‌لایه‌كی تره‌وه كورده‌كان زۆر ئیداره‌ی كوردیان دهبێزاند له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌تیانكرده‌وه ببنه به‌شێك له كۆماری دیموكراتی (فارس) ئازربایجان، هه‌روه‌ها دژی راگه‌یاندنی كۆماری سه‌ربه‌خۆی كوردی بوون.
دامه‌زراندنی كۆماره‌كه
له ئه‌یلولی 1945دا قازی محه‌مه‌دو سه‌ركرده كورده‌كانی تر سه‌ردانی ته‌بریزیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی چاویان به كونسوڵی سۆڤێت بكه‌وێت له‌باره‌ی پشتگیریكردنی كۆمارێكی نوێ، له‌وێشه‌وه ره‌وانه‌ی باكۆ، ئازربایجانی سۆڤێت كران، له‌وێ ئاگادار بوونه‌وه له‌وه‌ی پارتی دیموكراتی ئازربایجان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه ده‌ستبه‌سه‌ر ئازربایجانی ئێران‌دا بگرێت، له 10ی كانونی یه‌كه‌مدا پارتی دیموكراتی ئازربایجان ده‌ستی به‌سه‌ر پارێزگای ئازربایجانی رۆژهه‌ڵاتدا گرت كه پێشتر به‌ده‌ست سوپای ئێرانه‌وه بوو، قازی محه‌مه‌د بڕیاریدا هاوچه‌شنی ئه‌و كاره دووباره بكاته‌وه، له 15ی كانونی یه‌كه‌مدا كۆماری مهابادی كوردی دامه‌زرێنرا، له 22ی كانونی دووه‌می 1946دا قازی محه‌مه‌د دامه‌زراندنی كۆماری مهابادی راگه‌یاند، هه‌ندێك له ئامانجه‌كانیان بریتی بوون له‌مانه‌ی خواراوه:
- ئۆتۆنۆمیی بۆ كورده‌كانی ئێران له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێران‌دا.
- زمانی كوردیی بكرێته زمانی راگه‌یاندن و خوێندن و ئیداره.
- هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆ كوردستان به‌مه‌به‌ستی چاودێری ده‌وڵه‌ت و بابه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
- هه‌موو به‌رپرسه‌كان له خه‌ڵكی ناوچه‌كه هه‌ڵبژێردرێن.
- یه‌كێتی و برایه‌تی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئازربایجان.
- یاسایه‌ك هه‌بێت كه بهیهكچهشن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كرێكار‌و كه‌سایه‌تییه باڵاكاندا بكات.
كۆتایی كۆماره‌كه
له 26ی ئازاری 1946دا به‌هۆی فشاری هێزه‌كانی رۆژئاوا، بۆ نمونه ئه‌مریكا، سۆڤێت په‌یمانی به‌حكومه‌تی ئێرانی‌دا كه له باكوری ئێران ده‌كشێته‌وه، له‌مانگی حوزه‌یراندا، ئێران دهستیگرتهوه به‌سه‌ر ئازربایجاندا، ئه‌مه‌ش بووه هۆی دابڕانی كۆماری مهاباد له سۆڤێت و دواجار بووه هۆی داڕمانی.
پشتگیرییه‌كان بۆ قازی محه‌مه‌د له كه‌مبوونه‌وه‌دا بوون، به‌تایبه‌تی له‌نێوان خێڵه كورده‌كاندا كه له سه‌ره‌تادا پشتگیری‌یان لێده‌كرد، به‌رهه‌م و سه‌رچاوه‌ی داراییان نه‌ماو شێوازی ژیانیان به‌هۆی دابڕانهكهوه به‌ره‌و سه‌ختی ده‌چوو، یارمه‌تی دارایی و سه‌ربازی له سۆڤێته‌وه نه‌ماو خێڵه‌كان هیچ هۆكارێكیان بۆ پشتگیریكردنی قازی محه‌مه‌د نه ده‌بینییه‌وه، زۆرێك له خێڵه‌كان قازی‌یان به‌جێده‌هێشت.
له 5 ی كانونی یه‌كه‌م، ئه‌نجومه‌نی شه‌ڕ به‌قازی محه‌مه‌دیان راگه‌یاند كه رێ له‌هه‌ر په‌لامارێكی سوپای ئێران ده‌گرن كه بكرێته سه‌ر ناوچه‌كه، له15ی كانونی یه‌كه‌م سوپای ئێران هاته ناوچه‌كه‌و ده‌ستی به‌سه‌ر مهاباد دا گرت.
له‌گه‌ڵ هاتنیان چاپخانه‌ی كوردی‌یان داخست، فێركردنیان به‌زمانی كوردی قه‌ده‌غه كرد، هه‌ر كتێبێكی كوردی‌یان بدۆزیایه‌ته‌وه ده‌یان سوتاند، دواجار له 30ی ئازاری 1947، قازی محه‌مه‌د به‌تۆمه‌تی "خیانه‌ت" له‌ده‌وڵه‌تی ئێران له مهاباد له سێداره‌درا.
دادگایكردنی قازی
دوای ئه‌وه‌ی سوپای ئێران به‌ره‌و مهاباد به‌ڕێكه‌وت قازی پێشتر بڕیاریدابوو شهڕنهكرێت له دژی سوپای ئێران له (رۆژی12/كانونی یه‌كه‌می/1946) گه‌یشته بۆكان پاشان به‌ره‌و مهاباد له (15/كانونی یه‌كه‌می/1946) هێرشی كتوپڕیان كرده‌سه‌ر مهابادو داگیریانكرد، به‌ڵام قازی و ئه‌ندامانی پێشوازیانلێكرد ئه‌و پێشوازیلێكردنه هیچ سوودی نه‌بوو، هه‌ر له (17)ی ئه‌و مانگه‌دا قازی و هاوڕێكانی گیران و خرانه زیندانه‌وه، پاش ماوه‌یه‌ك له رووخانی كۆماری مهاباد ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی قازی راگه‌یه‌نرا، ئه‌وه‌بوو پاش ماوه‌یه‌ك دادگاییكردن دهستیپێكردو كۆبوونه‌وه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ش چه‌ند سه‌عاتێكی خایاند، پرسیاری تاوانه‌كان له‌لایه‌ن دادستان حه‌سه‌ن خرانه‌ڕووی دادگا، قازیش زۆر به‌هێمنی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دایه‌وه بۆ هه‌ر پرسیارێكیش قازییه‌كان داوای به‌ڵگه‌یان دهكردو به‌شی زۆری پرسیاره‌كان له‌لایه‌ن قازییه‌كان و ره‌تده‌كرایه‌وه، ئه‌و خاڵانه‌ی قازی محه‌ممه‌د پێ تاوانباركرابوو ئه‌مانه‌بوو:
1 - بازرگانیكردنی نه‌وت له‌نێوان ده‌وڵه‌تی روسیا‌و كۆماری كوردستان.
2- ده‌ستكاریكردنی نه‌خشه‌ی ئێران و جیاكردنه‌وه‌ی ورمێ و كرمانشان و تهورێزو ئیلام.
3- دانان و دروستكردنی ئاڵا بۆ كۆماری كوردستان.
4 - لێدانی سكه‌ی پول بۆ حكومه‌تی كوردستان.
5- دروستكردنی نه‌خشه‌ی كوردستانی گه‌وره به‌هه‌رچوار پارچه‌كه‌یه‌وه.
6- هێنانی بێگانه بۆ كوردستان وه‌ك مه‌لا مسته‌فای بارزانی.
7- هه‌ڕه‌شه‌كردن و هاندانی خه‌ڵكی كوردستان دژی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی .
8- په‌یمانبه‌ستن له‌گه‌ڵ روس دژی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی.
9- هاتووچۆكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و سه‌ردانی روسیا‌و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ باغرۆف.
10- راگه‌یاندنی حكومه‌تی كوردستان و داگیركردنی به‌شێكی گه‌وره‌ی خاكی ئێران، ئه‌مانه و چه‌ندین خاڵی تر قازیی پێتاوانباركرابوو.
به‌ڵام قازی هه‌موو ئه‌مانه‌ی ره‌تكرده‌وه ته‌نها دانی به‌سێ خاڵدا نا ئه‌ویش:
1- چوونی بۆ باكۆی ئازه‌ربایجان و چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ باغرۆف.
2- بوونی ئاڵای كوردستان.
3- هاتنی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بۆ مهاباد ئه‌ویش خۆی هاتووه، چونكه كورده‌و كوردستان ماڵی خۆیه‌تی.
دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی سێ مانگ به‌سه‌ر داگیركردنه‌كه‌دا دواتر لهستادی ئه‌رته‌شی ئێران ده‌سته‌یه‌ك بۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ی دادگای قازییه‌كان له‌مانه ده‌ستنیشانكران: سه‌رهه‌نگ رارا نیكوزادا (دادستان)، سه‌رهه‌نگ ره‌جه‌ب عه‌تا سه‌رۆكی دادگایی، سه‌روان حوسێن ئه‌ندام، سه‌روان نه‌به‌وی وه‌ك پارێزه‌ر بۆ قازییه‌كان، ئه‌م ده‌سته‌یه‌ی دادگا له (رۆژی 25/3/1947) له تارانه‌وه به‌ره‌و ته‌ورێز كه‌وتنه‌ڕێ، له‌وێ به‌ره‌و میانداواو لهوهێشهوه بۆ مهاباد، رۆژی (28/3/1947) گه‌یشتنه ئه‌و شوێنه‌ی كه بڕیاری دادگاییكردنی قازی محه‌مه‌دی لێ بوو، پاشان دادگاییكردن ده‌ستیپێكرد، تاوانه‌كان هه‌مان ئه‌و (12) ماده‌یه‌ی پێشوتر بوون كه له‌لایه‌ن دادگای سه‌ربازییه‌وه جاری پێشوو رووبه‌ڕوی كرابوویه‌وه، قازی محه‌مه‌د تاوانه‌كانی دانه به‌دانه ره‌تكرده‌وه، بۆیه داوای له دادگاكرد بۆ هه‌ر تاوانێك به‌ڵگه بهێنێته‌وه، قازی زۆر به‌ئارام و له‌سه‌رخۆبوو، به‌هۆی پێداگرتنی قازی له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی تاوانه‌كانی دادگا (دادستان) به‌سه‌ر قازی‌دا خۆی توڕه‌كرد, قازیش كاردانه‌وه‌ی هه‌مانشێوه‌ی هه‌بوو له‌سه‌رئه‌وه بۆیه قازی به دادستانی وت ئه‌م هه‌موو درۆ‌و بوختانه چۆن بۆمتان دروستكردوه ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌ن به‌ڵگه بخه‌نه‌ڕوو بۆیه ئه‌م قسه‌یه دادستانی زۆر تووڕه‌كرد.
قازی دوای ته‌واوبونی قسه‌كانی بڕیاریدا وه‌ڵامی پرسیاره‌كان نه‌داته‌وه، بۆیه ده‌سته‌ی دادگا له‌نێو خۆیاندا كهوتنهڕاگۆرینهوه ناچار بڕیاریاندا له شوێنی نیكوزدا سه‌رهه‌نگ ره‌جه‌ب عه‌تای ببێت به‌سه‌رۆكی دادگاكه‌و پرسیاره‌كان سه‌رله‌نوێ ده‌ستیپێكرده‌وه.
سه‌رهه‌نگ عه‌تایی پرسیاری زۆری لێ‌كرد به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وام ره‌تیده‌كرده‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی قازی له به‌رامبه‌ری به‌توندی وه‌ستابوو.
دادگایی به‌وجۆره درێژه‌ی كێشا‌و عه‌تای پرسیاری له قازی ده‌كرد ئه‌ویش زۆر به‌توندی و به‌بێ ترس وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ده‌دایه‌وه له كۆتاییدا قازی وتی: وا ده‌زانن كه هه‌ڵنه‌هاتم به‌هۆی نهتوانینمهوه بووه، به‌ڵكو زۆر به ئاسانی ده‌متوانی هه‌ڵبێم و له سنوور بپه‌ڕمه‌وه، چونكه شه‌ش جێب و دوو ئۆتومبیلم له‌به‌رده‌ستدابوو له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ڵێنم به گه‌له‌كه‌م دابوو تا دواهه‌ناسه له‌گه‌ڵیاندابم بۆیه هه‌ڵنه‌هاتم.
به‌مشێوه‌یه كۆتایی به‌دادگا هێنرا، بۆیه لیژنه‌ی دادگایی ویستی به‌ره‌و تاران بچێت له‌ناكاو ده‌ستور هات تا جێبه‌جێكردنی بڕیاری دادگا له‌وێ ئاماده‌بن، بۆیه له‌وێ مانه‌وه تا حوكمی دادگا جێبه‌جێكرا له (رۆژی30ی مارت)، پاش ده‌ركردنی دوا بڕیار له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندی ئێرانه‌وه كه قازی محه‌مه‌د له سێداره‌بدرێت، كه‌وتنه راگۆرینه‌وه بۆ ده‌ستنیشانكردنی شوێنێك تا بڕیاره‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی جێبه‌جێبكرێت، پاشان قازی‌یان گه‌یانده به‌رده‌م بینایه‌كی چه‌ند ده‌رگایی له چوار گۆشه‌یه‌كی چوارچرادا دایان به‌زاند، بینی دادستان سه‌رهه‌نگ نیكوازده و مه‌لایه‌كی كوردهواری و چه‌ند چه‌كدارێكی لێیه، پاشان دادستان سه‌رهه‌نگ نیكوازده بڕیاری دادگای خوێنده‌وه به‌مه‌ش قازی له‌وه دڵنیابوو ده‌بێت هه‌ر ئێستا له سێداره‌بدرێت هه‌ر له‌وكاته‌دا دادستان داوایلێكرد كه دوا وه‌سیه‌تنامه‌ی بنووسێت، بۆیه قازی ده‌ستیكرد به‌نوسینی وه‌سیه‌تنامه‌كه‌ی كه ئه‌مه‌ی خواروه‌وه دهقهكهیهیت:
خه‌ڵكی مهاباد له‌كاتێك له‌شرینی خه‌ودا بوون كه هه‌ر ئێواره بڕیاردرابوو كه نابێت شه‌و كه‌س له ماڵی خۆی ده‌ربچێت نه‌یانزانی ئه‌وشه‌وه ئه‌وكاره چاوه‌ڕواننه‌كراوه روده‌دات، پاش ماوه‌یه‌ك ته‌رمی شه‌هیده‌كانیان درا به‌كه‌سوكاریان و هه‌ر ئه‌وڕۆژه له‌سه‌ر شانی خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی مه‌هاباد له‌گۆڕستانی مه‌لا (جامی) به‌خاك سپێردران.
ده‌قی وه‌سێتنامه‌ی پیشه‌وا قازی محه‌مه‌د كه به‌ر له له‌سێداره‌دانی ئاراسته‌ی كوردی كردووه:
بسم الله الرحمن الرحیم
نه‌ته‌وه‌ی زۆر لێكراو، بێبهشو چه‌وساوه‌ی كورد! برایانی به‌ڕێز! له دوایین ساته‌كانی ژیاندا بابه‌ت گهلێتان وه‌ك ئامۆژگاری پێ ده‌ڵێم، بۆ ره‌زامه‌ندیی خودا ده‌ست له دوژمنیی یه‌كتر هه‌ڵگرن، یه‌ك بگرن و بۆ پشتیوانی له‌یه‌كتر هه‌ڵسن، له به‌رامبه‌ر دوژمن‌دا راوه‌ستن، خۆتان به‌نرخێكی كه‌م به دوژمنه‌كان مه‌فرۆشن. دوژمن ته‌نیا بۆ گه‌یشتن به قازانجه‌كانی ئێوه‌ی ده‌وێ. پاش ئه‌وه ئیتر زیاتر له تڵپه‌یه‌ك نین.
دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی كورد زۆرن، زۆردان، نامهردو بێ‌ویژدانن، رازی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك یهكێتیهتی و پێكه‌وه بوونه، ئازادیی نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێویستی به‌پشتیوانی گشت نه‌ته‌وه‌كه‌یه، نه‌ته‌وه‌ی یه‌ك نه‌گرتوو هه‌میشه له ژێر ده‌سه‌ڵاتدایه، ئێوه نه‌ته‌وه‌ی كورد شتێكتان له‌نه‌ته‌وه‌كانی دیكه كهمنیه، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه پیاوه‌تی، غیره‌ت و ئازایه‌تی ئێوه فره زۆرتره، ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی له به‌ندی دیلی رزگاریان بووه یه‌كگرتوو بوون و ته‌واو، ئێوه‌ش ده‌توانن به یه‌كگرتوویی و هاوپێوه‌ندی زه‌نجیری دیلێتی پچڕێنن، ئیره‌یی، خه‌یانه‌ت و خۆفرۆشی وه‌لانێن، ئیتر فریوی دوژمنان مه‌خۆن، دوژمنی نه‌ته‌وه‌ی كورد له هه‌ر تاقم و گروپ و ره‌نگ و ره‌گه‌زێك، هه‌ر دوژمنه، بێ به‌زه‌یی و ویژدانه، ئێوه له‌گیان یه‌ك به‌رده‌دا تا به‌قازانجه‌كانی خۆی بگا، به به‌ڵێنی گه‌لی درۆزنانه ئێوه ده‌خڵه‌تێنێ، له‌ئیسماعیل ئاغای شكاك تا جه‌وهه‌ر ئاغای برای و حه‌مزه ئاغای مهنگوڕو چه‌ندین‌و چه‌ند قاره‌مانێكی دیكه، فریوی ئه‌م زۆرداره مه‌لعونانه‌یان خوارد‌و ناپیاوانه شه‌هیدكران، هه‌مویانیان به‌قورئان و سوێند فریودا، ئاخر ئه‌مانه كه‌ی له قورئان و سوێند تێده‌گه‌ن، وه‌فا له‌لای ئه‌م كۆمه‌ڵه، شمه‌كی بازاڕ،. له رێگه‌ی خودا‌و بۆ ره‌زامه‌ندیی ئه‌و پشتی یه‌كتر چۆڵ مه‌كه‌ن و یه‌كگرتوو بن، دڵنیابن ئه‌گه‌ر دوژمن هه‌نگوینتان پێ‌بدا، تێكه‌ڵ به‌ژه‌هره، فریوی سوێنده درۆزنه‌كانی مه‌خۆن، ئه‌گه‌ر هه‌زار جار سوێند بخۆن دووباره هیچ ئامانجێكیان جیا له له‌نێوبردنی ئێوه نیه.
له دوایین كاتژمێره‌كانی ژیانمدا خودا به‌شایه‌تی ده‌گرم كه له رێگای ئازادی و به‌خته‌وه‌ریی ئێوه‌دا گیان و ماڵی خۆم به‌ختكردو له هیچ هه‌وڵێك كۆتاییم نه‌كرد، له‌لای ئه‌مانه، كوردبوونی ئێوه تاوانه، سه‌رو گیان و ماڵ و شه‌ره‌فی ئێوه له‌لایان حه‌ڵاڵه، ئه‌وان چونكه له گۆڕه‌پانی شه‌ڕدا ناتوانن له‌به‌رامبه‌ر ئێوه‌دا راوه‌ستن، هه‌میشه هانا بۆ فێڵ و ته‌ڵه‌كه ده‌به‌ن، شا‌و ده‌ست و پێوه‌ندییه‌كانی به‌جاران په‌یامیان نارد كه بۆ وتوێژ ئاماده‌ن و مه‌یلی خوێن رشتنیان نیه، به‌ڵام من ده‌مزانی ئه‌وان درۆده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر خیانه‌ت، خۆفرۆشی و فریوخواردویی هێندێ له‌سه‌رۆك عه‌شیره‌كان نه‌بوایه، كۆمار هیچ كات شكستی نه‌ده‌خوارد.
وه‌سیه‌ت ده‌كه‌م منداڵه‌كانتان فێری زانست و عیلم بكه‌ن، نه‌ته‌وه‌ی ئێمه شتێكی له نه‌ته‌وه‌كانی تری جیهان كه‌م نیه، جیا له زانست و عیلم، فێری زانستبن تا له كاروانی مرۆڤایه‌تی دوا نه‌كه‌ون، زانست، چه‌كی له‌نێوبردنی دوژمنانه، دڵنیابن ئه‌گه‌ر به دوو چه‌كی یهكێتیو زانست پۆشته ببن، دوژمنان كارێكیان بۆ ناچێته پێش، ئێوه نابێ به‌مردنی من و براكان و ئامۆزاكانم ترس بچێته دڵتانه‌وه، هێشتا قاره‌مان گه‌لێكی زۆر ده‌بێ گیان فیدا بكه‌ن تا داری ئازادیی كوردستان بگاته به‌رهه‌م، دڵنیام پاش ئێمه‌ش قاره‌مان گه‌لێكی دیكه هه‌ن كه فریوبخۆن، به‌ڵام هیوادارم مه‌رگی ئێمه ببێته ده‌رسی عیبره‌ت بۆ سه‌رجه‌م خه‌باتگیڕانی ئازادی كوردستان، وه‌سیه‌تێكی دیكه‌م بۆ دڵسۆزانی نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌یه، له‌خودای گه‌وره داوای ئازادی نه‌ته‌وه‌ی خۆتان بكه‌ن، شایه‌ت له‌خۆتان بپرسن بۆ من سه‌رنه‌كه‌وتم؟ له وه‌ڵامدا ده‌بێ بڵێم به‌خودا سه‌ركه‌وتووی راسته‌قینه منم، چ نێعمه‌تێك له‌وه سه‌رتره كه سه‌رو ماڵ و گیانم له رێگای نه‌ته‌وه‌و نیشتمانم‌دا به‌خت بكه‌م، باوه‌ڕ بكه‌ن من جاران داوام له خودا كردوه ئه‌گه‌ر بمرم به‌شێوه‌یه‌ك گیان له‌ده‌ست بده‌م كه به رومه‌تی سوره‌وه له‌لای خودا‌و پێغه‌مبه‌رو نه‌ته‌وه‌كه‌مدا ئاماده بم، وه‌ها مردنێك سه‌ركه‌وتنی راسته‌قینه‌یه.
خۆشه‌ویستانم! كوردستان، نیشتمانی كورد‌و ماڵیه‌تی،. هیچ كه‌سێك مافی ئیره‌یی و به‌خیلی نیه، هه‌موو له‌ماڵی خۆیاندا ئازادن، هه‌رچی له ده‌ستتان دێ بۆ ئازادیی كورد كۆتایی مه‌كه‌ن.
ئیتر نابێ له‌سه‌ر رێگای ئه‌و كه‌سانه‌دا كه به‌رپرسایه‌تی ده‌گرنه ئه‌ستۆ راوه‌ستن، له‌به‌رد خستنه رێگه ده‌ست هه‌ڵگرن و ئه‌ركه‌كانتان به‌باشترین شێوه به‌ڕێوه ببه‌ن، دڵنیابن برا كوردهكهتان له دوژمنی بێگانه زۆر باشتر، ئه‌گه‌ر من به‌پرسایه‌تیم وه‌ئه‌ستۆ نه‌گرتبایه ئێستا له‌پای چێوه‌ی داردا نه‌بووم و له‌لای بنه‌ماڵه‌كه‌م رۆژه‌كانم ده‌برده‌سه‌ر، به‌ڵام ئه‌ركی من، به‌رزترین ئامانجم بوو، تا پێی گیان راوه‌ستام، به‌هیوای خوداوه‌ندی گه‌وره، له ئاكامدا به‌سه‌ر دوژمنان‌دا سه‌رده‌كه‌ون.
1ـ بڕواتان به خودا‌و ماجا‌و من عنداللهو پێغه‌مبه‌ری ئه‌كره‌م (س) هه‌بێ و ئه‌ركه دینییهكانی خۆتان به‌باشترین شێوه به‌ڕێوه ببه‌ن.
2ـ یه‌كێتی و هاوپێوه‌ندی، ره‌مزی سه‌ركه‌وتنه، ئیرهییو خۆ فریودان وه‌لابنێن و له وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تی و خزمهتكردندا له‌گه‌ڵ یه‌كتر كێبڕكێ بكه‌ن.
3ـ زانست و ئاگایی خۆتان به‌رنه‌سه‌رێ تا فریوی دوژمنان نه‌خۆن.
4ـ هیچ كات دوژمن به‌دۆست مه‌زانن، چونكه دوژمنی نه‌ته‌وه‌و نیشتمان و دینتانه.
5ـ خۆتان بۆ چه‌ند رۆژ ژیان له‌م دنیا لهناوچوهدا مه‌فرۆشن، مێژوو سه‌لماندویه‌تی كه دوژمن به‌بچوكترین بیانوویه‌ك، ده‌ست بۆ كوشتار‌و سه‌ركوت ده‌با.
6ـ خیانه‌ت به‌یه‌كتر مه‌كه‌ن، نهخهیانهتی سیاسی و نه خه‌یانه‌تی ماڵی و گیانی و ناموسی، خیانه‌تكار له‌لای خودا‌و گه‌ل روڕهشهو خیانه‌ت، له‌ئاكامدا بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
7ـ له‌ته‌ك ئه‌و كه‌سانه‌دا بێ خیانه‌ت ئه‌رك به‌ڕێوه‌بردن هاوكاری بكه‌ن. خودای نه‌خواسته هیچكات مه‌بنه سیخوڕی بێگانه.
8ـ ئه‌و شوێنانه‌ی له وه‌سیه‌تنامه‌كه‌دا ئاماژه‌م پێكردون (مزگه‌وت، قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه) هی خۆتانن، به‌باشترین شێوه كه‌ڵكیان لێوه‌رگرن.
9ـ واز له شۆڕش مه‌هێنن تا له‌ژێرده‌سته‌یی ده‌رباز بن. ماڵی دنیا هیچ نیه، ئه‌گه‌ر نیشتمانێكتان هه‌بێ، سهربهخۆییهكتان هه‌بێ و ماڵ و خاك و نیشتمانتان هی خۆتان بێ، ئه‌و كات هه‌موو شتێكتان ده‌بێ، هه‌م سامان هه‌م ده‌وڵه‌ت، هه‌م ئابڕو و هه‌م نیشتمان.
10ـ گومان ناكه‌م جیا له مافی خودا (حق الله)، مافێكی دیكه له ئه‌ستۆم بێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌ست ده‌كا قه‌رزێكی به‌لامه‌وه‌یه بچێته لای میراتگرانم.
تا ده‌ست نه‌ده‌یه ده‌ستی یه‌كتر، سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر نابێ. له یه‌كتر زۆر مه‌كه‌ن، چونكه خوداوه‌ند دوژمنی زۆردارانه، هیوادرام وته‌كانم وه‌رگرن، خوداوه‌ند ئێوه به‌سه‌ر دوژمنان‌دا سه‌رخات.
مراد ما نێیحت بود و گفتیم (مه‌به‌ستی ئێمه ئامۆژگاری بوو وتمان)
حوالت با خدا كردیم و ر‌فتیم (سپاردمان به خودا‌و رۆیشتین)
خزمه‌تگوزاری نه‌ته‌وه‌و نیشتمان قازی محه‌مه‌د
هۆكاره‌كانی سه‌رنه‌كه‌وتن
ئارچیبالد بولۆچ رۆزڤڵت، كوڕه‌زای سه‌رۆكی پێشوی ئه‌مریكا، تیۆدۆر رۆزڤڵت، له كتێبه‌كه‌یدا "كۆماری كوردیی مهاباد" ده‌ڵێت كێشه‌ی سه‌ره‌كی كۆماری مهاباد ئه‌وه‌بوو كه كورده‌كان پێویستیان به‌سۆڤێت بوو، ته‌نها چانسیان هێزی سوپای سور بوو، به‌ڵام ئه‌م په‌یوه‌ندییه نزیكهیان له‌گه‌ڵ ستالین و سۆڤێت وایكرد زۆربه‌ی هێزه رۆژئاواییه‌كان پشتی ئێران بگرن، قازی محه‌مه‌د، هه‌رچه‌نده نكوڵی له‌و راستییه نه‌ده‌كرد كه له رووی داراییه‌وه پشتیان به سۆڤێت به‌ستوه، ئه‌وه‌شی ره‌تده‌كرده‌وه كه پارتی دیموكراتی كوردستان پارتێكی كۆمۆنیست بێت، راشیگه‌یاندبوو ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی سوپای ئێران بۆیان دروستكردوه، جگه له‌وه‌ی ئامانجه‌كانی خۆی به‌زۆر جیاواز له‌وانه‌ی سۆڤێت له‌قه‌ڵه‌مدا.
هه‌روه‌ها، كۆماره‌كه به‌ده‌ست چه‌ند كێشه‌یه‌كی ناوخۆییه‌وه ده‌یناڵاند، جیاوازییه‌كی گه‌وره له‌نێوان خه‌ڵكی شار‌و خێڵه‌كییه‌كاندا هه‌بوو، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان بۆ مهاباد لهداڕماندا بوو، وه‌ك چۆن پێشتریش رایگه‌یاندبوو، خێڵه‌كان و سه‌رۆكه‌كانیان ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌و هاوكارییه دارایی و سه‌ربازییانه پشتی قازی محه‌مه‌دیان ده‌گرت كه له یه‌كێتی سۆڤێته‌وه وه‌ریده‌گرت، هه‌ندێك له كورده‌كان رقیان له مهاباد بوو، به‌یه‌كێك له مارشاڵهكانیشییهوه كه ناوی ئه‌میرخان بوو. له رووی داراییه‌وه مهاباد نشوستی هێناو ئه‌وه وه‌ك مه‌حاڵ وابوو كه مهاباد له رووی داراییه‌وه هاوتابێتهوه له‌گه‌ڵ ئێران.
PUKmedia
30/03/2013