جه‌نگیز چاندار
ئه‌وه‌ی دوێنێ خوێندرایه‌وه بریتی بوو له دێکلهراسیۆنی ئاشتی و یه‌کیه‌تی نێوان "میزۆپۆتامیا-کوردستان- ئاناتۆلی". له ڕێگای په‌خشی ڕاسته‌وخۆی و له‌سه‌ر شاشه‌ی که‌ناڵی ئێن تیڤی یه‌وه گوێم بۆ په‌یامی "مێژوویی" "عه‌بدوڵا ئۆجالان" ڕاگرت که له نه‌ورۆزی مێژوویی‌دا پێشکه‌ش کرا. ئه‌وه له کاتێکدا بوو که بۆ باس و لێکدانه‌وه له‌سه‌ر په‌یامه‌که میوانی ستۆدیۆ بووم. هه‌موو شته‌کان هه‌ر "مێژوویی" بوون، زیاتر له ملیۆنێک که‌س به ئاڵای پ.ک.ک و پۆسته‌ری ئۆجالانه‌وه له ناو ده‌ستیاندا له ئاهه‌نگی نهورۆزدابوون. سه‌رجه‌م که‌ناڵه ناسراوه‌کانی ناوخۆ له چه‌ند سه‌عات له‌وه‌وپێشه‌وه به په‌خشی ڕاسته‌وخۆ ئاهه‌نگه‌که‌یان ده‌گواسته‌وه. لێدوانه‌که‌ی به‌ندکراوی مه‌حکوم به زیندانی هه‌تاهه‌تایی له ئیمرالی له لایه‌ن دوو ئه‌ندامی په‌رله‌مانه‌وه سه‌ره‌تا به کوردی و دواتریش به تورکی ده‌خوێندرایه‌وه و له چه‌ندین که‌ناڵه‌وه ڕاسته‌وخۆ به هه‌ردوو زمانه‌که بڵاو ده‌کرایه‌وه و شڕۆڤه‌ی جیا جیای بۆ ده‌کرا. بابه‌ته‌که تا دره‌نگانێکی نیوه‌شه‌ویش هه‌واڵی یه‌که‌می زۆربه‌ی زۆری که‌ناڵه ناوخۆیی و که‌ناڵه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانیش بوو. به‌ڕاستیش نه‌ورۆزێکی "مێژوویی"مان به‌رێ کرد. ناوه‌رۆکی لێدوانه‌که‌ی عه‌بدوڵا ئۆجالان، به پێچه‌وانه‌ی سه‌رله‌به‌ری ئه‌و چه‌واشه‌کاریانه بوو که چه‌ندین رۆژ بوو له میدیاکاندا له‌باره‌یه‌وه ده‌کرا و سه‌رجه‌می ئه‌و زانیاریانه‌شی سه‌باره‌ت به په‌یامه‌که به‌تاڵ کرده‌وه که گوایه دزه‌یان کردبووه ناو ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه.
بۆ "دڵنیابوون" له‌وه‌ی داخوا وتاره‌که‌ی ئۆجالان "مێژوویی" بووه یان نا، سه‌یرێکی ا.ن.ف، واته ئاژانسی نوچه‌ی فرات-م کرد. سه‌یری کوردیهکهیم کرد،ئاوا نوسرابوو:
"ئۆجالان: سه‌رده‌مه‌ک ن‌و ده‌ست پێ دکه."
واته سه‌رده‌مێکی نوی ده‌ست پێ ده‌کات. له سه‌ردێری دواتریشدا ئه‌و به‌شه‌ی په‌یامه‌که‌ی ئۆجالان زه‌ق کرابووه‌وه که ده‌ڵێ: "سه‌رده‌م، سه‌رده‌می خه‌باتی دیموکراسیانه‌یه!"
شتێکی گرینگ بوو بزانین که باڵی سه‌ربازی ئه‌و بزوتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه فراوانه‌ی بی هیج ئه‌ملاو ئه‌ولا عه‌بدوڵا ئۆجالانی وه‌ک تاکه سه‌رکرده‌ی خۆی قه‌بووڵه، له کام دید و کام لایه‌نه‌وه په‌یامه‌که‌ی ئۆجالانیان وه‌رگرتووه و لێکدانه‌وه‌یان چییه بۆی. لای خۆیانه‌وه ئه‌وان لایه‌نی "مێژوویی" په‌یامه‌که‌ی ئۆجالانیان له "ده‌سپێکی سه‌رده‌مێکی نوێ" و "سه‌ره‌تای خه‌باتی دیموکراسیانه" دا خستبووه ڕوو.
به‌ڵێ، بێ گومان ئه‌و شته‌ی که به‌رگێکی "مێژوویی" به به‌ر لێداوهنهکهدا کرد ئه‌و به‌شه له په‌یامه‌که بوو که تیایدا باس له "کۆتایی سه‌رده‌مێکی مێژوویی و ده‌سپێکی سه‌رده‌مێکی نوێ" بوو.
هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌ی "ئه‌مرۆ سه‌رده‌مێکی نوێ ده‌ست پێ ده‌کات" و "له سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌کداریه‌وه، ده‌رگا به‌ڕووی سه‌رده‌می خه‌باتی سیاسی و دیموکراسیدا ده‌کریته‌وه" ده‌ربڕی ئه‌و ڕاستهین که خه‌ریکه "سه‌رده‌مێک کۆتایی دێت" و هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا "سه‌رده‌مێکی نوێی جیاواز ده‌ست پێ ده‌کات".
هه‌رچی ئه‌م ده‌ربرینانه‌ی خواره‌وه‌ش، ڕونتر و ئاشکرا تر باس له "سه‌رده‌می نوێ" ده‌که‌ن؛
"ئیتر با چه‌که‌کان بێده‌نگ بن، گهیشتووینهیته ئه‌و خاڵه‌ی که ئیتر ده‌بێ فکر و سیاسه‌ت قسه‌ی خۆیان بکه‌ن... من به شاهیدی ملیۆنان که‌س که گوێبیستی ئه‌و په‌یامه‌ی منن ده‌ڵێم که ئیتر سه‌رده‌مێکی نوێ ده‌ست پێ ده‌کات، ئیتر له جیاتی چه‌که‌کان سیاسه‌ت قسه‌ی خۆی ده‌کات. ئیتر گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و قۆناغه‌ی که هێزه چه‌کداره‌کانمان به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی سنوور پاشه‌کشه بکه‌ن."
بێگومان ئه‌و شته‌ی که ده‌بێ لێره تێی بگه‌ین ئه‌وه‌یه که عه‌بدوڵا ئۆجالان لێره‌دا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه که "ئیتر ئه‌و هۆکارانه‌ی وای له پ.ک.ک کردبوو له ناو تورکیادا خه‌باتی چه‌کداری بکات نه‌ماون و له‌مه‌و به دوا داواکاریه‌کان له گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا و به شێوه‌یه‌کی دیموکراسیانه ده‌خرێنه به‌رباس." به‌مجۆره‌ش له مێژووی کورد و پ.ک.ک ــدا "سه‌رده‌مێکی مێژوویی" کۆتایی پێ دێت و سه‌رده‌مێکی تر ده‌ست پێ ده‌کات.
هه‌ر بۆیه‌ش، ده‌توانین ئه‌و شته له په‌یامه‌که‌یدا و له‌و به‌شه‌دا ببینین که نه‌ختێک شاعیرانه و ڕۆمانتیک هیناویه‌ته زمان و هاوکات ڕوو له هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی کورد و تورک ده‌ڵێ؛
"...لای کورد دیجله و فورات برای سه‌کاریا و مه‌ریچ-ن، چیاکانی ئاگری و جودی هاورێی کاچکار و ئه‌رجیه‌س-ن، هه‌ڵپه‌رکی و ده‌لیلۆ، خزمی هۆرۆن و زه‌یبه‌ک-ن...ئه‌مرۆ گه‌لی تورک که له تورکیا-هه‌مان ئاناتۆلی که‌ڤنار- دا ده‌ژی، ده‌بێ ئه‌وه باش بزانێ که مێژووی هه‌زار ساڵه‌ی ژیانی له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد دا و له ژێر ئاڵای ئیسلامدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ژیانی هاوبه‌ش و هه‌ستی برایه‌تی و له‌یه‌کتێگه‌یشتنی نێوانیان... کورد و تورک له یه‌ک سه‌نگه‌ردا و به‌یه‌که‌وه له شه‌ڕی چاناککاله‌دا شه‌هید بوون، به‌یه‌که‌وه‌ش شه‌ڕی ڕزگاریان کرد و مه‌جلیسی 1920 یان به‌یه‌که‌وه ئاوا کرد."
لێره‌دا ئه‌گه‌ر به وردیه‌وه لێی بڕوانین ده‌بینین که عه‌بدوڵا ئۆجالان هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ده‌رگاکان به ڕووی بنیاتنانی "کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ" یان "ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی بۆ کورد" له سه‌ر شێوازی "ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه" داده‌خات، له هه‌مانکاتدا به ئاشکرا "ناڕه‌زایی" خۆشی به‌رامبه‌ر "ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی تورکی" ده‌رده‌بڕێ:
"ئه‌مه کۆتایی نیه و ده‌سپێکێکی نوێیه. ئه‌مه ده‌ستبه‌رداری و وازهێنان له خه‌بات نییه، به‌ڵکوو ده‌سپێکی خه‌باتێکی جیاوازی تره. بنیاتنانی سنووری جوگرافی له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌ک نه‌ته‌وه و ڕه‌گه‌زێکی تایبه‌ت، ئینکارکردنی ڕیشه و ڕه‌چه‌ڵه‌کی ئێمه هاورده‌یه‌کی ده‌ره‌کی نامرۆڤانه‌یه. بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی ئازاد و دیموکرات که شایه‌نی مێژووی دوورودرێژی کوردستان و ئاناتۆلی بێت و تیایدا هه‌موو نه‌ته‌وه و کولتووره جیاوازه‌کان به یه‌کسانی بژین، به‌رپرسیاریه‌تی گه‌وره دەخاتە سه‌ر شانی هه‌مووان. هه‌ر به بۆنه‌ی نه‌ورۆزه‌وه په‌یام ده‌نێرم بۆ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کان؛ ئه‌رمه‌نی، تورکمه‌ن، ئاسوری، عه‌ره‌ب و سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانی تر و داوایان لێ ده‌که‌م که ئه‌وانیش تیشک و بڵێسه‌ی ئه‌و ئاگره، وه‌ک سه‌رچاوه‌ی ئازادی و یه‌کسانی خۆیان ببینن."
گه‌ر بێت و ئه‌م لایه‌نه‌ی په‌یامه‌که وه‌ربگرین، ده‌کرێ بڵێین ئه‌وه‌ی دوێنی له دیاربه‌کردا "به شاهێدی ملیۆنان" که‌س خویندرایه‌وه، دێکلهراسیۆنی برایه‌تی و ئاشتی "مێزۆپۆتامیا-کوردستان-ئاناتۆلی" بوو.
ته‌ییب ئه‌ردۆغان-یش به ده‌سته‌واژه‌ی "ئه‌و داواکاری و بانگه به شتێکی پۆزه‌تیڤ ده‌بینم، په‌یامه‌کانی دیاربه‌کر له‌گه‌ڵ په‌یامه‌کانی ئێمه‌دا یه‌کتر ده‌گرنه‌وه!" وه‌ڵامی ئه‌و "دێکلهراسیۆن"هی دایه‌وه. ئه‌وه‌نده‌شی خسته سه‌ر؛ "به‌ڵێ، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی جیبهجێکردنیهتی..."
گه‌لۆ ئه‌و په‌یامه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجالان که چه‌ندین ڕۆژ بوو هه‌موان له چاوه‌ڕوانیدا بوون، بابه‌تگه‌لێکی ئه‌وتۆ هه‌بوون که چاوه‌ڕوان ده‌کرا په‌یامه‌که له‌خۆیان بگرێت و له‌و په‌یامه‌دا باس نه‌کرابوون؟
به‌ڵێ. "بابه‌تی له هه‌مووان هه‌ستیارتر" که ته‌نانه‌ت له لایه‌ن سه‌رۆکوه‌زیره‌وه وه‌ک "به‌ڵگه‌ی ده‌سپێکی پرۆسه‌که" ئاماژه‌ی پێکرابوو، بابه‌تی "کشانه‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوور" بوو که له‌م په‌یامه‌دا سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه نه ئاماژه به ڕیکه‌وتێکی دیاریکراو کرابوو نه باس له مه‌ودای زهمهنیهکی دیاریکراو و نه باس له چۆنییەتی بۆ ئه‌و پاشه‌کشه‌یه‌ش کرابوو. ده‌سته‌واژه‌ی وه‌ک "ئاگربه‌ستی هه‌میشه‌یی" و "کۆتایی پێکدادانه‌کان" ته‌نانه‌ت بۆ یه‌کجاریش باسیان نه‌کرابوو.
سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یان سه‌رله‌به‌ری ئه‌و بانگه‌شه و ئیدیعایانه‌ی چه‌ندین مانگ بوو –به‌وانه‌ی خۆشمه‌وه که نووسیبوومن و باسم ده‌کردن- بۆش ده‌رچوون.
بۆ نموونه، ئاخۆ ده‌کرێ له دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانی ئیمرالیدا که چه‌ند مانگێکه به‌رده‌وامن باس له رێکه‌وت، مه‌ودای زه‌مه‌نی و چۆنییەتی "کشانه‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوور" – بیرمان نه‌چێ ئه‌و بابه‌ته وه‌ک ههستیارتریینی بابه‌ته‌کان خراوه‌ته به‌ر باس- نه‌کرابێ و ئه‌و شته نه‌خرابێته به‌ر باس؟ نه‌خێر ناکرێ...
ئه‌ی که‌واته؟!
که‌واته پێ ده‌چێ سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته و بۆ دیاریکردنی ڕێکه‌وت، مه‌ودای زه‌مه‌نی و ئالیه‌تی کشانه‌وه، ئۆجالان و حکومه‌ت نه‌گه‌یشتبنه رێکه‌وتنی ته‌واو، یانیش له نێوان ئۆجالان و پ.ک.ک دا و به‌تایبه‌تیش باڵی قه‌ندیل، به‌هه‌مان شێوه سه‌باره‌ت به ڕێکه‌وت و مه‌ودای زه‌مه‌نی و شێوازی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کان نه‌گه‌یشتبنه ریککه‌وتنی کۆتایی.
له‌وانه‌شه عه‌بدوڵا ئۆجالان کارته‌کانی یاریه‌که "زۆر نێزیک به سنگیه‌وه ڕابگرێ" یانیش وه‌ک له زمانی یاریدا ده‌ڵێن "ده‌ستی خۆی نیشان نادا". ئه‌م لایه‌نه‌ی مه‌سه‌له‌که ده‌که‌وێته‌وه سه‌ر ڕه‌وتی پرۆسه‌ی دانوستانه‌کان. شایه‌دیش بیهه‌وێ ههناگهوهکانی حکومه‌ت (یان پارتی ده‌سه‌ڵاتدار) ببینێ.
واته ئۆجالانیش وه‌ک سه‌رۆکوه‌زیران به جۆرێک له جۆره‌کان ده‌یهه‌وێ بڵێ؛ "مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی بواری جیبه‌جێکردنه"...
هه‌ر له ڕاستیشدا یه‌کێک له‌و لایه‌نانه‌ی په‌یامه‌که که سه‌رنجی منی ڕاکێشا ئه‌وه‌بوو که تیایدا له جیاتی شێوازی ڕابردووی ساده له فرمانه‌کاندا، شێوازی کاتی ڕابردووی به‌رده‌وامی به‌کار هێنابوو. واته له جیاتی به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه‌یه‌کی وه‌ک "سه‌رده‌مێک کۆتایی هات، سه‌رده‌مێک نوێ ده‌ستی پێ‌کرد"، به‌کارهێنانی "سه‌رده‌مێکی نوێ ده‌ست پێده‌کات، لاپه‌ره‌یه‌کی نوێ هه‌ڵده‌درێته‌وه" خۆی مایه‌ی سه‌رنج و لێ ڕامانه.
واته!
واته تا ئێستاش هه‌ر له سه‌ره‌تای کارداین. رێگایه‌کی دوورودرێژ و سه‌ختمان له پێشه.
شایه‌دیش نوسراوه‌ی سه‌ر گه‌وره‌ترین ئافیشی ناو قه‌ره‌باڵخی ملیۆنیی ئه‌و گۆره‌پانه پان و به‌رینه‌ی دیاربه‌کر، ناراسته‌وخۆ ئاماژه‌ی به‌و "بابه‌ته" ده‌کرد؛ "هه‌تاکو سه‌رۆک ئازاد نه‌به ئاشتی نابه..."
ئه‌و ئافیشه گه‌ره‌ی له‌سه‌ری نووسرابوو "تا سه‌رۆک ئازاد نه‌بێت ئاشتی نایه‌ته ئاراوه" به دوو پۆسته‌ری گه‌وره‌ی ئۆجه‌لان له‌ملاولایه‌وه به زه‌قی ده‌که‌وته به‌رچاو.
ڕه‌نگە ئه‌مه ته‌نیا ئاماژه‌یه‌ک بێ بۆ "ئاشتی"، به‌ڵام دیسانیش وا دیاره له نێوهندیکدا که له دوێنێوه تیایدا "چه‌که‌کان بێده‌نگ بوون"، واته له "ناوه‌ندێکی ئاشته‌وایی"دا و له ڕیگه‌ی "گفتووگۆ" و "چاوپیکه‌وتن" به‌ره‌و "گه‌ڕان به‌دوای چاره‌سه‌ردا" ده‌ڕۆیین.
بیرێکی لێ بکه‌نه‌وه، چه‌ند مانگ له‌مه‌و پێش ته‌نانه‌ت به خهیالیشماندا نه‌ده‌هات نه‌ورزۆی 2013 له دیاربه‌کر به‌م شێوه‌یه پیرۆز بکرێت.
و: ئیبراهیم شێخ شه‌ره‌فی
25/03/2013