ئاریتما موحەممەدی
کە نەورۆز و بەهار هات من و بولبول سەر لە کوێستان دەنێین، لە پێدەشتی هەر شاخێک ماڵێک لە گوڵ ساز دەکەین.
نەورۆز وەک جێژنێکی نەتەوەیی و کوردی دەمێکە بووەتە ڕەمزی خەباتی نوێ لە جوانترین و ڕازاوەترین وەرزی ساڵ، لە دەسپێکی ئەم وەرزە نوێیەدا هەم ساڵ نوێ دەبێتەوە هەم شاخوداخەکانی کوردستان سروشت و سیمایەکی جوان بە خۆیان دەبەخشن، دارستانەکانی کوردستان جوانترین بەرگی نوێی ساڵ و سروشت لە بەر دەکەن و گەش بونەوەی چیاکانیش کۆتایی ئەم دەسپێکە جوانەی وەرز نییە، ئەو وریا بونەوەی سروشت، پەل ڕادەکێشێت بۆ ناو پاڵندەو پەلەورەکانیش و وەخۆ دەکەون بۆ ئەوە کە لە دەسپێکی ئەم وەرزەدا ماڵ و هێلانەیەکی نوێ لە گژ و گیان بۆ خۆیان ساز بکەن. نەورۆز و بەهار و وەرزی نوێ، تەنیا بەواتای جوانی و ڕازاوەی سروشت و لە بەر کردنی بەرگی ڕازاوەی دارستان نییە، بەڵکو ئامێتەیەک دەبێت لە دەنگی بەسۆز و موسیقای سروشت و جیکەجیکی باڵندە عاشقەکانی ناو سروشتیش.
لە لایەکی دیکەوە، نەورۆز و وەرزی بەهار و سروشت بە واتای سەرکەوتنی ڕوناکی و گەرما بە سەر سەرماو سۆڵەی زستان و بەفر و چەقێنی وەرزی تاریکی بووە.
وەرزی نوێی بەهار و نەورۆز هەمیشە ورەی بە نەوەی نوێ بەخشیوە و بە گەرم بونی هەوا و وەزینی تیشکی پڕ لە گەرمی ڕۆژ و خۆرەتاو، خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد بڵێسەی سەندووە و هەنگاوی مەزنی بۆ هەڵهێنراوەتەوە.
زۆربەی هەرە زۆری بزوتنەوە کوردییەکانی نەتەوەی کورد لە میژوی پڕ لە چەرمەسەری ئەم نەتەوە چەوساوەیەدا لە نەورۆز و وەرزی نوێی بەهار و دەسپێکی ئەم وەرزە جوانە هەستانەوەی بەخۆیەوە بینیوە و سروشت یارمەتیدەری بووە بۆ ئەوە کە لە خەبات و تێکۆشاندا پێویستی بە هیچ نەبێت.
ئەگەر بە شێوەی جیاواز چاو لە بەهار و ئەم وەرزە ڕازاوە بکەین، ئەوا دەبینین کە چ لە باری ئابوری و خۆراک و خۆ پۆشت کردنەوە، ئەم وەرزە، بە وەرزی مانەوە و ژیانەوەی نەتەوەی کورد لە کوێستانەکانی کوردستان دەناسرێت و گەورەترین هۆکاری مانەوەی کورد، بە کورد و کوردی بووە.
بەهار، ئەو وەرزە بووە کە خۆڕاگری و ورەی بەرزی بە نەتەوەی کورد بەخشیوە و بووەتە هۆی ئەوە کە ئەم نەتەوەیە پێویستی بە خۆراک و خواردەمەنی دەرەکی نەبێت و دەستی بێگانەی بە ڕاگەیشتن بە کوردستان کورت بکاتەوە.
تا پێش گەیشتنی ئایینی ئیسلام بە کوردستان و ناوچەکە، نەتەوەی کورد خۆی بەڕیوەبەرایەتی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناڤینی گەوروەو بچوکی کردووە. هەروەها لە پاش هاتن و جێگیر بونی ئەو ئایینەش، کورد دواتر دەسەڵاتی بە دەست گرتووەتەوە و تا ئەو کاتەی کە ئیمپراتوری عوسمانی ڕۆخاوە دەسەڵاتی بە سەر کوردستان هەبووە، بەڵام لە ژیر سێبەری وڵاتانی زلهێزی وەک بریتانیا، فەانسە، یەکێتی سۆڤییەتی پێشو و ئەمریکا، دابەشکرا بە سەر ئەم وڵاتانەی تورکیە، عێراق، سوریە و ئێران.
هێنانەوەی ئەو فاکتانە لە بەر ئەوە بو کە پەیامی نەورۆز و وەرزی نوێ لە مێژوی نەتەوەی کورد بگەیەنم و نەورۆز و بەهار وەک کاریگەرترین هۆکاری مانەوەی کورد لە خەبات و تێکۆشان بخەمە بەر باس.
هەر بۆیە نەتەوەی کورد هەمیشە لە دەسپێکی وەرزی بەهار و نەورۆزی نوێ لە لایەن داگیرکەرانیەوە هەوڵی قڕ کردن و لە ناو بردنی دەدرێت و بە هەمو شێوەیەک پلان بۆ تێکدانی نەورۆزی کوردی دادەڕێژن.
ئەم ساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو لە دەسپێکی ساڵی نوێ و نەورۆزی کوردەواری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵێکی زۆر لە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی دەست بەسەر کران و ڕەوانەی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کران.
کۆماری ئیسلامی بەو شێوەیە دەیهەوێت پێش بە چالاکی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرێت و بیری نەورۆزی و بەهاری کورد لەو بەشەی کوردستان کز و لاواز بکات، ئەوەی لە بیر چووە کە بە دەست بە سەرکردنی لاوانی کورد، ورەی بەرزی نەتەوەی کورد بڵێسە دەکات و ڕق و تینی لاوانی نیشتمانی کورد بەهێزتر و بە هیمەتر دەبێت و بەئەمەکتر بۆ هیوای بەرزی کورد تێدەکۆشن.
نەتەوەی کورد لە ڕۆژی یەکەمی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هەستی بەوە کرد کە ئەو ڕژیمە دژی کورد و هیوای کوردە، هەر بۆیە پشتی پێنەبەست و پێچەوانە لە دژی ڕاوەستا و خەبات و تێکۆشانی دەست پێکرد.
ئەمڕۆکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە سەنگەری بەرخۆدانی مەزنی لاوان و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی کورد، کۆماری ئیسلامی ئیتر ناتوانێت نەتەوەی کورد ملکەچی ویست و داخوازییەکانی خۆی بکات و لە ژێر تێغی سیاسەتەکانیدا نەتەوەی کورد بتوێنێتەوە.
نەتەوەی کورد ئامانج و هیوا و ئاواتی دیاریکراوی خۆی هەیە و لەو پێناوەدا پەرە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیی دەدات، نەورۆز و وەرزی بەهاریش سیمبولی تێکۆشانی نەپسای کوردە.
هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی و داگیرکەرانی کوردستان، ناتوانن نەورۆزی کوردی تێکبدەن و ئاسۆی کورد بشێوێنن. نەتەوەی کورد لە مێژوی سیاسی خۆیدا ئەوەی سەلماندووە کە بە " شیمایی" باران کردن، ئەنفال، قڕ کردن، لە سێدارەدانی ٥٩ لاوەی مەهاباد و ژینۆسائید کردنی کورد لە باکور و ڕۆژئاوا و دەیان و سەدان هەوڵی لە ناو بردنی کورد بە چۆکدا نایەت و نەورۆزی کوردی بەردەوام دەبێت و بەهاری کوردی هەر چەند پوشپەڕان و خەزانی پاییز و سەرمای زستانی بەدواوە بێت پیگەی تاییبەتی خۆیی هەیە، گەرمی و جوانی و ڕازاوەیی ئەو، کاریگەری لە سەر هەمو وەرزەکانی ساڵ دادەنێت.
لە کۆتاییدا پیرۆزبای خۆم ئارەستەی ئەو ڕۆڵە تێکۆشەرانەی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەم و هیوای نەورۆزێکی پڕ لە دەسکەوت بۆ کورد و نەتەوەی کورد دەخوازم. بەو هیوایە کورد لە ساڵی ٢٧١٣ی کوردی بە ئامانجی مەزنی خۆی بگات.
21/03/2013