وه‌هاب یوسفی
پێشکه‌وتن ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌یه بۆ گۆڕانکاری له نێو کۆمه‌ڵگادا که ژیانی مرۆڤایه‌تی پێش ده‌خات. مرۆڤ به‌رده‌وام خواستی گۆڕانکاری له ژیانیدا هه‌بووه و ژیانی نوێ ئاوات و ئامانجی بووه. ئه‌گه‌ر چی مرۆڤایه‌تی له پێناوی ژیانی نوێ‌دا هه‌وڵی داوه به‌ڵام به هۆی خواستی زۆرتر و زۆرتر، هه‌ر وه‌ها به هۆی که‌م و کۆڕی و نادروستی له هۆکاری پێشکه‌وتندا، سه‌رجه‌م ئاوات و ئامانجه‌کان نه‌هاتوونه‌ته دی و هیوای پێشکه‌وتن به‌رده‌وامه. خه‌بات و تێکۆشان و ته‌نانه‌ت قوربانیدانیش نه‌یان توانیوه کۆتایی خواستی گۆڕانکاری مرۆڤایه‌تی بن، هه‌ر بۆیه به درێژایی مێژوو هه‌ستانه‌وه له دژی شۆرشه‌کانی پێشوو ڕوویانداوهتهوه. مرۆڤ چۆن پێشکه‌وتن له ژیانیدا پێک ده‌هێنێت و حه‌ز و ئاواته‌کانی مرۆڤ چۆن داده‌مرکێت؟ شۆرشه‌کانی یه‌ک به‌دوای یه‌کی مرۆڤایه‌تی کۆتایی ڕاستییه‌کانی کاروانی گؤڕانکاری پێشکه‌وتووانه له ژیاندا نه‌بوونه. ڕاستی گۆڕانکاری پێشکه‌وتووانه له ئاوات و ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدایه، نه‌ک له دیماگۆجییه‌تی بیروباوه‌ره کۆنه‌کاندا. ئه‌و بیروباوه‌رانه‌ی که عه‌قڵییه‌تی خودی خه‌ڵکیشیان داگیر کردووه و به سه‌ر کۆمه‌ڵگادا زاڵن و مێژوویه‌کی دوور و درێژیان هه‌یه، لادان لێیان ئه‌سڵی پێشکه‌وتنه.
ئه‌گه‌ر چی خه‌ڵک گله‌یی له شێوه‌ی ژیانیدا ده‌کات، به‌ڵام پارێزگاری له‌و عه‌قڵییه‌ته ده‌کات که ئه‌و شێوه ژیانه‌ی پێ به‌خشێوه و بۆی به ڕه‌وا ده‌زانێ! له چوار چێوه‌ی سیسته‌می ئه‌و بیروباوه‌رانه‌دا کێ حاکم بێت، ته‌نیا ئه‌و شێوه ژیانه‌ی که هه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت و گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی و پێشکه‌وتووانه له ئارادا نابێت. هه‌ر بۆیه شه‌رتی پێشکه‌وتن ڕه‌ها بوونه له به‌ندی عه‌قڵییه‌تی کۆنگهرایی.
هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ی که ژیانی خۆیان پێش خستووه و دونیای کۆنیان پشت گوێداوه، پێش هه‌ر شتێک شۆرشی رۆشنبیریان کردووه و فـهرههنگیان بۆ سه‌رده‌می نوێ گونجاندووه. فـهرههنگ پێناسه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و به‌شێکی گرینگه له ژیانی مرۆڤدا که پێش خستنی ده‌رگا به‌ره‌و گۆڕانکاری پێشکه‌وتووانه و ژیانی نوێ ئاوه‌ڵه ده‌کات. فـهرههنگی پێشکه‌وتووانه ژیانی مرۆڤ له گه‌ڵ سه‌رده‌می نوێ که له ژێر سێبه‌ری داهێنانه نوێیه‌کانی مرۆڤدا پێک دێت، گونجاو ده‌کات.
ته‌نیا گۆڕانی حاکمه‌کان چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی مرۆڤایه‌تی ناکه‌ن و بێجگه له‌وه‌ی که هه‌ل بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێ ده‌ره‌خسێنێ، سیسته‌می کۆن ته‌مه‌ن درێژتر ده‌کات و کۆمه‌ڵانی میلیونی خه‌ڵکیش له گه‌یشتن به ئاوات و ئامانجه‌کانیاندا به‌لاڕێدا ده‌بات و دهیانخهپێنێ. ته‌نیا ڕێگای گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی له ژیانی مرۆڤایه‌تیدا پێشکه‌وتنه. پێشکه‌وتن به مانای چوونه نێو قۆناغێکی نوێیه له بیر‌و هزری مرۆڤدا. عه‌قڵییه‌تی کۆن ته‌نتا شێوه ژیانی کۆنی لێده‌وه‌شێته‌وه و ژیانی نوێش به هه‌نگاونان له ڕێگای پێشکه‌وتوو خوازانه‌وه به‌دی دێت.
په‌ره پێدانی فـهرههنگی پێشکه‌وتوو خوازانه هه‌لومه‌رج له‌بار ده‌کات بۆ هه‌ر چه‌شنه گۆرانکاریک و به سانایی کۆمه‌ڵگا دێنێته سه‌ر ڕێگای پێشکه‌وتن. ئه‌گه‌ر فـهرههنگی کۆنه‌په‌ره‌ستانه به‌ربه‌سته له به‌رده‌م پێشکه‌وتندا و به تووندی و کوێرانه پارێزگاری له عه‌قڵییه‌تی سه‌رده‌می کۆن ده‌کات، پێشکه‌وتنی فـهرههنگی به‌ربه‌سته کۆنه‌کان ده‌شکێنێ و ئاسۆی شارستانییه‌تی سه‌رده‌می نوێ پڕشينگدار ده‌کات.
به گشتی ده‌توانین ئاماژه به ئه‌و ڕاستییه بکه‌ین که دواکه‌وتوویی فـهرههنگی کاریگه‌ری نیگه‌تیڤی له سه‌ر بواره سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ئابووریدا هه‌یه و له‌و نێوه‌شدا خولقێنه‌ری زۆر کێشه‌ش ده‌بێت! دواکه‌وتوویی فـهرههنگی ئه‌گه‌ر له لایه‌ک کۆنگهرایی ده‌بوژێنێته‌وه، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه به هۆی داب و نه‌ریته کۆنه‌کان کۆمه‌ڵگاش ده‌هه‌ژێنێت و زۆر کاره‌سات که شایه‌نی سه‌رده‌م نییه ده‌خولقێنێت.
له نێو کۆمه‌ڵگایه‌کی با فـهرههنگی پێشکه‌وتوودا هیچ کات که‌سایه‌تی و لایه‌نه دواکهوتوویهکان هه‌لی به جه‌ماوه‌ر بوونیان بۆ ناره‌خسێ و ناتوانن خۆیان به‌هێز بکه‌ن. هه‌ر وه‌ها داب و نه‌ریته کۆنه‌کانیش ناتوانن ببنه کۆسپی سه‌ر ڕێگای ژێان و ئازادی‌دا!
هه‌لومه‌رجی پێشکه‌وتوو خوازانه و به شارستانییه‌ک کردنی هه‌رچی زیاتری کۆمه‌ڵگا، ته‌نیا له ڕێگای پێش خستنی فـهرههنگهوهیه. هه‌رچه‌نده‌ش که بواری ئابووری به‌هێز بێت، به‌ڵام دواکه‌وتوویی فه‌رهه‌نگی سیمای شارستانییه‌ت ده‌شێوێنێت و به جێگای خۆشگوزه‌رانی زۆر کاره‌سات ڕووده‌ده‌ن.
نووسینی: وه‌هاب یوسفی
18/03/2013