ئەیوب ئەیوب زادە
کۆبوونه‌وه‌ی چه‌ند هه‌زار که‌سیی رۆژی دووی رێبه‌ندان، کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئاسایی بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تییه‌کی بچووک یاخۆ سکاڵا له مه‌سه‌له و گرفتێکی رۆژانه نه‌بوو. ئه‌م کۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه له‌راستیدا له شوێنی ریفراندۆمێک بوو بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ی کورد‌و بۆ راگه‌یاندنی بڕیارێکی مێژوویی. ئه‌گه‌ر له دونیای ئێستادا نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی خۆی په‌نا ده‌باته به‌ر سهنووقی ده‌نگدان یاخۆ به هۆی نوێنه‌رانییه‌وه له هۆڵی پارلمان بڕیاری ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی خۆی به دونیای ده‌ره‌وه راده‌گه‌یه‌نێ، کۆبوونه‌وه‌ی به‌رین و جه‌ماوه‌ریی رۆژی دووی رێبه‌ندان مودێلێکی زیندووتری بۆراگه‌یاندنی بڕیارێکی مێژوویی ئه‌وتۆ هه‌ڵبژارد. به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ و زیندوو پتر له 20 هه‌زار که‌س ده‌نگی بۆ سه‌ربه‌خۆیی و جمهوری دا و ئیراده‌ی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی به ئاشکرا به دنیا راگه‌یاند. ئه‌م هه‌نگاوه بڕیارێکی چاره‌نوسساز بوو له ههلو مه‌رجێکی شۆڕشگێڕانه‌دا. بڕیارێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی چاره‌نووسساز بوو، بۆ ئه‌وه‌ی کۆتایی به ژێرده‌سته‌یی و بێکیانیی کورد بێنێ. له‌هه‌مان کاتیش‌دا وڵامێکی مێژوویی بوو له حاند کولتووری نه‌ته‌وه‌خوازیی داگیرکه‌رانه و سهروهریخوازانهی نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانره‌وا له ئێران‌دا. ئه‌م قه‌واره نهتهوهیییه شکست و سه‌رنه‌که‌وتوویی نه‌ته‌وه‌خوازیی نه‌ته‌وه‌ی بانده‌ستی نیشان دا که له هه‌وڵی ئه‌وه دابوو ناسنامه‌یه‌کی یه‌کده‌ست و هاوچه‌شن و هاوشێوه له‌سه‌ر حیسابی سڕینه‌وه و کپ کردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نهتهوهکانیتر به زۆر بسه‌پێنێ.
ئه‌م بڕیاره مێژوویییه، ئه‌گه‌ر بۆ نیزامی پاشایه‌تی له ئێران به مانای له‌گرێژنه چوون و خه‌وشدار کردنی "ته‌واویه‌تی ئه‌رزیی ئێران" بوو، بۆ دۆزی نه‌ته‌وه‌یی کورد ده‌سپێکی نوقته گۆڕانێکی مێژوویی بوو. بهدهوڵهتبوونو حاکمییه‌ت به‌سه‌ر وڵاتێک که کوردستانی ناوه، ناوه‌رۆکی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ی له خۆگرتبوو.
مه‌هاباد له‌و رۆژه‌دا بوو به مه‌کۆو ناوه‌ندی بڕیارێکی گه‌وره‌ی مێژوویی. بڕیاری راگه‌یاندنی "جمهوری کوردستان" و دیاریکردنی سه‌رۆککۆمار و هه‌ڵکردنی ئاڵا و، دامه‌زراندن و راگه‌یاندنی گشت ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی که له ده‌وڵه‌تێکی مودێرن و هاوچه‌رخ ده‌وه‌شێته‌وه.
کۆمار نه له ئاکامی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له‌دایک بوو نه خوڵقاوی سیاسه‌تی ده‌ره‌کی بوو. قه‌واره و ناوه‌رۆکی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نهتهوهیییه نه‌ته‌نیا هیچ جۆره بۆره خزمایه‌تییه‌کی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی نه‌بوو، به‌ڵکوو هه‌م له ناو و هه‌م له ناوه‌رۆکدا دوو ده‌سه‌ڵاتی جیاواز‌و دژ به‌یه‌ک بوون. ناوی قه‌واره‌که "جمهوری کوردستان" بوو. که‌چی رێژیمی ناوه‌ندی له تاران سه‌لته‌نه‌تی بوو. هه‌ر بۆیه له‌دایکبوونی کۆمار نه‌یده‌توانی له ئه‌نجامی هیچ چه‌شنه گفتوگۆ و رێککه‌وتنێک له نێوان تاران و کوردستان دا هاتبێته ئاراوه.
کۆمار به‌ده‌ر له بازنه‌ی شه‌رعییه‌تی سنووری سیاسی و جوغرافیایی ئێران بوو. واته: ''وشه‌ی ئێرانی به‌دواوه نه‌بووه. وه‌لانانی وشه‌ی ئێران له کۆتایی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه نیشان ده‌دا که رێبه‌رایه‌تیی کورد حیسابی هۆوییه‌تی جیاوازی خۆی له هۆوییه‌تی ئێرانی بووون جیا کردبۆوه.''1
هه‌ر به‌م پێیه‌ش له ناوه‌رۆکیشدا ئه‌م دوو قه‌واره‌یه ده‌چوونه ناو دوو خانه‌ی له ئاشتی نه‌هاتووی دژ به‌یه‌که‌وه. یه‌کیان له قاوغی رێژیمێکی سه‌لته‌نه‌تی، هۆوییه‌ت و ئیتنیسیته‌ی فارسی کردبووه به‌شێکی جیانه‌کراوه له ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی. ئه‌وه‌ی تریان نوێنه‌رایه‌تیی ناسنامه‌یه‌کی حاشا لێکراوی گرتبووه ئه‌ستۆ. یه‌کیان زمانی فارسی زمانی ره‌سمی‌و ده‌وڵه‌تیی بوو، ئه‌وه‌ی تریان زمانی نه‌ته‌وه‌یی خۆی کردبووه زمانی ره‌سمی. له یه‌که‌میاندا زمانی که‌مایه‌تییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه‌یی بوو که ده‌یهه‌ویست به‌زۆر شوێنه‌ورای گشت زمانه‌کانی تر بسڕێته‌وه، ئه‌وی تریشیان زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دوورخراوه له بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات بوو که هه‌موو هه‌وڵی بۆ ئه‌وه بوو ماڵێکی سیاسی بۆ ئه‌و ناسنامه قه‌ده‌غه کراوه بونیات بنێ.له گوتاری یه‌کیان دا باس له قه‌بووڵی فره‌چه‌شنی و جیاوازی و یه‌کسانی له‌ده‌سه‌ڵات له نێوان نه‌ته‌وه‌کاندا ده‌کرا. که‌چی به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌ویتر تا سه‌ر ئێسقان کاری بۆ توانه‌وه و ئه‌سیمیله کردن و خاشه‌بڕ کردنی فره‌چه‌شنی نه‌ته‌وه‌یی ده‌کرد. هه‌ر له به‌ر ئه‌وه پێوه‌ندیی نێوان ئه‌م دوو جۆره نه‌ته‌وه‌خوازییه، نه‌یده‌توانی پێوه‌ندییه‌کی ئاسایی بێ و له چوارچێوه‌ی سیستمێکی سیاسیی هاوبه‌ش دا حه‌وانه‌وه‌یان پێکه‌وه بۆ بکرێ. نه ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی وه‌ک نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌خوازیی فارس قایل به‌وه بوو له بیری شۆوینیسمی مه‌زنیخوازانه‌ی خۆی بچووکترین پاشگه‌ز بوونه‌وه‌یه‌ک بکا و نه نه‌ته‌وه‌خوازیی کوردیش چیتر حازر به ژیانی کۆیله‌تی و ده‌سبه‌سه‌ری بوو. سه‌رکرده‌ی یه‌کیان حه‌مه‌ره‌زا شای په‌هله‌وی کوڕی ره‌زاخانی قه‌زاق بوو که له باوکییه‌وه ته‌ختی پاشایه‌تیی بۆ به میرات مابووه‌وه و کابرایه‌کی نه‌خوێنده‌وار و سه‌ره‌ڕۆ که به یارمه‌تی و پشتگیریی ئینگلیسه‌کان به‌هۆی کوده‌تایه‌کی سه‌ربازییه‌وه له 21/2/1921 توانی دواشای قاجار له‌ده‌سه‌ڵات بخا و له 25/4/1926 تاجی پاشایه‌تی بنێته سه‌ری و له ماوه‌ی حکومه‌ته‌که دا ئێعدام و قه‌ڵاچۆ کردن و سهرکوتو داپڵۆسین بکاته به‌شێکی جیانه‌کراوه له ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی. حه‌مه ره‌زاشای کوڕیشی له‌گه‌ڵ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی بوو به رێبواری هه‌مان ئه‌و میراته‌ی که له باوکه‌وه بۆی به‌جێمابوو.
سه‌رکرده‌ی لایه‌نی ناسیۆنالیسمی رزگاریخوازانه‌ش، پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د بوو. که‌سایه‌تییه‌کی رووناک‌بیر و تێگه‌یشتوو به مانای راسته‌قینه‌ی وشه زانا. له بیری ئه‌و دا "نه‌ته‌وه‌ی خاوه‌ن شکۆ" و "نه‌ته‌وه‌ی دواکه‌وتوو" جێگایه‌کی بۆ نه‌بوو. ئه‌و هه‌ڵگری روانینێکی دێمۆکراتیانه بوو بۆ که‌سایه‌تیی سیاسی و حقووقی و کولتوریی هه‌موو نهتهوهکانیتر. به‌ردی بناغه‌ی بیری ئه‌و له‌سه‌ر یه‌کسانیی نێوان نه‌ته‌وه‌کان دامه‌زرابوو. یه‌کسانییش له هزر و بیری پێشه‌وادا بریتی بوو له یه‌کسانیی نه‌ته‌وه‌کان له ده‌سه‌ڵات و دیاریکردنی مافی چاره‌نووسیان. له راستیدا ده‌توانین بڵێین ئه‌م دوو قه‌واره‌یه ململانێی نێوان دوو جۆر له نه‌ته‌وه‌خوازی به دوو سیستمی جیاوازی سیاسی و فێکرییهوه بوو. نه‌ته‌وه‌خوازییه‌کی داگیرکه‌رانه‌و داپڵۆسێنه‌ر، له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌خوازییه‌کی رزگاریخوازانه. ئه‌م قه‌واره‌یه به مانای راسته‌قینه‌ی وشه ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی بوو. واته له کرده‌وه و له واقیعدا سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌ری بوو.
له تیۆریی سیاسی‌دا چه‌مکی سه‌روه‌ری گرینگ‌ترین بنه‌مای ده‌وڵه‌ته و یه‌کێک " سوێندخواردنی پێشەوا قازی محەممەد لەکاتی بوونی
بەسەرۆك کۆماری کوردستان:
''ئه‌من به خودا، به که‌لامی عه‌زیمی خودا، به نیشتمان، به شه‌رافه‌تی میللی کورد به ئاڵای موقه‌ده‌سی کوردستان سوێند ده‌خۆم که تا ئاخر هه‌ناسه‌ی ژیانم و رژاندنی ئاخر تنۆکی خوێنم به گیان و به‌ماڵ له رێی راگرتنی سه‌ربه‌خۆیی و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای کوردستان دا تێده‌کۆشم و نیسبه‌ت به ره‌ئیسی جمهوری کوردستان و یه‌کێتیی کورد و ئازه‌ربایجان موتیع و وه‌فادار ده‌بم''.
پێشەوا..
قازی محەمەد
سەرۆکی کۆماری کوردستان "له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌یه قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی پێ ده‌ناسرێته‌وه. بۆ گشت قه‌واره‌یه‌ک پره‌نسیبی سه‌روه‌ری ده‌سه‌ڵاتی باڵای ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌یه‌نێ له به‌جێگه‌یاندنی ده‌سه‌ڵاته نێوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کانی دا. له چوارچێوه‌ی کۆماری کوردستانیش دا پره‌نسیبی سه‌روه‌ری له هه‌ردووک ئاستدا به‌ته‌واوی خوویا بوو و چ جێگایه‌ک بۆ ئۆتوریته و ده‌سه‌ڵات و ته‌نانه‌ت سێبه‌ری ده‌سه‌لاتی داگیرکه‌رانه‌ی تاران له‌ئارادا نه‌بوو. له میانه‌ی ئه‌و باسه‌دا تا ئه‌و جێگایه‌ی بۆ رووکاری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سه‌روه‌رییه ده‌گه‌ڕایه‌وه، سه‌قامگیریی قه‌واره‌که و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی کورد له نێوه‌ندی بایه‌خی خۆی دانابوو. واته له هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی و له پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی دا، سه‌ربه‌خۆ سیاسه‌تی خۆی داده‌ڕشت و خاوه‌ن سیاسه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی بوو، بێئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تێکی دیکه‌وه راده‌ی ده‌سه‌لاته‌که‌ی سنووردار کرابێ. بۆ وێنه سه‌ربه‌خۆ گرێبه‌ستی بازرگانی له‌گه‌ڵ وڵاتێکی ده‌ره‌کی ده‌به‌ست. بۆ پێگه‌یاندنی کادر و پسپۆڕی قه‌واره‌که‌ی گه‌نج و لاوی وڵاته‌که‌ی ره‌وانه‌ی وڵاتێکی ده‌ره‌وه ده‌کرد. له سیاسه‌تی جیهانیدا له‌سه‌ر بنه‌مای رێزدانانی دوو لایه‌نه دیپلۆماسییه‌کی کارای به‌ڕێوه ده‌برد و پێوه‌ندیی سه‌ربه‌خۆی به ده‌وڵه‌ته‌کانی تره‌وه هه‌بوو. له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی میللیی ئازه‌ربایجان رێککه‌وتننامه‌ی هاوکاری و ته‌بایی مۆر ده‌کرد و به وێنه‌ی سیستم و نیزامێکی سیاسی - حقووقیی سه‌ربه‌خۆ له‌گه‌ڵ دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌کرد و سه‌روه‌رییه‌که‌ی خۆی له خانه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌های بێسنوردا ده‌پاراست. بنه‌مای (ره‌ها) لێره‌دا پشڕاسته به مافی بێ‌سنوور بۆ حوکمرانی و پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی قه‌واره‌که له حاند ده‌ستتێوه‌ردان و هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌ره‌کی دا. واته وه‌ک ئه‌کته‌رێکی سه‌ربه‌خۆ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌خوازیی کوردی له رێگای سیاسه‌تێکی سه‌ربه‌خۆوه به‌ڕێوه ده‌برد.
دیوێکی دیکه‌ی ئه‌و سه‌روه‌رییه، بۆ ئاستی نێوخۆی کۆمار ده‌گه‌ڕایه‌وه و خۆی له دانانی یاسا، حوکمرانی و داڕشتنی سیستمی به‌ڕێوه‌به‌ریی وڵات و دابین کردنی ئاسایش و پاراستنی ماف و ئازادییه‌کانی دانیشتوان و شارومه‌ندانی دا ده‌دیته‌وه. له‌م بوارانه‌ش دا راده‌ی ده‌سه‌ڵات و جۆری بڕیار و یاساکانی گرێدراوی هیچ یه‌که‌یه‌کی سیاسیی دیکه نه‌بوون. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر له خودموختاری دا سیاسه‌تی ده‌ره‌وه، پرۆژه‌ی درێژخایه‌نی ئابووری، دیفاعی میللی، داهاتی نه‌ته‌وه‌یی، یاسا گشتییه‌کانی وڵات له لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه دیاری ده‌کرێن، له کۆماری کوردستان دا وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی هه‌موو ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه له پاوانی خۆی دابوون. حکوومه‌تی خودموختار کارگێڕیی نوێنه‌رایه‌تیی ناوه‌ندی هه‌یه و مافی سه‌ربه‌خۆ بڕیاردانی نییه و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا باس له سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی نایه‌ته گۆڕێ، به‌ڵام کۆماری کوردستان هیچ ماف و ده‌سه‌ڵاتێکی له‌خۆی دانه‌بڕیبوو بۆ ئه‌وه‌ی حکوومه‌تی ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌ی به‌رێ.
هه‌ر بۆیه خاشه‌بڕ کردنی هه‌موو سیمبول و ئاسه‌واره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌خوازیی داگیرکه‌رانه‌ی فارس له کوردستان، بوو به یه‌کێک له گرینگ‌ترین خه‌م و سه‌رقاڵییه‌کانی نه‌ته‌وه‌خوازیی کورد له‌و قۆناغه‌دا. به هه‌ڵکه‌وت نییه کاتێ له هه‌ر روویه‌که‌وه له بیچم و سروشتی کۆمار ده‌ڕوانی، بچووکترین شوێنه‌وار و ئاسه‌وارێکی ده‌سه‌ڵاتی تارانی پێوه نابینی.
- له‌خۆڕا نه‌بوو ئاڵای ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ر له سه‌ربان و ده‌زگا ئیدارییه‌کان دێنێته خوارێ و له جێگای ئه‌و ئاڵای نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌شه‌کێنێ.
- هێزی چه‌کداری ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی پێکدێنێ که هه‌م کیانی نه‌ته‌وه له په‌لاماری ده‌ره‌کی بپارێزێ و هه‌م ئاسایش و هێمنیی شارومه‌ندانی ده‌سته‌به‌ر بکا.
- یاسا و رێسا و میراتی ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ر هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و له جێگایان یاسای تایبه‌ت به خۆی دیاری ده‌کا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی ساوا‌و که‌م ته‌مه‌نه و له‌گه‌ڵ گه‌لێک هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی و ناوخۆیی به‌ره‌ڕووه، بۆ یه‌ک ساتیش چاوی له دوایین ئاسه‌واره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌رانه‌ی تاران غافڵ ناکا و بۆ خاشه‌بڕ کردنی هه‌موو قوژبنه‌کان ده‌گه‌ڕێ و: ''ناوه فارسی و ناقۆڵاکانی مه‌کته‌ب و شوێنه گشتییه‌کان کران به ناوی کوردیی خۆش.''2
جگه له‌وه‌ش به‌پێی ''ده‌ستووری پێشه‌وا ره‌ئیسی جمهوری کوردستان له 20ی 10ی 24دا هه‌یئه‌تێک له ئاغایانی فه‌رهه‌نگی له ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ کۆ ببوونه‌وه په‌سه‌ند کرا که مه‌دره‌سه‌ی په‌هله‌وی به‌نێوی مه‌کته‌بی ئامانجی کوردستان نێودار بێ.''3
له هه‌موو ئه‌وانه‌ش گرینگتر. له رۆژی "ئیعلامی جمهوری"و به به‌شداریی پتر له 20 هه‌زار که‌س له چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵی کورده‌واری به‌ئاشکرا راگه‌یاندرا:
''1_ له‌و جێگایانه‌دا که ئێستا کوردی تێدا ده‌ژین به ئیسقلالی ته‌واو بگا.
2_ ئینتخاباتی مه‌جلیسی شورا ده‌س پێ بکه‌ن.
3_ حکومه‌تی میللی کوردستان، وه‌زیران ئیداره‌کانی ساز بکه‌ن.
4_ هێزی موسه‌له‌حی میللی کورد ته‌شکیل بده‌ن.
5_ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ههمسایه رابیته‌ی تیجاره‌تی و ئیقتیسادی به‌رقه‌رار بکه‌ن.
6_ له‌گه‌ڵ برا ئازه‌ربایجانییه‌کان هه‌مکاری و دۆستایه‌تی مه‌حکه‌م بکه‌ن.''4
بڕیاری ئازایانه‌ی پێشه‌وا و بڕیارنامه‌ی جه‌ماوه‌ریی دووی رێبه‌ندان هه‌ڵگری دوو په‌یامی گرینگی به‌م چه‌شنه بوو: یه‌که‌م ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی به ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان و دووه‌م،سه‌ربه‌خۆ ڕاگه‌یاندنی کورد و بزووتنه‌وه‌که‌ی و نه‌بوونه پاشکۆی هیچ لایه‌نێک.
په‌یامی یه‌که‌م: به هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆمار و راگه‌یاندنی جمهوری، بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ئاراسته‌ی ده‌وڵه‌تی شاهه‌نشاهی له تاران کرا. رێبه‌رانی کورد به هه‌ڵبژاردنی سیستمی کۆماری له کوردستان وه‌ک شێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی سیاسیی کوردی به ئاشکراو به کرده‌وه دابڕانی کوردیان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ئێرانی پاشایه‌تی راگه‌یاند. به‌و هه‌نگاوه واته به بونیاتنانی ئه‌و قه‌واره نهتهوهیییه و راگه‌یاندنی سیستمی جمهوری رێگای جیابوونه‌وه‌ی کوردیان به ئاشکرا و بێ دڵه‌ڕاوکێ له ئێران گرهتهبهر. ئه‌مه هه‌م بڕیارێکی یه‌کلا که‌ره‌وه‌ی یه‌کجاره‌کی بوو، هه‌م بڕیارێکی یه‌ک لایه‌نه. بڕیارێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی یه‌ک جاره‌کی بوو، له به‌ر ئه‌وه‌ی کۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌رانه‌ی تاران له کوردستان هێنا و چه‌شنی ده‌سه‌ڵاتێکی به‌ته‌واو جیاوازی بۆ ژیانی دواڕۆژی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی دیاریی کرد و کۆتایی به ژیانی کۆیله‌تیی کورد له نیزامی پاشایه‌تی هێنا و خه‌وی له‌مێژینه‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوونی ئینسانی کوردی له ئاستی خه‌و و تئۆرییهوه بۆ ژیانی راسته‌قینه گواسته‌وه.
هه‌ر به‌و پێیه‌ش راگه‌یاندنی کۆمار بڕیارێکی یه‌ک لایه‌نه‌ش بوو، به‌و مانایه له ئاکامی هیچ جۆره دانوسانێک و یاخۆ به هۆی هیچ جۆره پێ قایل بوون و رێککه‌وتننامه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری تاران نه‌هاتبووه دی. سه‌رچاوه‌ی ئه‌سڵی و ناوه‌ندی سه‌ره‌کیی ئه‌م بڕیاره ته‌نیا بۆ ئیراده‌ی رێبه‌رایه‌تیی سیاسیی کوردی و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان ده‌گه‌ڕایه‌وه.
له‌و قۆناغه‌دا، فاکتۆره‌کانی "بوونی ئیراده‌یه‌کی پته‌وی نه‌ته‌وه‌یی و ئاستی داخوازی سیاسیی کورد"و "باڵانسی هێز" خۆ له خانه‌یه‌کی هاوبه‌ش و ته‌واوکه‌ری یه‌کتر دا ده‌بیننه‌وه بۆ دانی ئه‌و بڕیاره مێژوویییه.
''مه‌فهوومی کۆمار رێژیمێکی حقووقی- سیاسی ناسراوه و سیستمێک نیشان ده‌دا که خه‌ڵک سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته. له حاڵێکدا حکومه‌تی خودموختار نوێنه‌ری حاکمیه‌تی ناوه‌ندییه؛ قانوونه‌کانی نابێ له‌گه‌ڵ قانوونی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی دژایه‌تییان هه‌بێ؛ پووڵ و ئابووری و پێوه‌ندیی ده‌ره‌وه‌ی نییه؛ ئه‌رته‌شی نییه و سنوری جوغرافیایی ئاواڵه‌یه. له حکومه‌تی خودموختاردا باس له حاکمییه‌ت ناکرێ و که‌سایه‌تی حقوقی- سیاسی سه‌ربه‌خۆی نییه. ناوی کۆماری کوردستان و سروود و په‌رچه‌م و له‌شکر و دیار کردنی سنوور، سڕینه‌وه‌ی هه‌موو شوێنه‌واری فارس و قه‌ده‌غه کردنی خوێندن به فارسی به گشتی راماڵینی هه‌موو شوێنه‌واری عه‌جه‌م ته‌نانه‌ت ببووه قسه‌ی نه‌سته‌ق''. 5
به‌کار هێنانی زاراوه‌ی "سه‌ربه‌خۆیی"، "استقلالی تام و ته‌مام"، "هه‌ڵکردنی ئاڵای سێ ره‌نگی کوردستان" و راگه‌یاندنی "جمهوری کوردستان"... که به‌رده‌وام له‌لایه‌ن پێشه‌واوه له کۆبوونه‌وه‌کانی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرد، راست به‌و مه‌به‌سته بوو که بۆ هه‌میشه کۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌رانه‌ی تاران له کوردستان بێنێ.
وه‌ک ده‌بینین له هیچکام له‌و هه‌نگاوانه دا، چ باسێک له خودموختاری له چوارچێوه‌ی ئێران و مانه‌وه له سیستمی پاشایه‌تیی ئه‌و وڵاته‌دا له ئارا دا نییه. به‌تایبه‌تی له رۆژی دووی رێبه‌ندان وه‌ک رۆژی دیاریکردنی چاره‌نووسی سیاسیی کورد، ئه‌وه‌ی ناوی له‌نێو ناواندا نییه، ئێران و رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ رێژیمی پاشایه‌تییه. به‌پێچه‌وانه هه‌موو بڕیاره‌کان و گشت هه‌نگاوه‌کان بۆ ئه‌وه‌یه کوردستان و کورد له پاشکۆیه‌تی به نه‌خشه‌ی جوغرافیایی ئێران، بۆ هه‌میشه رزگار بکرێ. ئه‌م راستییه له ئایینی سوێند خواردنی پێشه‌وا به باشترین شێوه خۆی ده‌نوێنێ:
''ئه‌من به خودا، به که‌لامی عه‌زیمی خودا، به نیشتمان، به شه‌رافه‌تی میللی کورد به ئاڵای موقه‌ده‌سی کوردستان سوێند ده‌خۆم که تا ئاخر هه‌ناسه‌ی ژیانم و رژاندنی ئاخر تنۆکی خوێنم به گیان و به‌ماڵ له رێی راگرتنی سه‌ربه‌خۆیی و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای کوردستان دا تێده‌کۆشم و نیسبه‌ت به ره‌ئیسی جمهوری کوردستان و یه‌کێتیی کورد و ئازه‌ربایجان موتیع و وه‌فادار ده‌بم''. 6
دانانی وه‌زاره‌تخانه و بنکه و دامه‌زراوی ده‌وڵه‌تی بۆ ئیداره‌ی وڵات و لێک جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان له یه‌کتر، ههنگاوێکی تر بۆ داڕشتنی بناغه‌کانی ستروکتوری سه‌ربه‌خۆیی کۆمار بوو.
هه‌ر چه‌ند یه‌کێک له بڕیاره‌کانی رۆژی 2ی رێبه‌ندان هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی شورا بوو که جێگای پارلمانی ئێستا ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام کهشو هه‌وای ناله‌باری سیاسی و که‌م ته‌مه‌نیی کۆمار رێگای نه‌دا ئه‌م بڕیاره به کرده‌وه بێنێته دی، هه‌ر بۆیه له کۆماری کوردستان دا ده‌سه‌ڵاتی یاسا دانان وه‌ک پارلمانێکی هه‌ڵبژێردراو نه‌بوو، بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایییه بڕیاره‌کان له سه‌رکۆماره‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ کردن ده‌رده‌چوون. به‌ڵام:
''له کۆماری کوردستاندا ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ کردن بۆ راپه‌ڕاندنی ئیش و کاری حکومه‌ت به‌ته‌واوی دامه‌زرابوو و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران 13 وه‌زاره‌تی له‌خۆ گرتبوو. که ئه‌م وه‌زاره‌تانه‌ش دام و ده‌زگای تریان دامه‌زراندبوو که به‌رده‌وام بۆ خزمه‌ت کردن و راپه‌ڕاندنی کاروباری هاووڵاتیان و په‌یوه‌ندی کۆماره‌که و پاراستنی سنووره‌کانی و... له هه‌ڵسووران و کارکردن دابوو.''7
به‌شێکی تر له ستروکتوری کۆمار بوونی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بوو. لاکردنه‌وه له کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌ک تلیاک کێشان، شه‌ڕ و کێشه‌ی نێوان هاووڵاتیان و هه‌وڵدان بۆ دابین کردنی ئاسایش و هێمنایه‌تی... ئه‌رکگه‌لێک بوون که بۆ چاره‌سه‌رکردنیان ، پێویستیی دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی هێنابووه گۆڕێ.
په‌یامی دووهه‌میش رووی له کاربه‌ده‌ستانی سه‌رانی فیرقه له ته‌ورێز بوو. پێشه‌وا به راگه‌یاندنی جمهوری له نێوان خۆبوون و پاشکۆ بوون دا، ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردی به باشترین شێوه بۆ ره‌ت کردنه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه پاشکۆیه‌تییه‌ک به‌گوێی کاربه‌ده‌ستانی ئازه‌ری گه‌یاند. ئه‌و په‌یامه‌ی پێشه‌وا بۆ لایه‌نی ئازه‌ری گه‌لێک روون و ئاشکرا بوو. پێشه‌وا به ئیعلامی جمهوری ویستی له سه‌رانی فیرقه بگه‌یه‌نێ پاشکۆیه‌تیی کورد‌و دوور که‌وتنه‌وه‌ی کورد له بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات، له‌لایه‌ن کێوه بێ، بۆ تاران بێ یاخۆ ته‌ورێز، پاشکۆیه‌تی، پاشکۆیه‌تییه. ئه‌م پاشکۆیه‌تییه له ژێر هه‌ر ناوێک و به هه‌ر ره‌نگێکه‌وه بێ له‌لایه‌ن ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورده‌وه ده‌خرێته دواوه.
کاتێ له سه‌رجه‌می ئه‌و هه‌وڵانه ده‌ڕوانی، گشتیان خۆ له په‌یامێکی هاوبه‌ش دا ده‌بیننه‌وه‌و ده‌چنه خانه‌ی خیتابێکی هاوبه‌شه‌وه. په‌یامی به‌ده‌وڵه‌تبوونی کورد و له‌نێو بردنی شوێنه‌واری ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ر له کوردستان و خۆ جیا کردنه‌وه له‌و و قایل نه‌بوون به به‌شێک له‌ویتر به‌ردی بناغه‌ی ئه‌و په‌یامه بووه.
له رۆژگاری ئێستاش دا کاتێ له ئاکامی له‌بار بوونی هه‌لومه‌رجێکی ده‌ره‌کی و نێوخۆیی، نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌توانێ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی دابمه‌زرێنێ، هه‌ر هه‌مان ئه‌و ئه‌رکانه له قۆناغی یه‌که‌مدا ده‌خاته ده‌ستووری کاری خۆیه‌وه. واته:
- زمانی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی ده‌کاته زمانی ره‌سمی و واز له به‌کارهێنای زمانی سه‌پێندراوی ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ر دێنێ.
- جۆری دڵخوازی سیستمی سیاسیی خۆی ده‌سنیشان ده‌کا.
- رێبهرو سه‌رکۆماری قه‌واره‌ی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی دیاری ده‌کا.
- ده‌وڵه‌ت پێکدێنێ، وه‌زاره‌تخانه و دامه‌زراوی ده‌وڵه‌تی چێ ده‌کا.
- ئه‌رته‌ش و سوپای میللی بونیات ده‌نێ...
- ئاڵای ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌رانه تووڕ ده‌دا و ئاڵای نه‌ته‌وه‌یی خۆی هه‌ڵده‌کا. واته هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه ده‌بڕێ که کۆماری کوردستانیش به‌جێی هێنا.
هیچ کام له‌و ههنگاوگهله کرده‌وه‌یه‌کی به‌هه‌ڵکه‌وت یاخۆ به‌و چه‌شنه‌ی که "مێژوونووسیی حیزبی" ده‌ڵێ لاسایی کردنه‌وه له مودێلی کۆماره‌کانی سۆڤیه‌تی نه‌بوو. له پشت ئه‌و هه‌نگاوانه بیری به‌ده‌وڵه‌تبوونی کورد نوستبوو. بیری به‌ده‌وڵه‌تبوونی کوردیش دیارده‌یه‌ک نه‌بوو کورد له مۆدێلی کۆماره‌کانی سۆڤیه‌تییه‌وه به قه‌رز وه‌ریگرتبێ. ئه‌م راستییه له قسه‌کانی پێشه‌وا دا له رۆژی راگه‌یاندنی کۆمار به‌مشێوه‌ی خواره‌وه ره‌نگی داوه‌ته‌وه:
''کورد له قه‌دیم را هه‌زاران پادشا و حوکمدار و ته‌شکیلاتیان بووه. هه‌ر له‌م کوردستانی ئازادی ئێستادا بنه‌ماله‌ی ئومه‌رای موکری که سه‌ر سلسله‌ی ئه‌وان ئه‌میر سهیوهدین بووه تا (1020ی کۆچی) بیلئیستیقلال یه‌ک له دووی یه‌ک ئه‌میر سهیفودین، سارم به‌گ، شێخ حه‌یده‌ر، ئهمیربهگ، ئهمیرپاشا، تا ده‌گاته قوبادخان به ده‌سه‌ڵات و قودره‌ته‌وه حکومه‌تیان کردووه. میلله‌تی رهشیدو به‌غیره‌تی کورد له هه‌موو ده‌ور و زه‌مانێکدا هه‌ر که‌س خه‌یاڵی ئیستیلای نیشتمانی ئه‌وانی بووبێ، به‌ره‌نگاری بوون و به‌ربه‌ره‌کانیان کردووه... له پاش له ده‌ستچوونی سه‌ڵته‌نه‌ت و حوکمداریشیان بۆ وهگیرخستهنهوهی ئیستقلال و ئازادی قوربانیان داوه... میره کوێره‌یان کوشتووه بابان سه‌ریان هه‌ڵداوه، بابانیان بێده‌نگ کردووه، ئه‌رده‌ڵان بڵیند بوون، ئه‌وانیان له عه‌رزی داوه بتلیسی به‌رز بوونه‌ته‌وه...''8
له دامه‌زراندن و پێکهاتنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌ییه‌دا، پشت به ناسیۆنالیزمی ئیتنۆکولتوری به‌ستراوه. زۆربه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر شانۆی سیاسی جیهان ده‌بیندرێن به‌رهه‌می ئه‌و جۆره گوتاره‌ن له ناسیۆنالیزم. هه‌ر بۆیه پێشه‌وا له رۆژی 2ی رێبه‌ندان له ده‌سپێکی راگه‌یاندنی کۆمار‌دا، کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک پێناسه‌ده‌کا و ده‌ڵێ:
''کوردستان مه‌وقعیه‌تی جوغرافیائیهکی مه‌خسوسی هه‌یه که بێ پسانه‌وه بێ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه و میلله‌تێکی که له نێویان دا فاسیل و لێکیان بپچرێتهوه کورد به‌سه‌ریه‌که‌وه، پێکه‌وه، سکونهتیان تێیدا هه‌یه و دارای مالکییه‌تی میللین ده‌وی دا. به‌سه‌رهات و سهوابیقی تاریخییان یه‌که و عمومه‌ن تێیدا شه‌ریکن. خاوه‌نی ئاداب و عادات و رسومی میللییهکی وان که هیچ جۆره سه‌ده‌مه و حهوادسێک نه‌یتوانیوه سستییه‌ک له بناغه‌ی میلله‌تی ئه‌وان دا په‌یدا بکات.''9
پێناسه کردنی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه له‌لایه‌ن پێشه‌واوه له‌و رۆژه مێژوویییهدا دیارده‌یه‌کی به‌هه‌ڵکه‌وت نییه. له پشتی هه‌ر کام له‌و دێڕانه مه‌به‌ستیکی تایبه‌تی خۆی حه‌شار داوه، ئه‌ویش خۆبینین و خۆپیناسه کردنه وه‌ک یه‌ک نه‌ته‌وه. ئه‌م پێناسه‌یه وه‌ڵامێک بوو بۆ پرسیاری ئێمه کێین؟ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کوردبوونمان چیه؟ ئه‌و بنه‌مایانه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی کورد پێک دێنن کامانه‌ن؟
له پڕۆسه‌ی چێ کردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا، بوونی نه‌ته‌وه پێویستییه‌کی بنه‌ڕه‌تی و به‌ردی بناغه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دێته نرخاندن و لێره‌شه‌وه به‌ده‌وڵه‌تبوونی نه‌ته‌وه دێته ئاراوه. له ئاکامی ئه‌و خویندنه‌وه‌یه کورد نه‌ته‌وه‌یه و بۆیه‌ش مافی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و مافی دیاری کردنی چاره‌نووسی خۆی هه‌یه. پێشه‌وا ده‌یه‌ویست له ڕێگای هێنانه ئارای ئه‌و پێناسه‌یه‌وه کێشه‌ی کورد به مه‌سه‌له‌ی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه گرێ بدا. واته لێره نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌هۆی بوونی نیشتمانێک که کوردستانی ناوه‌و به پشت به‌ستن به فاکتۆرگه‌لێکی وه‌ک زمان، مێژوو بڕوا به سیمبول و چاره‌نووسی هاوبه‌ش و نواندنی ئیراده‌ی پێویست و بوونی رێبه‌رێکی لێوه‌شاوه‌ی وه‌ک پێشه‌وا، پێویستیی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کورد دێته ئاراوه و بوونی نه‌ته‌وه وه‌پێش بوونی ده‌وڵه‌ت ده‌که‌وێ.
به‌مجۆره وه‌ک ده‌بینین: ناسیۆنالیسمی کورد له رووی گه‌شه و ته‌کامول و به‌ره‌وپێشچوونی له رۆژی دووی رێبه‌ندان به لووتکه‌ی هه‌ره به‌رزی خۆی گه‌یشت. ئه‌و ناسیۆنالیسمه ئه‌گه‌ر تا پێش له ئیعلامی جمهوری وه‌ک بزاڤێکی به‌رهه‌ڵستکارانه دژ به داگیرکراویی وڵاته‌که‌ی و بێ مافیی نه‌ته‌وه‌ی کورد، تێکۆشانی ده‌نواند، له رۆژی 2ی رێبه‌ندان ئاستی نه‌ته‌وه‌خوازیی کورد به پله‌ی هه‌ره به‌رزی خۆی گه‌یشت. له بزاڤێکی جه‌ماوه‌ری و بهرههڵسکارانهوه، پێی نایه سه‌رده‌می به‌ده‌وڵه‌تبوون و وه‌ده‌سهێنانی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌مه ده‌سپێک و سه‌ره‌تای وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی بوو بۆ کورد. به‌جۆریک ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆماره بیتوانیبایه له ژیاندا بمێنێ، له گه‌لێک له‌و کاره‌سات و قهڵاچۆکردنانهی به‌سه‌ر گه‌لی کورد دا هات، پێشگیری ده‌کرا.
سه‌رچاوه‌کانی فه‌سڵی ده‌هه‌م :
1. بڕوانه وتاری: مامۆستا حهسهنزادهو پولیمیکی سیاسی له نووسینی به‌رێز حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده، ناسراو به مامۆستا گۆران.
2. "نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین. حکومه‌تی کوردستان ل 156.
3. رۆژنامه‌ی "کوردستان" ژماره 10. 15/11/1324.
4. رۆژنامه‌ی "کوردستان" ژماره 8 18/11/1324. قه‌رارێک که له 2ی رێبه‌ندانی ساڵی 1324 له لایه‌ن 20 هه‌زار نه‌فه‌ر له میتینگی شاری مه‌هاباد په‌سند کراوه.
5. مامۆستا حهسهنزادهو پولیمیکی سیاسی؟! له نووسینی به‌ڕێز حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده ناسراو به مامۆستا گۆران.
6. "کوردستان" ژماره 14 ساڵی یه‌که‌م چوارشه‌ممۆ 24ی رێبه‌ندانی 1324.
7. کۆماری کوردستان_ مه‌هاباد 1946 له روووی یاسای گشتی نێو ده‌وڵه‌تیه‌وه له نوسینی: نه‌وزاد مه‌جید خدر سه‌رمۆردی له بڵاوکراوه‌کانی مه‌کته‌بی بیر‌و هوشیاری.
8. رۆژنامه‌ی "کوردستان" ژماره 10 دووشه‌م‌و 10 رێبه‌ندانی 1324ی هه‌تاوی. جێژنی سهربهخۆییو ئیستقلالی کوردستان.. نوتقی جه‌نابی پێشه‌وا.
9. رۆژنامه‌ی "کوردستان" ژماره 10 و 11 نوتقی جه‌نابی پێشه‌وا ره‌ئیس جمهوری به‌رزی کوردستان.
وێبڵاگی نووسەر: http://ayoub-ayoubzadeh.blogspot.de
02/02/2013