ئەیوب ئەیوبزادە
بەشی یەکەم لێرەدا بخوێنەوە: دوورگه‌ی به‌خته‌وریی مرۆڤی کورد
له‌م ده‌رفه‌ته‌دا راوه‌ستان و شۆڕبوونه‌وه بۆ ناو جیهانی هزر و روانگه‌کانی پێشه‌وا کارێکی گه‌لێک پێویسته. بێئه‌وه‌ی بمانه‌وێ له نه‌خش و ده‌ورو تێکۆشانی ''ژێکاف'' و ''حیزبی دێمۆکرات'' که‌م بکرێته‌وه، راستییه‌ک هه‌یه ده‌بێ بگوترێ. ئه‌ویش نه‌خش و رۆڵی تایبه‌تی و چاره‌نووسسازی پێشه‌وایه له وه‌ده‌سهێنانی گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وتی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی مێژووی هاوچه‌رخی کورد. که‌سێک بیهه‌وێ کۆمار بناسێ ده‌بێ له جیهانی هزر و بیری پێشه‌واوه ده‌س پێبکا. کۆمار و پێشه‌وا دوو واتای لێک گرێدراون. کۆمارناسی بێ پێشهواناسی، ناسینێکی رواڵه‌تی و سه‌قه‌ت و ناته‌واوه‌و. ''ئه‌گه‌ر بزاڤی ناسیۆنالیستی کوردی له بیسته‌کاندا بێ ناوی شێخ مه‌حمود ده‌بێته که‌م و کووڕییه‌ک، ناوهێنان و قسه‌کردنیش له‌سه‌ر ژێکاف و حیزبی دێمۆکرات و کۆماری کوردستان وه‌ک به‌رهه‌می تێکۆشانی ناسیۆنالیزمی سیاسی کورد له رۆژهه‌ڵات بێ ناوی قازی محه‌مه‌د له که‌موکورتی به‌ده‌ر نابێت.''1
به‌داخه‌وه له‌سه‌ر شه‌خسیه‌تی قازی تا ئێستا وه‌ک پێویست لێکۆڵینه‌وه نه‌کراوه و جێگای خۆیه‌تی که بیر و روانگه و خه‌بات و تێکۆشانی پێشه‌وا، به‌شێوه‌یه‌کی جیددی موتاڵا بکرێ و بخرێته لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی هه‌مه لایه‌نه‌وه. به هه‌ست کردن به‌و پێویستییه وه‌ک هه‌وڵێکی سه‌ره‌تایی له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵده‌درێ له چه‌ند ئیزگه‌یه‌کی ژیانی پێشه‌وا ورد بینه‌وه و بیر‌و هزری پێشه‌واو رۆڵی ئه‌و له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌خوازیی کورددا بخه‌ینه روو.
له‌م گه‌شته‌دا سه‌ره‌تا ژیانی بنهماڵهییو سه‌رده‌می لاوه‌تیی پێشه‌وا ده‌خرێته روو. له به‌شی دووهه‌می ئه‌م کاره‌دا هه‌وڵ ده‌درێ بیر و رۆڵی پێشه‌وا له ژێکاف و پاشان له حیزبی دێمۆکرات و بونیاتنانی کۆماری کوردستان پێشان بدرێ.
قازی محه‌ممه‌د (پێشه‌وا) له سه‌رده‌می مناڵی و لاوه‌تی دا
''بنه‌ماڵه‌ی قازی یه‌کێک له بنه‌ماڵه کۆنه‌کانی کوردستان ده مه‌ڵبه‌ندی موکریان دا دێنه ئه‌ژمار. ناوه‌ندی سه‌ره‌کییان شاری مه‌هاباد (سابڵا‌غ) و گونده‌کانی ئه‌و شارستانه‌یه. به‌ڵام زۆر که‌سیشیان له تاران و ته‌ورێز و ورمێ و شوێنی دیکه‌دا ده‌ژین و ته‌نانه‌ت چه‌ند ماڵێکیشیان په‌ڕیوه‌ی ئۆرووپا و ئه‌مریکا بوون. ژیانیان زۆرتر له مڵک و مه‌زرا و داهاتی کشت‌و کاڵ دابین ده‌بێ و زۆریشیان بوونه‌ته موچه‌خۆری ده‌وڵه‌ت و به کاری ئیداری و په‌روه‌رده و بارهێنان و کاری ئازاده‌وه سه‌رگه‌رمن و زۆر که‌م خۆیان له قه‌ره‌ی کاری بازرگانی و دووکانداری داوه. فه‌رهه‌نگی ژیانی ئه‌م تایفه کۆنه تێکه‌ڵاوه له فه‌رهه‌نگی شارستانی و عه‌شیره‌تی. ئه‌هلی ئه‌ده‌ب و شێعر و زانست و خوێنده‌واری بوون و له هه‌مانکاتدا راوچی و سوارچاک و چه‌کهه‌ڵگر و به‌ده‌ست و تفه‌نگ و ئازا‌و نه‌به‌رد بوون. بێجگه له مه‌لا و زانای گه‌وره و ئهدیبو شاعیر و نوسه‌ری ناوبه‌ده‌ره‌وه، زۆر جوامێری دلێر و نه‌ترس و تفه‌نگچی و راوچی به‌ناوبانگیشیان لێ هه‌ڵکه‌وتووه. له گوند‌و مه‌زرادا باغداری و کشت و کاڵیان په‌ره پێداوه و فه‌رعانی و ئاوه‌دانییان خستووه‌ته وڵات، به‌ڵام هه‌رگیز تاجر یا بازاڕییه‌کی سه‌رکه‌وتوویان لێ هه‌ڵنه‌که‌وتووه. له‌م دواییانه‌دا که شاره‌کانی کوردستان گه‌وره بوونه‌ته‌وه‌و فه‌رهه‌نگ و ژیانی شارستانه‌تی به‌سه‌ر شێوه‌ی ژیانی عه‌شیره‌تی و داب و نه‌ریتی کۆندا زاڵ بووه، ئاڵ‌و گۆڕێکی بنه‌ڕه‌تی دهشێوهی ژیان و کار و چالاکی ئه‌ندامانی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه دا پێکهاتووه. ئه‌گه‌ر له ساڵانی قه‌دیمدا زۆریان مه‌لا و مامۆستای ئایینی هه‌بووه، ئێستا ته‌نانه‌ت یه‌ک مه‌لاشیان نییه و روویان ده خوێندنی تازه له مه‌دره‌سه و زانکۆکان کردوه و جیلێکی تازه‌شیان به کاری بازرگانی و بازاڕه‌وه خه‌ریکن و له باری سیاسییه‌وه ئێستاش وه‌ک بنه‌ماڵه‌یه‌کی چالاک و هۆشیار دێنه ئه‌ژمار. ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێ که پاش هه‌ره‌سهێنانی کۆماری کوردستان گه‌وره‌پیاوانی ئه‌م تایفه یا شه‌هید کران یا که‌وتنه زیندان و ژێر گوشاری کوشنده‌ی دام و ده‌زگای په‌هله‌وی. به‌جۆرێک که ئه‌ندامانی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه تووشی ژیانێکی پڕ له ترس و نیگه‌رانی بوون و له هه‌موو ده‌راوێکی روون بێبه‌ش مانه‌وه و نه‌یانتوانی له باری خوێندن و گه‌شه‌ی ئابووری و ماڵ و سامان پێکه‌وه‌نان هه‌نگاوی پێویست هه‌ڵبگرن و ئه‌م حاڵه‌ته ناله‌باره تا راده‌یه‌ک بوو به هۆی دواکه‌وتوویی له باری خوێندن و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریدا.
له زه‌مانی بداغسوڵتانی موکری، ئه‌میر و ده‌سه‌ڵاتداری بنه‌ماڵه‌ی ئه‌میرانی موکری، که هاوکات ده‌گه‌ڵ پاشایه‌تی شاسولهیمانی سه‌فه‌وی (1077ی کۆچی مانگی به‌رانبه‌ر به 1667ی زایینی) ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی موکریان بووه. ورده ورده ناوی "قازی" له به‌ڵگه‌نامه و ریوایات و مێژووی زاره‌کی و نووسراوه‌ی موکریان‌دا دێته گۆڕێ و به‌پێی ئه‌م باس و بابه‌تانه "تاتوێل" یا "تاتوێلی" ناوێک له نه‌ته‌وه‌ی گورجی له گورجستانه‌وه ده‌خزمه‌ت بداغسوڵتاندا، که ده‌وان رۆژاندا ده‌گه‌ڵ له‌شکری شاسولهیمانی سه‌فه‌وی ده به‌رامبه‌ر سپای رووسدا خه‌ریکی شه‌ڕ و پێکدادان بوون. دێته سابڵا‌غ و موسوڵمان ده‌بێ. بداغ سوڵتان ناوی "محه‌ممه‌د" له‌سه‌ر تاتوێلی لاو داده‌نێ و ده‌به‌ر خوێندنی ده‌نێ. محه‌ممه‌دی نۆموسوڵمان زۆر زوو خوێندنی ئه‌و سه‌رده‌مه فێر ده‌بێ و ده‌بێته مه‌لایه‌کی گه‌وره‌و زانا. ئه‌ولادی ئه‌م مه‌لا محهممهدهش هه‌موویان خوێنده‌وار بوون و کوڕی گه‌وره‌ی به ناوی ئه‌حمه‌د ده‌بێته "قازی" شار و شۆره‌تی قازی له‌و سه‌رده‌مه‌وه بۆ ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه ماوه‌ته‌وه.
میرزا ئه‌حمه‌د کوڕێکی بووه به ناوی عوسمان که سهربردهکهی زۆر روون نییه به‌ڵام میرزا مه‌حموودی کوڕی حاجی عوسمان زانایه‌کی گه‌وره‌ی خه‌تخۆش و هونه‌رمه‌ند بووه و پێنج قورئانی به خه‌تی خۆی نووسیوه‌ته‌وه که دوانیان که‌وتوونه‌ته مۆزه‌خانه‌ی بریتانیا و ئه‌سته‌مبوڵ و دووانیشیان هه‌ر ئێستا به‌ده‌ست بنه‌ماڵه‌ی قازییهکانهوه پارێزراون.
له میرزا مه‌حموود دوو کوڕ به ناوی قاسم و عه‌بدوڵڵا به‌جێ ده‌مێنن که ئه‌وانیش خوێنده‌وار و مه‌لا بوون و بینای مزگه‌وتی قازی له مه‌هاباد یادگاری ئه‌م دوو خوالێخۆشبووانهیه.
له‌مه به‌دواوه ژماره‌ی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه زۆر ده‌بێ و لق‌وپۆپی زۆری لێ ده‌بێته‌وه. له به‌ره‌بابی میرزا عه‌بدووڵڵا چه‌ند کوڕ به‌م ناوانه‌ی خواره‌وه پاشه‌که‌وت ده‌بن:
1- میرزا ره‌حمان 2- حاجی عه‌بدوره‌حیم (له ژنێک به ناوی حۆری یا غونچه له بنه‌ماڵه‌ی بداغ‌سوڵتان) 3- مه‌لا عه‌بدولمه‌لیک 4- میرزا مۆمن 5- مه‌لا قوددوس 6- مام ئه‌مین (له دایکێک به‌ناوی "فه‌ره‌نتی" له عه‌شیره‌تی ماوه‌تان).
ئێمه لێره‌دا بۆ کورت بوونه‌وه‌ی ئه‌م وتاره باسی ئه‌و لقانه ناکه‌ین که له‌م خوالێخۆشبووانه که‌وتوونه‌ته‌وه. ده‌توانن بۆ زانیاری وردتر کتێبی به‌نرخی (تاریخچه خانواده قاضی) به قه‌ڵه‌می خوالێخۆشبوو خه‌لیلی فه‌تاحی قازی بخوێننه‌وه.
لێره‌دا ئاوڕێک له میرزا قاسم برای میرزا عه‌بدوڵڵا ده‌ده‌ینه‌وه و پێویسته بگوترێ که زۆربه‌ی زۆری تایفه‌ی قازی له‌م به‌ره بابه که‌وتۆته‌وه و ئه‌ولاد و نه‌وه و نه‌تیجه‌ی میرزا قاسم زۆرتر بوون و ده ئاڵ و گۆڕ و رووداوه مێژوویییه‌کاندا نه‌خش و ده‌وری به‌رچاوتریان هه‌بووه.
میرزا قاسم کوڕێکی به ناوی میرزا ئه‌حمه‌د له پاش به‌جێماوه که به‌پێی نووسینی محه‌ممه‌د حه‌سه‌ن خان (اعتمادالسطنه) خاوه‌ن فه‌زل و که‌ماڵ بووه و له‌نێو زانایان دا له هه‌مووان سه‌رتر و خاوه‌ن "خه‌ت و ئینشای بێوێنه" بووه.
میرزا ئه‌حمه‌د هه‌شت کوڕی له سێ دایکان له پاش به‌جێ ماوه که بریتی بوون له:
1- قاسم 2- شێخ جه‌لال 3- میرزا فه‌تاح (له کچێکی بنه‌ماڵه‌ی بداغ‌سوڵتان به ناوی فاتمه خانم) 4- وه‌هاب 5- ره‌زاق (له کچێکی به‌گله‌ربه‌گی هه‌وشار) 6- مه‌جید - له‌تیف- ئه‌حمه‌د (له مایا خانمی ئاسۆڕی).
دوایین ئه‌ولادی میرزا قاسم به ناوی ئه‌حمه‌د (میرزاله) که پاش کۆچی دوایی باوکی له‌دایک ببوو. له شه‌ڕێکی موڵکی دا به جه‌وانی کوژرا و که‌سی له پاش به‌جێ نه‌ماوه.
میرزا قاسمی قازی زانایه‌کی گه‌وره و به‌ناوبانگ بووه و ماڵ و مه‌حکه‌مه‌ی هه‌موو پڕ له میوان و ئاشنا و غه‌ریبه بووه. کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی و دادوه‌ری و کوژاندنه‌وه‌ی شه‌ڕو ناخۆشی نێوان خه‌ڵکی شار‌و عه‌شیره‌ته‌کانی موکریان له‌و مهحکهمهیهدا جێبه‌جێ ده‌کرا. میرزا قاسم وه‌ک ناسراوێکی باوه‌ڕپێکراو به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی چاو لێده‌کراو له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تیشه‌وه وه‌ک گه‌وره‌پیاوی مه‌ڵبه‌ندی موکریان ده‌هاته ئه‌ژمار. له سه‌رده‌می شۆڕشی هه‌مزاغای مه‌نگوڕدا له‌لایه‌ن ئه‌میرنیزامی گه‌ڕووسی حاکم و ده‌سه‌ڵاتداری موکریانه‌وه ناردرایه لای هه‌مزاغا بۆ نێوبژی کردن له نێوان ده‌وڵه‌ت و بزاڤه‌که‌ی ههمزاغادا. وه‌ک باب و باپیرانی ئێمه به ده‌یان جار گێڕاویانه‌ته‌وه میرزا قاسم که ناچار ده‌بێ ئه‌م ئه‌رکه راپه‌ڕێنێ له یه‌که‌م دیداری دا به هه‌مزاغا ده‌ڵی: "من ناچار بوم بێمه لای ئێوه و راسپارده‌م. ئه‌میر نیزام منی ناردووه تکات لێ بکه‌م ده‌ست له دژایه‌تی ده‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت هه‌ڵبگری و ده‌گه‌ڵ من بگه‌ڕێیه‌وه لای حکومه‌ت. به‌ڵام من له‌لایه‌ن خۆمه‌وه پێت ده‌ڵێم که به قسه‌ی من مه‌که و بڕوات به‌م به‌ڵێنییانه نه‌بێ". هه‌مزاغا به قسه‌ی میرزا قاسم ده‌کا و ناگه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام جاری دووهه‌م ده‌گه‌ڵ وه‌ڤدێکی دیکه که قورئانی مۆرکراویان له لایه‌ن ئهمیرنیزامهوه بۆ بردبوو، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و به شێوه‌یه‌کی نامرۆڤانه له "باغی شێخی" مه‌هاباد ده‌کوژرێ. به‌داخه‌وه هێندێک که‌سی نائاگا و گومان لێکراو ئه‌م مه‌به‌سته‌یان به‌پێچه‌وانه باس کردووه‌و میرزا قاسم به هێنانه‌وه و به‌کوشتدانی هه‌مزاغا تۆمه‌تبار ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش له کاتێک دایه که بنه‌ماڵه‌ی قازی به درێژایی مێژوو لایه‌نگری نه‌ته‌وه‌ی خۆیان بوون و هه‌موو کات و ساتێک بۆ پاراستنی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و ده‌ره‌کی راوه‌ستاون و سه‌ریان له‌سه‌ر ئه‌م ئامانجه داناوه.
میرزا قاسم به یارمه‌تی شه‌ش برای ئازا و نه‌به‌رد و خه‌ڵکی سابڵا‌غ ماوه‌یه‌ک به قودره‌ت و تواناوه کاروباری مه‌ڵبه‌ندی به‌ڕێوه بردووه و شار و دێهاتی پاراستوه‌و له مریدانی (شێخ شه‌مسه‌ددینی بورهانی "د.خ") بووه. رێکه‌وتی وه‌فاتی به‌وردی دیار نییه و ره‌نگه له ده‌یه‌ی شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی سێزده‌ی کۆچی مانگی‌دا رووی دابێ. میرزا قاسم چوار کوری له‌پاش به‌جێ ماوه که بریتی بوون له: 1- عه‌لی 2- ئه‌بولحه‌سه‌ن سه‌یف 3-عه‌بدووڵڵا (قازی عه‌سکه‌ر) 4-ره‌حیم.
میرزا ره‌حیم له سه‌رده‌می لاوه‌تی دهشهڕ و پێکدادانێک دا که له‌سه‌ر زه‌وی و زاری گوندی پیروه‌لی باغی دێته گۆڕێ ده‌کوژرێ. (به‌ده‌ست مه‌جیدبه‌گی بورهانی).
قازی عه‌سکه‌ر وه‌جاخ کوێر بووه و زۆرتری ته‌مه‌نی له گوندی پیروه‌لی باغی ژیاوه به کاری کشت و کاڵ و ئاغایهتییهوه سه‌رگه‌رم بووه.
قازی عه‌لی خوێندنی باوی سه‌رده‌می له‌لای میرزا قاسمی باوکی خۆی و ماوه‌یه‌ک له سنه لای زانایانی ئه‌و شاره و مه‌لای پیره‌باب که زانایه‌کی گه‌وره‌و دیندارێکی بێوێنه‌ی زه‌مانی خۆی بووه ته‌واو کرد و هاته ریزی گهورهمهلایانی کوردستان. خۆشنووسێکی ده‌ستره‌نگین بوو. خه‌تی فارسی‌و عه‌ره‌بی زۆر جوان ده‌نووسی. له لایه‌کیشه‌وه زۆر ئادابزان و مرۆڤدۆست و نه‌جیب بوو. خه‌ڵکی شار‌و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ر ده‌یانناسی و رێزیان بۆ داده‌نا.
پاش مه‌رگی باوکی بوو به قازی شار و "مه‌حکه‌مه" له زه‌مانی ئه‌ویشدا هه‌موو کات پڕ له میوان و غه‌ریبه و شکاتکار شکات لێکراو بوو. بێجگه له‌وانه‌ش له مه‌حکه‌مه‌ی قازی عه‌لی دا چه‌ند که‌س له لاوانی خزم و ئاشنا خه‌ریکی خوێندن بوون و خه‌رجی هه‌موویان له‌لایه‌ن مه‌حکه‌مه‌وه دابین ده‌کرا. یه‌ک له‌وانه محه‌ممه‌دی قازی وه‌رگێڕی به‌ناوبانگ و یه‌کێکی دیکه‌ش عه‌بدوڵڵا ناهید (افتخار) بوو که هه‌ردووکیان له بیره‌وه‌رییه‌کانیاندا باسی ئه‌و رۆژانه‌یان کردووه که له مه‌حکه‌مه‌دا خه‌ریکی خوێندن بوون.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا که میرزا عه‌لی لاو له شاری سنه ده‌یخوێند، ده‌گه‌ڵ خه‌لیل خان کوڕی شێربه‌گ، گه‌وره‌ی عێلی فه‌یزوڵڵابه‌گی هاوده‌رس ده‌بێ. دۆستایه‌تی و خۆشه‌ویستی ئه‌م دوو لاوه ده‌گاته راده‌یه‌ک که خه‌لیل خان به میرزا عه‌لی (قازی عه‌لی) پێشنیار ده‌کا خوشکێکی خۆی به ناوی "گه‌وهه‌رتاج خانم" که له جوانیدا بێهاوتا بووه بداتێ بۆ ئه‌وه‌ی له دۆستایه‌تییه‌وه ببنه خزم و پێوه‌ندییه‌که‌یان پته‌وتر بکه‌ن. میرزا عه‌لی نه‌دیته ئه‌و پێشنیاره‌ی قبووڵ ده‌کا. پاشان خه‌لیل خان که خۆشه‌ویستی لای باوکی بووه مه‌سه‌له‌که له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی خۆی باس ده‌کاو شێربه‌گ پێشوازی له‌م پێشنیاره ده‌کا. ماڵی شێربه‌گ ئه‌وده‌م له سڵه‌مانکه‌ندی نزیک شاری سه‌قز بووه. ئه‌م گونده ناوه‌ندێکی گه‌وره‌ی هونه‌ر و خوێنده‌واری و مه‌کۆی مه‌لا و فه‌قێ و ئه‌هلی زانست بووه و جه‌ماوه‌رێک له پیاوماقووڵانی عه‌شیره‌تی فه‌یزوڵڵابه‌گی له‌وێ داده‌نیشتن.
قازی عه‌لی، که محه‌ممه‌دی قازی له کتێبی "بیره‌وه‌رییه‌کانی وه‌رگێڕێک"دا وه‌ک "قازی گه‌وره" ناوی ده‌با، له گه‌وهه‌رتاج خانم ده‌بێته باوکی دوو کوڕ‌و دوو کچ به‌م ناوانه: محه‌ممه‌د، قاسم، خه‌دیجه، ئامینه.
گه‌وهه‌رتاج خانم به جه‌وانی کۆچی دوایی ده‌کاو قازی عه‌لی پاش ماوه‌یه‌ک ده‌گه‌ڵ زیبا خانمی کچی شێخه‌لئیسلامی ئاجیکه‌ند زه‌ماوه‌ند ده‌کاته‌وه. له‌و خانمه‌ش ده‌بێته خاوه‌ن کچێک به ناوی فاتمه.
کچی گه‌وره‌ی قازی عه‌لی به ناوی خه‌دیجه خانم ده‌بێته هاوسه‌ری خوالێخۆشبوو حه‌مه‌ده‌مین به‌گی هومایوون له به‌گزاده‌کانی یه‌کشه‌وه و به‌رهه‌می ئه‌م تێکه‌ڵاوییه چه‌ند کچ و، کوڕێک به ناوی سه‌عیدخان بوو. سه‌عیدخانی هومایوون له هه‌موو رووداوه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا ده‌گه‌ڵ خاڵی خۆی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د بووه و له گه‌ڕیانی رووداوه‌کانی کۆماری کوردستاندا ئاجودانی پێشه‌وا بوو. سه‌عید خان باسی کۆماری كوردستان و که‌سایه‌تی پێشه‌وا و رووداوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی له کتێبێک دا به‌ناوی "پێشه‌وای بێداری" نووسیبوو که پاش مه‌رگی ئه‌و له چاپ دراو و بڵاو کرایه‌وه.
ئامینه خانم کچی دووهه‌می قازی عه‌لی مێرد به خوالێخۆشبوو عه‌بدووڵای ناهید (افتخار) ده‌کا و به‌رهه‌می ئه‌م تێکه‌ڵاوییه کچێک بوو به ناوی رابێعا خانمی ناهید که ئێستا له له‌نده‌ن نیشته‌جێیه. ئه‌و خانمه زۆر زانا‌و تێگه‌یشتوه و بیره‌وه‌رییه‌کانی باوکی (خاطرات من) به هیممه‌تی ئه‌و خاتوونه بڵاو کراوه‌ته‌وه. ئامینه خانم پاش ماوه‌یه‌ک له ئیفتیخار جوێ ده‌بێته‌وه و هاوسه‌ری ئهمجاریشی دیسان له بنه‌ماڵه‌ی فه‌یزوڵڵابه‌گی ده‌بێ به ناوی محه‌ممه‌د حوسێن خانی ئه‌میری خاوه‌نی گوندی به‌رده‌زه‌رد که له‌ویش دوو کچی بووه.
فاتمه خانم کچی سێهه‌می قازی عه‌لی ده‌درێ به قادراغای قالوێ له عه‌شیره‌تی گه‌ورک و ئه‌م تێکه‌ڵاوییه‌ش دوو کوڕی به ناوانی حه‌سه‌ن و هه‌مزه لێ ده‌که‌وێته‌وه.
محه‌ممه‌د (پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د) له رۆژی 11بانه‌مه‌ڕی 1900ی زایینی به‌رابه‌ر به 1279ی هه‌تاوی له شاری مه‌هاباد له‌دایک بوو. له خزمه‌تی باوکی ده‌س ده‌کا به خوێندن. له هه‌مانکاتدا له خزمه‌ت مه‌لا حوسێنی مه‌جدی که گه‌وره‌ترین زانای ئایینی زه‌مانی خۆی بوو ده‌رسی ده‌خوێند.
محه‌ممه‌د هێشتا منداڵ بوو که دایکی کۆچی دوایی کرد. به‌ڵام پێڕاگه‌یشتنی دڵسۆزانه‌ی زیباخانم هاوسه‌ری دووهه‌می قازی عه‌لی جێگه‌ی دایکی راسته‌قینه‌ی بۆ ئه‌و و خوشک و براکانی پڕ کرده‌وه.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا که محه‌ممه‌د رۆژانی سه‌ره‌تای لاوه‌تی ده‌ست پێ‌کردبوو میسیۆنی ئایینی ئه‌مریکایی له مه‌هاباد جێگیر بوون. زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و میسیۆنه فێری کوردی ببوون و ده‌گه‌ڵ قازی عه‌لی و بنه‌ماڵه گه‌وره‌کانی تری سابڵا‌غ (مه‌هاباد) ئامشۆیان ده‌کرد. یه‌کێک له ئه‌ندامانی ئه‌م میسیۆنه به ناوی د. فاسۆم رێزمانێکی له‌سه‌ر زمانی کوردی زاراوه‌ی موکریانی نووسیوه. بێجگه له‌وه دوکتۆر فاسۆم زۆر به وردی باسی قه‌تڵ وعامی دانیشتووانی شاری مه‌هاباد و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری کردووه‌و له وتارێکدا بۆ رزگار کردنی ئه‌و گه‌له بێده‌ره‌تانه داوای یارمه‌تی له هاووڵاتیانی ئه‌مریکایی کردوه (بڕوانه گۆواری مه‌هاباد ژماره 71 ساڵی 1385 گوزارشتی میسیۆنی کوردستان.ل.و. فاسۆم. وه‌رگێڕ ئه‌حمه‌د قازی لاپه‌ڕه 5 هه‌روه‌ها ئیل، ئۆ، فاسۆم دۆستی کورد‌و نموونه‌ی مرۆڤایه‌تی نووسینی سه‌ید عه‌بدوڵڵا سه‌مه‌دی) محه‌ممه‌د له‌لای ئه‌ندامانی ئه‌م میسیۆنه به‌تایبه‌تی له‌لای دوکتور شاڵک و میستر میللێر و میس کوتات خانم فێری زمانی ئینگلیسی بووه.
له‌و ساڵانه‌ی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م دا کاروباری شار به‌ده‌ست میرزا فه‌تاحی (براچووکهی میرزا قاسمی قازی و مامی قازی عه‌لی) به‌ڕێوه ده‌چوو. میرزا فه‌تاح یا قازی فه‌تاح عالمێکی گه‌وره‌ی ئایینی و له هه‌مانکاتیشدا به‌ڕێوه‌به‌رێکی گه‌وره‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوو. له به‌رانبه‌ر ده‌ستدرێژی عه‌شیره‌ته‌کانی ده‌وروبه‌ری مه‌هاباددا راوه‌ستا و ئیزنی پێنه‌دان به ئه‌زمی تاڵان و کوشتار له شار نیزیک ببنه‌وه. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه رێگه‌ی نه‌ده‌دا کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی زوڵم له خه‌ڵکی شار و ده‌وروبه‌ر بکه‌ن. حاکم و ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌وڵه‌تی زۆری لێدهترسان و هه‌موو کات ده‌گه‌ڵی خه‌ریکی دوژمنایه‌تی بوون و له‌لای پادشا و وه‌زیر و والییه‌کانی تاران و ته‌ورێز و ورمێ بۆیان تێدهچاند و پیلانیان بۆ له‌ناوبردن و دوورخستنه‌وه‌ی ده‌گێڕا.
ساڵی 1914ی زایینی شه‌ڕی یه‌که‌می عاله‌می ده‌ستی پێکردو ده‌ڤه‌ری موکریانو ئازه‌ربایجان و باقی مهلبهندهکانی رۆژائاوای ئێران بوون به مه‌ڵبه‌ندی کاره‌ساتی رووس و عوسمانی. ئه‌وه‌ش له کاتێکدا بوو که ئێران بێلایه‌نی خۆی له‌م شه‌ڕه‌دا راگه‌یاندبوو. له‌م شه‌ڕه گه‌وره‌یه‌دا کوردستان ژێر پێکرا و کاره‌ساتی دڵته‌زێن زۆر ناوچه‌ی ئه‌م وڵاته‌ی گرته‌وه. بێگومان سامناکترین کاره‌ساتی ئه‌م شه‌ڕه وه‌به‌ر ده‌ڤه‌ری موکریان به‌تایبه‌تی مه‌هاباد و ده‌وروبه‌ری که‌وت.
دوو له‌شکری ئیمپهراتۆرییهکانی رووس و عوسمانی وه‌ک دوو شه‌پۆلی گه‌وره وێک ده‌که‌وتن و خه‌ڵکی ساویلکه و بێکه‌سیان ده‌گه‌ڵ خۆیان ده‌هاڕی. له گه‌ڕیانی ئه‌و شه‌ڕو پێکدادانه‌دا گا سپای عوسمانی سه‌رده‌که‌وت و پاشه‌کشه‌ی به سپای رووس ده‌کرد و جارجاریش به پێچه‌وانه رووسه‌کان سپای عوسمانییان تێکده‌شکاند و به‌ره‌و باشوور و رۆژاوا راوه‌دوویان ده‌نان. کورده‌کان له‌به‌ر ده‌مارگری ئایینی و پێوه‌ندی مێژوویی زۆربه‌یان لایه‌نگری (سپای ئیسلام!) بوون و هاوکاری عوسمانییه‌کانیان ده‌کرد و هه‌ر ئه‌وه‌ش بیانووی دایه ده‌ست رووسه‌کان که سووتمان بخاته شار و شارۆچکه و گونده‌کان و بێڕه‌حمانه کوشتاری ئه‌و خه‌ڵکه بکه‌ن. له کۆتایی ئه‌م شه‌ڕه‌دا عوسمانییه‌کان به‌یه‌کجاری شکان و له ته‌ورێز و مه‌راغه و میاندواو و موکریان دا خۆیان بۆ رانه‌گیراو به‌ره‌و هه‌رێمی خۆیان کشانه‌وه. کاتێک رووسه‌کان گه‌یشتنه سه‌ر شاری مه‌هاباد، میرزا فه‌تاحی قازی به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی ئیمکانی ده‌ربازبون بۆ خه‌ڵک و دانیشتوانی شار بخوڵقێنێ پێشی به سپای رووس گرت. به‌ڵام هه‌ر له‌م به‌ره‌نگارییه‌دا شه‌هید کرا و رووسه‌کان به‌سه‌ر شاردا زاڵ بوون و کوشتارو ره‌شه‌کوژی و سووتمان و خاپوور کردنیان ده‌ست پێ‌کرد و به‌پێی به‌ڵگه مێژوویییه‌کان زۆرتر له ده هه‌زار که‌س له مه‌هاباد و ئیندرقاش و قونقه‌ڵا و گونده‌کانی تر کوژران و شه‌ق و په‌قی شمشیران کران.
پێش ئه‌وه‌ی سپای رووس بگاته مه‌هاباد زۆر ماڵ شاریان به‌جێ هێشت و له‌وانه مال و منداڵ و که‌سوکاری میرزا فه‌تاحی قازی به سه‌رپه‌ره‌ستیی کوڕه گه‌وره‌که‌ی میرزا فه‌تاح. عه‌بدووڵڵا (ثقتالاسلام)و ماڵ و منداڵی قازی عه‌لی و هێندێک خزم و قه‌ومی دیکه مه‌هاباد به‌ره‌و گوندی یه‌کشه‌وه له مه‌ڵبه‌ندی بۆکان به‌جێ دێڵن. بهنیزیک بوونه‌وه‌ی سپای رووس له‌وێشڕا ده‌چنه سڵه‌مانکه‌ندی و دیسان دوور ده‌که‌ونه‌وه‌و روو ده مه‌ڵبه‌ندی هه‌وشار ده‌که‌ن. له ناوچه‌ی هه‌وشار له دوو گوندی "یهرقوڵ"و "پاشبڵاغ" موڵکی ئاغایانی غه‌فاری ده‌گیرسێنه‌وه و زۆر به گه‌رمی په‌زیرایی ده‌کرێن. بنه‌ماڵه‌ی میرزا فه‌تاح له مه‌ڵبه‌ندی هه‌وشار ده‌چنه "چۆپلی"و له‌لایه‌ن سه‌رداری هه‌وشاره‌وه سێ گوندیان ده‌ده‌نێ. ماوه‌ی مانه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه له‌و هه‌رێمه سێ ساڵی تێده‌چێ. میرزا عه‌بدوڵڵای کوری قازی فه‌تاح له‌و سه‌فه‌ره‌دا کۆچی دوایی کردووه و له‌وێ ئه‌سپارده‌ی خاک کراوه.
میرزا عه‌بدوڵڵا (قازی عه‌سکه‌ر) که ده‌گه‌ڵ هه‌ڵاتووه‌کان بووه، میرزا محه‌ممه‌د (پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د)و میرزا قاسم (سه‌دری قازی) ده‌نێرێته پیروه‌لی باغی و ئاگاداری له مڵک و ماڵ حاسڵات و کاروباری مه‌زرایان پێده‌سپێرێ. ئه‌و دوو لاوه که ئه‌و کاته زۆرتر له پازده یا شازده ساڵ ته‌مه‌نیان تێنه‌په‌ڕیبوو، زۆر ئازایانه کاروباری گوند و مه‌زرا راده‌په‌ڕێنن و سه‌رکه‌وتووانه له‌و هه‌رێمه‌دا کشت و کاڵ و ئاژه‌ڵداری ده‌که‌ن. قازی عه‌سکه‌ر گه‌نم و ده‌غڵ و دانێکی زۆری دهچاڵ و عه‌مباران دا راگرتبوو که له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌هۆی گرانی و قاتی و قڕی زۆر باش به گران ده‌فرۆشرا. میرزا محه‌ممه‌د و میرزا قاسم ئه‌و گه‌نم و ده‌غڵ و دانه ده‌فرۆشن و داموده‌زگایه‌کی ده‌سه‌ڵات و ئاغایه‌تی وه‌ڕێ ده‌خه‌ن. ده‌پازده نۆکه‌ری سواری چه‌کهه‌ڵگر و کارلێهاتوو راده‌گرن و به یارمه‌تی پووری خۆیان، گه‌وه‌رتاج خانم کچی میرزا فه‌تاحی قازی، خێزانی قازی عه‌سکه‌ر که شێره‌ژنێکی هه‌ڵکه‌وته‌ی مه‌ڵبه‌ندی موکریان بوو، کاروباری خۆیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکدا که له گوندی پیروه‌لی باغی ماونه‌وه، میرزا محه‌ممه‌د و میرزا قاسم له‌لای چه‌ند نه‌فه‌ر کاربه‌ده‌ستی رووسی که له میاندواو بوون و هاتووچۆی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌یان کردووه فێری زمانی رووسی بوون. به‌تایبه‌تی میرزا محه‌ممه‌د زۆربه‌ی کاتی خۆی به خوێندنه‌وه‌ی کتێب و گۆڤار و رۆژنامه و ده‌رسی رووسییه‌وه تێپه‌ڕ کردووه و کاروباری مڵکداری و ئاغایه‌تی بۆ میرزا قاسم به‌جێ هێشتووه. ئه‌م ماوه‌یه که چه‌ند ساڵی کێشاوه بۆ ئه‌م دوو لاوه وه‌ک پله‌یه‌کی گرینگی پێگه‌یشتن دێته ئه‌ژمار.
ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێ که پاش کۆچی دوایی گه‌وه‌رتاج خانم خیزانی قازی عه‌لی، شه‌رافه‌ت خانم هاوسه‌ری شێربه‌گ، قاسم و خه‌دیجه ده‌باته لای خۆی و زۆر به ئاگادارییه‌وه په‌روه‌رده‌یان ده‌کا. (شه‌رافه‌ت خانم دایکی گه‌وه‌رتاج خانم بوو) و ده گه‌ڕیانی کۆڕه‌وه‌که‌ی ماڵ و منداڵی قازی عه‌لی دا که روویان ده هه‌وشار کردبوو، قاسم و خه‌دیجه ره‌گه‌ڵ خوشک و براکانی دیکه ده‌که‌ونه‌وه، پاش رۆیشتنی سپای رووس و ئارام بوونه‌وه‌ی وه‌ڵات میرزا قاسم بۆ ماوه‌یه‌ک له مه‌هاباد له لای مامۆستا مه‌لا حوسێنی مه‌جدی درێژه به خوێندن ده‌دا.
له‌و چه‌ند ساڵانه‌دا که کوڕه‌کانی قازی عه‌لی له پیروه‌لی باغی بوون. جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده (چۆمی مه‌جیدخان) به وردهمالیک و ئاغاوه‌ت و ره‌عیه‌ته‌وه به رێز و حورمه‌تێکی زۆره‌وه بۆ راپه‌راندنی هه‌موو ئه‌رک و چالاکییه‌ک که له لایه‌ن ئه‌م دوو لاوه پێشکه‌وتووه دڵسۆزانه پێیان ئه‌سپێردراوه ئاماده بوون و به‌مجۆره کاروباری ناوچه و پاراستنی هیمنایه‌تی ئه‌و مه‌حاڵه ده‌که‌وێته ده‌ست بنه‌ماڵه‌ی قازی به‌تایبه‌تی میرزا محه‌ممه‌د و میرزا قاسم و محه‌ممه‌د حوسێن خانی سه‌یفی قازی. پێویسته بزانین که بێجگه له بنه‌ماڵه‌ی قازی عه‌لی، کوڕه‌کانی میرزا فه‌تاحی قازی یانی عه‌بدوره‌حمانی جه‌وانمه‌ردی قازی (سالار موکری)، قازی محه‌ممه‌دی حاجیاوا و کوڕانی سیقه‌ت و میرزا مه‌حموود (مه‌نسوور) و حه‌سه‌ناغای سریلاوا و چه‌ندین خانه‌واده و ئاغاوه‌تی تایفه‌ی ئه‌میری و بابامیری و ئاغایانی بادام و ئهمیرابات که به‌ره‌بابێکی دیکه‌ی تایفه‌ی قازی بوون له‌و مه‌ڵبه‌نده‌دا نیشته‌جێ بوون و ده هه‌موو به‌ربه‌ره‌کانی و دژایه‌تی و ئاڵۆزییه‌کدا پشتیوانی میرزا محه‌ممه‌د و میرزا قاسم بوون و پشتی یه‌کتریان به‌رنه‌داوه.
میرزا قاسم پاش ساڵی شکاک (1924_1920) ده‌گه‌ڵ کچی خاڵی خۆی شاسوڵتان خانمی ناهید کچی مسته‌فا به‌گی سڵه‌مانکه‌ندی که له‌قه‌بی سالاری هه‌بووه زه‌ماوه‌ند ده‌کا. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا قازی عه‌سکه‌ر و قازی عه‌لی و سه‌یفولقوزات جوێ ده‌بنه‌وه و هه‌رکه‌و ماڵی خۆی ده‌کا. سه‌یفولقوزات گوێگجه‌لی (گوندێک له‌سه‌ر جه‌خه‌توو) وه‌به‌ر ده‌که‌وێ و قازی عه‌سکه‌ر پیروه‌لی باغی وه‌به‌رده‌که‌وێ و قازی عه‌لیش له قارنجه و ئاغڵیان به‌شی خۆی هه‌ڵده‌گرێ.
میرزا قاسم لێره به‌دواوه ماڵی خۆی ده‌باته قارنجه و میرزا محه‌ممه‌د که هێشتا ژنی نه‌هێناوه ده‌گه‌ڕێته‌وه شاری مه‌هاباد. به‌مجۆره به‌رپرسی هه‌ڵسووڕاندنی کاروباری مڵک و ماڵ و ئاغایه‌تی له مه‌ڵبه‌ندی چۆمی مه‌جیدخان ده‌که‌ویته سه‌ر شانی میرزا قاسم (سه‌دری قازی). میرزا محه‌ممه‌د (قازی محه‌ممه‌د) که گه‌ڕاوه‌ته‌وه مه‌هاباد وه‌خت و مه‌جالێکی زۆر په‌یدا ده‌کا بۆ خوێندنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه و هه‌ڵسووڕانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی. ورده ورده له کۆڕ و کۆمه‌ڵانی ناو شار و ده‌وروبه‌ردا وه‌ک هه‌ڵسووڕاوێکی لێهاتووی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ناسرێ و چالاکانی سیاسی کوردستان له ئێران و عێراق و تورکیا پێوه‌ندی پێوه ده‌گرن. میرزا محه‌ممه‌د ده‌پێشدا قه‌رار داده‌نێ که کچێکی بنه‌ماڵه‌ی فه‌یزوڵڵابه‌گی به‌ناوی مه‌رزیه خانم بخوازێ، به‌ڵام ئه‌و مه‌رجه داده‌نێ که پێش خوازبێنی کردن کچه‌که‌ی چاو پێ بکه‌وێ. باوکی کچ گه‌نجاڵی به‌گی قاتانقوڕ له‌م پێشنیاره تووڕه دهبێو ده‌ڵێ: مه‌گه‌ر من په‌ز ده‌فرۆشم که کڕیار بێ و بزانێ په‌زه‌که کزه یا قه‌ڵه‌و! به‌مجۆره ئه‌م وه‌سڵه‌ته سه‌رناگرێ و پاشان قازی ده‌گه‌ڵ مینا خانمی کاکاغازاده زه‌ماوه‌ند ده‌کا.
ئه‌وه‌ی که میرزا محه‌ممه‌د له‌و سه‌روبه‌نده‌دا ویستوویه‌تی پێش ژنخوازی شه‌ریک و هاوده‌می ژیانی خۆی بناسێ پێمان ده‌ڵێ که قازی محه‌ممه‌د مرۆڤێکی رووناک‌بیر بووه و زۆر له داب و نهرریتی کۆن و قورس و گرانی زه‌مانی خۆی پێشکه‌وتووتر بووه و ملی بۆ ئه‌م نه‌ریته داسه‌پاوه ناله‌بارانه دانه‌نواندووه''.2
''ئاکامی پێک گه‌یشتنی پێشه‌واو مینا خانم، 7کچ و کوڕێکی لێده‌که‌وێته‌وه. کاتێ پێشه‌وا له سێداره درا، مینا خانم 29 ساڵی ته‌مه‌ن ده‌بێ و ئه‌رکی پێگه‌یاندنی یه‌ک کوڕ و حه‌وت کچی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ. له‌و کاته‌دا گه‌وره‌ترین مناڵی پێشه‌وا 14 ساڵه و چکۆڵه‌ترین منا‌ڵیشی 5 مانگانه ده‌بێ.''3
''قازی محه‌ممه‌د له پاش وه‌فاتی باوکی جێی گرته‌وه و بوو به قازی موکریان و له‌و مهقامهش دا زیاتر خزمه‌تی خه‌ڵکی کرد و له هانای هه‌ژاران و لێقه‌وماوان هات. ئه‌وه‌نده به ده‌رد و مه‌رگی خه‌ڵکه‌وه بوو ئه‌وه‌نده بێڕیا خزمه‌تی کۆمه‌ڵی ده‌کرد که هه‌موو توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌گیان و دڵ خۆشیان ده‌ویست''. 4
'
'ئه‌و زانستی ئایینی و فه‌لسه‌فه‌ی کۆن و ئه‌ده‌بیاتی فارسی و عه‌ره‌بی هه‌ر له مه‌ڵبه‌ندی مه‌هاباد و له خزمه‌ت مامۆستا زاناکانی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده خوێند. هێشتا مێرمنداڵ بوو که له زانستی زه‌مانی خۆی دا به مامۆستا ده‌ناسرا. پاش ئیجازه وه‌رگرتن، چالاکانه خه‌ریکی کاری کۆمه‌ڵایه‌تی بوو بێ ئه‌وه‌ی مه‌عاش وه‌ربگرێ نوێنه‌ری فه‌رهه‌نگی مه‌هابادی وه‌ئه‌ستۆ گرت. یه‌که‌مین قوتابخانه‌ی نوێ ئه‌م شاره له سایه‌ی هه‌ڵسووڕان و تێکۆشانی ئه‌و دروست کرا که خۆی به سه‌ری راده‌گه‌یشت و ده‌رسیشی ده‌گوته‌وه. بناغه‌ی هه‌وه‌ڵین نه‌خۆشخانه‌ی مه‌هابادیش به‌ده‌ستی ئه‌و داڕێژراو له ژێر چاوه‌دێریی ئه‌و دا که‌وته کار.''5
''به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی خوێنده‌واره ئایینییه‌کان له پاش ته‌واو کردنی خوێندن و تێپه‌ڕاندنی ده‌وری فه‌قێیه‌تی سووچی مزگه‌وتێک ده‌گرن و باقی رۆژانی ته‌مه‌نیان به پێشنوێژی یان ده‌رس گوتنه‌وه به چه‌ند فه‌قێیه‌ک تێده‌په‌ڕێنن، قازی هه‌موو کات و ده‌رفه‌ته‌کانی خۆی به هه‌ڵسووڕاندنی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و سیاسی تێپه‌ڕ ده‌کا و هه‌موو کات خه‌ریکی نوێ کردنه‌وه‌ی خۆیه‌تی و ده‌یه‌وێ ئاڵوگۆڕێکی گه‌وره‌ی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له ده‌ڤه‌ری کوردستان پێک بێنێ''. 6
تینوویه‌تیی پێشه‌وا بۆ فێربوون و خۆپێگه‌یاندن ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که له ماوه‌یه‌کی که‌م دا ''فێری زمانی ئینگلیسی، رووسی و فه‌رانسه‌یی بێ و بێجگه له‌و سێ زمانه، زۆر باش له زمانی عه‌ره‌بی، فارسی و تورکی شاره‌زایی پێدا بکات''.7
''له درێژه‌ی ئه‌و هه‌وڵ و تێکۆشانه و له‌سایه‌ی فێربووونی چه‌ند زمان هه‌لی خوێندنه‌وه‌ی رۆژنامه و گۆڤار و شوێنه‌واری به‌نرخ و به‌رزی فیله‌سوف و نووسه‌ره گه‌وره‌کانی دنیا بۆ ره‌خساو زانیاری و ئاگاداری ته‌واوی پێدا کرد. ئه‌و زانایی و ئاگاداریه له دواییداو له شانی سیاسی ئه‌ودا به‌جوانی ده‌رکه‌وت''. 8
شاره‌زایی به‌سه‌ر چه‌ند زمانی بێگانه‌دا، ده‌رگایه‌کی گه‌وره‌ی زانست و فێربوونی به‌ڕووی پێشه‌وادا ده‌کاته‌وه و هه‌ر بۆیه ''له کتێبخانه‌که‌ی دا کۆنترین وتار و تازه‌ترین کتێب به زمانه‌کانی جۆربه‌جۆر وه‌گیر ده‌که‌وت و له ته‌واوی ژیانی خۆی جگه له کتێب هیچ دیاریه‌کی له‌که‌س نه‌گێڕاوه‌ته‌وه''.9
به‌ڕێز جه‌لال مه‌له‌کشا(شاعێر و نووسه‌ری ناسراوی گه‌له‌که‌مان) که له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا هه‌لی زیاره‌تی کتێبخانه‌ی پێشه‌وای بۆ ده‌لوێ ده‌نووسێ:
''سه‌رئه‌نجام ده‌رکه‌ی کتێبخانه‌که‌یان به رووماندا کرده‌وه. ههنیسک به‌ربینگی لێ گرتبووم، فرمێسک له ناو گلێنه‌ی چاومدا قه‌تیس مابوو... کتێبه‌کان پهخشو په‌را، له‌سه‌ر یه‌ک که‌وتبوون، بێ ژماره و بێ ته‌به‌قه‌به‌ندی... هه‌ر کتێبێک هه‌زار هه‌زار هاواری له جه‌ور و بێداد و سته‌م له دڵدا بوو... کتێبه‌کان که‌ڵه‌که کرابوون... سه‌دان کتێبی پڕ بایه‌خی ده‌ست نووس به‌سه‌ر یه‌کدا که‌وتبوون و هێندێکیان شیرازه و په‌ڕاوێزیان لێک پچڕابو... ئیتر نه‌متوانی خۆم بگرم و فرمێسک به چاومدا هات... هه‌ر یه‌که له‌م کتێبانه ئاشنای ده‌سته تامهزرۆیهکانی پێشه‌وا بوون و هه‌ر یه‌که له‌م کتێبانه له‌ژێر تیشکی نیگای پێشه‌وادا رووناکیان دیوه... جۆره‌ها جۆر عینوان کتێب له‌م کتێبخانه دابوون و ئه‌وه‌ی ده‌گه‌یاند که پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له باری ئه‌ندیشه و فیکره‌وه چه‌ند کراوه بووه... له گۆشه‌یه‌ک دا، هه‌ر چوار ئینجیلی پیرۆز (عه‌قیق، لۆقا، جه‌دید، ومه‌تی) ده‌بینران و زۆر رۆمان و کتێبی شیعر و فه‌لسه‌فه و... کتێبی مێژوویی و زانستی...''10
له دریژه‌ی ئه‌و باسه دا میرزا مه‌نافی که‌ریمیش له بیره‌وه‌رییه‌کانی دا ده‌گێڕێته‌وه:
''له بیرمه که له‌و سه‌رده‌مه‌ی دا که قازی ئه‌ندامی ژی - کاف نه‌بوو، ئێمه پێویستیمان به کتێبی کوردی بوو. داوامان له قازی کرد، ئه‌ویش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یکه ئه‌ندامی ژێ-کاف نه‌بوو، کتێبه‌که‌ی ئه‌مین زه‌کی به‌گی به نهێنی داینێ و له پاشانیش دامانه‌وه''. 11
جیهانی کتێب و بیر و زانست و خوێندنه‌وه، بۆ پێشه‌وا بوون به ژێرخانێکی گه‌وره‌ی فیکری. هه‌ر راست به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و ژێرخانه فیکرییه ده‌وڵه‌مه‌نده بوو کاتێک پێشه‌وا به سه‌رۆک کۆماری کوردستان هه‌لبژێردرا، به بێ نێوهبڕ له په‌یام و سوخهنرانییهکانی و له گشت کۆڕ و کۆبوونه‌ویه‌کی جه‌ماوه‌ری دا ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌که‌ی بۆ فێر بوون و زانست بانگهێشتن ده‌کرد.
60 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له وڵاتێکی که به‌دایم پێخوستی داگیرکه‌ر بووه، داگیرکه‌رانیش به‌دایم هه‌وڵیان داوه خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته له پێوانی کاروانی شارستانییه‌ت و پێشکه‌وتن بێڵنه‌وه، پێشه‌وا روو له نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌کاو ده‌ڵێ:
''برایانی خۆشه‌ویست: ئه‌من له ئێوه‌م ده‌وێ که ته‌نیا شه‌ڕکه‌ر نه‌بن به‌شکو چه‌کێکی وا هه‌ڵبگرن که بتوانن به‌رامبه‌ری ده‌گه‌ڵ له‌شکری میلله‌تانی تر بکه‌ن، ئه‌و چه‌که‌ش (عیلم و زانسته) مه‌رحه‌له‌ی شه‌ڕ ته‌واو بووه نۆبه‌ی هونه‌ره... ئه‌من له ئێوه‌م ده‌وێ که به زانست به‌ربه‌ره‌کانی دوژمنان بکه‌ن. چه‌ک بێ عه‌قڵ دوژمنان نابڕێ. به‌ڵام داخه‌که‌م ئاغاکان ئاماده نین که له میوه‌ی خوێندن به‌هره‌وه‌ر ببن. ئه‌گه‌ر بڵێم کوره‌کانتان، برایه‌کانتان بهێنن بیاننێرم بۆ جه‌بهه باکیان نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێم بۆ خوێندنیان ده‌نێرم رووی خۆیان گرژ ده‌که‌ن و عوزری ناموه‌جه دێننه‌وه، ئه‌گه‌ر پێیان بڵێم مه‌دره‌سه‌یه‌ک له دێیه‌کانتان بکه‌نه‌وه مات ده‌بن...''. 12
له رێگای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و دێڕانه‌ی پێشه‌واوه یه‌که‌م شتێ که بۆ مرۆڤ ده‌رده‌که‌وێ ئه‌وه‌یه بڵێین: پێشه‌وا به مانای راسته‌قینه‌ی وشه رێبه‌ر و سه‌رکرده‌یه‌کی نوێخواز بووه و ریفورم و گۆڕانکاری له بونیادی کۆمه‌ڵی کورده‌واری، به‌شێکی هه‌ره گرینگی له هزر و فیکری پێکهێنابوو. کاتێ له لاپه‌ڕه‌کانی رۆژنامه‌ی کوردستانی ئه‌و سه‌رده‌مه راده‌مێنی و له وتاره‌کانی پێشه‌وا ده‌ڕوانی، که‌متر سوخهنرانییهکی پێشه‌وا ده‌بینی که بێ نێوهبڕ وشه‌گه‌لی: ته‌ره‌قی، پێشڕه‌فت و فێربوونی زانست و گه‌شه و به‌ره‌وپێش چوون له میانه‌ی وته‌کانی دا به‌دی نه‌کرێ. به‌ڵام چه‌مکی نوێخوازی و پێشکه‌وتن و به‌ره‌و پێش چوون له بیری پێشه‌وادا ته‌نیا به مانای که‌ڵک وه‌رگرتن له ئامراز و که‌ره‌سه‌و ته‌کنیکی نوێ نه‌بوو، به‌پێچه‌وانه پێشه‌وا له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی ده‌دا له که‌ره‌سه و ئامرازی نوێ بۆ نوێکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵی کورده‌واری که‌ڵک وه‌رگرێ، هه‌ر له‌و کاته‌دا به هه‌موو توانایه‌وه تێده‌کۆشا به‌شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی سه‌رجه‌م ده‌روازه‌کانی پیوه‌ندیدار به ره‌وتی گه‌شه و به‌ره‌وپێش چوونی کۆمه‌ڵی کورده‌واری، بۆ مرۆڤی کورد به‌ڕوودا بکاته‌وه. پێگه‌یاندنی ئینسانی پسپۆر له کۆمه‌ڵی کورده‌واری بۆ خه‌مڵین و گه‌شه‌ی عه‌قڵی ئازاد و نوێخواز له کۆمه‌ڵی کورده‌واری، یه‌کێک له‌و بوارانه بوو. له‌و نێوه‌دا ره‌وانه کردنی پۆلێک له گه‌نج و لاوی کورد به‌مه‌به‌ستی خویندن له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت راست هه‌ر به‌و مه‌به‌سته بوو.
بۆ پێشه‌وا پێگه‌یاندن و له‌دایکبوونی توێژێکی وا له کۆمه‌ڵی کورده‌واری خه‌ونێکی هه‌ره گه‌وره بوو. پێشه‌وا زۆر له‌وه به په‌له بوو ئه‌م توێژه له‌دایک ببێ، گه‌شه بکا و بهخۆدابێ و به‌هۆی داهێنانی فیکری و زانستییه‌وه ته‌م و مژی دواکه‌وتویی و نه‌خوێنده‌واری له وڵاته‌که‌ی بڕه‌وێته‌وه. ئه‌م گرینگی دانه ته‌نانه‌ت تا ئه‌و راده‌یه بوو کاتێ ده‌بیستێته‌وه سێ که‌س له خوێندکارانی کورد له باکۆ را گه‌ڕاونه‌ته‌وه، سه‌فه‌ری خۆی به‌نیوه‌چڵی په‌ک ده‌خا و بۆ چاو پێکه‌وتنیان ده‌گه‌ڕێته‌وه پایته‌ختی کۆمار و ده‌فه‌رموێ:
''ئه‌من له‌م سه‌فه‌ره‌دا (مه‌به‌ستی پێشه‌وا لێره‌دا سه‌فه‌ر بۆ شاره‌کانی ورمێ، سه‌ڵماس، خۆی و ماکۆیه) هێندێ کارم مابو که جێبه‌جێیان بکه‌م به‌ڵام چونکوو بیستم که سێ نه‌فه‌ر له موحهسیلینی ئێمه که له باکۆ ده‌خوێنن بۆ سه‌ردانی وڵات هاتوونه‌وه تاڵووکه‌م کرد که چاوم پێیان بکه‌وێت و ئیتیزاریم هه‌بوو که له وه‌ختی هاتنه‌وه‌ی ئه‌وان پێشوازێکی زۆر چاکیان لێبکرێ. چونکوو ئه‌وانه هه‌وه‌ڵ موحهسیلینێکن که له کوردان چوون بۆ خاریجه. میلله‌ت ده‌بێ زۆریان قه‌دردانی لێ بکا، به‌ڵام داخم له‌م خسوسهوه وه‌ک پێویسته ته‌وه‌جوهی لازم و پێشوازی شایانیان لێ نه‌کراوه. ئومێده‌وارم که هه‌موو ساڵێک مووفهق بین ژماره‌یه‌کی زۆر له موحهسلین بنێرین بۆ خاریجه که به حه‌ول و قووه‌تی خودا مووه‌فه‌ق بین به‌هۆی عیلم و زانست کشتی کوردستانی بگه‌یه‌نینه ساحیل و خواهیش له‌و دانیشجوو خۆشه‌ویستانه‌ی خۆمان ده‌که‌ین که له ماوه‌ی ئیقامه‌تی خۆیان له مهاباد موشاههداتی خۆیان له‌وێ به نووسین و به گوتن بۆ خه‌ڵکی بڵین و بنووسن که میلله‌ت ئاشنا بێت که میلله‌تانی دیکه چلۆن به قوه‌تی عیلم و زانست ئه‌رز و ئاسمان، سه‌ر ده‌ریا و ژێردهریایان موسه‌خه‌ر کردووه''.13
گرینگی دانی پێشه‌وا به توێژی ساوای تازه له‌دایک بووی خوێندکاری کورد، هه‌ر به ته‌نیا به‌مانای رێزدانان و به‌هێند گرتنی که‌سایه‌تییه‌کان نه‌بوو، به‌ڵکوو رێزدانان بوو له بیر و زانست و رۆشنبیری. له پشتی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی پێشه‌وا ژێرخانێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی فیکری نوستبوو. کۆمه‌ڵی کورده‌واری بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و گه‌شه و پێشکه‌وتن هه‌نگاو بنێ، پێویستیی به له‌دایکبوونی توێژێکی وا هه‌بوو. پێشه‌واش به‌م هه‌نگاوانه‌ی هه‌موو هێز و توانای خۆی ده‌خاته گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ی له پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وامی کار‌و تێکۆشان دا، رچه بۆ گۆڕانکاری و پێشکه‌وتن له سیمای کولتوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی کۆمه‌ڵی کورده‌واری خۆش بکرێ.
ئه‌ندامه‌تی له ژێکاف
دیوێکی دیکه‌ی ژیانی پێشه‌وا ئه‌ندامه‌تی له ژێکافه. به هاتنی هێزی هاوپه‌یمانان بۆ ئێران و له‌رزۆک بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له تاران و وه‌گه‌ڕ که‌وتنی جووڵه‌ی سیاسی له کوردستان، قۆناغێکی تری ژیانی پێشه‌وا ده‌ست پیده‌کا.
''پێشه‌وا له مالی ئه‌حمه‌دی ئیلاهی به‌ره‌سمی بوو به ئه‌ندام و نێوی نهێنی "بینایی"یان بۆ دانا و هه‌روه‌ک له ده‌ره‌وه رێبه‌ری خه‌ڵک بوو، له ناو کۆمه‌ڵه‌ش دا بوو به سه‌رۆک''.14
ئه‌وه راسته پێشه‌وا تا دره‌نگانێک ئه‌ندامی ژێکاف نه‌بوو، به‌ڵام به کرده‌وه له هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌دا له‌سه‌ر ره‌وتی رووداوه‌کان به مانای راسته‌قینه‌ی وشه رێبه‌ر بوو. گه‌لێک جار رێبه‌ر بوون ته‌نیا گه‌یشتنی که‌سێک به هه‌ره‌می به‌رزی ده‌سه‌ڵات به شێوه‌یه‌کی ره‌سمی نییه. جۆری پله و مه‌قامێکی رواڵه‌تی به‌ته‌نیایی به‌س نین بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێک له‌نێو نه‌ته‌وه‌که‌یدا به پله‌ی رێبه‌ر بوون بگه‌یه‌نێ. رێبه‌ر بوون کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی و لێوهشاوهیییه. به‌ر له‌هه‌ر تشت ئه‌و رۆلهیه که له ژیانی نه‌ته‌وه‌که‌ی دا ده‌یگێڕێ. رووبه‌ر و پانتایی و سنووره‌کانی ئه‌و رۆلهش گه‌لێک تانووپۆی لێده‌بێته‌وه. هه‌ر له خوێندنه‌وه‌ی راست و دروستی ره‌وتی کێشه سیاسییه‌کانه‌وه بگره تا هه‌وڵ دان بۆ کارتێکه‌ری له‌سه‌ر ره‌وتی رووداوه‌کان و دانی بڕیاری پێویست و شیاو له رۆژو کات و ده‌می خۆی دا. ئه‌گه‌ر لێره‌دا بۆ ده‌می ده‌سپێکی رۆلی رێبه‌ریی پێشه‌وا بگه‌ڕێینه‌وه، ئه‌م رۆله له‌گه‌ڵ نزیک بوونه‌وه‌ی هێزی هاوپه‌یمانان بۆ ئێران و کوردستان دێته نواندن. له کاتێکدا هێزه‌کانی رووس له مه‌هاباد نزیک ده‌بنه‌وه:
''بۆ به‌رگری له تاڵان و بره‌وی خه‌ڵکی مه‌هاباد و ره‌وانه‌وه‌ی ترس و خۆف و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی، پێشه‌وا بریاری مانه‌وه له شار ده‌دا و ده‌سته‌یه‌کی له‌خۆ کۆ کرده‌وه و کێشکی ده‌کێشا. ته‌نانه‌ت بۆخۆی چه‌ند جار به‌شه‌و له‌لای گومبه‌زان به ته‌نیایی کێشکی داوه. ئه‌و جار تفه‌نگی به خه‌ڵکی په‌یدا کرد و کێشکی گه‌ڕه‌که‌کانی شاریشی دامه‌زراند و هه‌ر گه‌ڕه‌که‌ی به‌رپرسێکی بۆ دیاری کرد''. 15
له‌و ماوه‌یه‌دا به‌رپرسانی رووس ده‌چنه لای پێشه‌وا و داوای لێده‌که‌ن که داوا له خه‌ڵکی بکا که بگه‌ڕێنه‌وه سه‌رجێ و رێی خۆیان و گوتیان:
''ئێمه بۆ ئاسایشی خه‌ڵک هاتووین و کارێکمان به ئێوه نییه‌و بۆخۆتان شاری به‌ڕێوه‌به‌رن ئێمه ده‌چین دهپادگانێوه''. 16
''پێش راگه‌یاندنی کۆماری کوردستان و دوای رووخانی حکومه‌تی ره‌زاشای په‌هله‌وی، به هاتنی سوپای سووری سۆڤیه‌ت، سه‌ربازه‌کانی سه‌ربازخانه‌ی مه‌هاباد بڵاو بونه‌وه و هه‌ر که‌س رۆیشته‌وه ماڵی خۆی. ئیداره‌کانی مه‌هاباد له‌ق و لۆق بوون. مه‌ئمووره‌کانی لاوه‌کی که له مه‌هاباد خزمه‌تیان ده‌کرد په‌نایان هێنا بۆ ماڵی قازی محه‌ممه‌د. له دوای چه‌ند رۆژ مانه‌وه به ده‌ستووری قازی و له ژێر چاوه‌دێریی پێاوهکانی قازی محه‌ممه‌د دا به سڵامه‌ت به‌ره‌و میاندواو و ته‌ورێز ره‌وانه کران. شاری مه‌هاباد و خه‌ڵکی شار که‌وتنه ژێر سه‌رپه‌ره‌ستیی قازی موحه‌ممه‌د، چونکه جگه له قازی که‌سێکی دیکه ئه‌و پایه و مایه‌ی نه‌بوو، له زه‌مانی پاشایه‌تیشدا هه‌رکه‌س گرفتاری و ناره‌حه‌تی بۆ پێش بهاتایه هه‌ر مالی قازی عه‌لی و دوای ئه‌ویش قازی موحه‌ممه‌د و سه‌دری قازی بوون که به هاناو هاواری خه‌ڵکه‌وه ده‌هاتن.
بوونی (کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک)و ئه‌ندامه‌تی زۆربه‌ی خه‌ڵک له‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌دا و سه‌رپه‌ره‌ستی و رێبه‌ریی قازی مهحمهمهد بووه هۆی یه‌کگرتنی خه‌ڵکی شاری مه‌هاباد. له‌و ماوه‌یه‌دا به ئه‌مری قازی مه‌حمه‌د بۆ پارێزگاری له شاری مه‌هاباد ژماره‌یه‌ک چه‌کداری مه‌هابادی به‌نێوی (قۆڵ سپی) ئه‌رکی خزمه‌ت به شاریان بهعۆده گرت. قازی موحه‌مه‌د که هێشتا له‌قه‌بی پێشه‌وای له‌لایه‌ن میلله‌ته‌وه پێندرابوو، بۆخۆی له‌گه‌ڵ چه‌ند نه‌فه‌ر له‌و قۆڵ سپیانه و خه‌ڵکی شار تفه‌نگی هه‌ڵده‌گرت و تا گومبه‌زی بوداق سوڵتان که ئه‌و وه‌خته له‌شار دوور بوو ده‌چوو و تا نیزیک رۆژبوونه‌وه له ده‌وری شار ده‌ماوه. ئیداره‌کانی ده‌وڵه‌تیش له ژێر ئه‌مر و چاوه‌دێریی ئه‌ودا به کاری خۆیان درێژه ده‌دا. مه‌دره‌سه‌کان که بۆ ماوه‌یه‌ک داخرابوون کرانه‌وه، هێمنی و ئه‌منییه‌تێکی که له ژێر سایه و رێبه‌ریی قازی مه‌حممه‌د و ته‌شکیلاتی نهێنی (کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک)دا پێکهاتبوو، که‌م وێنه بوو... به‌بێ وجودی ده‌وڵه‌ت نه‌زم و قانوون له شاری مه‌هابد به‌رقه‌رار بوو''. 17
گرفتی هه‌ره گه‌وره‌ی ژێکاف له‌و قۆناغه‌دا (تا پێش چوونی پێشه‌وا بۆ ریزی ژێکاف) نه‌بوونی رێبه‌رێکی ئه‌وتۆ بوو که بتوانێ هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵی کورده‌واری که نوقمی لێک دابڕان و دووبه‌ره‌کی بوو، له ده‌وری یه‌ک کۆ بکاته‌وه. دیاره ئه‌وه هه‌ر به ته‌نیا گرفتی ژێکاف نه‌بوو، به‌ڵکوو حیزبی هیوا (که ده‌سته خوشکی هه‌ره نزیکی ژێکاف بوو) ئه‌ویشی ده‌گرته‌وه. واته نه‌بوونی که‌سایه‌تێکی سه‌رکرده و رێبه‌ر له ناو ریزه‌کانی دا.
''هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو که "کۆمه‌ڵه‌ی هیوا" له ساڵی 1939دا له‌لایه‌ن قوتابیانی کورده‌وه دروستبوو و ساڵێکی ره‌به‌ق بێ سه‌رکرده مایه‌وه، چونکه دامه‌زرێنه‌ره‌کانی هیچیان له خۆیان رانهدهدی ببنه سه‌رکرده‌ی. مامۆستا ره‌فیق حیلمی که یه‌کێک بوو له پێڕه‌وانی سه‌رکرده کلاسیکییه‌کانی کورد و کۆنه یارمه‌تیده‌ری شیخ مه‌حموود بوو، ... رازی بوو ببێته سه‌رکرده‌ی "کۆمه‌ڵه‌ی هیوا"''. 18
''نووری شاویس (1922_10/11/1983) که یه‌کێک بوو له گه‌نجه رۆشنبیره ناسیۆنالیسته‌کانی ئه‌و ده‌مه‌و تا کۆچی دوایی له گه‌لێک کۆمه‌له و حیزبی سیاسی کوردی وه‌ک "کۆمه‌ڵه‌ی ئازادیی کوردستان"و "کۆمه‌ڵه‌ی دارکه‌ر"و "کۆمه‌ڵه‌ی هیوا"و "پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق" و "پارتی گه‌لی دیموکراتی کوردستان" دا ئه‌ندام بوو. له هیندێکیشیان ده‌وری سه‌رکردایه‌تیی هه‌بوو، له بیرهوهرینامهیهکدا ... وه‌ک یه‌کێک له دامهزرێنهانی کۆمه‌ڵه‌ی هیوا ده‌بێژێ:
''ده‌سته‌یه‌کی نێوهندیمان بۆ کۆمه‌ڵه دروست کرد، بێ ئه‌وه‌ی هیچ سه‌رۆکێک دابنێن بۆخۆمان، چونکه هیچ کامێکمان ئه‌و ده‌سه‌ڵات و لێوهشاوهیییه له خۆیدا نه‌ده‌دی که ببێته سه‌رکرده‌ی کۆمه‌ڵه، له‌به‌ر ئه‌وه لێژنه‌یه‌کی سهرکردهیهتیمان دانا". هه‌ر له‌ویدا شاوێس باسی ئه‌وه ده‌کات که چۆن له ساڵی 1940دا مامۆستا ره‌فیق حیلمییان دۆزیه‌وته‌وه بۆ سه‌رۆکایه‌تیی هیوا، له کاتێکدا که مامۆستای به‌هه‌شتی خۆی دامه‌زرێنه‌ر و ئه‌ندامی "هیوا" نه‌بووه، به‌ڵام له‌به‌ر قورسایی که‌سایه‌تییه‌که‌ی که که‌سایه‌تییه‌کی کلاسیکانه بوو، کردوویانه به سه‌رۆک...''. 19
له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش پێکهاته‌ی عه‌شیره‌یی کۆمه‌ڵی کورده‌واری له‌و ساڵانه گه‌وره‌ترین گرفتی پێوانی سه‌رکه‌وتووانه‌ی ئه‌و رێگایه بوو. ئه‌و پێکهاته عه‌شیره‌یییه نه له‌لایه‌ک ده‌کرا به هۆی هێز و توانا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی بخرێته په‌ڕاوێزه‌وه و نه ئه‌و لێهاتوویییهشی هه‌بوو رکێفی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی کورد بگرێته ئه‌ستۆ و نوێنه‌رایه‌تیی دۆزی کورد بکا. ژێکاف وه‌ک رێکخراوێکی سیاسی که به هۆی توێژی مامناوه‌ندیی کۆمه‌ڵی کورده‌وارییه‌وه بونیات نرابوو، له‌گه‌ڵ هه‌موو گرینگیی په‌یام و رێبازه نه‌ته‌وه‌یییه‌که‌ی، نه‌یده‌توانی به‌ته‌نیایی ئه‌م ئه‌رکه راپه‌ڕێنێ و هیچکام له دامه‌زرێنه‌رانی ژێکاف نه‌یانده‌توانی ئه‌م به‌رپرسایه‌تییه به ئه‌ستۆ بگرن.
مامۆستا هه‌ژاری موکریانی له پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ گرینگیی رۆل و که‌سایه‌تیی پێشه‌وا، ده‌نووسێ:
''ده‌گه‌ڵ تێکچوونی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له موکریان، قازی بۆ پاراستنی شار له تاڵان و برۆی عه‌شایری ده‌وروبه‌ر، خه‌ڵکی سابلاخی ساز دا بوو که تفه‌نگ بکڕن و شه‌وانه کێشکی شار بگرن. زۆر جاریش رۆژانه کۆی ده‌کردنه‌وه و ئامۆژگاریی ده‌کردن. ده‌سه‌ڵاتی سابڵاخی ته‌واو له ده‌ستا بوو. پێمان خۆش بوو قازی ببێته هاوکارمان، به‌ڵام ئه‌و ئێمه‌ی به هیچ نه‌ده‌زانی و به لایه‌وه که‌مایه‌سی بوو ده‌گه‌ڵ چه‌ند ره‌ش و رووتێکی بێ ناو‌و نیشان زرمه زلیتانی بکا. ئێمه‌ش هه‌ستمان ده‌کرد که عه‌شایر و خه‌ڵکی دیکه‌ی سه‌رناس چه‌توونه هه‌تا نه‌زانن سه‌رۆکمان پیاوێکی زل و شیاوی حورمه‌ت گرتنه بێنه گه‌ڵمان و هیچ که‌سی پایه‌به‌رز به حوسێن رازی نه‌ده‌بوو. به‌ڵام قازی چۆن چار بکه‌ین؟ رامان ده‌سپارد ئه‌ندامان و لاگرانمان که له کۆبوونه‌وه بۆ وتاری قازی بته‌کنه‌وه. تا وای لێهات قازی خۆی هه‌ستی به‌وه کردبوو حیزب به هێزه و گاڵته‌ی پێ ناکرێ. ئه‌وسا داوامان لێکرد که بێته حیزبه‌وه. قبووڵی کرد و زۆر زوو بریار درا قازی سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه بێ''. 20
له‌و ساته‌وه‌خته ئاسته‌م و چاره‌نووسسازه‌دا کۆمه‌ڵگای کورده‌واری نه‌ته‌نیا پێویستی به که‌سایه‌تێکی وا بوو کۆتایی به لێكدابڕان و دوژمنایه‌تیی نێو خێڵ و عه‌شیره‌ته‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه بێنێ، به‌ڵکوو پێویستی به رێبه‌رێکی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وتۆش هه‌بوو که یه‌کیه‌تییه‌کی رۆحی و فیکری له‌نێو ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌که‌ی دا به‌هێز بکاو خۆناسین و هوشیاریی نه‌ته‌وه‌یی مرۆڤی کورد بۆ به‌ده‌سته‌وه گرتنی چه‌رخی چاره‌نووسی به پله‌و ئاستی پێویست بگه‌یه‌نێ.
''قازی قسه‌که‌رێکی زۆر باش بوو، عاده‌تی وابوو که رسته‌ی کورت کورتی ده‌کوت، له حاڵێکدا هێزێکی سه‌یر له‌و رستانه‌دا هه‌بوو، وه هه‌ر له به‌ینی سێ یان چوار وشه‌دا که‌مێک راده‌وه‌ستا''. 21 پێشه‌وا له یه‌کێک له قسه و باسه‌کانی دا له چه‌ند دێڕێکی کورت به‌ڵام پڕ مانا و به‌نێوه‌رۆک که‌ش و هه‌وای ئه‌و کاته به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌خاته روو:
''رۆژێک پێم کوتن که کیشه‌ی ئه‌نگۆ له‌سه‌ر ئیستیکانه چایه‌که که له پێشدا بو کامتانی دانێن و یادئاوریم کردن که ئه‌و رۆ بۆ ئێمه یه‌که‌تی پێویسته، جا دوای ئه‌وه دێین به ورده حیسابی خۆمان راده‌گه‌ین''. 22
مامۆستا هه‌ژاریش له بیره‌وه‌رییه‌کانی دا دیمه‌نێکی بچووکمان له‌و رۆژگاره ئه‌نگوسته‌چاوه، دێنێته به‌رچاو و ده‌نووسی:
''جارێک رووسان زۆرپیاوماقوڵی وه‌ڵاتیان بۆ باکۆیه بانگ کرد که عهلیائاغا و قه‌ره‌نیاغا و حاجی بابه‌شێخ و زۆر ئاغای تریش له‌و بانگ کراوانه بوون که هاتنه‌وه بیستمان باقرۆفی سه‌رۆکی وه‌زیری ئازه‌ربایجانی روسیا گوتبووی چتان ده‌وێ بۆتان پێک بێنین، یه‌ک ده‌ڵێ شه‌کر، یه‌ک ده‌ڵێ زینی عوروسی، ده‌مانچه... من ده‌مه‌ته‌قه‌یه‌کم له‌سه‌ر نووسین و له نیشتمان دا چاپ کرا، تێرم گالته به عه‌قلیان کردبوو. عه‌لیاغای هه‌ڕه‌شه‌ی کردبوو که ئه‌و شاعیره هه‌ر ده‌کوژم. ماوه‌یه‌کی زۆر نه‌مده‌وێرا به گوندی ئه‌ودا بڕۆم و رێگه‌م بۆ شاری سابڵا‌غ گۆڕیبوو.''23
هه‌ڵسوکه‌وت کردن له‌ته‌ک عه‌قڵییه‌تی وا که هه‌موو تامه‌زرۆیی و خه‌ون و فانتازیای هێنانی دیاریی زینی ئه‌سپی عروسانه، له جێگای ده‌سکه‌وتی سیاسی بۆ خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی، تا راده‌یه‌ک گرفته‌کانی نێوخۆیی کۆمه‌ڵی کورده‌واری و ئاسته‌م بوونی کاره‌که‌ی پێشه‌وا له‌و سه‌رده‌مه‌دا نیشان ده‌دا.
ئه‌گه‌ر له دیدار له‌گه‌ڵ "باقرۆف" له باکۆ هه‌موو غه‌م و سه‌رقاڵیی پێشه‌وا ئه‌وه بوو دۆزی کورد نه‌کرێته پاشکۆی ئازه‌ربایجان و پشتیوانیی سیاسیی ئه‌وان بۆ چێ کردنی قه‌واره‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ کورد ده‌سته‌به‌ر بکا، که‌چی فانتازیا و ئاسۆی بیری ژماره‌یه‌کی تر له هێنانی "زینی ئه‌سپی عروسان" بستێکی تر واوه ناترازێ. یه‌ک له بیری ئه‌وه دایه نه‌ته‌وه‌یه‌ک رزگار بکا و نیشتمانێک به‌ره‌و ئاوه‌دانی به‌رێ، به‌ڵام فانتازیای هێندێکیتر له هێنانه‌وه‌ی زینی ئه‌سپی عروسان واوه‌تر ناچێ.
قسه‌کردن و راوه‌ستان له‌سه‌ر ئه‌و جۆره فاکتانه، قسه کردنه له‌سه‌ر دوو جۆر که‌سایه‌تی و دوو جۆر ئاسۆی بیر و دوو جۆر خه‌ون و فانتازیای دژبه‌یه‌ک. خه‌ون و فانتازیایهکیان تا دڵ ده‌خوازێ بچووک و گچکه و داخراو بوو. هه‌ر به‌و پێیه که‌سایه‌تیشیان که‌سایه‌تیی خه‌ڵکانێکی ئاسایی بوو. به‌ڵام جۆری که‌سایه‌تی ئه‌ویتریان، که‌سایه‌تێکی رێبه‌ره. له بیری که‌سایه‌تیی رێبه‌ردا ده‌سکه‌وتی سیاسی، گه‌وره‌ترین دیاری بوو بۆ خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی. پانتایی و ئاسۆی بیری که‌سایه‌تیی رێبه‌ر، به‌ته‌واوی جیهانێکیتر بوو. خوڵقاندنی دۆخێکی نوێ بۆ نه‌ته‌وه، وێنه‌یه‌کی بچوکه له‌و جیهانه. که‌سایه‌تیی رێبه‌ر که‌سایه‌تییه‌کی دۆخ خوڵقێنهو له هه‌وڵی ئه‌وه دایه ده‌ره‌تان و بوارێکی روون بۆ کۆی خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی ده‌سته‌به‌ر بکا. له بیری که‌سایه‌تیی رێبه‌ردا له هه‌ر دیدار و سه‌ردانێک مه‌به‌ستێکی دیاری کراوی سیاسی نوستووه. نزیک بوونه‌وه له ئامانج و ستراتیژیی بزوتنه‌وه‌که‌ی مه‌به‌ستی که‌سایه‌تیی رێبه‌ره له‌و دیدار و سه‌ردانانه.
پێشه‌وا له یه‌کێک له سوخهنرانییهکانی له‌م باره‌یه‌وه ئاماژه ده‌کا و ده‌ڵێ:
''مه‌علووم ته‌سدیقی ده‌فه‌رموون که ده‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ئیختیلاف و دووبهرکییه که ده‌نێو کوردان دا هه‌بوو که نێوان ناخۆشی وای لێ هات بوو ته‌ئسیری ده خانهوادانیش کردبوو، نێوانی برایانیش تێک چووبوو حه‌تتا باب و کوڕیش پێکه‌وه یه‌ک نه‌بوون پیشرفتی کار و دانانی ته‌شکیلات چه‌ند موشکیل بو، ده‌ڵی چونکو له مه‌ردان کار عاسییه نابن و مێر به‌سه‌ر هه‌ر جۆره چه‌وت و چه‌ڵه‌مه‌یه‌ک دا فایق ده‌بێ به‌هۆی ره‌نج و زه‌حمه‌ت و هه‌وڵ دانی چه‌ند که‌سی ساحیب ئیمان و راست ته‌شکیلاتیش ساز کراو نه‌زم و ته‌رتیبیش ده‌نێو مه‌مله‌که‌ت دا به‌رقه‌رار کراو ده موده‌تێکی که‌م دا ئیختیلافات و ناتهبابییش دوایی پێدرا''.24
کۆ کردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازانه له ده‌وری یه‌کتر بۆ هێنانه دیی ئامانجێکی هاوبه‌ش کارێکی هێنده ئاسان نه‌بوو. که‌سایه‌تییه‌کی به‌هێزی جه‌ماوه‌ری و زانایی و دووربینییه‌کی تایبه‌تی گه‌ره‌ک بوو. ژێکاف و کورد پێویستی به رێبه‌رێکی نه‌ته‌وه‌یی وا بوو که وێڕای ئانالیزی ره‌وتی رووداوه‌کان و خوێندنه‌وه‌ی کێشه سیاسییه‌کان له ئاستی نێوخۆیی کۆمه‌ڵی کورده‌واریش دا ریزه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه له لێک‌دابڕان و دووبه‌ره‌کی رزگار بکا و روو به دنیای ده‌ره‌وه‌ش ویست و داخوازی کورد به‌شێویه‌کی ژیرانه نوێنه‌رایه‌تی بکا. له‌م باره‌یه‌وه ژێکاف و دامه‌زرێنه‌رانی به ته‌نیایی و به‌نه‌بوونی پێشه‌وا ئه‌م برهستهیان نه‌بوو.
هونه‌ری گه‌وره‌ی رێبه‌ریی پێشه‌وا ئه‌وه بوو له کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاوا لێک دابڕاو، جۆره یه‌کیه‌تییه‌کی سیاسیی ئه‌وتۆ ساز بکا که هه‌موو ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازانه له کۆیه‌کی هاوبه‌ش دا‌و له ده‌وری یه‌ک و بۆ ئامانجێکی هاوبه‌ش کۆ بکاته‌وه. راگه‌یاندنی کۆمار له رۆژی 2ی رێبه‌ندان مانای سه‌رکه‌وتنی پێشه‌وا بوو له چێ کردنی ئه‌و یه‌کیه‌تییه دا. که وایه به‌ده‌سته‌وه گرتنی رێبه‌ریی بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌و ساڵانه‌دا له‌لایه‌ن پێشه‌واوه نه له ئاکامی کوده‌تا و که‌ین و به‌ینێکی پشتی په‌رده، به‌ڵکوو به‌هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه بوو که له که‌سایه‌تێکی رێبه‌ردا ده‌بێ کۆ ببێته‌وه. بۆیه به چوونی پێشه‌وا بۆ ناو ژێکاف و گرتنه ده‌ستی رێبه‌ریی ئه‌و رێکخراوه، تێکۆشان و گه‌شه‌ی ژێکاف چه‌ند قات به‌ره‌وپێش چوو.
''زۆر گرینگه که چه‌ند گوتنی دیکه‌ش سه‌باره‌ت به‌و پیاوه بگوترێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که وه‌ک مۆتۆری هێزی کۆماری مهاباد وه‌حیساب دێ. قسه له‌گه‌ڵ هاتوو و له سازان هاتووی گه‌وره... ئه‌و رابه‌رێکی ئه‌وتۆ بوو که هه‌م به وره و قسه له‌روو بوو و هه‌میش تاکتیکی هه‌بو، ئه‌و ژیر بوو جۆرێک ته‌قه‌دوس و پیرۆزی پێوه دیار بوو- ته‌رکیبێکی به‌دڵ بۆ جووڵانه‌وه به‌پێی راگرتنی پارسه‌نگ که بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمار پێویست بوو''.25
''چالاکییه‌کانی قازی ده‌یسه‌لمێنن که ئه‌و پیاوێکی ئه‌وتۆ بووه که به کارامه‌یییه‌وه هێز و ده‌سه‌ڵاتی به‌کار هێناوه، مامۆستایه‌کی هونه‌ری مومکین بوه، پیاوێکی ئه‌وتۆ که ئامادیی ئه‌وه‌ی بوو که له ته‌ک به‌رنامه‌ی گشتگری کوردی بێته ڕه‌دایه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ئیئتیلافێکی که بکرێ چه‌رخی کاری بگه‌ڕێ پێک بهێنێ''. 26
به‌ده‌وڵه‌ت بوونی کورد له بیری پێشه‌وادا
راگه‌یاندنی کۆمار، قۆناغێکی تری ژیان و تێکۆشانی پێشه‌وایه. کۆمار نه‌یده‌توانی ته‌نیا له ئاکامی له‌باربوونی هه‌لومه‌رجێکی له‌باری نێونه‌ته‌وه‌یی بێته دی. بۆ له‌دایکبوونی ئه‌م قه‌واره نهتهوهیییه، رێبه‌رایه‌تییه‌کی ژیر و وردبین و ڕێناس و خاوه‌ن ئیراده پێویست بوو که به دروستی ره‌وتی رووداوه‌کان بخوێنێته‌وه و له کاتی گونجاو و له‌باری خۆیدا هێزی خه‌ڵکی بۆ بێنێته مه‌یدان و به پشت ئه‌ستووری به هێزی خه‌ڵک بڕیاری پێکهێنان و راگه‌یاندنی بدا. پێشه‌وا نیشانی دا رێبه‌رێکی راسته‌قینه‌یه بۆ دانی ئه‌و بڕیاره مێژوویییه. کار‌و تێکۆشانی دیپلۆماسی ئاڵقه‌یه‌کی گرینگ بوو بۆ لابردنی که‌ند و له‌نده‌کانی سه‌ر رێگای به‌ده‌وڵه‌تبوونی کورد له‌و قۆناغه‌دا. هه‌ر بۆیه دانوساندن و کار و تێکۆشانی دیپلۆماسی و دیدار و چاوپێکه‌وتنی سیاسی به‌شێکی گرینگی له هێز و توانای پێشه‌وای بۆ ته‌رخان کرا.
له یه‌کێک له یادداشته‌کانی هاشمۆف سه‌رکۆنسۆلی یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت له ره‌زاییه(ورمێ) دا هاتووه:
''بۆ رێکخستنی به‌شی کۆمه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندییه کلتورییه‌کان من و هاوڕێ "شهریفۆف" رۆژی هه‌ژده‌ی نیسان رۆیشتین بۆ مهاباد، یه‌که‌مجار سه‌ردانی فه‌رماندار (سریع‌القلم)مان کرد، له چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا نارازیبوونی خۆی له بارودوخی مه‌هاباد ده‌ربڕی و گله‌یی له‌وه کرد که ئه‌و هه‌ر ته‌نیا به ناو فه‌رمانداره و هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی نییه، چونکه کورده‌کان له دوای رووداوی مانگی فورییه‌ی 1945وه خۆیان هه‌موو کاروبارێک ده‌به‌ن به‌ڕێوه. له‌به‌ر ئه‌وه چه‌ند جار داوام کردووه له تاران که رێگام بدات مه‌هاباد به‌جێ بهێڵم، به‌ڵام کاربه‌ده‌ستانی تاران داواکه‌یان رهتکردوومهتهوه... جێی سه‌رنجه له کاتێکدا ئێمه لای فه‌رماندار بووین کورده‌کان له هه‌موو لایه‌که‌وه ده‌وری ماڵه‌که‌یان دابوو، هه‌وڵیان ده‌دا گوییان له گفتوگۆکانمان بێ و بزانن چی روو ده‌دا. کاتژمێر دوانزه چووینه لای قازی و بۆ نانی نیوه‌ڕۆ له‌وێ ماینه‌وه، له‌و ماوه‌یه‌دا که ئێمه له‌وێ بووین هاتوچۆی پیاوه به‌ناوبانگه‌کانی کورد به‌رده‌وام بوو.
قازی موحه‌ممه‌د هه‌موو کاتێک وتووێژه‌کانی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌برد و باسی دواکه‌وتوویی کوردانی ده‌کرد و به‌گوێره‌ی قسه‌کانی، هۆی دواکه‌وتنه‌که‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو کاتێک له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران و تورکیاوه چه‌وسێندراونه‌ته‌وه و ئێستا له حاڵێکی نیوه برسیدا ده‌ژین... کورده‌کان وا تێگه‌یشتوون ته‌نیا یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت یارمه‌تیان ده‌دا له خه‌باتیاندا بۆ سه‌ربه‌خۆیی. له‌م باره‌یه‌وه نموونه‌یه‌کی هێناوه که ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر شانۆیه‌ک له مه‌هاباد نمایش کراوه (مه‌به‌ستی شانۆی "دایکی نیشتمان"ه) ناوه‌رۆکه‌که‌ی به‌م چه‌شنه بووه: کوردستان له سیمای ژنێکی دیلدا خراوه‌ته روو به زنجیر به‌ستراوه‌ته‌وه‌و لاوێکی کورد به‌رگێکی سووری پۆشیوه - ده‌بێ نیشانه بێت به یه‌کیه‌تی سۆڤێت به چه‌قۆ ئه‌و په‌ت و زنجیره ده‌پچڕێنێت...''. 27
فاکتگهلێکی له‌و چه‌شنه به‌روونی و به ئاشکرایی ده‌سه‌لمێنێ دروست کردنی په‌رژینێک له نێوان بیری سه‌ربه‌خۆییخوازی ژێکاف و پێشه‌وا چه‌نده دووره له راستی. هه‌ر ئه‌و فاکته به‌ته‌نیایی نیشان ده‌دا ئه‌گه‌ر پێشه‌وا له ژێکاف پتر سهربهخۆییخوازتر نه‌بووبێ،که‌متر نه‌بووه. له‌ونێوه‌دا وتار و سوخهنرانییهکانی پێشه‌وا به‌ڕوونی ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنێ پێشه‌وا هه‌ڵگری چ خوێندنه‌وه‌یه‌کی قووڵ و مێژوویی و هه‌ر له‌و کاته‌دا هه‌مه‌لایه‌نه له دۆزی کورد بووه. بۆ زیاتر ئاشنا بوون به بیری پێشه‌وا راڤه‌ی وتارێکی تری پێشه‌وا ده‌که‌ین که تێیدا هاتووه:
''... کورد دوو سه‌د ساڵه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئازادی هه‌وڵ ده‌دا، له جه‌نگی بهینولمیلهلی رابردوودا کوردیان پتر له‌ت له‌ت کرد، به‌شێک به عێراق و به‌شێک به سورییه و به‌شێک به رووسیه و به‌شی زۆریشیان بۆ تورکیه و ئێران هێشته‌وه و ئه‌م کارانه هه‌ستی سه‌ربه‌ستی کوردانی نه‌کوژانده‌وه و کوردانی تورکییه و ئێران و سوورییه زۆر له پێشدا بۆ ئازادی هه‌ڵستان. دوژمنه‌کانیش ده‌ستیان کرد به کورد کوشتن، ئه‌گه‌ر کوردانی به‌درخانی پڕش و بڵاو کران بابانه‌کان و ئه‌رده‌ڵانه‌کان واردی مه‌یدانی کارزاری ئازادی کوردان بوون، شێخ عوبه‌یدیللا، شێخ سه‌عید، سمایل ئاغا، کوردانی تورکییه و ئارارات قیامیان کرد و چه‌ند هه‌زار نه‌فه‌ر له‌و قیامانهدا له‌ناو چوون و نه‌تیجه به‌ده‌س نه‌هات و ئه‌م رادمهردانه گشتیان له‌سه‌ر ئازادی مردن''. 28
بۆ پێشه‌وا مه‌سه‌له‌ی کورد و کێشه ره‌واکه‌ی هه‌ڵگری نێوه‌رۆک و سروشتێکی تایبه‌تی بوو. مه‌سه‌له‌ی خاک و زمان و کولتور و ناسنامه و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کاکڵ و جه‌وهه‌ری ئه‌و سروشته تایبه‌تییه بوو. له‌و خوێندنه‌وه‌یه‌دا هه‌موو پارچه داگیرکراوه‌کانی کوردستان، یه‌ک نیشتمان و یه‌ک نه‌ته‌وه بوون و چ فه‌رق و جیاوازییه‌کی له نێوان داگیرکه‌رانی کوردستانیش نه‌ده‌دی و به‌ئاشکرا ده‌یوت:
''ئه‌م رۆژانه تورکیا و ئێران و عێراق خه‌ریکی گفتوگۆن ده‌یانه‌وێ په‌یمانی مه‌نحووسی "سهعدآباد" که ماده‌یه‌کی به زیانی کوردانه، ئێستاش هه‌ر بۆ دوژمنایه‌تی کوردان تازه بکه‌نه‌وه و بزانن ئه‌و معاهدانه وه‌کوو له پێشدا کاغهزپارهیهک پتر نه‌بوو ئێساش کاغهزپارهیهک زیاتر نییه. ره‌زاشا، مسته‌فا که‌ماڵ، مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ که بۆ دوژمنایهی کوردانیان په‌یمان به‌ست له ماوه‌یه‌کی که‌مدا خودا له‌نێوی بردن و ئێستاش هومێدمان له خودای به‌رز ئه‌وه‌یه: که ئه‌و که‌سانه‌ی که خه‌ریکی به‌ستنی په‌یمان به دوژمنایه‌تی کوردان بن به‌ده‌ستی خۆیان قه‌بری خۆیان هه‌ڵده‌که‌نن''. 29
له بیری پێشه‌وادا چه‌مکی به‌ده‌وڵه‌تبوونی کورد خاوه‌نی گرینگییه‌کی تایبه‌تی بووه، گرینگیی ده‌زگای ده‌وڵه‌تیش ته‌نیا له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه بوو که کۆتایی به هه‌ژاری و دواکه‌وتویی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له کوردستان بهێنرێ و له‌و نێوه‌دا ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌رانه‌ی تارانی به هۆکاری سه‌ره‌کی وه‌پاشکه‌وتوویی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری له قه‌ڵه‌م ده‌دا.
ئه‌وه‌ی خانی له مهم و زین دا خه‌ونی پێوه ده‌دیت و کوردی بۆ ده‌نگ ده‌دا، پێشه‌وا به کرده‌وه هێنایه دی. ئه‌وه‌ی هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک له پارچه‌یه‌کی کوردستان بزووتنه‌وه‌یه‌کی رزگاریخوازانه سه‌ری هه‌ڵده‌دا و به‌هۆی فاکتۆری جۆراوجۆر نه‌یتوانیبوو به ئاکامی سه‌رکه‌وتووانه‌ی خۆی بگا، له رۆژی 2ی رێبه‌ندان و به رێبه‌ریی پێشه‌وا هاته جیهانی به کرده‌وه‌وه. هه‌ربۆیه گوتاری پێشه‌واش له رۆژی 2ی رێبه‌ندان هه‌ڵێنجاوی ئه‌و مێژووه بوو. گرێدراوه‌یی به‌و مێژووه له رۆژی راگه‌یاندنی کۆمار‌دا و له وتاره مێژوویییه‌که‌ی پێشه‌وادا به‌روونی ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێ.
به‌مجۆره پێشه‌وا له ماوه‌ی ژیانی سیاسیی خۆی دا وه‌ڵامی به سه‌ره‌کیترین مه‌سه‌له‌ی کۆمه‌ڵی کورده‌واری دایه‌وه. دامه‌زراوی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و مه‌سه‌له سه‌ره‌کییه بوو که پێشه‌وا توانی له ئاستی گوتاره‌وه بۆ مه‌یدانی کرده‌وه‌ی بگوێزێته‌وه. ئه‌م بریاره مێژوویییه ده‌سپێکی گه‌وره‌ترین وه‌رچه‌رخان بوو له کۆیلهتییهوه بۆ سه‌ربه‌ستی و له داگیرکراوهیییهوه بۆ رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی. لێره‌وه ئیتر خوێندنه‌وه‌یه‌کی لۆژیکی بۆ کورد بوون به مانای رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و خاک و خۆ جیاکردنه‌وه له‌ویتر و، خۆ قوتار کردن له ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیزمی به‌رزه‌فڕی فارس، ئاوێته‌ی گوتاری سیاسیی بزاڤی رزگاریخوازانه‌ی کورد بوو. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌وه، ئامانج و ئایدیالی هاوبه‌ش و یه‌کێتیی ژیانی روحی و نه‌ته‌وه‌ییش به‌شێوه‌یه‌کی بێوێنه روی له خه‌مڵین و گه‌شه سه‌ندن کرد.
به‌کورتی بڵێین: هه‌موو هه‌وڵی پێشه‌وا بۆ ئه‌وه بوو له‌و هه‌ل و مه‌رجه که‌ڵک وه‌ربگرێ بۆ ئه‌وه‌ی ماڵێک بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی دروست بکات و به‌ئاشکرا و بهبێهیچ ترس و له‌رزێکی سیاسی ده‌یگوت: ''تاکه‌نگێ کورد ده‌بێ مالکی جێگای خۆی نه‌بێ''. 30
پێشه‌وا و ریالیزمی تاڵی کورد
لایه‌نێکی گرینگی دیکه‌ی بیر‌و که‌سایه‌تیی پێشه‌وا ته‌سلیم نه‌بوون به ریالیزمی تاڵی دۆزی کورد بوو. له قووڵایی بیری پێشه‌وادا سیاسه‌ت به مانای ته‌فسیری ساده و ساکارانه‌ی وه‌زعی مه‌وجوود نه‌بوو که ته‌نیا ئه‌رکی مرۆڤی کورد ئه‌وه بێ خۆی له‌گه‌ڵ رێک بخا‌و چاوه‌ڕوانی قه‌زاوقه‌ده‌ر بمێنێته‌وه، واته به‌بیانووی "واقعبینی"یه‌وه خۆی له هه‌وڵ و چالاکیی داهێنه‌رانه بدزێته‌وه.
پێشه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی سیاسه‌ت و بڕیاره‌کانی به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر راگه‌یاندنی جمهوری هه‌میشه به وریایییه‌وه له‌گه‌ڵ پارسه‌نگی هێزه‌کان هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌کرد، له هه‌مان کاتیش دا سیاسه‌تی واقعبینایهی پێ ئه‌و سیاسه‌ته بوو که وه‌زعی ئێستای کورد بگۆڕێ و خه‌ونی هه‌زاران مرۆڤی کورد له ئۆتۆپیاوه بکاته راستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گری رۆژ. یاخۆ به واتایهکیتر ره‌نگه دروست ئه‌وه بێ بڵێین پێشه‌وا که‌سایه‌تییه‌کی خاوه‌ن پرۆژه بوو. خۆسه‌لماندن بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌و پرۆژه‌یه بوو. خۆسهلماندنێک که بکه‌ر بوون بۆ کورد ده‌سته‌به‌ر بکات و ده‌ره‌تانی ئه‌وه بۆ کورد پێک‌بێنێ له په‌ڕاوێز و ده‌ره‌وه‌ی مێژووه‌وه بۆ نێو مێژوو هه‌لی خۆنواندنی بۆ بڕه‌خسێنێ و له قۆناغی خۆپاراستنه‌وه بۆ قۆناغی خۆ سه‌لماندن هه‌نگاو بنێ.
قه‌بووڵی به‌رپرسایه‌تییه‌کی وا گه‌وره، ئه‌ویش له‌نێو نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کورددا که چوارده‌وری نیشتمانه‌که‌ی به ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ر ته‌نرابوو، کارێکی هاسان نه‌بوو و هه‌موو که‌سێک نه‌یده‌توانی خۆ له قه‌ره‌ی بدا. ئه‌مه زانایی و متمانه به‌خۆ و به نه‌ته‌وه‌که‌ی گه‌ره‌ک بوو. هونه‌ری رێبهریو ناسینی ههلو قۆزتنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی له‌باری پێویست بوو.
پێشه‌وا به وێنه‌ی رێبه‌رێکی راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه ته‌نیا نامۆ به خۆ که‌مبینی نه‌ته‌وه‌یی بوو، به‌ڵکوو به مانای راسته‌قینه‌ی وشه له دژی خۆ به‌که‌م زانین و متمانه به‌خۆنه‌بوون راده‌وه‌ستا. پێشه‌وا له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو نه‌ته‌وه‌ی کورد هیچی له نهتهوهکانیتر که‌متر نییه‌و کوردیش مافی سروشتی خۆیه‌تی ببێته خاوه‌ن قه‌واره و ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌ته‌وه‌یی. پێشه‌وا ده‌یزانی خه‌ڵک و وڵاته‌که‌ی به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌رانه‌ی ناوه‌ندی له‌وپه‌ڕی هه‌ژاری و دواکه‌وتوویی ئابووری و سه‌نعه‌تی راگیراون، به‌ڵام بۆ یه‌ک جاریش ترس و خورپه‌ی نه‌خسته نێو دڵی نه‌ته‌وه‌که‌یه‌وه و به پێچه‌وانه‌ی هێندێک رێبه‌ری ئێستای کورده‌وه پێی نه‌گوتن ئه‌گه‌ر رۆژێک سێبه‌ری ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌رتان به‌سه‌ره‌وه نه‌مێنێ له برسان دهبهتڵێن. بۆیه له‌گه‌ڵ هه‌موو گرفت و کۆسپه‌کانی ئه‌و پرۆسه‌یه، هه‌نگاوه‌کانی پێشه‌وا شلوێ نه‌بوون. ئه‌و به‌راست باوه‌ڕێکی گه‌وره‌ی به رزگاریی نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌بوو.
دیاره پێشه‌وا هه‌ر ته‌نیا رێبه‌رێکی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رۆک کۆماری کوردستان نه‌بوو، به‌ڵکوو ئینساندۆستێکی مه‌زنیش بوو. له ماوه‌ی ژیان و کار و تێکۆشانی هه‌موو سه‌رکرده‌یه‌کدا لێک گرێدانی ئه‌م دووانه کارێکی هاسان نییه. گه‌لێک جار له ژیانی سه‌رکرده‌یه‌ک دا ئه‌وه‌ی به بنه‌مای سه‌ره‌کی ده‌گیرێ، پێشخستن و به‌ڕێوه‌چوونی رۆڵه سیاسییه‌که‌یه‌تی و به‌س. بایه‌خه‌کانی ئینساندۆستی و پله و مه‌قامی مرۆڤ بچووکترین لای لێ ناکرێته‌وه. له‌و شێوه کاره‌دا مرۆڤ تا ئه‌و جێگایه شیاوی به‌هێند گرتنی پله و مه‌قامی ئینسانییه که وه‌ک ئامرازێک له خزمه‌ت به‌ره‌وپیش بردنی رۆڵی سه‌رکردایه‌تیی ئه‌و دابێ. له که‌یسی پێشه‌وادا ئه‌مه راست به پێچه‌وانه‌یه. ئه‌و هه‌موو ژیان و گیانی خۆی پێشکه‌ش به مرۆڤی خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی کرد، بۆ ئه‌وه‌ی له داگیرکراوه‌یی و ده‌سبه‌سه‌ری رزگاریان بێ و وه‌ک مرۆڤی سه‌ربه‌ست و ئازاد له نیشتمانه‌که‌یان دا بژین.
ئه‌و گوتاره ناسیۆنالیستییه که پێشه‌وا رێبه‌رایه‌تیی ده‌کرد، هه‌ڵگری بنه‌ما و پره‌نسیپێکی دیموکراتییانه بوو. پێشه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆ یه‌ک ساتیش له‌وه به‌گومان نه‌بوو که کوردیش وه‌ک هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێ و نابێ ببێته پاشکۆی قه‌واره‌ی هێچ نهتهویهکیتر، هه‌ر له‌و کاته‌ش دا رێزی له ماف و ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی نه‌ته‌وه‌کانی تر ده‌نا.
له گوتاری ناسیۆنالیستیی پێشه‌وادا دکتۆرینی ناسیۆنالیسم به مانای یه‌کسانیی مافی سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌کان بوو. له خوێندنه‌وه‌ی پێشه‌وادا بۆ چه‌مکی ناسیۆنالیسم جێگایه‌ک بۆ ناسیۆنالیزمێکی داپڵۆسێنه‌رانه و هێرشکه‌رانه به‌دی نه‌ده‌کرا. له جیهانی بیر‌و هزری پێشه‌وادا نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌و بچووک، ره‌سه‌ن و ناره‌سه‌ن وجوودی نه‌بوو. له بیری پێشه‌وادا هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان یه‌کسان و وه‌ک یه‌ک بوون. هه‌ر له‌و رووه‌وه پێشه‌وا خوازیاری پێکه‌وه ژیانی بهئاشتیی نه‌ته‌وه‌کان بوو، هه‌ڵبه‌ت به پاراستنی مافی یهکسانو وه‌ک یه‌کیان له ده‌سه‌ڵات دا.
پێشه‌وا له یه‌کێک له کۆبوونه‌وه‌کانی دا روح و سروشتی نه‌ته‌وه‌خوازیی کوردی دێنێته سه‌ر زمان‌و ده‌ڵێ:
''ئێستاش له سایه‌ی هێز و قودره‌تی ئازادی ئێمه‌ش چاو و گوێمان کراوه‌ته‌وه و جارێکی دیکه ناچینه‌وه ژێر چنگاڵی بێدادی، کورد جوێ له حه‌قی خۆی هیچی له خه‌ڵکی نه‌ویستووه، ده‌یه‌وێ به زمانی خۆی بخوێنێ، له پیت و کانگای وڵاته‌که‌ی سوود به‌رێ، ببێته خاوه‌نی کارخانه و کانگا. کورد نایه‌وێ ده‌ستدرێژی بۆ خاکی هیچ میلله‌تێک بکا''.31
هه‌روه‌ک مامۆستا هێمنی موکریانی به‌دروستی ده‌بێژێ:
زانا بوو، کوردپه‌روه‌ر بوو
پێشه‌وا بوو، رابه‌ر بوو
هه‌ر کورد نه‌بوو به‌شه‌ر بوو
خه‌می خه‌ڵکی له‌به‌ر بوو.
له کاتێکدا جووله‌کان له دڵی ئۆرووپای پێشکه‌وتوو راو نران و که‌وتبوونه ژێر سه‌ختترین ئازار و چه‌وسانه‌وه‌وه، له کۆماره خنجیلانه‌که‌ی پێشه‌وا رێز له ناسنامه‌ی نهتهوهیییان گیراو بڕیار درا:
''له ژێر حیمایه‌تی حه‌زره‌تی پێشه‌وای موعه‌ززه‌م و مه‌حبوبی کوردستان و نهظارهتی ئیداره‌ی موحته‌ره‌می فه‌رهه‌نگ به ئیجازه له مه‌قاماتی به‌رزی کوردستان مه‌دره‌سه‌یه‌ک به نێوی تێکه‌ڵی کوردی و عیبری ده‌که‌ینه‌وه. پێویسته له برواری ئه‌و ئاگادارییه‌وه منداڵانی خۆتان چه کوڕ‌و چ کچ به ده‌فته‌ری ئه‌و مه‌دره‌سه که رووبه‌رووی عه‌ماره‌تی داودزادهیه به موعهرهفیو به ثهبتی بگه‌یه‌نن''. 32
''که‌سانی که هه‌لیان بۆ هه‌ڵکه‌وتبو، قازی محه‌ممه‌د ببینن، ده‌ست به‌جێ که‌وتبوونه ژێر کاریگه‌ری که‌سایه‌تییه‌که‌یه‌وه و به ئاسانی تێگه‌یشتبوون بۆ چی له‌لای نیشتمانپه‌روه‌رانی هه‌موو لایه‌کی کوردستان ببووه ره‌مزێک. ئه‌و، پیاوێکی کورته‌باڵا بوو، پاڵتۆیه‌کی عه‌سکه‌ری کۆنی ده‌به‌ر دابوو، ته‌نکه ردێنێکی هه‌بوو، رووی لاواز و ره‌نگی به هۆی ناره‌حه‌تی گه‌ده‌یه‌وه زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕابوو، نه سیگاری ده‌کێشا، نه ده‌یخوارده‌وه و زۆر که‌مخۆریش بوو، هه‌ڵسوکه‌وتی ئارام و ماقوڵانه بوو. جۆره ئهنتهرناسیۆنالێک بوو، هه‌موو میلله‌ته‌کانی دنیای خۆش ده‌ویست و چه‌ند زمانێکی ده‌زانی له‌وانه رووسی، که‌می ئینگلیسی‌و سپرانتۆ. مێزی ئیش و کاری پر له کتێبی ریزمان و خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی بیگانه بوو. وا پێ ده‌چوو زۆر به باوه‌ڕ بێ و پاڵپشتی ئه‌م بیر و باوه‌ڕه‌شی ئازایه‌تییه‌کی که‌موێنه و له‌خۆبووردوویی بوو''. 33
راپۆرت به بیرورای گشتی
یه‌کێکی دیکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی که‌سایه‌تیی پێشه‌وا گرینگی دان به بیر‌و رای گشتیی جه‌ماوه‌ری کورد بوو. پێشه‌وا سه‌رچاوه‌ی سه‌رکۆماریی خۆی و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی له خه‌ڵکه‌وه ده‌دیت و خۆی و کۆماری به به‌شێکی جیا نه‌کراوه له کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان ده‌زانی و هه‌ر بۆیه به هه‌موو توانایه‌وه هه‌وڵی ده‌دا به‌رینترین چین و توێژی نه‌ته‌وه‌که‌ی له پرۆسه‌ی سیاسی دا به‌شدار بکا. ئه‌گه‌ر له‌مه‌وبه‌ر سیاسه‌ت ته‌نیا ده‌بوایه له دیوه‌خانه‌کاندا و له نێوان ژماره‌یه‌کی ده‌سڕۆیو، قه‌تیس کرابا، هه‌موو هه‌وڵی پێشه‌وا بۆ ئه‌وه بوو، سیاسه‌ت به مانای به‌شداری کردن له دیاری کردنی چاره‌نوس بۆ زێدی راسته‌قینه‌ی خۆی بگوێزێته‌وه. پێشه‌وا له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و دیده‌دا، ناوه‌ندی دیاری کردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ی له دیوه‌خان و باڵه‌خانه‌ی پیاوماقووڵانی ده‌سڕۆیو را بۆ نێو کۆبوونه‌وه گشتییه‌کانی جه‌ماوه‌ر راگواست. سیاسه‌تی پێشه‌وا ئه‌وه بوو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له دوورهپهریزیی سیاسی بۆ هه‌ڵبژاردنی ژیانی چالاک و به‌شدار له رووداوه سیاسییه‌کان ئاماده بکا. هه‌ر بۆیه له دوای هه‌ر سه‌فه‌رێکی سیاسی، راپۆرتی کار و تێکۆشانی بۆ بیر و رای گشتی پێشکه‌ش ده‌کرد. له کۆبوونه‌وه‌کان له گیروگرفته‌کان ده‌دوا و رێگا چاره‌سه‌ری دێنایه گۆڕێ. ره‌خنه‌ی توندی له که‌م و کوڕییه‌کان ده‌گرت، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش سه‌رکه‌وتن و ده‌سکه‌وته‌کانی ده‌خسته روو و هه‌وڵی ده‌دا زانیارییه‌کانی پێوه‌ند به ژیان و چاره‌نووسی ئه‌وان به زووترین کات به گوێی نه‌ته‌وه‌که‌ی بگه‌یه‌نێ.
رۆژنامه‌ی "کوردستان"ی ئه‌و رۆژگاره باشترین به‌ڵگه‌یه بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستییه. پێشه‌وا له دوای هه‌ر دیدار‌و سه‌فه‌رێکی سیاسی که ئه‌نجامی دابێ، به زووترین کات هه‌وڵی داوه ئاکامه‌کانی بۆ خه‌ڵک ئاشکرا بکا و به‌و هه‌نگاوانه‌ی هه‌وڵی داوه تۆڕی زانیارییه‌کان ته‌نیا له ناو بازنه‌یه‌کی داخراودا قه‌تیس نه‌مێنێته‌وه و خه‌ڵک له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا به‌شدار بکا. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه نیشان ده‌دا له ده‌سه‌ڵات و بیری پێشه‌وادا نه‌ته‌وه ته‌نیا ئه‌وه نییه ئه‌رک وه‌خۆ گرێ، به‌ڵکوو خاوه‌ن مافیشه.
ده‌سه‌ڵات و جۆره‌کانی
راڤه کردنی جۆری ده‌سه‌ڵاتداره‌تییه‌که‌ی پێشه‌وا، بڕینی قۆناغێکیتره بۆ ناسینی پتری جیهانی هزری پێشه‌وا. له میانه‌ی ئه‌م قۆناغه‌شدا به‌ر له هه‌ر شت پرسیار ئه‌وه‌یه، جۆری ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی پێشه‌وا له چ جۆرێک بوو؟ پێشه‌وا چۆن توانی خۆی له خانه‌ی رێبه‌رێکی کاریزمایی دا ببینێته‌وه؟ چه‌شنی کاریزمابوونی پێشه‌وا خۆی له چ سروشتێکدا ده‌دیته‌وه؟
له‌و نێوه‌دا سه‌ره‌تا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به که‌ڵک وه‌رگرتن له بیر و راکانی کۆمه‌ڵناسی گه‌وره‌ی ئالمانی ماکس ویبه‌ر باسێکی گشتی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ جۆره‌کانی ده‌سه‌ڵات بێنینه گۆڕێ و له‌به‌ر رۆشنایی تێڕوانینه‌کانی ویبه‌ر له جۆری ده‌سه‌ڵاتی پێشه‌وا بدوێین.
یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی له به‌رهه‌مه فیکرییه‌کانی دا کاریگه‌رترین هه‌وڵی بۆ پۆلینکردنی جۆره‌کانی ده‌سه‌ڵات داوه ماکس ویبه‌ر کۆمه‌ڵناسی ئاڵمانییه. "ماکس ویبه‌ر" له به‌رهه‌مه فیکرییه‌کانی دا له دوو جۆر ده‌سه‌ڵات ده‌دوێ. یه‌که‌م: سه‌روه‌ری (Herrschaft) ده‌سه‌ڵاتێکه که له‌سه‌ر بنه‌ما و بناغه‌یه‌کی شه‌رعی دامه‌زراوه. واته به‌هۆی جۆرێک له جۆره‌کانی شه‌رعییه‌تپێدان، متمانه و ده‌نگی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه‌ی به‌ده‌س هێناوه. "ویبه‌ر" ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته به‌و بارودۆخه پێناسه ده‌کا که چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به نێوه‌رۆکێکی تایبه‌ته‌وه لای ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه ده‌سه‌لمێندرێ و ملکه‌چیی لێ ده‌کرێ.
دووهه‌م: (ده‌سه‌ڵات: Macht) دهسهڵاتدارهتییهکه که هه‌ڵگری هیچ جۆره شه‌رعییه‌تێک نییه و ته‌نیا پشت ئه‌ستوره به هێزی سه‌پاندن. ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته لای "ویبه‌ر" هه‌لومه‌رجێکه که له‌و دا و له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی دا سه‌ره‌ڕای به‌رهه‌ڵستکاریی دانیشتووان ده‌سه‌پێنرێت.
''لای 'ویبه‌ر' خاڵی لێک جیاکه‌ره‌وه‌ی نێوان ئه‌م دوو جۆر ده‌سه‌ڵاته مه‌سه‌له‌ی شه‌رعییه‌ته. له‌و جێگایه‌ی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا به ره‌زامه‌ندی و ویستی خۆیان ملکه‌چی له فه‌رمان و یاساکانی ده‌سه‌ڵاتداران بکه‌ن سه‌روه‌رییه و له‌و کۆمه‌ڵگایه‌ش ده‌سه‌ڵات هه‌ڵگری هیچ جۆره شه‌رعییه‌تێکی جه‌ماوه‌ری نه‌بێ ده‌سه‌ڵات خۆ له قاوغ و نێوه‌رۆکێکی خۆ سه‌پێن دا ده‌بینێته‌وه.''34
''پاش ئه‌م ههلاواردنهی نێوان (Herrschaft)و (Macht) (سه‌ره‌ڕۆیی و ده‌سه‌ڵات) "ویبه‌ر" ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعی به گوێره‌ی مکانیزمی کارکردن و سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌ته‌وه بۆ سێ مۆدێل ده‌گێڕێته‌وه:
1_ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌قڵانی
2_ ده‌سه‌ڵاتی سوننه‌تی
3_ ده‌سه‌ڵاتی کاریزمایی''35
به‌گوێره‌ی دیتنی ویبه‌ر هه‌ر سێ له‌و ده‌سه‌ڵاتانه خاوه‌ن شه‌رعییه‌تی تایبه‌ت به‌خۆیانن.
''شه‌رعییه‌ت له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌قڵانی دا: ئه‌و شه‌رعییه‌ته له‌سه‌ر بناغه‌ی باوه‌ڕمه‌ندی به قانون و بڕیاره په‌سندکراوه‌کان و هه‌روه‌ها مافی قانوونی ئه‌و که‌سانه که به‌که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و بڕیارانه به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سه‌ڵاتن.
شه‌رعییه‌ت له ده‌سه‌ڵاتی کاریزمایی دا: شه‌رعییه‌تی کاریزمایی بریتییه له گوێڕایه‌ڵی له راده‌به‌ر به تایبه‌تمه‌ندییه‌کی پیرۆز، هونه‌ری قاره‌مانانه یاخۆ نرخی له راده‌به‌ده‌ری ده‌گمه‌نی که‌سایه‌تییه‌ک، له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌رمانانه‌ی که سه‌رچاوه‌ی ئیلهامی ئه‌وه و له‌وڕا دێ.
شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵاتی عورفییش له‌سه‌ر بناغه‌ی نرخ دانان بۆ ئه‌و سوننهتانهیه که له کۆنه‌وه بۆ ئێستا به میرات ماون و ده‌سه‌ڵات به‌هۆی ئه‌و که‌سانه‌ی پارێزه‌ر و پابه‌ندی ئه‌و میراته سوننهتییهن به‌ڕێوه ده‌بردرێ.''36
بناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌قلانی پشت ئه‌ستوور به یاسایه و ده‌سه‌ڵاتی رێبه‌ران و حوکمرانانی ده‌سه‌ڵاتیش، هه‌ر له یاساوه سه‌رچاوه ده‌گرێ. تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئه‌وه‌یه ده‌توانێ له قه‌واره و بیچمی جۆراوجۆردا خۆ ده‌ربخا. له‌نێو ئه‌و قه‌وارانه‌ش بوروکراسی به‌رچاوترینیانه.
به‌گویره‌ی دیتنی ویبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بوروکراتی و ئه‌قڵانی گرینگ‌ترین جۆری شیوه‌ی ده‌سه‌ڵاته، به‌و هۆیه‌وه که له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا دامه‌زراوه و ده‌سه‌ڵات بۆخۆشی ملکه‌چی یاساکانه. له‌م شێوه ده‌سه‌ڵاته‌دا هێز هه‌میشه به‌ڕوونی و به شێوه‌یه‌کی یاسایی پێناسه ده‌کرێ و دووپاتی ئه‌وه ده‌کاته‌وه که ئه‌وانه‌ی هێز پیاده ده‌که‌ن، له چوارچێوه‌ی یاسادا ئه‌م کاره ده‌که‌ن. واته هێزی رووت (Makedpoewr) له‌م به‌ستێنه‌دا ده‌گۆڕدرێت به هێزێکی یاسایی.
به واتایه‌کی تر: ''ئه‌و چه‌شنه سه‌روه‌رییه به‌پێی یاسا، نیزامنامه، یان ماف بایه‌خ و شه‌رعییه‌تی هه‌یه و فورمه کامڵ و پێگه‌یشتووه‌که‌ی "بۆرۆکراسی"یه. خاوه‌ن فه‌رمان ته‌نیا بۆی هه‌یه له چوارچێوه‌ی ئه‌و په‌سند کراوه قانوونییانهدا فه‌رمانه‌کانی ده‌ر بکا. نموونه‌که‌شی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ن که هه‌ن وه‌ک کۆماری ئاڵمان. خه‌ڵک ده‌چنه هه‌ڵبژاردن و ده‌ستیان کراوه‌یه بۆ ئه‌وه بریار بده‌ن و رێبه‌ری خۆیان هه‌ڵبژێرن.''37
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی "ویبه‌ر" سه‌رچاوه‌ی گه‌شه و گۆڕانکارییه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی به گه‌لێک هۆکاری هێزی کۆمه‌ڵایه‌تیی تریشه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بۆ هاتنه مه‌یدانی رۆلی رێبه‌رانی کاریزمایی له گۆڕانکارییه‌کاندا بایه‌خێکی تایبه‌تی داده‌نێ و به هێزێکی شۆڕشگێڕانه و بزوێنه‌ری مێژوویی پێناسه ده‌کا.
''هه‌ربۆیه له به‌ر ئه‌و گرینگهشه لای وایه: گرفتێکی که سه‌ره‌ڕۆیی کاریزمایی هه‌یه‌تی له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ جێگره‌وه‌ی کاریزمایه. چونکه به‌ده‌گمه‌ن که‌سێک په‌یدا ده‌بێ که ببێته جێ‌نشین و خاوه‌نی ئه‌و کاریزمایه بێ''. 38
''هه‌ڵبه‌ت چه‌مك و واتای کاریزما، شتێک نییه که ویبه‌ر بۆخۆی یه‌که‌م جار داهێنه‌ری بووبێ. پێشینه‌ی مێژوویی ته‌مه‌نی ئه‌م چه‌مکه بۆ کاره‌کانیRudlof Sohm یاساناس و مێژووناسی کلیسای شاری Strassburg ده‌گه‌ڕێته‌وه.''39
ویبه‌ر خۆی له‌م پێوه‌ندییه‌دا ده‌نووسێ:
''ناسینی ئه‌و چه‌مکه کۆمه‌ڵایه‌تییه له ستروکتوری ده‌سه‌ڵات و که‌ڵک وه‌رگرتن لێی بۆ شیکردنه‌وه‌ی بابه‌تێکی مێژوویی یانی ئاڵوگۆڕی مێژوویی ده‌سه‌ڵات و کارتێکه‌ریی کلیسا له قۆناغه‌کانی سه‌ره‌تایی، شانازییه‌که تایبه‌ت به "روولف زوم"''. 40
به‌ڵام ''چه‌مکی سه‌روه‌ریی کاریزمایی بۆ ماکس ویبه‌ر له پانتایییه‌کی به‌رینتردا که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیرێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان ئه‌و که‌سه‌ی که کاریزمای هه‌یه (سه‌روه‌رو که‌سایه‌تییه‌کی که قسه‌ی بره‌وی هه‌یه)و ئه‌و که‌سه‌ی یاخۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی باوه‌ڕی به کاریزما بوونی که‌سایه‌تییه‌ک هه‌یه له پێوه‌ندییه‌کی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی دا.''41
''مه‌به‌ست له کاریزما چۆنییه‌تیی که‌سایه‌تییه‌کی ده‌گمه‌نی خاوه‌ن توانای تایبه‌ته. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه که ئه‌و له خه‌ڵکی ئاسایی جیا ده‌کاته‌وه. ئه‌و که‌سه یا نیردراوی خوایه یا خۆ که‌سایه‌تییه‌کی ده‌گمه‌نه و له ئاکامدا ده‌بێته رێبه‌ر''. 42
ئه‌م فۆرمه له ده‌سه‌ڵات پشت ئه‌ستووره به هێزی که‌سایه‌تیی تاک و کاریزمای تاک. شه‌رعییه‌تی راوه‌ستاویی ئه‌م شێوه‌یه له ده‌سه‌ڵات خۆی له بوونی که‌سایه‌تییه‌کی هه‌ڵکه‌وتووی ئه‌وتۆدا ده‌دۆزێته‌وه که هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی تایبه‌ت به که‌سایه‌تیی رێبهربوونه.
''سه‌روه‌رییه‌کی کاریزمایی ده‌کرێ که‌سێک وه‌ده‌ستی بێنێ که خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی بۆ رێبه‌ر بوون بێ، ئه‌و جار له‌و رووه‌وه ده‌توانێ وه‌ک رێبه‌ر و سه‌روه‌ر بناسرێ و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ش که ده‌کرێ بیریان لێ بکرێته‌وه ده‌توانن: قاره‌مانه‌تی، پیرۆزی، نموونه‌یی وێچوویی، باوهڕپێکراوهیی و خاوه‌ن توانایی بێ. په‌یامهێنه‌رانی ئایینی، قاره‌مانی براوی له‌شه‌ڕ و ژماره‌یه‌کی به‌ده‌گمه‌ن له‌نێو بازنه‌ی رێبه‌رانی ئه‌حزابی سیاسی، وێنه و جۆری ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ن.''43
''ده‌سه‌ڵاتی کاریزمایی به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بوروکراتی له یاسا و نیزامنامهوه سه‌رچاوه ناگرێ. به هه‌مان شێوه ئه‌م فۆرمه له ده‌سه‌ڵات به وێنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باوک سالارانه به‌رهه‌می سوننه‌ت، عورف و رێوشوێنه‌کانی نیزامی فئۆدالیش نییه. سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات و درێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کاریزمایی ته‌نیا له گره‌وی ئه‌وه دایه تواناکانی خۆی له‌و بواره‌ی که ئیددیعا ده‌کا بسه‌لمێنی. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر ئیددیعای پهیامبهرییهتی هه‌یه، ده‌بێ "معجزه" بکا و ئه‌گه‌ریش ده‌خوازی سه‌رداری شه‌ڕ بێته هه‌ژماردن، ئه‌شێ خۆ له قه‌ره‌ی کاری قاره‌مانانه بدا''. 44
به‌ڵام ئایا هه‌ر که‌س که پێی وا بوو له که‌سایه‌تیی ئه‌و دا کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیی بێوێنه نوستووه که له خه‌ڵکانی ده‌وروبه‌ری ئه‌ودا شک نابرێ، ده‌توانێ له حاست خۆیه‌وه ئیددیعای کاریزما بوون و رێبه‌ر بوون بکا؟ پێوانه بۆ ئه‌وه چیه که‌سێک به رێبه‌رێکی کاریزمایی بژمێردرێ؟ ئایا گه‌یشتن به پله‌یه‌کی وا ته‌نیا ده‌توانێ به جاڕدان و حه‌ز و ئاره‌زوویه‌کی شه‌خسی وڵامی خۆی وه‌ربگرێته‌وه؟ یاخۆ به‌هۆی پێهه‌ڵاگوتن و به‌رزکردنه‌وه‌ی لایه‌نگره‌کانی و ده‌زگای میدیایییه‌وه خاسیه‌تی کاریزمایی پێ ببه‌خشرێ؟ له‌و نێوه‌دا داخوا ده‌بێ خۆسه‌لماندنی که‌سایه‌تی و توانایییه‌کانی کاریزما له کوێ راوه‌ستابێ؟
وێبه‌ر له هه‌مبه‌ر پرسیارێکی وا پێوانه‌یه‌ک به مه‌رجی سه‌ره‌کی ده‌زانێ. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که داخوا چه‌نده ئه‌و کۆمه‌ڵگاو خه‌ڵکه‌ی رێبه‌ری کاریزمایی ئیدیعای کاریزمابوونی تێدا ده‌کا، به‌ده‌نگییه‌وه دێن و قه‌بووڵی رێبه‌ر بوونی ده‌که‌ن. له‌و جێگایه‌ی بانگه‌واز و داواکاریی کاریزما که‌سێک به‌پیرییه‌وه نایه، کاریزما بوونی ئه‌ویش ده‌چێته هه‌مبانه‌ی فه‌رامۆشییه‌وه. به واتایه‌کی تر بیچم و فۆرمی ئه‌و سه‌روه‌رییه ته‌نیا کاتێ ره‌وایه که خه‌ڵک باوه‌ڕی به توانایی و لێهاتوویی ده‌گمه‌ن ئه‌و که‌سه هێنابێ.
واته ''قودره‌ت و توانایی سه‌روه‌ریی کاریزما پێگه‌که‌ی له‌سه‌ر توانایی ده‌وروبه‌ره‌که‌ی و لایه‌نگرانی و که‌سانێکه که باوه‌ڕیان پێیه‌تی''. 45
ده‌م و کاتی سه‌رهه‌ڵدانی رێبه‌رێکی کاریزمایی بڕگهیهکیتره له کاره‌که‌ی ماکس وێبه‌ر. له‌م بواره‌شدا پرسیار ئه‌وه‌یه له چ که‌شوهه‌وایه‌ک دا پێویستیی بوونی رێبه‌رێکی کاریزمایی دێته ئاراوه؟ ئایا هاتنه مه‌یدانی کاریزما پێویستی به بارودۆخێکی تایبه‌تییه یاخۆ له گشت دۆخێکی ئاسایی‌دا رێبه‌ری کاریزمایی ده‌توانێ سه‌رهه‌ڵبدا؟ له روانگه‌ی ویبهرهوه که‌سایه‌تیی کاریزمایی به‌ر له هه‌ر شتێ به‌رهه‌می قۆناغێکی هه‌ستیار و نائاسایی و قه‌یرانی کۆمه‌ڵگایه. واته مرۆڤی کۆمه‌ڵگاکان له گشت سات و کات و قۆناغێکی ژیانی ئاسایی کۆمه‌ڵایه‌تییان باوه‌ش بۆ کاریزما ناکه‌نه‌وه و پێویستیان به رێبه‌ری کاریزمایی نییه. رێبه‌ری کاریزمایی ئه‌و کاته سه‌ر هه‌ڵده‌دا که خه‌ڵک هه‌ست به پێویستی ده‌که‌ن و کۆمه‌ڵێک بۆشایی و ته‌نگژه‌ی مه‌زن رووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵگا بووه‌ته‌وه. له وه‌ها دۆخێکی ههستیارداو بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی نیشانه‌ی نائاسایی پێوه دیاره، پێویستیی بوونی کاریزماش بۆ کۆمه‌ڵگا دێته ئاراوه، وه‌ک: ''ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی گه‌وره‌ی روحی و جیسمی، ئایینی و ئابوری، ئه‌خلاقی و سیاسی... له وه‌ها دۆز و ده‌مێکی قه‌یرانی دا که‌سایه‌تیگه‌لێک دێنه مه‌یدان، به‌هۆی کۆمه‌ڵێک توانایی و بوونی تایبه‌تمه‌ندیی بێوێنه (که له خه‌ڵکی ئاسایی‌دا به‌دی ناکرێ) متمانه و باوه‌ڕی خه‌ڵک راده‌کێشن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له ته‌ک ئه‌و گرفتانه''. 46
له‌وه‌ها دۆخێک‌دا و بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌لێن و بۆشایی و ته‌نگژانه‌ی له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا هاتوونه‌ته ئاراوه، پێویستیی بوونی کاریزماش هاتووه‌ته گۆڕێ، له‌و رووه‌وه ویبه‌ر لای وایه:
''رێبه‌ری کاریزمایی له گشت وڵات و سه‌رده‌مێکی مێژوویی بوونی بووه''. 47
واته سه‌رهه‌ڵدانی رێبه‌ری کاریزمایی تایبه‌ت به ژینگه و کولتور و نه‌ته‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت نییه. هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌توانێ رێبه‌ری کاریزما به‌خۆیه‌وه ببینێ که تێیدا هه‌ست به قه‌یران و گرفت و بۆشایییه‌کی گه‌وره که خه‌ڵکی ئاسایی پێیان وابێ به‌بێ بوونی رێبه‌رێکی به‌توانا له توانایاندا نییه به‌گژ ئه‌و گرفتانه‌دا بچنه‌وه.
بۆ وێنه هاتنه سه‌رکاری دۆگۆل یان ناپلئۆنی هه‌وه‌ڵ و سێهه‌م نیشان ده‌دا که بێهیوایی و هه‌لومه‌رجی قه‌یرانی کۆمه‌ڵگا ده‌بێته هۆکارێکی گرینگ بۆ هاتنه ئارای سه‌رکرده‌ی کاریزماوه. ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه ده‌توانێ به‌ره‌به‌ره له‌و مهسهلهیهشمان نزیک بکاته‌وه که بگوترێ چه‌شنی رێبه‌رانی کاریزمایی دیارده‌یه‌کی فره‌چه‌شنن و به‌گوێره‌ی ژینگه‌و کولتور و پێداویستییه‌کانی رۆحی و ماددیی هه‌ر وڵاتێک و جۆری سه‌رکرده‌ی کاریزماش له یه‌کتر فه‌رق و جیاوازییان ده‌بێ. چه‌شنی کاریزمایه‌کی که له‌سه‌ده‌ی حه‌وته‌می زایینی به‌هۆی "لویی چوارده‌هه‌مه‌وه" سه‌رکردایه‌تیی ده‌کرا که ده‌یوت: "ئه‌ز ده‌وڵه‌تم" "Letat Gestmaoi"و یاسای ده‌وڵه‌ت له ته‌نگه‌ی باغه‌ڵی خۆم دایه، له‌گه‌ڵ "ناپلئۆن بناپارت" له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا له نێوانیاندا هه‌ڵگری جیاوازییه‌کی گه‌وره بوو.
''له جێگایه‌ک شه‌ڕ... له پانتایییه‌کی به‌رین و به‌رده‌وام له ئارادا نه‌بێ، سه‌رداریی شه‌ڕ و ئاشتیش، پێویستی هاتنه ئارای نابێ... سه‌ردارێکی شه‌ڕ ته‌نیا کاتێ ده‌توانێ وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی کاریزمایی به‌رده‌وامیی هه‌بێ که شه‌ڕیش بووبێته دیارده‌یه‌کی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وام''. 48
له راستیدا چه‌مکی کاریزما به مانای وێبهرییهکهی به‌مانای بلیمه‌تی و توانایی و لێهاتووییه‌کانی ده‌گمه‌نی که‌سایه‌تێکی رێبه‌ره. ئه‌و ڕێبه‌ره‌ش هه‌روه‌ک تا ئێستا له وێنه‌ی ئه‌زموونه مێژووییه‌کاندا دیتراوه، ده‌توانێ هه‌م رۆلی بونیاتنه‌رانه‌ی هه‌بێ بۆ کۆمه‌ڵگاو نه‌ته‌وه، هه‌میش تێکده‌رانه. هه‌م ده‌توانێ چه‌رخی کۆمه‌ڵگایه‌ک به‌ره‌وپیش به‌رێ، هه‌م به‌پێچه‌وانه‌که‌شی ده‌توانێ کاره‌سات و ماڵوێرانی بۆ وڵاتێک به‌رهه‌م بێنێ. له دنیای واقع کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی وێنه‌ی هه‌ر کام له‌و دوو جۆره کاریزمایه‌ی به‌خۆیه‌وه دیوه. هیتلر و موسولینیشی دیوه و پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و ماندیلا و گاندیشی به‌خۆیه‌وه بینیوه. کاریزمای یه‌که‌مین بوو به سه‌رچاوه‌ی کوشتار و خوێن و فرمێسکی به‌ملوێن مرۆڤی بێ‌تاوان. ده‌سه‌ڵاتی کاریزمایی دووهه‌میشیان بوو به هۆی رزگارکردنی خه‌ڵکی سێ وڵات له ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌رانه‌ی ناسیۆنالیزمی فارس و ئیستیعماری به‌ریتانیایی و ئاپارتایدی ره‌گه‌زی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی که‌رامه‌تی ئینسانی.
ده‌سه‌ڵاتی کاریزمایی به‌گوێره‌ی روانینی ویبه‌ر قۆناغێکی تێپه‌ڕه، واته هه‌موو: ''بزووتنه‌وه‌یه‌کی کاریزمایی له ره‌وتی ئاسایی بوونی دا له‌وانه‌یه یا به‌ره‌و سوننهتخوازی مل بنێ یاخۆ به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتێکی دنیایی''. 49
جیهانبینیی رێبه‌ری کاریزمایی و ئاستی گه‌شه‌ی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوریی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک رۆڵێکی گرینگ ده‌گێڕێ، له‌وه‌ی که سه‌رئه‌نجام ده‌سه‌ڵاتی کاریزمایی له کام یه‌ک له دوو فورمهکهی تردا خۆی ببینێته‌وه.
سه‌روه‌ریی سووننه‌تی:
''سه‌روه‌ریی سوننه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای بیر و باوه‌ڕی به ئۆتۆریته (متفه‌رک بوون و پیرۆزی) داده‌مه‌زرێ... نموونه‌ی لواوی ئه‌وه‌ش بریتین له "ریش سپی"و "به‌ته‌مه‌نه‌کان"، "قه‌شه" یان "شێخ"و "سه‌رۆک عه‌شیره"و "باوی پاشا" ئه‌م فورمه له نموونه‌ی به‌ساڵداچووانی گوندێکی ئه‌فریقایین که خاوه‌نی فه‌رمانن و ئه‌وانی دیکه که دانیشتووی گوندن وه‌ک ره‌عییه‌ت به‌گوێی ده‌که‌ن. ئه‌و پیرترینه به‌پێی شیاوییهکهیهوه به‌و پله‌یه نه‌گه‌یشتوه، به‌ڵکوو ئه‌و داب و سوننهتهیه که بووه‌ته قانوون و ده‌سه‌ڵاتی که پێوه‌ندیی به‌وه هه‌یه قبووڵکراوه و سه‌روه‌ریی دراوه‌تێ. له چه‌شنی ئه‌وه‌ش سترکتورو بیناکانی گه‌وره‌پیاو و مه‌زنانه که ناو و له‌قه‌ب و ئیمتیاز به میرات ده‌درێ.''50
تایبه‌تمه‌ندی و سروشتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ئه‌وه‌یه له‌لایه‌ن بازنه‌یه‌کی بچووکی چه‌ند که‌سییه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێ که حوکمی رههاو بێ لێپرسینه‌وه‌ی هه‌یه. داب و نه‌ریتی جێگیر و بێ پرسیار، تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ره گرینگی ئه‌و جۆره ده‌سه‌ڵاته‌یه. ئه‌و داب‌و نه‌ریتانه‌ی به‌هۆی مێژووه‌وه پیرۆز کراوه و ریشه‌ی له سه‌رده‌م و رۆژگارێکی یه‌کجار زۆر کۆن دایه و له‌لایه‌ن نه‌وه‌کانی پێشووه‌وه په‌سند کراوه، واته له‌و چوارچێوه‌یه‌دا نه‌ریت خزمه‌تی به‌رده‌وامی و پاراستنی ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تییانه ده‌کا که له جیلێکه‌وه بۆ جیلێکیتر گواستراوه‌ته‌وه و به‌ته‌واوی ده‌وه‌ستێته سه‌ر ئه‌و دیاردانه‌ی که هه‌میشه بوون یان بووه و له‌لایه‌کی تریشه‌وه به‌ته‌واوی گرێدراوی سیستمی ویراسیی هێز و ئیمتیازهکانه.
به‌گوێره‌ی دیتنی ویبه‌ر هه‌ر کام له‌و سێ شه‌رعیه‌ته، بۆخۆیان رێکخستنی سیاسیی تایبه‌ت به‌خۆیان له کۆمه‌ڵگادا داده‌به‌زێنن بۆ وێنه ده‌سه‌ڵاتی ترادیسیۆنی، رێکخستنی باوکسالاری پێکدێنێ. یاخود له‌ده‌سه‌ڵاتی یاسایی را رێبه‌ره یاسایییه‌کان له ده‌زگای بوروکراتیک دا ده‌ره‌تانی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌بێت...
له‌و نێوه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نێوه‌رۆک و مکانیسم و ئاراسته‌ی هه‌ر کام له‌و سێ مۆدێله خۆ له خانه‌یه‌کی به‌ته‌واوی جیاواز و ته‌نانه‌ت دژ به یه‌کتردا ده‌دۆزنه‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه له هه‌ر سێ مۆدێله‌که‌دا خاڵێکی هاوبه‌ش له‌نێوانیاندا ده‌بینرێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌تی هه‌رسێکیان بۆ مه‌سه‌له‌ی باوه‌ڕمه‌ندی ده‌گه‌ڕێته‌وه. باوه‌ڕمه‌ندی به قانوون، باوه‌ڕمه‌ندی به سوننه‌ت و سوننهتخوازی و هه‌روه‌ها باوه‌ڕمه‌ندی به لێهاتوویی و بلیمه‌تی و ئاکاری بێوێنه و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کهسایهتییهکیدهگمهن و هه‌ڵکه‌وتوو، واته کاریزمایه.
لێره‌دا ره‌نگه ئه‌و پرسیاره بێته پێشێ و بگوترێ بۆ چی له تیئۆریی وێبه‌ردا ده‌سه‌ڵاتێکی سوننه‌تی شان له شانی ده‌سه‌ڵاتێکی یاسایی ده‌دا و خۆ له خانه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌وادا ده‌بینێته‌وه و داخوا تۆ بڵێی شه‌رعییه‌تی ئه‌م فۆرمۆله له ده‌سه‌ڵات له کوێ دایه؟
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌توانین بڵێین روانینی ویبه‌ر بۆ مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵات روانینێکی به‌ته‌واوی کۆمه‌ڵناسانه‌یه و کاتێک له باوهرمهندیی به ره‌وایی ده‌سه‌ڵاتێک ده‌دوێ مه‌به‌ستی ئه‌وه نییه به شێویه‌کی "ئۆبژهکتیوانه"و به چاوی که‌سێک که له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌ڕوانێ، له‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته داوه‌ری بکا. بێگومان به‌چاوی گشت چاوه‌دێرێکی بێلایه‌ن که بیهه‌وێ بابه‌تیانه له‌و شێوه ده‌سه‌ڵاته وه‌رد بێته‌وه ده‌سه‌ڵاتی سوننه‌تی دهسهڵاتدارهتییهکی ناڕه‌وایه.
لێره‌دا پرسیارێ سه‌رهه‌ڵده‌دا: ئایا ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه ده‌توانێ پێناسه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه‌ش بێ که له ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌ریتی دا ژیان ده‌به‌نه سه‌ر؟ بێگومان نا. بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه‌ی له‌وه‌ها کۆمه‌ڵگایه‌کی نه‌ریتیدا ده‌ژین، ده‌سه‌ڵاتی نه‌ریتی، ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌وایه. هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌یه ویبه‌ر ئه‌و جۆره ده‌سه‌ڵاته، له کاتی پۆلین کردنی جۆره‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌خاته ناو خانه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌واوه.
ویبه‌ر له ناوه‌ندی ئه‌و ته‌وه‌رانه‌دا، له هه‌وڵی ئه‌وه دایه ئه‌وه شی بکاته‌وه بۆ چی‌و به‌هۆی بوونی چ فاکتگهلێک ئه‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه ئاماده‌ن شه‌رعییه‌ت به‌و ده‌سه‌ڵاته بده‌ن، بێگوێ دانه ئه‌وه‌ی که بزانێ ئه‌و باوه‌ڕه له کوێوه هاتووه یاخۆ ئه‌وه‌یکه بزانێ له رووی ئه‌خلاقییه‌وه سه‌لمێنراوه یا نا؟
به‌گوێره‌ی ئه‌و ده‌ربڕینه، سه‌روه‌ری و شه‌رعییه‌ت دوو رووی یه‌ک دراون. به‌و مانایه که هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێک خۆی له دوو جه‌مسه‌ردا ده‌دۆزێته‌وه، جه‌مسه‌رێک ده‌سه‌ڵاتدارانن که رکێفی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و جه‌مسه‌رێکی تر ئه‌و خه‌ڵکانه‌ن که له ژێر سێبه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا ده‌ژین. له‌و نێوه‌دا ویستی گشتی و ره‌زامه‌ندیی خه‌ڵک بۆ به‌رده‌وامیی ده‌سه‌ڵاتێک گرینگییه‌کی چاره‌نووسسازی هه‌یه و ویست و ئیراده‌ی خه‌ڵک ناکرێ به‌لاوه بخرێ. هه‌ر بۆیه ویبه‌ر لای وایه: شه‌رعییه‌ت شتێک زیاتر یا خۆ که‌متر نییه له مافی حوکمرانی و هه‌ر بۆیه سیسته‌مێکی حوکمرانی به شه‌رعییه‌ت پێناسه ده‌کا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تیڕوانینه‌کانی ویبه‌ر به زۆری سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵگا رۆژئاوایییهکانه و ئێمه ده‌بێ به وریایییه‌وه له‌گه‌ڵی بکه‌وینه رێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا پرسیاری سه‌ره‌کی بۆ ئێمه لێره‌دا ئه‌وه‌یه گه‌لۆ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی پێشه‌وا له کوێی ئه‌و دابه‌شکردنه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه؟ ئایا ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی، ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌وا بوو یا خۆسه‌پێن؟ ئه‌گه‌ر ره‌وا بوو ئه‌و رهوایییه له کوێوه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت؟ له‌وانه‌ش گرینگتر فۆرمی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌توانین له ژێر کامه یه‌ک له جۆره‌کانی سه‌روه‌ریدا جێ بکه‌ینه‌وه؟
جۆری ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی پێشه‌وا
جۆر‌و چه‌شنی ده‌سه‌ڵاتداره‌تییه‌که‌ی پێشه‌وا چ له رووی فۆرم و چ له ناوه‌رۆکدا نه ته‌نیا نامۆ به چه‌شنی دهسهڵاتدارهتییهکی نه‌ریتی بوو، به‌ڵکوو به‌ته‌واوی له به‌رانبه‌ر جۆره ده‌سه‌ڵاتێکی وا دا خۆی ده‌دیته‌وه. فه‌لسه‌فه و نێوه‌رۆکی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌تییه گوتاری نه‌ته‌وه‌خوازی بوو. رزگار کردنی نیشتمانی کورد له ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌رانه، بونیادنانی ماڵێکی سیاسی بۆ نه‌ته‌وه‌و پاراستنی نرخ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی بڕبڕه‌ی پشتی گوتاری ئه‌و نه‌ته‌وه‌خوازییه بوو.
له‌و نێوه‌شدا ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی پێشه‌وا، ده‌زگایه‌ک بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتداره‌تی نه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌ک کورد له بێ ده‌وڵه‌تی رزگاری بێ و له لایه‌کی تریشه‌وه پاراستنی زمان و کولتور و جۆری ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و هێمنی و ئاسایشی سنووری نیشتمانی نه‌ته‌وه له مه‌ترسییه‌کان بپارێزێ. پێبهپێی ئه‌و هه‌وڵانه، هه‌موو وزه و توانای ئه‌و ده‌زگایه له ماوه‌ی ئه‌و 11 مانگه‌دا بۆ ئه‌وه ته‌رخان کرا ئینتیمای نهتهوهییو کورد بوون له به‌رفراوانترین مانای خۆی دا جێگا به ئینتیمای فیکری و ناوچه‌یی لێژ بکا و تێڕوانینێک باڵ به‌سه‌ر مێشک و بیری مرۆڤی کورد دا بکێشێ که کوردبوون له ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ستی هاوچاره‌نووسیی هاوبه‌ش دا وهبیندرێ.
له‌م باره‌یه‌وه له رۆژنامه‌ی "کوردستان" دا هاتووه:
''پاش چه‌ندین ساڵ ده‌ربه‌ده‌ری و سه‌رکزی و به‌ند و تێهه‌ڵدانی بێئهژمار و قوڕبه‌سه‌ری و هه‌ژاری، له پاش ئه‌وه‌ی به اشاره‌ی دوژمنان به‌نێوی مه‌نگور و مامه‌ش و زه‌رزا و دێبوکری و گه‌ورک و گه‌ڵباغی و... که‌وتبووینه گیان و ماڵی یه‌کتر خوێنی یه‌کترمان ده‌مژی و ده‌ڕشت و بۆ قازانجی شه‌خسی خۆمان هیچ شتێکمان نه‌ده‌هاته به‌ر چاو و هه‌ر خه‌ریک بوین دوبه‌ره‌کی و ته‌فره‌قه بخه‌ینه نێو یه‌کتر، به کورتی پاش ئه‌وه‌ی هیچ وه‌ختێک له‌بیری هاونیشتمانی خۆمان دا نه‌بووین و له ته‌پوتۆزی زه‌مانه‌دا به غه‌یری نه‌فعی خۆمان بیرێکمان نه‌بوو.. ئێستا له کوردستاندا نێوی مه‌نگور و مامه‌ش و زهرزاو دیبوکری و... هه‌ر پیتی که بۆنی جودایی لێ بێ ناکورێ. هه‌موو یه‌ک ده‌نگ ده‌ڵێن ئێمه کوردین، کوردمان ده‌وێ. ئێمه و سه‌رکزیمان به سهربلێندی و هه‌ژاریمان به ده‌وڵه‌مه‌ندی و دووبه‌ره‌کیمان به یه‌کێتی گۆریوه‌ته‌وه''. 51
پێشه‌وا جیا له‌وه رێبه‌ر بوو، که‌سایه‌تییه‌کی رێکخه‌رو داهینهریش بوو. بیری ورد، ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند و زانایییه‌که‌ی سیسته‌مێکی سیاسیی ئه‌وتۆی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆڵقاند که پاش 63ساڵ، باشترین نموونه‌ی فیکریی مرۆڤایه‌تیی هه‌ر ئه‌وه ده‌خوڵقێنێ. به‌و مانایه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌روه‌ک له نێوه‌رۆکدا له ته‌ک سروشت و نێوئاخنی ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌ریتی له نوخته به‌رانبه‌ری یه‌کتردا بوون له رووی بیچم و فۆرمیشه‌وه ده‌چوونه دوو خانه‌ی دژ به‌یه‌که‌وه، فۆرمی ده‌سه‌ڵاتداره‌تییه‌که‌ی پێشه‌وا کۆماری بوو. ده‌سه‌ڵاتی به ده‌زگا بوون له‌و چوارچێویه‌دا به مانای ده‌سه‌ڵاتێک بوو که تا راده‌یه‌کی به‌رچاو له گه‌لێک بواردا راده‌ی ده‌سه‌ڵات و شێوه‌ی به‌کاربردنی له‌سه‌ر بنه‌مای رێسا و یاسایه‌ک دیاری کرابوو. واته ده‌سه‌ڵاته‌که له کۆمه‌ڵێک بونیاتی وه‌ک ده‌وڵه‌ت و دامهزراوهدهوڵهتییهکان به‌رجه‌سته ده‌بووه‌وه که به‌رپرسان به پشت به‌ستن به بریار و په‌سندکراوه‌کانی ئه‌م دامه‌زراوانه ئه‌رکی خۆیان به‌ڕێوه ده‌برد.
ملکه‌چی و گوێڕایه‌ڵیی خه‌ڵکیش له ده‌م و کاتی دابه‌زاندنی ئه‌و یاسا و په‌سندکراوانه، بۆ ئه‌وه نه‌ده‌گه‌ڕاوه خه‌ڵک بزانن له چ که‌سێکه‌وه بڕیاری له‌سه‌ر دراوه، به‌ڵکوو له روانینی گشتیی خه‌ڵکدا ئه‌و په‌سند کراوانه به وێنه‌ی بڕیاری دامه‌زراو و ده‌زگای ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی لێ رواندراوه که له غه‌می ئه‌وه دایه نه‌زمێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌کان دا دامه‌زرێنێ. هه‌ر بۆیه حازر بوون وه‌ک ئه‌ندامێکی کۆمه‌ل پێڕه‌ویی لێ بکه‌ن و ملکه‌چی په‌سه‌ندکراوه‌کانی بن. واته ئه‌و پێرهوییه، به مانای ملکه‌چ کردن بۆ تاکێکی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات نه‌بوو، به‌ڵکوو به مانای ملکه‌چ کردن له په‌سه‌ند کراوی ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی وه‌رگیراوه که حوکمی وڵاتی کردوه.
بۆ وێنه به مه‌به‌ستی دانانی سنوورێک بۆ چوونه سه‌ری نرخی که‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌کانی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵک ده‌زگای به‌ڕێوه‌به‌ریی کۆمار دێته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بۆ کۆمه‌ڵێک له‌و پێداویستییانه نرخی دیاری کراو په‌سند بکه‌ن. کاتێ له ژماره 34ی "کوردستان"دا له دوایین رسته‌کانی ئه‌و ئاگادارییه ورد ده‌بینه‌وه له‌پێشدا ده‌بینین سه‌رۆکی شاره‌داری ده‌نووسرێ، پاشان ناوی خوالێخۆشبوو عه‌لی خسروی وه‌ک سه‌رۆکی شاره‌داری سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ لای خۆی راده‌کێشێ. له‌و نێوه‌دا له‌لایه‌ک سه‌رۆکی شاره‌داری ده‌بینی که له چوارچێوه‌ی ئه‌رکی بابه‌تیانه‌ی خۆی ئاگادارییه‌کی که له ده‌زگاکانی بانتر په‌سند کراوه به رای گشتی ده‌گه‌یه‌نێ، له‌لایه‌کی تریش بازرگان و بازاڕیانی شاریش ده‌بینی که ئه‌و بڕیاره نه‌ک وه‌ک بڕیارێکی تاکێکی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات به‌ڵکوو وه‌ک په‌سند کراوی دامه‌زراوێکی ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی دێته قه‌بووڵ کردن که له وڵاته‌که‌یدا حکمرانه و بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک په‌سند کراوه و بڕیار و یاسایه.
له‌و پێوه‌ندییه‌دا نه خاوه‌ن بڕیار ئاغا و مرۆڤێکی به‌رزتر بووه نه خه‌ڵک ره‌عیه‌ت و ژێرده‌ست و ژێر چه‌پۆکه. یه‌ک ئه‌رکی خۆی به‌پێی یاسایه‌کی په‌سندکراوی ده‌وڵه‌تی به رای گشتی ده‌گه‌یه‌نێ و ئه‌وه‌ی تریش به‌هۆی ئه‌ندامه‌تی له کۆمه‌ڵ گوێڕایه‌ڵی حوکمرانی کاربه‌ده‌ستانی ده‌سه‌ڵات ده‌کا. ئه‌و هێمایانه له‌وه ده‌دوێن جۆری ده‌سه‌ڵاتداره‌تییه‌که‌ی پێشه‌وا که له بیچمێکی سیاسی- حقووقی به ناوی کۆمار‌دا هاتبووه گۆڕێ، ناچێته خانه‌ی سروشت و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌ریتییه‌وه.
که‌وشه‌نی ده‌سته‌ی ئیداره‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ریتی به شێوه‌ی باو له سه‌ر بناغه‌ی نه‌ریت له نێوان ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆک به ده‌گمه‌ن واوه‌تر ده‌چێ، که‌چی به‌پێچه‌وانه له ده‌سه‌ڵاتداره‌تییه‌که‌ی پێشه‌وادا، هه‌وڵ درابوو تا ئه‌و جێگایه‌ی ده‌لوێ نوێنه‌ری زۆربه‌ی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵی کورده‌واریی ئه‌و کات له ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و بڕیاردان دا خۆ ببینێته‌وه و پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئاوێنه‌ی باڵانوێنی فره‌چه‌شنی و جیاوازییه‌کانی کۆمه‌ڵی کورده‌واری له‌خۆ بنوێنێ.
بهواتایهکیتر: دیاری کردنی به‌رپرسان و کاربه‌ده‌ستانی پایه‌به‌رزی کۆمار له ئاسته جۆراوجۆره‌کانی حکومه‌تی دا بۆ ئه‌وه نه‌ده‌گه‌ڕایه‌وه چه‌نده ئه‌و که‌سانه ئیراده‌تی شه‌خسییان بۆ پێشه‌وا هه‌یه‌و پێوه‌ندییه‌کانیان له چ ئاستێکی شه‌خسی و بنه‌ماڵه‌یی له‌گه‌ڵ پێشه‌وا دایه. پێوانه‌گه‌لێکی له‌م چه‌شنه تایبه‌ت به ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌ریتییه‌و له‌گه‌ڵ جۆری جیهانبینی پێشه‌وا فهرقو جیاوازیی بنه‌ڕه‌تی هه‌بوو. بۆ ئه‌م بواره هه‌وڵ درابوو تا ئه‌و جێگایه‌ی ده‌کرێ پێوانه‌گه‌لێکی وه‌ک شاره‌زایی و ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه‌ی به کرده‌وه ده‌گه‌ڵ گه‌ل دۆستی و خۆشناوی بکرێته پێوه‌رێک بۆ دیاری کردنی ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تیی که‌سایه‌تییه‌کان له پله جۆراوجۆره‌کانی حکومه‌تی دا.
بۆ وێنه مامۆستا مه‌لا حوسینی مه‌جدی بۆ ئه‌وه نه‌کرا بووه ره‌ئیسی عدلیه و داد چونکه پێوه‌ندییه‌کی شه‌خسی و بنه‌ماڵه‌یی باشی له‌گه‌ڵ پێشه‌وادا بوو. به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه بوو پسپۆڕ و شاره‌زای ئه‌م بواره‌ی سه‌رده‌می خۆی بووه. یاخۆ میرزا مه‌نافی که‌ریمی و سه‌دیقی حه‌یده‌ری بۆیه کرابوونه وه‌زیری فه‌رهه‌نگ و ته‌بلیغات چونکه که‌سایه‌تییه‌کی فه‌رهه‌نگی و رووناکبیری چه‌رخی رۆژگاری خۆیان بوون.
هه‌ر به‌و پێیه چه‌شنی دهسهڵاتدارهتییهکهشی به‌دوور له هه‌وڵدان بۆ پاراستن و بووژاندنه‌وه‌ی نه‌ریتخوازی بوو. هه‌ر له‌و ماوه که‌مه‌ی ئه‌و 11 مانگه دا به‌گوێره‌ی ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تان هه‌وڵێکی زۆر درا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ریت و ڕێوشوێنانه‌ی کۆسپی سه‌ر رێگای گه‌شه‌کردن و به‌ره‌وپێش چوونی کۆمه‌ڵی کورده‌واری بوون، به‌ره‌و کزی و لاوازی ببردرێ، هه‌ر له بواره‌کانی په‌روه‌رده و بارهێنان و په‌ره‌پێدان به خوێندن و خوێنده‌واری له نێو کۆمه‌ڵی کورده‌وارییه‌وه بگره تا دانانی کۆمه‌ڵێ یاسای ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و بونیات نانی ده‌زگای ئیداری و حکوومه‌تی بۆ راپه‌ڕاندنی گرفت و پێداویستییه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌رجه‌م بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بوو پێشکه‌وتن و به‌ره‌وپێش چوون له کۆمه‌ڵی کوده‌واری ده‌سته‌به‌ر بکرێ. له‌و نێوه‌دا بنه‌مای گه‌یشتنی پێشه‌واش به لوتکه‌ی پله‌ی رێبه‌ری، له‌گه‌ڵ چۆنییه‌تیی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی رێبه‌رێکی نه‌ریتی به‌ته‌واوی جیاوازیی هه‌بوو. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌ر له هه‌ر شتێ به‌رهه‌می میراتێکی بنه‌ماڵه‌یی نه‌بوو که له ئاکامدا به پێشه‌وا گه‌یشتبێ. له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌لدۆستی و ناوبانگ و رێز و متمانه‌یه‌کی که له کۆمه‌ڵی کورده‌واری بنه‌ماڵه‌ی قازی هه‌یانبوو، تا ئه‌و کات هیچکام له ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه رێبه‌ر و رێکخه‌ری ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی نه‌بوون، تا له‌وانه‌وه مه‌سه‌له‌ی رێبه‌ری بۆ پێشه‌وا به‌میرات گه‌یشتبێ. واته ده‌سه‌ڵاتی پێشه‌وا، له چه‌شنی ده‌سه‌ڵاتێکی به‌میرات گه‌یشتووی بنه‌ماڵه‌یی و نه‌ریتی نه‌بوو. هه‌ر به‌هه‌مان شێوه نه‌ریت و میراتیش، هۆکارگه‌لێک نه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی پێشه‌وا بتوانێ به هۆی ئه‌و دیاردانه‌وه رێبه‌ریی بزووتنه‌وه‌ی کورد به‌ده‌سته‌وه بگرێ.
ئه‌وه راسته کو‌لتوور و که‌شوهه‌وای رووناکبیرانه‌ی بنه‌ماڵه‌یی، به نۆره‌ی خۆی شوێنی گرینگی له‌سه‌ر کاراکته‌ر و پێگه‌یاندنی پێشه‌وا دا هه‌بووه، به‌ڵام بۆ گه‌یشتن به پله‌ی رێبه‌ریی نه‌ته‌وه و گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، کۆمه‌ڵێک تایبهتمهندییتر پێویست بوو، وه‌ک زانایی و تێگه‌یشتوویی و توانایی رێبه‌ری و باوه‌ڕمه‌ندیی گشتی به توانایییه‌کانی گه‌له‌که‌ی که له که‌سایه‌تیی ئه‌ودا کۆ ببوونه‌وه.
له رێبهریو ده‌سه‌ڵاتی نه‌ریتی دا، گوێڕایه‌ڵی ئه‌ندامان ده‌چێته قالبی به‌جێ گه‌یاندنی عاده‌ت و سوننه‌تێکی رابردوه‌وه، له حاڵێکدا له رێبه‌ریی پێشه‌وادا ئه‌وه‌ی ده‌وری سه‌ره‌کی گێڕا ویستێکی خوازیارانه‌ی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه بوو له‌و کاته‌دا. هیچ هێزێکی ده‌ره‌کی و نێوخۆیی له ئارادا نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌زۆر و به تۆپزی پێشه‌وا به‌سه‌ر خه‌ڵک دابسه‌پێنن. سروشتی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته تێک هه‌ڵکێشێک بوو له نێوان ده‌سه‌ڵاتێکی کاریزمایی و سه‌روه‌رییه‌کی یاسایی و ئه‌قڵانی. هه‌روه‌ک چۆن ده‌سه‌ڵاتی دۆگۆڵ له کۆماری پێنجه‌م دا تێکه‌ڵاوێک بوو له سه‌روه‌رییه‌کی یاسایی و کاریزمایی. هه‌ڵبه‌ته به‌و جیاوازییه‌ی له قۆناغی به‌ر له راگه‌یاندنی کۆمار‌دا جۆری ده‌سه‌ڵاتی رێبه‌ریی پێشه‌وا، به ته‌واوی خۆی له خانه‌ی سه‌روه‌ریی رێبه‌رێکی کاریزمایی دا ده‌دیته‌وه. تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و قۆناغه له رێبه‌ریی کاریزمایی پێشه‌وا ئه‌وه بوو ئه‌و سه‌روه‌رییه نه له سوننه‌ته‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت و نه له یاسا. باوه‌ڕمه‌ندیی کۆمه‌ڵگا و خه‌ڵک بۆ که‌سایه‌تی و په‌یام و بلیمه‌تیی پێشه‌وا و ریساڵهتێکی که ئه‌و بۆ رزگاربوونی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێده‌وڵه‌تی له ئه‌ستۆ گرتبوو، متمانه و هێزی کۆمه‌ڵایه‌تیی کاریزمابوونی پێشه‌وای له داوێنی خۆی دا په‌روه‌رده کردبوو و گه‌لێک بڕیاری چاره‌نووسساز و یه‌کلاکه‌ره‌وه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی دهگرتو دوایین بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درا.
به‌ڵام به پێکهێنانی کۆبوونه‌وه‌ی به‌رین و جه‌ماوه‌ریی رۆژی 2ی رێبه‌ندان و به راگه‌یاندنی کۆمار وه‌ک ده‌زگای ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی نه‌ته‌وه و بونیاتنانی دام و ده‌زگای ده‌وڵه‌تداری له هه‌موو ئاسته‌کانی پێویست، ئیتر ناکرێ ته‌نیا قسه له ده‌سه‌ڵاتێکی کاریزمایی رووت بکرێ. له‌و قۆناغه‌دا وێڕای مانه‌وه‌ی جێگا و گرینگی و رۆلی چاره‌نووسسازی پێشه‌وا له ناوه‌ندی داڕشتنی بڕیاری سیاسی وه‌ک رێبه‌رێکی کاریزمایی، سه‌روه‌رییه‌کی یاساییش دێته کایه‌وه، بۆ رێزدانان له حوکمی یاسا و بڕیار و په‌سند کراوه‌کانی ئه‌و دامه‌زراوانه له کۆمه‌ڵگادا.
داهێنه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هاوچهرخهش به پله‌ی یه‌که‌م به‌رهه‌می بیر و کرده‌وه‌ی خودی پێشه‌وا بوو. بۆ پێش خستنی کۆمه‌ڵی کورده‌واری بۆ پێگه‌یاندنی کادری پسپۆڕ و لێزان، بۆ ناردنی گه‌نج و لاوی کورد بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به مه‌به‌ستی فێربوونی زانست و پسپۆڕی و لێهاتوویی و پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌کی نوێ، پێشه‌وا بۆخۆی له پێشه‌وه‌ی هه‌مووان بوو.
له قسه‌و باسه‌کانی دا هه‌موو خۆزیا و بریای پێشه‌وا بۆ ئه‌وه بوو خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی بێنه ریزی گه‌لانی بهختهوهروه. کوردستان گه‌شه‌ی ئابووری به‌خۆیه‌وه ببینێ. سه‌نعه‌ت و کارخانه و بنکه و بونیاتی ئابووری لێ دابمه‌زرێ. بۆ به‌ڕێوه بردنی کاروباری وڵات موسسات و دامه‌زراو ده‌زگای ئیداری بونیات بنرێ. ئه‌و له زمره‌ی ئه‌و رێبه‌رانه بوو قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی له سه‌رخستنی گه‌ل و نیشتمان دا ده‌دیته‌وه.
بۆ پێشه‌وا چه‌مکی ده‌سه‌ڵات ئامراز و که‌ره‌سه‌یه‌ک بوو بۆ به‌ده‌وڵه‌ت بوونی نه‌ته‌وه‌که‌ی. پێشه‌وا ده‌یویست نه‌ته‌وه‌که‌ی له زوڵم و زۆ رزگاری بێ و وڵاته‌که‌ی به ئاوه‌دانی ببینێ و نیشتمانه‌که‌ی به سه‌ربه‌ستی. له‌و نێوه‌شدا فه‌لسه‌فه‌ی "قودره‌ت"و "ده‌سه‌ڵات"ش ته‌نیا بۆ ئه‌وه لای پێشه‌وا بایه‌خی هه‌بوو که ستاتویه‌کی سه‌ربه‌خۆ بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی بونیات بنێ. هه‌ر بۆیه له هه‌موو ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی دا قه‌ت بۆ یه‌ک جاریش له ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی که‌ڵکی خراپی وه‌رنه‌گرت و له به ده‌زگایی بوونی کۆمار، ترس و دڵه‌خورپه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شه‌خسی خۆی به‌بیردا نه‌هات. هه‌ر بۆیه‌ش به مانای راسته‌قینه‌ی وشه بوو بهکاریزمای نه‌ته‌وه‌ی خۆی.
کاریزما بوونی پێشه‌وا
ئه‌زموون و تاقیکردنه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵه بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ده‌رخستبوو که له که‌سایه‌تیی قازی محه‌ممه‌د دا تایبه‌تمه‌ندیگه‌لێکی گرینگ به‌دی ده‌کرێ. هه‌ڵسوکه‌وتی به‌رزی کۆمه‌ڵایه‌تی و کاری به‌رده‌وامی کولتوری و تێکۆشانی ناو جه‌رگه‌ی سیاسی و دیپلۆماسیی پێشه‌وا وێنه‌یه‌کی له‌بیر و مێشکی ئه‌و خه‌ڵکه دروست کردبوو که ده‌توانێ هه‌م له‌لایه‌ک روحی هه‌ڵچووی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وان له که‌سایه‌تیی خۆی دا کۆ بکاته‌وه‌و هه‌م له لایه‌کی تره‌وه له توانای دایه نوێنه‌رایه‌تیی ویستی گشتی و فانتازیای له‌مێژینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وان بکا. ئه‌م دیمه‌نه له بیروڕای گشتی، پێشه‌وای له ناو کورد دا کردبووه که‌سایه‌تییه‌کی رێبه‌ر و خاوه‌ن نفووز و خاوه‌ن پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی. واته له بیروڕای گشتی هه‌م که‌سایه‌تییه‌کی جێگای متمانه بوو هه‌م که‌سایه‌تییه‌کی کارتێکه‌ر. جێگای متمانه بوو چونکه ئه‌و خه‌ڵکه له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوون، هه‌موو هه‌وڵه‌کانی پێشه‌وا بۆ ئه‌وه‌یه دڵه‌راوکێ و نائارامیی مرۆڤی کورد ده‌ڕه‌وێنێ و مرۆڤی کورد بۆ ئه‌وه هان ده‌دا له کۆیله‌تی و ژێرده‌ستی رزگاریی بێ. له هه‌مان کاتیش پێشه‌وا که‌سایه‌تییه‌کی کارتێکهریش بوو، به‌ومانایه هه‌م ده‌یتوانی یه‌کگرتوویی له نێو ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه بونیات بنێ، هه‌میش به‌رینترین هه‌ژانی نه‌ته‌وه‌یی له‌نێو مرۆڤی کورددا بۆ به‌ده‌وڵه‌تبوون چێ بکا. سه‌رچاوه‌ی هێزی ئه‌و کارتێکهرییهش له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بوو خه‌ڵک وا بیر بکه‌نه‌وه پێشه‌وا نێردراوێکی ئاسمانییه بۆیه ده‌بێ پابه‌ندی بن. هه‌ر به هه‌مان شێوه پێشه‌وا بۆ خۆشی هیچکات پێی وا نه‌بوو به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی خه‌ڵاتێکی ئاسمانییه و له هێزی گه‌ردوونه‌وه بۆی به‌دیاری هاتووه. فۆرم و نێوه‌رۆکی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته، ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌ته‌وه‌یی بوو. له بیری پێشه‌واش دا بوونی نه‌ته‌وه و کیانی نه‌ته‌وه پێش بوونی هه‌موو شتێکی تر بوو.
''پێشه‌وا نه پێغه‌مبه‌ر بوو و نه ئیددیعای پیغه‌مبه‌رایه‌تی هه‌بوو. ئه‌و رێبه‌ری سیاسی کورد و دامه‌زرێنه‌ری کۆماری کوردستان بوو. ئه‌گه‌ر ئیلهامی پێکرابێ، ئیلهامی خه‌لك بووه بۆ دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان. ئه‌ویش ئه‌و ئیلهامه‌ی به‌جێگه‌یاند له جیهانی واقیعدا دایرشت و به هه‌زاران که‌سیش له کاتی راگه‌یاندن و دامه‌زراندنی ئه‌و کۆماره له ده‌وری سه‌رکۆماری کورد کۆ ببوونه‌وه''. 52
که وایه ئه‌م به‌شه له پێناسه‌ی ویبه‌ر که پێی وایه "له روانگه‌ی په‌یره‌وانی کاریزماوه، ده‌سه‌ڵاتی رێبه‌ری کاریزما له سایه‌ی لوتف و که‌ره‌مێکی که له لایه‌ن یه‌زدانی مه‌زنه‌وه به که‌سێکی دیاریکراو ده‌به‌خشرێ، بۆ پێشه‌وا ده‌ربڕی پێناسه‌یه‌کی وه‌ڵامده‌ر نییه. ئه‌م به‌شه له پێناسه‌که‌ی ویبه‌ر ده‌توانێ پڕبه‌پێست و شیاوی په‌یام هێنه‌رانی ئایینی بێ.
پێوه‌ندیی نێوان خه‌ڵک و پێشه‌واش ته‌نیا ئه‌و پێوه‌ندییه نه‌بوو له‌سه‌ر بناغه‌ی سۆز و خۆشه‌ویستییه‌کی سۆزاویی رووت دامه‌زرابێ. سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پێوه‌ندییه به‌ر له هه‌ر شت، پێوه‌ندییه‌کی هزری بوو. خه‌ڵک بۆیه له ده‌وری پێشه‌وا کۆ ببوونه‌وه چونکه له غه‌م و ئازاره‌کانیان ده‌دوا. بۆ رزگاریی نیشتمانی کورد و مرۆڤی کورد له بنده‌ستی و کۆیله‌تیی ناسیۆنالیزمی مه‌زنی خوازی فارس، به‌دیلی به کرده‌وه‌ی دێنا گۆڕێ، گوتار و بیری پێشه‌وا له‌و مه‌سه‌له گرینگانه ده‌دوا که پێوه‌ندیی به ژیانی رۆحی‌و ماددیی ئه‌و گه‌له‌وه هه‌بوو.
له مێژووی پڕ له هه‌وراز و نشێوی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک دا و له هه‌ندێک بڕگه‌ی مێژوویی‌دا، پێویست بوونی که‌سایه‌تییه‌کی کاریزمایی ده‌بێته دیارده‌یه‌کی حه‌تمی. که‌سایه‌تییه‌کی کاریزمایی له‌و کاتانه‌دا و له نێو بزووتنه‌وه‌یه‌کی رزگاریخوازیی وه‌ک بزووتنه‌وه‌ی کورد، ده‌بێته هۆی فاکته‌ری یه‌کگرتوویی و یه‌کڕیزیی گشت ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه بۆ کۆتایی هێنان به لێک‌دابڕان و پڕش و بڵاویی ڕیزه‌کانی.
له ره‌وتی ژیاندا هیچ دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌تاهه‌تایی نییه. مرۆڤ ده‌توانێ ئاڵوگۆڕ له‌و دیارده‌یه و له خۆیدا پێک‌بێنێ. له‌و ره‌وته‌دا گه‌لێک جار که‌سانێک هه‌ڵده‌که‌ون که خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ده‌گمه‌نن. بۆ ئه‌و ئاڵوگۆڕه له پێشه‌وه‌ی هه‌موانن و ده‌بنه گه‌وره‌ترین وزه‌ی هه‌ژانی نه‌ته‌وه‌یی و وه‌رچه‌رخانی مێژوویی. ده‌بنه شه‌پۆل و ده‌ریای نوستوو ده‌هه‌ژێنن. ده‌بنه هێزی له بن نه‌هاتووی گه‌ل و چاره‌نووس ده‌نووسن. ده‌بنه رێناس و ڕێپێشانده‌ری نه‌ته‌وه و شه‌وه‌زه‌نگی تاریکی و دیلهتی ده‌ڕه‌تێنن. پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د ئه‌و مرۆڤه ده‌گه‌مه‌نه کاریزمایییه بوو که شه‌وه‌زه‌نگی نه‌زانی و کۆیله‌تی شه‌ق کرد. هه‌توانێک بوو بۆ برینی هه‌زاران ساڵه‌ی کورد، بارانێکی ره‌حمه‌ت بوو بۆ سارای قاقریی کۆیله‌تی و بنده‌ستی. ئه‌و بوو به پێشه‌وای گه‌ل و به‌و په‌یامه که پێی بوو هێزی نوستووی گه‌لی کوردی وه‌خه‌به‌ر هێنا، کۆشکی سه‌ربه‌رزی و سه‌ربه‌خۆیی کوردی له‌سه‌رده‌می بێده‌ره‌تانی دا، دامه‌زراند.
دانی ناوی پێشه‌وا له‌لایه‌ن گه‌له‌وه هێما بوو بۆ ئه‌و کاریزمایه، بۆ ئه‌و لێوهشاوهیییه و بۆ ئه‌و رێبهریییه که تایبه‌تی بوو. ئه‌و بوو که هیوای له‌مێژینه‌ی کوردی که هه‌روه‌ک خه‌ون و خه‌یاڵ وابوو، هێنایه جیهانی وجوده‌وه. به به‌ره‌که‌تی زانست و ژیری، کارزانی و خۆشه‌ویستییه‌ک که بۆ گه‌لی هه‌بوو، له نێو گه‌ل دا بووی خۆش دره‌وشا. هه‌رچه‌ند ماوه‌که‌ی که‌م بوو، به‌ڵام گرینگ ئه‌وه بوو که ئه‌و په‌یامی خۆی نارد‌و کۆشکی ئاواتی خۆی و نه‌ته‌وه‌که‌ی بونیات نا. ئه‌و بوو به رێبه‌ر و سه‌رقافڵه‌ی کاروانێک که هه‌زاران به دویدا رۆیشتن و ده‌ڕۆن. ئه‌و قافڵه‌یه‌ی هه‌رگیز له پێوانی رێی ناوه‌ستێ.
ئه‌گه‌رچی زۆر نه‌ژیا، به‌ڵام په‌یامه‌که‌ی هه‌ر ماوه‌و به کیژو لاوانی پاشه‌ڕۆژی ئه‌سپارد. بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد، پێشه‌وا که‌سایه‌تییه‌کی ده‌گمه‌ن بوو. پێشه‌وا غه‌مێکی گه‌وره و هه‌ڵگری فانتازییهکی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی بوو. له‌و رۆژه‌وه پێشه‌وا قایل به وه‌رگرتنی رۆڵ و ده‌وری سیاسی له ژیانی نه‌ته‌وه‌که‌ی بوو، هه‌موو زانایی و کرده‌وه‌کانی له پێناوی ئه‌وه دا بوو چۆن بتوانێ له‌و دۆزه ئاڵۆزه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌لی به‌ده‌وڵه‌تبوون بۆ کورد بڕه‌خسێنێ. له مێژووی کۆن و نوێ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک دا هه‌ڵکه‌وتنی ئه‌و جۆره که‌سایه‌تییانه، دیارده‌یه‌کی به‌ده‌گمه‌نن. له‌گه‌ڵ هاتنیان گه‌وره‌ترین هه‌ژانی نه‌ته‌وه‌یی له‌نێو نه‌ته‌وه‌که‌یان چێ ده‌که‌ن. له دوای نه‌مانیشیان مه‌زنترین شوێنه‌وار و ئولگوی فیکری له دوای خۆیان به‌جێ ده‌هێڵن. له هه‌مان کاتدا به‌دوای نه‌مانیشیان گه‌وره‌ترین که‌له‌به‌ر ده‌خه‌نه نێو ژیانی نه‌ته‌وه‌وه‌و پڕکردنه‌وه‌ی بۆشایی جێگای ئه‌وان ساڵانێکی دوور و دریژ ده‌خایه‌نێ.
ژماره و وێنه‌ی ئه‌و جۆره که‌سانه له هه‌ر وڵات و له‌نێو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کدا له ژماره‌ی قامکه‌کانی ده‌ست تێپه‌ڕ نابن.
''نه‌مان و فه‌وتان باڵی ره‌شی به‌سه‌ر هه‌موو که‌سێکدا ده‌کێشێ و کۆشک و ته‌لار و دام و ده‌زگایان هه‌ڵده‌ته‌کێنێ. چیرۆکی ژیانی ئه‌م و ئه‌و ده‌شواته‌وه و کار و کرده‌وه‌یان ده‌ئاخنێته هه‌مبانه‌ی فه‌رامۆشییه‌وه. به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و جۆره که‌سانه‌دا سه‌ری رێز و مه‌زنی داده‌نوێنێ، خۆی له کۆشک و ته‌لاری ئه‌وان گێل ده‌کا له حاست چیرۆکی ژیان و کار و کرده‌وه‌یان ده‌ستی ره‌ق ده‌بێ. ماوه‌ی ژیانی ئه‌و جۆره که‌سانه له باوه‌شی دایکه‌وه تا گوێی قه‌بر نییه. ژیانی ئه‌وانه به‌درێژایی ژیانی گه‌له، کۆشک و ته‌لاریان دڵی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یانه، چیرۆکی ژیانی میلله‌ته و کار و کرده‌وه‌یان خزمه‌تی گه‌له''. 53
شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵاتی پێشه‌وا
له مێژووی بیری سیاسی دا مه‌سه‌له‌ی ره‌وایی و شه‌رعییه‌ت جێگایه‌کی تایبه‌تیی هه‌یه. دیاره له هه‌ر کات و سه‌رده‌مێکدا خه‌ڵک تێگه‌یشتنێکی تایبه‌تیان هه‌یه به‌رانبه‌ر به واتای به‌کرده‌وه‌ی ئه‌و چه‌مکه و له حاست ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه ده‌گرن. ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ش له جێگایه‌که‌وه بۆ جێگایه‌کی تر‌و له کاتێکی تایبه‌ته‌وه بۆ کاتێکی‌تر ده‌گۆڕدرێ. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له کاتی باس له سه‌ر شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات خۆ له حاند دوو روانگه دا ده‌بیننه‌وه. روانگه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی و روانگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵناسانه. روانگه‌ی فه‌لسه‌فی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هزروانانی فه‌لسه‌فه‌ی بیر و سیاسه‌ت و له‌و نێوه‌شدا کۆمه‌ڵێک پێوه‌ری وه‌ک: عه‌داله‌ت، فه‌زیله‌ت، ئیعتیدال و که‌مالی ئینسان ده‌که‌نه پیوانه‌ی شه‌رعیه‌ت بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی.
له‌م خویندنهوهیهدا بۆ چه‌مکی شه‌رعیه‌ت پرسیارگه‌لێکی له‌م چه‌شنه دهورووژێندری و ده‌گوترێ: سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌تی گشت حوکمرانێک، گرێدراوه‌یی جۆری ئه‌م مه‌به‌ست و ئامانجه‌یه که له هه‌وڵی دابه‌زاندنی دایه. له‌و نێوه‌شدا حکومه‌تگه‌لێک هه‌ڵگری شه‌رعیه‌ت و ده‌چنه خانه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌واوه که هه‌موو سه‌رقاڵییه‌کانی له پێناوی ئه‌وه دابێ، به‌دوای مه‌به‌ست و بایه‌خه ئه‌خلاقییه‌کانی وه‌ک "عه‌داله‌ت، سه‌عاده‌ت و خێرخوازی... دا بگه‌ڕێ. هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه ئیتر به‌گوێره‌ی ئه‌و روانگه‌یه پێوه‌رگه‌لێکی وه‌ک: "ره‌زامه‌ندیی گشتی" "ده‌نگی زۆرایه‌تی" و "ئیراده‌ی گشتی" بۆ ره‌وایی دان به ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی نایه‌نه هه‌ژمار. به‌ڵام له روانگه‌ی کۆمه‌ڵناسانه‌دا بۆ مه‌سه‌له‌ی "ره‌وایی" به‌ر له هه‌ر شتێ له‌و سووچه‌وه لێی ده‌ڕواندرێ که: هۆکار و سه‌رچاوه‌ی له‌دایک بوون و به‌رده‌وامیی ده‌سه‌ڵاتیكی سیاسی له گره‌وی چی دایه و سنووری نێوان ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌وا و ناڕه‌وا به چ مه‌رج و پێوانهگهلێک ده‌سنیشان ده‌کرێ؟
له‌م خویندنهوهیهدا له‌هه‌ر جێگایه‌ک ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر باوه‌ڕمه‌ندی و ره‌زامه‌ندی و ویست و ئیراده‌یه‌کی گشتی وه‌ستابێ، ئاماژه‌یه به شه‌رعیه‌ت و یاسایی بوونی سیسته‌مێکی سیاسی. به‌و مانایه پله و ئاستی ره‌وایی هه‌ر چه‌شنه سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی، گرێدراوی ئه‌وه‌یه چه‌ند ئه‌و ده‌سه‌ڵاته پشت ئه‌ستوور به ره‌زامه‌ندی و ویستی گشتی خه‌ڵک وه‌ستاوه. ئێستا ئه‌گه‌ر له میانه‌ی ئه‌و باسه‌دا له روانگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵناسانه‌وه له کۆبونه‌وه‌ی 20 هه‌زار که‌سیی رۆژی 2ی رێبه‌ندان بڕوانین ده‌بینین پێشه‌وا له‌یه‌ک کاتدا ده‌بێته هه‌ڵگری دوو جۆر شه‌رعیه‌ت. شه‌رعیه‌تی رێبه‌رێکی کاریزمایی و شه‌رعیه‌تی یاسایی سه‌رکۆماری کوردستان. ئه‌م کۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه گشتییه، له راستی دا په‌سند و ره‌زامه‌ندییه‌کی خوازیارانه‌ی کورد دێته ژماردن بۆ به رهواییدانێکی یاسایی به کۆمار‌و سه‌رکۆماره‌که‌ی.
له باری وێنه‌ی مێژووویییهوه مرۆڤ ده‌توانێ ئه‌م شێوه ره‌زامه‌ندی و ده‌نگدانه‌ی له رۆژی 2ی رێبه‌ندان به به‌شداریی پتر له 20 هه‌زار که‌س بۆ کۆمار و سه‌رکۆماره‌که‌ی درا، له‌گه‌ڵ جۆری دێمۆکراسیی شاره ده‌وڵه‌ته‌کانی یونانی باستان بنرخێنرێ. جۆری دیمۆکراسیی شاره ده‌وڵه‌ته‌کانی یونانیش له چه‌شنی جۆری دیمۆکراسییه‌کی راسته‌وخۆ بوو. خه‌ڵک به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ ته‌عبیری له ئیراده‌ی گشتی و بڕیاری سیاسیی خۆی ده‌کرد. له رۆژی دووی رێبه‌ندانیش نوێنه‌رانی زۆربه‌ی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵی کورده‌واری به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ ئیراده‌ی گشتی و ره‌زامه‌ندیی خۆیان ده‌که‌نه بنه‌مای ره‌وایی و مه‌شرووعییه‌تی ئه‌و قهوارهیهو سه‌رکۆماره‌که‌ی.
رۆژنامه‌ی "کوردستان" ئه‌و رۆژگاره له دهسپێشهخهرییهکی داهێنه‌رانه‌ی دا گۆشه‌گه‌لێکی دیمه‌ن و شکۆی ئه‌و رۆژه بۆ خوێنه‌ری ئه‌ورۆیی کورد له فه‌وتان ده‌پارێزێ و ده‌نووسێ:
''رۆژی 28ی به‌فرانبار (دیماه)ی 1324ی شه‌مسی ههیئهتانی مودیره‌ی هه‌مو لکه‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و نوێنه‌رانی قه‌بایل و عه‌شایر و ته‌واوی ته‌به‌قات له مالیک و غه‌یره مالیک هه‌ر یه‌ک له چه‌ند سه‌د فرسه‌نگ رێگاوه بۆ کانونی ئیحساساتی میللی و قیبله‌ی ئاره‌زو و رووناکیده‌ری ئه‌فکاری هه‌موانی خۆیان: شاری پر له ئیفتیخاری میللی مه‌هاباد وه‌کوو بلبل بۆ لا گوڵ و وه‌کو په‌پوله بۆ ده‌وری چرا هاتن و کۆبوونه‌وه له‌م ویشکه سه‌رمای چله‌ی زستان به‌نێو به‌فره رنوی زۆردا چه‌ند هه‌زار برایانی ئێمه‌ی ته‌نیا به حوکمی ویجدان وه‌کو عاشق بۆ لای مه‌عشوق یا چاتر بڵێم وه‌کو ئاسن بۆ لای ئاسنڕفێن (آهنربا) به توندی لێکیان دا‌و هاتن... عه‌شقی نیشتمان، عه‌شقی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، عه‌شقی پێشه‌وای خۆشه‌ویست و ره‌هبه‌ری بزورگهواریان ئه‌وانی وه‌ڕێ خست بو... دڵان هه‌موو پیکه‌وه له‌یه‌ک سه‌رچاوه پر له میهر و وه‌فا بوون، گیانیان هه‌موو ده‌گه‌ڵ یه‌ک جوت و له‌یه‌ک مهنشهئهوه شین و سه‌وز ببوون: حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ئه‌و دڵانه‌ی پێکه‌وه راگرت و هه‌ستی میللییه‌ت ئه‌و ئهرواحهی به‌یه‌که‌وه به‌ستبوو''. 54
''ئه‌وه‌تا رۆژی دووی رێبه‌ندان (بههمهنماه)ی 1324 ساتی 8ی به‌یانی خۆشترو رووناکتر رۆژانی مێژوویی شه‌ش هه‌زار ساڵه‌ی تۆ گه‌یشتوه، له سێڕێی قازی، هیزی به‌هیزی دێمۆکرات به‌ساز و به‌رگ و ئهسلهحهوه له‌لایه‌که‌وه، قوتابییه‌کانی کچان و کوڕانی هه‌موو قوتابخانه‌کان و له‌لایه‌کی دی بیست هه‌زار نه‌فه‌ر له ته‌واوی ته‌به‌قاتی نه‌ته‌وه‌ی به‌رزی کورد هه‌ر یه‌ک له جێی خۆی به ته‌رتیب ریزیان به‌ستووه و ئاڵای سێ ره‌نگی کوردستان له هه‌موو لایه‌کی میتینگهکهوهو له راست و چه‌پی جێگای تایبه‌تی پێشه‌وای گه‌وره‌ی که له قه‌لبی میتینگ دا قه‌راری گرتووه، دهلارێتهوه.
حوزار هه‌موو چاویان بڕیوه‌ته رێی پێشه‌وا، ئاسمانی مه‌هاباد رووی خۆی ساف و رووناک کرده‌وه و رۆژ په‌رده‌ی هه‌وری له رووی هالایساوی خۆی هه‌ڵگرتووه و هه‌موو چاره‌نووسی مه‌وکیبی موباره‌کی پێشه‌وان... له‌م کاته‌دا بزۆکی پێشه‌وای خۆشه‌ویست له‌نێو سه‌لامی نیزامی و چهپلهرێزان هوراو ئیحساسات و شه‌وق و شه‌عه‌فی فه‌وقولعاده‌ی کۆمه‌ڵ دا وه‌ده‌رکه‌وت و پێشه‌وای به‌رز له کاتێک دا که ئه‌ندامانی کومێته‌ی مه‌رکه‌زی له پشت سه‌ری ده‌هاتن و ئاڵای سێ ره‌نگی کوردستان له راست و چه‌پی تریبون له ئیهتیزار دا بوو ئه‌ستۆی به‌رزی بۆ ئاسمان هه‌ڵێنا. بۆ نزولی ئیجلالی فه‌رمو. موتابیقی به‌رنامه‌یه‌ک که له پێشدا ساز کرا بوو به ته‌واوی حوزرا رۆژباشی فه‌رموو پاشان ته‌شریفی له تریبوون هاته خوارێ و به پیش ته‌واوی گوردان و گروهان و ده‌سته‌ی سه‌ربازان و پێشمه‌رگه‌کانی کوردستاندا هات و هه‌مووی ته‌ماشا کردن و به هه‌مووان رۆژباشی فه‌رمو، له‌م کاته‌دا به ده‌ستووری معاونی فه‌رمانده‌ی هه‌موو سفیر له‌لایه‌ن سه‌ربازان و پێشمه‌رگه‌کان و تۆپخانه‌ی کوردستان ده ده‌قیقه بێ‌وچان به ئیفتیخاری سه‌ربه‌ستی کوردستان و ناساندنی ره‌ئیس جمهوری کوردستان شییلگ شیلینگ کرا''. 55
''ده‌نگی: بژی کورد و کوردستانی گه‌وره، بژی ره‌ئیسی جمهوری موعهزرمی کوردستان، بژی یه‌کیه‌تی کورد و ئازه‌ربایجان، ئینسان و حه‌یوان دار‌و دیواری وه‌سه‌ما خستبوو. دڵان وه‌ها پر له شادی بوو که هێندێ مه‌ستی مه‌ی ئازادی و بڕێک له‌به‌ر شیدده‌تی سرور ده‌گریان و هێندێک له مه‌رحه‌له‌ی گریان ده‌رچووبوو بێده‌نگ دانشتبوو روحی له عاله‌می مه‌له‌کوت دا ده‌فڕێ و خۆی دهعالهمی سه‌روه‌دا دهدیتو بێوچانیش له شه‌قام و کوچهدا ده‌نگی موسه‌لسه‌ل و تفه‌نگ و ده‌مانچه هه‌ردو چیای دهڵهرزاند. ئه‌مانه هه‌مووی به شانازی سه‌ربه‌خۆیی و ناساندنی ره‌ئیس جمهوری کوردستانی ده‌کرد...''. 56
''پاش ته‌واوبونی نطق، جه‌نابی پێشه‌وا له تریبون هات بێته خوارێ. عبدل کرباسی (عبدل ئه‌و که‌سه‌یه که رۆژی هه‌ڵکردنی ئاڵا گایه‌کی به سه‌د تمه‌ن کڕی‌و له به‌رامبه‌ری ئاڵادا کردی به قوربانی) که به اسلحهوه له پشت تریبون راوه‌ستا بوو شانی دانواند که جه‌نابی پێشه‌وا پێ له‌سه‌ر شانی دانێ و بێته خوارێ، به‌ڵام له‌به‌ر خۆی تواضع که له ره‌وشی ممتازی پێشوای به‌رزه قه‌بولی نه‌فه‌رموو بۆخۆی هاته خوارێ. له‌م کاته‌دا ته‌واوی عشایر و خه‌ڵکی شاری هورۆژمیان هێناو هه‌موو ده‌ستیان ماچ کرد و بیعتیان ده‌گه‌ڵ کرد. به‌جۆری خه‌ڵک ده‌وریان گرتبو که ماوه‌ی ساتێک نه‌ده‌بیندرا که جه‌نابی پێشه‌وا له کویه...''. 57
به‌ڵام هه‌روه‌ک له‌مه‌وبه‌ر هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر کرا پێشه‌وا پێش ئه‌وه‌ی له کۆبوونه‌وه‌ی به‌رینی جه‌ماوه‌ری بیست هه‌زار که‌سی دووی رێبه‌ندان ره‌وایی خۆی له ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌که‌ی بۆ سه‌رۆک کۆماری وه‌ربگرێ، سه‌رکرده و رێبه‌رێکی نه‌ته‌وه‌ییش بوو. له نێوان سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵات و سه‌رکرده‌ی نه‌ته‌وه‌ییش جیاوازییه‌کی زۆر هه‌یه. هه‌موو سه‌رۆکێکی ده‌سه‌ڵات به مانای سه‌رکرده‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی نییه. له مێژوودا ئه‌و که‌سانه‌ی له یه‌ک کاتدا رووبه‌رووی وه‌رگرتنی ئه‌و دوو جۆره به‌رپرسایه‌تییه ده‌بنه‌وه که‌م و ده‌گمه‌نن. بواری کار‌و تێکۆشانی سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵات مه‌ودایه‌کی دیاری کراوه. چاوه‌دێری به‌سه‌ر رێکخستنی به‌شه جۆراوجۆره‌کانی ده‌سه‌ڵات و به‌رێوه‌بردنی یاسا و په‌سند کراوه‌کانی پارلمان و... له زمره‌ی گرینگ‌ترین ئه‌رکه‌کانی سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاته. سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵات بۆ ماوه‌یه‌کی دیاری کراو هه‌ڵده‌بژێردرێ و له دوای ماوه‌ی دیایکراو کۆتایی به نه‌خش و رۆڵی ئه‌و له هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات ده‌هێنرێ. به‌ڵام پله و مه‌قامی پێشه‌وا بۆ کورد ته‌نیا به مانای سه‌رۆکی ده‌زگایه‌کی ده‌وڵه‌تی و ئیداری نه‌بوو. دۆزی کورد له‌و رۆژگاره هه‌ستیار و چاره‌نووسسازه‌دا به‌جۆرێک نه‌بوو، که‌سێک بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی هه‌ڵبژێردرێ و له دوای ماوه‌که‌ی رۆڵ و نه‌خشی ئه‌ویش کۆتایی پێبهێنرێ.
پێشه‌وا پێش ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵات بێ، سه‌رکرده‌و رێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی، نه‌ته‌وه‌ی کورد بوو. له بزاڤێکی نه‌ته‌وه‌ییش دا رێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی به که‌سێک ده‌گوترێ که توانیبێتی هه‌موو روحی کۆمه‌ڵگا له که‌سایه‌تیی خۆیدا کۆ بکاته‌وه، له گوتار و کرده‌وه‌کانی دا ته‌عبیر له پێداویستییه روحی‌و مهعنهویو ماددییه‌کانی نه‌ته‌وه بکات‌و به‌هێزو پشتیوانیی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه، نیشتمان له داگیرکراوه‌یی و نه‌ته‌وه له کۆیلهتهی رزگار بکات.
سه‌رچاوه‌کانی فه‌سڵی دوازده‌هه‌م :
1. ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی کوردی. جه‌عفه‌ر عه‌لی. سلێمانی 2004 ل 318
2. تێبینی: هه‌موو ئه‌و به‌شه به پێنووسی بهێز ئه‌حمه‌د قازییه. لێره‌دا جێگای خۆیه‌تی پڕبه‌دڵ سوپاسی ئه‌و به‌رێزه بکه‌م که له‌سه‌ر داوای من به‌شێکی گرینگی له ژیانی بنه‌ماڵه‌و سه‌رده‌می لاوه‌تیی پێشه‌وای بۆ ئێمه روون کردۆته‌وه.
3. ئه‌و زانیارییه به هۆی پێوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ سوهه‌یلا خانمی قازییه‌وه له رێکه‌وتی 1.12.2006 وه‌رگیراوه.
4. "کوردستان" ژماره 15. خاکه‌لێوه‌ی 1351. ئاوریلی 1972. ئۆرگانی کومیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان (ئێران) بروانه وتاری له‌سه‌ر ژیانی پێشه‌وا.
5. "کوردستان" ئۆرگانی کومێته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان (ئێران) ژماره 15 خاکه‌لێوه‌ی 1351 وتاری له‌سه‌ر ژیانی پێشه‌وا
6. بروانه وتاری به‌رێز ئه‌حمه‌د قازی له ژێر سه‌ردێڕی: که‌سایه‌تیی فه‌رهه‌نگیی قازی محه‌ممه‌د، بڵاو کراوه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ژماره 21.
7. "کوردستان" بڵاوکراوه‌ی بیری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ژماره 25. یه‌کشه‌ممه 26ی ره‌شه‌مه‌ی 1324ی هه‌تاوی. 17ی مارسی 1946. بروانه وتاری ''حه‌زره‌تی محمد قازی پێشه‌وا.
8. بروانه "کوردستان" ئۆرگانی کومێته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان (ئێران) ژماره 15 خاکه‌لێوه‌ی 1351 ئاوریلی 1972 وتاری له‌سه‌ر ژیانی پێشه‌وا.
9. "کوردستان" ئۆرگانی کومێته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان (ئێران) ژماره 15 خاکه‌لێوه‌ی 1351.
10. جه‌لال مه‌له‌کشا، وتاری زیاره‌تی کتێبخانه پیرۆزه‌که‌ی پێشه‌وا، وه‌رگیراو له سایتی www.peshewa.com
11. بروانه گۆڤاری روانگه ساڵی سێهه‌م ژماره 11 ره‌زبه‌ری 81، قسه‌کانی میرزا مه‌نافی که‌ریمی ئه‌ندامی کۆنی ژێ_کاف و وه‌زیری فه‌رهه‌نگی کۆماری کوردستان.
12. رۆژنامه‌ی "کوردستان" ژماره 72 سێشهممۆ 8ی گه‌لاوێژی 1325. نوتقی حه‌زره‌تی پێشه‌وای موعه‌زه‌می کوردستان له کاتی رۆیشتن بۆ ورمێ.
13. نوتقی پێشه‌وا. رۆژنامه‌ی "کوردستان" ژماره 76 سێشهممۆ 22ی گه‌لاوێژی 1325ی هه‌تاوی
14. بروانه قسه‌کانی بهیز سه‌عیدی هومایوون له گۆڤاری روانگه. ژماره 11.
15. وڵاتی من، بیره‌وه‌رییه‌کانی حاجی عه‌بدولای قازی‌و له ئاماده‌کردنی قاسمی قازی
16. وڵاتی من، بیره‌وه‌رییه‌کانی حاجی عه‌بدولای قازی‌و له ئاماده‌کردنی قاسمی قازی لاپه‌ڕی 43
17. بڕوانه یادداشته‌کانی یادزیندوو موحه‌ممه‌د سه‌عید خانی هومایوون به‌رپرسی ده‌فته‌ری پێشه‌وا قازی.
18. مامۆستا جه‌ماڵ نه‌به‌ز گۆڤاری "نیشتمان" زمان حاڵی کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف و... لاپه‌ری 19.
19. جه‌ماڵ نه‌به‌ز، بیری نه‌ته‌وه‌یی کوردی لاپه‌ڕی 130.
20. مامۆستا هه‌ژار، چێشتی مجێو‌ر لاپه‌ری 69.
21. کۆماری کوردستان له ساڵی 1946 له نووسراوه‌ی ویلیا‌م ایگلتون جوین وه‌رگیرانی سید محمد صمدی.
22. رۆژنامه‌ی "کوردستان" ژماره 72 سێشهممۆ 8ی گه‌لاوێژی 1325 نوتقی حه‌زره‌تی پێشه‌وا له کاتی رۆیشتن بۆ ورمێ.
23. مامۆستا هه‌ژار چێشتی مجێو‌ر لاپه‌ڕی 70.
24. نوتقی حه‌زره‌تی پێشه‌وا له میتینگی رۆژی 21.2.1325 "کوردستان" ژماره 50. جۆزه‌ردانی 1325.
25. پێوه‌ندییه‌کانی کۆماری کوردستان و کۆماری ئازه‌ربایجان. ریچارد ئه‌ی. مۆبلی. وه‌رگێر به‌رێز حه‌سه‌نی قازی لاپه‌ره‌کانی 30و 31.
26. سه‌رچاوه‌ی پێشوو لاپه‌ری30.
27. رووداوه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له به‌ڵگه‌نامه‌ی سۆڤیه‌تی دا وه‌رگێڕان و له‌سه‌ر نووسینی د. ئه‌فراسیاو هه‌ورامی. پێشهکیو پیداچوونهوهو پهڕاوویز بۆ نووسینی د. یاسین سه‌رده‌شتی، بنکه‌ی ژین، سلێمانی 2007 لاپه‌ره‌کانی 22و 23.
28. میتینگ له مزگه‌وتی سوور. رۆژنامه‌ی "کوردستان" ژماره 22 ساڵی یه‌که‌م دوو شه‌ممۆ 13ی ره‌شه‌مه‌ی 1324.
29. سوخه‌نرانی پێشه‌وا، جێژنی نه‌ورۆز له مه‌هاباد بڵاوکراوه له کوردستان ژماره 27 ساڵی یه‌که‌م دووشهممۆی خاکه‌لێوه‌ی 1325.
30. یه‌کێک له نامه‌کانی پێشه‌وا به خه‌تی خۆی. بروانه کتێبی جمهوریه‌تی کوردستان له نووسینی مه‌حموود مه‌لا عیززه‌ت سوله‌یمانی 2001 له بڵاوکراوه‌کانی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م لاپه‌ڕی 364.
31. رۆژنامه‌ی "کوردستان" ژماره 72 سێشه‌ممه 8ی گه‌لاوێژی 1325، ئووتی 1946. نوتقی پێشه‌وا له کاتی رۆیشتن بۆ ورمێ.
32. "کوردستان" ئۆرگانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان. ساڵی یه‌که‌م، یه‌ک شه‌ممۆ 20ی گه‌لاوێژی 1325. ژماره 75 لاپه‌ری 4.
33. ئاز چی رۆزفلت. کۆماری مهاباد لاپه‌ری 35.
34. Otto Brunner, Neue Wege der Verfawwungs-& Sozialgeschichte, 2. Auflage, Seite 70, Göttingen 1968.
35. Max Weber, Wirtschaft und Gesellschaft, Seite 218
36. Max Weber, Wirtschaft und Gesellschaft, Seite 218
37. Frau Prof. Dr. Liane Schirra- Weirich. Macht und Herrschaft nach Max Weber, Seminar: Einführung in wissenschaftliches Arbeiten. http://www.hausarbeiten.de/faecher/hausarbeit/soc/13963.html
38. Frau Prof. Dr. Liane Schirra- Weirich. Macht und Herrschaft nach Max Weber, Seminar: Einführung in wissenschaftliches Arbeiten. http://www.hausarbeiten.de/faecher/hausarbeit/soc/13963.html
39. Dr. Heino Sper, Soziologische Schriften, Band 28, Herrschaft und Legitimität, Duckner und Humblot, Berlin, Seite 45.
40. Max Weber. Wirtschaft und Gesellschaft, Verlag Mohr Siebeck.
41. Frau Prof. Dr. Liane Schirra- Weirich. Macht und Herrschaft nech Max Weber, Seminar: Einführung in wissenschaftliches Arbeiten. http://www. Hausarbeiten.de/faecher/hausarbeit/soc/13963.html
42. Max Weber WUG, Wirtschaft und Gesellschaft. Grundniss der verstehenden Soziologie 5, Revidiertr Auflage, Besorgt von Johannes Winkelmann, Studienausgabe, Tubingen 1972, Seite 654.
43. Mogge_ grotjahn, Soziologie Eine Einführung für soziale Berufe. Freiburg im Breisgau.1996. seite 82.
44. Max Weber, Wirtschaft und Gesellschaft, Verlag Mohr Siebeck.
45. http://home.t-online.de/home/winfired.krauss/maxweber.htm
http://www.club-der-toten-xoziologen.de;vom03.01.2001
46. Max Weber, RS I, Gesammelte Aufsätze zur Religion und Soziologie, Band 1, Tubingen 1963,5. Auflage.
47. Max Weber, Wirtschaft und Gesellschaft, Verlag Mohr Siebeck.
48. MaX weber, Wirtschaft und Gesellschaft, Verlag Mohr Siebeck.
49. Eine Einführung in die drei Formen der Herrschaft nach Max Weber, Autor: Claudia Brand, http://hausarbeiten.de/faecher/hausarbeit/sor/26645.html
50. Frau Prof. Dr. Liane Schirra- Weirich. Macht und Herrschaft nech Max Weber, Seminar: Einführung in wissenschaftliches Arbeiten. http://www. Hausarbeiten.de/faecher/hausarbeit/soc/13963.html
51. سه‌ید محه‌ممه‌د حمیدی سه‌رنووسه‌ری "کوردستان" بڵاوکراوه‌ی بیری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، ژماره1. پینج شه‌ممۆ 20.1.1324، بڕوانه وتاری ئامانجی ئێمه.
52. بڕوانه وتاری: پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، کوماری کوردستان‌و به‌یاننامه‌ی کومێته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران به‌بۆنه‌ی دووی رێبه‌ندان شه‌سته‌مین ساڵرۆژی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان، له نووسینی به‌رێز حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده. ناسراو به مامۆستا گۆران.
53. "کوردستان" ئۆرگانی کومێته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، ژماره 1 رێبه‌رندانی 1349 ژانویه‌ی 1971 بڕوانه وتاری پێشه‌وای گه‌ل.
54. "کوردستان" ژماره‌ی 10 ساڵی یه‌که‌م. دووشه‌ممۆ 15ی رێبه‌ندانی 1324 بڕوانه زنجیره وتاری: جێژنی سهربهخۆییو استقلالی کوردستان.
55. "کوردستان" ژماره 10 دوشه‌ممۆ 15ی رێبه‌ندان بروانه زنجیره وتاری: جێژنی سهربهخۆییو استقلالی کوردستان.
56. "کوردستان" ژماره 14 چوارشه‌ممۆ 24ی رێبه‌ندانی 1324 بروانه زنجیره وتاری: ماوه‌ی جیژنی سه‌ربه‌خۆیی و استقلالی کوردستان.
57. "کوردستان" ژماره 11 ساڵی یه‌که‌م. چوارشه‌ممه 17ی رێبه‌ندان 1324 بروانه زنجیره وتاری: ماوه‌ی جێژنی سه‌ربه‌خۆیی و استقلال کوردستان.
وێبڵاگی فەرمیی نووسەر:
www.ayoub-ayoubzadeh.blogspot.de
24/01/ 2013