ولادیمێر ڤان ویڵخنبێرخ
ئەو راستییەی كە ئێستا دانوستاندن هەن لەنێوان هاوبەندیی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و ئەنجوومەنی باڵای كورد، پێشڤەچوونێكی تازەیە لە گۆڕەپانی سووریدا. بۆیە تازەیە، چونكە جاران ئەو ئۆپۆزیسیۆنە ئامادەنەبوو لەگەڵ بەرپرسانی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD دابنیشێ و وەك درێژكراوەی رژێمی ئەسەد لێیان دەڕوانی. بە بڕوای PYDش ئەو ئۆپۆزیسیۆنە بەكرێگیراوی توركیا و بزووتنەوەی ئیخوان موسلمین بوو. لێدوانەكانی محەممەد ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی PYD و سەركردەكانی دیكەی ئەو پارتەش دەربارەی دانیشتنەكانیان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریدا زۆر ئەرێنی بوون. تەنانەت میخائیل بۆگدانۆف، كە بەرپرسیارە لە دۆسیەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە حكومەتی رووسیادا، دانی بەوە دانا كە خەریكە ئەسەد كۆنترۆڵی لەدەست نامێنێت.
ئێستا PYD دەزانێ كە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەلایەن زۆبەی وڵاتانی جیهان و لەلایەن پێنج ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان (رووسیا و چینی لێدەرچێت) دانی پێدانراوە. ئەمە وادەكات كە PYD تێبگات ئەگەر رۆڵی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا نەبێت، لە ئایندەدا رۆڵی نابێ لە سووریادا. هەر پارتێك لە دەرەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بێ لە ئایندەدا كێشەی بۆ دروست دەبێت. بۆنموونە گرووپی میلیشیایی (جەبهەتولنوسرە)، كە ئەمریكا خستوویەتیە نێو لیستی خۆیەوە بۆ رێكخراوە تیرۆریستییەكان، كێشەی ئەوەی دەبێ لە ئایندەدا هیچ حیسابێكی بۆ نەكرێت.
لەلایەكی دیكەوە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەو راستییە تێگەیشتووە كە پارتە كوردییە سەرەكییەكانی وەك PYD و هاوكات ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردیش دەبێ بەشدارییان پێبكرێت لە حكومەتی دوای رووخانی ئەسەددا، چونكە ئەو پارتانە كۆنترۆڵی تەواوەتییان هەیە بەسەر بەشێك لە خاكی سووریاوە. رەنگە ئەو دوو لایەنە كوردییە بەهەردووكیانەوە نوێنەرایەتی نزیكەی پەنجا یان شەست لەسەدی كوردانی سووریا بكەن. ئەوان هەر هیچ نەبێ لەو ناوچانەدا كە زۆرینەی كوردییە، نوێنەرایەتی زۆرینە دەكەن.
هۆیەكی دیكە كە وادەكات ئۆپۆزیسیۆنی سووریا كوردی قبوڵ بێت ئەوەیە كە وڵاتانی رۆژئاوایی گوشار دەخەنە سەر ئەو ئۆپۆزیسیۆنە بۆئەوەی رۆڵ بدەنە كورد و بەشدارییان پێبكەن. وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێ ئۆپۆزیسیۆنێكی تاوەكو بكرێت بنكەفراوان و پڕنوێنەرایەتی هەبێ كە هەموو كەمینەكان (گرووپە تووندڕەوەكانی لێدەرچن) بەشداربن تێیدا. مەبەست لەمەش ئەوەیە كە ببێتە ئۆپۆزیسیۆنێكی دانپێدانراو و حیساب بۆكراو.
لە هەولێر چەندین دانیشتن ئەنجامدراون لەنێوان بەرپرسانی رۆژئاوایی و نوێنەرانی كوردی سووریا. سەرۆكی پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا (ئەلپارتی) رایگەیاند كە چەندین وڵاتی رۆژئاوایی داوایان لێكردووە بەشداری بكات لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا. بۆنموونە ولیەم هەیگ، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایان هانداوە بۆئەوەی بە ئەركی خۆیان كە بەشداریكردنی كوردە لە ئیئتیلافی دوای رووخانی ئەسەد هەڵبستن.
هەرچەندە وڵاتانی رۆژئاوایی نایانەوێ لەگەڵ PYD قسە بكەن، بەڵام ئەگەر پەیوەندییەكانیان لە رێگەی ئەنجوومەنی باڵای كوردەوە بێت، رەنگە پێشوازی لە PYDش بكەن. بەشداریپێكردنی PYD لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا رەنگە وابكات توركیا نیگەران بێت، چونكە ئەمە وادەكات PYD شەرعیەتی زۆرتر وەربگرێت. بۆیە رەنگە توركیا داوابكات گرەنتی لە PYD وەربگیرێت كە لەئایندەدا خۆی ناكاتە هەڕەشە لەسەر توركیا.
هەرواش پێدەچێ كێشەكە گەورەتربێت. ئەویش بەوەی كە رۆڵی PYD لە ناوچە كوردییەكاندا رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبێت و خەریكە هەموو شتێك دەكەوێتە دەست یەكینەكانی پاراستنی گەل YPGەوە. هەم ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و هەم دەوڵەتی توركیاش دڵیان بەوە خۆش نییە. جێگەی پرسیاریشە كە ئایا YPG ئامادەیە ببێتە بەشێك لە هێزێكی چەكداری هاوبەش لەگەڵ پارتە كوردییەكانی دیكەدا یاخود لە ئایندەیەكی دوورتردا ئامادەیی ئەوەیان تێدایە كە ببنە بەشێك لە سوپای سووریای نوێ؟
ئێستا YPG رەتیدەكاتەوە ببێتە بەشێك لە هێزێكی یەكگرتووی كوردی، بەڵام بەبێ ئەوەی لە میدیاكاندا دەنگی لێوە بێنن لە هەندێك شوێنی سووریا قبوڵیان كردووە كە هەندێك گرووپی چەكداری كوردی دیكە هەبن، بەمەرجێك سەر بە ئەنجوومەنی باڵای كورد بن. بۆیە ئێستا لە ئامودێ خاڵی پشكنین هەن كە لەلایەن ئەو چەكدارانەوە سەرپەرشتی دەكرێن.