هادی محه‌مه‌دی
به‌پێی تیۆری و زانستی سیاسی نوێ، ده‌وڵه‌تی مۆدێرن یان ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی [nation state] کاتێک پێکدێت که سیستمی کۆنی فیۆداڵی لێکده‌ترازێ و سیستمی تازه‌ی سه‌رمایه‌داری جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه. یانی تا له کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک پێوه‌ندییه‌کانی سه‌رمایه‌داری سه‌رنه‌گرێ و په‌ره‌نه‌ستێنێ بوار بۆ پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ناڕه‌خسێت. له سیستمی کۆنی فیۆداڵی دا ده‌سه‌ڵاتداری له چه‌شنی ئه‌مپراتۆری زاڵه که به دیسکۆرسی ئاین و دروشمی ئۆمه‌تی تاقانه چه‌ندین نه‌ته‌وه و ئێتنیکی جیاواز له‌ژێر چه‌تری خۆی دا کۆ ئه‌کاته‌وه، به‌ڵام زۆر جار زمان و کولتوری نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی تردا ده‌سه‌پێنێ. بۆ نموونه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مپراتۆری رۆم دا زمانی لاتین زاڵ بوو و زمانه‌کانی تری نه‌ته‌وه‌کانی تری ئورووپی قه‌ده‌غه بوون، له سه‌رده‌می ئه‌مپراتۆری عوسمانیش دا زمانی عه‌ره‌بی زمانی ره‌سمی ده‌سه‌ڵات بوو.
به‌ڵام هه‌ر که پێوه‌ندییه‌کانی سه‌رمایه‌داری گه‌شه ده‌کات و په‌ره‌ده‌ستێنێ، پێش هه‌موو شتێ ده‌سه‌ڵات و دیسکۆرسی دینی ناچار به پاشه‌کشه و رێفۆرم ده‌کات، به‌جۆرێک که له درێژه‌ی پرۆسه‌یه‌ک دا دین ده‌بێته پرسێکی تاکی و ئیتر خۆی له کاری سیاسی وه‌رنادات. به نه‌مان و فه‌وتانی دیسکۆرسی دینی و دروشمی ئۆمه‌تی تاقانه، هاوکات دوو پێکهاته‌ی مه‌زن و بچووک لێکده‌ترازێن و ده‌ڕوخێن، یه‌که‌م پێکهاته‌ی گشتگیری ئه‌مپراتۆری، دووهه‌م پێکهاته‌ی بچووکی خێڵ و عه‌شیره‌ت. به روخانی ئه‌م دوو پێکهاته‌یه، چینی ناوه‌ڕاست [middle class]ی شارنشین و خوێنده‌وار پێکدێ و پێکهاته‌ی مۆدێرنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌خولقێنێت. ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی زۆر جار به‌پێی زمان و مێژوو و کولتوورێکی هاوبه‌ش پێکدێ و هه‌ندێ جاریش به‌پێی مافی شارۆمه‌ندی و کونتراکتی کۆمه‌ڵایه‌تی دروست ده‌بێت.
"سێ فاکته‌ری ناسیۆناڵیزم، دێموکراسى و پیشەسازی رۆڵيکی چه‌ندلایه‌نه و دیالکتیکییان له‌سه‌ر یه‌کتر هه‌یه و یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن. یانی تا له وڵاتێک مناسباتی پیشه‌سازی و تێکنۆلۆژی گه‌شه‌ی نه‌کردبێت، بوار بۆ دروستبوونی ئینتما و خواستی نه‌ته‌وه‌یی پێکنایه‌ت و یه‌کێتی و ته‌بایی فه‌رهه‌نگی و زمانی دروست نابێت. چونکه له‌ڕاستیدا و له درێژه‌ی پرۆسه‌ی مودێرنیزاسیۆن دایه که ره‌وتی مێژوو پێکهاته گه‌وره نه‌ریتییه‌کان ده‌ڕوخێنێ و پێکهاته بچووکه خێڵه‌کیه‌کان له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنێ و به پێکهاتنی چینی ناوه‌ڕاست، زه‌مینه‌ی گه‌شه و هه‌ڵدانی بزاڤی نه‌ته‌ڤى ده‌خولقێنێ. (1) به‌ڵام چینی ناوه‌ڕاست چۆن پێکدێ و به‌پێی چ مکانیزمێک ده‌وڵه‌تی مۆدێرن\ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌خولقێنێ؟ چ پێوه‌ندییه‌کی لۆژیکی و ئه‌نتۆلۆژیکی له‌نێوان چینی نێوه‌ڕاست و ده‌وڵه‌تی مۆدێرن دایه؟
کاتێ چاو له مێژووی وڵاتانی ئوروپی ده‌که‌ین، ده‌بینین که له کۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م دا به هۆی گه‌شه کردنی سه‌نعه‌ت و مناسباتی سه‌رمایه‌داری، مناسباتی فیۆداڵی ده‌فه‌وتێ و هه‌ر دوو چینی وه‌رزێر و ده‌ره‌به‌گ له‌مێژوودا ده‌وریان کەم دەبێتەوە؛ له‌م نێوه‌دا شارنشینی په‌ره‌ده‌ستێنێ و چینی نێوه‌ڕاست پێکدێت، چینی نێوه‌ڕاست خاوه‌ن مڵک و سامانێکی زۆر نییه که بترسێ له ده‌ستی بدات، بۆیه هه‌ڵوێستی محافزه‌کارانه\کۆنسێرڤاتیڤ ناگرێت و داکۆکی له بیر و ئه‌ندێشه‌ی دواکه‌وتوانه و کۆنه‌په‌رستانه ناکات؛ هه‌روه‌ها چینی ناوه‌ڕاست هێنده هه‌ژار و چاره‌ڕه‌ش نییه که هه‌موو وزه و توانای خۆی بۆ به‌ده‌ست هێنانی بژیوی ژیان ته‌رخان بکات و ئیتر ده‌رفه‌تی خوێندن و په‌روه‌رده و بیرکردنه‌وه‌ی نه‌مێنێ. که‌وابوو چینێ نێوه‌ڕاست به‌هۆی خه‌سڵه‌تی چینایه‌تی و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی، چینێکی میانه‌ڕه‌وه، چینێکه که داکۆکی له ئازادی و مافه‌کانی مرۆڤ ده‌کا و زۆر جاریش کاتی خۆی بۆ خوێندن و خزمه‌ت به فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر ته‌رخان ده‌کات. که‌وابوو به‌مجۆره‌یه که ده‌بینین ساڵی 1789 به‌هۆی سوژه\بکه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و به ڕێبه‌ری ناپلیۆن بۆناپارت شۆڕشی مه‌زنی فه‌رانسه سه‌رده‌گرێ و یه‌که‌م مانیفێستی مافه‌کانی مرۆڤ وه‌ک به‌یاننامه‌یه‌کی جیهانی راده‌گه‌یه‌نێ و ده‌وڵه‌تی مۆدێرن/نه‌ته‌ڤی پێکدێنێ و به‌شێنه‌یی هه‌موو وڵاتانی ئوروپایی ده‌گرێته‌وه و دواتر له هه‌موو جیهان ده‌بێت به مۆدێلی زاڵ. [به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌کی جۆرج لوکاچ/ رمان تاریخی، رێک هه‌ر له‌م سه‌رده‌مه دایه که ژانری رۆمانی مێژوویی به‌دی دێت و په‌ره‌ده‌ستێنێ؛ وه‌ک له درێژه‌ی ئه‌م وتاره‌دا ئه‌یبینین خوێندنه‌وه‌ی رۆمان له پێکهێنانی رۆحی نه‌ته‌وه‌دا رۆڵی گرنگی هه‌یه].
که‌وابوو ده‌توانین بێژین له درێژه‌ی گه‌شه‌ی مناسباتی سه‌رمایه‌داری دا چینی ناوه‌ڕاست پێکدێت، چینی ناوه‌ڕاست به‌پێی سرووشتی چینایه‌تی خۆی، چینێکی دیموکرات و ئازادیخوازه، چینێکی لایه‌نگری خوێندن و کولتووره، بۆیه که ده‌وڵه‌تی مۆدیرنیش پێکدێنێ، سه‌ره‌ڕای داکۆکی له مافه‌کانی تاک و بره‌ودان به دیموکراسی و ئازادیخوازی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رچاوه‌کانی زمان و کولتوری نه‌ته‌وایه‌تی و زۆر جار به‌پێی زمان و کولتور و مێژوو، ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی ده‌خولقێنێ.
له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م دا ئاتا تورک و ره‌زا شا ویستیان لاسایی مۆدێلی ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی ئوروپایی بکه‌نه‌وه و له هه‌ر دوو وڵاتی تورکیا و ئێران پرۆژه‌ی مۆدێرنیزاسیۆن بچه‌سپێنن، به‌ڵام پاش ده‌یان ساڵ هێشتا له هیچ کام له‌م دوو وڵاته ده‌وڵه‌تی مۆدێرن پێکنه‌هاتووه؛ بۆ وێنه ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌م ناسیۆناڵیسته و هه‌م سه‌نعه‌تییه به‌ڵام چونکه دیموکراتیک نییه و به‌شێوازێکی فاشیستی حاشا له بوون و مان و مێژوو و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌کا و به‌خه‌ستی رێز و که‌رامه‌تی پێشێل ئه‌کات، ده‌وڵه‌تێکى دواکه‌وتووه و زۆر کێشه و قه‌یران هه‌ڵده‌گیرسێنێ... به‌ڵام ده‌وڵه‌تی ئێران خاوه‌ن هیچکام له‌و سێ فاکته نییه! کۆماری ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتێکی مافییایی فاشیست و پاوانخوازه که نه ناسیۆناڵیسته، نه تێکنۆکراته و نه دیموکرات؛ پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى ئه‌م حکومه‌ته وه‌ک هه‌موو رژیمێکی تۆتالیتێر له چینى هه‌ژار و چینى ناوه‌ڕاستى خواروو پێکهاتووه و سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش پێکهاته‌ی جوغرافییایى و کۆمه‌ڵایه‌تى، زیاتر له پێکهاته‌ى ئه‌مپراتۆری ده‌چێ و به دروشمی ئومه‌تی تاقانه تیوریزه‌کراوه و له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی بازاڕی نه‌ریتی راوه‌ستاوه و بورژوازی ده‌ڵاڵ له‌ودا رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێڕێ...
لێره‌دا بیروڕای هه‌ندێ له شاره‌زایانی زانستی سیاسی له‌مه‌ڕ ناسیۆنالیزم و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دێنمه‌وه:
به‌ڕای ئیرنست گێڵنەر پێکهاتنی نه‌ته‌وه به بێ ئاڵوگۆڕی ئابووری - سه‌نعه‌تی، سه‌رهه‌ڵدانی سیستمی تازه‌ی په‌روه‌رده، پێکهاتنى زمانی هاوبه‌ش، گه‌شه‌کردنی مافه‌کانی تاک و بازاڕه به‌رینه‌کانی سه‌رمایه، ئیمکانی نییه. به‌مجۆره گێڵنەر روانگه‌ی مارکسیستی قه‌بوڵ ده‌کا و نه‌ته‌وه به به‌رهه‌می کۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی ده‌زانێ. به‌ڕای ئه‌و نه‌ته‌وه خولقاوی ڕابردوو نییه، به‌ڵکوو ئورگانیزمێکه که هه‌نگاو به هه‌نگاو پێکدێ. ئه‌و ده‌ڵێ: ئابووری پیشه‌سازی هاوکات پێویستی به دوو شت هه‌یه:1) کولتوری ناوه‌ندی مۆدێرن، 2) ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی مۆدێرن.
ئه‌م دوو فاکته‌ش پێویستی حه‌یاتییان به یه‌کتر هه‌یه و یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن. له‌لایه‌ک فه‌رهه‌نگی ناوه‌ندی نوێ پێویستى به ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی نوێ هه‌یه، تا ساز بکرێ و سه‌قامگیر بێت. له‌لایه‌کیتره‌وه ده‌وڵه‌تیش پێویستی به فه‌رهه‌نگى ناوه‌ندى هاوبه‌ش و یه‌کپارچه هه‌یه تا بنه‌ماکانی خۆی سه‌قامگیر بکات؛ له هه‌ر دوو حاڵه‌ت دا ناسیۆناڵیزم فه‌رهه‌نگێکه که رۆڵی هاوبه‌شبوون و ناوه‌ندیبوون ده‌گێڕێ. ئه‌وه‌ی گێڵنەر له مارکسیزمی ئورتۆدۆکس جیاده‌کاته‌وه، روانگه‌کانی ئه‌و له‌مه‌ڕ پرسی نه‌ته‌وه‌ییه. گێڵنەر ناسیۆناڵیزم به به‌رهه‌می نه‌ته‌وه نازانێ، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه، نه‌ته‌وه به به‌رهه‌می بزاڤی ناسیۆناڵیستی ده‌زانێ. به وته‌یه‌کیتر، گێڵنەر ده‌ڵێ: ئه‌وه که بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی ده‌خولقێنێ نه‌ته‌وه نییه، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه بزاڤی نه‌ته‌وه‌ییه که نه‌ته‌وه دروست ده‌کات. نابێ پێمان وابێ که پێشتر نه‌ته‌وه هه‌یه و بزاڤی نه‌ته‌ڤی سازده‌کات، به‌ڵکوو بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی، نه‌ته‌وه دروست ده‌کات. بزاڤی نه‌ته‌ڤی تێکڕای ئه‌و زه‌مینه فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه دروست ده‌کات که نه‌ته‌وه وه‌ک پێکهاته‌یه‌کی یه‌کپارچه ده‌خاته‌ڕوو.
به‌پێچه‌وانه‌ی روانگه‌ى گێڵنەر، ئه‌ندرسۆن پێکهاتنی نه‌ته‌وه به پێکهاته‌ى ئابوورییه‌وه نابه‌ستێته‌وه، به‌ڵکوو به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دیارده‌یه‌ک به ناوی "کاپیتالیزمی چاپ" پێوه‌ندی ئه‌دات. له کاتێکا که گێڵنەر گرنگی به بناغه‌ی ئابووری نه‌ته‌وه ده‌دا و ناسیۆناڵیزم به فه‌رهه‌نگی قوناغی پیشه‌سازی ده‌زانێ، ئه‌ندرسۆن گرنگی به فاکتۆ‌ری فه‌رهه‌نگی ده‌دا و نه‌ته‌وه وه‌ک گرووپێکی "ئامانج خواز" ده‌ناسێنێ. به‌ڕای ئه‌ندرسۆن گه‌شه‌ی پێوه‌ندییه‌کان، سه‌رهه‌ڵدانی رۆژنامه‌گه‌ری، رۆماننووسی و سه‌نعه‌تی چاپ، وه‌ک چه‌ندین ده‌رفه‌تى فه‌رهه‌نگی، بوارێک ده‌ڕه‌خسێنن که له‌ودا نه‌ته‌وه وه‌ک پێکهاته‌یه‌کی یه‌کسان و یه‌کپارچه دروست ده‌که‌ن. ئه‌ندرسۆن پێی وایه که میدیا تازه‌کان و به‌تایبه‌ت رۆژنامه وه‌ها ده‌ورێک ده‌گێڕن که له مێشکی زۆربه‌ی خه‌ڵک دا ئامانجێکی هاوبه‌ش ده‌ڕوێنن. چونکه کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، یه‌ک هه‌واڵ، یه‌ک لێکدانه‌وه و یه‌ک بابه‌ت به زمانێکی هاوبه‌ش وه‌رده‌گرن، هه‌موو ئه‌م فاکته‌رانه ده‌بنه هۆی ئه‌وه که بنه‌ماکانی هه‌ست و ئینتمای نه‌ته‌وایه‌تى له مێشکى ئه‌وان دا بڕسکێت. به‌کورتی ئه‌ندرسۆنیش وه‌ک گێڵنەر، گه‌شه و سه‌رهه‌ڵدانی بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی به به‌رهه‌می مودێرنیته ده‌زانێ، به‌ڵام له‌جیاتی فاکتۆ‌ری ئابووری فاکتۆ‌ری فه‌رهه‌نگی به گرنگتر ده‌زانێ.
هابزباوم هه‌ر وه‌ک گێڵنەر و ئه‌ندرسۆن نه‌ته‌وه به دیارده‌یه‌کی مۆدێرن ده‌زانێ، به‌ڕای هابزباوم زۆربه‌ی بنه‌ما هاوبه‌شه‌کانی نه‌ته‌وه ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رده‌می کۆن، به‌ڵکوو له‌م چاخه‌دا خولقێنراون، ئه‌م فاکتانه به پاڵپشتی ئابووری و به ئامێری ئێنفۆرماتیک له کۆمه‌ڵگه‌دا بڵاوده‌کرێنه‌وه و ده‌بنه سامانی گشتی. که‌وابوو نابێ سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ته‌وه له مودێرنیته جیابکه‌ینه‌وه، چونکه له قۆناغی که‌ونارادا دۆخی گه‌شه‌ی ئه‌م فاکتانه نه‌بووه.
به‌ڵام ئانتونی سمیس به‌پێچه‌وانه‌ی روانگه‌کانی سه‌ره‌وه، پێی وایه به‌ر له سه‌رده‌می مودێڕن نه‌ته‌وه و پێکهاته ئێتنیکییه‌کان به‌شێوه‌ی هۆز و گرووپی بچووک له ئارادا بوون و گه‌شه و ساغبوونه‌وه‌ی ئه‌م گرووپانه، نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌مڕۆى خولقاندووه. به ڕای سمیس ره‌گ و ریشه‌ی نه‌ته‌وه به شێوه‌ی قووڵ و قایم به ناخى مێژوودا رۆچووه و به‌ر له پێکهاتنی نه‌ته‌وه به‌رده‌وام گرووپی ئێتنیکی له ئارادا بوون و هه‌ر ئه‌مانه بناغه‌ی نه‌ته‌وه‌یان پێکهێناوه.
"به‌ڕای گێڵنەر ناسیۆناڵیزم ره‌وتێکی سیاسییه که یه‌کێتی سیاسی و یه‌کێتی نیشتمانی هاوئاهه‌نگ پێکدێنێ. به وته‌یه‌کیتر ناسیۆناڵیزم روانگه‌یه‌کى سیاسییه که پێی وایه وڵاتێکی یه‌کپارچه و هاوبه‌ش، ده‌بێ خاوه‌ن سیستمێکی سیاسی تۆکمه و یه‌کگرتوو بێت. گێڵنەر دیسان ده‌ڵێ: ناسیۆناڵیزم بزاڤێکه که تێده‌کۆشی فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌ت رێک بخات، ناسیۆنالیزم هه‌وڵێکه که ده‌یه‌وێ ژێرخانی فه‌رهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رخانی سیاسی، هاوده‌نگ بکات. هه‌ر ژێرخانێکیش ته‌نیا سه‌رخانێکی تایبه‌ت قه‌بوڵ ده‌کات.
سێ فاکتۆ‌ری گرنگ له روانگه‌ی گێڵنەردا بریتین له: فه‌رهه‌نگی یه‌کگرتوو، وڵاتی یه‌کپارچه، رێخراوی سیاسی ئۆرگانیک. به‌ڕای گێڵنەر ناسیۆناڵیزم دیارده‌یه‌کی کۆن نییه، چونکه هه‌موو ئه‌م سێ فاکته به‌رهه‌می مودێرنیته‌ن. به‌ڕای ئه‌ندرسۆن: ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی، ئامانجی گرووپێکه که له ئه‌مپراتۆری بچووکتره و له خێل و عه‌شیره‌ت گه‌وره‌تره. ئه‌ندرسۆنیش ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ مودێرنیته پێوه‌ند ئه‌دات، چونکه پرۆسه‌ى مودێرنیزاسیۆن له‌لایه‌ک ئه‌مپراتۆرییه‌کان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پێکدێنێ و، له‌لایه‌کی دیکه‌وه، به خولقاندنی تێکنیکی چاپ و رۆژنامه‌گه‌ری بناغه‌ی نه‌ریته‌کانی خێڵ و عه‌شیره لێکده‌ترازێنێ.
به‌ڕای گێڵنەر بۆ پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پێویستمان به‌م فاکتانه هه‌یه: میدیای هاوبه‌ش، سیستمی سه‌ربازی هاوبه‌ش، سیمبوڵ و هێمای نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش، فه‌رهه‌نگ و زمانی هاوبه‌ش، جوغرافیا و کیانى هاوبه‌ش و سه‌رژمێری نه‌ته‌وه‌یی. تێکڕای ئه‌م فاکتانه‌ش به‌رهه‌می مودێڕنیته‌ن و له سه‌رده‌می کۆن دا نین."(2)
ئه‌زموونه‌کانی مێژوو دروستی ئه‌م بۆچوونانه‌یان سه‌لماندووه. ئێستا با چاوێک له بارودۆخی سیاسی فه‌رهه‌نگی ئابووری و ناوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی کوردستان بکه‌ین و بزانین به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسمان کرد ئایا ده‌رفه‌تی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی به‌تایبه‌ت له باشووری کوردستان ره‌خساوه؟
کوردستانی باشور ئه‌وه بیست و یه‌ک ساڵه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی خۆماڵییه و گه‌لی کورد له‌م به‌شه‌دا خۆی کار و باری وڵاته‌که‌ی به‌ڕێوه ده‌بات، به‌ڵام به‌هۆی هه‌لومه‌رجی سیاسی و ناوچه‌یی و جیهانی، هێشتا نه‌یتوانیوه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی پێک‌بێنێت. به‌پێی دیدگای گێڵنەر مناسباتی سه‌رمایه‌داری له کوردستان گه‌شه‌ی کردووه، به‌ڵام هێشتا بناغه‌ی خێڵ و عه‌شیره‌ت به ته‌واوی لێکنه‌ترازاوه، چینی ناوه‌ڕاستی شارنشین و خوێنده‌وار تا رێژه‌یه‌ک دروست بووه، به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیوه دیسکۆرسی کولتوری نه‌ته‌وایه‌تی خۆی فۆرموله بکات و له زۆر شاری کوردستانی باشوور دا هێشتا بیری خێله‌کی زاڵه؛ له زۆر بۆنه‌ی سیاسی دا رێبه‌رانی کورد سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان کۆ ده‌که‌نه‌وه و له رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه په‌یامی سیاسی خۆیان به خێڵ و عه‌شیرته‌کان ئه‌گه‌یه‌نن، ئه‌مه‌ش خزمه‌ت به گه‌شه‌ی سیاسی و فه‌رهه‌نگی کورد ناکات، ده‌بێ بناغه‌ی هه‌ستی خێلایه‌تی بفه‌وتێ و هه‌ست و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی جێگای بگرێته‌وه.
ئه‌و گرووپه له سه‌رمایه‌دارانی کورد که رکێفی ئابووری و بازاڕی کوردستانی کونترۆڵ کردووه، گرووپێکی خاوه‌ن وشیاری سیاسی و به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی نییه و خه‌می ئه‌وه‌ی نییه که سه‌نعه‌ت و پیشه‌سازی بێنێته کوردستان و گه‌شه به به‌شی به‌رهه‌مهێنان بدات، به‌ڵکوو زیاتر رۆڵی ده‌ڵاڵ ئه‌گێڕێ و کوردستانی کردۆته بازاڕی فرۆشتنی کاڵاکانی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ، ئه‌م کاره‌ش خزمه‌ت به ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری کوردستان ئه‌کا و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی کورد قازانجێکی ئه‌وتۆی تێدا نییه.
به‌پێی بۆچوونی بنێدیکت ئه‌ندرسۆن، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کاتێ پێکدێت که رۆژنامه‌گه‌ری په‌ره ده‌ستێنێ و هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه له یه‌ک رۆژنامه‌دا هه‌واڵ و رووداوه‌کان به‌شێوه‌ی یه‌کسان ده‌خوێننه‌وه، یان رۆماننووسی په‌ره‌ده‌ستێنێ و هاووڵاتیانی شارنشین به‌سه‌رهاتێکی مێژووی \نه‌ته‌وایه‌تی له رۆمانێک دا که به زمانی خۆیان نووسراوه ده‌خوێننه‌وه و باس و دیالۆگی له‌سه‌ر ده‌که‌ن و به‌مجۆره خواست و ئینتیمای نه‌ته‌وایه‌تی له بیر و مێشکیاندا پێکدێت. ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌م بۆچوونه سه‌یری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان\باشوور بکه‌ین ده‌بینین که رۆژنامه‌نووسی له‌م هه‌رێمه زۆر گه‌شه‌ی کردووه، به‌ڵام هێشتا رۆژنامه‌یه‌کی وه‌ها پێکنه‌هاتووه که خاوه‌ن به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی فکری نه‌ته‌وایه‌تی گشتگیر بێت و هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان بگرێته‌وه و هه‌موو خه‌ڵکانی بادینان و سۆران و گه‌رمیان به‌په‌رۆشه‌وه بیخوێننه‌وه و ببن به ئابوونه‌ی؛ هه‌تا ئێستاش ئه‌و رۆژنامه‌یه که له سلێمانی زۆرترین پرستیژ و خوێنه‌ری هه‌یه، له هه‌ولێر وه‌ها پێگه‌یه‌کی نییه، بۆ نموونه رۆژنامه‌ی هاوڵاتی که له سلێمانی ئێجگار خوێنه‌ری هه‌یه، هه‌تا ئێستاش ته‌نانه‌ت یه‌ک لاپه‌ڕه‌شی بۆ زاراوه‌ی کرمانجی ته‌رخان نه‌کردووه و که‌وابوو له ده‌ڤه‌ری بادینان به‌گه‌رمی پێشوازی لێناکرێت، چونکه وه‌ک له درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دا باسی ده‌که‌ین، تا ئێستا به‌پێی هه‌موو نیشانه‌کان زمانی کوردی جووت ستاندارده و هه‌ر کام له دوو زاراوه‌ی سۆرانی و کرمانجی له دام و ده‌زگاکانی حکومه‌تی هه‌رێم به ره‌سمی کاریان پێده‌کرێت. هه‌ر به‌مپێیه‌ش دیارده‌ی رۆماننووسی له کوردستان مێژوویه‌کی دوور و درێژی نییه و زمانی کوردی خاوه‌نی رۆمانی باش و به‌پێز نییه، تا چ بگات به‌وه که له‌نێو کورددا خوێندنه‌وه‌ی رۆمان په‌ره‌ی سه‌ندبێت و بووبێت به نه‌ریت، نه‌ریتێک که خه‌ڵک په‌روه‌رده ئه‌کات، هاووڵاتی ده‌خولقێنێ و فێری ژیانی مه‌ده‌نی و شارنشینی ئه‌کات!
وه‌ک گێڵنەر ده‌ڵێ بۆ پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پێویستمان به‌م فاکتانه هه‌یه: "میدیای هاوبه‌ش، سیستمی سه‌ربازی هاوبه‌ش، سیمبوڵ و هێمای نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش، فه‌رهه‌نگ و زمانی هاوبه‌ش، جوغرافیا و کیانى هاوبه‌ش و سه‌رژمێری نه‌ته‌وه‌یی".(3)
میدیای هاوبه‌ش: ئایا کورد له باشوری کوردستان تا ئێستاش خاوه‌ن میدیایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی گشتییه، میدیایه‌ک که جێی متمانه‌ی هه‌موان بێت و رۆڵی نه‌ته‌وه‌یی بگێڕێت؟ به‌دڵنیاییه‌وه نا. له کوردستانی باشوور هه‌ر له رۆژنامه و رادیۆوه تا ته‌له‌ڤیزیۆن و سه‌ته‌لایت زۆر میدیا هه‌ن، به‌ڵام هه‌ر کامیان هی حیزب و لایه‌نێکن و ئێمه میدیایه‌کی ئه‌وتۆ نابینین که هی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد بێت و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی نه‌ته‌وایه‌تی کار بکات، نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبی. بۆ نموونه دوو ته‌له‌ڤزیۆنی کوردستان تی ڤی و کوردسات هه‌ر کامیان هی حیزبێکن و جه‌ماوه‌ر و بینه‌ری تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه و زیاتر خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌که‌ی خۆیان ئه‌که‌ن، کورد له باشوور تا ئێستا نه‌یتوانیوه ته‌له‌ڤزیۆنێکی وه‌کوو ئه‌لجه‌زیره دامه‌زرێنێ که واوه‌تر له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و ناوچه‌یی، متمانه‌ی هه‌موو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کورد پێک‌بێنێ، هه‌تا هه‌ست و ئینتیمای نه‌ته‌وایه‌تی له مێشکی گه‌ل دا بڕوێنێ.
جگه له‌مه‌ش ته‌له‌ڤزیۆنی میدیا/رۆژ تی ڤی که وه‌ک یه‌که‌مین سه‌ته‌لایتی کوردی له ئوروپا دامه‌زرا و ده‌ستی به کار کرد، له وشیارکردنه‌وه و پێشخستنی ره‌وتی خه‌باتی گه‌لی کورددا رۆڵی گرنگی گێڕا، ئه‌م میدیایه که له ئوروپاوه به‌رنامه‌ی بۆ کوردستان بڵاو ده‌کرده‌وه، ده‌یتوانی ئاسته‌نگی جوغرافیایی و به‌رچاونگی ناوچه‌یی و زمانی و خێڵه‌کی تێپه‌ڕێنی و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وایه‌تی ره‌چاو بکات، به‌ڵام نه‌کرا و ئه‌میش نه‌یتوانی خۆی له بازنه‌ی حیزبی ده‌رباز بکات و وه‌کوو میدیای هه‌موو کوردان رۆڵ بگێڕێت.
سیستمی سه‌ربازی هاوبه‌ش: له پاش روخانی حکومه‌تی سه‌دام ده‌سه‌ڵاتی کوردی له باشوور زۆر هه‌وڵی دا که هێزی پێشمه‌رگه یه‌ک بخات و ئه‌رته‌شێکی نه‌ته‌وه‌یی مۆدێرن پێک‌بێنێت، به جۆرێک که ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی عراقیش به ره‌سمی بیناسێت و بودجه‌ی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت، به‌ڵام هه‌م به‌هۆی به‌رچاوته‌نگی حیزبی و هه‌م به‌هۆی لاوازی وشیاری نه‌ته‌وایه‌تی له باشوور، هێشتا وه‌ها ئه‌رته‌شێکی هاوبه‌ش پێکنه‌هاتووه که له کاتی مه‌ترسی و ته‌نگانه‌دا یه‌کێتی خاکی کوردستان بپارێزێت. که واوه‌تر له حیزبه‌کان کار بکات و خاوه‌ن هێز و ئیراده‌یه‌کی مه‌زنی نه‌ته‌وایه‌تی بێت. هێزی سه‌ربازی پ.ک ک. هێزێکی مه‌زن و به‌دیسپلینی کوردی و خاوەن رێکخستنی تۆکمەیە، به‌ڵام ئه‌ویش نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو گه‌لی کورد ناکات...
سێمبۆڵ و هێمای نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش: گرنگترین هێمای نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌شی کورد بریتییه له ئاڵای کوردستان، سروودی ئه‌ی ره‌قیب، جێژنی نه‌ورۆز و ... به‌خۆشییه‌وه زۆربه‌ی حیزبه‌کانی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئاڵای کوردستانیان په‌سه‌ند کردووه و وه‌کوو هێمایه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی له بۆنه‌کان دا هه‌ڵی ده‌که‌ن و رێزی ده‌گرن، به‌ڵام ئه‌م ئاڵایه هێشتا له لایه‌ن پ. ک. ک و هه‌ندێ حیزبی پاشکۆیه‌وه په‌سه‌ند نه‌کراوه. سروودی ئه‌ی ره‌قیبیش هه‌ر وایه و هێشتا هه‌ندێ له حیزبه‌کان به ره‌سمی په‌سه‌ندیان نه‌کردووه، ئه‌مه‌ش به‌ر له هه‌ر شتێ زیان به به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی کورد ده‌گه‌یه‌نێ. به‌ڵام جه‌ژنی نه‌ورۆز وه‌کوو جه‌ژنێکی مێژوویی و کولتووری و نه‌ته‌وایه‌تی بۆ هه‌موو حیزب و لایه‌نێکی کوردی گرنگه و به ره‌سمی ناسراوه، هه‌موو ئه‌م هێمایانه له دروستکردنی رۆح و هه‌ست و ئینتیمای نه‌ته‌وایه‌تی دا رۆڵی گرنگ ئه‌گێڕن.
فه‌رهه‌نگ و زمانی هاوبه‌ش: وه‌کچۆن زمانی کوردی چه‌ندین له‌هجه و زاراوه‌ی جیاجیای هه‌یه، فه‌رهه‌نگی کوردیش ئێجگار هه‌راو و فره چه‌شنه و به‌پێی به‌شه‌کان و ناوچه‌کانی کوردستان خاوه‌ن سروشت و تایبه‌تمه‌ندی ناوچه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تییه، به‌ڵام به‌گشتی هه‌م زمانه‌که و هه‌م کوولتووره‌که‌ی به‌قووڵی ریشه‌ی له مێژوودا داکوتاوه و ده‌گاته‌وه فه‌رهه‌نگی ئه‌هورایی و زمانی گاتایی زه‌رده‌شتی. ئه‌وه که زمانی کوردی خاوه‌ن چه‌ندین زاراوه‌و دیالێکتی جیاوازه، نیشانه‌ی هه‌راویی و ده‌وڵه‌مه‌ندی زمانی کوردییه و وزه و پۆتانسیه‌لێکی مه‌زن به‌م زمانه ده‌به‌خشێ و ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی زانستی کاری له‌سه‌ر بکرێت، ئه‌توانێ وه‌ک زمانێکی هه‌ره مه‌زن و به‌هێزی ناوچه‌که خۆ بنوێنێ. هه‌تا ئێستا به‌هۆی هه‌لومه‌رجی سیاسی و جوغرافی، زیاتر دوو زاراوه‌ی کرمانجی و سۆرانی گه‌شه‌یان کردووه و هه‌ر دوویان له میدیاکانه‌وه کاریان پێده‌کرێ و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش هیچ کام له‌م دوو دیالێکته‌ی وه‌ک زمانی ره‌سمی و ستانداردی کوردی په‌سه‌ند نه‌کردووه، جگه له‌وه‌ش هه‌ندێ له شاره‌زایان پێیان وایه که زمانی کوردی ئه‌توانی جووت ستاندارد بێت. ئه‌م پرسه له بواری کولتووری دا سود و قازانجی هه‌یه، به‌ڵام له بواری سیاسی دا کێشه‌یه. له بواری کولتوری دا توێژی رۆشنبیری کورد ئه‌رکێکی مێژوویی و نه‌ته‌وه‌یی گرنگی له‌سه‌ر شانه، ئه‌گه‌ر رۆشنبیرانی کورد بتوانن گرووپی ئینتلیجنسیای کوردی پێک‌بێنن، ئه‌توانن دیسکۆرسی فه‌رهه‌نگی زمانی کوردی دابڕێژن و نوێژه‌نی بکه‌نه‌وه، دیسکۆرس [گوتارێک]ی مۆدێرنی نه‌ته‌وه‌یی که هه‌موو تاکێکی کورد بکات به خاوه‌ن ناسنامه‌ی ره‌سه‌ن و له هه‌مان کات دا مۆدێڕن؛ ئه‌مه‌ش کارێکی ئێجگار گرنگه و ده‌بێ گرووپی ئینتلیجنسیای کوردی بتوانێ له‌نێوان دوو توخمی کولتوری کۆن [بۆ نموونه گاتاکانی زه‌رده‌شت] و بیری مۆدێرنی ئورووپایی [ئه‌ندێشه‌ی سکۆلار]دا سه‌نتێز/ تێکه‌هه‌ڵکێش بسازێت.
جوغرافیا و خاکی هاوبه‌ش: نه‌ته‌وه‌ی کورد خاوه‌ن خاک و وڵاتی تایبه‌تی خۆیه و وڵاتی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تری داگیر نه‌کردووه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه گه‌لانی تورک و عه‌ره‌ب و فارسن که هه‌تا ئێستاش داگیرکه‌رن و خاکی کوردستانیان داگیر کردووه و نایه‌ڵن گه‌لی کورد به‌ئازادی و سه‌ربه‌ستی بژی و ده‌سه‌ڵاتی وڵاتی خۆی به‌ڕێوه ببات. جوغرافیای کوردستان له‌نێوان چوار ده‌وڵه‌تی ئێران و عراق و تورکیا و سوریا دابه‌ش کراوه و گه‌ڵی کورد ته‌نیا له‌به‌شی باشوور / عراق خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی نیوه‌سه‌ربه‌خۆیه. به‌ڵام به‌گشتی خاکی کوردستان له‌ڕووی سرووشتییه‌وه خاکێکی یه‌کپارچه‌یه و ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بێگانه‌یه که سنووره ده‌سکرده‌کانی سه‌پاندووه، تا دیالکتیکی زوڵم و چه‌وسانه‌وه له‌نێوان میله‌تانی باڵاده‌ست و میله‌تی بنده‌ست دا درێژه‌ی هه‌بێ، زیاتر ره‌وتی خه‌بات و تێکۆشان په‌ره ده‌ستێنێ و رۆژێک هه‌ر دێت که نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست نیشتیمانی خۆی بستێنێته‌وه.
سه‌رژمێری: به‌هۆی زه‌ختی سیاسی وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان هێشتا گه‌لی کورد سه‌رژمێری نه‌کراوه و ژماره‌ی دانیشتوانی کورد دیاری نه‌کراوه. به‌ڵام زۆربه‌ی خاوه‌ن رایان پێیانوایه که کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی چل ملیۆنییه، له کوردستانی باشووریش هێشتا کێشه‌ی ناوچه دابڕاوه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌کراوه تا کوردی ئه‌م به‌شه سه‌رژمێری بکرێت و ژماره‌ی دانیشتوانی کورد دیاری بکرێت.
وه‌ک ده‌بینین زۆربه‌ی ئه‌و فاکتانه که گێڵنەر باسیان ده‌کا و بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به پێویستیان ده‌زانێ، له‌مه‌ڕ نه‌ته‌وه‌ی کورد هێشتا به‌ته‌واوی پێکنه‌هاتوون، ئه‌مه‌ش زیاتر هۆکاری سیاسی هه‌یه که ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری کوردستان بووگن به له‌مپه‌ر و نایه‌ڵن جڤاتی کورد گه‌شه بکا و ببێت به خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ. به‌ڵام له‌م نێوه‌دا هۆکاری زه‌ینی، یانی ویست و ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌توانێ رۆڵی گرنگ و چاره‌نووسساز بگێڕێ و زه‌خت و ئاسته‌نگی عه‌ینی و سیاسی تێک‌بشکێنێ و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان پێک‌بێنێ.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین به‌گشتی و چوار ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری کوردستان به‌تایبه‌تی بده‌ین، ده‌بینین که ناوچه‌که به‌گشتی له حاڵی ئاڵوگۆڕی گرنگ و بنه‌ڕه‌تی دایه، هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌توانێ گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌ت بۆ گه‌لی کورد فه‌راهه‌م بکات.
له دوای روخانی حکومه‌تی به‌عس له عراق، به‌شی باشووری کوردستان له بواری ئابووری و ئه‌منی و ئاوه‌دانییه‌وه گه‌شه و پێشکه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌جۆرێک که سه‌رنجی زۆربه‌ی چاودێرانی سیاسی و ده‌وڵه‌تانی دنیای رۆژاوای به‌ره‌و لای خۆی راکێشاوه، ئه‌وه چه‌ند ساڵێکه زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی ئوروپایی خه‌ریکن پرسی سه‌ربه‌خۆبوونی کوردستانی باشوور تاوتوێ ئه‌که‌ن و خۆیان بۆ راگه‌یاندنی ئه‌م هه‌واڵه ئاماده ئه‌که‌ن. حکومه‌تی ناوه‌ندی عراق تووشی قه‌یرانێکی قووڵ هاتووه و تازه ناتوانێ وه‌کوو پێشوو نه به شێوه‌ی دیکتاتۆری حکومه‌ت بکات و نه له‌نێوان سێ پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی کورد و شیعه و سونه‌دا جۆرێک یه‌کێتی و ته‌بایی پێک‌بێنێ، هه‌موو نیشانه‌کان ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن که وڵاتی عراق له‌ت ده‌بێت و ده‌بێته سێ هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ، ره‌نگه له‌م کاره‌شدا گه‌لی کورد رۆڵی پێشه‌نگ بگێڕێت. به‌گشتی هه‌لومه‌رج بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی له باشووری کوردستان ئاماده‌یه و کورد ده‌بێ له دوو بواردا کاری گرنگی بۆ بکات: یه‌که‌م یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی پێک‌بێنێ و بڕوا و متمانه‌ی نه‌ته‌ڤی بۆ هه‌موو تاکێکی کورد بگێڕێته‌وه، به‌جۆرێک که ئیراده‌یه‌کی تۆکمه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی دروست بکات؛ دووهه‌م له بواری نێونه‌ته‌وه‌یی دا به‌شێوه‌ی جدی و به کاری دیپلۆماتیک ساپۆرت و پشتیوانی وڵاتانی دنیا بۆ پرسی ره‌وای کورد به‌ده‌ست بێنێت.
ره‌وتی خه‌بات و ئاڵوگۆڕ له هه‌ر چوار به‌شی کوردستان دا کاریگه‌ری دیالکتیکی و چه‌ند لایه‌نه‌یان له‌سه‌ر یه‌کتر هه‌یه. ئێستا رژیمی به‌عسی سوریا له حاڵی رووخان دایه، هێشتا ئه‌م رژیمه به‌ته‌واوی نه‌ڕوخاوه که به‌هۆی یارمه‌تی و پشتیوانی کوردانی باکوور و باشوور زۆربه‌ی خاکی کوردستانی رۆژاوا ئازاد کراوه. بێگومان به روخانی رژیمی سوریا هه‌لومه‌رجی کوردستانی رۆژاوا له‌ڕووی سیاسی و کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌ره‌و باشتربوون ده‌چێ و ئه‌مه‌ش ده‌توانێ له داهاتوودا کاریگه‌ری پۆزه‌تیڤی بۆ باکووری کوردستان و به‌شه‌کانی تر هه‌بێت.
ره‌نگه گرێ کوێره‌ی پرسی کورد به ده‌وڵه‌تی فاشیستی تورکیاوه به‌ستراوه، زۆربه‌ی گه‌لی کورد و خاکی کوردستان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی تورکیا دایه، ئه‌م ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامی ناتۆ و دۆستی نزیکی ئه‌مریکایه. ئه‌م ده‌وڵه‌ته تووشی قه‌یران و دوالیزمێکی قووڵی مێژوویی هاتووه، له‌لایه‌ک ده‌یه‌وێ ببێت به ئه‌ندامی یه‌کێتی ئوروپا و پرنسیپه‌کانی دیموکراسی و لیبراڵیزمی رۆژاوایی قه‌بووڵ بکات، به‌ڵام له لایه‌کی تره‌وه ده‌یه‌وێ هه‌ر به‌شێوه‌ی زه‌بروزه‌نگ و دیکتاتۆری مافی کوردان پێشێل بکات و نه‌هێڵێ ببن به خاوه‌ن ناسنامه و مێژوو و کولتووری خۆیان. بێگومان تا کاتێ که ده‌وڵه‌تی تورک نه‌توانێ به‌شێوه‌ی دیموکراتیک پرسی کوردی باکوور چاره‌سه‌ر بکات، ناتوانێ ئه‌و قه‌یرانه قووڵه مێژووییه چاره‌سه‌ر بکات. چونکه پ.ک. ک و بزاڤی کورد لە باکور لە بواری ڕێکخستن دا ئێجگار بەهێزن و بەجۆرێک چێن و توێژەکانی نەتەوەی کوردیان رێکخستووە کە کە هیوای بەدیهێنانی دەوڵەتی کوردی ئێجگار نزیک دەنوێنێ. هه‌ر ئێستا له باکووری کوردستان بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری ئێجگار ئه‌کتیڤ و به‌هێز له ئارا دایه که هه‌موو شێوازه‌کانی خه‌باتی مه‌ده‌نی و چه‌کداری به‌ڕێوه ده‌بات و پرسی کوردی ئێجگار پێش خستووه به‌جۆرێک که کاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر به‌شه‌کانی تری کوردستان هه‌بووه و ده‌وڵه‌تی تورکی ناچار کردووه که به‌پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی فاشیستی خۆی، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به ره‌سمی بناسێت. ئه‌ڵبه‌ت بزاڤێ جه‌ماوه‌ری نه‌ته‌وایه‌تی باکوری کوردستان تادێت به‌هێزتر و گه‌شنده‌تر ده‌بێت و ره‌وتی خه‌باتی به‌شه‌کانی تری کوردستانیش به‌هێزتر ده‌کات، بێگومان هه‌ر جۆره ئاڵوگۆڕێکی سیاسی له باکوردا کاریگه‌ری راسته‌وخۆی ده‌بێ له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵات و باشوور و رۆژاوای کوردستان. که‌وابوو ده‌بێ هه‌موو حیزب و گرووپه‌کان و هه‌موو تاکێکی کورد هێنده وشیار بێت که به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی ره‌چاو بکات و ئه‌م راستییه بزانێت که چاره‌نووسی هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان لێکبه‌ستراون.
رۆژهه‌ڵاتی کوردستان؛ کاروانی خه‌بات و پێشکه‌وتن له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له هه‌موو به‌شه‌کانی تری کوردستان به‌جێ ماوه. کورد له‌م به‌شه‌دا نه خاکی ئازادی هه‌یه، نه زمانه‌که‌ی به ره‌سمی ناسراوه، نه خاوه‌ن بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری ئه‌کتیڤه، نه خه‌باتی چه‌کداری به‌ڕێوه ده‌بات. نە ئاسەوارێک لە خەباتی مەدەنی دەبینرێت و ... زۆربه‌ی حیزبه‌کانی کوردستانی رۆژهه‌ڵات له تاراوگه‌دا تووشی پاسیفیزم و لێکترازان هاتوون و ئیدی بڕوایان به هێزی خۆیان و کاری خه‌باتکارانه نه‌ماوه. هه‌ر به‌مهۆیه پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیان له ده‌ست داوه و خه‌ڵکیش هیوای پێیان نه‌ماوه، به‌گشتی جۆرێک فه‌زای ره‌شبینی و که‌لبی مه‌سله‌کی باڵی به‌سه‌ر کوردستانی رۆژهه‌ڵات دا کێشاوه که رۆڵی کاولکارانه ده‌گێڕێ و گیان و مێشکی مرۆڤی کورد کاول ده‌کا و ده‌یڕزێنێ. له‌م نێوه‌دا مه‌گه‌ر روخانی رژیمی ئیسلامی یان کاریگه‌ری خه‌باتی باکووری کوردستان گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵات ببزوێنێ و گیانێکی تازه‌ی وه‌به‌ر بێنێ.
وه‌ک هه‌موو هێما و نیشانه‌کان ده‌ری ده‌خه‌ن، حکومه‌تی ئیسلامی ئێران له هه‌موو بواره‌کان دا، چ ئابووری، چ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، چ فه‌رهه‌نگی و ئایدیۆلۆژیکی، چ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی، تووشی قه‌یرانی قووڵ هاتووه و له سرووشت و ماهیه‌تی ئه‌م رژیمه‌دا نییه که بتوانێ رێفۆرم بکات و کێشه‌و قه‌یرانه‌کان چاره‌سه‌ر بکات. که‌وابوو دره‌نگ یان زوو به‌ره‌و رووخان ئه‌ڕوات و به رووخانی ئه‌م رژیمه‌ش دیسان ده‌رفه‌تێکی تازه‌تر بۆ گه‌لی کورد ده‌ڕه‌خسێت که ئه‌گه‌ر وشیار بێت و هه‌ڵوێستی به‌رپرسانه بگرێت، ئه‌توانی ده‌سکه‌وتی مه‌زن ده‌سته‌به‌ر بکات و له‌سه‌ر به‌شه‌کانی تری کوردستانیش کاریگه‌ری پۆزه‌تیڤی هه‌بێت.
وه‌ک ده‌بینین و به‌پێی ئه‌وه‌ی وتمان له باری عه‌ینی و زه‌ینییه‌وه هێشتا ده‌رفه‌تی دامه‌زراندنی کوردستانی گه‌وره نه‌ڕه‌خساوه، پێکهێنانی کوردستانی مه‌زن هێشتا ئایدیایه، خه‌ونه، هه‌ندێ که‌س به خه‌ونێکی مه‌حاڵی ده‌زانن، به‌ڵام من ده‌ڵێم خه‌ونێکی شیاوه، که ئه‌گه‌ر ویست و هه‌وڵ و خه‌بات و تێکۆشان هه‌بێت، ده‌شێت پێک‌بێت. هه‌میشه زۆرێک له ئاواته‌کان سه‌ره‌تا وه‌ک خه‌ون و ئایدیا ده‌رده‌که‌ون، به‌ڵام دوایی و له درێژه‌ی پرۆسه‌ی خه‌بات و تێکۆشان دا به‌دی دێن و وه‌کوو ڕاستی ده‌رده‌که‌ون. که‌وابوو ئه‌گه‌ر ئێستا ده‌رفه‌تی پێکهێنانی کوردستانی گه‌وره له‌بار نییه، به‌ڵام ده‌رفه‌تی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی له باشووری کوردستان له‌باره و وه‌کوو پێویستییه‌کی مێژوویی ده‌رکه‌وتووه. گەلی کورد بەگشتی و، کوردی باشوور و پارته سیاسییه‌کانی به‌تایبه‌تی، دەبێ هه‌ست به‌م به‌رپرسیایه‌تییه مێژووییه بکه‌ن و به یه‌کڕیزی و هاوخه‌باتی ئیراده‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی تۆکمه پێک‌بێنن و ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی - مێژوویی خۆیان به‌جێ بێنن. ئه‌گینا ره‌نگه دوباره وه‌ها ده‌رفه‌تێک نه‌ڕه‌خسێ و ئەم کێشە مێژووییە بێ چارەسەر بمێنێتەوە...
...
سه‌رچاوه‌کان:
1. دولت عقل، دکتر حسین بشیریه، نشر نی، تهران1379،
2. ناسیۆناڵیزم و سه‌فه‌ر، مه‌ریوان وریا قانع، چ ره‌نج، سلێمانى 2005، ل 40-42.
3. ئه‌ندێشه‌ی چه‌پ و تیۆری ناسیۆناڵیزم، وبلاگی پرووشه، وبلاگی هادی محه‌مه‌دی
http://proosha.blogfa.com/post-18.aspx