رێناس جاف
له سه‌رده‌مێکدا به سه‌رده‌می گوندی جیهانیی "مه‌ک لۆهان"(۱۹۸۰-۱۹۱۱)*، به جیهانیبوون و شۆڕشی ته‌کنۆلۆژیا و زانیاری ناودێره و له کورتترین سات و خێراترین کاتدا هه‌موو هه‌واڵ و نووچهیهک له چوارقوڕنه‌ی جیهانه‌وه به سه‌رانسه‌ری دونیادا بڵاو ده‌بێته‌وه و هه‌مووان ئاگاداری ده‌بنه‌وه، ڕوودانی بویهرێکی ناسهردهمییانه و به دوور له شارستانییه‌ت و ڕه‌وشتی مرۆیی له ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌وارییدا چه‌ند هه‌نگاوێک بۆ دواوه‌مان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و زیانێکی زۆریش له پێگه‌ی کورد له ئاستی جیهان ده‌دات. دیاره ئه‌م دیارده‌یه ته‌نیا کورد ناگرێته‌وه و هێشتا له جیهانێکدا به ناوی "جیهانی سێیه‌م" هه‌ر له ئاسیاوه هه‌تا ئه‌فریقا و ئه‌مریکای لاتین، گه‌لێک وڵات له‌به‌ر داب و نه‌ریتی خێڵه‌کییانه و عه‌شیره‌تی به ده‌س ده‌یان و بگره سه‌دان کێشه و ئارێشه‌ی ناسهردهمییانه و دواکهوتووانهوه ناڵانن. له ساته وه‌ختێکی هه‌ستیاری وه‌ک ئێستادا که کورد بۆ سه‌لماندنی بوون و ناسنامه‌ی کوردستانیی خۆی زێتر له هه‌موو سه‌رده‌م و قۆناخێکی تر پێویستیی به ده‌س خستنی ده‌نگی جیهانیی هه‌یه‌و شوکر هه‌وڵی باشیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به ئه‌نجام گه‌یشتووه، بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌یه‌کی ڤیدیۆیی لاقه‌کردن و ده‌ستدرێژیکرانه سه‌ر گه‌نجیک له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان (بانه بێت یان خانێ)له تۆڕه کۆمه‌ڵاتییه‌کانه‌وه، ڕووداوێکی گه‌لێک دڵ هه‌ژێنه و زۆر جێی داخه و نیشانه‌یه‌کیشه بۆ تێنه‌په‌ڕینی کۆمه‌ڵگه و جڤاکی کوردی له قۆناخی نه‌ریتییه‌وه بۆ قۆناخی پێشکه‌وتنخوازی و مۆدێڕنیته.
کورد، هه‌میشه به دیرۆکی کۆن و دێرین و ژیار و شارستانییه‌تی زه‌نگینی خۆی ده‌نازێ و ئه‌م پرسه وه‌ک فهکتهرێک بۆ ده‌ست خستنی مافی ڕه‌وای خۆی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و کیانێکی کوردی به هه‌مان مه‌به‌ست ده‌کار دێنێ و که‌سیش حاشا و نکۆڵی له‌م گرینگه ناکات و بێگومان ئه‌مه سه‌ره‌تایی ترین ماف وحه‌قی نه‌ته‌وه و گه‌لێکه به نفووس و حه‌شیمه‌تێکی پتر له ۴۰ ملیۆن که‌سییه‌وه.به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانا نییه که له به‌رامبه‌ر زۆر دیارده‌ی چه‌وت و ڕووداوی تاڵ و ڕه‌وشت نزمانه و دژه‌مرۆییانه‌ی ناو کۆمه‌ڵگه، خۆ له نه‌بانی و گێلی بده‌ین و په‌رده‌پۆشیان بکه‌ین .کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان به هه‌ر چوار –پێنج پارچه‌که‌یه‌وه هێشتا گیرۆده‌ی زۆر دیارده‌ی کرێت و نهریتیییه که له هه‌ر ناوچه و ده‌ڤه‌ر و محاڵێک به شتێک ناودێر ده‌کرێ. هێشتا ئافره‌ت، خاوه‌نی ده‌نگ و بۆچوونی ڕاستینه‌ی خۆی نییه و له زۆر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا به دیدێکی تر سه‌یر ده‌کرێ که ده‌بێ ته‌نانه‌ت پاش وه‌رگرتنی باڵاترین بڕوانامه‌ی زانستگه‌یی، دیسان هه‌ر بخزێته‌وه ناو چوارچێوه‌که‌ی ماڵ و خۆ به چه‌ند پرسی لاوه‌کییه‌وه سه‌رقاڵ بکات و چه‌مه‌ڕا بمێنێته‌وه تا داواکاری بۆ په‌یدا بێت و شوو بکات.
ئه‌وه‌ی ڕاستیی بێت سه‌رچاوه‌ی زۆر کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ناو جڤاکی کوردیش هه‌ر له‌سه‌ر پرسێکه به ناوی "شه‌ره‌ف" که هێشتا ئێمه‌ی کورد به عه‌قڵییه‌تێکی ڕزیوی عهشیرهتییانه و پیاوسالارانه‌وه سه‌یری پرسه‌که ده‌که‌ین و ئه‌و ئیزنه به گه‌نج به تایبه‌ت ڕه‌گه‌زی مێینه ناده‌ین بۆ خۆی بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی ژیانی داهاتووی بدات. ده‌سبه‌رداربوون و وازهێنان له داب و نه‌ریت و فه‌رهه‌نگی چه‌وت و سه‌قه‌ت، نه ته‌نێ دژایه‌تیکردن و پشتکردنه فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ندی کوردیی نییه به‌ڵکوو سڕینه‌وه و پاقژکردنه‌وه‌ی کولتووری دارا و خودان بایه‌خی کورده له به‌ها دژه مرۆییه‌کان.کورد، ئه‌مڕۆکه له‌سای دیارده‌ی جیهانگیری و شارستانییه‌تی سه‌رده‌مه‌وه خاوه‌نی ده‌یان که‌ناڵی ڕاگه‌یاندن و میدیاییه که‌چی هێشتاکه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و که‌ناڵانه‌یش هه‌ر له خزمه‌ت قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی خێڵکهکییانه و بنه‌ماڵه‌یی و عه‌شیره‌تی و حیزبییدان و جار جاره بۆ تام و گه‌ر به حاڵی ... زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بێت، نووزه‌یه‌کیان لێوه به‌رگوێ ده‌که‌وێ.
ڕاگه‌یاندن، ئه‌مڕۆکه بۆیه به کۆڵه‌که‌ی چواره‌می دێمۆکراسی داده‌نرێ، چوونکه زێترین کارتێکه‌ری له‌سه‌ر کۆمه‌ڵ هه‌یه و ته‌نانه‌ت له دووره‌ده‌ستترین گوند و ناوچه‌کانی کوردستانیش که‌متر ماڵێکت پێ شک دێت، له بن کاریگه‌ریه‌تی میدیادا نه‌بێت. ڕاگه‌یاندنی کوردی باشه تا ئێستا بۆ وشیارکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا چی پێکراوه و چه‌نده کاریگه‌ر بووه؟ وهرامدانهوه به‌م پرسیاره و ده‌یان پرسیاری تری له‌و چه‌شنه، پێویستیی به داتا و ڕاپرسیی ورد هه‌یه؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕاستیی بێت بینین و سه‌یرکردنی به‌رنامه‌ی که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنی کوردی ئه‌و ڕاستییه تاڵه‌مان لا ده‌رده‌خات که زۆر که‌م و ده‌گمه‌نن ئه‌و به‌رنامانه‌ی هه‌ڵگری په‌یام و ڕه‌هه‌ند و لایه‌نی ڕۆشنگه‌ری بن. ئه‌وه له حاڵێکدایه که به لای کۆمه‌ڵناس و گه‌وره شاره‌زای بواری میدیا و ڕاگه‌یاندن، مه‌ک لۆهانه‌وه، " میدیا، هه‌مان په‌یامه و په‌یامیش هه‌مان میدیایه".
ڕاسته، یه‌ک له کارکردهسهرهکییهکانی ڕاگه‌یاندن، سه‌رقاڵکردنی جه‌ماوه‌ره به‌ڵام له هه‌مان حاڵ‌دا گه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی ڕادیۆیی و ته‌له‌ڤزیۆنی هه‌ڵگری په‌یامێکی ڕوون نه‌بێت، له‌باری چاندیی و فه‌رهه‌نگییه‌وه ئه‌وه‌نده به حاڵی کۆمه‌ڵ سوودمه‌ند نابێت. ئه‌مڕۆکه له هه‌موو ناوه‌نده‌کانی ڕادیۆ ته‌له‌ڤزیۆنیی له ئاستی جیهاندا ده‌زگه و سه‌نته‌رێک دانراوه بۆ ڕاپرسی له ناو کۆمه‌ڵدا له‌سه‌ر به‌رنامه‌کانی ڕادیۆ ته‌له‌ڤزیۆن و ڕاده‌ی کارتێکه‌رییان . هێشتا ئێمه ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی پرسی لاوه‌کین، ئاوڕێکمان له‌م پرسه گرینگه نه‌داوه‌ته‌وه. پێویسته هه‌رچی زووتر به‌رپرسانی بواری میدیا و ڕاگه‌یاندن بیر له‌م پرسه هه‌ستیاره بکه‌نه‌وه با نه‌وه و جیلی سبه‌ی ناو کۆمه‌ڵگه به دید و بۆچوون و چاوێکی کراوه‌تره‌وه سه‌یری جیهانی چوارته‌نیشتی خۆی بکات و ئه‌وه‌نده به دونیای سبه‌ی نامۆ و بێگانه نه‌بێت. پلانکردن بۆ پرسه ئابوورییه‌کان ڕاسته ژێرخانی کۆمه‌ڵگه‌که‌مان به‌هێز ده‌کات و توانا به کۆمه‌ڵ ده‌به‌خشێ به‌ڵام له‌و لاوه که‌مته‌رخه‌میی به‌رامبه‌ر پرسه چاندییه‌کان، سبه‌یه‌کی ته‌ماوی و ناڕوونمان ده‌خاته به‌رده‌م که بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی، ده‌بێ سه‌رمایه و سامانێکی زۆری مرۆیی و دراویی ده‌کار بێنین؛ بۆیه بۆ هه‌نووکه‌ی تاک و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیی، به‌رپرسانی حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان میناک ده‌سته‌ڵاتێکی کوردستانی، گه‌ره‌ک ژیرانه و به وردی ئاوڕ له پرسه چاندییه‌کان بده‌نه‌وه و به ده‌کارگرتنی توانای شاره‌زایانی بوارهچاندییهکان، بۆ سبه‌ی گه‌شی کۆمه‌ڵگه‌که‌مان تێ‌بکۆشن و به‌رنامه و سیاسه‌تێکی ڕوونی فه‌رهه‌نگیی و چاندیی دابڕێژن.
پاراستنی داب و نه‌ریتی ڕه‌سه‌ن و ده‌وڵه‌مه‌ندی کوردیی و به‌ها کوردییه‌کان تا کاتێک له دژایه‌تی له‌گه‌ڵ به‌هاکانی مرۆیی‌دا نه‌بن، نه ته‌نیا پێویسته، بگره ئێمه‌ی کوردیش هه‌ر به‌و به‌ها و بایه‌خانه‌وه له ئاستی جیهاندا ده‌ناسرێین. کو‌لتوور و فه‌رهه‌نگی کوردیی خاوه‌نی ئه‌وه‌نده تایبه‌تمه‌ندی گرینگ و به‌بایه‌خه که داخه‌که‌م زۆر جار هه‌ندێ دابی عه‌شیره‌تی و خێڵکهییانهی ناو کۆمه‌ڵگه زیانی ئه‌وتۆی پێ ده‌گه‌یینێ که له قه‌ره‌بوو نایه. هێشتا له زۆر شوێنی کوردستاندا و بگره له ناو کوردی دانیشته‌ی هه‌نده‌رانیش له ماوه‌ی ساڵدا به‌ناوی پرسی پاراستنی "شه‌ره‌ف"ه‌وه ده‌یان کاره‌سات ڕوو ده‌دات که دیاره هه‌ر ئه‌م پرسه سیمای کورد لای جیهان لێڵ ده‌کات. داب و نه‌ریت گه‌ر ڕێگر بێت له‌به‌رده‌م بره‌وپێدانی به‌ها مرۆییه‌کان نه ته‌نیا ده‌بێ ده‌سبه‌رداری بین، به‌ڵکوو هه‌وڵ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه و بنبڕکردنی له ناو کۆمه‌ڵگه‌یش دا بده‌ین و ئه‌و کۆت و به‌نده ناشارستانییه له ملی خۆ داکه‌نین.
* هێربێرت مارشاڵ مه‌ک لۆهان: کۆمه‌ڵناس و پیتۆڵ و مامۆستا و سه‌یدای که‌نه‌دیی ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی میدیایی له "تۆرنتۆ"ی که‌نه‌دا و ئه‌و که‌سه‌ی بۆ یه‌که‌مجار چه‌مکی "گوندی جیهانیی" هێنایه ئاراوه.
تاران ... ۲۲‌ی سه‌رماوه‌زی ۲۷۱۲